کامپ چییە؟

831
0
بڵاوکردنەوە:

جۆرجیۆ ئاگامبێن

وەرگێڕانی: محەمەد کامەران

(کامپ ئەو بۆشاییە کە کاتێک پەیادەبێت کە دۆخی لەناکاو دەبێتە ڕێسا.)

ئەو تاوانانەی لە کامپەکان ڕوویاندا لە سیاقە یاساییەکەی تاوان ڕەتیاندا، چونکە ئەو پەیکەرە سیاسیەی کە تاوانەکانی لە ژێردا ڕوویداوە بە وردی لێی نەکۆڵڕاوەتەوە. کامپ ئەو شوێنەیە کە قێزەونترین تاوانی تێدا ڕوویداوە دژ بە قوربانیەکان، بە جۆرێک کە کاریگەری لەسەر نەوەکانی دواتریش بەجێهێشتووە. لێرە من بە ئەنقەست لە ڕەهەندێکی پێچەوانەوە کۆنسێپتەکە شەنوکەو دەکەم: لە جیاتی ئەوەی پێناسەی کەم لە ڕووداوە پەیوەندیدارەکان هەڵنجێنم، ڕاستەوخۆ دەپرسم کەمپ چیە؟ ستراکتۆرە یاسایی و سیاسیەکەی چین؟ بۆ دەبێت ئەم ڕووداوانە لە کەمپەکان ڕووبدەن؟ ئەمە وادەکات کە بەرگە مێژووییەکەی بەری “کامپ” دابماڵدرێت و وەک ڕووداوێکی تێپەڕبوو سەیرنەکرێت، بەڵکو بەهۆیەوە تێڕامانێک گەڵاڵەبکەین بۆ ئەو بۆشاییە سیاسیەی تێیدا دەژین.

هەندێک مێژوونووس دەڵێن یەکەم کەمپی بە کۆمەڵ لە مێژوو لە ساڵی ١٨٩٦ لە کوبا لەلایەن ئیسپانیەکانەوە دروستکرا تا خەڵکی یاخیبووی کۆلۆنیەکە سەرکووتبکەن، هەندێکی تریش باس لەو کەمپە دەکەن کە ئینگلیزەکان “بۆیرەکان”یان تێئاخنیبوو لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ئەمەی لێرە گرنگە ئەوەیە کە، لە هەردووکیان، دانیشتووانی مەدەنی وڵات بوونەتە قوربانی شەڕی کۆلۆنیالی. بە واتایەکی تر، ئەو کامپانە دەرهاوێشتەی یاسایەک نەبوونە، جا یاسای زیندانیکردن بێت یان شتێکی تر، بەڵکو لێکەوتەی دۆخی هەڵاوێردە و حاڵەتی لەناکاون کە سوپا ڕژاوەتە ناو شارەکان. ئەمە ڕوونتر لە کامپی کارکردنی نازیەکان بەدیاردەکەوێت، کە وەک دەزانین لە یاسایەکی دیاریکراوەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، بەڵکو لەسەر ڕێکارێکی گرتن ڕۆنرابوو کە پرەشیەکان خوڵقاندیان و یاساناسە نازیەکان- بە بەهانەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی- زیندوویانکردەوە و بەکاریانهێنا. بەڵام سەرچاوەی ئەم ڕێکارە لەناو یاسای پڕوسیدا بۆ دۆخێک بەکاردێت کە دەوڵەت تێیدا ئابلۆقەدرابێت؛ ڕێکارەکە لە ٤/٦/١٨٥١ لە پڕەشا پەسەندکرا و دواتر لە ١٨٧١ بۆ هەموو ئەڵمانیا گشتاندنی بۆ کرا (بەدەر لە باڤاریا). هەروەها، یاسای پڕوسی لەسەر پاراستنی ئازادی کەسی، کە لە ١٢/٢/١٨٥٠ پەسەندکرا، ڕۆڵی هەبوو لە سیستەمی یاسادانانی نازیەکان سەبارەت بە پرسی کەمپەکان. 

تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان دۆخی هەڵاوێردە و کەمپە بەکۆمەڵەکان کۆمەکیەکی زۆر بە شرۆڤەکردنی سروشتی ئەو کامپانە ناکات. جێی گاڵتەیە کە “پاراستن”ی ئازادی کەسێک- هەروەک لەو یاسایانەدا هاتووە کە باسکران- بریتیە لەوەی ئەم یاسایە هەڵنەپەسێردرێت کە دۆخی لەناکاو دروستدەکات، لە هیچ بارودۆخێکدا. ئەمەی نوێیە لێرە ئەوەیە کە ئەم دامودەزگا دەوڵەتیەی ئەڵمانیا بە هۆی ئەم یاسایەوە ڕووخا کە خۆی دروستیکردبوو. کامپ ئەو بۆشاییە کە کاتێک پەیادەبێت کە دۆخی لەناکاو دەبێتە ڕێسا. لەناوەخۆیدا، دۆخی لەناکاو- کە خۆی حاڵەتێکی کاتیە کە تێیدا یاساکانی دەوڵەت هەڵدەپەسێردرێن- بۆشاییەکی لەباری دەوێت تا جێبگرێت و شوێن بە یاساکانی تر لەق بکات. کاتێک هیملەر لە مانگی ٣ی ١٩٣٣- لە دەمی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی بوونی هیتلەر بە ڕاوێژکاری ڕایخ- بڕیار دەدات کە “کەمپی بە کۆمەڵ بۆ زیندانیانی سیاسی” دروستبکات لە “داچاو”، ڕاستەوخۆ ئەو کەمپە دەڕواتە ژێر ڕکێفی هێزەکانی “ئێس ئێس”، و بەهۆی  یاسا پڕوسیەکەوە لە بەندوباوەکانی یاسای سزادان و زیندانیکردن دەرچوو. “داچاو” و کەمپەکانی تری وەک بەچینوالد و لیتچینبێرگ و ساشنهاوسێن، بەردەوام لە کاردابوون: ژمارەی نیشتەجێکراوانی ئەم کەمپانە لە گۆڕاندابوون (بە تایبەتی لە نێوان ١٩٣٣ و ١٩٣٧، بەرلەوەی پرسی جووەکان بێتەگۆڕێ)، تەنانەت وەختێک بۆ ٧،٥٠٠ کەس دابەزی. هەرچۆنێک بێت، دیاردەی کەمپەکان بوو بە واقعێکی لکێندراو بە ئەڵمانیا. 

دەبێت پتر لە پارادۆکسی کامپ وەک بۆشاییەکی هەڵاوێردە بکۆڵینەوە: کامپ لەسەر پارچەیەک زەوی دروستدەکرێت کە دەسەڵاتی دادوەری نایگرێتەوە، سەرەرای ئەمەش، بۆشاییەکی دەرەکی نیە. بە گوێرەی مانا ئیتیمۆلۆجیەکەی چەمکی “exception”-هەڵاوێردەیی، ئەوەی لە کامپ شوێنی نەبێتەوە دەبێت لە دەرەوە دەستبەسەربێت، واتە ئەوەشی بە پێی یاسا بگیرێت لە دۆخی لەناکاودا گیراوە. بە واتایەکی تر، ئەگەر دەسەڵاتێک سەروەری خۆی، تا ئەوپەڕی، بە ڕاگەیاندن و لابردنی دۆخی لەناکاو پراکتیزە بکات، ئەوا کامپ ئەو بۆشایەیە کە دۆخی لەناکاو بە زەقترین شێوە تیایدا بەرجەستە دەبێت. هانا ئاردێنت جارێک گوتی کە، ئەوەی لە کامپ دەبیندرێت ئەو پرەنسیپەیە کە پشتیوانی لە بارتەقای تۆتالیتاری دەکات تا لە هەموو شتێک دەستی کراوە بێت، کە ئەمەش شتێکە عەقڵ وەریناگرێت. ئەمەش تەنیا چونکە کامپ بۆشاییەکی هەڵاوێردە دروستدەکات- بۆشاییەک کە یاسا تێیدا تەواو هەڵدەپەسێردرێت و دەوڵەت دەتوانێت هەموو شتێک بکات. هەر کەسێک ئەم ستراکتۆرە سیاسی و یاساییەی کامپەکان تێنەگات- کە ئەرکەکەی بریتیە لە بەرجەستەکردنی تەواوی دۆخی لەناکاو- ئەوا ناتوانێت لەو ڕووداوانە تێبگات لەناوەوەی کەمپەکان ڕوویانداوە. ئەو خەڵکەی چوونە نێو کامپەکانەوە داخڵی زۆنێک بوون کە دەکەوێتە نێوان زیندان و ئازادی- واتە دۆخی لەناکاو و سەرەوەری یاسا، حەڵاڵ و حەرام- هەرچۆنێک بێت، لە هەموو مافێکی یاسایی بێبەشکرابوون. سەبارەت بە جووەکانیش بەتایبەت، ئەوان بەر لە کامپەکان مافی هاوڵاتیبوونیان لە ژێر یاساکانی نورەمبێرگ لێ سەندرابۆوە و لە سەروبەندی “چارەسەری کۆتایی”، بە یەکجاری لە شوناسی نەتەوەیی داشۆران. ئەمە بەلایەک کە دانیشتووانی کەمپەکان لە هەموو مافێکی سیاسی بێبەشکران و بۆ ژیانی ڕووت کوتران، کامپ بۆشاییەکی ژین سیاسیە بە مانا ڕەهاییەکەی- بۆشاییەک کە تێیدا هێز ڕووبەڕووی ژیانێکی بایۆلۆجی داماو دەبێتەوە و هیچ نێوەندگیرێکیش نیە. کامپ خۆی پارادیمێکی بۆشایی سیاسیە لە پنتێکدا کە سیاسەت دەبێت ژین سیاسی، و homo sacer جیاوازی نابێت لەگەڵ هاوڵاتیدا. بۆیە لێرە پرسیارە بەجێیەکە ئەوە نیە کە چۆن دەکرێ تاوانی وەها قێزەون لە دژی مرۆڤ ئەنجامبدرێت، بەڵکو ئەوەیە چۆن دەبێت مرۆڤ وەها مافە سیاسی و یاساییەکانی لێ زەوت  بکرێت، بە جۆرێک کە هەرچی بەرامبەربکرێت بە تاوان هەژمارنەبێت

ئەگەر بێتو جەوهەری کامپ بریتیبێت لە بەرجەستەکردنی دۆخی لەناکاو و دروستکردنی بۆشاییەک بۆ ژیانی ڕووت بەم جۆرە، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئێمە هەردەم لەبەردەم هەڕەشەی پەیدابوونی کامپداین کاتێک هەلومەرجی لەم چەشنە دێنە پێش؛ جا لە هەر شوێنێک بێت یان تاوانەکە هەرچیەک بێت. کاتێک پۆلیسی ئیتاڵی لە “باری” کۆمەڵێک کۆچبەری نایاسایی ئەلبانیان لە گۆڕەپانێکی تۆپی پێ داڵدەدا لە ساڵی ١٩٩١ بەر لەوەی بیانێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، دووبارەبوونەوەیەکە بۆ حاڵەتی کۆکردنەوەی جووەکان لە “ڤیشی” بەرلەوەی بیانێرنەوە بۆ ئەڵمانیا لە نزیک سنوورەکانی ئیسپانیاوە لە ساڵی ١٩٣٩، ئەوکاتەی ئەنتۆنیۆ ماکادۆ مرد. کامپەکانی ئێستای فەڕەنساش کە ئەو پەنابەرانەی  لێ ڕادەگیرێت کە داوای مافی پەنابەری دەکەن هەرواسا. لە ڕیزی ئەم نموونانەدا، هۆتێلی “ئەرکەید” نزیک فرۆکەخانەی پاریس، بۆشاییەکی تێدا خوڵقێندراوە کە ڕۆڵی یاسا تێیدا هەڵپەسێردراوە، واتە هەر شتێک بکرێت کەس بەرپرسیارەتی هەڵناگرێت، ئەوەی دۆخەکەی ڕاگرتووە تەنیا ئەخلاقی مەدەنیانەی ئەو پۆلیسانەیە کە ڕۆڵی سەروەری دەوڵەت دەبینینن لەو بۆشاییەدا. ئەم ڕەوشە زۆرجار بۆ چوار ڕۆژ درێژە دەکێشێت بەرلەوەی پەنابرەکان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسی بکرێن. زۆرێک لە گەڕەک و ناوچەکانی هەندێک لە شارە پۆست-پیشەسازیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان خەریکە پێدەنێنە نێو ڕەوشێکی وەها.

لەم بۆتەیەوە، لەدایکبوونی کامپ لە سەردەمی ئەمڕۆدا دیاردەیەکە کە بۆشایی سیاسی مۆدێرنە دەردەخات. ئەم گەڵاڵەبوونە کاتێک دەکرێت کە سیستەمی سیاسی دەوڵەتە-نەتەوەی مۆدێرن- کە لەسەر پەیوەندیەکی پتەو لە نێوان سنووری جێگیر (خاک) و دەسەڵاتی جێگیر (دەوڵەت) دادەمەزرێت و شوناسی نەتەوەیی بە ڕۆڵەکانی دەدات- تووشی قەیرانێکی هەمیشەیی دێت و دەوڵەت بڕیاردەدات کە خۆی ئەرکی ڕێکخستنی ژیانی بایۆلۆجی نەتەوە دەگرێتە ئەستۆ. بە واتەیەکی تر، ئەگەر ستراکتۆری دەوڵەتە-نەتەوە لەسەر سێ شت ڕۆنرابوو- خاک و دەسەڵات و لەدایکبوون- ئەوا هەڵوەشانەوەی یاسا و عورفی کۆن، هەروەک کارل شمیت دەڵێت، لەو دوو پێکهاتەوە نابێت کە دەوڵەتیان دروستکردووە (خاک و دەسەڵات)، بەڵکو کاتێک ڕوودەدات کە ژیانی ڕووت دێتە نێوان ئەم دوو پێکهاتەوە (کاتێک لەدایکبوون نەتەوە دروستدەکات). شتێک هەیە لە میکانیزمە نەریتیەکاندا کارناکات تا ئەم پێکەوەلکانە بەرجەستەبکات، و تاکە چارەی پەنابارەکە ئەوەیە لەڕێی کامپەوە داخڵی ئەم کەلتوورە ببێت. جێی سەرنجە بڵێین دروستبوونی کەمپەکان هاوکاتبوو لەگەڵ گەڵاڵەبوونی یاسای نوێی هاوڵاتیبوون و یاسای لێسەندنەوەی شوناس (بە تەنیا یاساکانی نورەمبێرگ لەناو ڕایخ-دا نا، بەڵکو تەواوی ئەو یاسا پەیوەندیدارە ئەوڕوپیانەی لە نێوان ساڵی ١٩١٥ و ١٩٣٣دا دەرچوون). دۆخی لەناکاو، کە دەبوو خۆی هەڵپەساردنێکی کاتی یاسا و ڕێساکان با، هەنووکە بۆتە نەخشەسازیەکەی پتەو بۆ بۆشاییەکی تایبەت کە تێیدا کەسانێک (ژیانی ڕووت) هەن دەیانەوێت بێنە ناو کەلتوورێکی ترەوە. بۆشاییە هەردەم لە فراوانبوونەکەی نێوان ژیانی ڕووت و دەوڵەتە-نەتەوە ڕاستی ژیانی سیاسی ئێستامان دەردەخات، و ئێمەش لەوپەڕی بێ ئومێدیەوە پێیدەڵێین “کامپ”. بۆ دەسەلاتێک کە مافی مانەوە بۆ خەڵکی تر دەسەبەرناکات (ئەوە لە دۆخی لەناکاوە کە تێیدا یاسا هەڵپەسێردراوە)، دەبێتە خاکێک کە هیچ یاسا و دەسەڵاتێک تێیدا سەروەر نیە (ئەوە کامپە وەک دۆخێکی لەناکاوی هەمیشەیی). ئیدی لێرەوە سیستەمی سیاسی فۆرمەکانی ژیان و عورفە یاساییەکان ڕێکناخات لە بۆشاییەکی هەمیشەییدا؛ بەڵکو دۆخێک دەخولقێنێت کە تێیدا تەواوی فۆرمەکان و عورفەکان بەرزەفت بکرێن. ئەم حاڵەتە ماتریکسێکی شاراوەیی ناو سیاسەتی سەردەمە، و ئێمەش دەبێت لە هەموو قۆناغێکی گەشەکردنیدا بە وردی ئاگامان لێیبێت. کامپ چوارەم پێکهاتەی دروسبوونی دەوڵەتە-نەتەوەیە لە دوای نەتەوە و دەوڵەت و خاک؛ و هەروەها هەرگیز لێی جیانابێتەوە. 

ئێمە دەبێت لەم بۆتەیەوە لە دووبارە دروستبوونەوەی کەمپەکان بڕوانین، فۆرمێک کە تەنانەت لە خاکی یۆگۆسلاڤیای پێشوو زەقتر و توندترە. پێچەوانەی ئەوەی هەندێک چاودێر بۆی دەچن کە دیاردەی کەمپەکانی ئەمڕۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستەمی سیاسی کۆنە بە گوێرەی هەلومەرجی ئیتنیکی و سنووریی تازەوە-واتە دووبارەبوونەوەیەکە بۆ بناغەدانانی دەوڵەتە نەتەوەی ئەوڕوپی- من پێم وایە ئەمەی لەکەمپەکان ڕوودەدات ڕووشانی یاسا و عورفە کۆنەکانە و دووبارە داڕشتنەوەی ژیانی مرۆڤەکان و دانیشتووانە. بۆیە کاتێک نازیەکان- لە چوارچێوەی “چارەسەری کۆتایی”دا- ژنانی جوولەکەیان دووگیاندەکرد، تا پرەنسیپی “لەدایکبوون” لە چوارچێوەی دەوڵەتی مۆدێرندا پێناسەبکەنەوە. هەنووکە ئەم پرەنسیپە بۆشە و بەهیچ جۆرێک پراکتیزە ناکرێت، بەڵام هەردەم ئێمە دەبێت چاوەڕێی کردنەوەی کامپی نوێ و شێوازی تازەی ژیان لە شارەکاندا، بین. لەمڕۆدا، کامپ عورف و یاسای ژین سیاسی نوێیە لە جیهان. 

سەرچاوە:

  • Agamben, Giorgio. Means without End: Notes on Politics, tr. Vincenzo Binetti and Cesare Casarino, University of Minnesota Press, Minneapolis, 2000; Mezzi sensa fine, Bollati Boringhieri, 1996. (ME)
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: