بیرمەندی سەربەخۆ (بەشی دووەم)

820
0
بڵاوکردنەوە:

نیتچە، هایدێگەر و سلۆتەردایک

بەشی  دووەم

نۆربەرت بۆلتس

لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

((مەرجی فەلەسەفە لە ئەنتیکدا بریتی بوو لە  کات ئەوەی دەستت بەهیچەوە نەگیرابێت، واتە کاتی پەرژانەسەرخۆ ، لەچاخی ناوەڕاستدا بریتی بوو لە  کەشیشگەری ، کەچی لە مۆدێرنەدا بریتییە لە بەفەرمانبەریکردن.  هەڵبەتە تەنیایی بریتییە لەو نرخەی بە ئازادی دەدەین و لەبەرئەوەشە توانستی تەنیابوون بریتییە لە مەرجی ئازادبوون.))

هەڵبەت من خوازیاری ئەوە نیم لەوەدا زێدەڕەوی بکەم و بڵێم: لەدوامرۆڤەوە هەرگیز بیرمەندی سەربەخۆ و سەروەر دروست نابێت. هێندە هەیە ئەو تەنیا  کاتێک دەشێت فێر بێت بیرکردنەوە واتای چییە، کە میزاجە نێگەتیڤە گەورەکانی خەریکە ڕۆچنە خوارەوە. ئەوکەسەی بەترسەوە خۆی لەبەردەمی نیگەرانی وترسدا مەڵاس دەدات، ئەوە هێشتا متمانەی بە ئازایەتی خۆی هەیە بۆ وەڕسی ، ئەو ئەمەشی بەسە کە بەفەلسەفە جۆش وخرۆش بیگرێت. هەڵبەتە ڕێگەی سێهەم هەیە بۆ ڕۆیشتن بەرەو بیرمەندی سەربەخۆ، ئەو ڕێگەیەش بەرەو ڕاشکاوی Freimut ڕێنماییمان دەکات. من لێرەدا سەرەتا خەسڵەتەکانی بیرمەندی سەربەخۆ لەشێوەی نیگاری سەر تەختەدا دەرئەخەم و ئینجا دواتر لە شەڕەکەی خۆیدا لەگەڵ هەژدیهای دروستگۆیی سیاسیدا  Political Correctnessپیشانی دەدەم.

ئەوەشی پەیوەندی بە قسەلەڕوویی وڕاشکاوێتی بیرمەندی سەربەخۆوە هەیە،  ئەوەی، وەک نیتچە دەڵێت، بریتییە لە:<< نیگا ساردە مسۆگەرەکەی نرخاندن/ هەڵسەنگاندن>>. ژیان واتا نرخاندن و هەڵسەنگاندن، بەرەوپێشچوون و جیاوازی دروستکردن. لێرەوەیە نیتچە چەمکی بەهای خستۆتە چەقی بیرکردنەوە فەلسەفییەکەیەوە. ئەگەر بەهایەک بریتی بێت لە پێوەرێک کە مرۆڤ خۆی پێ ئاراستە و پێودانگ بکات، ئەوا ئەو دەبێت بنرخێنرێت، واتە دەبێت بخرێتە پێشەوەی ڕیزبەندی ئەوانیترەوە. لەتەماشاکردنی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبینین لێرەدا مەسەلەکە دەربارەی ئاسۆ نەخشاندنێکی پێوەربەخشەرە، واتە دەربارەی ناساندنێکی فەرماندەرە. کەواتە هەموو نرخاندن وهەڵسەنگاندنێک هەڵبژاردنێکی لەخۆگرتووە و، هەموو هەڵبژاردنێکیش پلەوپایەڕێکخستن و نایەکسانی وجیاکارییەک وەبەردەهێنێت، کە تێیدا هەر لایەنێکیان ئەویتر ژێردەستە دەکات و دوور دەخاتەوە. لە ئاکامی ئەوەشەوە بەشێوەیەکی تۆپزییانە نامۆدێرنەیەکی تیۆری ناسینی نیتچەییانە دەردەکەوێت. نیتچە باوەڕی بە شوێنگە پەسەندکراوەکان هەیە، واتە بە شکۆداری و بە چاوەکەی زەردەشت.

بەڵام لەمڕۆدا بیرمەندی سەروەر وسەربەست دەبێت ئەم نیگاکردنە سارد و دڵنیایەی نرخاندن بەجۆرێکی تر دەستەبەر بکات. بەدڵنیاییەوە ئێمە دەتوانین ئەوە لای پیتەر سلۆتەردایک ببینینەوە: بەڵام چۆن.

دیارە ئەو خۆسەلماندن Selbstbehauptung  وەکو خۆنیشتەجێکردن Selbstbehausung تێدەگات، هەروەها ئەو چیرۆکەی نیتچەش کە دەپرسێت: چۆن جیهانە ڕاستەقینەکە بووە خورافەیەک، ئەو وەکو ڕێنماییەک بۆ دۆزینەوەیەکی ڕیتۆریکییانەی جیهان دەیبینێت. لەمڕۆدا ئێمە ناتوانین هیچ کەسێک بەراورد بکەین بە سلۆتەردایک لەو هێزەی ئەو بۆ ناونان ومیتافەر پێدان هەیەتی. فەلسەفە نائەرگومێنتکارییەکەی و میتافەرە ڕەهاکانی ئەو بڕیارە پێشوەختەییە پڕ وێنەدارییانە دەدەن پێمان کە هەموویان پێکەوە تەواوی جیهان  بونیاد دەنێن. هەر کتێبێک لە کتێبەکانی ئەو هێرشێکە بۆسەر هێرشێکی چاوەڕواننەکراو. ئەگەر سلۆتەردایک شتێکی لە نیتچەوە وەرگرت بێت ئەوە ئەو خەسڵەتە بەگژداچوونەوەیەیە کە کردوویەتی بە فۆرمێکی فەلسەفی بۆ خۆی. ئاپرۆپۆس : << لێوەفێربوون>>. واتە هەموو بیرمەندێکی سەربەخۆ وسەروەر نموونەیەک و پێشڕەوێکی تایبەت بەخۆی دروست دەکات. ئێمە دەبێت بەمە ڕەچاوی ئەوە بکەین کاتێک لێرەدا سلۆتەردایک بە هایدێگەر ونیتچە بەراورد دەکەین.  ئەو هیچ جۆرە ترسێکی لە کارتێکردنەکان نییە و بەئاشکراش ئەو کاریگەرییانەی پیشان داوە.

دەرخستنی خەسڵەتەکانی بیرمەندی سەربەخۆ لەشێوەی نیگاری سەر تەختەمان تەواو کرد. با ئێستا بێینە سەر شەڕە هەژدیهاییەکانی ئەو.  بۆئەوەی وەسفێکی ئەوە بکەم، ڕەنگە پێویستم بە چەمکێک بێت کە تاڕادەیەک سافیلکانە دەزرنگێتەوە، چەمکی << ناکۆکبوونی ڕاستەقینە echten Nonkonformismus>>.  لەمەشدا ئەوە ڕوونە بەلامەوە، کە ئەو زۆر لەمێژە لەلایەن کۆکبوونی ئەویتربوونەوە زەوت کراوە، واتە لەلایەن ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن << بیرمەندی پێچەوانە  Querdenker>>.

تا ئەو مەودایەشی فەلسەفەیەکی ڕاستەقینە لەئارادا بێت، ئەوهەر بەبیرکردنەوەیەکی تەنیا و هزرینێکی ئازاد دەمێنێتەوە. بەڵام هەڵبەتە ئەویش بەدامەزراوەیی بووە و خزێنراوەتە ناو پارادیگماکانەوە و، گرێدراوی ستایلەکانی بیرکردنەوە بووە. ئەو جۆرە فەلسەفەیە ئەمڕۆ زۆربەی جار وەکو مەسەلەیەکی فەرمانبەری و بابەتی بواری زانستەکان دەردەکەوێت.  بۆیە لێرەوەیە کە زانکۆکان بەردەوام دەگۆڕێن بۆ جۆرێک دنیای ئامرازی سێهەم و دنیای هەڵسەنگاندنی خاتروخۆترانە و ڕووپاییکردنی درۆیینە. وەک ئەوەی لەڕۆمانەکەی ئێرنس یونگەردا هێلیۆپۆلیس باسی دەکات: << کە پرۆفیسۆرەکان فێری دابەشکردن دەکرێن>>.  مەرجی فەلەسەفە لە ئەنتیکدا بریتی بوو لە  کات ئەوەی دەستت بەهیچەوە نەگیرابێت، واتە کاتی پەرژانەسەرخۆ Muße ، لەچاخی ناوەڕاستدا بریتی بوو لە  کەشیشگەری Mönchtum، کەچی لە مۆدێرنەدا بریتییە لە بەفەرمانبەریکردن.  لەبەرئەوەیە بیرمەندی سەربەخۆ بەلای زاناکانەوە کارێکی گەوجانەیە و بەلای فەیلەسوفە زانکۆییەکانیشەوە شتێکی بێزارکەرە. بەڵام بەپێچەوانەی فەرمانبەرەکانی فەلسەفە و وزاناکانی خاترجەمیی و فیلۆسۆفانی فیکری سەردەمەوە، بیرمەندی سەروەر هەمیشە تاک وتاقانەیە. ئەو بوێری ئەوەی تێدایە بتوانێت بەتاقی تەنیاش لەوێدا ڕاوەستێت. هەڵبەتە تەنیایی بریتییە لەو نرخەی بە ئازادی دەدەین و لەبەرئەوەشە توانستی تەنیابوون بریتییە لە مەرجی ئازادبوون.

نا ــ کۆنفۆرمیزمی ڕاستەقینە بریتییە لە کرۆکی فەلسەفە و، پرسیاری << بیرکردنەوە چییە؟>> دەبێت پرسیار لە توانستە شیاوەکانی ئەم بیرەجیاکار و ناتەبایە بکات. بەهای بیروڕا جیاوازەکان  کەوتۆتە ناو جەرگەی ئازادییەوە. کەواتە ناـ کۆنفۆرمیزم/ ناکۆکبوون بریتی نییە لە گرفتێکی مەعریفی، بەڵکو بریتییە لە ئازایەتی ولە نیگەرانی. جاران مرۆڤ دەترسا لەوەی شتی نادروست بڵێت، کەچی ئەمڕۆ لەوە دەترسن بەهۆی بیروڕاکانیانەوە بە تەنیا بمێننەوە.

<< دەوڵەت بووە بە منارەی ڕێنماییکردنی پەروەردە و فێرکردن! >> . ئەمە بریتی بوو لە ڕستە توانجدەرو گاڵتەپێکەرەکەی نیتچە بۆ ڕقلێبوونەوە لە فیکر، بۆ نیگەرانی وترس لە فەلسەفە. ئەم ڕستەیە لەمڕۆدا زۆر هەنووکەییترە لەوساش، تەنیا ئەوە نەبێت کە لەمڕۆدا << منارەکە>> ناوی پروسیا نییە بەڵکو ناوی بروکسلە. لە بروکسلەوە ڕێنمایی بۆ ئەو کۆنفۆرمیزم و خۆگونجاندنە نوێیە دەردەچێت، کە بەشێوەیەکی سەیروسەمەرەش بە دژەواتاکەی Antonym خۆی ناودەنێت بە : پەرەپێدان وفراوانکردن Diversität. بۆ کەسێکی ئەوروپی باش هیچ شتێک لەوە سەنگینتر نییە کە ئازادی بیروڕای Meinungsfreiheit هەبێت. بوونی ماف لەسەر ئازادیبیروڕا و ئازادی قسەکردن وا دەکات بیروڕای لادەر و بیروڕای جیاواز بخاتە ناو چەقی بیرۆکەی ئازادییەوە. دەستەبژێری سیاسی ئەوروپی هەر زۆر زۆر لەم تێگەیشتنە دوورکەوتوونەتەوە. بەڕادەیەک  لەمڕۆدا بیروڕای لادەر لەڕەفتاری لادەر توندتر سزا دەدرێت. زۆربەی جاریش ئەم سزادانە بەسەر وتوێژەکاندا جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو دەرکردن وبێبەریکردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئێستا دەکرێت وا بیربکەینەوە کەوا هێشتا بیرکردنەوە کارێکی ئازادانەیە. بەڵام ئەوە شتێکی هەڵە وچەواشەکارییە لەو بڕوایەدا بین ئەو کەسەی هەقی نووسین وقسەکردنی دەدرێتێ، دەشتوانێت ئازادانە بیربکاتەوە. هیچ ئازادییەکی بیرکردنەوە نییە ئەگەر توانستی ئەوە لەئارادا نەبێت بیرلێکراوەکە بگەیەنینە ڕای گشتی. ئەمەش تەنیا بۆ ژمارەیەکی کەمی بنووسەکان دەست نادات، بەڵکو بگرە بۆ هەموو خوێنەرەکانیشە. ئازادی بیرکردنەوە بۆ زۆرینەی خەڵک واتای ئەوە دەگەیەنێت، توانستی ئەوەت هەبێت لەنێوان چەند ڕوانینێکدا یەکێک هەڵبژێریت کە لەلایەن کەمینەیەکی بچووکی قسەکەری گشتی و نووسەری گشتییەوە بڵاوکراوەتەوە.  لێرەوەیە بێدەنگ ـ کردنی بیروڕای لادەر وناباو خودی ئازادی بیرکردنەوەش لەناودەبات.

ئەو بیروڕا لادەرانەی دەوێرن لەو چەپاندنە هەڵبێن، لەلایەن سۆسیالەوە سزا دەدرێن.  لێرەدا مەسەلەکە هەر هەمان فەرمانی دادگای شاربەدەرکردنەکەی جارانە. (ئۆستراسیزم: لە گریکی کۆندا بریتی بوو لە ڕێکاری دەرکردنی فەرمانی دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا نەخوازراو بوون لەبەر جیاوزبوونیان، بەئەڵمانی Scherbengericht . ئەگەرچی نالێبوردەیی کۆمەڵایەتی لەمڕۆدا هیچ زیانێکی جەستەیی بە هیچ کەسێک ناگەیەنێت، بەڵام لەمڕۆدا ئەوەی جیاواز بیر بکاتەوە، یاخود دەبێت دەمامک بکاتە بەری بیروڕاکانی،  یان دەبێت واز لە ڕای گشتی بهێنێت.

وەکوتریش باشترین پێناسەکردنی دروستئارایی سیاسی( ئەم دەستەواژەیە political Correctness  لە تیۆری بیروڕای گشتیدا ڕۆڵیکی سەرەکی هەیە لەوەی  دەستەواژە و ڕەفتاری هەراسانکەر و ڕاسیستانە وفاشیزمانە بەکارنەهێنرێت کە ببنە مایەی سووکایەتی کردن بە خەڵکانێکی دیاریکراو. لەمڕۆدا جۆرە هەستەوەرییەک بەرامبەر هەموو کێشەکانی دنیا پەیدابووە کە مرۆڤ ناتوانێت ئازادانە شتەکان هەڵسەنگێنێت و بیروڕای خۆی دەربڕێت، ئەوەش بەهۆی پۆلیتیکال کۆررێتنێسەوەیە.وەرگێڕ.) لای تۆماس مان دەبینرێتەوە، کاتێک ئەو لەم نووسینەیدا << چەند تێڕامانێکی ناسیاسییانە>> : << ڕابوونەوەی فەزیلەت لەناو فۆرمێکی سیاسییانەدا، بریتییە لە دووبارە شیاوکردنەوەی مۆرالی دەرکەوتەی تیرۆرکردنی هەستی کۆماریخوازەکان، گەر بەیەک وشە بڵێین واتە: دوبارەبوژاندنەوە و ڕێنیسانسی یاکوبییەکان.>>. هەروەها مارتن لوتەریش ئامۆژگاری بۆ ئازادی ڕۆحانیەت لەبواری کۆیلایەتی سیاسی دەدا، بەمجۆرە ئێمە ئەمڕۆ لەبواری ئازادی سیاسییانەدا کۆیلایەتی ڕۆحانیەتمان هەیە.

وشە ئەفسووناوییەکانی وەکو << مولتیکولتوریزم>>،<< ڕێزگرتن>> و << پەرەپێدان وفراوانکردن>>. بەوە دەژین کە بە بیرلێنەکراوەیی بمێننەوە. چونکە تەنیا ئەگەر یەک کولتوری سەرەکی Ieitkultur هەبێت، ئەوسا مرۆ دەتوانێت خۆی بکاتە فرەکولتوری. مرۆ ناتوانێت بۆ بەهاکانیتر لێبوردە و تۆلێرانت بێت، گەر بەهایەکی تایبەت بەخۆی نەبێت بەرگری لێ بکات. مرۆ ناتوانێت بۆدەرەوە کراوە بێت، گەر بۆ خۆی خودهۆشیار نەبێت. من دەبێت بەوپەڕی هۆشیاریمەوە بۆ ئەلتەرناتیڤەکان، سووربم لەسەر بیروڕاکانی خۆشم. من ناشبێت ڕێز لەو شتە بگرم کە لە بوونی دەبوورم و بوونی دەبەخشم. چونکە تۆلێرانس بریتییە لە کەشی پێکەوەژیانی باوەڕەجیاوازەکان.

دروستگۆیی سیاسی بریتییە لە ڕۆشنگەرییەک وەکو خورافە: واتە تۆ نابێت  هیچ پێشداوەرییەکت هەبێت! هەموویان وەکویەک جیاوازن! لەمەدا ئاسۆکانی زەمەن تەواو دەبن هەروەکو لای ئاژەڵەکانی نیتچە کە بەزنجیر بە مێخی ساتەوەختەوە داکوتراون. هەموو ئەو شتانەی  لەڕووی مێژووییەوە دەکەونە پێشەوەی کولتوری دروستگۆیی سیاسییەوە، لەمڕۆدا وەکو پەرچەکردار دەبینرێن.

لێرەوەیە شتێکی زۆر قورسە بۆ ئەو کەسەی بەوە  بڵێت: << نا>>، چونکە شوێنگەی << ناـ وتن>> لەلایەن کۆنفۆرمیستەکانی جیاوازبیرکردنەوەوە داگیرکراوە. لەبەرئەوەیە ناـ وتنی مرۆڤە تاکاکان بەرلەهەموو شتێک دەشبێت بریتی بێت لە ناـ وتن لەدژی سنووردارکردن و لەقاڵبدانی پرۆتێستەکان. ڕەخنەش لەو ئاستەدا بزر دەبێت، گەر کردن و وتنی پێویست بە هیچ بوێرییەک نەکات. ئەمەش پارچەیەکە لە دیالێکتیکی ڕۆشنگەری: هاندانی ڕەخنەگرتن، واتە تێکدانی ڕەخنەگرتن. ئەو وتەیەی کریستیان ڤێرنیکە بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان دایڕشتووە، زۆر جوان بۆ ڕۆشنبیرە چەپەکانیش دەگونجێت: <<  ئاگری بن کا Störenfriede واتە ئاژاوەگێڕی مەراییکەر.>>. هەموو کەسێکیش حەزی لەوەیە. خودی کلوبەکەی ڕۆتاری( Rotary Club ڕێکخراوێکی خزمەتگوزاری ئینتەرناسیۆنالە بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی لە بواری ئیشی جیاجیادا کار دەکەن بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پێوەرێکی سیاسی ودینی.  ئەندامەکانی نزیکەی ملیۆن ونیوێک دەبن. کە لە ساڵی ١٩٠٥ ەوە لە شیکاگۆ دامەزراوە. وەرگێڕ.) بە پەرۆشەوە لە ئەندامەکانی دەپرسێت: <<ئایا ئێمە بیرمەندی دژ و پێچەوانە وەربگرین؟>> پێچەوانەبیرکەرەوە وەکو عەقلێکی نائاسوودە خۆی ئاسوودە دەکات. ئەو بریتییە لە فیگورێکی بیرجیاوازی ڕامکراو  domestizierten Dissens. ئەو بێ هیچ ترس و سڵکردنەوەیەک نوێنەرایەتی ڕای گشتی دەکات. زیندەبوار Biotopی ئەو بریتییە لە تۆکشۆکان Talkshow. وشەی Talkبە ئەڵمانی واتە   Geschwätz هەڵەوەڕی،چەلەحانێ، چەنەدان، هەر لەم میدیۆمەشەوە ئەو ئەفسوونی ڕۆحە نائاسوودەکەی بەرفراوان دەکات و هەروەها هەر لێرەوە هەموو کەسێک  ڕستەکانی خۆی بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: گەورەترین دوژمنی هەقیقەت بریتی نییە لە درۆ، بەڵکو بریتییە لە هەڵەوەڕی.

لەوکاتەوەی هاوڵاتیانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم زەوق و چێژیان لەناو ئەنتی هاوڵاتیبوونی بۆهیمییەتدا دۆزیوەتەوە، ئیتر کولتورەکەمان لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەئامێزانەمان بە بەهاگۆڕینی بەهاکان پێشکەش دەکات. ئاوەها تەنانەت خودی جیاوازییە بنەڕەتییەکەی نێوان ئۆرتۆدۆکسی و / هێرتیکی لەمێژە نیشانەکانیان گۆڕیوە. ئەمڕۆ هەموو یەکێک دەخوازێت ببێتە پێچەوانەبیرکەرەوە و ناباو دەرکەوێت، بگرە تەنانەت نائۆرتۆدۆکسیش بن، بەتایبەتی: نوێنەرانی کڵێسە. بگرە هەندێکیش دەیانەوێت نابیرۆکراتی ڕەفتار بکەن، بەتایبەتیش : بیرۆکراتەکان.

سیاسەت، پێچەوانەبیرکەرەوەکان ومەراییکەرەکان بۆخۆی گل دەداتەوە، لەپێناوی ئەوەی لەدژی هەموو بیرجیاوازێکی ڕاستەقینە بەرگری لەخۆی پێ بکات. هیچ شتێک هێندەی مرۆڤی بیرکەرەوەی سەربەخۆ ترس ناخاتە دڵی فەرمانڕەوایی دیموکراسی جەماوەری مۆدێرنەوە. جارێکیان نیتچە گووتی: مرۆڤی گەورە بێترسە لە ڕادەربڕین. ئەم ڕستەیە لە ئێستادا هەنووکەییترە لەوسا، چونکە لەمڕۆدا ڕایەکی لادەرانە توندتر کۆنترۆل دەکرێت لە هەر ڕەفتارێکی لادەرانە.

سیاسەتمەندەکان و میدیا پاشکۆکانیان بەتووڕەییەوە بەرپەرچی بیروڕا ناباوەکان دەدەنەوە. لەمڕۆدا جۆرێک لە ڕەوتی توندڕەو هەیە بەرامبەر بەو بیروڕایەی لە دروستگۆیی سیاسی لایدا بێت.

کەواتە ناکۆنفۆرمیزم کێشەیەکی زانینگەری نییە. بەڵکو شتێکە پەیوەندی بە بوێری و ترسەوە هەیە. ئەمەش لە مۆدێرنەدا سیفەتەکانیان شوێنیان گۆڕاوە. خەڵکی جاران لەوە دەترسان شتی ناڕاست بڵێن، واتە بیروڕای ناڕاستیان هەبێت. ئەمرۆ تەنیا لەوە دەترسن کە بیروڕاکانیان تەنیایان بخەن. کیەکیگورد ئەوەی ناونابوو << ترس لە تاک بوون>>. کارەکتەری دیموکراسی جەماوەری ئەوەیە کە تێماکانی بۆ گروپ وکۆمەڵ بن، وە نا ـ تێماکانیشی بۆ تاکەکەس و تاکگەر بن. بەگژداچوونەوەی ڕای گشتی و کۆمەڵ، سەرکێشییەکە هەموو کەسێک ئەو ئازادییە شک نابات خۆی پێ لەقەرە بات. لەم سەردەمەدا تاکبوون، واتە بێ ئیمان بوون. ئەوەی بخوازێت ڕند بێت، وەک کەسێکی ناکۆمەڵایەتی تێی دەڕوانرێت.

لێرەدا پێویستە ئێمە هەموو بوێرییەکمان بخەینە پاڵ یەکتری و ئەو تێزەیە پیشان بدەین، کەوا: گرنگترین شت لەژیاندا ئەو شتەیە کە بۆ هەموو کەس دەست نەدات، واتە: تاکایەتی، ناباوی. بۆ هەموو شتە بەهادارەکان ئێمە قەرزارباری مرۆڤە نائاساییە تاکەکانین. کەچی ڕای گشتی ناخوازێت دان بەوەدا بنێت. بۆیە شتێک نییە مایەی سەرسامی بێت، کە کەللـە هاکەزاییەکان چ مانایاک بۆ ڕەسەنایەتی شک نابەن. بۆیە ئەگەر یەک نموونەی ناکۆنفۆرمیزم/ ناکۆکایەتی بهێنینەوە، ئەوە خزمەتێکی باشمان کردووە، ناکۆک، واتە تاکێک کە کۆمەڵگەی مۆدێرن بتوانێت بیسەلمێنێت. ئاوەها بیرمەندی سەربەخۆ بریتییە لەو پاڵەوانەی کۆمەڵگەی مۆدێرن، کە بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ترسی گۆشەگیربوون وتەنیابوون دا.

مەسەلەکە  تەنیا لەپێناوی بوێری هەقیقەت و ئازادی <<نا>> گووتن دایە. لەمەشدا ئەو فەزیلە و ڕندییانەمان پێویستە کە بەڕێکەوت ئەنتیکانە نازرنگێنەوە، ڕندییەکانی وەکو: ڕاستگۆیی، قسەلەڕوویی، شەیدایی و پەرۆشی، زۆر بەتایبەتیش لاساری وسەرکێشی. لەناو پەرلەمانەکاندا و لەناو زانکۆکان و لەناو سەرنووسەرەکاندا بێهودەیە بەدوای ئەوانەدا بگەڕێین، چونکە دواجارئەوانە لەوێدا نادۆزرێنەوە .

چونکە لەمڕۆدا پلانەکانی هەڵکشانی پیشەییانە باش بەرگەی ئەو خەسڵەتە ڕندانە ناگرن. لێرەوەیە پێویستە هاوڕێیانی هەقیقەت  ئومێد بە دزێوی پیرەکان بخوازن. چونکە مرۆ تا پیرتر بێت، زیاتر دەتوانێت سەرسەختی بکات.

هەموو سەرسەختییەکیش لەسەرپێودانگی خۆی بەندە، هەر ئەمەشە کە ڕەفتارێکی سەرسەختانە بەتەواوەتی لە ڕەفتارێکی سەرشێتانە جیا دەکاتەوە. دەبێت زۆر بەباشی ئەمەمان لەبەرچاو بێت، گەر بمانەوێت ڕستەی << بوێری بۆ هەقیقەت>> بهێنینە دی. بەڵام ئایا پێودانگی سەرسەختیکردن بۆ ئازایەتی هەقیقەت وتن چۆن دەکرێت دروستبکرێت؟ ئەوەی کەمێک ئەزموونی ژیان و مرۆڤناسی شک بەرێت، ئەوە لەوەدا هیچ چەواشە نابێت. چونکە مرۆ ناتوانێت وا خۆی پیشان بدات کە بوێر و ئازایە، بەهەمانشێوەش ناتوانێت ترسنۆکییەکەی  بشارێتەوە. هەموو بیرۆکەیەکی ڕاستەقینە و زیندوو هێمایەکی گفتوگۆیی و وتووێژانەی هەیە. ئەوە تەنیا بیرۆکە مردووەکانن دەتوانن بەئاشتییانە پێکەوەبژین. لەبەرئەوەیە، بۆ فەیلەسوفی ڕاستەقینە ئەم ڕێسایە کارایە: من بیردەکەمەوە، کەواتە من دوژمنم هەیە.

بیرمەندی سەربەخۆ هێزی ئەوە شک دەبات دوژمنەکانی بخاتە نێو تووڕەییەکەوە کە ببێتە مایەی گێلکردنیان. ئەمەش بە پلەی یەکەم لەبەرئەوەیە، چونکە ئەو وەکو ڕاڤەکاری مرۆڤی سادەلەوح کار دەکات. بیریاری سەروەر بریتیە لە بەرەنگاربوونەوەی مۆرالیزمی سیاسییە ناشییەکان. بەم پێیە بوێری هەقیقەت دەربارەی ئازایەتی هەقیقەت، لەوێدایە کە << ئەو ترس ولەرزە تێک بشکێنیت کە لە ئەنجامی پەرچەکردارەکانەوە ڕووبەڕووت دەبنەوە>>. لێرەدا ئێمە دەبێت هاوڕای نەفتا  Naphta بین. شتێک کە کۆسپی بەردەم زۆرینەی ڕۆشنبیرەکانە لە ئەڵمانیادا، ئەوەیە بیر لەوە بکەنەوە کە ترسیان لەوە هەبێت وەکو بەرتەک Reaktonär تەماشا بکرێت.

هەموو عەقلێکی ژیر و هۆشمەند خەسڵەتێکی کاریزمایی هەیە. ئەمەش تاقە خەسڵەتێکە کە بەهیچ جۆرێک ناکرێت ببێتە شتێکی سێکولارییانە، لەبەر ئەمەیە شەپۆلە گشتییە سەرەکییەکە بەهەستیارییەوە بەرتەکی ئەوە دەداتەوە. با زۆر بەشێوەیەکی ئاسانتر بڵێین: ئەوە تەنیا کاریزمایە کە ناکرێت بکرێت بە مۆدە. ئەو لەدەرەوەی هەموو شتێکی باوی ڕۆژانەیی یە. ئەو خۆی لەناو ناتەباییبوونی پایەبڵندیدا مانیفێست دەکات لە دژی کارتێلی Kartell ی پلە مامناوەندی. بگرە بیریاری سەروەر بەتەنیا تابوی پایەبڵندی زامدار ناکات، بەڵکو هەروەها تابوی باڵاخوازیش Transzendenz.

بوێرییەکەی ئەو بۆ هەقیقەت، ئەو شوێنگەیە دەتەقێنێتەوە کە بریتییە لە ئیمانێنسێکی بێدەرچەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەر ئەوەش ببینین، کە چۆن << کۆمەڵگەی جیهان>> هەموو وشەیەکی بەرەنگاری، هەموو ئاماژەیەکی پرۆتێستکردن بێبڕانەوە دەخاتە نێو شوێنگە وڕۆڵی خۆیەوە، ئەوا دەبێت بگەینە ئەو بڕیارەی کەوا: ترانسێندێنس/تێپەڕاندن و باڵاخوازی لەمڕۆدا بریتییە لە تاکە چەمکێک کە قڵپکەرەوە و شۆڕشگێڕانە بێت. بیریاری سەربەخۆ نیشانە لە میتانۆیا(بیرگۆڕین)ی تاکەکەس دەگرێتەوە. فەرمانی دەداتێ: وەرگەڕێ، تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت، یاخود هەر هیچ نەبێت بیرکردنەوەت بگۆڕە.

ئێستاش ئەگەر ئێوە پێتان وابێت کە من  لەڕێی چەمکی << ڕۆحی ئازاد>>ی نیتچە و << پرسیاری بوون>>ی هایدێگەر و << قسەلەڕوویی>>ی بیرمەندی سەربەخۆوە، ئەمڕۆ شووڵەکەم بۆ فەیلەسوفێک بەرز هەڵکێشابێت، ئەوا تەواو هاوڕاتانم. وە دانی پێدا دەنێم کە: من نیگارێکی ئیدیالم کێشاوە، بەڵام لەبەرئەوەی شتەکە دەربارەی بیرکردنەوەیە لە تاکەکەسەکان، ئەوا هێندە بەسە گەر لەوێدا تاقە کەسێکیش هەبێت ئەو مەرجانەی بۆ ئەو کەسە ئیدیالە تێدا بێت. هەڵبەتە بەلای منەوە ئەو کەسەش تەنیا پیتەر سلۆتەردایکە.

نۆربەرت بۆلتس: لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ یەکێکە لە دیارترین فیلۆسۆف تیۆریسازی میدیا و کۆمیونیکاسیۆنەکان لە ئەڵمانیادا.  لەزانکۆی بێرلین وانەبێژی دەکات. لەژێر کاریگەری نیتچە وڤالتەر بەنیامین ومارشال مەکلوهان دایە. خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە سەبارەت بەو تێمایانە.

ئەم وتارەی بۆ هەفتا ساڵبوونی پیتەر سلۆتەردایک لە ٢٦/٠٧/٢٠١٧ نووسیوە. خوێنەر دەتوانێت لەسەر You Tube تەواوی وتارەکە ببینێت وببیستێت:

Norbert Bolz-von Morgenröten.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: