ئەستێرەیەکی بەبەردبوو

409
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سوارە کافرۆشی

 

دەچمەوە نێو قۆزاخەی ئەم رۆژانە

شێرپەنجەی ژیان بەرێ دەکەم

تۆ بڵێی لە وێرد و نزای ساتی مەرگی بەردشکێنێکدا

ئاسمان لەرز نەیگرتبێ؟!

لە هەڵفڕینی رۆحی شاعیرێک

وشەکان درزیان نەبردبێ؟!

لە مەرگی مۆسیقارێکدا

چەنگ و چەلۆ

نۆتە غەمگین

دەبمە ژێی تاری دەستی یارسانێک

دەچمە نێو پێستی دەفی دەستی دەروێشێک و حاڵ دەمگرێ

لە نزای راهیبەیەکدا رۆحم دەفرێت و دەبمە عیسا

بەسەر سێدارەی ئەوینەوە فرمێسک بە گۆنامدا دێتە خوارێ

دەبمە شاعیر چەند پیتێکی شەکەت ئەنووسم

پرزە لێبڕاو بە شەقامێکی گەرمی هاویندا سەردەکەوم

فاریزەیەکی چەوت و چەوێل لەسەر شەقامەکە دادەنێم

غایەلەکانی نێو سەرم دەبنە وشە و بەردەبنەوە

گەرەکمە هاوار بکەم

لێ ناتوانم

جگەرەیەکی پلیشاوە لە گیرفانم دەردەهێنم

من دەمزانی ئازاری ئەم شێرپەنجەیە

بە شێرپەنجەکەی نێو دەستم کۆتایی دێت..

 

کچێک لە شوێنێکی دوورەوە گۆرانی دەچڕێت

وشەکانی مینا گمەی کۆترێک بن دێنە گوێ

پیاوێک لە بەرد

کۆڵێک هاواری هەڵگرتووە

چنگێک نەفرەت،

مشتێک توڕەیی،

خەندە و قاقایەکی ون بوو،

مرۆڤ وایە پڕزە لێبڕاو بەسەر برینەکانیا هەنگاو دەنێت،

خەونەکانی دەشارێتەوە

نایەڵێت کەس پەییان پێ ببات،

ئەم گەردوونە جێگای خەونی تێدا نابێتەوە،

بە وێرانەدا هەڵدەکشێت

نیگارێک نەماوە ژیان رەنگاوڕەنگ بکات،

ئاوازەکان پەنهان بوون

کوا گوێ ماوە ساز و سەنتور بژنەوێ،

ئەم کەونە تەنراوە بە بارووت و خۆڵەمێش،

قاندراوە بە خوێن،

پڕە لە هاوار،

دەنگدانەوەی بێدەنگی،

مرۆڤ دەبێ بزانێ بە تەنها هەنگاو دەنێت،

بەخۆت دەڵێی من تۆم لەوێ دیت

مینا جەنگاوەرێک بەرگریت لە پارچە شکاوەکانی خۆت دەکرد،

دەتەوێت بپرسێت تۆ مەرگی یان ژیان؟!

دواجار خۆشت لەتەک خۆتدا بەپێوە ناوەستی

ئەوسات تێدەگەیت رووناکییەکانیش هەر تاریکین

بەڵام بە چەشنێکی تر..

 

ژیان لە زارمدا تاڵە،

دەنگێک لە گوێمدا هاوار دەکات

وشەکانی تەنها بڵمەبڵمێکە و تێی ناگەم،

وەک بارانێکی بەخوڕ بەسەر شەقامێکی خراپدا دادەبارم،

وەک دوو پێی زەبەلاح

پێ دەنێم بە دوا پشکۆی ژیاندا و دەیپلیشێنمەوە..

 

شەو برینێکی قووڵە ئەستێرەی لێ دەچۆڕێت،

مانگ تریفەکانی رژاوە،

قەڵبەزەی کانی هاوار دەکات،

شەو خەمێک بەچاوییەوە دیارە، ئازار و حوزنێک بەرۆکی گرتووە

هەورێک ئەڵێی تارماییە بە ترۆپکی ئاسماندا رادەبڕێ،

پەنجەکانم ژێی تاری ئەم شەو دەژەنن،

شەوەکان برینی لەخوێندا شەڵاڵی منن

خوێن رەش رەش دەچێتەوە،

گەرەکتە ببیتە کوندە پەپوو لێ دەترسیت بەر نەفرەت کەویت،

هەوای فرینێک لەسەردا هەڵدەکات

لێ لەنێوان چوون و نەچووندا،

هەڵاتن و گەیشتن بە ترۆپک دوو دڵیت،

راڕای لەوەی ببیت بە ئەفرێنراوێکی نەفرەت لێ کراو،

گەرەکتە هەڵبێی لە رابردوو

هەڵاتن بۆ کوێ؟! گەیشتن بە کوێ؟!

بە کونجە تاریکەکانی رۆحت؟

چوون بەرەو شەوێکی سامناکی دیکە؟

یان نەچونت بەرەو دۆزەخی سووری خۆت..

پڕیت لە لاشە و ئێسکوپروسکی چەند جار مردووی خۆت،

تۆ تابووتی مەرگی خۆت بە کۆڵی خۆتەوە هەڵگرتووە،

تۆ مەرگی شەوت لە بوخچەکەی سەر شانتدا حەشار داوە،

پڕیت لە تارمایی،

تژی لە گێژاو،

پریت لە مەرگ،

تۆ نەفرەت لێکراوێکی تریت لە باوەشی شەوەزەنگدا..

دەچمەوە سەر ئەو رێگایەی بە تەنیاییم دەسپێرێت،

وێردێک بۆ ئەم زەوییە دەخوێنم،

شۆرەبییەک دەکەم بە پەتوو،

هەورێک دەکەم بە بالیف و

ئەستێرەیەک لەجێی چرا هەڵدەکەم،

بەباران دەڵێم لە گوناهی مرۆڤ بوون بمشواتەوە

دەبمەوە کرم و دەچمەوە ناخی زەوی

بە رووبار دەڵێم بمبورێت کە رێرەوی شەپۆلەکانیم گۆڕیوە،

تکا لە با دەکەم لێمخۆشبێت

کە شنەیەکیم کرد بە تەزوو بە ناوی شارستانییەوە،

کرنۆش بۆ دار دەبەم کە بڕیمەوە،

دەبمەوە بە خاک

خۆم لەخەوشی ئەو گوناهە دادەماڵم کە ناویان ناوە مرۆڤ..

بەگژ ئەم جەنگەدا دەچمەوە کە پێی دەڵێن ژیان،

لە گێژاوی ئەم زەمەنە یاخی دەبم و دێمە گۆ..

 

دەبمە کوڕێژگەیەکی دیوانە

بۆت دەنووسم

ئێلا ئەم بەیانییەت پڕ کرد لەبۆنی خۆت،

لێوەکانمت بە هەنگوینی لێوەکانت شیرین کرد،

هەناسەم تژییە لە بۆنی رۆح و جەستەت،

پرچەکانت زیاتر لە جاران پێوەندییان کردم،

ئێلا بۆ لەمەودوا چۆن بخەوم

چاوەکانم چۆن رازی ئەبن دانەخرێن تا تارمایی تۆیان لێ بڕەوێتەوە؟

دڵم چۆن لە قەفەسەکەیدا ئۆقرە دەگرێت،

دیوانە ئاسا خۆی ناکێشێت بە سینگمدا،

ئێلا چۆن دەکرێت لێت رابکەم

ئەوەتا نەک جەستە رۆحت پەیوەست کردم بە خۆتەوە،

پرت کردووم لەبۆنی پرچت،

ئێلا پیرەمێردێک بە حەسرەتی پێکێک خۆشەویستی

لە رۆژێکی تەمگرتوودا پیاسە دەکات،

تۆ قەتارەیەک ماچی پێدەدەی،

منداڵێک پڕە لە هاروهاجی تۆ لەباوەشی دەگریت،

هەرزەکارێک پڕە لە شەهوەت تۆ خاڵی دەکەیتەوە لە هەڵچوون،

باوکێک پڕە لە خەمی کچەکەی تۆ دێی لەگەڵیدا بەش دەکەی..

ئێلا ساتگەلێک هەن برین لە رۆحتدا چێ دەکەن،

خەمێک هەیە دڵت دەکۆڵێت

تۆ دێیت و لەجێگای قەدماخەکان گوڵ دەڕوێنیت،

برینەکان ماچ دەکەیت،

بە زیکر و وێردی نیوە شەوێکی دوور

گوێچکەم پر دەکەیت لە لایلایە،

ژیان لێو رێژ دەکەی بە ئەوین..

باوکم هەمیشە دەیگوت کەس نییە دەستت بگرێت

دەبێت لەسەر پێیەکانی خۆت راوەستی،

دەبێت هەگبەی یادەوەرییەکان تەنها بە کۆڵی خۆتەوە بێت

مینا زۆربایەکی شێت لەسەر پێیەکانی خۆت سەما بکەی،

باوکم زۆربای نەدەناسی، لێ بەتەنها سەمای ژیانی دەکرد

 

ئێلا باوکم راستی دەکرد

من و تۆ لە تەنهاییەکی رەهاداین

ئەبێت من تۆ وەک یادەوەرییەکی شیرین لەکۆڵ بنێنم،

نامەوێ لەبری وێرد و زیکری ئەوینت

بەر نەفرەتی نزاکانت بکەوم،

دەمەوێ بۆ هەمیشە گۆرانییەک بم لەسەر لێوت،

لەنێو تەم توومانەوە هاتم،

تۆ وەک تیشکی نیوە رۆژێک

بەنێو درز و کەلێنی هەور و

بەنێو گەردەکانی تەمدا باوەشت لێ وەرێنام،

من نیوە ونبوو لە بوخدا

مینا سەرابێک دەستێک نەبوو بمگاتێ

لێ تۆ گەیشتی بە تراویلکەی ئەم رۆحە ماندووە،

نیوەی ونبووت وەک کتێبێکی پیرۆز..

لەبیرکراو،

لەسەر رەفەی ژیانێکی تۆزاوی هەڵگرتەوە،

لە خۆڵ و گەردی زەمەن داتتەکاند،

تەمت لە پرچی روواندەوە..

 

ئێلا ژیانی ئەم رۆژانەمان لێوانێک زەهرە

بەچاوی نوقاوەوە لێی دەنۆشین،

باوەشی پڕ نورت لە دوووری دوورەوە ئاوەڵایە

تراویلەکەیە هەرچەند دێم هەر پێی ناگەم،

دەبمە رێگا و هەنگاوی قورسی پێیەکانت

بە خەیاڵمدا گوزەر دەکەن،

گەر بوومە پێدەشتێکی پان و بەرین

رۆژێک بۆ نزا سەردانێکم بکە،

دەبمە شەو ئەستێرەکانم دەکوژێنمەوە

مانگت بۆ رادەخەم

بمکە سەمای جەستەی رووتی ئێوارەیەکی ماندووت

دەبمە هەوراز لەلوتکەی ئەم ژیانەوە لێم بنۆڕە،

دەبمە نشێو گوڵاڵە سورەی ئەم پێدەشتەم بچنە

بیکە تاجێک بۆ پرچی لوولی گێژاوت،

کاتێکی زۆر تێپەڕیوە لەوەی خۆم لە خۆمدا بژیم،

هەست بە باڵەکانی فڕینم ئەکەم لە قوڵایی ناخمدا،

دەبمە ژێ

دەبمە ئاواز لە ئایەتێکدا بمخوێنە،

دەبمە پەرەسێلکەی نزاکانت

تا باخچەی خوا هەڵدەفڕم و دەنوکم لە دار سێوی باپیرە ئادەم دەژنەوم،

وێردەکانت لە ئاوازێکدا بۆ خودا دەچڕم،

دەبم بە وشەیەک کە تۆ دەتەوێ لەسەر لێوانت وشک دەبمەوە.

 

من بەتەنیا بەهەناوی رۆژەکانما گوزەر دەکەم

تاریکە ئەم سەدەیەی مرۆڤ

نازانێت هانگاوەکانی بەرەو کوێی دەبەن..

ئەوێ رۆژێ پیرمێردێک دەستە و ئەژنۆ لەسەر چۆکان هەڵکوڕمابوو،

روو لە ئاسمان نزای دەکرد

دەیگوت خودا گوناهبارین تاوانمان کرد،

گوناهبارین بە تامی سێو بە دەنگی نەی،

بەبۆنی قۆخ،

گوناهمان کرد ئاوارە بووین بۆ سەر زەوی..

خودا بمانکەرەوە بە قوڕ،

ئەگەر دەکرێ تکا دەکەم بمکەرەوە بەخاک و بمدە بەبادا،

خودا لە سوجدەدام ئەگەر دەکرێت

بمانکە بە تاشە بەردێک و لە حەوتەمین چینی ئاسمان

لە ترۆپکی گەردوونەوە هەواماندە،

لێگەڕابای لەماڵزارۆکی دایکمدا تا کۆتایی بمێنمەوە،

خودا ئەهریمەن چاکی کرد سوجدەی بۆ باپیرەم نەبرد

ئەو دەیزانی ئێمە دواجار بەبەرد دەبین..

تاوانمان کرد،

کانیاوەکانمان وشک کرد

کۆترەکانمان تینو کرد

رێدەربازی ماسییەکانمان هەڵکۆڵی و

بەناوی مۆدێرنەوە کردمان بە شار،

بە باڵەخانەی نهۆم بەرز،

ژیانمان پر کرد لە مرۆڤی بچووک،

بەری رۆژمان لە شەقام و

لە شۆرەبی سەر شۆستەکان گرت،

مرۆڤمان پر کرد لە گوناهـــ لە رەنگی رەش..

 

مرۆڤ وایە هەندێک کات نایەوێ بەگوێی خۆشیدا بچرپێنێ،

ناتەوێ ئەم کەشە سامناکە بشکێنی،

دەتەوێ تا دوا بەندەر ئاوێزانی سەمای مەرگێکی ناوادە بیت،

لە ئاوێنەدا لەخۆت دەڕوانی،

گەرەکتە دەست بخەیتە گەرووی وێنەدانەوەکە و بیخنکێنیت،

بەڵام نا لەگەڵ رۆحتدا دەکەویتە سەما..

دەستەکانت لە بری گەروو لەباوەشی دەئاڵێنیت،

سەرت دەخەیتە سەر شانەکانی خۆت و دەگریت..

سەرینەکەت لەژێر سەرتدا جێگای نابێتەوە،

ئەم شەوانە خەیاڵەکان هێندە گەورەن

لە سەریشتدا جێگایان نابێتەوە،

بەردەبیتەوە نێو ژیان،

پەتووەکەت تەنگە تەواوی جەستەت داناپۆشێت،

هەوای ژوورەکە تەنگە،

لەبەر خۆتەوە دەڵێی خودا چ زیندانێکە ئەم کەونە،

کاتژمێری ژوورەکەت بە پێچەوانەوە کات دەژمێرێت،

شەوێکی چ تووشە دەبێت کەی کۆتایی بێت،

بۆ ئەبەد لێرە دەمێنمەوە

لێناگەڕێم تاریکایی پشکۆی خەیاڵەکانم خامۆش بکات،

لێناگەڕێم ئینجانەی خەیاڵەکانم وشک بن،

لێناگەڕێم ئادارکی مێرگوزاران تاوی بەیانییەک بیسوتێنێت،

تا دێت باڵەکانی هیوام درێژ دەبن،

غایەلەکان مینا هەڵۆیەک بن

بۆ ساتێک دەچنە کێوی بەرزی ئەوین و

دندوکی تیژیان لە بەردێک دەسوون،

شاپەری فرێن لە خۆیان دەکەنەوە و

پەڕی نوێ درووست دەکەن،

لە هەرکوێ بم تۆوی هیوایەک لە خۆمدا دەڕوێنم،

ژیانی تەم گرتووی ئەم خەونە

زوڵمەتی دنیای تاریکم

بە تاسەی رووناکی نێو ناخم زیندوو دەکەمەوە،

ئیتقانی من غایەلەو خەیاڵەکانی نێو خۆمە..

 

دەنگی هانگ و دەهۆڵ مەیدانی ئەم جەنگەی تاوداوە،

مرۆڤ تینوە بە مەرگ،

بە کەوتن و بە سووتان،

ئارەزوویەکی ترسناک بۆ شەڕ،

ئەسپەکان پاقوڵاخەکانیان لە زەوی دەکوتن،

ئەوەتا ژەهری ئەم وەرزە هەر ئێوارەیەک نوێ دەبێتەوە،

گەرد و تۆزی ئەم رۆژانە گەروومان دەزوورێنێتەوە

ئەمە سمومی ژیانێکە دۆزەخێکی سپی پۆشیوە،

تۆز و گەردی سەردەمێکی دوورە

لە سمی ماینێکی شێتەوە هەڵدەستێت و

با لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت،

جێ پێی نەنکمە لە بیابانەکانی عەرعەر بەرز دەبێتەوە و

بە ئاسماندا پەخشان دەبێ..

خودا بەدیار حاڵ لێهاتنی منداڵێکەوە دۆشداماوە،

منیش بەدیار ئەوەوە حاڵ دەمگرێت،

باوکم لە زکرێکدا دەستەکانی بەرەو ترۆپکی ئاسمان راگرتووە،

کەچی فرمێسکەکان بە گۆنایدا دێنە خوارێ..

هەموومان نامۆین بەزەوی،

من هێزی چاوەکانت کێشی کردم بۆ شەری ئەم مەرگە،

ئەسپەکان مرۆڤ دەستەمۆی کردن،

ئەو مەلۆتکەیە

بەرهەمی گوناهی پڕ چێژی دوو عاشقی شێت بوو

لەم بەرزەخی ژیانەدا حاڵی لێ هێنا،

باوکم بۆ مرۆڤایەتی نزا دەکات،

خوداش بە دیار سەرگەردانی نەوەکانی ئادەمەوە

لە ئەستێرەی پڕ ژیانی بەربەرد بووی خۆیدا حاڵ دەیگرێ..

بڵاوکردنەوە: