خودان شێخ ئەحمەدی بارزان

1722
0
بڵاوکردنەوە:

(نوێگەری تاقانە لە بیری ئاینیی و کۆمەڵایەتییدا)

نووسینی: ڕامیار مەحموود

 

“ئێوە لەسەر ئەو پارە هیچەی ئەمڕۆ لە ئاکرێ دەستتان کەوتووە، وا بچن بە گژ یەکتریدا، ئەدی ئەگەر گەنجینەی موسڵتان دەستکەوێ چی دەکەن؟”

– وتەی خودانی بارزان بۆ هێزی هۆزەکان لە گرتنی ئاکرێ دا

“ڕەنگە بارزان تاکە دێیەک بێت لە کوردستان و جیهانیشدا پەرستاگای ئاینیی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە (ئیسلام و مەسیحی و جوو) بە تەنیشت یەکەوە بن تێیدا.”

 

شێخ ئەحمەد خودانی بارزان کوڕەزای شێخ عەبدولسەلامی یەکەمە. مەولانا خالیدی نەقشبەندی کە سەری لە تەکیەی بارزان داوە؛ شێخ عەبدولسەلامی کردووە بە خەلیفەی خۆی. شێخ عەبدولسەلامی یەکەم ساڵی ١٨٧٢ کۆچی دوایی کرد. شێخ محەمەدی کوڕی، شێخایەتی وەرگرت. لە سەردەمی شێخ محەمەددا تەکیەی بارزان بوو پەناگەی زۆرلێکراوان و لێقەوماوانی هۆزەکانی دەوروپشتی بارزان. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی سەرۆکهۆزەکان سکاڵایان لە شێخ محەمەد کرد لای کاربەدەستانی عوسمانی و بەو هۆیەوە دووریان خستەوە بۆ شاری بەتلیس لە کوردستانی تورکیا. پاش گەڕانەوەی زۆر نەژیا و ساڵی ١٩٠٣ کۆچی دوایی کرد و پێنج کوری لە پاش جێما ئەوانیش: (شێخ عەبدولسەلامی دووەم، شێخ ئەحمەد خودانی بارزان، محمەد سدیق، بابۆ، مەلا مستەفا). شێخ عەبدولسەلامی دووەم گۆڕانکاریی گەورە دەهێنێتە ئاراوە و ئەم گۆڕانکارییانە جێگیر دەکات، کە دەتوانین لە چەند تەوەرێکی کورتدا دەستنیشانی بکەین.

  1. لە هۆزایەتی خستنی مەڵبەندەکە: واتە مەڵبەندی مێرگەسۆری لە هۆزایەتی خست، کە پێک هاتبوو لە مێرگەسۆر، بارزان، شێروان. فیدراسیۆنێکی گەورەتر جێگای گرتەوە لە هۆزی شێروانی، دۆڵەمەڕیی، بەڕۆژی، مزووری، نزاری، گەردی و هەرکیبنەجێ. ناوی بارزانی هەموو ئەمانەی گرتەوە و وەرچەرخانە سەر پەیوەندییەکی نادەرەبەگی. ئەم وەرچەرخانە بیروباوەڕییە. واتە کردەی لە هۆزایەتی کەوتن.
  2. ئەم بیرۆکەی بارزانیبوونە سەری کێشا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەرەبەگی و، قۆناغی شێخایەتی نادەرەبەگی هێنایە ئاراوە بەهۆی: هەڵوەشاندنەوەی موڵکداریەتیی و نەهێشتنی مارەیی و بەشوودانی بەزۆر، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی یەکسانیی).
  3. سەربارکردنی بارزانییەکان بە بیرۆکەی سیاسیی نەتەوە و کوردبوون، کە بەرهەمی پەیوەندییەکانی بوو بە (کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد) و (کۆمەڵەی هێڤی) و (کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد). هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید و شێخ عەبدولقادری نەهری و سمایل ئاغای شکاک. پاشان لە بەهاری ١٩٠٧ لەگەڵ سەردارانی ئەودەمی کورد کۆبووەوە و خۆی لەبری هەمووان مۆری تەلەگرافی کرد بۆ (بابی عالی) لە ئەستەنبوڵ بۆ داواکاری مافی کورد. هەر لەسەر ئەمەش دووچاری دەربەردەری و شەڕوشۆڕ هات و لە کۆتاییدا عوسمانییەکان لە ١٩١٤ لە سێدارەیاندا لە موسڵ. هەر ئەو کاتە شێخ ئەحمەدی برای لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بوو، پێشەوایەتی وەرگرت.

 

خودانی بارزان میرایەتییەکی قورسی بەسەردا کەوت. هەم میراتی ئاینیی و هەم میراتی کۆمەڵایەتی و هەم میراتی سیاسی. وەک ئاماژەمان پێ کرد: لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمی برایدا حەفت عەشیرەت وازیان لە پەیوەستەگی عەشیرەتی خۆیان هێنا، میللەتی بارزانیان پێکهێنا. هەر لە لابردنی زۆرداری دەرەبەگی و نەهێشتنی چەوساندنەوەی ئافرەت لە ڕێی هەڵوەشاندنەوەی ژنبەژن و بەزۆر بەشودان و کولتووری ژینگەپارێزی، پاشان ساڵی ١٩١٨ ناوچەکە کەوتە بەر پەلاماری دەرەبەگ و ئاغاکانی دەوروبەر؛ هەمیش بۆشاییەک هەبوو لە تەکیەی بارزان. ئیتر شێخ ئەحمەد بەگەنجیی تەکیەی بارزانی ئاوەدانکردەوە و بوژانەوەیەکی دایەوە بە ناوچەکە و ئازادییەکانی براگەورەکەی فروانتر کرد لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینیی و کولتوورییەوە. ڕەنگە بارزان تاکە دێیەک بێت لە کوردستان و جیهانیشدا پەرستاگای ئاینی هەر سێ ئاینە ئاسمانییەکە (ئیسلام و مەسیحی و جوو) بە تەنیشت یەکەوەبن تێیدا.

ڕۆژانی چەرمەسەری و پرسی کورد:

شێخ ئەحمەدی بارزان نامەی بۆ سەرۆک هۆزەکان نارد بۆ ئەوەی پشتیوانی شۆڕشی شێخ مەحموود بکەن. ژمارەیەک چەکداریشی بە سەرۆکایەتی برا بچوکەکەی مەلا مستەفا بەهەشتیی نارد بۆ سلێمانی بۆ دژایەتی ئیمپریالیزمی بەڕیتانی. بەڕیتانییەکان بەهۆی ئەمە سزا و تۆڵەیان بەسەر ناوچە و خەڵکەکەیدا سەپاند. گاهێ ئاشورییەکانیان لێ هاندان و سەرکەوتوو نەبوون. گاهێ هۆزەکانی دەوروبەریش. لە ٤/١١/١٩١٩ شێخ ئەحمەد لەگەڵ سەرۆکهۆزەکانی تر ڕێکەوت کەمینیان بۆ (کۆڵۆنێل بێڵ) حاکمی موسڵ و (کاپتن سکۆت)ـی حاکمی ئاکرێ دانا و کوشتیان. پەیوەندی شێخ ئەحمەد بە شێخە نیشتمانپەروەکانی کوردستانی باکورەوە ئەوەندەی تر ئینگلیزی نیگەران کرد. لە ١٩٣١ بەڕیتانیا فەوجێكی ناردە بلە. ئەگەر مەبەست ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بووایە، شێخ ئەحمەد بەم کارە ڕازی بوو. پاشان لە ڕێگای فڕۆکە و هێزی وشکانییەوە پەلاماری بارزانیان دا و شکان. لە ١٢/١/١٩٣٢ ئەنجومەنی وەزیران لە عێڕاق بڕیاری پەلامارێكی بەربڵاویان دا بۆ سەر بارزان. هێزێكی زۆریان ئامادە کرد و وەزارەتی ناوخۆ لە ١٠/٣/١٩٣٢ پەیامێکی وریاکردنەوەی بۆ شیخ ئەحمەدی بارزان نارد، کە تا ١٤/٣ لەبەردەم قایمقامی زێبار ئامادە بێت بۆ بەرفەرمانبوونیی. حاکمی ئینگلیزیش وریاکردنەوەیەکی نارد. شێخ ئەحمەد پەیامەکەی دایە دواوە، چونکە دەیزانی دەگیرێت. دوو لە براکانی کەوتنە ڕێکخستی هیز. لە پاش شەڕێکی نابەرانبەر لەگەڵ ئینگلیز و سوپا، بەرەنگاری گەورەیان نیشاندا و هەر لەو شەڕەدا برا بچوکەکەی، کە مەلا مسەفای بارزانە، بەدیار کەوت. شیخ ئەحمەد دەیزانی ئەم شەڕە نابەرانبەرە تا سەر ناکرێت. لە ١٠/٦/١٩٣٢ شێخ ئەحمەد ناچار بڕیاری کۆچکردنی دا. فەرمانی دا کە ژمارەیەک خێزان بچنە خاکی تورکیا و ئەو خێزانانەی مەترسییان لەسەر نییە بگەڕێنەوە زێدەکانیان و هێزێكیش لە گوندەکانی گەردییان بمێننەوە لە سەرسنوور. کاتێك ٢٢/٦ شێخ ئەحمەد چووە خاکی تورکیا، تورکیا لە وان خێزانەکانیان لێ دابڕاند و خێزانی شێخ ئەحمەد و براکانی بەرەو ئەرزەڕووم نێردران و خۆیشی بۆ ئەنقەرە. بەهاری ساڵی ١٩٣٣ حکوومەتی تورک شێخ ئەحمەدی دایەوە دەست حکومەتی عێڕاق لە ڕێگای زاخۆوە. ئیدی برا و موریدەکانی بەو هۆیەوە بەپەلە گەڕانەوە بارزان. لە ١٩٣٦ مەلا مستەفای برا بچووکی لە لایەن موتەسەڕیفی موسڵەوە دەرمان خوارد کرا، دواتر ڕاگوێزران بۆ بەغداد. شێخ ئەحمەد ئەو ساڵە هاتوچۆی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید هەبوو ئەویش هەمان ساڵ دوورخرابووەوە بۆ بەغدا. لە ١٩٣٩حکومەت شێخ ئەحمەد و خێزانەکەی گواستەوە بۆ ئاڵتوون کۆپری و کفری و پاشان بۆ سلێمانی.

مەسعود بارزانی دەڵی: لە سلێمانی بارودۆخیان باشتر بوو چونکە هەواکەی سازگار بوو. ئەمەش راستی تێدایە دەڤەری بارزان ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە سێگۆشەی وڵاتی تورکیاو عێڕاق و ئێران و ٢٦١ گوند لە خۆی دەگرێت و لە حەوت هۆز پێک دێن. لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلام بارزانی هاتنە کوم کرن و ل ژێر ئێک چەترێ هاتنە خرڤەکردن بناڤێ (میللەتێ بارزان). ئەم کۆمەڵە کوێستاننیشینانە وەک مەعرووف چیاوک ئاماژەی بۆ کردووە بەهۆی ڕاگواستنەوە چوار ساڵیان لە ناسڕییە بردە سەر، دواتر بۆ حیللە، دیوانییە، کەرکوک و ئاڵتوون کۆپری؛ پاشانیش بۆ سلێمانی. سەرباری هەوا سازگارەکەی سلێمانی لە ژیانێکی دژواردا دەژیان و حکوومەت سیاسەتی برسیکردنی بەرانبەریان گرتبووەبەر. موتەسەڕیفی ئەوکاتی سلێمانیش ڕێگەی بەخەڵک نەدەدا هاوکارییان بکەن و هاتوچۆی لە خەڵك قەدەغە کردبوو بۆ لایان. مەعرووف چیاوک دەڵێت پرسیاری لە خودان کرد لە سەر هەڵهاتنی مەلا مستەفا، ئەویش گوتی: ئەو لاوێکە ناتوانێ سوکایەتی قەبووڵ بکا. ئیتر بەمشێوەیە دووچاری لە ژینگەڕاماڵین کران. ئەم ئازارە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە شاڵاوی (بێهێڤیکردن)ـی سەرەتای هەشتاکاندا (کە بەهەڵە پێی دەوترێت ئەنفال) لە وێنە و کاری دەستی مردووان و ڕزگاربووانی قڕکردنی بارزانییەکاندا لە سەرەتای هەشتاکانی بەعسدا. بارزانییەکان تا ساڵی ١٩٤٣ لە سلێمانی مانەوە و مستەفا بارزانی برا بچووکی لەو ساڵەدا بە هاوکاری کۆمەڵەی هیوا لە سلێمانی دەرباز بوو و چووە دیوی ئێران. پاشان دەستی بە هێز کۆکردنەوە کرد و لە سەردەمی نووری سەعیددا لە ئەنجامی وتووێژ، شێخ ئەحمەد و هەموو دوورخراوە بارزانییەکان گەڕانەوە زێدی خۆیان.

سروشتی شێخایەتی بارزان (خودان و میللەت):

لە بیروباوەڕی بارزانییەکاندا شێخەکان پێگەیەکی پیرۆزیان هەیە، ئەمە تایبەتمەندی هاوبەشی هەموو شیخایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردییە، بەڵام پێگەی پیرۆزی خودان شێخ ئەحمەدی بارزان جیاواز و مەزنتر بوو بەبەراورد بە هەموو شێخەکانی بارزان. هیچ کاتێک بارزانییەکان بەو ئەندازەیە شێوژیانی توندوتۆڵ و تۆکمەیان بە خۆیانەوە نەدیبو وەک سەردەمی شێخ ئەحمەد. سەرباری ئەوەش خاڵی هەرە بەهێز لەناو بیروباوەڕی بارزانییدا: تێکهەڵنەکێشکردنی دەسەڵاتی ئاینی و سامانی مادییە. ئەم جوتکردنەی دەسەڵاتی ماددی و ئاینیی بەردەوام بوونی هەبووە لە تەریقەتی قادری سلێمانی و تاڵەبانی و کەسنەزانیدا و هەم بوونی هەبووە لە نەقشبەندی نەهری و بیارەشدا؛ کە وای کردووە دەرەبەگایەتی ڕووخسارێکی ئاینیی هەبێت. ئەمە تەنها لەشیخایەتی بارزاندا نابینرێت کە وای کردووە شیخایەتییەکی نادەرەبەگی هەبێت و پەیڕەوکاران بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە پابەندی بیروباوەڕەکە بن. واتە بارزانییەکان لەدایکبوو و بەرهەمی بیروباوەڕن، هەر ئەو بیروباوەڕانەی ئاماژەمان بۆ کردن بوون بە هەوێنی یەکگرتنی هەر حەفت هۆزەکە لە ژێر ناوی میللەتی بارزاندا، کە خۆی لە پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئایینەکاندا دەبینییەوە. هەروەها هەڵگرتنی ستەمی کۆمەڵایەتی سەر ژنان و کچان و یەکسانکردنیان و، سەرباری ئەوەش کولتووری ژینگە و سروشتپارێزیی. خەڵکەکە وازیان لە پەیوەستی هۆزایەتییان هێنا و میللەتی بارزانیان دروست کرد. سەرۆ قادر لە کتێبی مێژووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بە تایبەتمەندیی هاوبەشی نێوان بزوتنەوەی هەقە و بارزانییەکان دەکات لەسەر ئەو بنەمایەی کە: هەردووک شێخەکانیان تەریقەتیان لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی وەرگرتووە. ئەگەرچی بزوتنەوەی هەقە و شێخەکانیان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەهائولڵا دا بوون. بە ڕای نووسەر دەشێت ئەو کاتەی شێخ محەمەدی بارزان لە کۆیە خوێندوویەتی هاوکاتی سەردەمێک بووە کە بزوتنەوەی نەقشبەندی لە سلێمانی و بوونی بەهائولڵا لە سەرگەڵوو، بابەتی گفتوگۆی گەرم بووە لە سەرگەڵوو و سلێمانی و کۆیە. دەشێت شێخ محەمەد لەو گفتوگۆیانە بەشدار بووبێت و کاریگەری لە سەر جێکەوتە کردبێت. نووسەری کتیبەکە سەرباری وردەکارییەکی زۆر لەکۆتاییدا کەوتۆتە ژێر کاریگەری پابەندی سیاسی خۆیەوە و بابەتە ڕۆحییەکە، کە سەرەکییە وەها وێنا دەکات ئێستا بووە بەو چوارچێوە سیاسییەی کە هەیە و هیچی تر.

سەردەمی خودان شێخ ئەحمەدی بارزان سەردەمی زێڕینی تەکیەی بارزان و بیروباوەڕەکەیە. هەم تەکیەی بارزانی ئاوەدانکردەوە هەم ئازادیی و یەکسانییەکەی بەرفروانکرد؛ موسڵمان و مەسیح و جوو لە ئەرک و مافدا یەکسانکران. خودانی بارزان لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەی کە بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان هەیبوو، هەمیشە داکۆکی لەسەر سێ خاڵ دەکرد. یەکەمیان ئەوە بوو داوای لەخەڵکەکە دەکرد کە لەناو خۆیاندا یەکگرتوو بن.

دووەمیشیان، ئەوە بوو کە ڕەزامەندی خودای مەزن بەدەست بهێنن و لە دونیا و ئاخیرەتیشدا سەربەرز بن.

سێیەمیشیان، ئەوە بوو دەیگووت لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراودا هەمیشە لەگەڵ ستەملێکراو بن. ئەوەی جێگەی سەرنجە (مەعرووف حەسەن بارزانیی) پرسی خۆمانیفێستکردنی بارزانییەکانی لە وێنەی گروپێكی ناسیۆنالیستدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی بەسەریاندا هاتووە، کە پێشتر خستمانە ڕوو. ئەوە ڕاستە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هیچ گروپێک بەو ئەندازەیە وەرچەرخانی چلۆنایەتی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ئەمە بەڵگەی تەواو نییە لەسەر وەرچەرخانی هێمایانەی خێڵ بۆ پرسی نەتەوە.

له‌١١/١/١٩٦٩ دا شێخ ئه‌حمه‌د (خودانی بارزان) وه‌فاتی کرد. ئه‌مه‌ بۆ بارزانییه‌کان خه‌مێکی مه‌زن و کاره‌ساتبار و له‌بیرنه‌کراوه‌، بەڵام ئێستایشی لەسەر بێت، ئەگەر نەڵێین بۆ هەموو داهاتووش، بارزانییەکان لە ڕووی ڕۆحیەوە هەر گازی ناڤی خودان دەکەن و پەیامی ڕۆحییان هەر لەو وەردەگرن.

ڕەشەمێی ٢٧٢١

 

بۆ نوسینی ئەم پۆرترێتە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

– مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم.

– سەرۆ قادر، بارزان و میژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە،٢٠٢٠

– مێژوویا کارگێڕی ل دەڤەرا بارزان، ١٨٧٨-٢٠٢٠، بەرهەڤکرن-غەفور ئەحمەد مەلا سوار و حازم محەمەد بلەیی

– جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە سەدەی بیستەمدا، ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، ساڵی چاپ٢٠١١

– فەرید ئەسەسەرد، ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، چاپی دووەم٢٠١٢

شێخ عەبدولسەلام بارزانی دووەم

– شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مۆدێرنە، مەعرووف حەسەن بارزانی

– خێڵی ناسیۆنالیست، مەعرووف حەسەن بارزانی

– چەند قسەیەک لەسەر بارزانییەکان، مەعرووف حەسەن بارزانی

– میللەتی بارزان کێن و بۆ پێیان دەوترێت میللەتی بارزان، سیامەند سێلکی

– له ‌یادی پادشای عه‌داله‌ت و مرۆڤ دۆستیدا، سیامند سێلکی

بڵاوکردنەوە: