ماڵ وەک بکوژی یەکەمی ئافرەت

259
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هەڤین کەمال

 

“ھیچ شوێنێک نییە بەوێنەی ماڵ بۆ مرۆڤ”

ئەم دەستەواژە باوەی کە لە ھەموو جیھاندا ھەیە، هەردەم وێنای ماڵمان بۆ دەکات بەو شوێنە ئایدیاڵ وبەھەشتەی کە مرۆڤ ئاسوودەیی و ئارامی خۆیی تێدا دەدۆزێتەوە. ماڵ ئەو پەناگەیەیە کە سەلامەتی تاکەکانی تێدا پارێزراوە لە جیھانی بێڕەحمی دەرەوە و، خۆشەویستی و سۆزی تێدا دەدۆزێتەوە و پەناگەیە.

بەڵام ئەم دەستەواژەیە بەتەواوەتی پێچەوانە دەبێتەوە لەو ئافرەتانەی کە قوربانی فیمیساید «ژنکوشتن» و میسۆجنی «ژننەفرەتی» دەبن.

ئێستا ماڵ بووە بە مەترسیدارترین ژینگە بۆ فیمیساید وکوشتنی مێینە و، پارتنەر یاخود ھاوبەشی ژیان و باوک و برا و کەسە نزیکەکان زۆربەی جار سەرەکیترین بکوژی ئافرەتن لە گۆمەڵگایەک کە ژننەفرەتی و سێکسیزم بووە بە ئایدۆلۆژیا و نێرسالاری باڵادەستە تێیدا. ئەگەر بێین فیمیساید «ژنکوژی» بەراورد بکەین بە ھۆمیساید «مرۆڤکوژی» دەبینین ھۆمیساید زیاتر لە دەرەوەی ماڵ و خێزاندا ڕوو دەدات و لەلایەن کەسی نامۆ و غەریبەوە بە قوربانییەکە ئەنجام دەدرێت، بە بەراورد بە فیمیساید کە بکوژ، کەسی یەکەمی خێزانی کوژراوەکەیە و لەوانەیە لەناو ماڵ و خێزانێکدا ڕوو بدات .

لە چەند ئامارێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٧ دا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی ماددەی بێھۆشکەر و تاوان (UNDOC) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە و خراوەتە بەر دیدی جیھان، بە بۆنەی ساڵڕۆژی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ دا. لەم ئامارانەدا بینراوە کە ڕێژەی نیوە زیاتر لەو ئافرەتانەی لەساڵی ٢٠١٧ دا کوژراون، بکوژەکەیان هاوبەشی ژیانیان یاخود یەکێک لەئەندامی خێزانەکەیان بووە. ھەروەھا بەپێی ئەم ئامارانە بێت لەساڵی ٢٠١٧ دا شەست و حەوت ھەزار تاوانی کوشتنی ئافرەت ڕوویداوە، کە پەنجا ھەزاریان واتە لە سەدا پەنجا و هەشت، تاوانبار ھاوبەشی ژیان یاخود کەسێک لەناو خێزانەکەدا بووە.

ھەرچەندە ڕێژەی کوشتنی پیاو بە ڕێژەی سەدا هەشتایە لە جیھاندا بە بەراورد بە ئافرەت، بەڵام زۆربەی کات کوشتنی ئافرەت بەھۆی ئەندامێکی نزیکییەوەیەتی لە خێزانەکەیدا .

ھەمان ئامار دەڵێت ڕێژەی کوشتنی ئافرەت بەم شێوەیەی خوارەوەیە لە وڵاتە جیاوازەکانی جیھاندا:

ھەموو جیھان بە ڕێژەی ( ١.٣ لەھەر سەد ھەزار ئافرەتێک.)

ئەفریقا بە ڕێژەی (٣.٢ لە ھەر سەد ھەزار ئافرەتێک.)

ھەردوو ئەمریکاکە بە ڕێژەی (١.٦ لە ھەر سەد ھەزار ئافرەتێک.)

ئوسترالیا بە ڕێژەی (١.٣ لە ھەر سەد ھەزار ئافرەتێک.)

ئاسیا بەڕێژەی (٠.٩) و لەئەورووپادا کەمترین ڕێژەیە کە بریتییە لە (٠.٧) .

بەپێی ئەم ئامارانە بێت (ھەموو کاتژمێرێک شەش ئافرەت دەکوژرێت لە جیھاندا، بە دەستی کەسێک لە ئەندامی خێزانەکەی). ئەمەش تەنیا یەک مانا دەبەخشێت کەئەویش ئەوەیە “ماڵ یاخود خێزان ترسناکترین ژینگەیە بۆ کۆشتنی ئافرەت و فیمیساید” و “چیدی ماڵ وەک ئەو پەناگەیە نەماوە کە ئافرەت بپارێزێت و سەلامەتی بۆ دابین بکات و ئارامگە بێت بۆی” .

ئافرەت لە ئەزەلەوە و لەو ڕۆژەوەی پێیەکانی خستنە سەر زەوی، لە تێکۆشاندایە. تێکۆشانێک کە ھیچ کات تەنیا بۆ خۆی نەبووە، بەڵکوو تێکۆشانێک بووە بۆ سەلامەتی و پاراستنی تاکی خێزانەکەی پێش خۆی، تێکۆشانێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە ڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونییەوە .

بەڵام ئایا ئەم تێکۆشانەی چۆن ھەڵسەنگێنراوە؟ یاخود چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە؟

هەردەم وەڵامی ئەم دوو پرسیارە کۆمەڵگایەکی نوێخواز و مەدەنی جیا دەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرست و ھەمەجی و بەربەری .

ئەو باوکە یان ئەو برایەی کە تاوانی کوشتنی کچەکەی یان خوشکەکەی وەک سزادانێکی دادوەرانە ببینێت بۆ ھەڵەیەک “کە لەوانەیە تەنیا لە دیدی ئەودا هەڵە بێت” کە کچەکەیان یان خوشکەکەیان کردوویەتی، بێگومان پەروەردەیی کولتوور و نەریتێکی پیاوسالار و باوکسالارە، کە تەنیا خۆی و نێرێکی تر وەک مرۆڤ دەبینێت و ئافرەتیش تەنیا وەک کاڵایەک دەبینێت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی، کۆمەڵگایەک ھەتا ئێستاش جیاوازی ناکات لە نێوان تاوان و سزاداندا.

ڕێزگرتنی ئافرەت و لەبەرچاوگرتنی کێشەکانی وەکوو ڕەگەزێکی جیاواز لە نێر و مافوەرگرتنی لەلایەن گۆمەڵگاوە، کارێکە دەبێت کۆمەڵگا فێری تاکەکانی بکات، ھیچ پێویست ناکات ئافرەت داوای مافەکانی لە پیاو بکات، بەڵکوو دەبێت کۆمەڵگا بۆی فەراھەم بکات. ئەوەی ڕوونیشە کۆمەڵگا لە ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ پێکھاتووە و بە ھەردووکیان بنیات دەنرێت.

کۆمەڵگای نوێخواز و مەدەنی دەبێت ئەو چەمکی سێکسیزم و ژننەفرەتییە وەلا بنێت و، بە ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز سەیری بابەتەکان بکات و ھەم نێر لە سادیزمییەکەی، کە حەزکردنە بە ئازاردانی بەرانبەر و بە ھەمانشێوەش مێ لەو ماسۆشیزمییە کە چێژوەرگرتنە لە ئازاردانی خۆی،  ڕزگار بکات، کە کەلتوور لەسەری پەروەردەی کردوون و لە مێشکیاندا سەپاندوویەتی.

بۆ ئەوەی بتوانین ئەم دوو چەمکە دەستکاری بکەین کە چەمکی سێکسیزم و ژننەفرەتییە، پێویستە ئەوە ڕەچاو بکەین کە پەروەردەیی دروستی ئەندامانی خێزان کایەیەکی گرنگە و دەبێت پێش ھەموو شتێک دەستکاری پەروەردەی منداڵ بکەین. منداڵی نێر وا پەروەردە بکەین ھەم لەناو خێزان و ھەم لە قوتابخانە و ھەم لە کۆمەڵگادا، کە مێینەیەک ھیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوێکی نێردا لە ڕووی مرۆڤایەتی و پێداویستی فسیۆلۆژی و ڕۆحییەوە و ھەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە و  لە ڕووی ئەخلاقییەوە ھەمان بنەمەیان ھەیە و ھەمان مافیشیان ھەیە، پێویستە کۆمەڵگا بۆیان فەراھەم بکات .

ئافرەتیش دەبێت فێر بکرێت کە ھیچ شتێکی لە نێرێک کەمتر نییە، بگرە ئافرەت بەردی بناغەی کۆمەڵگای ھاوچەرخە و دەبێت خۆی وەک کاڵایەک نمایش نەکات بۆ ڕازیکردنی بینینی پیاو، ڕێز لە بیرکردنەوە و مێشک و بیروبۆچوونی خۆی بگرێت و چیدی نەبێت بە ئامڕازێکی چێژ بە دەست نێرەوە .

ئافرەت بەخێوکەرە، دایکە، خوشکە، خۆشەویستە و ھاوڕێیە .

ئەو نێرەشی ڕێز لە پیاوەتی خۆی بگرێت باشترین تەواوکەر و پاڵپشتە بۆ ئافرەت لە کۆمەڵگای ھاوچەرخ و نوێخوازدا .

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

 

  • Global Study on Homicide 2018, Gender-related killing of women and girls.
  • UNODC.org
  • The Femicide Census. _ Womensaids.org.uk
  • The women killed on one day around the world. BBC.NEWS.
بڵاوکردنەوە: