نووسینی: میران ئه‌براهام
لە ڕۆژی سێی ئابی ساڵی ١٩٤٨دا نووری سەعید حکومەتی نوێی پێک هێنا و کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد. وەکوو بڕگەی دەستووری شازدە و حەڤدە، هەروەها هەژدە، کە تایبەت بوون بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حیزبەکان، داخستنی ڕۆژنامە و سەندیکا و ڕێکخراوەکان، وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامە لەو کەسانەی جوون یان بیروباوەڕی شیوعییان هەیە، ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر و مامۆستای قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ لە کارەکانیان دوورخرانەوە. بڕگەیەک لەو بڕیارە کە تایبەتە بە کوردە فەیلییەکان بە نهێنی دەمێنێتەوە، ئەویش وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقییە لێیان. سەیر لەوەدایە لە سەردەمی حوکمی پادشایەتی دا ئەو بڕیارە دەردەچێت و دواتر بەعسییەکان جێبەجێی دەکەن. من بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ٢٠١٩ سەردانی شاری بەغدام کرد. یەکێک لەوانەی لە ساڵی دەرچوونی ئەو بڕیارەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنت بوو، پرۆفیسۆر غەفوور فەیلی بوو.
پێکەنی، کاتێک پێم گوت؛ لە سلێمانی و دەتوانم بڵێم لە هۆڵەنداوە بۆ لای تۆ هاتووم، تاوەکوو زانیاری تەواوم لەسەر مێژووی دیپۆرت و جینۆسایدکردنی کوردە فەیلییەکان پێ بدەیت. غەفوور فەیلی پێی گوتم: ‘ئههوه بۆ حه‌فتا ساڵ ده‌چێت هیچ نووسەرێکی (کورد و عەرەب). تاوەکوو ئەم ڕۆژە لە نووسینەکانیاندا گرنگییان بەو تاوانانه نه‌داوه. چونکە جارێکا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی وەکوو مرۆڤ ئازار و موعاناتی غەیرە خۆیان هەست پێ بکەن.
چیرۆکی برینی وه‌جاخکوێر
“بۆ ڕۆحی غه‌فوور فه‌یلی و نه‌عیمه‌ی هاوژینی، سوپاس بۆ ئه‌و میراتییه‌ی له‌دوای خۆتان به جێتان هێشت.”
لێدوانێکی کورتی من و غه‌فوور فه‌یلی:
“سه‌عدوون وتی تۆ له‌و دووره‌وه بۆ به‌غدا هاتوویت و به دوای مێژووی فه‌یلییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێیت!”
“به‌ڵێ.”
“بۆ چیته؟”
“بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم کو‌لتوور و چیرۆکی ژیانیان بنووسمه‌وه، هه‌روه‌ها ڕووداوه‌کانی ساڵانی شه‌سته‌کان و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوویشم زۆر به‌لاوه گرنگن.”
“له بیست ساڵی ڕابردوودا زیاتر له بیست که‌س هاتوون، منیش ئه‌وه‌ی داوایان کردووه پێم داون، به‌ڵام که‌س پرسیاری کو‌لتوور و چیرۆکی ژیانمانی نه‌کردووه، ئه‌ی وتم له‌وانه‌یه هیچ نه‌بێت ده کتێبێک له‌سه‌ر مێژووی فه‌یلییه‌کان به کوردی بڵاو کرابێته‌وه!”
“زۆر گه‌ڕام، هیچی وام ده‌ست نه‌که‌وت که وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی من بداته‌وه!”
“به‌داخه‌وه‌م، ئێستا چی بکه‌ین؟ کورد واته‌نی چیت ده‌وێت له‌سه‌ر موعاناتی برا فه‌یلییه‌کانمان؟”
“هه‌موو شتێک، بێجگه له موعاناتیان!”
“ده‌ی به خێر بێیت، تۆ میوانی ئێمه‌یت، نه‌عیمه شۆربای نیسکی بۆ لێنابووم، پێش هه‌موو شتێک تامی خواردنی ماڵی کوردێکی فه‌یلی بکه، دوایی ئه‌وانی تر…”
برینی وه‌جاخکوێر
له کووپێکدا قاوه‌ی بۆ هێنا، له ته‌نیشتیه‌وه کووپێکی تری قاوه‌ی سارده‌وه‌بوو دانرابوو. ئه‌و له‌سه‌ر زه‌ویی ژووری کتێبخانه‌که‌ی دانیشتبوو، به چوارده‌وریدا ده‌ستنووس و کاغه‌زی بڵاو کردبوویه‌وه. نه‌عیمه‌ی ژنی زوو زوو ده‌هات و به‌رامبه‌ری داده‌نیشت، یان هه‌ر به‌پێوه باسی شتێکی له‌گه‌ڵدا ده‌کرد و ده‌ڕۆیشت. پاشان پڕۆفیسۆر غه‌فوور فه‌یلی کۆکی و ده‌ستی به ده‌میه‌وه گرت، به نه‌عیمه‌ی ژنی گوت: “ده‌ی با بچین بۆ لای دکتۆر، دێیت له‌گه‌ڵم یان خۆم به‌ته‌نیا بڕۆم؟”
“ئه‌وه چیته؟ ده‌ڵێی وه‌حیت بۆ هاتووەته خواره‌وه! تۆ تاوه‌کوو دوێنێش ڕازی نه‌بوویت ده‌نکێک حه‌ب بخه‌یته سه‌ر زوبانت، که‌چی ئێستا…”
“ئێستا ده‌زانم پێویستم به کاتی زیاتره تاوه‌کوو ئیشێک هه‌یه بیکه‌م!”
“به‌نیازی حه‌ج نه‌بیت! ها ها… تێناگه‌م! یان دیسان مه‌سه‌له‌که مه‌قه‌سته‌که‌ی ناو سکته؟”
“ته‌ڕه‌ماش! نه‌خێر، ئه‌وه نییه، هه‌ست ده‌که‌م مردن نزیکه!”
“بۆ به‌نیازیت به یه‌ک جار… ته‌نها به یه‌ک جار چوون بۆ لای دکتۆر… قابیله دکتۆر عیزرائیل له هاتنی په‌شیمان بکاته‌وه!”
“نه‌خێر، له‌وانه‌یه داوای لێ بکات دوو مانگێک کاتم پێ بدات.”
“بۆچی؟”
“تاوه‌کوو دوا لاپه‌ڕه‌ی کتێبی یاده‌وه‌رییه‌کانم بنووسم، پاشان ئه‌و سه‌رچاوه و دۆکۆمێنتانه‌ی کۆمان کردوونه‌ته‌وه؛ جێگایه‌کیان بۆ بدۆزینه‌وه و له فه‌وتان بیانپارێزین.”
“وام زانی له‌به‌ر خاتری من ده‌ته‌وێت له ژیاندا بمێنیته‌وه و ئه‌و مردنه‌ت دوا بخه‌یت!”
“کچێ خۆ په‌نجا ساڵ زیاتره پێکه‌وه‌ین، ئه‌رێ به‌س نییه!”
“دیسان ئازاری مه‌قه‌سته‌که‌یه! تۆ به‌ته‌واوی بۆت نه‌گێڕامه‌وه!”
“چی؟”
“مه‌قه‌سته‌که‌ی ناو ڕیخۆڵه‌ت، له‌وه ده‌چێت ئێستا ژه‌نگی هه‌ڵهێنابێت!”
“تۆیش وه‌کوو دایک و باوکم و سه‌روه‌ری برام باوه‌ڕم پێ ناکه‌یت!”
“له دوای ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌وه ئازارێک له‌ناو سکمدایه، ڕێگر بووه له ئیشوکاره‌کانمدا، ئه‌گینا گه‌ڕانێکی زۆر باشترم بۆ ئه‌و مێژووه ده‌کرد!”
“جا باشه من و تۆ له په‌نجا ساڵی ڕابردووماندا به‌قه‌ده‌ر سه‌د کتێبخانه کتێب و کاغه‌زمان له خۆمان کۆ کردووەته‌وه!”
“ئینجا مه‌گه‌ر سوپای ئیسلام بێت و له ده‌ستی نه‌جاتمان بدات!”
“جا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له سووتاندنیان بێت، ئه‌وه ئاسانه!”
“باوه‌ڕ ناکه‌م هه‌ر وا به‌ئاسانی بتوانین ده‌ستبه‌رداری ببین، چونکه ژیانی گه‌نجێتیمان له پێناویدا خه‌رج کردووه.”
“گرنگ ئه‌وه‌یه من و تۆ به درێژاییی ژیانمان سه‌رقاڵ و به‌خته‌وه‌ر بووین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ژیاوین و زۆر شوێن چووین.”
“مێژوو… مێژوو، یانی ئه‌وه هه‌موو ژیانی ئێمه بوو!”
“به‌ڵێ.”
“ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه و دۆکۆمێنتانه، زیاتر له ده به‌رگیان لی ده‌رده‌چێت.”
“به‌ڵێ، ئینجا کێ بیانکات به کتێب؟”
“ده‌ی ڕووی وه‌جاخکوێری ڕه‌ش بێت!”
“ئینجا چاوەڕێی چیت له منداڵ ده‌کرد؟”
“چۆن، ئه‌و هه‌موو میراتییه‌ی لێمان به جێ ده‌مێنێت!”
“باشه، کێ ده‌ڵێ ئێمه عه‌ولادی خۆمان، گریمان ئه‌گه‌ر هه‌مانبووایه، قیمه‌تی خۆمان و ئیشه‌که‌مانی ده‌زانی؟”
“قسه‌که‌ت ڕاسته.”
“ده‌ی پێت وا نییه که‌سێک بدۆزینه‌وه که خه‌مخۆر بێت و هه‌روه‌ها شاره‌زاییشی هه‌بێت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه قه‌دری ئه‌و مێژووه‌ی لا بێت!”
“باوه‌ڕ ناکه‌م! ئه‌گه‌ر ده‌ستیشمان بکه‌وێت، ئاوا نابێت که ئێمه ده‌مانه‌وێت.”
“ئێمه… باشه ئێمه چیمان ده‌وێت؟”
“پاراستن و ئه‌رشیفکردنیان، هه‌روه‌ها پێویسته بخرێنه پێش چاوی خه‌ڵکی.”
“نه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌م میلله‌ته ده‌بێت ڕاستیی مێژووی خۆیان بزانن، پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌سڵوفه‌سڵی خۆیان، بزانن که به‌و جۆره‌ی ئێستا هه‌یه؛ هیچی لێ سه‌وز نابێت.”
“باشه، ئێمه واز له‌و خه‌یاڵه بێنین باشتر نییه!”
“چۆن؟”
“ئێمه سه‌ری خۆمان کز بکەین باشتر نییه، پیر بووین و به ده‌ردی خۆمانه‌وه بمرین، چیمان داوه له‌و ده‌ردیسه‌رییه!”
“بۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وه‌مان له دوا به جێ نه‌ماوه، ئیتر نابێت سوودمان بۆ ئه‌وانه‌ی تر هه‌بێت؟”
“نازانم، منیش له بێزاریمه‌وه هه‌ندێک جار قسه ده‌که‌م.”
“دیاره زۆر بێزاریت!”
“هه‌ست ده‌که‌م پیر بووم و توانای ئه‌و شه‌ڕه‌م نه‌ماوه.”
“ئێ، که‌واته تۆیش وه‌کوو هه‌مووان بۆچی شایه‌تومان نایه‌نیت و وه‌سێت ناکه‌یت که ته‌ڵقین له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ت بخوێنن؟”
“ئاخر له‌وانه‌یه خه‌مه‌که‌م ئه‌وه بێت! ده‌ترسم، زۆر ده‌ترسم دوای مردن به‌تۆپزی زیندوومان بکه‌نه‌وه و دیسان به ژیان مه‌حکووممان بکه‌نه‌وه! نازانم وه‌کوو ده‌ڵێن ملوێنێک ساڵ خواردن و خه‌و و په‌ڕین! به‌ڕاستی ئه‌وه لایه‌قی هه‌لهه‌له‌یه!”
“ئه‌وا من ده‌بم به حه‌فتا و دوو ساڵ که نیوه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه به زیاد ده‌زانم، نازانم له‌پای چی دوای ئه‌م ته‌مه‌نه به ژیان مه‌حکووم بکرێمه‌وه!”
“ئێ تۆ به‌ختی ئه‌وه‌ت هه‌یه و پیاویت، که‌واته خه‌مت چییه، زیندوو ده‌کرێیته‌وه بۆ له‌وه‌ڕان و په‌ڕین، وه‌کوو تۆ که‌سێکی زۆر ئازا بیت، مه‌گه‌ر من بزانم چه‌ند ده‌سته‌پاچه‌یت، تۆ دڵی ژنێکت پێ ڕازی ناکرێت، ئه‌وه من له پانزه ساڵیته‌وه تۆ ده‌ناسم و هاوسه‌ری ژیانتم، دڵنیام که تۆ به‌که‌ڵکی ئه‌و دنیایه نایه‌یت که ناویان لێ ناوه به‌هه‌شت.”
“وه‌سێت بکه‌ین ئه‌وه‌ی له دوامان به‌جێ ده‌مێنێت بۆمان بکه‌ن به خێر یان به مزگه‌وت!”
“ئیتر ئه‌وه‌یه پرسیاره‌که!”
“هیچ جێگای پرسیار نییه!”
“منیش گومانم له‌وه نییه.”
“دڵنیام.”
“ده‌ی باشه چیرۆکی ئه‌و مه‌قه‌سته‌ی ناو سکتم به‌جوانی بۆ بگێڕه‌ره‌وه.”
“ئه‌رێ من ئه‌م چیرۆکه‌م چه‌ند جار بۆ گێڕاویته‌وه، ده‌ی له خه‌سته‌خانه‌ی جمهووریی ئه‌وسا عه‌مه‌لیاتی ڕیخۆڵه‌کوێره‌م بۆ کرابوو، دوو ڕۆژ له نه‌خۆشخانه مامه‌وه، به‌بیرم دێت ته‌واو بێهزی کردبووم. کاتێک هاتمه‌وه بۆ ماڵه‌وه، تاوه‌کوو حه‌فته‌یه‌ک نه‌مده‌توانی له‌سه‌ر جێگاکه‌م بجووڵێم، ئازارێک له‌ناو سکمدا بوو، وه‌کوو بڵێین به‌رده‌وام شتێکی تیژ له‌ناو سکم ده‌چه‌قی. کاتێکیش بۆ ته‌والێته‌که ده‌چووم، ده‌بووایه یه‌کێک بێته ژێر باڵم. هه‌ر چه‌نده ئه‌وه‌م له‌لای که‌س نه‌درکاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پیساییه‌که‌مدا چه‌ند جارێک خوێنم بینی. وام هه‌ست ده‌کرد دکتۆره‌کان مه‌قه‌ستێکیان له سکمدا به‌جێ هێشتبێت، به‌ڵام کاتێک ئه‌وه‌م به دایکم و باوکم گوت، دایانه قاقای پێکه‌نین و باوکم گوتی: ‘تۆ جه‌بانیت.’ ئه‌وه سه‌روه‌ری برام مه‌پرسه، زوو زوو ده‌هاته لامه‌وه و به گوێم‌دا ده‌یچرپاند: ‘قه‌پاتیت و خۆزگه‌م به خۆت، چاک له مه‌کته‌ب نه‌جاتت بووه.’ به‌و جۆره بوو. ئێواره‌یه‌کیان بۆ سه‌ر ته‌والێت جێگاکه‌م به‌جێ هێشت، به‌ناڵه‌ناڵ گه‌ڕامه‌وه بۆ ژووره‌که، باوکم جێگاکه‌می کۆ کردبوویه‌وه، پاشان ده‌ستی گرتم و بۆ سه‌ر سفره‌که‌ی بردم، هه‌ر چه‌ند هاوارم کرد؛ نه هیچی گوت و نه ده‌ستی لێ به‌ر دام. پاشان ئه‌و شه‌وه چوار که‌س به جلی سه‌ربازییه‌وه خۆیان کرد به ژووردا و هه‌واڵی سه‌روه‌ری برامیان پرسی، به‌ڵام سه‌روه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه نه‌هاته‌وه، نه‌مانده‌زانی بۆ کوێ چووه. باوکمیان له‌بریی سه‌روه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد، به‌و جۆره من و دایکم به‌ته‌نیا ماینه‌وه. دوای ئه‌وه‌ی دایکم تاوێک گریا و کڕووزایه‌وه، جێگاکه‌ی بۆ ڕاخستمه‌وه، دیسان باسی مه‌قه‌سته‌که‌ی ناو سکم له‌گه‌ڵ دایکم کرد، ده‌ستی به گریان کرد و ئه‌و شه‌وه تاوه‌کوو به‌یانی به‌دیارمه‌وه دانیشت و زوو زوو لێی ده‌ڕوانیم و ده‌یدایه پڕمه‌ی گریان، جا نازانم بۆ من ده‌گریا یان خه‌می باوکم و سه‌روه‌ری بوو!”
پڕۆفیسۆر غه‌فوور تاوێک بوو بێده‌نگ بووبوو، نه‌عیمه لێی ده‌ڕوانی و له‌ژێر لێوه‌وه لێی پرسی: “ئه‌ی دوایی؟”
“ئه‌وه‌ی بۆت ده‌گێڕمه‌وه ساڵی ١٩٦٣ بوو، ئه‌وکات ته‌مه‌نم پانزه ساڵان بوو، له‌م شاری به‌غداده هه‌زاران کوردی فه‌یلی گیران، به‌ده‌گمه‌ن لێیان گه‌ڕایه‌وه، ئێمه‌ش له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌وه باوکم و سه‌روه‌ری براممان نه‌بینیه‌وه! نه‌ک هه‌ر ئه‌وان، به‌ڵکوو گه‌لێک له خزم و که‌سوکارمان بێسه‌روشوێن بوون.”
“ئینجا تۆیش له‌دوای بزربوونی ئه‌وانه‌وه ده‌ستت کرد به گه‌ڕان!”
“به‌ڵێ، منیش له‌دوای بزربوونی ئه‌وانه‌وه ده‌ستم کرد به‌و گه‌ڕانه‌ی که ئێستاش هه‌ست ده‌که‌م شتێک ماوه بیدۆزمه‌وه!”
“هه‌رده‌م هه‌ستم پێ کردوویت.”
“ناحه‌قم مه‌گره!”
“نه‌خێر، ئازیزم.”
“پێم خۆشه و سوپاست ده‌که‌م.”
“ده‌ی باشه، با بۆ لای دکتۆرێک بڕۆین.”
“بۆ ده‌رهێنانی مه‌قه‌سته‌که؟”
پێکه‌وه ده‌ستیان کرد به پێکه‌نین.
*له داهاتوودا ئه‌و مێژووه له فۆرمی ڕۆمانێکدا بڵاو ده‌که‌مه‌وه.