– ژن لەژیانی مەحمود دەروێش دا –
شوان ئەحمەد
من عاشقێکی بەدبەختم
دڵم لێم یاخی بووە
*
من عاشقێکی بەدبەختم
نێرگزێک بۆ من و نێرگزێک لەسەر من
*
بەکەناری خۆشەویستیدا گوزەر دەکەم
دەست بەجێ سڵاو دەکەم و
لەسەر باڵی کۆتر، نامە دەنووسم
لەخۆمەوە بۆ خۆم
*
چەند ژن شیتاڵیان کردم
وەک چۆن منداڵ هەور شیتاڵ دەکات
ئازارم نەچەشت و فێریش نەبووم
*
ئەمە چەند کۆپلەیەکی کورتی قەسیدەیەکی درێژیی، شاعیری ناوداری فەلەستینی مەحمود دەروێشە بەناوی (دڵم لێم یاخییە !!)، کەوەک عاشقێکی بەدبەخت خۆی وێنا دەکات و سەروکاری خۆی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر و پرۆسەی ئەوینداریدا، دەخاتە ڕوو.
هەر پەیوەست بەو بابەتەوە خاتوو ئیبتیسام مەراعنە منۆحین (وەک دەرهێنەر و سیناریست و فیلمسازێک) ، دوای چەند ساڵێک لەمردنی مەحموود دەروێش، لەفیلمێکی دیکۆمێنتەریدا لەچاوی ئەو خانمانەوە کەئەوینداریان بووە یان هاوسەرگیری لەگەڵ کردوون، بەناوی (سجل انا عربي – ٢٠١٤)، وێنەیەکی دیکەی ئەو شاعیرە فەلەستینیەمان پیشان دەدات، کەپەیوەندیەکی خۆشەویستی تەمەن کورتی لەگەڵ (تەماری بن عامی ، جولەکەی بەڕەگەز پۆڵەندی) دا هەبووەو لەقەسیدەکانی دا بە(ڕیتا) ناوی هێناوە( بين ريتا و عيوني بندقية)، ئەوەش یەکێکە لەقەسیدە بەنێوبانگەکانی دەروێش و مارسێل خەلیفە کردویەتی بەگۆرانی.
لەگەڵ دوو هاوسەرگیری بێ ئاکامدا لەگەڵ هەریەکە لە( ڕەننا قەبانی و حەیات ئەلهینی) کەزۆر درێژەیان نەکێشاوەو بێ منداڵ خستنەوە جیا بوونەتەوە.
بینەرانی ئەم فیلمە بەڵگەنامەییە لەزاری ئەو خانمانەوە ، دەتوانن بە بەشێکی دیکەی ژیانی تایبەتی مەحمود دەروێش ئاشنا بن و ڕوویەکی دیکەی کەسایەتی ئەو عاشقە بەدبەختە ببینن کەوەک خۆی دەڵێت: ( چەندین ژن شیتاڵیان کردووە، وەک چۆن منداڵ هەور شیتاڵ دەکات)، بەڵام نەئازاری چەشتووەو نەشتێکیشی لێوە فێر بووە.
جگە لەو قەسیدەیەی، لەدیوان و چامە شیعرییەکانی دیکەیدا ، جیاواز لە ژیانی واقیعی و ڕاستەقینەی خۆی ، ژن ئامادەگیەکی زۆر و چڕ و پڕی هەیەو خوێنەر بەئاسانی لەخوێندنەوەی بەرهەمەکانی دا هەست بەوە دەکات .
هەرچەندە لەقەسیدەیەکی دیکەیدا کەیەکێکە لەقەسیدە جوان و کاریگەرەکانی بەناوی(النهر الغريب)، باسی مەرگی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەکات و وادەردەکەوێت وەک ئەوەی، ئەو شیعرەی ماتەمگێڕانی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە بێت.