ھەڕەمەکەی ماسلۆ

678
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هەڤین کەمال شاهـ

 

ھەڕەمەکەی ماسلۆ چییە؟

 پەیوەندی نێوان ھەڕەمەکە و ژیانی تاک لەکۆمەڵگا نوێیەکاندا چییە؟

 چۆن دەتوانین نامۆیی و بێھودەیی ژیان لای تاکی کورد لێک بدەینەوە بەپێی بیردۆزەکەی ماسلۆ؟

 

لەساڵی ١٩٤٣ زانا و دەروونزانی جووی ئەمریکی “ئەبراھام ماسلۆ” بیردۆزە بەناوبانگەکەی بڵاو کردەوە بەناوی “پێداویستییە مرۆڤیەکان” کە لەدوایدا بە “ھەرەمی ماسلۆ یاخود سێگۆشەی ماسلۆ”  ناسرا لە جیھاندا .

بەپێی بیردۆزەکەی ماسلۆ بێت مرۆڤ ھەر لە سەرەتاوە و ھەتاوەکوو ئێستا، کە ھەوڵی داوە بۆ بەدەست ھێنانی پێداویستییەکانی ژیانی و پارێزگاریکردن لێی، بەشێوەیەکی ھەڕەمی یاخود لە فۆڕمێکی شێوەسێگۆشەدا بووە .

بەپێی ھەڕەمەکەی ماسلۆ بێت مرۆڤ پێش ھەموو شت پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە سه‌رەتایی و فسیۆلۆژیەکانییەتی وەکوو: خواردن و خواردنەوە،  شیڵتەر یاخود جێگای نیشتەجێبوون و بوونی شوێنی حەوانەوە، سێکس و زۆربوون… ھتد .

لە ھەڕەمەکەی ماسلۆدا پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەوێتە بەشی خوارەوە و یەکەمی ھەڕەمەکە. بەدوای ئەودا پێداویستی ھەستکردن بە دڵنیایی و ئاسایش، سەلامەتی جێگیربوون دێت کە ئەمیش بەشی دووەمی ھەڕەمەکەیە. بەدوای ئەودا پێداویستی ھەستکردن بە خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دێن، کە بەشی سێهەمی ھەڕەمەکە پێک دەهێنێت،. بەشی چوارەمی ھەڕەمەکە بریتییە لە ھەستکردن بە خودی خۆت و زیادبوونی خودخۆشویستن و پرستیج (شکۆمەندی) و دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی.  کۆتا بەش و لووتکەی ھەڕەمەکە بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی و بەناوبانگ بوون و داھێنان لەنێو کۆمەڵگادا؛ ئەویش لە ڕێگای چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ دروستکردنی تاکی چالاک و داھێنەر، کە ئەمیش بەپێی توێژینەوەکانی ماسلۆ بێت، تەنیا لە لە سەدا دووی مرۆڤەکان دەتوانن بگەنە لووتکەی ھەڕەمەکە و کەسانی داھێنەر بن.

ماسلۆ لەبیردۆزەکەیدا دەڵێت: پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکان دەبێت دابینکراو و تێرکراوبن پێش ئەوەی تاک بیر لە ھیچ بەشێکی تری ھەڕەمەکە بکاتەوە، یان لە دڵەڕاوکێدا بێت بۆ بەدیھێنانی. لە دووەم بەشی ھەڕەمەکە کە بریتییە لە ھەستکردن بە دڵنیایی و ئاسایش و سەلامەتی. ئەم پێداوستییە تەنها سەلامەتی خود و جەستە ناگەرێتەوە، بەڵکوو جێگیربوونی سیاسی کۆمەڵگا و دڵنیایی دارایی و پیشەیی کایەی گرنگن بۆ ھەستکردن بەم دڵنیایی و  جێگیربوونە. ھەروەھا خۆپاراستن لە ھەموو مەترسییەک کە ھەڕەشە لە تەندروستی وسەلامەتی تاک دەکات وەکوو دروستبوونی پێکدادان و جەنگ، کێشە سیاسی و کێشە ڕەگەزپەرستی و خێڵەکییەکان، نەبوونی بیمەی تەندروستی و بێکاریی و بەتاڵیی، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و ھەژاری .

لەم بوارەدا دیموکراتیەت چەمکێکی گرنگە بۆ ھەستکردن بە دڵنیایی لە کۆمەڵگەدا، چونکە تەنها دیموکراتیەت و جێگیربوونی سیاسی و داراییە، دەتوانێت ھەست بە دڵنیایی و ئاسایش بۆ تاک فەراھەم بکات لە کۆمەڵگای نوێ و تازەگەردا، ھەر کاتێک تاک دووبەشی یەکەمی ھەڕەمەکەی بۆ ڕەخسێنرا، دەگاتە سێھەم بەشی ھەڕەمەکە، کە پێداویستی ھەستکردنە بە خۆشەویستی، ھاوڕێیەتی، دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەست بوون بە کۆمەڵگاوە. تاک ناتوانێت کۆمەڵگا و وڵاتەکەی خۆش بوێت کاتێک نەتوانرابێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ فەراھەم بکرێت، ھەر کاتێک توانرا ئەم پێداوستییانەی بۆ بەدی بھێنرێت، تاکێک دروست دەبێت کە متمانەی بە خۆیەتی، خودخۆشەویستیی بەرزە، چوستوچالاکە لە کۆمەڵگا.

کاتێک تاک ھەست بە خۆشەویستی و دڵنیایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دارایی و سیاسی دەکات، ئەم دڵنیاییە ڕێخۆشکەرە بۆ بەدیھێنانی بەشی چوارەم و پێنجەمی ھەڕەمەکە، ئەویش بریتییە لە سەلماندنی خود و دروستکردنی پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگا و ئینتمای کۆمەڵایەتیی و بەدوایدا پێداوستییە باڵا و ڕۆحیەکان دێت، کە تاکی ڕۆشنبیر و بەرھەمھێنەر و داھێنەر دروست دەکات.

نھێنی ئەم ھەڕەمە لەوەدایە دەیسەلمێنێت تاک ناتوانێت بگات بە ھیچ قۆناغێک یان پلەیەکی باڵا و ڕۆحی، یاخود ھەست بە خۆشەویستی و ئینتیمای کۆمەڵایەتیی، خاوەندارێتی کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی کۆمەڵگاکەی بکات، ئەگەر پێشتر پێداوستییە سەرەکی وفسیۆلۆژییەکانی دابین نەکرابێت، جێگیربوونی سیاسیی و ئاسایش و سەلامەتی لەگەڵ دڵنیابوونی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ فەراھەم نەکرابێت .

ئەگەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت بەشە سەرەتاییەکانی ھەڕەمەکە بۆ تاکەکانی دابین بکات و پێداویستییەکانی تێر بکات، ئەوا دەبێتە خاوەنی تاکی بێھیوا و دوودڵ و خەمۆک، ھەستکردن بە بێئومێدیی و بێھودەیی و نامۆیی، سیمای تاکی ئەم کۆمەڵگایانە دەبێت، کە لەوانەیە بگاتە ڕادەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی پڕ لە تاوان و توندوتیژ و جنێوفرۆش .

ئەگەر ئێستا ژیانی تاکێکی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا بھێنین بەپێی ھەڕەمەکە لێکدانەوەی بۆ بکەین، دەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی،  ئایا تاکی کورد بۆ ئەوەندە ھەست بە بێھودەیی و نامۆیی و بێھیوایی دەکات؟

تاکی کورد بۆ تاکێکی ناڕۆشنبیر و جنێوفرۆش و حەزی بە توندوتیژییە؟

تاکی کورد تاوانبارەکەیە یاخود ئەو بارودۆخەی کە لە سایەیدا دەژی و ناتوانێت سادەترین پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکانی بۆ دابین بکات؟

یاخود بەجۆرێکی تر دەتوانین پرسیارەکە بکەین و بڵێین :

ئایا تاکی کورد تاکێکە ھەموو پێداویستییە سەرەکی و فسیۆلۆژی و ھەستکردن بە ئارامی و دڵنییایی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ فەراھەم کراوە، ھەتا وەکوو تاکێک بێت بتوانێت بگاتە ئاستی سەرووتر لەھەڕەمەکە و بتوانێت تاکێکی چالاکی کۆمەڵگا بێت؟

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە، دەتوانین چاو بخشێنین بە چەند ئامارێك کە لە بواری جیاوازدا کراون لەم ناوچەیەدا، بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتیەکان بەگشتی و کۆمەڵگای کوردیی بەتایبەتی، لە بەشی خوارەوەی ھەڕەمەکەیە.

بۆ نموونە: بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەبواری برسییەتیی و ھەژاریی لە جیھاندا کراوە،  ئامارەکان دەڵێن وڵاتی عێراق بە ڕێژەی ٢٢.٩٪ ڕێژەی برسییەتیی تێدایە (برسییەتیی بە مانای ئەوەی تاک لە ١٨٠٠ کالۆری کەمتر وزەی خۆراکیی وەربگرێت لە ڕۆژێکدا).

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێژەی ھەژاریی لە ھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١٧ (١٥ بۆ ١٦٪ ) بووە و، لە عێڕاقدا ( ٣٥٪) بووە .

ئەگەر بێینە سەر باسی ڕێژەی بێکاریی، ئەوا لە ھەرێمی کوردستان سەدا چواردەیە، بەڵام بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان، لە عێڕاقدا شەش ملیۆن کەس بێکارن و ھیچ کارێکیان نییه‌. ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان لە عێڕاق، بەڵام شەڕوپێکدادانەکان زیانی گەورەی بە گیانی ھەزاران ھاووڵاتی ئەو وڵاتە گەیاندووە ئاماژەی بەوەش دا، لە ھەر چوار منداڵێکی عێڕقیی یەکێکیان لەژێر ھێڵی ھەژارییدا دەژی.

ئەگەر بێینە سەر ڕێژەی قەیرەیی و شوونەکردن ئەوا ڕێژەکەی زۆر زۆرە کە لەسەدا حەفتایە لەعێڕاق و بەھەمان ڕێژەش لە ھەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لە ڕێژەیەکی زۆری جیابوونەوە و کێشە خێزانییەکان کە لە دادگا یەکلایی نەکراونەتەوە .

ئەم ھەموو ئامارانە تەنها یەک شتمان بۆ دەردەخات، ئەویش ئەوەیە :

ئەگەر لێکدانەوە بۆ بارودۆخی تاکی کورد بکەین بەپێی ھەڕەمە دەروونییەکەی ماسلۆ، ئەوا زۆر بەئاسانی بۆمان دەر دەکەوێت کە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی لە بەشی خوارەوەی ھەڕەمەکەدایە، واتە لەو ڕیزبەندییەدایە کە پێویستی بە خواردن و خواردنەوە و جێگەی نیشتەجێبوون و سێکس و زۆربوونە بەپلەی یەکەم، ئینجا ھەستکردن بە دڵنیایی و ئاسایش و جێگیربوون بە پلەی دووەم.

کۆمەڵگایەک کە باری ئابووری و پیشەیی باش بێت لەگەڵ سیاسەتێکی جێگیر و دیموکراتخواز، تاکێک بەرھەم دەهێنێت کە کەمتر دوودڵە بەرانبەر ئێستا و داھاتووی، لە دڵەڕاوکێدا نییە بۆ خۆی و خێزانەکەی. تاکێکی چالاک و بەرھەمھێن دەبێت و ھەندێک جاریش داھێنەر، ئەمەش زۆر بەڕوونی دەبینرێت لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان .

بە پێچەوانەوە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم پێداویستییە سەرەکیانەی بۆ فەراھەم ناکرێت وەکوو کۆمەڵگای کوردیی، کۆمەڵگایەکە هەردەم دوودڵی، نامۆیی، بێھودەیی، سەرلێشێواوی و خەمۆکی سیمای تاکەکانیەتی. بەم هۆکارە دوای ھەموو بانگەوازێک و گوتارێک دەکەوێت کە ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی بۆ دابین بکات (زۆر بەڕوونی دەتوانین ئەوە ببینین لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان، ئەو لیستانەی کە دەنگدەرانیان بە خەڵاتی ماددی قایل دەکەن دەتوانن زۆرترین دەنگ بێنن و دەتوانن زۆر بەئاسانی دەنگدەر بکڕن).

ھاوکێشەکەی ماسلۆ زۆر سادەو ڕوونە، پێمان دەڵێت تۆ نابێت چاوەڕێی کۆمەڵگایەکی تەندروست، ڕۆشنبیر، بەرھەمھێن و داھێنەر بکەیت، لە وڵاتێك تاکەکانی بچووکترین پێداویستی و مافە سەرەتایی و فسێۆلۆژیەکانیان بۆ دابین نەکرابێت و ھەست بە ئارامیی، دڵنییایی و جێگیربوون نەکەن .

بەپێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێی نەوەیەک بکەین کە تا سەرئێسقان باوەڕی بە خۆی نییە، بێمتمانەیە بەرانبەر ھەموو کارێک و پڕۆژەیەکی چاکسازیی. نەوەیەک باوەڕی بە بێھودەیی ژیان ھەیە (کە ئەمەش بەڕوونی دەبینرێت لە ھۆنراوە و نووسینەکانی نووسەر و شاعیرە لاوەکاندا).  بەداخەوەنەوەیەک خەمۆکیی و بێئومێدیی و نامۆیی زاڵترین سیمای تاکەکانیەتی، نەوەیەک دوور لەھەموو بەھا مرۆڤایەتیی و ڕۆحییە باڵاکان .

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) باری ئابووری و دارایی خراپ، ھەژاری و بێكاریی، بوونی فشاری کۆمەڵایەتی و دەروونی، بوونی شەڕ و کێشە سیاسییەکان، سەرلێشێواویی و بێسەرپەرشتیی، یەکێکە لە ھۆکارە هەرە گرنگەکانی خەمۆکیی، کە لەوانەیە ببێتە ھۆی نەخۆشی جەستەیی وەک شەکرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ. ھەروەھا دەبێتە ھۆی ڕەفتاری نادروست و لادانی ئەخلاقیی. ھەر بۆیە دەبینین بە ڕێژەیەکی زۆر نەخۆشییە دەروونیەکان و خەمۆکیی و خۆکوشتن، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و تاوان و ئالوودەبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان و جنێوفرۆشیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کۆمەڵگای کوردی لە زیابووندایە.

 

سەرچاوەکان :

هرم ماسلو والعالم .. اللاجدوی‌ وفقدان الزات كنتیجه‌ للفقر وانعدامNoon post. Co

 

Maslow’s Hierarchy of Needs by Saul McLeod, simply psychology.

 

The 5 Levels of Maslow’s Hierarchy of Needs and How they Affect Your Life. Oxford royal academy.com

 

The Importance of Maslow’s Pyramid of Needs The school of life .com

 

ئامارەکان: ئاماری ئەنجوومەنی ناوەندی عێراقی بۆ ساڵی ٢٠١٨. باس نیوز .

دەستەی ئاماریی ھەرێمی کوردستان — ٢٧-٢-٢٠١٨.

ئاژانسی زاگرۆس.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: