کاتێک پەیڤە گونجاوەکان لەگۆڕێ نین

873
0
بڵاوکردنەوە:

یۆئاخیم شولتە

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

 

کێ تێکستی فەلسەفەیی وەربگێڕێت، دەکەوێتە بەردەم دیلێمایەک: بۆ تێگە زۆر ورد کارتێداکراوەکانی ئەم دیسپلینە هاوتایەکی تەواوەتی لە زمانی مەبەستدا لەگۆڕێ نییە.

چەند گرفتێکی وەرگێڕان هەن کە گوێزانەوەی نووسینی فەلسەفەیی بە هەمان شێوەی گوێزانەوەی تێکستی ئەدەبی، زانستی-سروشتی و هەر جۆرێکی دیکە دەگرنەوە. جگە لەوە پەیوەند بە تێکستە فەلسەفەییەکانەوە کێشەگەلی تایبەت بە خودی فەلسەفە هەن کە ڕەوایەتیمان پێدەدەن نەک لە گرفت، بەڵکو لە مەحاڵێتیی وەرگێڕان بدوێین.

غەریب و دراوسێ

ڕەنگە زۆرینەی خوێنەران پەیوەند بە وشەی “مەحاڵێتی”یەوە لە کولتووری ئەوتۆ بهزرێن کە فەزایی و کاتەکییانە زۆر دوورە لێمانەوە. لێ لە ڕەوشی ئاڵوگۆڕی نێوان ئەو کولتوورانەدا کە دوورن لە یەکدی، وەرگێڕان بابەتی هەڵسەنگاندن نییە، بەڵکو وەرگێڕان خۆی مەحەک و پێوەری بڕیاردانە بەسەر پلەی لەگۆڕێبووی غەریبێتییەکەدا. هەر ئەوەندەی وەرگێڕانێکی سوودمەند لە بەردەمماندا بێت کە گۆتراوی ئاخڤەرانی بە ئێمە غەریبمان لێ نزیک بخاتەوە، ئیدی پێویست نییە ئەو غەریبانە بە ئێمە غەریب بمێننەوە.

بەتایبەتی لە ڕوانگەی نزیکترین دراوسێی زمانییەوە خویا دەبێت کە دەشێت وەرگێڕانی فەلسەفەیی کارێکی مەحاڵ بێت.

هەرچۆنێک سیناریۆی بەیەکگەیشتن لە نێوان کولتووران یان تەنانەت “جیهانان”ی غەریبدا پێشبینی بکرێت، مانەوەی غەریبێتی وەک خۆی ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە وەرگێڕانی بەسوود مەحاڵە، واتا شیمانەیەکی ئەوتۆی وەرگێڕان کە وا بکات غوربەت شیاوی لێتێگەیشتن بێت و لێمان نزیکبکەوێتەوە. لێ ئەمە ئەو کێشەیە نییە کە من بە ئاخافتن لە مەحاڵێتیی وەرگێڕانی فەلسەفەیی مەبەستمە. لەو ڕووەوە کە ژمارەیەکی زۆر گوێزانەوەی نووسینی گێڕراوە و بە “فەلسەفەیی” ناونراو لە 2500 ساڵ لەمەوبەرەوە لەگۆڕێیە و ماوەیەکی زۆرە بووە بە دابێکی ئەنجامدراوی توێژینەوەی تێگەیی-مێژوویی، ئاخافتن لە “مەحاڵێتی” بە یەکەم سەرنج وەک پڕموبالەغە، جا گەر نەبێژین وەک پێکەنیناوی، دەنوێنێت.

وەلێ لێرەش یەکەم چاپاندن (ئینتیباع) فریومان دەدات. بەتایبەتی لە ڕوانگەی نزیکترین دراوسێی زمانییەوە کە ماوەیەکی درێژخایەنیشە هاوگفتوگۆکەرمانە، خویا دەبێت کە دەشێت وەرگێڕانی فەلسەفەیی پرسێکی مەحاڵ بێت. لێرەدا دەمەوێت بە نموونەیەک ئاماژە بۆ کێشەیەکی سیستەماتیک بدەم.

ڕوون و ئاشکرا؟

یەکێک لەو داناییانە کە فێری فێرخوازانی زەمێستەری یەکەمی فەلسەفە دەکرێت، بریتییە لەو تێڕوانینە، کە ئەوە بەتایبەتی دێکارت و کارتێزییەکان بوون جیاوازییان لە نێوان ئیدێ یان دەرککردنی ڕوون و ئاشکرادا کردووە. (دێکارت دەبێژێت: ئیدێ دەشێت ڕوون بێت، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بێت، لێ ئەوە بە پێچەوانەوە ناشێت(1)). گومانی تێدا نییە کە گوزارشتی “clare et distincte” لە زۆر جێدا دەبینرێت و لای گەلێک نووسەری دابی فەلسەفەیی رۆڵێکی بەواتا دەگێڕێت، لێ ئایا مەبەست لەم گوزارشتە جووتەنییە یان لەو جیاوازیکردنەی نێوی چییە؟

فەلسەفە پابەندی زمانی هەبووی پەیڤراوە بۆ ئەوەی بە مەئریفەکانی خۆی بگات و ئەوجا ڕایانبگەیەنێت.

پێدەچێت لەجێچوونە زارەکییەکان کە ڕاڤەکاران وەک دەستوێژی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە وەریاندەگرن، چاودێرێکی بێلایەن دڵخۆش بکەن، لێ ئەو لەجێچوونانە بۆ وەرگێڕێک نزیکەی کارەساتن، چونکە ناتوانێت هیچ شتێکیان لێ دەربهێنێت کە وەرگێڕانی باوی ئەڵمانی پاساوی بدات. ئاخر بەکارهێنانی زمانی ڕۆژانەییانەی وشە ناسراوە ڕۆژانەییەکانی “ڕوون” (klar) و “ئاشکرا” (deutlich) بەدەگمەن شتێکمان پێدەدەن کە بشێت وەک دانەوەی ئەو واتایانە وەربگیرێت کە ڕەنگە مەبەستی نووسەرەکان بووبێت، بێگومان دانەوەیەکی واتا بەبێ ئەوەی لەجێچوونی ئاماژەپێدراو بەسەر خوێنەردا بسەپێنرێت.

هۆی کێشە سیستەماتیکییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەلسەفە، جا هەر مەدرەسەیەک یان “ڕێباز”ێک بێت، بەبێ پابەندبوونی بە زمانی هەبووی پەیڤراوەوە ناتوانێت مەئریفە “تێگەیی”ەکانی خۆی دەستگیر بکات و ئەوجا بە کەسانی دیکەیان ڕابگەیەنێت. ڕەنگە لەم دەربڕینەدا لە سەرەتاوە هەمانگۆیی (تاوتۆلۆژی) هەبێت، لێ ئەمە مەسەلەکەی ئێرە نییە. نەخێر، لێرەدا گەرەکە ئەرکی وەرگێڕ بەهەند وەربگیرێت کە بریتییە لە: ئەو گەرەکە بە یاریدەی کۆدەستوێژی تێگەییانەی “B” ئەو مەئریفە دەربڕراوانە بداتەوە کە بە یاریدەی کۆدەستوێژی تێگەییانەی “A” بەدیهێنراون و لە زۆر ڕووەوە کۆدەستوێژێکی تێگەییانەی ئەوتۆیە کە جیاواز ڕێکخراوە. وەرگێڕ گەرەک نییە ئەم ئەرکە پڕگرفتە وەک ڕاڤەکارێک بەدیبهێنێت، کەواتە وەک چالاکبوویەکی ئەوتۆ کە بە ئارەزووی خۆی نموونە بهێنێتەوە و پارافراز ڕوونبکاتەوە، بەڵکو ئەو گەرەکە وەک وەرگێڕ ئەنجامی بدات و بە دەستوێژی تا ڕادەیەک هاوشێوە و هەروەها سنوورداریش وەک کۆدەستوێژی “A”، هەمان شت دەرببڕێت وەک چۆن نووسەری تێکستی ئۆریجیناڵ دەریبڕیوە.

ئاسانێک دەبێت بە بەردی لێهەڵنووتان

ڕەنگە ئەم وەسفکردنەی کاری وەرگێڕان دەرفەت بدات تاکو هەست بەوە بکەین کە بۆچی ئێمە دەتوانین ببێژین “وەرگێڕانی فەلسەفەیی مەحاڵە”. بۆ پتر ڕۆشنکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، دوو نموونە دەهێنمەوە. پێدەچێت زۆرینەی ئێمە دەرکی بەم تایبەتمەندییەی زمانی ئەڵمانی نەکردبێت: ئێمە هەندێک جار لە “ئەزموون” (Erfahrung) و هەندێک جار لە “موئایەشە” (Erlebnis) دەدوێین و بەدەگمەن ئەم وشانە نزیکەی وەک سینۆنیم (مورادیف) هەست پێدەکەین. لێ لە زۆر زمانی دیکەدا دوو وشە نابینین کە ئەوها هاوشێوە کایەی واتای “Erlebnis / Erfahrung” دابپۆشن. لە زمانی ئینگلیزیدا بەبێ جیاوازیکردن وشەی “experience” بەکاردەهێنرێت، ئەمەش دەبێت بەهۆیەک بۆ ئەوەی مرۆ وشەی ئێرلێبنیس (“Erlebnis”) بە پێچەوانەی ئێرفارونگ (“Erfahrung”) لە هەندێک پەیوەندیی دیاریکراوی فەلسەفەییدا بە “lived experience” بداتەوە.

ئایا ئەمە واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت کە ئێمە کایەی جیاوازی تێگەیی دوورمان لە یەکدی هەیە، ئەمەش بێگومان بەگوێرەی ئەوە کە داخۆ ئێمە بە ئینگلیزی یان بە ئەڵمانی بنووسین؟

لە ڕاستیدا دەستەواژەی “lived experience” تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە هەروەک ببێژین: “جا ئاخڤەرانی ئەڵمانی – بەتایبەتیش نووسەرەکەمان و ڕاڤەکارانی – بە واژەی ‘ئێرلێبنیس’ هەر مەبەستێکیان هەبووبێت”. ڕەوشەکە هاوشێوەی ئەوەی سەرەوەیە کە تێیدا “ڕوون و ئاشکرا” (“klar und deutlich”) دەشێت هەر ئەم واتایە بگەیەنێت: “جا دێکارت و ڕاڤەکارانی بە واژەکانی ‘clare et distincte’ هەر مەبەستێکیان هەبووبێت”. ئەمەش نزیکەی ڕاگەیاندنی مایەپووچیی وەرگێڕە و لەم جێیەدا دەیتوانی لەبریی ئەو واژانە هێمایەکی بێلایەن (“X”) دابنێت.

نموونەیەکی دی: پێدەچێت هەموو خوێنەرێکی سەربەخۆی کارتێنەکراو ببێژێت: تێگەی “مەئریفە” (“Erkenntnis”) لە سەنتەری فەلسەفەی خۆرئاواییدایە. لێ ئایا مەبەست لە مەئریفە چییە؟ ماوەی چەندین سەدەیە زانراوە، واژە تایبەتەکەی فەیلەسوفانی گریکی کە ئەم تێگەیەی مەئریفە پەیوەندە پێوەی، وەرگێڕ دەخاتە بەردەم گرفتی بەدەگمەن شیاوی چارەسەرکردن. بە پێچەوانەشەوە لە زمانی ئینگلیزیدا کەمتر گرفت چێدەبێت: مرۆ دەتوانێت لە ئینگلیزیدا وشە سەنترالییەکە بە “knowledge” بداتەوە.

گەر مرۆ ئەوە بکات، ئەوسا بەناچاری دەبینێت کە لە وەرگێڕان-“ەوە”ی کۆنتێکست-سێنسیتیڤی یان ئیدیۆمایی ” to know”دا بۆ ئەڵمانی لایەنی کەم سێ وشە: “زانین”، “ناسینەوە” و “ناسین” («wissen», «erkennen», «kennen») پێویستن. کەواتە ئایا ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئێمە، بەگوێرەی ئەوە کە داخۆ ئێمە بە ئینگلیزی یان ئەڵمانی بنووسین، کایەی جیاوازی تێگەمان لە بەردەم خۆماندا هەیە؟ ئەوجا ئەو پرسیارە گرنگە تەکنیکییەی وەرگێڕان دێتە پێشەوە کە داخۆ مرۆ ئۆریجیناڵەکە تا ڕادەی شیان “ئیدیۆمایی” (کەواتە “to know” جارێک بە ناسینەوە / “erkennen” و لە پەیوەندیی دیکەشدا بە زانین / “wissen” یان ناسین / “kennen” وەربگێڕێت) یان بۆ خاتری یەکانە و سەرلەنوێ ناسینەوەی واژەناسییانە هەمیشە بە هەمان وشە (“wissen”؟، “erkennen”؟) بیداتەوە.

 

پاداشتی کۆشش

بە دیدی من لێرەدا وەڵامێکی ڕازیکەر، بەتایبەتی وەڵامێکی گشتیی ڕازیکەرمان نادرێتەوە. ئێمە دەتوانین ڕیزی نموونەکان پەرەپێبدەین، ئەوجا چەند زۆرتر بەردەوام بین، ئەوەندەش ڕۆشنتر بۆمان خویا دەبێت کە: “وەرگێڕ هەرچۆنێک کارەکەی ئەنجام بدات، هەر نابەجێ دەبێت”. سەرەڕای ئەوە دەبێت ئەو کارە ئەنجام بدرێت، کە هەندێک جار لایەنیکەم ئەو هەستە بە خودی وەرگێڕ دەدات کە لە فەیلەسوفی زمان-نامۆ تێگەیشتووە.

یۆئاخیم شولتە وانەبێژە لە زانستگەی تسیوریش، کایە کرۆکییەکانی کارکردنی بریتین لە ڤیتگنشتاین و فەلسەفەی شرۆڤەیی کلاسیکی. هەنووکە خەریکی پێداچوونەوەیە بە چاپی ئینگلیزیی “توێژینەوە فەلسەفەییەکان”ی ڤیتگنشتایندا.

 

سەرچاوە:

Joachim Schulte: Wo die rechten Worte fehlen. Neue Zürcher Zeitung. 11.02.2017.

تێبینیی وەرگێڕ

  • ئێرنست بلۆخ ئەم کێشەیەی ڕوون و ئاشکرایی لای دێکارت زۆر چاک بەم شێوەیە ڕووندەکاتەوە: پێناسە ڕوونە، لێ تەنیا ئەو شتە ئاشکرایە کە کرۆکەکەی بەتەواوی دیارە. بۆ نموونە بیردۆزی پیتاگۆراس ئاشکرایە: من دەتوانم ئەم بیردۆزە بەئاشکرا ببینم. کەواتە لەبەرئەوەی بیردۆزی پیتاگۆراس ئاشکرایە، ئەوا هەروەها ڕوونە.

 

فەرهەنگۆک

پارافراز: داڕشتنەوەی واژە و دەستەواژە

دیسپلین: ڕشتەی زانستی یان زانستگەیی

ئیدیۆمایی: شێوازی خۆدەربڕینی گرووپێک / گەلێک.

کۆنتێکست-سێنسیتیڤ: پەیوەست بە کۆنتێکستی زمانی و بابەتی و سۆسیالەوە.

ئۆریجیناڵ: ئەسڵی، لە وەرگێڕاندا تێکستی دەرچە بە پێچەوانەی تێکستی مەبەست کە وەرگێڕراوەکەیە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: