ئەدۆنیس

788
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

ئەی خۆری دەرکەوتووی نێو خوێن، ئایا دڵانی مرۆڤی وڵاتەکەم ڕۆشن ناکەیتەوە؟

ئەوە وێنەکەیەتی، لە مەرگدا وێنە و واتا یەکدەگرن.

ئایا وێنە لە چاوەکانتدا ھەیە، ئایا واتا لە دەروونتدایە؟

کەوابوو، مردن نییە، بەڵکو مردن ناوێکی تری ژیانە.

مێژوو پڕ بوو لە خوێن، ھەموو ئاڕاستەکان شمشێر بوون، تاکی عەرەبی لە دەوری بازنەیەکدا دەخوولانەوە کە لە ناوەندەکەیدا دەستەڵات و خێڵ بوونیان ھەبوو. بیرکردنەوەی تاک لە ئاییندا قەتیس مابوو، زمان پشتگوێ خرابوو. ئەوکاتە بوو کە ئەدۆنیس وەک شاعیر و ڕەخنەگرێکی کۆمەڵگەی عەرەبی دەرکەوت، سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ گووندی قەصابین لە سووریا، ئەوکات کە دەیویست نووسینەکانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بکاتەوە، بەھۆی ناوەکەیەوە سەنتەرەکانی بڵاوکردنەوە، بڵاویان نەدەکردەوە، تا ئەوکاتەی (عەلی ئەحمەد سەعید) گۆڕا بۆ (ئەدۆنیس) و نووسینەکانی بڵاو دەبوونەوە. ھەرچەندە لە سەرەتادا ئاستەنگەکانی بەردەمی زۆربوون بەڵام؛ بەردەوامی بەو ئیرادەیە دەدا، کە ئیشی لەسەر دەکرد. لە دوای ئەم وەرچەرخانە گرنگە، لە کاتی جەنگی سووریادا، ئەوکاتەی کە نەفیر عام ڕادەگەیەنرێت، پێنج خولەکی دەمێنێت ، دەربازی دەبێت و وەرچەرخانی دووەمی ئەدۆنیس دەست پێ دەکات. ھەروەھا یەکەم گۆڤاری شیعری دادەمەزرێنێت کە خاڵێکی گرنگ بوو بۆ کۆمەڵگەی عەرەبی. وەرچەرخانی سێیەمی ئەدۆنیس لە پاریس دەبێت و بەردەوامی دەدات بە تواناکانی لە پێناو زمان و شیعر.

لای ئەدۆنیس، شاعیری نوێخواز یاخوود داھێنەر، کەسێکە کە زۆر بە وردی ئاگایی لە شیعری میلەتەکەی ھەیە، و مێژووی خوێندۆتەوە و شارەزاییەکی باشی لە شاعیرانی کلاسیک ھەیە. لە زمانەکەشیدا شارەزایە و دەتوانێت داھێنان لە زمانەکەی خۆیدا بکات، ئەوکات شاعیری نوێخواز و داھێنەر بەدەست دێت.

ھەروەھا ئەدۆنیس پێی وایە کە ھەر شاعیرێکی عەرەب، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دەقی یەکەم (دەقی قوڕئان)، وەک دەقێکی ئەدەبی لێی بڕوانێت، ھەروەھا لەسەر ئاستی گشتی شارەزاییەکی وردی لەسەر ئەفسانە ھەبێت، بە تایبەت ئەفسانەی گلگامێشی خوێندبێتەوە، چوون لای ئەو ئەفسانەی گلگامێش یەکێکە لە دەقە ھەرە گرنگەکان، دەبێت بخوێنرێتەوە. ھەر لە بارەی ئەفسانەشەوە وەک؛ چۆن جۆزێف کامبڵ وەک دەروازەیەکی بوون باسی دەکات: ” زیادەڕۆی نییە، ئەگەر بڵێین ئەفسانە ئەو دەرگا نھێنییەیە وزەی جیھانی لێوە دەردەپەڕێت، ئەو وزەیەی کۆتای نایە و دەڕژێتە نێو دەریای کولتوری مرۆییەوە” (١).

لە دیدی شاعیرەوە کۆمەڵگەی عەرەبی تاکێکی بەرھەمھێناوە، حەزی بە پرسیارکردن نییە، ئامادەی وەڵامدانەوەیە. تاکی عەرەبی، تاکێکە دەرفەتی داھێنانی نییە، چوون ھەموو بیرکردنەوەکانی ئەو تاکە لە خاڵێکی ئاینییدا چەقی بەستووە. تاکێکی لاسایکەرەوەی بەرھەمھێناوە کە ” ئەوی دی” لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا “خۆرئاوا”یە. جێگەیەکە بۆ سەرسامبوون، زۆرینە بەکارھێنەرن وەک لە بەرھەمھێنەر. ھەروەک خۆی دەڵێت: ” من لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیم، وە بڵێی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە پلەی سفردا دەژیم. پلەی سفر بەو مانایەی ھەموو شتێک تیایدا پێویستی بە سەر لەنوێ  دەست نیشانکردن و سەر لەنوێ پیاچوونەوە، سەر لەنوێ کارکردن ھەیە”(٢).

شیعر دەبێت بریتیی بێت لە “ئەزموون”، بەو واتایەی کاتێک شاعیر باس لە بوونی خۆشەویستی دەکات، خوشەویستییەک بێ ئەزموون نەبێت و تەنیا بریتی بێت لە وشە، بەڵکو؛ دەبێت وشەیەک بێت کە ئەزموون کرابێت، لە لایەن شاعیرەوە گەرمییەک بە خوێنەر ببەخشێت. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت کە بڵێت پێویستمان بە چەمکی نوێ و ئایدیای نوێیە، بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی داھێنان و کردەی پێشکەوتن.

 

              “شیعر کەمووکوڕی دنیا تەواودەکات”

تاک لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا ھیچ کاریگەرییەکی نییە، ئەگەر ھەشی بێت، ئەوا پەراوێز دەخرێت یاخوود نەیارەکانی تووشی ناڕەحەتی و ترسی دەکەن. ئەدۆنیس یەکێکە لەو شاعیرانەی ھیچ کات حەزی بە وشەی “من” نییە، نایەوێت بڵێت من ئەوەم کردووە یاخوود من ئەوە بووم، ھەرکات بە ناچارانە باسی خۆی بکات شەرم دەیگرێت و سەر کوڵمەکانی سوور ھەڵدەگەڕێت. نەوەکانی ئەدۆنیس بە ھەمان شێوەی خۆی، کەسانێکی درەوشاوەن، نینار ئیسبەر کە کچی ئەدۆنیسە و خاتوونێکی شێوەکارە، یەکەم کتێبی بە ناوی “شەوی یەکەم” بە چاپ گەیاندووە، خاوەنی یەکێ لە گرنگترین چاوپێکەوتنەکانی نێو دنیای عەرەبییە، کە لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکدا پێکی ھێناوە، بۆ ناسینی خوودی باوک. نینار دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیەوە باوکی ونبوو بدۆزێتەوە، بە دوای دەستەڵای باوکدا دەگەڕێت، پێویستی بەوەیە کە ئەدۆنیسی باوک بناسێت، لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەیی لێی دەکات. لە کۆتاییدا نینار دەڵێت: من ئەدۆنیسم وەک باوک نەناسی  بەڵکو وەک؛ ھاوڕێیەک ناسیم. لە پەرتووکی “دەقی قورئان و ئاسۆکانی نووسین”دا نووسەر دێت باس لە بوونی دەقی قورئان دەکات نەک وەک شیعر یاخوود پەخشان و نووسینێک، ھەروەھا چەمکی “ئەوی دی” شی دەکاتەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا و ھەڵوێستەکردنێکە لەسەر شیعر، شیعر چییە؟ دەبێت شاعیری نوێ خواز کێ بێت و وە چۆن بێت، گرنگی زمان چییە؟ چەندین شیکاری دیکەی گرنگ، کە لێرەدا بەجێی دەھێڵم بۆ خوێنەر، کە بیخوێنێتەوە.

“زمان” لای ئەدۆنیس، بریتیی نییە لە زمانێکی سادە، پەراوێزخرا، پەرتەوازە، بەڵکە بریتییە لە زمانێکی پتەو و کۆکراوە، بوونی زمان لای ئەو لە بوونی “خاک” گرنگترە، دەبێتە نیشتیمان و شووناس بۆی، ھەردەم  ھەوڵی پتەوکردن و داھێنان دەدات تێیدا. بۆیە پێی وایە ھەرکات زمانی دایک داگیرکرا، لاوازبوو، ئەوا نیشتیمان و شووناسی ئەو کۆمەڵگەیە دەچێتە مەترسییەوە، دەبێتە ھۆکارێکیش بۆ پەرتەوازەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە. زمان بۆ ئەو “دایک”ە کە دەبێت خزمەت بکرێت، نەھێڵرێت بمرێت، ھەرکاتێکیش زمان مرد، ئەوا کۆمەڵگە ناتوانێت ھیچ دەستکەوت و داھێنانێکی ھەبێت. بۆیە “زمان” لای ئەو دەبێتە جێگەیەک کە ئارەزووی داھێنانی ھەیە. ھەروەھا پێی وایە بوونی پێشنەکەوتن و چەقبەستووی زمانی عەرەبی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بووەتە جێگەیەک بۆ؛ ڕەسەنایەتی، پیرۆزی، چاوداخستن لە ئاست زمانەکانی دیکە، کارنەکردن لە زمانەکەدا، وەک؛ ئەوەی زمانی عەرەبی، زمانێکی پیرۆزکراو بێت، ھەر ھەوڵێک بۆ گۆڕانکاری لەم زمانەدا، دووچاری پەراوێزخستنی دەکات، نەمانی “بوون”یی دەبێت لای ئەوانی دی. بەڵام؛ ئەدۆنیس بێ گوێدانە ئەوە، ئارەزوەی داھێنان و گۆڕانکاری ھەیە، لە ڕێگەی شیعرەوە.

شیعر بۆ ئەو جێگەیەکە بۆ ورووژاندنی پرسیار، نەک دەستخستنی وەڵام، چوون ھەر کارێکی جیاواز(گۆڕاو) لە وانی دیکە، دەتخاتە بۆشاییەوە، وەک چۆن ئەدۆنیس پێی وایە، ئەم جۆرە ھەوڵدانانە وەک درووستکردنی باخچەیەک وایە لە گەردووندا، بەمەش دەکەویتە بۆشاییەوە، وەک؛ چۆن دەڵێت: ” لەمڕۆدا شوێن، لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا بوونی نییە، جگە لە بۆشایی نەبێت، بۆشایی دەرەئەنجامی مەحاڵبوونی نووسینە، دەرەئەنجامی بێ واتایی نووسینە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە نووستن. من وەک؛ زۆرێک ناڵێم بۆ پڕکردنەوەی بۆشای دەنووسم. بە پێچەوانەوە دەنووسم بۆ ئەوەی بۆشاییەکی تر بخوڵقێنم و ھەستکردن بە بۆشاییەکی تر بێنمە ئاراوە”(٣). بەو واتایەی خوڵقاندنی بۆشای دیکەیە بۆ ئەوانی دی، بیرکردنەوەیە لە بۆشایی نوێی مندا.

ھەروەھا شاعیر لە یەکێک لە شیعرەکانیدا باس لە بوونی زمان دەکات لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا، کە چەندە پەراوێز و بریندارە؛

وشە عەرەبییەکان لە فەرھەنگدا دێنە دەرەوە،

نەک بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، یان ئەوین بکەن، یان ژیان ببینن،

نەخێر، بەڵکو بۆ ئەوەی بچنە خەستەخانە.

لە سەری ھەموو وشەیەکی عەرەبیدا،

سیاسەت پەچەیەکی داناوە،

بە زانایانیشی گوتووە، پاسەوانی بکەن.

زمانی عەرەبی،

بە پێچەوانەی ئەوەی تێی گەیشتووین،

دایکی ھەموو زریانەکانە کە لە مێژووی عەرەبدا پەیدابوون،

وشەکان: جارێک ھەورن جارێک خۆر. (٤)

لە کۆتا گفتووگۆی ئەدۆنیسدا، کاتێک پرسیاری لێ دەکەن سەبارەت بە ( ئایین، سێکس، چینایەتی) سێینەی حەرامکراو، ئەو لێکۆڵینەوەیەمان بە بیر دەھێنێتەوە کە ئەبوو عەلی یاسین(٥) لە ساڵی ١٩٧٢ دا، کاری لەسەر کردووە. تێیدا شیکارییەکی ورد دەکات بۆ بوونی ئایین، سێکس، کێشەی چینایەتی، و ئەو پەیوەندییانەی بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە.  ئایین وەک چەکێکی گرنگ دەمێنێتەوە بە دەست چینی دەستەڵاتدارەوە، تاوەکو چینی خوار خۆیانی پێ ژێردەستە بکەن و وایان لێ بکەن، چاوەڕێی دنیایەکی بێ ئازار و بەدیھێنانی ئامانجەکانیان بن و حەقی خۆیانیان لێ بکەنەوە. بەرھەمھێنانی کۆمەڵگەیەکی باوکسالارانە، کە تێیدا نێرینە ئازادە لە ھەر کارێکی دەیکات، بەرھەمھێنەرەوەی ئایینە لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا. قەتیسکردنی ویستی مرۆڤە و دەست نەبردنە بۆ شتە “تابۆ”کراوەکان( وشەیەک بەکاردەھێنرێت بۆ شتە حەرامکراو و پیرۆزکراوەکان)، بۆیە ھەر لەگەڵ بەھێزبوونی ئایین لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکانەوە چینایەتی پێکدەھێنن. دەبێتە ھۆکارێک بۆ ژێردەستە کرشنی چینی ژێرەوە، سەردەستەکردنی چینی دەستەڵاتدار. ئەمەش وا دەکات کە نووسەر لە کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیەدا، نەتوانێت لەسەر شتە “تابۆ”کراوەکان  بنووسێت، ھەرکات ویستی نووسینیشی ھەبوو، ترس دایدەگرێت و لە ناڕەحەتیدا ژیان دەکات. وەک؛ چۆن ئەدۆنیس خۆشی دەڵێت: ھێشتاکە دەترسم لە نووسینی ھەندێک شت و بڵاوکردنەوەی. نەبوونی پرسیارکردن لە ئایین، سەیرکردنی وەک؛ وەڵامێک وا دەکات، تاک توانای پرسیاری ئەوەی نەبێت کە بڵێت: من کێم؟، بەڵکو ھەوڵی بڵاوکردنەوە و قەتیسکردنی ھەبێت. لەبەر ئەم ھۆکارانە ئەدۆنیس ھەڵدەستێت بە دامەزراندنی گۆڤاری “مەوقیف”. (٦)

پاشکۆ:

— ناوی ئەدۆنیس…؟!

ئەدۆنیس ناوی لاوێکی گەنجی ڕاوچی بوو، لە ئەنجامی جووتبوونی پادشای پانجیا سیتروس(citrus) و کچەکەی میرا (myrrha)، واتە کوڕی باپیری بوو، لە ھەمان کاتیشدا کوڕی خوشکی بوو. بەوەی کە خاوەنی جوانییەکی لە ڕادەبەدەر بوو، توانی  سەرنی “ڤینۆس”، خوداوەندی جوانی بە کای خۆیدا ڕابکێشێت و ئاشقی ببێت، بۆیە ڤینۆس ئامۆژگاری کرد، کە خۆی بەدوور بگرێت لەو جانەوەرە کێوییانەی کە سنگییان دەردەپەڕێنن بۆ شەڕ، لە بری ئەوەی پشت بکەنەوە و ھەڵبێن، ئاگاداریش بە ئازایەتیت نەبێتە مایەی بەدبەختی ھەردووکمان. بەڵام؛ ڕۆژێک  بەتەنیا بە دارستانەکەدا دەڕۆیشت، لە پڕدا بەرازی کێوی ھێرشی بۆ ھێنا و بەھۆی ئەوەی خوداوەبدی توند و تیژی ئاریس (ares)، تۆوی ھاری و دڕندەیی تێدا چاند بوو، ئەدۆنیسی کووشت. ئۆڤید/ میتامۆرفۆس/ وەرگێڕانی: بەیان سەلمان.  ئەفسانەکانی گریک/ د. عبد المعطی الشعراوی/ وەرگێڕانی: کاوە تۆفیق.

بوونی ناوی ئەدۆنیس، لای عەلی. من ھیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەدۆنیس و عەلیدا نابینمەوە. ڕەنگە بەھۆی ئەوەوە بێت ناوی خێزانەکەم یارمەتی دابم بۆ لە ناوبردنی ئەو ناکۆکییە. ناوی یەکەمم عەلی لر “ئەل”ەوە ھاتووە کە سەردەستەی خودای سۆمەرییەکان بووە. ھەروەھا “ئەل، ئەلی، عەلی و ئەدۆنیس” واتای “گەورەم” ئەگەیەنێت. ھەموو ئەو ناوانە یەک سەرچاوەیان ھەیە، پێ دەچێت ئەمە یارمەتی دابم بۆ ئەوەی ڕزگارمبێت لەو ناکۆکییەی کە لە نێوان ئەو دوو ناوەمدا ھەیە. ئەمەش زۆر یارمەتی داوم. ھەر کامێکیان بێت من بۆ خۆم ھیچ جیاوازییەکی تێدا نابینمەوە. دایکم بە عەلی بانگم دەکات. خۆشم ئەم ناوەم پێ خۆشە، ڕەنگە ھی ئەوەبێت، کە لەگەڵیدا گەورەبووم، بەڵام؛ ئەدۆنیس زیاتر ئەو ناوەیە، کە بە دنیای کلتووری ناساندووم. نینار ئیسبەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکم/لا٥٠/ وەڕگێڕانی: ھیوا قادر.

— لەو ساتەوەختەی پەڕینەوەمدا، سووریا نەفیر عامی ڕاگەیاند لە بەرامبەر ھێرشی سێ قۆڵییەکەی ساڵی ١٩٥٦ بۆ سەر میسر، واتە ئەگەر پێنج خولەک لە بەجێھێشتنی سنووری سووریا دوابکەوتمایە، ئەوا دەبوو پەیوەندی بە خزمەتی ئیلزانی سەربازییەوە بکەم، ئەوسا ھەموو چارەنووسم گۆڕا. گفتوگۆ لەگەڵ ئەدۆنیس/ لا٣٠/ وەرگێڕانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.

پەراوێز:

— جۆزێف کامبڵ/ پاڵەوانی ھەزاڕوو/ وەرگێڕانی: سەڵاح حەسەن پاڵەوان.

— شووناسی تەواونەکراو/ ئەدۆنیس/ وەرگێڕانی:  نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.

— دەقی قوڕئان و ئاسۆکانی نووسین/ ئەدۆنیس/ وەرگێڕانی: ئومێد عوسمان.

— عەتری ئەو عاشقانەی مردن/ ئەدۆنیس/ وەرگێڕانی: تەڵعەت تاھیر.

— سێ کوچکەی حەرامکراو/ بو عەلی یاسین/ وەرگێڕانی: سیروان محمد.

— لەگەڵ ئەدۆنیس گفتوگۆیەکی ھەمەلایەنە/ بەیار ئەبی سەعید/ وەرگێڕانی: ئازارد بەرزنجی.

بڵاوکردنەوە: