ئایا خۆپیشاندانی گەنجان بەدیلی هەیە؟

957
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: عەلی زەڵمی

‎من كە ئەم چەند دێڕە لێرەدا دەنوسم لەوە تێدەگەم قسەی زلی پشتی لاپتۆپ شتێكە و ئەزموونكردنی بارودۆخەكە شتێكی ترە. بەڵام پێداگیریش لەسەر ئەوە دەكەم دایەسپۆرا دەبێ لەوبارەوە قسەی خۆی هەبێ. ئێمەش كەم تا زۆر بەشدارین لە خۆشی و ناخۆشیەكانی ئەوێ. پاشان دونیاش گۆڕاوە، چالاكیی ئۆنلاین خەریكە گرنگی بەقەد سەرجادە دەبێ. ڕۆڵی چالاکیی ئۆنلاین لە خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی و هەروەها لە خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا و ئەمەریكاش زۆر زۆر كاریگەر بوو. بۆیە مەودای جوگرافی تەواو چووەتە یەك وەك كودەری جاران كە دەچوویە ئاو.

‎یەك: من پێموایە ئەم جۆرە لە خۆپیشاندانی توندوتیژ خۆی بەدیل نییە، بەڵام لە بێ بەدیلی ڕەنگە بۆ ئێستا لەوە باشتر نەبێ. بەداخەوە پێشتر نە یەكیەتی و پارتی نە بەدیلەكانیان وەك گۆڕان و ئیسلامیەكان و نەوەی نوێ پێیان نەكرا بارودۆخەكە چاك بكەن، بگرە خراپتریان كرد. لێرەدا زۆر گرنگە دیبەیتی گۆڕان بكرێ و قسەی جدی لەسەر بكرێ. پێشتر بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەمەی ئێستا دروست بوو، گۆڕان هات شەپۆلی ناڕەزایی و توڕەیی خەڵكی خاو كردەوە وەك حەبی ئازار بۆماوەیەكی كەم بوویە ئومێد بەڵام ئەویش دواتر بوو بە بەڵا. ئەوەی گۆڕان كردی بە سیاسی و ڕۆشنبیرەكانییەوە ڕێك وەك ئەو برغو و واشێرە وایە كە لەسەر مەنجەڵی بوخار هەیە. كاتێ كە پەستان زۆر دەبێ ئیتر لەڕێگەی ئەو واشێرەوە پەستانی ناو مەنجەڵەكە دەر دەچێت. گۆڕان و موفەكیرەكانی هاتن تووڕەیی و ناڕەزایی هاوڵاتی و گەنجانیان خاو كردەوە و تەسلیمی یەكیەتی و پارتیان كردن. بەمەش گەورەترین خزمەتیان بە دەسەڵاتی گەندەڵ كرد. من ئەمەم ئێستا بۆ نەهاتووە، بەڵكو هی ئەو رۆژگارەیە کە هەرچی ڕۆشنبیر بوو لە دەوری نۆشیروان مستەفا كۆبووبوونەوە. هەركەس سەرێكی لە گردەكە نەدایێ گومان لە ڕۆشنبیربوونی دەكرا. من لە چەندین شوێنی جیا جیا دا ئەوكاتانە ئەوەم وتووە و شاهێدم هەیە. چاك بیرمە جارێك ساڵی ٢٠١٢ لە شوێنێك دانیشتبووین باسوخواس هاتە سەر گۆڕان و من نموونەی ئەو مەنجەڵی بوخارەم هێنایەوە. ئەوەی یادم بێ هەریەك لە بەڕێزان (توانا ئەمین و ڕامیار مەحمود و بەكر عەلی و چەندینی تر) لەوێ بوون. ئێساتش هەر كەس و تاقمێك بێن سواری توڕەبوونی گەنجان بن هیچی باشتر لە گۆڕان سەوز ناكەن.

‎دوو: شێواز و میكانزمی زۆر دژی پارتی و یەكیەتی تاقیكراوەتەوە؛ لە حزب و ڕێكخراوی مەدەنی و گروپی فشار و خۆپیشاندان و میدیا و سۆشیال میدیا، هیچی كاریگەری ئەوتۆی نەكردووە. تەنانەت خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات چەند درێژەی كێشا و نوسەر و مەلا هاتن بای باڵی خۆیان دا و تا وایلێهات بۆ ماوەیەكی زۆر سەرا ببوویە جێگای شێلم و چا خواردنەوە و نمایشی بێتام. ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە بینیمان. لە ئێستادا شتێك ماوە کە تاقی نەكراوەتەوە. ئەویش خۆپیشاندانی عەفەوی و ناڕێكخراوی گەنجانە. ڕاستە شتی نا عەقڵانی و گێرەشێوێنی تیایە بەڵام تاكە ڕێگایەكە تاقی نەكراوەتەوە و دەبێ ببێ. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە تەنها بەدیلێكە كە ئەگەری سەرتاسەریبوونی هەیە. چونكە شوناسی گەنجان یەكە و هاوئاوازیان هەیە. تۆ یا گەنجی تێر و پڕ و خاوەن كارت هەیە یان برسی و گیرفان بەتاڵ. ئەوان وەك باوك و برا گەورەكانیان دابەشی ئینتمای حزبی نەبوون؛ هەڵبەت بەشێوەیەکی گشتی دەڵێم. مادام ئینتمای حزبییان نییە و کێشەکانیان یەکن، سنووربڕتر و زۆر کەم لەژێر هەیمەنەی جوگرافی و زۆنی زەرد و سەوزە دان. ئەمەش بۆی هەیە ببێتە شەپۆلێكی ناڕەزایی سەرتاسەری.

‎سێ: گەنجی توڕە كاری سیاسی ناكا و سیاسەتیش ناتوانێ نوێنەرایەتی ئەوان بكا چونكە سیاسەت هەمیشە لەسەرەوە دێتە خوارەوە. بەڵام گەنج لەخوارەوە دەست پێ دەكا، لە هەلومەرجی ژیانی خۆیەوە، لە گیرفان و مۆبایلەكەی و یارییەكانی … ئەو خاوەن دونیایەكە دەبێ لێی تێ بگەین. ئێمە هێشتا بەم مۆدێلە ئاشنا نەبووین. دونیامان لا بریتییە لە كاری حزبی و سیاسی ڕاستەوخۆ. پاشان، مەسەلەی توندوتیژی بەشێكە لە شەپۆلی ناڕەزایی گەنج لە هەموو دونیادا. تۆ سەیری خۆپیشاندانەكانی ئەمەریكا بكە یان ئەوانەی فەرەنسا 2018. سوتانی دائیرە و شوێنە خزمەتگوزارییەكان كارێكی هەڵەیە، بەڵام خۆ ئەمەش سیمای سەرەكی ئەو چالاكیانە نییە. لە دە مەقەڕی حزبی ئەگەر دائیرەیەك سوتێنرابێ. دیارە میدیا دەیەوێ زیادەڕۆیی لەو مەسەلەیەدا بكات.

بڵاوکردنەوە: