پاسەکە نە…گەیشت

1304
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

لە وێستگەی وەستانی پاسدا ڕاوەستاوم، کاتژمێر وا دەبێتە ٤ ی ئێوارە، سەڕەرای ئەوەی هەموو گیانم لەسەر ئارەقە، بەڵام سەرماشمە، چاوەڕێی پاسەکە دەکەم بگات. سەرنجی هەموو کەسێک دەدەم، ئەوانەی وا چاوەڕێی پاسەکەن وەک من، ئەوانەی بەلامدا دەڕۆن، ئەوانەی بە سەیارەی گرانبەها و هەندێکیشییان سەیارەی پاتاڵ دەیدەن بەلامدا. ئەوەی سەیرە هەموو خەڵکی دەڵێی پێکڕا کۆبوونەتەوە و قەراریان داوە سەیری من بکەن، بەچاوێکی گوماناویی و شەیتانیی، بە چاوێکی پیس و نەفرەت لێم دەڕوانن. وا نیو کاتژمێر تێپەڕدەبێ و پاسەکە هەر نەهات، سەرمای دەرەوە و سەرمای ناو جەستەشم تێکەڵ بە یەک بووە؛ گیانم هەمووی لەسەر ئاوە و بێمانا حەزم بە جگەرەیەکە و پێم نییە. ئەو شتەشی لە مێشکمدایە هێندەی تر وێرانی کردووم. سەیری ئاسمان دەکەم، ڕقم لە ڕۆژانی زستانە، ڕۆژگار زۆر کورتە، ئاخر ناکرێ لەم سەردەمەدا کە کات هێندە بە خێرایی دەڕوا، ڕۆژیش ئەوەندە کورت بێت. هەروا ڕاوەستاوم و پاسەکە هەر نایە؛ وا  کاتژمێریش نزیک دەبێتەوە لە پێنج. نازانم چ دەکەم لێرە، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بیستم دەیانگوت ئەم پاسەی لێرەدا دەوەستێ ڕۆژانە و خەڵك هەڵدەگرێ، دەڕوا بەرەو جێیەک کە بەختەوری تێیدا لە لوتکەیە. دەنگۆ هەیە ئەو جێیە وەک بەهەشت وایە و مرۆڤ لەوێ نازانێ خەم چییە و بێتاقەتی چییە، لەوێ ئیتر مرۆڤ ئازادە لە هەر ئایدۆلۆجیاییەک و لە هەر جۆرە شتێک کە لەمپەر لەبەردەم ئازادی ئەو درووست بکات. زۆرباشە، منیش لە بەختەوەری دەگەڕێم، ئیتر لێرەدا دەوەستم تا پاسەکە دەگا، وێستگەکەش تابێ قەرەباڵغتر دەبێ. خەڵکی زۆر سەیری تێدایە، لە پیر و گەنج و هەندێ منداڵیشی تێدا دەبینم، لەو منداڵانە دەچن کە لەسەر جادە سواڵ دەکەن و عەلاگە دەفرۆشن. هیوادارم زوو بگا، چونکە وا وردە وردە سەرماترم دەبێ، ئەو خەڵکەش وردە وردە بێئومێد دەبن، هەیانە ڕۆشتۆتەوە و دەسبەردار بووە، هەیانە ماوەتەوە، هەشییانە دەڵێ من بە چاوی خۆم دیومە پاسەکە لێرەدا وەستاوە ڕۆژانە…کێ چوزانێ؟ لەوانەشە ڕاستبکات! وا کاتژمێر دەبێتە شەش و دنیا تەواو تاریک بووە، گڵۆپەکانی سەر جادەکەش هەڵنییە، تاریکییەکی تەواو باڵی بەسەر دونیادا کێشاوە، لەو ساتەی کە خەڵکی خەریکبوون بە تاسوقەوە چاوەڕێی پاسەکەیان دەکرد، پیاوێک لە ناوەڕاستی قەرەباڵغییەکەدا دەچێتە سەر بەردێک و شیعرێک دەخوێنێتەوە:

ئەی خەڵکینە،

ئەی ئەوانەی بەشوێن بەختەوەرییەوەن،

ئەی ئەوانەی کە لە دەست بێزاری هەڵدێن…

لام وایە هیوا ترسناکترین شتێکە مرۆڤ هەیبێ؛

ئێمە لەسەرتای بوونمانەوە،

بە هیوای ڕۆژێکی خۆش لە ژیان بەردەوام دەبین،

بەڵام کامۆ ڕاستی کرد کە گوتی:

مرۆڤ بەرلەوەی خوو بە بیرکردنەوە بگرێ، خوو بە ژیانکردنەوە دەگرێ.

بەڵام لای من ئەو خووە هیوایە،

هیوایەک کە وەکوو ژەهر کوشندەیە،

هیوای ئێمەش ئەم بەختەوەرییە حیزەیە،

کە هەموومان بۆی وەستاوین و دەمانەوێ بگەین پێی.

بەڵام هەمووشمان دەزانین هیچ بەختەوەرییەک بوونی نییە

لەودیوە ناخی خۆمانەوە.

لە ناخی خۆمان بترازێ،

بەختەوەری لە هیچ کوێیەک نادۆزینەوە!

دەبێ لە خۆماندا بۆ بەختەوەری بگەڕێین.

وا دیارە خەڵکەکە کەمێک سەرسامبوون بە کابرا و قسەکانی، بەڵام هەموویان دوای چەند خولەکێک تێڕامان، ڕوویان لێ وەرچەرخاند و دووبارە لە چاوەڕێی پاسەکەدا وەستانەوە. کاتژمێر وا دەبوو بە شەش و نیو، کڕێوەیەکی ساردی هەڵکردبوو، دیاربوو بەتەمایە ئەو شەوە بەفر ببارێنێ. من کە ملپێچێکی قاوەیی و باڵتۆیەکی بێجی و پانتۆڵێکی ڕەشم لەبەردابوو، دەستم لەناو گیرفاندابوو و خەریکبوو ڕەق دەبوومەوە. شاعیرەکە هەر دوای گوتنی شیعرەکەی ئەوێی بەجێهێشت و سەری خۆی هەڵگرت، بەڵام هێشتاکە خەڵکی زۆر لێماوە و منیش لەنێوانیانم. وردە وردە کات درەنگتری دەکرد و خەڵکیش ئیدی وەڕس بووبوون. کاتژمێر هەر دەڕۆی و منیش لەسەرماندا دەستم بەلەرزین کرد، تەماشای چواردەوری خۆشمم کرد تەنها ٢ کەسی لێماوە، سەیرێکی کاتژمێرەکەی دەستم دەکەم، خوایە وا کاتژمێر یازدەی شەوە! وردە وردە نائومێد دەبووم، بەجۆرێک ئیتر چووم لەسەر لەتە بلۆکێکی بەفراوی دانیشتم، قونم تەزی بەڵام گوێم پێی نەدا. هێدی هێدی بەفرم لەسەر هەڵدەنیشێ، خەویشم دێت، بەڵام خۆ ناکرێ بنووم، خۆ بەناخێری گیانم من چاوەڕێی پاسی بەختەوەری دەکەم. دوو کەسەکەشی لێ نەمان، ئێستاکە هەر خۆمم بەتەنیا. ئومێدێک لە سینەمدا هەمیشە چەکەرەی کردووە، هیوا بە ڕۆژێکی باش، هەمیشە لە سەرمدا بووە، بەڵام ئەوەتا خەریکە ئەو هیوایە لەناوم دەبات. وردە وردە لە سەرمان لێوم شین هەڵدەگەڕێ، پاسەکەش هەر نەهات، کاتژمێر وا دەبێتە دوازدە، ئیدی بێ ئومێد دەبم، بەڵام شتێک هەردوو قاچی بەستووم و ناهێڵێ بڕۆم، سەرماکەش ئەوەندەیکە قورسی کردووە. لەناکاو دێڕە شیعرێکی شاعیرەکەم بیر کەوتەوە کە دەیگووت:

لە ناخی خۆمان بترازێ،

بەختەوەری لە هیچ کوێیەک نادۆزینەوە!

دەبێ لە خۆماندا بۆ بەختەوەری بگەڕێین.

وا ئیتر جەستەی منیش سارد دەبێتەوە، وەکوو ساردی هیواکەی ناو دڵم، وەکوو بێزاری ژیانیشم، جەستەشم بێزاربوو، ئیتر چاویشم قورس بوو و پێم بەرز نەکرایەوە، یان ئەوەتا بۆ هەتایە دەنووم، یان ئەوەتا بە هۆڕینی پاسەکە بەخەبەر دێم.

بڵاوکردنەوە: