مەریەم

568
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: حەوسەت خدەر

 

خودایە لێم خۆشبە! ئاخر من دەمەوێت لەم ژیانە ڕابکەم، حەزدەکەم وەکوو چۆلەکەی سەر یەزیو باڵبگرم و بفڕم بەلایەکی ئاسماندا هێندە دوور بکەومەوە لە زەوی کە ئیتر وەکوو تۆپەڵەقوڕێک بێتە بەرچاوم. زەوی خۆی تۆپەڵەقوڕێکە چەند گایەک بە پێ تەختیان کردووە. خودایە لێم خۆشبە من دەمەوێ ئەوڕۆ وەکوو بەفری بەجێماوی سەر لقی دارەکان بتوێمەوە و بچم بەناخی زەویدا… لەوێ دەمێنمەوە تا نەگەم بە گڕکانەکەی ناخی و نەیتوێنمەوە. بەڵێن بێ هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێمەوە. گڕکانێکی بێدەنگ… هەورێکی ڕەش، دووکەڵێکی چڵکن ئەو شارەیان وێران کردووە، بینا بەرزەکان و ڕێگا تاریک و تەسکەکان سیمای گۆڕێکیان بەبەرم داکردووە. هەروەک چۆن گەلێک لە کچانی شار لەودیوی پەنجەرە بچووکەکەی ماڵیانەوە لە ئەو کۆڵانە تەسک و تەنگەبەرەکانی شار ڕادەمێنن تەوق و زنجیرێکی زێڕ خەیاڵە بچوکەکانیان لەم دونیا پان و فراوانەدا داگیر دەکات… ئەمیش لەپشت دیوارەکانی زیندانەوە دووکەڵی سپی جگەرە داگیرساوەکەی بەرز دەبووەوە بۆسەر زوڵفە سپییە تێکئاڵاوەکانی. تروسکایی چاوە ڕەشەکانی چەشنی ئەستێرەی بەرەبایان بەباوەشی ئاسمانەوە دەتروسکانەوە، بەڵام هەرگیز خوازیاری تەوق و زنجیری زێڕین نەببوو ئەو هەرگیز بیری بۆ کۆشکێکی سپی و خەیاڵێکی ڕەش نەدەچوو. حەسرەتی پیاسەیەکی ئێوارانی ناوشار لەگەڵ هاوڕێکانی، پیاسەیەک بەسەر گەڵا تەزیوە وەریوەکانی پایز و ماچێکی شەونمی بەرەبەیانی سەر خونچەکان… حەسرەتی بۆنی باران و کتێبە بێنازەکانی. خەونەکانی دەبن بە ئاو و بە چاوانیدا ڕێ دەکەن و دەڕژێنە سەر لێوەبەبارەکانی… یەک بە یەک قووتیان دەدات… بەدەم هەناسەیەکی ساردەوە دووکەڵی جگەرەکەی دەداتە دەرەوە “ئاخر من داوای زۆرم نەکردبوو” چی ڕوودەدات؟

مانگی بەفرانبارە و بەفر سەری گوڵەباخەکانی باخچەی سپی پۆشکردووە. مەریەم بەدەستە تەزیوە سوور هەڵگەڕاوەکانی یەک بە یەک سەر گوڵەکان لە بەفر پاک دەکاتەوە و ماچیان دەکا، بەڵام بەفر بەلێزمە دەبارێ و دووبارە دایان دەپۆشێتەوە. دەنگی دەرگا دێ. مەریەم بەتەنها لەماڵە. ئاخۆ بەم سبەینە زووە کەسێک لە مەریەم مەستتر هەیە کە زوو لەخەو ڕابێت و بەتاسەوە بۆنی گوڵەکان بکات؟ موچڕکێک تەواوی گیانی داگرت وەک ئەوەی ببرێتە بەردەم پەتی سێدارە هەنگاوەکانی هێواش هێواش ئەویان دەبردە بەردەم دەرگاکە. دەنگی داتەپینی بەفری ژێر پێیەکانی هەراسانی دەکرد و دەنگی دەرگاکە تا دەهات بەرزتر دەبووەوە. بەرەوڕووی دەرگاکە هەنگاو دەنێ، بەدەستە تەزیوەکانی کێلۆنی دەرگاکە دەگرێت: “کێ لێرەیە؟” بەدەنگێکی لەرزۆکەوە پرسیار دەکات.

“دەرگاکە بکەوە هەر چەند پرسیارێک دەکەین و دەڕۆین.” دەنگێکی زبری نامۆ لەودیو دەرگاکە وەڵام دەداتەوە. دەستەکانی زیاتر دەلەرزین. دەرگاکە دەکاتەوە. پیاوێکی قژدرێژی ڕەنگئەسمەر بە چەکەوە بەرەو ڕووی وەستاوە و چەند پیاوێکی جلڕەشی زنجیرلەمل لەدوای وەستابوون، دوویان لەلای ڕاست و دووانیشیان لەلای چەپەوە. هەنگاوەکانی هێواش هێواش بەرەوڕووی دێن. ” ئێوە کێن چیتان دەوێ؟” هەروەکوو بێچووەچۆلەکەی تازە لە هێلکەترووکاو دەلەرزی. دەنگی قیژە و هاوار و پاڕانەوە ئیتر بەفریات نایەن. دەستەسڕێکی سپی لەگیرفانی دەردێنێ. لێوەکانی دەلەرزن. قسەیەک لەقوڕگیدا قەتیس دەبێ هەرچی تەکانی خۆی دەدا قسەی بۆ ناکرێ. پەڕۆ سپییەکە دەخاتە سەردەمیی و چاوەکانی دادەخرێن. دێنە ژوورەوە و دەرگاکە لەدوای خۆیان دادەخەن. چێ دەبێ مەریەمی ڕەنگپەڕیو لەسووچێکدا کەوتووە، نابینێ و نابیستێ… هەست ناکات سڕە. تەزیووە. لەناکاو دەنگی شریقەی گوللەیەک گوێیەکانی دەکاتەوە، بەڵام زمانی لەناودەمیدا ڕەق بووە. چی ڕوودەدات؟ پیاوە جلڕەشەکان دەمەقاڵێیانە، سەرکردەکەیان بەسەریەکێکیاندا هاواردەکا و ئەمیش وەڵامی دەداتەوە، شەڕەکە گەورەتر دەبێ، سەرکردەکەیان چەکەکەی دەردێنێ و گوللەیەک دەنێ بەلای چەپی سنگی یەکێک لە پاسەوانەکانیی. مەریەم بەئاگا دێتەوە و گوێبیستی گوللە تەقیوەکە دەبێ… بەڵام لەدوای چی؟ کوڕەی گەنج خەڵتانی خوێن بووە و دەمی کانییەکی تەقیوە و دڵی جۆگەی خوێنە. هەر بەتەنها لەگەڵ لاشە بریندارەکە مایەوە. دەستەکانی ڕەق بوونەوە. نازانێ چی بکات… دەست دەخاتە سەرسنگی و بە سەرپۆشەکەی برینەکەی دەپێچێتەوە، قوڵپ دەدات، قوڵپ دەدات، زووخاوی خوێن فەرشە چنراوەکانی ماڵیانی تەنیوە. بەدەم مەرگەوە قسە دەکا، بەئاستەم دەنگی دەبیسترێ، دەستە خوێناوییەکەی دەخاتە ناودەستی مەریەم و چاوەکانی بۆسەرەوە بەرز دەکاتەوە: “لێرە…لێرە.” “چی دەڵێی قسە مەکە خوێنی زۆرت لێ ڕۆشتووە.” مەریەم بەدەم گریان و هاواری ترسەوە پێی دەڵێ: “ڕابکە… لێرە بڕۆ.” جەستەی ڕەق دەبێ و چاوەکانی هێشتا ئەبڵەق ڕادەمێنن. مەریەم لەناکاو خۆی لەناو ئاپۆڕای خەڵک و حەشاماتی پۆلیس وکامێراکانی ڕاگەیاندن دەبینێتەوە. کامێرامانەکە کچێکی جاحێلی باریکەلەی قژزەردە. کامێراکان بەرەوڕووی دێن. «خاتوون دەکرێ پێمان بڵێی چی ڕوویداوە؟» «پەیوەندیتان لەگەڵ کوژاوەکە چۆن بووە؟» «خاتوون ڕاستە کە دەڵێن ناوبراو خۆشەویستی جەنابتان بووە؟» مەریەم مات و مەلوول بەدەستە خوێناویەکانییەوە بەرەوڕووی کامێراکان دەوەستێ. تەنانەت چاوەکانی بۆ چرکەیەک ناتروکێنێ. پۆلیس هەموو شوێنێکی ماڵەکە دەگەڕێ.

فەرهاد دەگەڕێتەوە ماڵەوە. “ڕۆڵەکەم چی ڕوویداوە؟ دز هاتوەتە سەرماڵمان؟” مەریەم بڕستی لێ بڕاوە. لەناو ئاپۆڕای دراوسێکان و پۆلیس و کامێراکان دەکەوێتە سەرزەوی. مانشێتی سووری هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پڕ دەبن لە هەواڵی بەپەلە ”کچێک خۆشەویستەکەی بانگی ماڵەکەی دەکات و دواتریش فیشەکێک لەدڵی دەدات.” ڤیدیۆکانی ناو مۆبایل هەموویان دەبن بە ڕوخساری مەریەم و دەستە خوێناوییەکانی و گۆرانی پیتی یەکەمی ناوەکەت لەدڵمدایە بۆ هەمیشە… مەریەم لەسەر یەکێک لەتەختەکانی نەخۆشخانە بەئاگا دێتەوە. دەستی ڕاستی بەکەلەپچەیەکەوە بەتەختی نەخۆشخانەوە بەستراوەتەوە. ئەفسەرێکی پۆلیس بە دەفتەرێکی تێبینیەوە لەسەر سەری وەستاوە:

مەریەم:چی بووە گەورەم؟

پۆلیس: هەر ئێستا لێدوانی خۆت بدە بەرلەوەی دەستبەسەر بکرێی. کەیسەکەت زۆر ئاڵۆزە. هەموو بەڵگەکان لە دژی تۆن.

مەریەم: بۆ گەورەم مەگەر چی بووە؟

پۆلیس: تۆ خۆت دەگەوجێنی یان ئێمە؟ وا نەزانی کە زۆر زیرەکیت و لەدەست یاسا ڕا دەکەی، بۆچی ئارشادت کوشت؟

مەریەم: ئـ…. ئارشاد… ئارشاد کێیە گەورەم؟

پۆلیس ئەمجارەیان هەراسانتر دەبێت و چاوەکانی سوور هەڵدەگەڕێن، بەڵام ئەمجارەیان بەرلەوەی دەمی بکاتەوە لەدەرگا دەدرێ. پاسەوانێک خۆی دەکات بەژووردا. سڵاوی سەربازیی دەکات. پشکنەرەکە وەڵامی دەداتەوە ”گەورەم لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کەوا کچەکە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکە و خانەوادەی قوربانییەکە سکاڵایان تۆمار کردووە، بۆیە دەتوانین ڕاستەوخۆ دەستبەسەری بکەین.” لەدەرەوە دەنگی گریان و هاوار و جنێودان وا دنیا دەلەرزێنێ، لەناکاو خانمێکی ڕێکپۆشی ڕۆژهەڵاتیی خۆی دەکا بەژووردا. دەست دەکات بە هاوار و جنێودان و نزاکردن لە مەریەم. مەریەم هێشتا لەسەر تەختی نەخۆشخانەدا کز و ڕەنگزەرد کەوتووە و هێشتان نازانێ چی ڕوو دەدات. لەناکاو باوکی دەردەکەوێ چاوەکانی سوور هەڵگەڕاون و تف دەکاتە ڕوخساری مەریەم: ”من هیچ کات منداڵێکی خوێڕی وەک تۆم ناوێ دێڵەسەگ. کوڕی خەڵک بانگ دەکەیتە ماڵەوە و دواتر دەیکوژی؟” لەگەڵ ئەو ژنەی کە بەحساب دایکی ئارشادە هێرش دەکەنە سەری. پۆلیس بەزۆر لەدەستیان دەردێنێ. مەریەم بەدەستی کەلەپچەوە لەنەخۆشخانە دەردەچێت. سەری داخستووە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەدوایدا ڕادەکەن… لێوەکانی هێشتان وشەیەکیان نەدرکاندووە. چاوەکانی دڵۆپێکیان نەباراندووە. کەچی دادگایی دەکرێ. بەڵام جارێ لە دادگا نا لەسەر کوچەی هەر شەقامێک و لە دیوەخانی هەر ماڵێکدا و لەبەردەمی هەموو دوکانێکدا مەریەم دادگایی دەکرێ. شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوەیەک لێدوانی خۆیان لە هۆڵی دیوەخانەکان و دادگای سەرشەقامەکان دەدەن بێ ئەوەی هیچیان ڕووداوەکەیان بەچاوی خۆیان دیبێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەبن لە وێنەی مەریەم، لە وێنەی ئارشادی کوژراو و جنێوی دادوەرەکانی سەرشەقام.  مەریەمی داشۆراو، مەریەمی تاوانبار، مەریەمی خیانەتکار، لە چاوی خەڵکدا، لەسەر تەختی نەخۆشخانەوە بۆ ژوورە  تاریک و تۆزاویەکانی زیندان. دەستەکانی بەکەلەپچە بەسترابوونەوە. ئەفسەرێکی پۆلیس لە پێشیانەوە دەڕۆشت. دوو پاسەوانیش قۆڵەکانی مەریەمیان گرتبوو. چواردەوری بە ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تەنرابوون، مەریەم بەدەستی ڕاستی ڕوخساری دادەپۆشی لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا. لەملاشەوە دوو ژنی ڕەشپۆش وەستاون، کە یەکێیان دراوسێی مەریەمە، بە گوێی ئەوی تریاندا دەچرپێنێ: ”بەڕاستی تاکوو ئەمڕۆ پێم شک نایە مەریەم ئازاری چۆلەکەیەکی دابێت، خۆ لە بێدەنگیدا مێش لە چاوی دەرناکا” ئەیوی تریان نیگایەک بۆ مەریەم دەنوێنێت و سەر دەکا بە بناگوێی هاوڕێکەیدا ”خوشکەکەم هەمیشە وتوویانە کەسێ سیری نەخواردبێ بۆنی سیر لە دەمی نایە، ئێ خۆ دیارە ئەو هەمووە  عالەمە درۆناکەن.” هاوڕێکەی بە سەرلەقاندنەوە وەڵامی دەداتەوە و بەردەرگای نەخۆشخانە جێ دێڵن. بۆ یەکەم جار مەریەم دەستەکانی دەبەسترێن و لە شوێنی تاوەنبارەکان دایدەنێن. پۆلیس فڕێی دایە ژوورێکی تاریکی بەندیخانە و لەوێ چەند ژنێکی گەنج بەخێرهاتنی لێ دەکەن. ئاغای ژوورەکەیان ژنێکی سەرسپی پێست ئەسمەرە و لەسەر قاتی سێیەمی تەختەکە دانیشتووە و جگەرە دەکێشێ. تەسبیحێکی بە دەستەوەیە ”زیندانییەکانی تر هەموویان یەک بە یەک بەخێرهاتنیان لێ کرد و ڕێنموونیان کرد. لەسەر یەکێک لە جێگەکان دابنیشێت، بەڵام ئەم یەکسەر پشتی دایە سووچێکی دیوارەکە و بەقایمی ئەژنۆکانی لە باوەش گرت و لە ناخیدا قوڵپی دەدا… دواتر دەستی کرد بە گریان، فرمێسکەکانی چەشنی دڵۆپە تواوەکانی بەفری سپی لەژێر تیشکی خۆرەتاودا نەرم نەرم دەڕژانە سەر لێوە گوڵئاساکانی. یەکێک لە هاوژوورەکانی بەرەوڕووی دەچێت تا نەختێ دڵی ئارام بکاتەوە، بەڵام خاتوونە بەتەمەنەکە لە شوێنی خۆیەوە بانگی دەکا ”وازی لێ بێنە ڕۆڵەکەم خۆ ئێمە دەریا نین تا ئەو هەمووە شەپۆلە لەخۆ بگرین، ئەو بەستەزمانە لە هەموومان منداڵترە. ئاخر ئەم دڵە چکۆڵەیەی بەرگەی تەمومژی ئێرە ناگرێ ”جگارەیەک دادەگیرسێنێ. کیژێکی تەمەن سی ساڵ لە جێگەی خۆیەوە بەدەم کاری دەستچنییەوە بەدەنگێکی چەشنی ناڵەی نەی، دەست دەکات بە گۆرانی چڕین. تەواوی زیندانییەکان لەگەڵی دەگرین.

ڕۆژی دادگایە. دوو مانگ بەسەر ڕووداوەکە تێپەڕ بووە، کەچی تاکوو ئێستە هیچ کەس نەهاتووە بۆ سەردانی مەریەم. خێزانەکەی پشتیان تێی کرد. هاوڕێکانی شەرم دەکەن باسی بکەن. لە چاوی هەموواندا تاوانبارترینە، ئیتر شوێنێک نییە لە زیندان سەلامەتتر بۆی! لە ناخەوە نزا دەکات کە ئازاد نەکرێ، چونکە ئازادییەک لەدەرەوە بۆی دەگۆڕێدا نییە. ئەسڵەن ئێستا دادگاییکردنیی بێماناترینە.  پاسەوانەکان بەدوایەوەن، هێواش هێواش هەنگاوەکانی بەرەو شوێنی تاوانبار دەیبەن، هێشتا تاڵەکانی قژەسوورەکەی دەبریسکێنەوە، هێشتان فرمێسکەکانی لەناوچاویدا قەتیس بوونە. دادوەرەکە دێتە ژوورەوە. پیاوێکی قژسپیی بەتەمەنە. چاویلکەکەی دەخاتە چاوی و چەند پارچە کاغەزێک لەژێر باڵیدان. دەچێتە شوێنی دادوەر. شوێنی شایەتیدان چۆڵە. هیچ ئامادەبوویەک نییە لە دانیشتنەکە، تەنها پارێزەری لایەنی داواکارەکە لە شوێنی خۆیدا وەستاوە. کارمەندی تۆمارکەرەکە لەسەر مێزەکەی چاوەڕوانی بڕیارە. دادگا دەست پێدەکات:

دادوەر: بڵێ کچم ناوت چیە؟

مەریەم پەڕاگەندە

دادوەر: خەڵکی چ شارێکی؟

مەریەم:  شاری دادوەران!

پارێزەرەکە لەشوێنی خۆیەوە بەتووڕەییەوە هەڵدەستێتەوە: ”گەورەم داوا دەکەم دەستبەجێ سزا بەسەر ئەم کچەدا بسەپێنی، چونکە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی پەنا دەباتە بێ ڕێزیکردن بە دادگا.”

دادوەر چەکوشەکەی دەکێشیت بە مێزەکەی بەردەمیدا و، ئاماژە بە پارێزەرەکە دەدات لە شوێنی خۆی دابنیشێت. چاوێلکەکەی دادەنێت و دەیخاتە سەر مێزەکەی بەردەمی ”کچی خۆم کە ناتوانی بەرگری لە خۆت بکەی بۆچی دەست دەکەیت بە هەڵیت و پەڵیت، گەر لەبیرت کردووە ئێرە دادگایە و شوێنی هەست و سۆز و هۆنراوە چنین نییە با من بیرت بخەمەوە.”

مەریەم سەری دادەخات و تاوێک ڕادەمێنێ: “گەورەم بڕوا بکە من ڕاستییەکان دەڵێم… ئەی باشە دوومانگ بەرلەئێستە من لەلایەن خەڵکی ناوچەکەمەوە دادگایی نەکرام؟ ئەی باشە سزایان نەدام؟ ئەی هەمووکەس شاهێدی نەدا کە مەریەم تاوانبارە و بکوژە؟ گەورەم من دادگایی کرام، شایەتیم لەسەر درا، تەنانەت سزاش درام، پێت وا نەبێ ئەوەی ئێستە لێرە ڕوو دەدات کاتکوشتنە و هیچی تر! گەورەم بۆ کەسێکی وەکوو من کە هیچ شوێنێکی نییە بۆی بڕوا و هیچ کەسێکی نییە تا لە سۆراخی بپرسێ چ شوێنێک لە زیندان باشترە بۆی؟ دواتر ڕوو دەکاتە پارێزەرەکە، سەری بەلای چەپدا لار دەکاتەوە: “ئەی جەنابی پارێزەر کوا داوکراوەکە؟ کوا ئەو دایکە وەهمیەی سکاڵای تۆمار کردووە؟ کوان بۆ کەسی کوژراوەکە لێرە نین؟” پارێزەکە نێوچەوانی گرژ دەکات و بە سەیرکردنی کاغەزەکانی بەردەمی، خۆی دەخافڵێنێ، تاوێک بێدەنگیی، باڵ بەسەر ژووری دادگادا دەکێشێی.

دواتر دادوەرەکە دەست دەداتە پێنووسەکەی و بێدەنگی ژوورەکە دەشکێنێ: ”گوێ بگرە کچی خۆم: تا ئێستەش تۆ هیچ بەڵگەیەکت نییە تا بیسەلمێنی بێتاوانی، چونکە جەستەی ناوبراو لەماڵەکەی ئێوەدا دۆزرایەوە و ئەوڕۆژەش تۆ بەتەنها لەماڵ بوویت، دواتر پزیشکی دادوەریی ئەوەی سەلماندووە کەوا ئەو لەچکەی بەسترابوویەوە لە برینەکە هی تۆ بووە، کە ناوبراو ئەندامێک بووە لە گروپێکی مافیا، کاریان بازرگانییکردن بووە بە ماددەی هۆشبەر، گەرچی هیچ چەکێک لەماڵی ئێوەدا نەدۆزرایەوە بەڵام بەپێی یاسای حەوت.”

مەریەم قسەکانی پێ دەبڕێت: ”گەورەم من نامەوێ ئازاد بم، ئەسڵەن لە ئێستەدا باشترین شوێنە بۆ من، باشە من کوشتم من ئەو ڕۆژە لەسەرخۆم نەبووم، ئەو دەرمانەم بۆن کردبوو کە سەرکردەی مافیاکان پێی دابووم، دان بەهەموو تاوانەکانمدا دادەنێم.”

دادوەر کاغەزەکەی بەردەمی بەرز دەکاتەوە و کارمەندەکە خێراتر دەنووسێت.

دەرگاوانەکە ”هەستنەوە دادگا بڕیاریدا.”

دادوەر: یاسای سزادانی عێڕاقیی، سزای کوشتنی بەم جۆرە دیاری کردووە. ئەگەر کەسێک بەئەنقەست کەسێکی کوشت:

ماددەی ٤٠٥

ئە گە ر کە سێک بەئەنقەست یەکێکی کوشتبێت بەبەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتیی سزا دەدرێت.

ماددەی ٤٠٦

ا- هەر کەسێک له یەکێک لەو حاڵەتانەی خوارەوه یەکێکی کوشتبێت بەلەسێدارەدان سزا دەدرێت:

أ- ئەگەر پێشتر نیازی کوشتنی هەبووبێـت یـــــان کە مینی بۆ دانابێت.

ب- ئەگەر کوشتنەکه به بەکارهێنـانی ماددەیەکــی ژەهـراوی یـان تەقەمەنیی یان تەقینەوە ڕووی دابێت.

ج- ئەگەر کوشتنەکە بەهۆی پاڵنەرێکی پــیس یـان له بەرامبەر کرێ بووبێت، یان ئەگەر تاوانبار ڕێگایەکی دڕندانەی له ئەنجامدانی کردەوەکە بەکار هێنابێت.

د- ئەگەر کوژراو لە باوانی بکوژ بێت.

هـ- ئەگەر فەرمانبەر یان کەسی ڕاسپێردراو بەخزمەتی گشتی، لەکاتی بەجێگەیاندنی کاری فەرمانبەرێتییـەکەی یان خزمەتەکەی بەهـــۆی ئەو کارەی کوشتبێت.

و- ئەگەر تاوانبار مەبەستی بووبێت دوو کەس یان زیاتر بە یەک کردەوە هەردوو کەسی کوشتبێت.

ح ـ ئەگەر کوشتنەکە وەکوو ڕێخۆشکردن یان کارئاسانیی بۆ ئەنجامدانی یان جێبەجێکردنی تاوانێک یان کەتنێک کە سزاکەی بریتی بێت لە حەبسکردنەکە لەماوەی ساڵێک کەمتر نەبێت ئەنجام درابێت، یان بۆ ئەوە ئەنجام درابێت تاوەکوو ئەنجامدەری یان هاوبەشی تاوانەکە بتوانێت ڕا بکات یان لە سزادان ڕزگاری بێت.

طـ ـ ئەگەر تاوانبار  بەهۆی کوشتنی بەئەنقەست بڕیاری بەندکردنی هەتاهەتایــی لەسەر درابێت و لەماوەی جێبەجێکردنی سزاکە تاوانی کوشتنی بەئەنقەستی ئەنجام دابێت یان دەستی پێکردبێ.

ئەوا سزاکەی بریتییە لە زیندانی هەتاهەتایی یاخود لەسێدارەدان، تاوانبار لەبەردەممدا ئامادەبوو دانی نا بە تاوانەکەی، منیش بەپێی ئەودەسەڵاتەی کە پێم دراوە بڕیارماندا کەوا ناوبراو (مەریەم فەرهاد حسەین) بە تاوانی کوشتنی (ئارشاد موزەفەریی) لەناو ماڵەکەیدا خۆیدا، بە سزای زیندانیی هەتا هەتایی سزا بدرێت. دادگا کۆتایی هات.

چەند ساڵێک تێپەڕی بەڵام تاکوو ئێستەش مەریەم بێهەواڵە لە خێزانەکەی، کەس هەواڵی ناپرسێت، هیچ کەس سەردانی ناکات، قژە جوانەکانی تاڵ تاڵ سپی دەبن و پێستە ئاوێنەئاساکەی وردە وردە دەژاکێ.

لەپشت تێلی دەرگا ئاسنینەکانی بەندیخانەدا، دووکەڵی سپی جگەرە داگیرساوەکەی بەرز دەبوویەوە بۆ سەر زوڵفە سپیەی تێکئاڵاوەکانی، چاوەکانی پڕ ببوون لەحەسرەت. حەسرەتی پیاسەیەکی ئێوارانی ناوشار لەگەڵ هاوڕێکانی، پیاسەیەک بەسەر گەڵا تەزیوە وەریوەکانی پایز و ماچێکی شەونمی بەرەبەیانی سەر خونچەکان… حەسرەتی بۆنی باران و کتێبە بێنازەکانی. خەونەکانی دەبن بە ئاو و بەچاوانیدا ڕێ دەکەن و دەڕژێنە سەر لێوە بەبارەکانی… یەک بەیەک قوتیان دەدات.

بڵاوکردنەوە: