بنەماکانی جوانیناسی دەنگ

1163
0
بڵاوکردنەوە:

بەشی 1

ئیدریس عەبدی

هێزی بێدەنگی

پێناسە کردنی بێدەنگی لەسینەمادا زۆر ئاسان نییە. بەگشتیی لەوانەیە بتوانین بەم شێوە پێناسەی بکەین:لەهەر شوێنێک کە ئەبێت دەنگ ببێت بەڵام  بوونی نییە. مەبەست لەدەنگ هەر چەشنە دیالۆگ یا  ساوند ئێفێکتێکە.ڕۆبێر بێرسۆن دەرهێنەری فەرەنسیی ڕەستەیەکی بەناوبانگی هەیە کەدەڵێت:فیلمی دەنگدار،ئیمکانی بێدەنگی درووست کرد.بەواتایەکی دیکە سینەما دەبوایەت زمانی بکردایەتەوە تاکوو بێدەنگی لەسینەمادا مانا پەیدا بکات.

کاتی بێدەنگی لەفیلمدا لەکاریگەرترین ساتەکانی هەر فیلمێکە.دەرهێنەر یان ساوند دیزاینەر بە درووست کردنی بێدەنگی لەجێگای شیاوی خۆی،کاریگەری زۆرتر لەسەر بەردەنگ دادەنێن.بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت ئەبێت پێشووتر هەلومەرجەکەمان بۆ ڕەخساندبێت و ئامادەکاریمان بۆ کردبێت.

هاواری بێدەنگی مایکێل لەسێکۆنسی پێش کۆتایی فیلمی گاد فازەری 3 نموونەیەکی بەرچاوە بۆ نەبوونی دەنگ.موزیکێکی ئارام دەبیستین بەڵام ئەوە دەنگەی کەدەبێت بیبیستین،نایبیستین و هەر ئەمە وا لەبەردەنگ دەکات کەهەناسەی سوار بێت و ئەم  هاوارە بێدەنگە لەلای بەردەنگ تاقەت پرووکێن بێت.سەرسووڕمانێک لەشێوازی گریان و هاواری مایکێل لەو ڕووخساری ئەو کەسانەی کەلەدەورین دەبینین.لەشیکردنەویەکی سەمبولیکدا دەتوانین بڵێین ئەم هاوارە بێدەنگە خاڵی بەرانبەری هەموو ئەو دەنگە فیزیکیانەیە کەمایکێل بۆ بەدەست هێنانی هێز و دەسەڵات (دەنگی تەقەی فیشەکەکان و لێدانی هاوسەرەکەی) درووستی کردووە.

دەنگی دەرەوەی فریم  Off-Screen Sound

ئەو دەنگانەی کەلەفیلمدا بەکار دێن دەتوانین لەچەند ڕوانگەوە دابەشکارییان بۆ بکەین.بە شێوازێکی گشتیی دەنگەکان بە پێی سایزی شۆتەکان،سەرچاوەی درووست بوونیان و ئەمانجی درووست بوونیان (کاراکتێر / بەردەنگ) دابەشکراون،بەڵام هەر کامەیان کارکردی جیاوازیان هەیە.دەنگ بەنیسبەتی شۆتەوە یان لەنێو شۆتەکەدایە یان لە دەرەوە. بەواتایەکی دیکە لەشۆتێکدا یان سەرچاوەی دەنگەکە دەبینین یان نایبینین.ئەوەمان لەبیر نەچێت زۆرترین کاریگەری دەنگ و داهێنان هەڵدەگەرێتەوە بۆ ئەو دەنگانەی لەدەرەوەی شۆت دەیانبیستین.

دوو نموونە دەنگ لەدەرەوەی شۆت پیاوی سێهەم 1949 کارۆل ڕید _ The Godfather فرانسێس کاپۆلا 1972
لەفیلمی The Godfather مایکێل لەیەکەمین هەنگاوی بۆ بوون بە Godfather کەسێک بەبەرنامە ڕێژی پێشوەختە دەکۆژێت.لەم سێکۆنسەدا مایکێل بەتەرکیزکردن لەسەر ئەو کاراکتێرەی کە دەیەوێت بیکوژێت زۆر گوێ لەقسەکانی ناگرێت.دەنگی شەمەندەفەرێک لەدەرەوەی شۆتەکە دەبیستین و مایکێلیش لەناوەڕاستی شۆتەکەدایە.دەنگی شەمەندەفەرەکە بەرە بەرە زۆرتر دەبێت و بەتەقەی یەکەم کۆتایی پێ دێت. ئەم دەنگە کەسەرچاوەیەکی لۆژیکی نییە.لەجێگایەکی شیاو و درووست بەکار هاتووە و یارمەتی وێنەی داوە .قەبووڵ کردن و پەسەند کردنی ئەم دەنگە بێ سەرچاوە لەم شۆتەدا هەڵدەگەرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەنگە لەگەڵ سترێسی دەروونی مایکێل هارموونی تەواوی هەیە.بەڵام لەهەموو گرینگتر دەنگی شەمەندەفەرەکە خۆی نیشانەی وێرانی و لەناوچوونی مایکێلە..
لەفیلمی پیاوی سێهەمدا ئەو دەنگانەی کەدەیانبیستین سەرچاوەیەکی دیاری کراویان هەیە.لەدەرەوەی شۆتەکەدان،بەڵام پێوەندی بەو کەسانەوە هەیە کەبەدوای هێری لایمدان و هەڕەشەن لەسەری.ئەم دەنگە ترسناکانە لەهەر دەلاقەیەک لەدەوری هێری دەبیستین و گەمارۆیان داوە بێ ئەوەی بتوانێت ئاراستەی دەنگەکان دیاری بکات.دەنگەکان مەرگی هێری بۆ بەردەنگ پێش بێنی دەکەن.

.دەنگی ئاکوسماتیک Acousmatic

میشێل شیوون وشەی ئاکوسماتیکی کە ڕیشەیی یوونانی هەیە لەپیێر شافێر وەرگرت و بۆ ئاماژەدان بەو دەنگانەی کەسەرچاوەیان دیار نییە بەکاری هێنا. جێگا و پێگەیەک کەشافێر ئەمەی وەکوو تایبەتمەندی سەرەکی و بەرچاوی جیهانی ژێر سوڵتەی ڕاگەیاندنەکان دەزانی کەبەردەوام دەنگی ڕادیۆ و تەلەفۆن و سی دی و… بەبێ ئەوەی سەرچاوەکانیان ببینین،دەبیستین.

دەنگی دایک بۆ منداڵێک کەهێشتا لەسکی دایکیدایە بەشێوەیەک ئاکوسماتیکە.

دەنگی ڕاوی لەفیلمە دێکۆمێنتارییەکان ئاکوسماتیکە.

لەفیلمدا دەنگی ئاکوسماتیکی لەوانەیە بە دوو شێوە ببیستین:

  1. سەرچاوەی دەنگ سەرەتا دەبینین و دواتر ئاکوسماتیک دەبێت.
  2. سەرەتا دەنگ ئاکوسماتیکە و دواتر بە وێنە سەرچاوەی دەنگەکە دەبینین.

“شیوون” ئاماژە بەوە دەدات دەنگی ئاکوسماتیک بەم هۆکارانە ئارامی و ئاسوودەی بەردەنگ تێکدەدات:

1.لەهەموو شوێنێک هەیە

2.هەموو شتێک دەبینێت

3.هەموو شتێک دەزانێت

4.هەموو کارێک دەکات

 

لەمێژووی ئایینەکاندا ئەم وشە ئاماژەیەکە بۆ ئەو دەنگە ئیلاهیانەی کە مرۆڤی ئاسایی قەدەغەیە کەبیانبینن. پەردەیەک لەنێوان گوێ و خاوەن و سەرچاوەی دەنگ کێشراوە بۆ پیرۆز کردنی دەنگ.

دەتوانین دەنگی ئاکوسماتیک لەزۆر فیلمدا ببیستین ئەم دەنگە کەلەدەرەوەی فریم دەبیستین و خۆی ئاشکرا ناکات دەتوانێت کاریگەری زۆری ببێت.دەنگی ئاکۆسماتیک تا کاتێک کەسەرچاوەکەی نابینرێت هەیبەت و بەهێزە بەڵام کاتێک دەبینرێت هێز و کاریگەری لەدەست دەدات.

 

بەگشتیی دەنگ دەتوانێت ئەم خزمەتانە بە فیلم بکات:

  • ناساندن و پێناسەکردنی شوێن
  • ناساندن و پێناسە کردنی کات و قۆناغێکی مێژوویی تایبەت
  • زەق کردنەوە و دەرخستنی هەستەکان
  • ناساندنی کاراکتێر و کەسایەتییەکان
  • خوڵقاندنی بەردەوامی لەنێوان ڕووداوەکان و ئەو جووڵانەی کە جامپیان هەیە.
  • خۆڵقاندنی کەشێکی واقیعگەرایانە
  • خوڵقاندنی مانا و ئیهام
  • جەخت کردنەوە لەسەر وردەکاریەکانی وێنە یان بەپێچەوانەوە
  • بەرجەستەکردنی لەڕادەبەدەری ڕووداوەکان و یان لاواز کردنیان
  • خوڵقاندنی ڕیتمی توند و خاو لەتێپەربوونی ڕووداوەکانی فیلم
  • لەهەموو گرینگتر ئەرکی زۆر گەورە و گرانی گێرانەوەی چیرۆکی لەئەستۆیە.
بڵاوکردنەوە: