ئەو هەڵانەی لەڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلیدا بینیم

1307
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: مووهەنەد شەلال

بەشی یەکەم

بەختیار عەلی یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ڕۆمانەکانی لەڕووی هونەری نووسینەوە لەئاستێکی بەرزدایە و توانیویەتی جوانتر لەواقیع (کەتوار) ژیانی مرۆڤی کوردمان پیشانبدات لەدەیەکانی ڕابردوودا بەهەموو خۆشی و ناخۆشییەکانەوە ، نەک هەر ئەوەندە بگرە تەنیا نووسەری کوردی ئەم سەردەمەیە کە لەسەرووی پێشبینییەکانەوەیە .

دیارە ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی ) دواهەمین ڕۆمانی بەختیارە کە باسکردنێکی کارەساتاوی مرۆڤی کوردە لە باکوری کوردستان ، باسکردنی دڵڕەقی و دڕندانەی دەستەڵاتی تورکە ، باسکردنی لەناوبردنی کورد و زمانەکەیەتی ، ناوبردنی کوردە بە دێو و درنج و کێویی ، هەوڵی سڕینەوەی زمانە ، زمانێک کە مەئموورەکانی تورک بە زمانی قەلەباچکە ناوی دەبەن . ئەم ڕۆمانە هۆنینەوەیەکی جوانە لەڕووی ئەدەبی و فیکری و سیاسی و هونەرییەوە ، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ لەسەری بوەستم هەندێک هەڵەی زمانی و ڕێنووسە کە نووسەر دەبوو پێداچوونەوە و هەڵەچنی پێدابکات و وردتر بوایە .

سەرەتا لەو هەڵانەوە دەستپێدەکەم کە بەهەڵەی چاپ و ورد نەبوونی نووسەرەوە ناوی دەبەم :

( کوتوپڕ ــ ل 8 ــ کتوپڕ / لەکویادا ــ ل 9 لەکوێدا / بێدەنگەی ــ ل 17 و 126 ــ بێدەنگی/ ترسۆیانە ــ ل 27 ــ ترسنۆکانە / جەشن ــ ل 37 ــ چەشن / دەگا ــ ل 82 ــ دەرگا / چووزانم ــ 109 ــ چوزانم / ڕۆشنکردبووە ــ 136 ــ ڕۆشنکردبووەوە / بەیادا ــ ل 142 و 286 و 477 ــ بەیاددا / بۆ سەیرکۆبوونەوە ــ ل 148 ــ بۆ سەیری کۆبوونەوە / بۆ مردوەکانیان دەلاوێننەوە ــ ل 151 ــ بۆ مردووەکانیان دەلاوێنەوە / متمانەی ــ ل 195 ــ متمانە / خەیاڵت ــ ل 206 ــ خەیاڵتەوە / نەدەپەڕێیەوە ــ ل 207 ــ نەدەپەڕییەوە / بکات ــ ل 232 ــ بکاتەوە / ڕفتار ــ ل 241 ــ ڕەفتار / زەوییەی ــ ل 285 ــ زەوییە / کانتینی شێتخانەکە ــ ل 339 ــ کەرەنتینی شێتخانەکە / پۆڵایینەوە ــ ل 302 ــ پۆڵاینەوە / موحافەزەکارتر ــ ل 290 ــ موحافزکارتر / پێکەوە هەینی و بۆنەکانیان ئاهەنگدەگێڕا ــ ل 302 ــ پێکەوە لەهەینی و بۆنەکاندا ئاهەنگیان دەگێڕا / قەبووڵکردوە ــ ل 269 ــ قبووڵکردووە / تاکە هونەرێکی ببێتە لێدان و دروستکردنی ساز ــ ل 308 ــ تاکە هونەر کە فێری بێت لێدان و دروستکردنی سازبوو / جەوهەر بۆ سیزاری ڕوونکردەوە ــ ل 315 ــ جەوهەر بۆ گریگۆریۆسی ڕوونکردەوە / ناچێتە عەقڵم ــ ل 320 ــ ناچێتە عەڵمەوە / من وەک یەکێک ئەندامی گورگەبۆرەکانم ــ ل 320 ــ من یەکێکم لەئەندامانی گوڕگەبۆرەکان /لەشیرین خەودا ــ ل 322 ــ لەشیرینی خەودا /خۆشباوەڕی گەمژەییە ــ ل 348 ــ خۆشباوەڕی گەمژەیەتییە / پیاگەیشتووەکان ــ ل 356 ــ پێگەیشتووەکان / بەڕاستە ــ ل 373 ــ بەڕاستتە / بژی ــ ل387 ــ بژیین / سەرەک وەزیران ــ ل 608 ــ سەرۆک وەزیران / خراپتری ــ ل 617 ــ خراپترین / فێربویت ــ ل 618 ــ فێربوویت / بیبستین ــ ل 626 ــ بیبیستین / خزمتکارەکان ــ ل 464 ــ خزمەتکارەکان / بەپێی دیدەم شاهین ــ ل 472 ــ بەپێی قسەی دیدەم شاهین ــ نایەنەوێت ــ ل 565 ــ نایانەوێت ــ مانەوایەتی ــ ل 589 ــ مانەوەیانی / ژەهراوییکرد ــ ل 522 ــ ژەهراویکرد / زر ــ ل 527 ــ زۆر / لەو جێگایەنەدا ــ ل 621 ــ لەو جێگایانەدا / کوردییشن ــ ل 538 ــ کوردیشن / بژیت ــ ل 531 ــ بژییت / شاردویاننەتەوە ــ ل 586 ــ شاردوونیانەتەوە / چند ــ ل 625 ــ چەند / ترک ــ ل 683 ــ تورک / بێوچاو ــ ل 664 ــ بێوچان / دەرگای دەستشۆرییەکە ــ ل 6 ــ دەرگای دەستشۆرەکە / نوشووستی ــ ل 483 ــ نووشستی / بادووربکەوێتە ــ ل 624 ــ با دووربکەوێتەوە / دوێت ــ 400 ــ دەوێت / زردەخەنە ــ ل 603 ــ زەردەخەنە / لەهەمووانی ڕووانی ــ 609 ــ لەهەموانی ڕوانی )

{ئەو هەڵانەی لە ڕۆمانی(داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلیدا بینی}

بەشی دووهەم

جگە لەو هەڵانەی لەبەشی یەکەمی پێداچوونەوەکەمدا ئاماژەم پێکرد لە ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی) دا ، چەندین هەڵەی ڕێزمانی دەبینرێت . یەکێک لەو هەڵانە نووسەر لەکاری ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندندا کردوویەتی [ کە یاسای دروستبوونەکەی بەم شێوەیەیە (قەد + پاشگری “وە ، ووە” ) ] ، بەڵام نووسەر بە ئارەزووی خۆی ئەم ڕێژەیەی بەکارهێناوە لەزۆر شوێندا پاشگری (وە)ی لەگەڵ ئەو قەدی کارانەدا بەکارهێناوە کە بە(د) کۆتاییان دێت لەکاتێکدا دەبوو پاشگری ( ووە ) بنووسێت ، یان پاشگری (ێتی) نووسیوە کاتێک کە لەگەڵ ئەم ڕێژەیەدا جێناوی لکاوی کەسی سێیەم بەکارهاتووە . هەندێکات پاشگری (ۆ) بەکارهێناوە لەگەڵ ئەو قەدی کارانەدا کە کۆتاییان بە (ت ، د ) هاتووە یان ئەو کارانەی داڕێژراون بەهۆی پاشگری (ەوە)وە لەکاتێکدا دەبوو (وو) بەکاربهێنێت ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار بەشێوە ڕاستەکەشی بەکاری هێناوە . لەم نموونانەدا ئاماژە بەو تێبینییانەی سەرەوە دەکەم :

(کردوە ــ ل 13 ــ کردووە ، خواردوە ــ ل 13 ــ خواردووە ، بردوە ــ ل 17 ــ بردووە ، خەفاندوە ــ ل 141 ــ خەفاندووە ، مردوە ــ ل 14 ــ مردووە ، ناردوە ــ ل 181 ــ ناردووە ، نرخاندوە ــ ل 261 ــ نرخاندووە ، کاولکردون ــ ل 244 ــ کاولکردوون ، تۆپاندومانن ــ ل 245 ــ تۆپاندوومانن ، ژەندوە ــ ل 450 ــ ژەندووە ، گواستۆتەوە ــ ل 225 ــ گواستووەتەوە ، کردۆتەوە ــ ل 227 ــ کردووەتەوە ، هاتۆتە ــ ل 269 ــ هاتووەتەوە ، هێشتۆتەوە ــ ل 297 ــ هێشتووەتەوە ، بیرم لێکردۆتەوە ــ ل 323 ــ بیرم لێکردووەتەوە ، تاقی نەکردۆتەوە ــ ل 380 ــ تاقی نەکردووتەوە ، ناردوێتی ــ ل 242 ــ ناردوویەتی ، بیستوێتی ــ ل 269 ــ بیستوویەتی ، کردوێتی ــ 276 ــ کردوویەتی ، دزیوێتی ــ ل 376 ــ دزیویەتی ، بەخشیوێتی ــ ل 381 ــ بەخشیویەتی ، هێناوێتی ــ ل 450 ــ هێناویەتی ، توانیوێتی ــ ل 484 ــ توانیویەتی ، بەستوێتییەوە ــ ل 515 ــ بەستوویەتییەوە ، گرتوێتی ــ ل 357 ــ گرتوویەتی ، نوسیوێتی ــ ل 459 ــ نووسیویەتی ، تاشیوێتی ــ ل 432 ــ تاشیویەتی ، گووتوێتی ــ ل 434 ــ گووتوویەتی ، ناوێتی ــ ل 652 ــ ناویەتی ، قیژاندوێتی ــ ل 156 ــ قیژاندوویەتی ، توانیوێتی ــ ل 183 ــ توانیویەتی ، کوشتوێتی ــ ل 194 ــ کوشتوویەتی ، خوێندوێتییەوە ــ ل 368 ــ خوێندوویەتییەوە …هتد )

سەرەڕای ئەوەی لەچەندین شوێن بە دروستی ئەم ڕێژەیەی بەکار هێناوە ، بەوێنە : ( تێکچووە ــ ل 474 ، لەدایکبووە ــ ل 588 ، گووتووە ــ ل 611 ، ماویت ــ ل 670 ، بیستووە ــ 718 ) .

(ێتی) لەزمانی کوردیدا پاشگرێکی وشەداڕێژە و دەتوانین لەگەڵ زۆر وشەدا بەکاری بهێنین بەڵام ڕێژەی ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن دروستناکات ، بۆ نموونە ( برسیێتی ، چۆنیێتی ، بەرپرسیاریێتی ، ماندوویێتی ، ئەندامیێتی ، پیریێتی ، دیلیێتی ) ، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ئەم پاشگرە وەکو خۆی و لەجێگای خۆیدا بەکارنەهاتووە و لەگەڵ ئەم وشانەدا بەهەڵە بەکارهاتووە کە دەبوو پاشگری (ەتی ــ یەتی) بەکارهاتبا نەک (ێتی) ، بۆ نموونە :

(تەمەنێتی ــ ل 294 ، تەمەنیەتی ، پڕێتی ــ ل 467 ــ پڕیەتی ، ژیانێتی ــ ل 489 ــ ژیانیەتی ، باوکێتی ــ ل 541 ــ باوکیەتی ، لەبیرێتی ــ ل 372 ــ لەبیریەتی )

یەکێکی دیکە لە هەڵەکانی ناو ئەم ڕۆمانە کێشەی بەکارهێنانی دوو (وو) ە ، لەزۆر شوێن دەبوو وشەیەک بە دوو (وو) بنووسرێت ، بەڵام یەک (و) نووسراوە ، بە وێنە ( نوسیونی ــ ل 38 ، دەنوسی ــ 443 ، شوشە ل 38 و 436 ، موچە ــ ل 434 و … ، مێرو ــ ل 601 ، بچوک ــ ل 447 و … ، ئابرو ــ ل 438 ، مێرولە ــ ل 39 ، لەڕوداوێکی ترسناکدا ــ ل 436 ، هاوڵاتی ــ ل 128 و … ، گەردون ــ 136 ، ناونیشان ــ ل 137 ، ڕونکردنەوە ــ ل 246 ، پەپولە ــ ل 264 ، وێرانبون ــ ل 282 ، دانیشتوان ــ ل 282 ، دەرونی ــ ل 246 و … ، کون ــ ل 457 ، ڕوکەش ــ ل 458 و …، توتی ــ ل 460 ، نمونە ــ ل 463 ، تورەکە ــ ل 464 ، پڕوپوچ ــ ل 469 ، ڕوناک ــ ل 490 و … ، کونەپەپو ــ ل 493 ، جاسوس ــ ل 621 ، چارەنوس ــ ل 628 )

جا لەوانەیە کەسێک بڵێت : نووسەر بڕوای بەدوو (وو) نییە هەر بۆیە هەمووی بە یەک (و) نووسیوە ، نەخێر نموونەی زۆرم وەرگرتووە لەڕۆمانەکەدا کە بە دوو (وو) نووسیویەتی و ئەمەش هەندێک نموونە : ( جووتیار ـ 443 ، سنوور ـ 448 ، ڕوون ـ 458 ، زوو ـ 460 ، گووت ـ 461 ، ژوور ـ 464 ، چوو ـ 464 ، ڕوو ـ 464 ، ئەزموون ـ 465 ، جووت ـ 465 ، دوور ـ 465 ، سووتاند ـ 467 ، هەموو ـ 467 ، لووت ـ 468 ، سووکایەتی ـ 479 ، قووڵ ـ 499 ، نائاسوودە ـ 500 ، شووتی ـ 511 ، پشوو ـ 526 ، بێسوود ـ 601 )

{ ئەو هەڵانەی لە ڕۆمانی ( داگیرکردنی تاریکی ــ بەختیار عەلی)دا بینیم }

بەشی سێهەم و کۆتایی

هەر لەبارەی ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکی ــ بەختیار عەلی )وە لەم بەشەشدا چەند تێبینییەک دەخەمەڕوو لەبارەی زمان و ڕێنووسەوە .

نووسەر لەهەندێک شوێن دوو (یی) بە وشەکانەوە لکاندووە بەبێ ئەوەی پێویست بە (ی) دووەم بکات ، چونکە کاتێک (ی) دووەم دادەنرێ کە ببێتە ئامرازی دانەپاڵ یان جێناوی لکاوی کەسی سێیەمی تاک یان لەپێشەوە پیتی بزوێن هاتبێت یان سەرەتای بڕگە بێت ، بەڵام ئەم وشانەی من تێبینیم کردووە هیچ کام لەوانە نییە و نووسەر دوو (ی) پێوە لکاندوون و ئەمەش تەنیا پێویستی بە یەک (ی) هەیە نەک دوو ، ئەمەش ئەو وشانە و ژمارەی لاپەڕەکان : ( بەختەوەریی ــ 284 ، ناوەکیی ــ 287 ، شەڕانگێزیی ــ 289 ، پەیوەندیی ــ 318 و …، غەمۆکیی ــ 320 و … ، مەستیی ــ 349 ، زمانی کوردیی ــ 349 ، بەیانیانیی ــ 435 ، سپیی ــ 435 ، یارمەتیی ــ 436 ، یاخیییەکان ــ 442 ، بەردەوامیی 443 ، هەرچیی ــ 445 ، نەخۆشیی ــ 456 ، ڕەزامەندیی ــ 461 ، ناخۆشیی ــ 464 ، سەرییەوە ــ 467 ، یونانیی ــ 553 ، سیاسیی 563 ، کوردیی ــ 674 و … ، گەڕۆکیی ــ 496 ، دوودڵیی ــ 519 ، سەربازیی ــ 520 ، پێشوازیی ــ 534 ، لاوازیی 547 ، قانوونیی 472 ، هەواڵگریی ــ 480 ، یاریی 485 ، گۆرانیی 488 و … ، مەهدیی 488 و… ، کۆماریی ــ 383 ، دوژمنایەتیی ــ 389 ، نەرمیی ــ 392 ) هەروەها هەردوو وشەی ( هاوبەشییدەکرد ــ 205 ــ هاوبەشیی دەکرد / ژەهراوییکرد ــ 522 ــ ژەهراویی کرد) بەهەڵە نووسیوە و دەبوو بەجیا بیانووسێت چونکە جێناو کەوتووەتە نێوانیانەوە .

سەرەڕای ئەو هەڵانە ، هەڵەی پێکەوەلکانی وشەکان دەبینرێ کە هەمووکات پێویست ناکات وشە ناسادەکان پێکەوە بلکێنین ، بەتایبەتی ئەگەر جێناوی لکاو کەوتە نێوانیانەوە ، بۆ نموونە ( تێیانبگەێنێت ــ 23 ، بڵاویانبکاتەوە ــ 443 ، نەیانویستووە ــ 246 ، کۆمەکمبکەیت ــ 404 ، دەستنیشانیانبکات ــ 409 ، جیایانبکاتەوە ــ 409 ، وردتبکەن ــ 381 ، سەیریبکات ــ 380 ، چاویکردەوە ــ 153 ، لێمدەڕوانێت ــ 293 ، سەیریبکە ، ماندوویکردبێت ــ 383 ، بنزەوی ــ 459 ، پێیباش بوو ــ 622 ، وەڵاممبداتەوە ــ 451 ، بیریچووبووەوە ــ 453 ، لە ناویببەن ــ 602 ) بەڵام وشەکانی (بەڕێوە بچێت ــ 520 ، لێ کراو ــ 297 ) کە دەبوو پێکەوە بلکێنرێن ، نووسەر بەجیا نووسیونی و سپەیسی خستووەتە نێوانیانەوە .

هەروەها وشەکانی (هەمووان ــ ل 12 و 26 و 70 و 140 و … / بەرامبەر ــ ل 17 و 23 و 140 و … / پێشنیار ــ ل 21 و 170 و 182 و … / زگ ــ ل 142 و 394 و … ) ئەم وشانە لەناو سۆسیاڵ میدیا و کتێبی قوتابخانەکانیش بەهەڵە دەنووسرێن و کاک بەختیاریش لەڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیدا هەروا بەهەڵە نووسیونی ، چونکە (هەموان) ئاوا دەنووسرێ و لەدوو بڕگە پێک هاتووە و سەرەتای بڕگە نابێت پیتی بزوێن هاتبێت ، کەوایە (هەم ــ ووان) بەم شێوەیە هەڵەیە ، سەرەتای بڕگەی دووهەم دەبێتە پیتی بزوێن و بۆیە دەبێتە هەڵە ، بەڵام کاتێک بنووسین (هەموو) ئاوا دەنووسین چونکە لێرەدا دوو (وو) ناکەوێتە سەرەتای بڕگەوە. هەروەها هاوەڵکاری (بەرامبەر) بەم شێوەیە هەڵەیە ، چونکە وشەکە بەم شێوەیە دروستبووە : (بەر+ان+بەر) ئامراز یان ناوبەندی (ام) مان نییە لەزمانی کوردیدا هەرچەندە نووسەر (بەرابەر ــ 279) یشی بەکارهێناوە . (پێشنیار) یش دیسانەوە هەڵەیە چونکە (نیار) بێ واتایە و دەتوانین (پێشنیاز) بەکاربهێنین و (نیاز) لەزمانەکەماندا واتادارە و پێشتریش (د.کوردستان موکریانی) لەپۆستێکدا ڕوونی کردووەتەوە کە (گیو موکریانی) باوکی ئەم وشەیەی داڕشتووەوە بەهەڵە لەجیاتی (ز) (ر) دانراوە بەهۆی هەڵەی تایپێستی ڕۆژنامەی (کوردستان) ەوە . دەربارەی (زگ) یش ، ئەم وشەیە ڕاستە لەکاتی دەربڕیندا ئاوا گۆدەکرێت بەڵام لەنووسیندا بە (سک) دەنووسرێ و نابێت گۆڕانکاری دەنگی هەڵەی نووسین بهێنێتە کایەوە ، هەر لەم ڕۆمانەدا نووسەر لەلاپەڕە (626) بەدروستی نووسیویەتی .

وشەکانی (لە سەر ــ 465 / لە بەر ــ 354 / لە مە ــ 621 / بە رەو ــ 626 / بە پەلە ــ 471 / هەر دووکیان ــ 348 / هەر سێکیان ــ 585 / یەکەم جار ــ 621 ، هەر جارێک ــ 400 ) نووسەر لەهەموویاندا سپیسی داناوە کە پێویستی نەدەکرد چونکە دەبێت پێکەوە بلکێنرێن و زۆرجار ئەو وشانە گرێ دروستدەکەن ، هەرچەندە نووسەر هەندێکات (هەردووکیان ــ 617 ، هەرسێکیان ــ 590) ی بەم شێوەیە نووسیوە .

هەندێک هەڵەی دیکەی زمانی هەن لەم ڕۆمانەدا ، کە نەدەبوو نووسەر بیان کات ، بۆ نموونە ( مارشاڵ هەندێ جار بەتفەنگە تایبەتییەکەی خۆی ژن و مناڵ و پیرەکانی تیرباراندەکرد ــ 665 ) جوانتربوو لەجیاتی تیربارانکردن نووسەر (گولـلـە باران کردن) ی بەکارهێنابا ، چونکە تفەنگ فیشە و گولـلـە دەتەقێنێت نەک تیر ، هەرچەندە تیرباران لەوانەیە واتایەکی خوازەیی هەبێت لێرەدا بەڵام گولـلـەباران کردن جوانتر واتا دەپێکێت . لەجێگایەکی دیکەدا کاتێک (تاریق ئاکانسو) کەخۆی بەتەنیا دەچێت بۆ ڕاوکردن و کۆکردنەوەی ئێسک و پروسک نووسەر بە (کۆ) باسی کردووە ، نووسراوە ( ئاکانسوەکان کۆیاندەکەنەوە ــ 399 ) لەکاتێکدا دەبوو نووسرابا (تاریق ئەکانسو کۆیان دەکاتەوە) چونکە لەکۆشکی ئاکانسودا تەنیا (تاریق و عەلی ئیحسان) دەژیین و عەلی ئیحسانیش ناچێت بۆ ڕاوکردن و ئێسک کۆکردنەوە بۆیە دەبوو بە (تاک) نووسرابا . لە لاپەڕە (623) نووسراوە ( کەمێک بڵندتر لە دەرگای دا ) باشتربوو لەجیاتی بڵند (قایم) بەکارهاتبا چونکە لەناو کورددا بۆ لە دەرگا دان قایم بەکاردێت نەک بڵند . یان لە نووسراوە (زلەیەکی کەتەبوو ــ 537) جوانتربوو بنووسێت (زلێکی کەتە بوو ) . هەروەها نووسەر لەجیاتی هەویری ددان (دەرمانی ددان ــ 6 )ی بەکارهێناوە کەدیسانەوە ئەمەش هەڵەیە .

لەلاپەڕە (433) وشەی (قووڵ) دووجار هاتووە جارێک بە (قووڵایی) و جارێک بە (قوڵایی) گەرچی پێی دەچێ هەڵەی چاپ و پێدانەچوونەوە بێت ، بەڵام دەبوو بە (قووڵایی) نووسرابا .

سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەی بیانی هەندێک وشە بەکارهاتووە کە هاوواتایان لەناو زمانەکەدا هەیە و نووسەر دەی توانی بێ کێشە بەکاریان بهێنێت ، بۆ نموونە وشەکانی ( بیمارستان ــ 9 و … ، خەستەخانە ــ 10) ڕاستە خەستەخانە لەشاری سلێمانی بەکاردێت بەڵام نەخۆشخانە دەتوانێت جێگرەوەیەکی باش بێت و کاریگەریشی لەسەر هاودەنگی دروست نەدەکرد چونکە ئەم وشەیە لەگفتوگۆی کەسێتییەکاندا بەکارنەهاتووە و خەڵکی باکووری کوردستانیش بەکاری ناهێنن کە ڕووداوەکان لەباکووری کوردستانن . یان وشەی (چەکمە ــ 296) که لەجیاتی (پۆستاڵ و پووت و جزمە ) بەکارهاتووە ، ئەم وشەیە لەناو فارسدا زیاتر بەکاردێت و کوردی باشوور بەکارناهێنێت و نووسەر لەکاتی پەسنکردندا بەکاری هێناوە . یان (قاسید ــ 234 ، ولێ ــ 287 ) لەجیاتی (نامەبەر ــ بەڵام) بەکارهاتوون .

بڵاوکردنەوە: