ئایندەی عێراق لە نێوان ململانێی مالکی و سەدردا

342
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: جەزا ئەحمەد فارس

توێژەری سیاسی

 

عێراق لە لێواری ڕووداو گەلێکی گەورەدایە، کە ئایندەی ئەم وڵاتە بەندە لەسەر ئەم ڕووداوانە؛ ململانێکانی نێوان سەدر و مالکی کە باگراوندێکی مێژووی هەیە ئەم وڵاتەی بەرەو دۆخێکی ناسەقامگیری ڕامیاری بردووە بە شێوەیەک عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەکدایە کە خۆی دەبینێتەوە لە (دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، شەڕی ناوخۆ، مانەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی یان گەیشتنە ڕێکەوتن) ڕوودانی هەریەک لەم سیناریۆیانە وابەستە بە بڕیاری مالکی و سەدر هەروەها هەوڵە ناوخۆیەکان لە لایەک، دەستوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی ترەوە.

سیناریۆی یەکەم: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن

ئەگەرێکی بەهێزە جارێکی ترهەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە بەو پێیەی سەدرییەکان لە پەیامەکانیاندا ئەوە ڕوونە لەلای ئەوان ئەم خولەی پەرلەمان کۆتای هاتووە، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت چی جۆرە سیستەمێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؟

مالکی و هاوپەیمانەکانی خەون بەوە دەبینن لە حاڵەتی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەنەوە لەبەر ئەوەی لە دابەشکردنی عێراق بۆ (٨٣) بازنە زەرەرمەند بوون، بەڵام سەدرییەکان و هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ ئەمەدا نین ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە دەبێت دەستور هەموار بکرێتەوە و تەواوی سیستەمی سیاسی عێراق بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی بە خەونی ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەو زۆرینەی هەیانە حوکمڕانی عێراق بکەن. کە ئەمەش لەم قۆناغەدا کارێکی ئەستەمە.

سیناریۆی دووەم: عێراق بەرە و شەڕی ناوخۆ دەڕوات

بە وردبوونەوە لەباگراوندی مێژووی ململانێکانی سەدر و مالکی لەو ڕاستییە دەگەین کە مالیکی لە خولی یەکەمی سەرۆک وەزیرانی (٢٠٠٦-٢٠١٠) لەپاڵ ئەوەی کە بە خراپترین شێوە دامودەزگا سەربازیەکانی حکومەتی عێراقی بەکارهێنا دژی لایەنگرانی (سەدر) بەڵام نەیتوانی کۆتای بە سەدرییەکان بینێت لەبەرئەوە هەر لەوکاتەوە سەدرییەکان بەدوای دەرفەتێکدا گەڕاون تۆڵەی خۆیان لە مالیکی و دەوروبەرەکەی بکەنەوە.

لە ئێستادا بەو پێیەی کە هەریەکە لە سەدر و مالکی خاوەنی هێزی چەکدارن ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان لایەنگران و شوێنکەوتووەکانیاندا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام هەریەک لەم دوو لایەنە ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر ململانێکانیان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی یەکلای بکەنەوە لە پاڵ ئەوەی هیچ کامێکیان ناتوانن لە گۆڕەپانەکە لایەنی بەرامبەر بسڕنەوە؛ ئەگەری گەرانەوەی سەقامگیری ڕامیاری بۆ عێراق کارێکی مەحاڵ دەبێت، لەبەرئەوە لەم قۆناغەدا هەریەک لە سەدر و مالکی خۆیان بە دور دەگرن لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەرامبەر بە یەکتری.

لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ ئەوەدا نین کە کە شەڕی ناوخۆ ڕووبدات و بە وردی چاودێری بارودۆخی عێراق دەکەن.

سیناریۆی سێیەم:مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی لە ئێستادا(مانەوەی حکومەتەکەی کازمی)

حکومەتی کازمی لە (٢٠٢٠) دروستکرا بە ڕەزامەندی لایەن سیاسییەکانی عێراق بە مەبەستی دەرچوون لە و ئاڵۆزیانەی کە عێراق تێی کەوتبوو پاش دەست لە کارکێشانەوەی (عادل عەبدلمەهدی) سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان کە بە شۆڕشی (تشرینییەکان) ناسرا، بەڵام دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە (٢٠٢١) دا جارێکی تر عێراق کەوتەوە ناو قەیرانێکی سیاسی گەورەوە.

بە هەموو پێوەرێک ئەم حکومەتەی کە کازمی سەرۆکایەتی دەکات لە (سەدر)ەوەنزیکە بۆیە سەدر بە جووڵاندنی شەقامی عێراقی دەیەوێت کە درێژە بە مانەوەی ئەم حکومەتە بدات و ڕێگربێت لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی حکومەت وەک چۆن ئەوان ڕێگر بوون لەبەردەم هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە عێراقدا هەرچەندە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانش بوو.

چوارچێوەی هەماهەنگی کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات مەبەستیانە کە بە زووترین کات کازمی لە پۆستەکەی دوربخەنەوە و حکومەت دروست بکەن، بەڵام ئەمە کارێکی مەحاڵە چونکە سەدرییەکان دەتوانن ڕێگربن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە هەر کات و ساتێکدابێت شەقام وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەکاربیەنن.

سیناریۆی چوارەم: گەیشتنە ڕێکەوتن

زۆرێک پێیان وایە هیچ ڕێگەیەک لە بەردەم سەدر و مالکیدا نییە جگە لە گەیشتنە ڕێکەوتن بەو پێیەی هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا وەک دوو هێزی کاریگەر داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی دەکەن بە مەبەستی گەیشتنە ڕێکەوتن.

لەسەر ئاستی ناوخۆش لەپاڵ ئەوەی کە یەکێتی و پارتی دابەشبوون بەسەر بەرەی مالکی و سەدردا و لەگەڵ یەکتری نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار بەڵام هەردوولا داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی دەکەن لەسەر ئاستی باڵای سەرکردە عێراقییەکان، هەروەها کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستیکردووە، بە سەردانکردنی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق وەک نێوەندگیرێک بە مەبەستی دەستکردن بە ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە، بەڵام سەدر نایەوێت بکەوێتە گفتۆ گۆکردنەوە هەروەها مەرجی قورسی بۆلایەنی بەرامبەر داناوە کە دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

بڵاوکردنەوە: