وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ پێدرۆ کۆستا

926
0
بڵاوکردنەوە:

مێهدی ئومیدوار

وەرگێران: ئیدریس عەبدی

هاوکات لەگەڵ نەمایشی گشتیی فیلمی ” پارەی ئەسپ” Horse Money

لە نیویۆرک، ناوەندی لینکۆڵن، فیلمەکانی پێدرۆ کۆستای بە ئامادەبوونی خۆی نەمایش کرد. لە پەرواێز نەمایشی فیلمەکان هەلێک ڕەخسا تاکوو لەگەڵ پێدرۆ کۆستا وتووێژێک ئەنجام بدەم. کۆستا فیلمسازی پۆرتوگالی لە واقیعدا، سینەفایڵێکی واقیعیە و سینەمای جیهان بەباشی ئەناسێت و ئەویندارانە بەدواداچوون بۆ سینەما ئەکات. هەر وەکوو فیلمسازانی سەربەخۆ بەرنامەکانی بە سادەیی بەڕێوە ئەچن و وتووێژ کردن لەگەڵی ئاسانترین کارێکە کە، ڕۆژنامەنووسێک ئەتوانێت ئەنجامی بدات.

ئومیدوار: ئەزانم دەربارەی فیلمی “پارەی ئەسپ” پرسیاری زۆریان ئاراستە کردوویت، حەز ئەکەم لە یەکەمین فیلمەکانتەوە دەست پێ بکەم و دواتر بگەین بە فیلمە نوێیەکانت. بە ڕای هەندێک کەس تۆ لە ژێر کاریگەری قوتابخانەی “ئانتۆنیۆ ڕیس” فیلم بەرهەم ئەهێنی. ئایا ڕیس کاریگەری هەبووە لەسەرت؟

کۆستا: چەمک یان دەستەواژەی “قوتابخانەی سینەمای ڕیس” دەستەواژە یان چەمکێکی نوێیە. زۆر لایەنگری ئەم چەمکە نیم، هەرچەندە هەوڵ ئەدەم زۆر لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەم بارەیەوە قسە ئەکەن، دژایەتی نەکەم. ئەگەر بمهەوێت. ئانتۆنی ڕیس فیلمسازێکی گەورەی پۆرتوگالیە و مامۆستای قوتابخانەی سینەمایی لیسبۆن بوو. خوێندکاری زۆری هەبوو، وەکوو هەموو قوتابخانە سینەماییەکان کەسانێکی زۆریان بوون بە فیلمساز و کەسانێکیان نەبوون، ون بوون و کەس نازانێت ئایا درێژەیان بەکاری سینەمایی دا یان نا؟

ئێمە خوێندکارانی ڕیس، کاریگەری ئەومان لە بابەتە فێرکارییەکان و فیلمەکانی بەسەرەوە بووە، بەڵام بەو مانایە نییە کە قوتابخانەیەکی سینەمایی بەناوی ڕیس بوونی هەبێت. بیهێننە بەرچاوی خۆتان: کیاڕۆستەمی خوێندکارێکی زۆری لە زۆرێک لە وۆرکۆشۆپ لە هەموو دونیا، لە ئیسپانیا و سارایوو و چەند شوێنی تر، پێگەیاندووە، چەند ساڵ دواتر هەموو ڕەخنەگران هەموو خوێندکارانی کیاڕۆستەمی وەکوو فیلمسازی قوتابخانەی کیاڕۆستەمی پێناسە بکەن.

ئومیدوار: بەڵام کۆمەڵێک فیلمسازی زۆر لە ئێران کاریگەری کیاڕۆستەمییان بەسەرەوە بووە، لە جەعفەر پەناهی و بەهمەن قوبادییەوە بیگرە تا فیلمسازە گەنجەکان…

کۆستا: ڕاستە، بەڵام ئێوە ئێرانییەکان هیچ کات وەکو قوتابخانەی کیاڕۆستەمی ناویان نابەن، یان پێناسەیان ناکەن، چونکە ئەم فیلمسازانە سەرەڕای لێکچوویی و خاڵی هاوبەش، جیاوازی زۆریشیان هەیە. هەر بۆیە ئەم چەمکە هێشتا لای من ناپەسەندە.

بەڵێ من خوێندکاری ڕیس بووم، فیلمەکانی ئەو، وزەی زۆریان داوە بە من تاکو فیلمە سەرەتاییەکانی خۆم بەرهەم بهێنم. پێش ئەوە پێم وابوو کە بەرهەمهێنانی فیلم بە زمانی پۆرتوگالی و لە ناوچە دوورەدەستەکانی پۆرتوگال ئەستەمە، بەڵام بینینی کۆمەڵێک فیلم، کە ڕیس لە ناوچە پەراوێز و دوورەدەستەکان بەرهەمی هێنابوون، بۆ منێک، کە هەموو تەمەنم لە شارە گەورەکان ژیانم بەسەر بردبوو، دونیایەکی نوێ بوو. وەکو بڵێی هەموو ئەو ڕووداوە دوورانە، بە بازنەی دەرک وهەستی من گەیشتبوون، لەو کاتەوە بەو دەرئەنجامە گەیشتم: بەرهەمهێنانی فیلم لەم ناوچانە ئەستەم نییە.

ئومیدوار: کارنامەی ئێوە بە فیلمی “خوێن ١٩٩٨” دەست پێدەکات، لە ڕوانگەی وێنەییەوە زۆر ئێستیلیزەیە، بەڵام کاتێک بە تریلۆجییە بەناوبانگەکەی ئێوە ئاشنا دەبین، شێوازێکی بەڵگەمەندتان هەیە. هۆکاری ئەم جیاوازیە لە سەبکدا چییە؟

کۆستا: وەڵامی ئەوە لە نیازی وێنەی هەر فیلمێکە. هەروەها لە سینەمادا هەندێک کات، باروودۆخی بەرهەمهێنانی فیلم لەسەر شێوازە وێنەییەکان کاریگەری دائەنێت. باروودۆخێک، کە فیلمی “ئێسکەکان ١٩٩٧” تێدا بەرهەمهات، لەگەڵ “لەژووری واندا ٢٠٠٠” بە تەواوەتی جیاواز بوو. لە “ژووری واندا” تیمی بەرهەمهێنانی فیلمەکە زۆر بچووک بوو، هەندێک جار تەنها خۆم کارم ئەکرد.

ئومیدوار: پێم وابێت بەمجۆرە پرسیار بکەم باشترە: بۆچی لەنێوان بەرهەمەکانی تۆدا، یەکگرتووییەکی سەبکی (شێواز) نابینین؟ بەهەمان شێوە کە لە بەرهەمی فیلمسازانی موئەلیف ئەیبینین. پێم وابێت ئامانجتان ئەزموون کردنە.

کۆستا: هیوادارم ئەم یەکگرتوویی سەبکییە لە بەرهەمەکانمدا نەبێت. حەز ناکەم سەبکێک یان شێوازێکی یەکدەستم هەبێت. کۆمەڵێك فیلمسازی زۆرمان هەیە لە بەرهەمەکانیان، ئەم یەکگرتوویی سەبکییە ئەبینین، بەڵام من چێژ لەم جیاوازییە سەبکییە ئەبینم. حەز ئەکەم بزانم هەر فیلمێک چی لەمن ئەوێت، ڕوانگە و بارودۆخ  و پێگە و جۆری بەرهەمهێنانی هەر فیلمێک بۆ من گرینگترن.

ئومیدوار: زۆر کەس پێیان وایە، تۆ کاریگەری سینەمای کلاسیکت بەسەرەوەیە. بۆ نموونە قسە لەسەر کاریگەری فۆرد لەسەر فیلمی “Casa de Lava” 1994 ئەکەن.

کۆستا: بەڵێ هاوڕام. جان فۆرد لەناو بیر و هزری من بوونی هەیە. بەردەوام لەوێیە. کاتێک ئەمەوێت فیلم ببینم هێشتا سەیری فیلمە کلاسیکەکان ئەکەم. بۆ نموونە: فیلمەکانی فۆرد و چاپلن. بە ڕاستی بەو جیدییەتە بۆ سینەمای تازە بە دواداچوون ناکەم. هەرچەندە بەدواداچوون بۆ سینەمای وڵاتانی وەکو ئێران، تایوان و چین… ئەکەم. لەگەڵ زۆرێک لەو فیلمسازانە هاوڕێم و هاوتەریب لەگەڵ یەک فیلم بەرهەم ئەهێنین، بەڵام بۆ من سینەمای ڕەوتی سەرەکی هیچ سەرنج ڕاکێش نییە. ئەم سینەمایە بۆ من دوور لە زیهنە، بەو هەمووە بوودجە و ئەستێرە و تەنانەت بیرۆکەکانیشیان، وا هەست ئەکەیت لە جیهانێکی دیکەوە هاتوون. بینینی فیلمەکانی رەوتی سەرەکی وەکوو بینینی هەسارەیەکی دیکەیە. وا بیر ئەکەمەوە کەسێکی وەکو کیاڕۆستەمیش لەگەڵ من هاوڕا و هاوبیرە. ئێمە لەگەڵ ئەم ڕەوتە سەرەکییەی سینەما لە یەک ئاست و پانتایی کار ناکەین. سینەمای ئێمە لە مرۆڤ و واقیعیەتی مرۆڤ نزیکترە و لەوانەیە مرۆڤە پەراوێز خراوەکان. ئێمە لە حەقیقەت نزیکترین. هەمان حەقیقەتی سادە. وا بیر ئەکەمەوە سینەمای جان فۆرد و سینەمای کلاسیکیش دەربارەی ئەم حەقیقەتەیە.

ئومیدوار: لە بیرمە جارێک لەکیاڕۆستەمیم پرسی، ئایا لە ژیانیدا هیچ بیری لە ئۆسکار کردۆتەوە. لە وەڵامدا وتی: ئۆسکار لەو زۆر دوورە، تەنانەت یەک چرکەش بیری لێ نەکردۆتەوە.

کۆستا: ڕاستە، من خووم بە جۆرێک لە کاری سینەمایی گرتووە. ناتوانم بڵێم ستاڤ، ئەبێت بڵێم کۆمەڵێك هاوڕێم هەن، کە ساڵەهایە پێکەوە کار ئەکەین. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان و هیوادارم هەر جارێک شێوازێکی نوێ هەڵبژێرین. لەوانەیە گاڵتەم پێ بکەن، بەڵام پێم خۆشە لەگەڵ هاوڕێکانم فیلمێکی موزیکاڵ بەرهەم بهێنم. چونکە زۆرێک لەوان گۆرانی بێژ و موزیسیەنن. (مەبەست دانیشتوانی کیپ وردە)

ئومیدوار: گۆرانی فادۆ ئەڵێن؟…

کۆستا: بەڵی هەروەها هەموویان بەباشی دانسیش ئەکەن. بەڕاستی حەز ئەکەم ئەم بیرۆکەیەش تاقی بکەمەوە.

ئۆمیدوار: زۆر حەز ئەکەم، فیلمێکی موزیکاڵی ئێوە بە موزیکی فادۆ ببینم. من شێتی فادۆم، لە ئەرشیفی موزیکی خۆم، گۆرانی زۆری “ئەمالیۆ، ڕۆدریگۆئێر، دولچە، پۆنتسن و ماریزا”م هەیە.

کۆستا: خەڵکی ڕەسەنی کیپ ورد جۆرێک لەفادۆیان هەیە، مۆرنای پێ ئەڵێن. کەمێک خاوترە بەڵام گەرم و گوڕتر و ئەفریقیترە. پێشنیار ئەکەم گوێی لێ بگریت.

ئۆمیدوار: پێموایە سزاریۆ ئوورا بەم شێوازە فادۆ ئەڵێت؟

کۆستا: بەڵێ خۆیەتی، کەوایە گوێت لێ گرتووە.

ئومیدوار: ئەم هۆگریەی ئێوە سەبارەت بە خەڵکی ڕەسەنی ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن پۆرتوگالەوە، بەتایبەت کیپ ورد لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

کۆستا: لە واقعدا زۆر لەناکاو ئەم پێوەندییە دروست بوو. ڕووداوێکی زۆر ئاسایی ڕوویدا. کاتێک بۆ هەڵبژاردنی لۆکەیشنی دووهەمین فیلمم ڕۆیشتبوومە دوورگەی سوورژ، دوورگەیەکی بورکانیە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەس و چەند مایل ئەولای پۆرتوگال، لە ناکاو کۆمەڵێك وێنەم لە کیپ ورد بینی. ڕۆیشم بۆ کیپ ورد و سەرسام بووم بە سروشتەکەی و بڕیارمدا فیلمەکەم لەوێ بەرهەم بهێنم. وردە وردە حەزم بە خەڵک، موزیک، کولتوور و تەنانەت خواردنی ئەوێ کرد. فیلمەکەم لەوێ بەرهەمهێنا و کاتێک ئەمویست بگەڕێمەوە ڕووداوێکی سەیر ڕوویدا. خەڵکی ئەوێ دیارییەکی زۆر و نامە و شتی جۆراوجۆریان پێدام کە بیبەم بۆ خزم و کەسەکانیان کە لە پۆرتوگال بوون. لەم ڕێگایەوە حەزم لە فۆنتانژ کرد. بە کیسەیەکی گەورە پڕ لە قاوە و تووتن و نامە ڕۆیشتمە ئەم گەڕەکە. گەرەکێکی کاول و زۆر مەترسیدار بوو، بەڵام چونکە من ئەم دیاریانەم پێ بوو، منیشیان وەکوو کەسێک لە خۆیان ئەبینی و مەترسیم لەسەر نەبوو. بانگهێشتمیان کردە ماڵەکانیان و لەگەڵیان خواردنم خوارد. ماوەیەکی زۆر لەوێ بووم، خەڵکانێک بەم جۆرە لە هەژاریدا ژیانیان ئەگوزەراند، دەست و دڵیان زۆر باش بوو. وای لێ هات تا ئێستایش لەو کەشەی ئەوان ماومەتەوە و فیلمەکانی دیکەم لەوێ بەرهەمهێنا.

لە “ئێسکەکان” دەستی پێکرد و چونکە هەستم بەوە کرد بەباشی ئەم خەڵکە ئەناسم، پرسیارم لە خۆم کرد بۆچی فیلمەکانی دیکەم لێرە بەرهەم نەهێنم؟ لە دوای فیلمی “ئێسکەکان” بڕیارمدا لەگەڵ تیمی گەورە کار نەکەم، و فیلمی “لە ژووری واندا”م بە تیمێکی بچووک بەرهەمهێنا. هەندێک جار بە تەنهایی کارم ئەکرد و هەندێک جاریش لانی زۆر دوو یان سێ کەس کارمان لەسەر فیلمەکە ئەکرد.

ئومیدوار: ئەمویست دەربارەی جیکۆب ڕیس و ئامادەبوونی لەفیلمی “پارەی ئەسپ” پرسیارت لێ بکەم.

کۆستا: بەڕای من جیکۆب ڕیس تەنها فۆتۆگرافرێک نییە. لە واقیعدا فیلمسازێکی قۆناغی سینەمای بێدەنگە. شێوازێک لە وێنەکانیدا هەبوو، لەگەڵ فیلمسازی لێکچوویان هەبوو. جیکۆب ماوە و کاتێکی زۆری لەگەڵ سوژەکان (بابەتەکانی)بە سەر ئەبرد، هەر ئەوە کارەی کە ئێمە ئەیکەین، لەگەڵ کەسەکان قسە ئەکەین بۆ ئەوەی باشتر بیان ناسین و دەرکیان بکەین، ئەویش هەر هەمان کاری ئەکرد، لە واقیعدا ئەمە لە کاری فۆتۆگرافەرێك زۆرترە.

ئۆمیدوار: ئەمەوێت بزانم ئەم ئانالۆگەی کە ئێوە لە نێوان کۆچبەرانی کیپ ورد و کۆچبەرانی نیویۆرک ئەیبینن، چییە و لە چ شوێنێک سەرچاوەی گرتووە؟ لێکچوویی ئەمانە لە چیدایە؟

کۆستا: پێم وایە لە دەورانی جیکۆب ڕیس تا ئێستا گۆڕانکاری و جیاوازی زۆر درووست نەبووە. لەوانەیە هەموو شتێک بەمودێرن بووبێت، بەڵام ئەوەی لە وێنەکانی ڕیس ئەیبینین، بۆ نموونە ئەم نەهامەتی و هەژاریە کە لە وێنەکانی هەیە، من لە فۆنتانژ یان فیلمە ئێرانییەکان و برازیلیەکانیش و… ئەیبینم. ئەم بەربەستانە، پەراوێز کەوتن و تەنهایی مرۆڤەکان، دەرئەنجامی مودێرنیتەیە و هێشتایش بوونیان هەیە و وەها دێتە بەرچاو ئێمە بەردەوام لەگەڵی ئەجەنگین، چ لە دەورانی جیکۆب ڕیس و چ ئێستایش. مرۆڤەکان لە قەفەسی گۆشەگیری خۆیان، دیل کراون. ئەتوانێت سیاسەت، ئایین یان هەر شتێکی دیکە ئەم دۆخەیان خۆڵقاندبێت، جیاوزی نییە، بەردەوام لەگەڵ ئەم قەفەسانە ئەجەنگین.

جیکۆب ڕیس لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداری، ژیانی مرۆڤەکانی تۆمار ئەکرد، بەڵام ئەوەی ئەو نیشانی ئەدا، لەگەڵ ئەوەی من و فیلمسازانێکی دیکە نیشانی ئەدەین لێکچووی زۆر هەیە. بە ڕای من، باشترین فیلمەکان، ئەو فیلمانەن کە باس لەیەک کێشە ئەکەن. ئێوە، ئێرانییەکان بەباشی دەرک بەمە ئەکەن. کاتێک لە هۆڵی سینەما دێنە دەرەوە، فیلم ئەبێت ناچارتان بکات بیر بکەنەوە.

ئومیدوار: کاتی شۆڕشی 1975 ڕوویدا ئێوە لە بەرەی دیکەی شۆڕش بوون، بەڵام لە فیلمی “پارەی ئەسپ” بەرەیەکی دیکە لە شۆڕش نیشان ئەدەن…

کۆستا: نا، من هێشتا هەمان بەرەی شۆڕش نیشان ئەدەم.

ئومیدوار: مەبەستم ئەوەیە وێنتورا لە بەرەی ئێوە نەبوو…

کۆستا: وێنتۆرا نەی ئەتوانی دەرک بە شۆڕش بکات. ئەوان تازە هاتبوونە پۆرتوگال. دوو سێ ساڵ بوو لەوێ دەژیان. بەردە کاریان ئەکرد و لە کەلاوەکان ژیانیان بەسەر ئەبرد تا پارەیەک کۆبکەنەوە و بتوانن بنەماڵەکانیان بهێنن بۆ پۆرتوگال و ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەر بکەن. لە پڕ ئەم شۆڕشە دستی پێکرد، کە لە واقیعدا، ئەم شۆڕشە بۆ ئەوان بوو، بەڵام دەرکیان پێ نەکرد. هەموو کەس بیری لەوە ئەکردەوە لە دوای شۆڕش هەموو شتێک باش ئەبێت بەڵام شۆڕش بە لاڕێدا ڕۆیشت. لەوانەیە ئەگەر شۆڕش بەڕێگایەکی دروستدا بڕۆشتایە، ئەوان ئێستا ژیانێکی باشتریان هەبووایە و لەم بارودۆخەدا نەبوونایە. منیش فیلمم لەسەریان بەرهەم نەئەهێنا. (پێکەنین)

ئومیدوار: دوایین پرسیاری من ئەوەیە بۆ ئەوەندە کەم فیلم بەرهەم ئەهێنیت؟

کۆستا: وەڵامەکی من وەکوو وەڵامەکەی ژان ڕێنوارە، من زۆر بەخاوی کار ئەکەم و بۆ هەر فیلمێکم کاتێکی زۆر تەرخان ئەکەم.

 

بڵاوکردنەوە: