وەکوو شاعیرێک باش ئیشی خۆم دەزانم

1511
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

شیعر دەهێنمە ناو واقعەوە،

واقع دەهێنمە ناو شیعرەوە،

وەکوو شاعیرێك باش ئیشی خۆم دەزانم…

زمان لە خۆمدا دەردێنم،

ڕەگەکەی لە سیاقیشدا وشک دەکەم،

وەکوو شاعیرێك باش ئیشی خۆم دەزانم.

جەنگی تۆ بەر لەوەی پەل بهاوێتە دەرەوە،

لە ناوەوەی خۆتدا دەستپێدەکات؛

من دەڵێم ئەم ژیانە زۆر ئاسانە بیدۆڕێنی،

سەختییەکەی لە بەدەستهێنانیدایە.

من جەنگەڵێکی پڕ لە خەیاڵ درووست دەکەم،

من ژیانێك درووست دەکەم بێ ناونیشان…

خەیاڵێک چیدی پێویستی بە مرۆڤ نەبێ وێنەی بکا،

ژیانێک چیدی ئیتر بانگمان نەکات.

ژوورەکەم پڕییەتی لە گۆڕ،

چونکە یادەوەریم باش نییە،

تەنها ناوی دووانییان دەزانم:

یەکییان وشەیە و ئەوی تریشییان هیوایە.

تۆ گەر ئەمجارە ویستت خۆت بکوژی

سەرەتا ژیانێک لە خۆتدا بنیات بنێ،

پاشان خۆکوشتنیش ئاساییە،

پاشان هەڵاتنیش ئاساییە.

ڕۆژانە خوێن دەبینم،

چاو دەبینم

دەست دەبینم،

ئەوەی کە نایبینم ئەو هەوا ساردەیە

جاران پێمان دەگوت خۆش ژیان.

خۆشیم لە چارەی کەس نایە،

ئەمجارە گەر ویستم یاخی بم…

پارە دەکەم بە قوڕگی هەمووتاندا،

یاخیبوون پێویستی بە پارەیە…

ئەوەی جێی داخە ئەوەیە

هەمووان دەزانن من بێپارەم.

ئەوینی من بۆ تۆ جوانە،

بەڵام وەک شاعیرێك،

کاری من ئەوە نییە باسی ئەوین بکەم لەم ڕۆژگارەدا،

جگە لەوەی ناشرینە بۆ من،

نزیکیشم دەخاتەوە لە ئەفسانە،

شاعیریش پێویستی بە ئەفسانە نییە.

شەو شاد ئەی ڕووناکی،

بەیانیت باش ئەی تاریکی،

ئێوە لە هەمووان باشتر من دەناسن…

هەر ئەوەش هۆکارە کە من جەنگتان لە دژ هەڵناگیرسێنم.

لە ڕاستییەک دەگەڕێم کە جاران بەدوایدا وێڵبووم،

لە خۆشییەک دەگەڕێم کە جاران هەمبوو.

بەنیازم شەرابێک ئاشنای خۆم بکەم،

شەرابێک ئاشنای خۆم دەکەم و پێی دەڵێم،

چیرۆکەکانی ژێر زەویم بۆ باس بکات…

من ئیتر تاقەتی سەر زەویم نەماوە!

بێزارانە ڕووەو ئەو هەنگاوانە دەجەنگم

کە بەرەو پووچێتیم دەبەن،

بەرەو تاریکی ئەو ژوورەم دەبەن.

من ئیتر تاقەتم نییە بژیم،

هەمیشە لە تۆفانێک هەڵاتووم

کە نازانم کێ هەڵیگیرساندووە…

بۆ خۆم ڕوو دەکەمە دڵی خۆم و

بۆ تاوێک دەنووم.

 

دیسەمبەری ٢٠٢٠

بڵاوکردنەوە: