له‌ ژیاندا ڕێگاى زۆر هه‌ن بۆ هه‌ڵاتن!

623
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەڵوەند تەڵعەت

 

– ته‌رمێك له‌ ناوه‌ڕاستى هۆڵه‌كه‌ له‌سه‌ر پشت كه‌وتووه‌، ده‌مولووتى پرژاوه‌ و لەپاڵ سه‌ریشیه‌وه‌ په‌ڵه‌یه‌كى ڕه‌شى خوێنی مه‌یوو هه‌یه‌، كراسێكى سوورى خه‌تخه‌تى سپى و شه‌ڕواڵێكى شڕى له‌به‌ره‌. ئه‌و ته‌رمه‌ چه‌نده‌ له‌ من ده‌چێت، سمێڵه‌ باریك و قه‌یتانییه‌كه‌ى و ڕیشه‌ ڕه‌ش و پڕه‌كه‌ى و قژه‌ درێژ و تێكئاڵۆزاوه‌كه‌ى، ڕوخساره‌ خه‌مناكه‌كه‌ى، هه‌موو شوێنێكى هه‌ر كتومت له‌ من ده‌چێت، ئه‌و هه‌موو لێكچوونه‌ له‌نێوان بێدار و خه‌وتووه‌كان جێگاى سه‌رسووڕمانه‌!

– ئه‌و پیاوه‌ى له‌پڕ، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كیش خۆى كرد به‌ ژووررێدا و به‌بێده‌نگى له‌ ژوورسه‌رم وه‌ستا و ده‌سته‌كانى به ‌خۆیدا شۆڕكردووەته‌وه‌ چه‌ند له‌ من ده‌چێت! سمێڵه‌ باریك و قه‌یتانییه‌كه‌ى و ڕیشه‌ پڕ و ڕه‌شه‌كه‌ى و قژه‌ درێژ و تێكئاڵۆزاوه‌كه‌ى و ڕووخساره‌ خه‌مناكه‌كه‌ى، هه‌موو شتێكى هه‌ر له‌من ده‌چێت. چش له‌و لێكچوونه‌ش، خۆ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جارم نییه‌ كه‌ لێكچوونێك له‌ نێوان خۆم و دونیاى بێداره‌كان ده‌بینم، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م جاره‌یان زۆر بێشه‌رمه‌، یان له‌وانه‌یه‌ زۆر گه‌مژه‌ و كه‌م عه‌قڵ بێت، ئه‌گه‌رنا چۆن ده‌بێت به‌و هه‌موو ئاسانییه‌ بێت و من له‌خه‌و ڕاپه‌ڕێنێت. زیاتر له‌وه‌ش هیچ نه‌ڵێت و ته‌نها چاوم تێ ببڕێت.

كه‌مێك پێش ئێستا له‌پڕ و به‌بێ هیچ هۆكارێك خه‌وێكى قوڵ دایگرتم، نازانم بۆ، بیرشم نایه‌ت دواین جار كه‌ى بوو كه‌ له‌خه‌و ڕابووم، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ ده‌مزانى خه‌وم دێت و ته‌واو! ده‌ترسم ئه‌و گێله‌ نه‌یزانیبێت كه‌ خه‌وى من جیاوازى زۆرى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شێوازى خه‌وتنى ئه‌وان، من ده‌زانم ئه‌وان به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ هۆكارێك هه‌بێت ده‌خه‌ون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار بۆخۆشیش بێت هه‌ر ده‌خه‌ون، بۆ ئه‌وه‌ش پێویست نییه‌ كۆششى زۆر بكه‌ن، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ بخزێنه‌ ناو جێگاكانیان و ئیدى نازانن له‌مه‌وبه‌دوا له‌سه‌ریانه‌ چى بكه‌ن، به‌ڵام له‌لاى من زۆر جیاوازه‌. ویستم پێى بڵێم گه‌مژه‌ خه‌وى من وه‌ك خه‌وه‌كه‌ى ئێوه‌ ساده‌ و ساکار نییه‌، به‌ڵام بڕوام پێ بكه‌ن كاتێك ڕوخساره‌ گاڵته‌جاڕییه‌كه‌یم بینى هه‌ر له‌خۆڕا هه‌ستم كرد كه‌ بێهوده‌ خۆم ماندوو ده‌كه‌م، وازم لێى هێنا.

به‌هه‌ر حاڵ وازى لێ بێنن، خۆ ئه‌و ناتوانێت له‌ هیچ شتێك تێبگات، به‌جه‌هه‌نه‌م كه‌ له‌ ژوورسه‌رم وه‌ستاوه‌ و سه‌یرم ده‌كات، من كه‌ى گوێم به‌و بابه‌ته‌ توڕه‌هاتانه‌ داوه‌، ئێستا با تۆزێك باسى خۆمتان بۆ بكه‌م، باسى خه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆتان بۆ بكه‌م، ئاشكرایه‌ كه‌ په‌رۆشى ئه‌وه‌ن بزانن چۆن ڕوویداوه‌!

ئه‌گه‌ر بڵێم نازانم چۆن بوو، به‌ گه‌مژه‌م مه‌زانن، باوه‌ڕم پێ بكه‌ن كه‌ به‌ته‌واوه‌تى نازانم چى ڕوویدا، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێى تێگه‌یشتنى خۆم بابه‌ته‌كه‌تان كه‌مێك بۆ سانا بكه‌م، به‌ماناى ئه‌وه‌ى دواتر ئێوەیش مافى ئه‌وه‌تان هه‌بێت پرسیار بكه‌ن ئه‌گه‌ر پرسیارێكتان له‌لا دروست بوو، یان به‌لایە‌نى كه‌م ئێوه‌ش ده‌توانن ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لاى خۆتان شه‌نوكه‌و بكه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئاگادارى منیش. درێژه‌ى نه‌ده‌مێ باشه‌ وه‌كوو ئه‌ڵێن زۆرگوتن قورئان خۆشه‌!

به‌ته‌واوه‌تى شاره‌زاییم له‌ كات و ژماره‌ و ساڵ ئه‌و شتانه‌ نییه‌، به‌ڵام جارێك پیاوێكى سه‌روڕیش سپى پێى وتم ئه‌وه‌ بیست ساڵ و هه‌ندێكه‌ تۆ ئه‌بینم! ئه‌وه‌ى وت و ئیدى خه‌وت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر هۆكاره‌كه‌ى بدات گوتی ده‌خه‌وم، له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا جارجارێك خۆم به‌ ژماردنى ڕۆژ و مانگه‌كان خه‌ریك ده‌كه‌م، هه‌ڵه‌ نه‌بم خه‌ریكه‌ بۆ دوو ساڵ و ئه‌وەنده‌ ئه‌چێت هێشتاش هه‌ر خه‌وتووه‌، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ده‌بێت ئێستا من له‌ ده‌ورووبه‌رى بیستودووساڵ و شتێكە، دەمەوێت بخه‌وم، به‌ڵام ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ى ژوورسه‌رم له‌ خه‌وى ڕاچڵه‌كاندم و ئێستاش هه‌ر ده‌مه‌وێت بخه‌وم، به‌ڵام تازه‌ مادام به‌ئاگاى هێنام كه‌مێك قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م و له‌ دوایى ده‌خه‌وم، به‌ڵكوو ئه‌و پیاوه‌ش بڕوات و له‌ كۆڵ بێته‌وه‌.

بە هەڵەوەڕی لە قسەکانم نەگەن! بڕوام پێ بكه‌ن من نیازێكى ئه‌وهام نییه‌، ته‌نیا ده‌مه‌وێت كه‌مێك بابه‌ته‌كه‌تان بۆ ڕوون بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵكوو لایه‌نى كه‌م، كه‌مێك سانا بێت له ‌لاتان كه‌ چۆن بوو! به‌ڵێ، ئێستا ده‌بێت له‌ ده‌ورووبه‌رى بیستودوو ساڵ و هه‌ندێك بم، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌یه‌ نه‌خه‌وتووم. ئێوه‌ بۆ خۆتان بڕیار بده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌و حیساباتانه‌ بێت كه‌ تازه‌ بۆم كردن، هه‌ر وا ناكات؟! ئه‌ى ڕاست ناكه‌م؟!

باشه‌… به‌ر له‌ هه‌موو شتێك با ئه‌وه‌تان پێ بڵێم، من كه‌مێك كێشه‌م له‌گه‌ڵ بێدارى هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ بپرسن ئه‌ى به‌و حاڵه‌وه‌ چۆن ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ دانم به‌ خۆم داگرتووه‌؟ ئه‌گه‌ر نه‌یشپرسن، به‌ڵام بۆخۆم ئه‌و پرسیاره‌م پێشتر له‌خۆم كردووه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ى به‌دروستى نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگادار بم كه‌متر دانم به‌خۆمدا گرتووه‌ و زیاتر هه‌ڵاتووم، ئاخر خۆ عه‌یب نییه‌ پیاو ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ له‌ دڵیدایه‌.

ڕاستتان ناوێت؟ من كه‌سێكى ترسنۆكم و هه‌میشه‌ هه‌ستم به ‌ترس كردووه‌، نازانم لاى ئێوه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ چۆنه‌! به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئێوه‌ش هه‌ست به‌ ترس بكه‌ن. له‌ ده‌ورووبه‌رى من ده‌نگى زۆر هه‌یه‌، هه‌مووشى هه‌ر تۆقێنه‌ره‌، من له‌و ده‌نگانه‌ زۆر ده‌ترسم، ده‌نگه‌كان له‌ هه‌مووو شوێنێك هه‌ن. ئێستا له‌وانه‌یه‌ یه‌كێكتان پێشنیارى ئه‌وه‌م بۆ بكه‌ن، یان به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ بڵێن ئه‌ى بۆ نه‌ده‌چوویه‌ شوێنێك كه‌ ده‌نگى لێ نه‌بێت؟ به‌ڵام نا… خۆ من ئه‌وه‌نده‌ش گه‌مژه ‌نیم تا بیرم بۆ شتێكى ئه‌وها نه‌چووبێت، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ بیرۆكه‌یه‌كى زۆر ساده‌یه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ دركم پێى كردووه‌، به‌ڵكوو تاقیشم كردۆته‌وه‌، به‌ڵام چی بكه‌م سوودی نییه‌! بگره‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌نگانه‌ له‌ ته‌نیایى چڕتر ده‌بنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌و دۆخه‌دا بۆ خۆشم ئاوێته‌ى ئه‌و ده‌نگه‌ تۆقێنه‌رانه‌ ده‌بووم، به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌كان و ته‌نیاییدا ده‌بووین ده‌سته‌یه‌كى تۆقێنه‌ر. گوتم نا… ئه‌وه‌ سوودى نییه‌.

ئه‌زانى چى؟ با بابه‌ته‌كه‌ نه‌بێته‌ مه‌سه‌له‌ى به‌خۆداهه‌ڵدان و شتى له‌و جۆره‌، به‌ڵام من هه‌میشه‌ بڕوام به‌ ڕێگاى جیاواز هه‌بووه‌، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ من كه‌سێكى بیرتیژم و زیاتر له‌ ڕێگایه‌كى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌زانم. ئێ خۆ نابێته‌ به‌خۆداهه‌ڵدانیش ئه‌گه‌ر شتێكى ئه‌وها بڵێم، ڕاستتان ده‌وێت؟ من پێشتر ئه‌وه‌ فێر ببووم. نه‌ڵێن له‌ كێ؟

باشه‌، من له‌ ژنێك فێر بووم. من پێشتر گوتم هیچ شتێكم له‌بیر نییه‌ و نازانم كه‌ى له‌ خه‌و هه‌ڵساوم، به‌ڵام با به‌ ڕاشكاوانه‌ پێتان بڵێم درۆم كرد! لێم مه‌گرن، من كه‌سێكى درۆزن نیم، باشتره‌ بڵێم ئه‌و درۆیه‌شم هه‌ر به‌شێك بوو له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵاتن. ئه‌و ژنه‌ له‌ساتى له‌ خه‌وهه‌ڵسانم له‌ ژوورسه‌رم بوو، شیرى دامێ، له‌ باوه‌شى گرتم، ماچیشى كردم، پاشان سه‌رى له‌ گوێم نزیك كرده‌وه‌ و گوتی (له‌ژیان زیاتر له‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان)، به‌ڵى ئه‌وه‌ى گوت، یان باشتره‌ بڵێم ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌م له‌بیر ماوه‌، درۆ ناكه‌م هااا، به‌ڕاستى هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بیر ماوه‌. من ئه‌وه‌م تا ماوه‌یه‌كى زۆر هه‌ر له‌بیر مابوو، زۆریش دڵم پێى خۆش بوو كه‌ خاوه‌نى حیكمه‌تێكى له‌وجۆره‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شه‌وێك شتێكى ناخۆش ڕوویدا، ئه‌گه‌ر هه‌موویتان به‌درێژى و وه‌ك خۆى بۆ بگێڕمه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ بتۆقن، بۆیه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌چمه‌ سه‌ر كڕۆكى بابه‌ته‌كه‌.

شه‌وێكى ساردی زستان بوو، پێ ده‌چوو له‌ ده‌ره‌وه‌ باران بێت، جا نازانم ڕه‌شه‌باى له‌گه‌ڵ بوو یان نا؟ به‌ڵام دڵنیام كه‌ گوێم له‌ ده‌نگى سیلاوكه‌ى حه‌وشه‌كه‌ ده‌بوو له‌و كاته‌ى بارانى پێدا ده‌هاته‌ خوارێ، كاره‌با نه‌بوو هه‌موو شتێك هه‌ر تاریك بوو، ده‌نگه‌ تۆقێنه‌ره‌كان هاتنه‌وه‌ به‌رگوێم، پرخه‌پرخ و جیڕه‌ى په‌نجه‌ره‌ شكاوه‌كه‌ و چرپه‌ چرپى ئاوى ده‌ستشۆره‌كه‌ و قڕه‌قڕى ناو تاریكییه‌كى كوشنده‌ كه‌ نه‌مده‌زانى ده‌نگى چییه‌! به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ بۆنێكى تۆقێنه‌ریشى هاته‌سه‌ر، بۆنه‌كه‌ له‌ ژێر پێخه‌فه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، هه‌ستم كرد بیجامه‌كه‌ى به‌رم زیاتر له‌ جاران سارده‌ و هه‌ستم به‌ ته‌ڕایه‌تى ده‌كرد. له‌خۆڕا بیرى ئه‌وه‌م بۆ هات كه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ته‌ڕایه‌تى بیجامه‌كه‌م و بۆنه‌كه‌ هه‌بێت، چونكه‌ هه‌ردووكیانم له‌ ژێر پێخه‌فه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ست پێ ده‌كرد، بۆنه‌كه‌ زۆر نامۆ نه‌بوو، پێشتر ئه‌و بۆنه‌م له‌ شوێنێك زۆر به‌ كونه‌لووتدا چووبوو، خێرا زانیم، به‌ڵێ، ئه‌و بۆنه‌م له‌ توالێته‌كه‌ى ماڵى خۆمان هه‌ست پێ كردووه‌!

با زۆر سه‌رتان نه‌یه‌شێنم، به‌ كورت و كرمانجى من ئه‌و شه‌وه‌ میزم به‌خۆمدا كردبوو، هه‌ستم به‌ سه‌رما ده‌كرد، بۆیه‌ زیاتر خۆم له‌ناو پێخه‌فه‌كه‌م ئاڵاند و چاوه‌ڕێ بووم ڕۆژ ببێته‌وه‌ و ئیتر بیجامه‌كه‌م یان وشك ببێته‌وه‌ و یانیش دانه‌یه‌كى تر له‌به‌ربكه‌م، ئاخر زۆر ناخۆشه‌ هااا، پیاو بیجامه‌یه‌كى ته‌ڕى له‌به‌ربێت له‌ كه‌شێكى سارد و ڕه‌هێڵه‌شدا. له‌ كۆتاییدا ئاسمان ڕووناك بوه‌وه‌ و ته‌م و مژه‌كه‌ى نیوه‌شه‌ویش تاڕاده‌یه‌ك ئارام بوو، به‌ڵام بیجامه‌كه‌م هێشتاش هه‌ر ته‌ڕ بوو، ئیتر چار نه‌ما زۆر ڕێگا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان! بۆیه‌ ناچار نیم چاوه‌ڕێى وشك بوونه‌وه‌ى بیجامه‌كه‌م بكه‌م، باشتره‌ هه‌ڵسم دانه‌یه‌كى وشك له‌به‌ربكه‌م. له‌ژێر جێگاكه‌م ده‌رپه‌ڕیم و ویستم له‌ ده‌رگاى ژوورى نوستنه‌كه‌ ده‌رچم، قیژه‌یه‌ك له‌دواوه‌ به‌رز بووه‌وه‌. (ئه‌وه‌ میزت به‌خۆتدا كردووه‌؟!)، ئاوڕمداوه‌ نه‌مزانى بڵێم به‌ڵێ، یان نه‌خێر. ده‌نگێكى تۆقێنه‌رى تر، به‌ڵام كێشه‌ نییه‌، تا من خاوه‌نى ئه‌و حیكمه‌ته‌ بم كێشه‌كان به‌ئاسانى چاره‌سه‌ر ده‌بن، دایكم دواى ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه‌ و ئه‌وجاره‌ تاكه‌ نه‌علێكى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. له‌ ترسان هه‌موو شتێكم بیرچووه‌وه‌، هه‌ستم ده‌كرد ئیتر حیكمه‌ته‌كه‌شم به‌كه‌ڵكم نایه‌ت، ویستم جارێكى تر بیڵێمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موویم به‌ته‌واوه‌تى بیر نه‌مابوو. ڕیزبه‌ندى وشه‌كانم لێ شێوا بوو، نه‌مده‌توانى وشه‌كان وه‌كو خۆى له‌دواى یه‌كتر ڕیز بكه‌م، دایكم به‌توندى بۆم ده‌هات و منیش به‌رده‌وام بیرم له‌ ڕێكخستى ڕسته‌كه‌ یان باشتر بڵێم حیكمه‌ته‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌. به‌باشى دڵنیاش نه‌بووم ڕاسته‌ یان نا، به‌ڵام هه‌رچى بێت ئه‌وه‌ هات به‌ مێشكمدا (له‌ ژیاندا زۆر ڕێگا هه‌ن‌ بۆ هه‌ڵاتن)! له‌ ژووره‌كه‌ به‌توندى چوومە دەرەوە و تاكه‌نه‌علێك گڤه‌ى هات و به‌ر ده‌رگاكه‌ كه‌وت، ده‌نگێكى زۆر ترسناك بوو خه‌ریك بوو ڕۆحم له‌گه‌ڵى ده‌رچێت، به‌ڵام باش بوو كه‌ حیكمه‌ته‌ تازه‌كه‌م فریام كه‌وتو و تاكه‌ نه‌عله‌كه‌ نه‌بوو به‌ نسیبم!

له‌دواوه‌ گوێبیستى قاقاى خوشك و براكانم بووم، قاقایه‌كى زۆر ڕه‌ق و تۆقێنه‌ر، په‌رده‌ى گوێى ئازار ده‌دام، ڕاستتان بوێت له‌و كاته‌وه‌ ئیدى له‌ پێكه‌نینیش ده‌ترسم، ترسان نا، به‌ڵكوو لێى ڕاده‌كه‌م.

به‌سه‌رهاته‌كه‌م دوور و درێژه‌ و حه‌ز ناكه‌م ئێوه‌شى پێ بێزار و خه‌مبار بكه‌م، به‌ڵام ئیتر له‌مه‌وبه‌دوا حیكمه‌ته‌كه‌ى یه‌كه‌مجارم بیر چووه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دواییان ده‌ڕۆیشتم. به‌وجۆره‌ هه‌ڵاتن بوو به‌ به‌شێك له‌ ژیانم، نانا، بوو به‌ هه‌موو ژیانم، له‌ ئاوه‌دانى هه‌ڵده‌هاتم و ڕووم له‌ چۆڵه‌وانى ده‌كرد، له‌وێش هه‌ڵده‌هاتم و ده‌چومه‌ تاریكى، دواتر بۆ ڕووناكى، چونكه‌ هه‌موویان تۆقێنه‌ر بوون و ده‌یانترساندم، نه‌مده‌وێرا زۆر له‌ شوێنێك بمێنمه‌وه‌، چونكه‌ هیچ شوێنێك ئارام و جێگیر نه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ گه‌ڕام و سوڕام تا ته‌واو ماندوو و شه‌كه‌ت بووم، ئیتر هه‌ستم كرد كه‌ خه‌وم دێت، به‌ڵام چۆن خه‌وێك؟! پڕ له‌ ئاسوده‌یى و به‌خته‌وه‌رى ئه‌به‌دى، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌و پیاوه‌ هێشتا له‌ سه‌رسه‌رم وه‌ستاوه‌ و چاوى له‌ناو چاو ناوم و نایه‌ڵێت خه‌وم لێ بكه‌وێت، چاره‌سه‌ریشى هه‌ر نییه‌، بۆیه‌ كه‌مێكى تر نه‌ڕوات ئه‌وا له‌وێش ده‌ڕۆم، چونكه‌ له‌ ژیاندا ڕێگاى زۆر هه‌ن بۆ هه‌ڵاتن.

 

٣ى ئه‌یلولى ٢٠١٣، هه‌ولێر

بڵاوکردنەوە: