ڕۆمانی سەلارخان لەبەر چەند سەرنجێکدا
نووسینی: کۆمەڵێک نووسەر
ئەمەی دەیخوێننەوە بەشێک لەو ڕانانەن بۆ ڕۆمانی (سەلارخان) نوسراوە، کە نوێترین کاری ڕۆماننووسی ناسراو (مەحمود نەجمەدین)ـه، کارەکانی بەگشتی خاوەن شێوازێکی وێژەیی و زمانەوانی تایبەتە تا هەنووکە و دوور لە ژینگەسازی پۆپۆلیستییانە بۆتە یەكێک لە دەنگە ناسراوەکان، کورت و پوخت ئێستا ئێمە ئازار دەکێشین لە چاوەڕوانی بەرچاوخستنی شاکارێکی گەورەی نووسەر لەم ساڵدا. خوێنەران دڵنیادەکەینەوە لەم نزیکانەدا، ئەمساڵ کەرکووک بە باڵەکانی (مەحموود نەجمەدین) دەفڕێت.
***
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ رۆمانی سه‌لارخان
نووسینی: به‌كر ده‌روێش
جاری وا هه‌یه رۆمانێك ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك ده‌یخوێننه‌وه، هی واش هه‌یه به سه‌دان و هه‌زاران ده‌یخوێننه‌وه و پێی سه‌رسام ده‌بن، ئه‌و شته چییه وا ده‌كات پێی سه‌رسامبن، خاڵی هاوبه‌ش چییه كه ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ره له ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه؟ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه، چونكه ئه‌وه خاڵی به‌هێزی ئه‌و رۆمانه‌یه، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر رۆمانه و خاڵێك یان چه‌ند خاڵێكی به‌هێز و جوانی هه‌یه، دۆزینه‌وه‌یان ئه‌ركی خوێنه‌ری جدی و ره‌خنه‌گری به ئه‌زموونه، به هه‌مان ئاڕاسته‌شدا ده‌توانرێ خاڵه لاواز و ناشیرینه‌كانیش دیاری بكرێ، ئه‌مه وا ده‌كات كاری جوان و باش له كاری لاواز و ناشیرین جیا بكه‌ینه‌وه، به‌م جیاكارییه‌ش هه‌ركه‌س و پاداشتی خۆی وه‌رده‌گرێ.
چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه
له‌م رۆژانه‌دا رۆمانی سه‌لارخانم خوێنده‌وه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه وای لێكردم ئه‌م كورته وتاره‌ی له‌سه‌ر بنووسم، نووسینێك ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و چێژه بێت كه وه‌ك خاڵێكی به‌هێز و جوانی خوێندنه‌وه پێتی ده‌به‌خشێ، ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی نییه بۆ شیكردنه‌وه‌ی بونیادی هونه‌ری رۆمانه‌كه، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ر كارتێكردنی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر خوێنه‌ر، بۆیه زۆر به قووڵی ناچمه ناو ورده‌كارییه‌كانی رۆمانه‌كه‌وه، چونكه ئه‌مه پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه، كه لێره‌دا جێگای نابێته‌وه، ته‌نیا بایه‌خی زیاترم به زمان و رۆڵی زمانداوه له‌م رۆمانه‌دا، چونكه پێموایه ده‌كرێ له‌م رێگایه‌وه كه‌م و زۆر لایه‌نه‌كانیتریش هه‌ڵسه‌نگێنین، چونكه زمان به‌شی هه‌ره گرنگی هونه‌ر و ئستاتیكیای كاری ئه‌ده‌بییه.
ناوه‌ڕۆكی رۆمان
رۆمانه‌كه دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی تیایه ئه‌وانیش سه‌لار و ماكۆسانه، شوێنی سه‌ره‌كی رووداوی رۆمانه‌كه سلێمانییه، بابه‌تی رۆمانه‌كه باسی خۆشه‌ویستی نێوان هه‌ردوو پاڵه‌وانه‌كه‌یه، وێڕای كۆمه‌ڵێ ورده بابه‌تی تری لاوه‌كی، كه زۆربه‌یان ره‌خنه‌ن له بارودۆخی سیاسی ئێستای سلێمانی و كوردستان.
شوێنكات له‌م رۆمانه‌دا
شوێن به‌گشتی شاری سلێمانییه، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی تووی مه‌لیك و سه‌رچناره. كاتی رۆمانه‌كه بێجگه له كاتی ده‌روونی پاڵه‌وانه‌كان، بریتییه له كاتی رابردووی دوور، رابردووی نزیك، ئێستا، رابردووی دوور. سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نوری سه‌عیده، راپه‌ڕین و خۆپیشاندانی سابوونكه‌رانه. رابردووی نزیك هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه، سه‌رده‌می به‌عس و ملازم موحسینی جه‌لاده و شه‌ڕی عیراق- ئێرانه، ئێستاش سه‌رده‌می كۆرۆنا و ده‌سه‌ڵاتی چڵێسی كوردییه.
چنین و بوونیادی هونه‌ری رۆمانه‌كه
ئه‌م رۆمانه به ته‌وژمی هۆش نووسراوه (تیارالوعی) ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینه‌كه گونجاوبێت، خاڵبه‌ندی رۆمانه‌كه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه هه‌موو رووداوه‌كان له مێشكی پاڵه‌وانه‌كاندا ره‌نگده‌ده‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و گفتۆگۆیانه‌ش كه به‌خه‌تی ره‌ش نووسراون و هی كه‌سانی به‌رانبه‌رن، ئه‌وانه‌ش به مێشكی ئه‌واندا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌شمان له شێوازی خاڵبه‌ندی رۆمانه‌كه‌وه بۆ ده‌ره‌كه‌وێ، كه به‌یه‌ك نه‌فه‌س نووسراوه، بڕینی تیا نییه، بێگومان خاڵبه‌ندی به‌شێكی گرنگی نووسینه، چونكه به ته‌واوكه‌ری شێواز و داڕشتن هه‌ژمار ده‌كرێ، ئه‌م رێبازه كۆنه، سه‌ره‌تا له بواری ده‌روونشیكاریدا فرۆید به‌كاری هێنا، دواتر هاته بواری ئه‌ده‌به‌وه، گه‌لێك له رۆماننووسه ناوداره‌كانی دنیا به‌كاریان هێناوه، له‌وانه‌ش جه‌یمس جۆیس، ڤێرجینیا وۆڵف، ولیه‌م فۆكنه‌ر… ته‌وژمی هۆش ئازادییه‌كی زیاتر به كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌دات، له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئاره‌زووی رۆماننووس گوزارش له خۆیان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له ناخیاندا په‌نگی خواردۆته‌وه ده‌ریبڕن، ئه‌م ده‌ربڕینه راستگۆتره له‌وه‌ی كاتێك رۆماننووس به ئاره‌زووی خۆی پاڵه‌وانه‌كانی بجوڵێنێ و چاره‌نووسیان دیاری بكات، به‌تایبه‌تی له بارودۆخی نائاساییدا، كاتێك پاڵه‌وان تووشی شڵه‌ژانی ده‌روونی ده‌بێته‌وه، له كۆمه‌ڵگه داده‌بڕێ و نزیك ده‌بێته‌وه له شێتبوون، ئه‌وكات باشترین شێواز بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز، ته‌وژمی هۆشه، چونكه گونجاوترین رێبازه بۆ گوزارشتكردن له‌خۆ، به‌تایبه‌تی وه‌ك وتم كاتێك مرۆڤ تووشی نامۆبوون و دابڕانێكی ده‌روونی ده‌بێت له‌گه‌ڵ واقیع و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، ئه‌وكات وه‌ك نیوه شێتێكی لێدێت، بۆیه زۆر گوێ به خه‌ڵك نادات و زیاتر بۆناخی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌وه هه‌میشه مێشكی له‌لای شتێكی تایبه‌ته و گوێ به‌شته‌كانی تر نادات، ئه‌مه حاڵی هه‌ر دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه (سه‌لار و ماكۆسان)، ماكۆسان، فیراره له سوپا، ته‌نزیمی حیزبه و له شاردا كاری نهێنی حیزبی ده‌كات، په‌یوه‌ندی به شۆڕشگێڕه‌كانه‌وه هه‌یه، ناوی ئامانجه، بۆ كاری نهێنی ناوی نراوه ماكۆسان، سه‌لاریش مامۆستایه له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی سلێمانی لە گه‌ڕه‌كی گۆیژه، له دیدارێكی كورتدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و عاشقی یه‌كترده‌بن، دوای ئه‌وه ئیتر یه‌كترنابیننه‌وه، هه‌ر به ئاوات و ئاره‌زووی یه‌كتربینینه‌وه سه‌رده‌نێنه‌وه، ئه‌م دوو پاڵه‌وانه به‌رجه‌سته‌ی خه‌یاڵ و كرانه‌وه‌ی هۆشن، زیاتر له‌وه‌ی به‌رجه‌سته‌ی واقیعێكی رووت و قوتبن، نۆستالێژیا و هاتوچۆ له نێوان ئێستا و رابردوودا، به‌ڵگه‌ی نائارامی و دڵه‌ڕاوكێیه، ئۆقره نه‌گرتنه، ره‌تكردنه‌وه‌ی ئێستا و ترسه له ئاینده، دوو كه‌س كه ئه‌وینێكی نادیار و نا روون به‌یه‌كیان ده‌به‌ستێته‌وه، دوور به دوور تاسوقی یه‌كن و به خه‌یاڵ یه‌كیان خۆشده‌وێ و بۆ یه‌كتر ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره بۆ خوێنه‌ر ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وان هه‌ر به‌ڕاست یه‌كیان بینیوه و ئاشقی یه‌كتربوون، یان پرۆسه‌كه ته‌نیا خه‌یاڵ و وڕێنه و وه‌سوه‌سه‌یه، ته‌نانه‌ت كه‌سوكاره‌كانیشیان پێیان ده‌ڵێن ئێوه شێتبوون، وڕێنه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێن نییه، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه، ده‌بێ به‌وردی رۆمانه‌كه بیخوێنیته‌وه، چونكه گه‌ڕان له نێوان ئێستا و رابردوودا زۆرجار سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنن، ئایا ئه‌م دووله‌تبوونه له چییه‌وه هاتووه، تا نه‌گه‌ی به كۆتاییه‌كه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌یت بۆ روون نابێته‌وه (ئه‌مه چاره‌نووسی دواساته‌كانی دوو عاشقی شاره، ئه‌وانیش وه‌كو تایه‌ر به‌گ و گۆڵچین كۆتاییه‌كی غه‌مگین و تاڵیان هه‌یه ل 154) تێمه‌ی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه باسی خۆشه‌ویستییه، له هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ مانا و مه‌به‌ستی جیاجیایه، چ له بواری بونیادی هونه‌رییدا بێت، یان له‌سه‌ر ئاستی شێواز و زمان، پێمان ده‌ڵێت سلێمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له بواری بیناسازی و شارستانییه‌تدا به خۆیه‌وه بینیویه‌تی، هێشتا له‌سه‌ر ئاستی مافی مرۆڤ و هۆشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ك سه‌د ساڵی پێش ئێستایه و هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینییه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن تایه‌ربه‌گ و گۆڵچین به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن و بۆیه‌ك نه‌بوون، ئاواش له‌م سه‌رده‌مه تازه‌یه‌دا سه‌لار و ماكۆسان به‌یه‌ك ناگه‌ن و له‌ژێر پێی داب و نه‌رێتی ره‌قی كۆمه‌ڵایه‌تیدا رۆحیان ده‌رده‌چێ و ده‌مرن، بۆ ئه‌به‌دیش ئه‌وینه‌كه‌یان به‌ناكامی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه له ئێستای سلێمانی، وێڕای ئه‌و ره‌خنه و ناڕازییانه‌ی دیكه كه له ده‌روونی پاڵه‌وانه‌كاندا په‌نگی خواردوه‌ته‌وه و له چوارچێوه‌ی زمانێكی روون و ره‌وانه‌وه گوزارشتی لێ ده‌كه‌ن، له كاتی خوێندنه‌وه‌شدا، خوێنه‌ر به ئاشكرا‌و به روونی ئه‌م هه‌قیقه‌ته ده‌بینێ، له‌م رۆمانه‌دا رۆماننووس له به‌شی یه‌كه‌مدا كه به‌شی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه رۆڵێكی ئه‌وتۆی نییه له جووڵاندنی رووداوه‌كاندا، لێده‌گه‌ڕێ خۆیان گه‌شه بكه‌ن و بچنه‌پێش، ته‌نیا له به‌شی دووه‌مدا نه‌بێت (ل133)، هه‌ست به‌بوونی ده‌كرێ، كاتێك له چاره‌نووسی هه‌ردوو پاڵه‌وان ئاگادارمان ده‌كاته‌وه، به مه‌ش رۆماننووس ( مه‌حموود نه‌جمه‌دین ) رۆڵێكی ئه‌وتۆی له دیاری كردنی ره‌وتی جووڵه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا نییه، ئه‌گه‌رچی هه‌موو بابه‌ته‌كه به‌رهه‌می بیر و هۆشی ئه‌وه، به‌ڵام له دنیای ره‌خنه و لێكدانه‌وه‌ی هونه‌رییدا وا له‌یه‌ك ده‌درێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی دیار و به‌رچاوه له بواری نووسینی رۆمان‌دا كاتێك ئه‌وپه‌ڕی ئازادی به پاڵه‌وانه‌كانی ده‌دا كه خۆیان گوزارشت له خۆیان بكه‌ن، به‌مه‌ش ده‌توانین رۆمانی سه‌لارخان به رۆمانێكی فره‌ده‌نگی (پۆلی‌فۆنی) هه‌ژماركه‌ین كه زیاتر له پاڵه‌وانێكی تێدایه و هه‌مووشیان خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری خۆیانن، ئه‌م رێبازه‌ش له داهێنانی دۆستۆیڤسكییه، وه‌ك تۆدۆرۆڤ ده‌ڵێت.
زمانی گێڕانه‌وه
ده‌رباره‌ی رۆڵی زمان له ئه‌ده‌بدا زۆر وتراوه، زۆر لێكۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌كاری كراوه له‌سه‌ر پێگه و رۆڵی زمان له ئه‌ده‌بدا، ئه‌رستۆ له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (هونه‌ری گوتاربێژی) به تێروته‌سه‌لی باسی رۆڵی زمانی له ئه‌ده‌بدا كردووه، دوای ئه‌ویش لۆنگایتۆس له كتێبه‌كه‌یدا (ده‌رباره‌ی شكۆ) باسی رۆڵ و پێگه‌ی وشه و ده‌سته‌واژه‌كانی له ئه‌ده‌بدا كردووه و به جوانی هه‌ڵیسه‌نگاندووه، له دوای ئه‌میش كۆنتلیان كه له چه‌رخی یه‌كه‌می زانینیدا ژیاوه باسی ناسكی گفتولفتی له ئه‌ده‌بدا كردوه و به جوانی وه‌سپی كردووه، له رۆژگاری ئێستاشماندا بێ هه‌ژمار زانا و فه‌یله‌سوف و ره‌خنه‌گر قسه‌یان له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی زمان له ئه‌ده‌بدا به‌گشتی و رۆمان و چیرۆك و شیعر به‌تایبه‌تی كردووه، لێره‌دا ئاماژه بۆ وته‌یه‌كی پۆل ڤالێری ده‌كه‌م كه ده‌ڵێت: (ئه‌ده‌ب هیچ نییه، جگه له بڵاوبوونه‌وه و هه‌ڵكشانی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی زمان و به‌كارهێنانی.)
كه‌وابێت ئه‌ده‌ب به‌رده‌وامبوونی گه‌شه و نمای زمانه، زمان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌به، به‌بێ بوونی زمانێكی روون و ره‌وان، هیچ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌توو نابێت، چونكه زمان ته‌نیا ئه‌ركی گه‌یاندن و ده‌ربڕینی نییه به‌ڵكو وابه‌سته‌ی ده‌روونی مرۆڤه‌كانیشه، مرۆڤ به‌گوێره‌ی ئانوساتی خۆی له ژیاندا زمان به‌كارده‌هێنێ، له ساتی خۆشی و كه‌یف و سه‌فادا جۆره ده‌ربڕینێك و گوزارشتێك به‌كارده‌هێنێ، جیاوازه له كاتی ناخۆشی و ئاشووب و ده‌رد و به‌ڵادا، له‌م رۆمانه‌دا ئه‌م لایه‌نه به جوانی ده‌رده‌كه‌وێ و خوێنه‌ر هه‌ست به ناسكی به‌كارهێنانی زمان ده‌كات، چونكه له سیاقی ئه‌ركی خۆیدا به پاراوی به‌كارهاتووه، وشه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ده‌روونی كه‌سه‌كانن، له‌وانه‌ش هه‌ر دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه، سه‌لارخان و ماكۆسان، كه زۆر به‌ڕه‌وانی زمانیان ته‌وزیف كردووه بۆ گوزارشتكردن له حاڵه‌تی ده‌روونیان و ره‌خنه‌ی پێده‌گرن له‌و واقیعه‌ی تیایدا ده‌ژین، له هه‌مانكاتدا و له‌یه‌ك شوێنیش‌دا به گوێره‌ی گۆڕانی بارودۆخی ده‌روونیان زمانه‌گه‌شیان ده‌گۆڕێ، زمانی رۆمانه‌كه به‌گشتی زمانێكی بێ گرێ و گۆڵه، رسته‌كانی كورت و پڕ مانان، بێجگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه و ئیدیۆمانه‌ی تێیدا به‌كارهاتوون له جێی خۆیاندان، له‌وه‌ش جوانتر فه‌زای گشتی قسه‌كردن و گوزارشته‌كانه، كه هه‌ر پاڵه‌وانه و شێوازی ده‌ربڕینی خۆی هه‌یه، ژنانه و پیاوانه، به جیا به‌كارهاتوون، زمانێكی میللی، پاڵه‌وانێكی مللی به كاری ده‌هێنێ، ئه‌م گرێدانه‌وه‌یه‌ی نێوان پاڵه‌وان و زمانه‌كه‌ی چێژێكی زیاتر به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، چونكه له كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست به دابڕان له نێوان پانتایی گشتی و ژینگه‌ی پاڵه‌وانه‌كاندا ناكه‌یت، له‌م بواره‌شدا پاڵه‌وانه‌كان ده‌می خۆیان له هیچ وشه‌یه‌ك ناگێڕنه‌وه كه پێویست به وتن بكات، واته درۆ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ناكه‌ن و خۆیان چۆنن ئاواش قسه ده‌كه‌ن، روون تر بڵێین خۆیان و زمانه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك له ناخی یه‌كتردا تواونه‌ته‌وه جیاكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه، لێره‌وه ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانه‌كان به‌م شێوه‌یه قسه‌یان نه‌كردایه، له‌نگییه‌ك ده‌كه‌وته نێوان خۆیان و ژینگه‌كه‌یانه‌وه، رۆماننووس زۆر به جوانی ئه‌م لایه‌نه‌ی داپۆشیوه، لێگه‌ڕاوه پاڵه‌وانه‌كانی به ئاره‌زووی خۆیان گوزارشت له خۆیان بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان زمان و ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیه، چونكه ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی له بیناسازی ئه‌ده‌بدا به كار دێت بریتییه له وشه و رسته و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له نێوانیاندایه، به‌مه‌ش ده‌توانن بڵێین په‌یوه‌ندی نێوان زمان و كاره‌كته‌ر له ئه‌ده‌بدا په‌یوه‌ندییه‌كی سۆسیۆلۆژییه نه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی بێسه‌روبه‌ر، به‌كارهێنانی زمان به‌م شێوه‌یه گوڕوتینێكی زیاتری به رۆمانه‌كه داوه، بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی رۆمانه كوردییه‌كانی ئێستاوه، كه زۆربه‌یان ته‌نیا پڕكردنه‌وه و ئاخنینن، له‌م رۆمانه‌دا هه‌ست ناكه‌ی ته‌نیا رسته‌یه‌كیش زیاد بێت، به‌ڵكو هه‌موو رسته و ده‌سته‌واژه‌و وته‌یه‌ك تێیدان پێویستن و چێژ و خۆشی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، راسته زمانی رۆمانه‌كه ساده و ساكاره، به‌ڵام هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ چه‌مك و مانای ره‌خنه‌یی قووڵه، هه‌ر ئه‌م زمانه ساده‌یه‌ش توانیویه‌تی فه‌نتازیایه‌كی جوان بخوڵقێنێ، به‌تایبه‌تی له په‌ره‌گرافه‌كانی كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا، ئه‌و مانایانه كه رۆمانی سه‌لارخان هه‌ڵگرین خۆیان له‌و چوارچێوه هونه‌رییه‌دا ده‌بیننه‌وه كه به وێنه كێشراون بۆ پیشاندانی كۆتایی چاره‌نووسی هه‌ر دوو عاشق و هه‌ره‌س هێنانی ژیار و شارستانیه‌تی سلێمانی، كه ناتوانێ كه‌شێكی ئارام و ئاسووده بۆ دوو دڵدار فه‌راهه‌م بكات، بوونی ئه‌و هه‌موو دێوه‌زمه‌یه، كه ئه‌وانیش ئاماژه‌ن بۆ بوونی چه‌ندان جۆر له مرۆڤی دڕنده و غه‌واره له‌ناو شاری سلێمانیدا كه خۆشه‌ویستی له‌لایان شێوه‌یه‌كه له عه‌یب وعار و ناشیرینی، بێده‌ربه‌ست و لاموبالی، هه‌موو ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی زمانێكی روون و ره‌وانه ده‌بینین، كاتێك رۆمانه‌كه ده‌خوێنیته‌وه له‌گه‌ڵیدا تێكه‌ڵ ده‌بی و پێ به پێ ده‌ڕۆی، راسته ئه‌م رۆمانه به قه‌باره بچووكه، به‌ڵام وه‌ك ناوه‌ڕۆك هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ مانا و ده‌لاله‌تی ئێستاتیكای قووڵه، قووڵییه‌ك دوور له زمانێكی ئاڵۆز و گرێدار، كه خوێنه‌ر بێزار ده‌كه‌ن، زمانێك كه به ناوی زمانی شیعری و نوخبه‌وه ده‌بنه هۆی وه‌ڕسكردنی خوێنه‌ر، كاتێكی زۆری لێده‌گرن، بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێ ببه‌خشن، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا زمان تاموچێژێكی تایبه‌تی به‌خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ و ده‌یباته دنیای بیركردنه‌وه و پرسیاره‌وه، پرسیار له‌وه‌ی بۆچی ئێمه له جیاتی ئه‌وه‌ی پێشكه‌وین، پاش ده‌كه‌وین؟ وێڕای ده‌سخۆشیم له مه‌حموود نه‌جمه‌دین هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆده‌خوازم له‌به‌رهه‌مهێنانی كاری جوان و نایابی زیاتر.
***
سه‌لارخان له نێوان ئه‌تمۆسفیری ئاگایی و فیگه‌ره هاودژه‌كانیدا
نووسینی: دانا عه‌سكه‌ر
مۆنۆلۆگ، یه‌كێكه له شێوازه گرنگه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و رۆمان، كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌هۆشه‌وه هه‌یه، واتا گێڕانه‌وه‌یه‌كی نازمانه‌وانییه بۆ كه‌سایه‌تی قسه‌كه‌ر. نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌دوار دو گاردن ده‌ڵی: گێڕانه‌وه‌ی ناوه‌كیی قسه‌كردنی نه‌بیستراوی بی ده‌ربڕینه، كه كه‌سێك له رێی ئاگاییه‌وه له ناخه‌وه گوزارشتی لێده‌كات، كه ناچێته ژێر ركێفی لۆژیكه‌وه. واتا سستمی قسه‌كردنی ناوه‌كیی جیاوازیی ده‌نگیی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌كی هه‌یه، له مۆنۆلۆگدا ئه‌و جیاوازییه نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك تیۆری بونیادگه‌ریی قسه له‌باره‌ی گێڕانه‌وه‌وه و ده‌نگه‌وه بكه‌ین، بیرمه‌ندی بواری ده‌روونناسی جان پیاجه به‌م شێوه‌یه تیۆری بونیادگه‌ریی ده‌خاته‌ڕوو، كه وه‌ك سی تیۆری تایبه‌تمه‌ندیی دایڕشتووه، ئه‌وانیش گشتیی، گواستنه‌وه، رێكخستنی خودگه‌رایی، واتا تیۆری ره‌خنه‌ی بونیادگه‌ریی ده‌توانێت له ناو ئه‌م سی چه‌مكه‌دا كار له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی مۆنۆلۆگ و ئیشكالییه‌تی ده‌قدا بكات، له مۆنۆلۆگدا ده‌بی پشت به رێكخستنی خودگه‌رایی ببه‌ستین. بیرمه‌ندی سویسری فردیناند دی سوسێر كه به باوكی راسته‌قینه‌ی بونیادگه‌ریی ده‌ناسرێت، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵی: جیاوازی نێوان زمان و ئاخافتن، زمان سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ربه‌خۆیه بۆ تاك، پێچه‌وانه‌ی قسه‌كردن كه تاوتوێكردنی زمانه، واتا قسه‌كردن یا هوشیاریی قسه‌كردن زمان به‌ڕێوه ده‌بات، كه گوزارشت له دال و مه‌دلوول ده‌كات، كه له‌به‌رده‌م هیچ قۆناغێكی مێژوویی خۆی راده‌ستی زه‌مه‌ن ناكات. له سستمی زمانه‌وانیدا دی سوسێر ده‌ڵی: جگه له كۆمه‌ڵێك جیاوازی ده‌نگیی ناوازه و كۆمه‌ڵێك جیاوازی فیكریی هیچی دی نییه. ئه‌گه‌ر دیدگای سوسێر وه‌ك ئه‌كتێك بۆ مۆنۆلۆگ له چیرۆك و رۆمان وه‌ربگرین، ده‌كری گێڕانه‌وه‌ی ناوه‌كیی، یا ئاخاوتنی بێگوتن به‌كرده‌یی ئاخاوتنی له‌گه‌ڵ خود وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مۆنۆلۆگ بناسێنین، ئه‌وا ده‌توانین له سیاقی تیۆری ره‌خنه‌ی بونیاگه‌رییه‌وه شیكردنه‌وه بۆ جۆری ئاخافتن و گێڕانه‌وه‌ی ناوه‌كیی و هاودژه‌كانی بكه‌ین. رۆمانی»سه‌لار خان»ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین، له‌سه‌ر بنه‌مای دوو چه‌مك داڕێژراوه، ئه‌وانیش:
- عیشق وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی دیوانه‌یی.
- شار وه‌ك سیمبۆڵی بوونێكی به ئاگا.
له ته‌كنیكی رۆمان و چیرۆكی نوێ‌دا بڕێك جار ئه‌و وێنه و رووداوه سه‌ره‌كییه‌مان بۆ ده‌خه‌نه چێوه‌یه‌كی لێڵ، واتا وه‌ك به‌شێك له رابردوو، كه سه‌ره‌تای رۆمان به ئاخاوتنی دی ده‌ستپێده‌كات، به‌واتایه‌كی دی سه‌ره‌تایه‌ك هه‌یه ئه‌و دۆخه‌ی دروستكردووه، له رۆمانی سه‌لارخاندا، ئه‌و رووداوه سه‌ره‌تای یه‌كتربینینی سه‌لار و ماكۆسانه، له خوێندنگه‌ی گوزیده یاموڵكی بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م یه‌كتربینینه ساته‌وه‌ختی خۆی هه‌بوو، وه‌لی له ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌دا ده‌بێته سه‌نته‌ری كۆی رووداوه‌كانی ئه‌م عیشقه. واتا له چیرۆك و رۆمانی نوێ‌دا ده‌توانین ئه‌م ته‌كنیكی نووسینه وه‌ك مۆنتاژ ته‌ماشا بكه‌ین، گێڕه‌ره‌وه مۆنتێرێكی لیهاتووه، دێت سه‌نته‌ری رووداوه‌كان بۆ شوێنێكی دی ده‌گوازێته‌وه، هونه‌ری نووسین له‌و تایبه‌تمه‌ندییه باوه رزگار ده‌كات كه خۆی له حیكایه‌تی كۆندا ده‌خاته‌ڕوو.
له پڕۆسه‌ی عیشقدا عاشقه‌كان مه‌عشووقه‌كانیان وه‌ك بوونی دووهه‌می خۆیان ته‌ماشا ده‌كه‌ن، واتا بوونی دووه‌می خود، هه‌موو كه‌سێك له ناخیدا بوونێكی دی خۆی هه‌یه، هه‌ندێك جار ئه‌و بوونه دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ترادسیۆنی ئه‌تمۆسفیری شوێن كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی به‌سه‌ره‌وه ده‌بێت، بوونێك له ناوه‌وه داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی گه‌نجێتی لێده‌كات، بوونێكی دی ده‌بێ له‌گه‌ڵ ره‌وتی كۆمه‌ڵگه‌دا خۆی بگونجێنێت، كه هه‌ندێكجار بوونێكی ئالۆز و دژ به خود ده‌رده‌چێت، ئه‌م دیوه سایكلۆژییه لای عاشقه‌كان بریتییه له‌و رۆحه زاهیده‌ی كه په‌یوه‌سته به مه‌عشووقه‌كانیانه‌وه، بۆیه عیشق ئادگارێكی دێوانه‌یی هه‌یه، دێوانه‌یی به‌و مانایه‌ی جگه له مه‌عشوقه‌كه‌ی نه‌كه‌سی دی ده‌بینێ، نه‌گوێ به‌كه‌سی دی ده‌دات. له‌م رۆمانه‌دا منه‌كان له جوغزی ته‌كنیكی دیالۆگدا نین، به‌ڵكو هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه له جوغزی مۆنۆلۆگی خوده گشتییه‌كه‌دا قسه ده‌كه‌ن، واتا له دۆخه ناوه‌كییه‌كه‌ی ئاخافتندا ده‌ژین. بۆیه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دژه‌كانیان كه دایك و خوشك و كه‌سه‌كانیان، ئه‌وانه‌ن له مانای عاشقبوون ناگه‌ن، ئیدی ده‌بنه به‌ربه‌ست و له ده‌نگه ناوه‌كییه‌كانیان دایانده‌بڕن، ململانێی ئه‌م دوو ده‌نگه كه‌شێكه نووسه‌ر له‌پێناوی سیاقی بابه‌تیانه‌ی رۆمانه‌كه‌ی ته‌وزیفی كردووه، ده‌كری وه‌ك سپه‌یسێكیش بۆ ته‌كنیكی رۆمانه‌كه و جۆری ئه‌و ململانێیه چنرابێت.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی رۆمانی سه‌لارخانی مه‌حمود نه‌جمه‌دین به ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ چنراوه، فیگه‌ره‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه له نێوان دووخه‌می گه‌وره‌دا ده‌خولێنه‌وه، خه‌می عیشق و خه‌می شار. نووسه‌ری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه كه دێت مێژوومان وه‌ك چیرۆك بۆ ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان رووداوه‌كانی مێژوو و چیرۆكی مێژوویی جوان ده‌كات، ئه‌و ته‌كنیك و فۆرمه جیاوازه‌ی گێڕانه‌وه‌یه، كه مێژوو دركی پێنه‌كردووه، یاخود ناپاكیی لێكردووه. چه‌قی رووداوه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین، شاری سلێمانییه. سلێمانی له چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا، زه‌مه‌ن له‌م رۆمانه‌دا خۆی به‌سه‌ر رووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌سه‌پێنێت، گێڕه‌ره‌وه هێنده به ئاگاییه‌وه له رێی سه‌لار و ماكۆسانه‌وه زه‌مه‌نی بۆ خوێنه‌ر نزیك كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر به وردی نه‌یخوێنیته‌وه، هه‌ست به جیاوازیی زه‌مه‌ن ناكه‌ی.
ئه‌گه‌رچی گێڕه‌ره‌وه له رێی عیشقه‌وه رووداوه‌كانمان بۆ ده‌گوازێته‌وه، بەڵام له‌ڕاستیدا خه‌می وێرانكاریی شار فۆرمێكی دی به رۆمانه‌كه به‌خشیوه، گێڕه‌ره‌وه له خود ویستییه‌وه بۆ ئاگایی گشتیی ده‌مانگوازێته‌وه، ئاگایی گشتیی له خه‌می له‌ناوچوونی شوێنه‌وار و گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كان و ئاڵۆزی شارمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو، ئاگایی ئه‌وه‌یه نووسه‌ر له‌نێو مێژووی نوێوه مێژووی كۆنمان بۆ هه‌ڵده‌داته‌وه، له نووسینه‌وه‌ی رۆمانی مێژوویی‌دا حه‌قیقه‌تێك هه‌یه، وه‌ك ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه نیتشه باسی لێوه ده‌كات و ده‌ڵی: حه‌قیه‌قه‌ت وه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی شكاوه، هه‌ریه‌كه‌مان پارچه‌یه‌كمان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی نیتشه بۆ رۆمانی مێژوویی ئه‌و فۆرمه‌یه له گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، كه خودی مێژوو بۆمانی نه‌خستۆته‌ڕوو، وه‌ك فه‌نتازیا له چیرۆك و رۆمان، له رێی رووداوه‌كانه‌وه رۆح ده‌خرێته به‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ی عه‌وله سیس، له گێڕانه‌وه‌ی مێژوودا ئه‌م وێنایه نییه، به‌ڵام رۆمان و چیرۆكی نوی له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرن كه به ناو نامه‌ئلوفدا گوزه‌ر بكه‌ین. هه‌ر شه‌ڕی به‌رده‌كی سه‌را، بۆخۆی رووداوێكی مێژووییه، وه‌لی فیگه‌ره‌كان جیاوازن، زه‌مه‌ن ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیرۆك و رۆمانی مه‌حمود نه‌جمه‌دین، ئه‌م ئاڵوگۆڕه بێدابڕانه له رووداوی نووسینی مه‌حمود دا هه‌یه، ئه‌مه له ئاگایی و سه‌لیقه‌ی گێڕانه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌عسیه‌كان داوای ده‌فته‌رخدمه له ماكۆسان ده‌كه‌ن، له‌پڕ هه‌ڵدێت و ساتمه‌یه‌ك ده‌كات و ده‌كه‌وێته نێو زه‌مه‌نێكی دییه‌وه. ئه‌مه ته‌نها كه‌وتنێكی ئاسایی زه‌مه‌ن نییه، به‌ڵكو كه‌وتنی مێژوو و زه‌مه‌ن و ئاڵوگۆڕی تایبه‌تمه‌ندیی شاره. شێوازی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه دوو دیوی تراژیدی هه‌یه، دیوێك قۆناغی ماكۆسان و دیوه‌كه‌ی دی قۆناغی سه‌لارخانه، به‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌یدا سلێمانی وه‌ك به‌رخۆری مێژووی ئه‌م دوو قۆناغه ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ریه‌ك له‌م دوو كاره‌كته‌ره له رێی عیشقه‌وه تایبه‌تمه‌ندی قۆناغه‌كه‌ی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه، سه‌لارخان سه‌رگه‌ردانی سه‌رده‌می كۆرۆنایه و ده‌یه‌وی بگه‌ڕێته‌وه بۆ قوتابخانه‌و له‌وێوه ماكۆسان بدۆزێته‌وه. ماكۆسان له‌سه‌رده‌می مولازم موحسینی سه‌رده‌می به‌عس و هه‌ڵاتووی ده‌ستی جه‌نگ، ده‌یه‌وی ئازاد ده‌فته‌رخدمه‌یه‌كی بۆ په‌یدا بكات، تاكو سه‌لار بدۆزێته‌وه. ئه‌م دوو فیگه‌ره له رێی ته‌كنیكی مۆنۆلۆگه‌وه ته‌واوی رووداوه‌كانی ئه‌و دوو قۆناغه‌مان بۆ ده‌گێڕنه‌وه. خه‌می مانه‌وه‌ی شار لای گێڕه‌ره‌وه له هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌دا هه‌یه، نووسه‌ر هێنده خه‌می مانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی سلێمانی له ناخیدا هه‌ڵگرتووه، نه‌یتوانیوه له یه‌كێك له‌م دوو كاره‌كته‌ره‌دا به‌رجه‌سته‌ی بكات، بۆیه له مۆنۆلۆگی تایبه‌تی هه‌ریه‌ك له‌م كاره‌كته‌رانه‌دا جارجار دایالۆگی نێوان خۆیان و كه‌سه نزیكه‌كانیان دروستكردووه، ئه‌و دایالۆگه، دایالۆگی راستی نین، به‌ڵكو شێوازێكی تری مۆنۆلۆگه كه خودی قسه‌كه‌ری ناوه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌سانی دروستده‌كات، واتا جار جار نه‌بێ هیچ كام له‌م دوو كاره‌كته‌ره له فۆرمه مۆنۆلۆگه‌كه‌دا ناچنه ده‌ره‌وه‌ی خۆیان.
لۆكه‌یشن له‌م رۆمانه‌دا ماڵی سه‌لارخانه، له گه‌ڕه‌كی توی مه‌لیك. ماڵی ماكۆسان له گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار. گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام، به‌رده‌ركی سه‌را، شه‌قامی سالم – سه‌هۆڵه‌كه. هه‌ریه‌ك له‌م لۆكه‌یشنانه كات و مێژووی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، نووسه‌ر هێنده به‌ئاگاییه‌وه گرێچنیان ده‌كات، ته‌نانه‌ت خوێنه‌ری وریا نه‌بێت هه‌ست به جیاوازی كات ناكات، ئه‌م ته‌كنیكه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه نووسه‌ر باس له دوو مێژووی جیاوازی سلێمانی ده‌كات، دوو مێژوو له‌یه‌ك ئاگاییدا، ئه‌ویش ئاگایی عاشقانه‌ی سه‌لار و ماكۆسانه كه له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا ده‌ژین، ئه‌و مێژووی هه‌موو شوێنه‌واره‌كانی سلێمانی ده‌چێته خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی ملهوڕه‌كانه‌وه، كه‌چی ئه‌و عه‌شقه له ناخیاندا به‌و جوانیی و بیگه‌ردییه‌ی خۆی ده‌مێنێته‌وه. شه‌ڕی عیشق و شه‌ڕی داكۆكی له رۆح و شوێنه‌وار و گه‌ڕه‌كه‌كانی سلێمانییه، كه‌سه‌نته‌ری ئه‌م رۆمانه‌یه، نووسه‌ر ته‌نانه‌ت رۆچووه‌ته نێو رۆحی زاراوه كۆنه‌كانی سلێمانیشه‌وه، هێنده به وردی كاری له‌سه‌ر كردووه، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی رۆح بكاته‌وه به‌ر به‌رد، عه‌وله سیس له‌سه‌ر گاشه به‌رده‌كه‌ی داده‌گرێت و رووبه‌ڕووی ره‌شاش به‌ده‌سته‌كه ده‌بێته‌وه، ئه‌م شه‌ڕی عیشق و شه‌ڕی شارستانییه هێنده به ئاگاییه‌وه نووسراوه، ده‌كری بڵێن له مێژووی تازه‌ی رۆمانی كوردیدا ئه‌م رۆمانه‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین یه‌كێكه له‌و رۆمانه جوانانه.
كه‌وتنی شه‌قامی سالم، كه‌وتنی عیشق
ده‌فته‌ری غه‌مگینی عیشق و شكۆی شه‌قامی سالم له‌چركه‌ساتێكدا ده‌كه‌وێت، كه خوێنه‌ر تووشی داڕمان و غه‌مگینییه‌ك ده‌كات، تا ئه‌وه‌ی له رۆمانه‌كه‌ش ده‌بێته‌وه، هێشتا له دۆخی دڵه‌ڕاوكیدا ده‌ژی. كات به كاتی ماكۆسان نیوه‌ڕۆیه، سه‌رده‌م سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه، دوای وه‌ده‌ستهێنانی ده‌فته‌رخده‌مه‌ی سه‌ربازی، بڕیارده‌دا له ماڵ ده‌رچێت و به شوێن سه‌لاردا بگه‌ڕێت. كات به كاتی سه‌لار ده‌مه‌و ئێواره‌یه، سه‌رده‌م، سه‌رده‌می كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه‌یه، بڕیار ده‌دات له ماڵ ده‌رچێت و به شوێن ماكۆساندا بگه‌ڕێت. له به‌شی دووه‌می ئه‌م رۆمانه‌دا گێڕه‌ره‌وه به راناوی ئه‌وی دیار چیرۆكه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له‌م به‌شه‌دا سایكلۆژیای فیگه‌ره‌كان ده‌گۆڕێن، واتا له خودێكی گێڕه‌ره‌وه‌وه بۆ خودێكی بێده‌نگ، بێده‌نگ به‌و مانایه‌ی گێڕه‌وه‌ی هه‌مووشتزان وه‌ك فیگه‌ری سه‌ره‌كی رووداوه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر له‌پێشتردا ده‌نگی ناوه‌كی بێ گوتن و قسه‌كردن ئه‌تمۆسفیری حیكایه‌ته‌كانی داگیركردبوو، له‌م به‌شه‌دا سایكلۆژیای قسه‌كه‌ر دێته نێو هه‌ناوی رووداوه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ پێشهاته نوێیه‌كاندا رایه‌ڵه‌ی دینامیكییه‌تی ده‌ق ده‌بێته به‌شدارێكی كارای ده‌لاله‌ته‌كان و جوانییه‌كی فره‌ی ته‌كنیكی به گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان ده‌دات، ئه‌گه‌رچی له مۆنۆلۆگدا ململانێكان له‌گه‌ڵ خود دابوون، وه‌لێ له‌و وێنه تازه‌كه‌ی به‌شی دووه‌مدا ململانێكان گشتگیرن، ئه‌میش له‌و سیاقه‌وه كه په‌یوه‌ندی نێوان عیشق و خۆشه‌ویستی شار به یه‌كه‌وه گری ده‌دات، نووسه‌ر له رێی ئه‌م ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌یه‌وه، زمان و سایكولۆژیای خوده په‌رته‌كان به رووداوه‌كانه‌وه گری ده‌دات، له‌به‌رده‌م دوا وێستگه غه‌مگینه‌كه‌یدا رامان ده‌گرێت، كه گه‌یشتنی سه‌لار و ماكۆسانه بۆ شه‌قامی سالم.
كۆتا ژه‌هر، كۆتا چه‌قۆ
شار ته‌نها خانوو و باڵه‌خانه و شه‌قام و شورای ماڵه‌كان نییه، وێڕای ئه‌مانه‌ش رۆحی داهێنه‌رانه و تایبه‌تمه‌ندیی ریشه‌یی هه‌یه، له‌وانه زمان، میتۆلۆژیا و پیرۆزیی كه‌لتور و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، له‌م روانگه‌یه‌وه شوێن به گیانه‌وه ده‌تبه‌ستێته‌وه، وێڕای گرنگی شوێنه‌واره كۆنه‌كانی شار، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكه له نێوان ناشوێن و شوێندا خودێكه له هه‌موو دۆخێك‌دا پیرۆزیی شوێنی له ناخیدا هه‌ڵگرتووه. له‌م سیاقه‌وه مه‌حمود نه‌جمه‌دین، خه‌می ئه‌و غه‌وارانه‌ی ده‌ستیان چووه‌ته بیناقاقای شار، به‌رده‌وام له ناو رۆحی فیگه‌ره‌كانیدا غه‌مگینی وه‌ك سووتان هه‌ڵگرتووه.
شه‌قامی سالم، زه‌مه‌نی گۆڕاو
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ماكۆسان به شه‌قامی سالم و له‌به‌رده‌م جان كافی هه‌ست به‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی سیمای شار و خه‌ڵكه‌كه و زه‌مه‌نی رووداوه‌كانی پێشووی ده‌كات، كات ئیتر سه‌رده‌مێكی تره، سیمای ده‌ڤه‌ره‌كه گۆڕاوه، سه‌لارخان ده‌گاته به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ژووری بازرگانی. هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه چاو بۆ ئه‌ویتر ده‌گێڕن، دوا وێستگه‌یان به‌رده‌م هۆتێل میهراكۆیه. له پڕ سیمای خه‌ڵكه‌كه بۆ دڕنده و جانه‌وه‌ر لۆق درێژ ده‌گۆڕێن، له نێوان ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ون ده‌بن هاوار ده‌كه‌ن، بانگی یه‌ك دی ده‌كه‌ن، ماكۆسان… ماكۆسان… سه‌لار… سه‌لار… پڕ به ده‌نگ بانگی یه‌ك دی ده‌كه‌ن و خۆیان به‌رز ده‌نه‌وه تا یه‌ك ببینن، له پڕ باڵه‌خانه و ئاپارتمانه‌كانی سلێمانی ده‌ڕوخێن، شار ته‌خت ده‌بێت، جانه‌وه‌ره‌كان ده‌یكه‌ن به‌هه‌را، سه‌لار و ماكۆسان ده‌كه‌ونه ژێر پێی ئه‌و جڕوجانه‌وه‌ره‌وه و ده‌مرن. عاشقه‌كان ئه‌وانه‌ن كه به‌یه‌ك ناگه‌ن، عه‌شق پرۆسه‌یه‌كی دیوانه‌یی ئاڵۆزه، ئه‌وانه‌ی كه دێن هه‌م عه‌شق ده‌كوژن، هه‌م مێژووت ده‌شێوێنن و رۆحی شارستانییه‌ت داده‌ته‌پێنن. ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین به‌دیم كرد، ئه‌و رۆحی جاویدانی و سه‌ركێشییه‌یه، كه فۆرمێكی جوانی به گێڕانه‌وه‌ی كوردی به‌خشیوه، نووسینه‌وه‌ی رۆمانی مێژووی سه‌لیقه و ئاگاییه‌ی و وریای ته‌واوی له هه‌موو وێستگه گرنگه‌كانی مێژووی شاری ده‌وی، كه به راستی له‌م رۆمانه‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دین بڕوانین كه به ته‌كنیكی هونه‌ریی و ئیستاتیكی و فه‌نتازیی نووسراوه، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه رۆماننووسی كورد هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه. له سیاقه گشتییه‌كه‌یدا ئه‌م رۆمانه مه‌یلێكی ژیاندۆستی و هوشیارییه‌كی پڕ مه‌عریفه و هونه‌ریمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، كه به تایپی زاراوه‌ی كۆنی سلێمانی ئاشنامان ده‌كات و چه‌ندین فیگه‌ری نێو مێژووی كۆنی سلێمانیمان پێ ئاشنا ده‌كاته‌وه، ده‌كرێ هێشتا له كونجێكی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا خه‌یاڵێكی عاشقانه هه‌بێت، عیشق به مانای تێكه‌ڵبوونی رۆحه‌كان، گه‌یشتن به یه‌قین، وه‌لێ ده‌كرێ سه‌لارخان و ماكۆسان وه‌ك دواهه‌مین عاشق ته‌ماشا بكه‌ین، كه هێشتا بۆكڕوزی هه‌ناسه ساردیی و باڵی ره‌شی قه‌له‌ڕه‌شه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و رۆحانه‌ی شاره‌وه بسوڕێنه‌وه. من پیرۆزبایی له مه‌حمود نه‌جمه‌دین و ده‌زگای كوردڕاوم ده‌كه‌م بۆ چاپكردن و بڵاوكردنی ئه‌م رۆمانه ناوازه‌یه بۆ خوێنه‌ری ئازیزی كورد.
سه‌رچاوه
1- تحلیل الخطاب الادبي
علی ضوء المناهج النقدیه الحداثية
دراسه نقد النقد
لاپه‌ڕه 189 بۆ 194
256 بۆ 258
محمد عزام.
2- الحوار الداخلی المونولوج
محمد المیاحی
دیدار له ماڵپه‌ڕی الجماهیر
3- رۆمانی سه‌لارخان
نووسینی، مه‌حمود نه‌جمه‌دین
له‌بڵاوكراوه‌كانی، ده‌زگای كوردڕاوم
***
بۆ مەحموود نەجمەدین
نازانم بەنەفرەتت کەم یان دەستخۆشیت لێ بکەم
نووسینی: جەبار عوسمان
زۆر کەمن ئەو دەقانەی هەر لە سەرەتای خوێندنەوە جادووت لێ دەکەن و بە هەست و ڕۆح ئاوێزانی خۆت دەکەن.
ئەمڕۆ بڕیارمدا ڕۆمانە نوێیەکەی مەحموود نەجمەدین (سەلارخان) بخوێنمەوە، هەڵبەت ئەوەی وا دەکات دەقێکی ئەدەبی چێژێکی جوان بە خوێنەر ببەخشێت، بوونی تەکنیک و بونیادی کارەکتەر و خەیاڵ و زمانی گێڕانەوەیە، کەلە ڕێگەیانەوە خوێنەر ئاوێتەی خۆی دەکات و بە دیدگا و گۆشەنیگایەکی جیاوازی ژیان ئاشنای دەکات .
لە هەموو ئەوانە گرنگتر پەیوەندی نێوان کارەکتەر و ڕووداوە کە نووسەری بەئەزموون لەگەڵ چنینی ڕۆماندا بۆخۆی دەزانیت چلۆن ئەو پەیوەندییە دروست و لۆژیکیانە پێکەوە گرێ ئەدات و خەیاڵێکی ڕووت لە هزری خوێنەردا، بە وێنای واقیعێکی بەرجەستەکراو دەئافرێنێت .
لەگەڵ دەستپێکی خوێندنەوەدا سەلارخان دەستی گرتم و لەگەڵ خۆی بردمییە ناو ئەندێشە پڕ لە گوماناوییەکانی خۆیەوە. سەرەتا ئەو پرسیارەم لە سەلار کرد، ئاخر چلۆن دەبێت تۆیەکی سەردەمی مۆدێرنەو نەوەی دوای ڕاپەرین بەو هەموو جوانی و ناوبانگەی بنەماڵەکەتانەوە عاشقی کوڕێکی هەژاری سەردەمی هەشتاکان بیت؟ ئاخر ئەمە ئەگەر وەهم نەبیت ئەبێت چی بێت؟ ئەو بەردەوام لەگرفتی ئەوەدابوو (ماکۆسان)ی خۆشەویستە وەهمییەکەی خۆی لە ئێستادا بدۆزێتەوە، منیش لە نێو ئەفسونی گێڕانەوەدا ڕۆچووبووم. لەلایەک سەلار لە ئێستادا دەژێ و بەدووی ماکۆساندا دەگەڕێت ، لەلایەک ماکۆسان ئارامی لێبڕاوە و چاوەروانی دەفتەر خدمەیەکی تەزویرە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە لەسەردەمی خۆیدا سەلار بدۆزیتەوە. لەناو ئەو هەموو گرفت و ئازار‌و دڵەڕاوکێیەدا من نەمدەزانی بەکامیان ڕابگەم چلۆن ماکۆسان لەسەردەمی هەستاکانەوە بهێنمەوە بۆ ئێستا، بۆلای سەلار یان چلۆن دەستی سەلار بگرم و لەگەڵ خۆمدا زەمەن بگەرینمەوە بۆ هەشتاکان و لەگەڵیدا بەدووی ماکۆساندا بگەڕیین . لەنێو ئەم خەیاڵەدا من دۆشدامابووم، دەنگی خاتوونێک لە ژووری فەرمانگەکەم بەئاگای هینامەوە، بەهەڵچونێکەوە وتی (دەک بەنەفرەت بن . ئەوە ئەمڕۆ ١٢ ی مانگە هێستا دەنگی مووچە نییە ) بەتاسەوە سەرم لەسەر کتیبەکە هەڵبڕی و لێم ڕوانی وامزانی سەلارخان هاتۆتە ژوورەکەمەوە و دەیەوێت ماکۆسی بۆ بدۆزمەوە . لێت ناشارمەوە زۆر نیگەران بووم بریا ئەوە سەرخان بوایە. ئاخر کاتی خوێندنەوەی منیش هاوکاتە لەگەڵ زەمەنی واقعی ڕۆمانەکەو ڕووداوەکان تەنها لەڕۆژێکدا تیدەپەڕن، بەڵام تۆ لەڕیگەی مەنەلۆگی سەلارو ماکۆسەوە ماندووت کردم و ئازاری زۆرتدام . لەنێو زەمەنێکی خەیاڵیدا منت بەنێو دەیان ساڵدا هێناو برد، ئەوە چەند گەمەیەکی جوان بوو مەحمود .. تۆ دەزانیت من بەردەوام لە چاوەروانی چارەنووسی ئەو دوو عاشقە بەدبەختەدا چەند ئازارم چەشت؟ لەگەڵ تەوا بوونی کاتی دەوامدا بەپەلە لەناو پاسەکەدا دووبارە دەستم بەخوێندنەوەی کردەوە، هەتا گەیشتمە ناو بازاڕ دڵە خورپێی ئەوەم بوو مەحمود چلۆن ئەو دوو زەمەنە دژوارە بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟ لەبیری خۆمدا دەیان پێشبنی سەیرو سەمەرەم دەکرد، لێت ناشارمەوە ، زیاتر بیرم لەوە دەکردەوە بەئەفسونێک زەوی بەهەسارەیەکی تری گەردوونا بکێشیت و دووبارە ژیانێکی نوێ بۆ ماکۆسان و سەلار خان دروست بکەیتەوە، بەڵام ئەفسوس هەرگیز پێشبنی ئەوەم لەتۆ نەئەکرد، ئەوەندە دڵڕەق و بێ ویژدان بیت ، ژیانی ئەو دوو عاشقە ئاوا وێران بکەیت ، دەبێت لەدڵی خۆمدا چەند نزام لێکردبێتیت .
کاتێک لەپاسەکە دابەزیم، بۆخۆیشم نەمزانی چلۆن بەو خێراییە گەیشتمەوە بازاڕ. بەپرتاو خۆم بە دووکانی هاوڕییەکمدا کرد و دەستم بەخوێندنەوەی بەشی دووهەم کرد ، نازانم تۆ چلۆن هاتیتە ناو ڕۆمانەکەوە و بویتە حیکایەتخوان و جڵەوی گێرانەوەت گرتە دەست؟ دەستەکانم لەرزین . ئیتر لەو کاتەدا زانیم چارەنووسی ئەو دوو عاشقە کەوتۆتە بەر ویژدانی تۆ، لەگەڵ گەران و هاواری ماکۆس و سەلارخاندا بێئاگایانە هاوارم کرد، لە نێو قەرەباڵخی سەقامی سالم دا ، نەمدەزانی بەکامیان ڕابگەم و دەستی کامیان بگرم و بیبەم بۆلای ئەوی تریان، تەنها بەوە دڵخۆش بووم بەو تەکنیکە جوانەت ماکۆست لە زەمەنی خۆیەوە هێناوەتە سەردەمە نەفرەتییەکەی قەحبە و دۆلار ی سەلار خانەوە ، بەڵام ئەفسوس کاتێک دواهەناسەی ماکۆسان لە ژێر پۆستاڵی مرۆڤ کوژەکان و ژێرکەوتنی سەلارخانم بینی لە ژێر داڕمانی باڵەخانە بەرزەکانی سلێماندا بەئاستەم هەناسە ئەدەن ، بەنەفرەتم کردیت . بەخۆم گوت ، ئای مەحمود ، چەند دڵرەق و بێبەزەیت .
بمبوورە ئەو قسە رەقانەم پێ گوتی ، من بێئاگابووم ئاخر من لەناو ڕۆمانەکەتدا تەواو ئاوێتەی کارەکتەرو رووداوەکانت بووم . کاتێک بەخۆم هاتمەوە بەگەروویەکی تووندەوە هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا و بەخۆم گوت ، دەبێت خوێنەرەکانی منیش چەند نزایان لێکردبێتم و بەنەفرەتیان کردبم لەسەر چارەنووسی کارەکتەرەکانم . ئاخر جوانی ڕۆمان لەوەدایە کارەکتەر ئازاد بێت و یاخی بێت لە نووسەرەکەی و بەدووی چارەنووسی خۆیانەوە بن ، ئەگەر وانەبێت چلۆن من ناچار دەبم بەنەفرەتت بکەم .
دواجار پڕ بەدڵ دەستخۆشیت لێدەکەم بۆ ئەم ڕۆمانە جوانەت، چاوەڕوانی کاری جوانترت لێدەکەم
***
سەلارخان، گرێکوێرەی ئەشقێک لە دووتوێی چیرۆکە ئاڵۆزەکانی شارێکدا
نووسینی: شەریف فەلاح
سەلارخان، ڕۆمانێکی دیکەی مەحموود نەجمەدین، نووسەری خەڵکی کەرکووک و دانیشتووی سلێمانی-یە کە هاوینی ئەمساڵ لە دووتوێی ١٥٤ لاپەڕە چاپ و بڵاو کرایەوە کە دوای بڵاوکردنەوەی، هاوشێوەی بەرهەمەکانی پێشووی چەندین بابەت و سەرەقەڵەمی تایبەتی لەبارەوە نووسراوە.
تەونی ڕۆمان
هەوێنی ڕۆمانی سەلارخان، ئەشقی نێوان سەلار کچێکی مامۆستای مێژووە کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی کۆڕۆنادا دەژی، لەگەڵ ماکۆسانی جوامێر کە گێڕەوە و ئاوێنەی گەنجانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوویە، دەگێڕێتەوە. ژینگەی ڕوودانی چیرۆکەکانی ئەم ڕۆمانە شاری سلێمانییە، وەلێ لە دوو کات و سەردەمی جیاوازدا. مەحموود نەجمەدین، زۆر بە هەستیاری و بە زمانێکی پتەوی گێڕانەوە دەستی بۆ بابەتێکی سیاسی و مێژوویی شاری سلێمانی بردووە کە خەون و خولیای کارەکتەرە سەرەکییەکان و هەموو کارەکتەرەکانی دیکەش پەرۆشییە بۆ ئاسەوار و شوێنەوارە کۆنەکانی سلێمانی. هاوکات لەم ڕۆمانەدا بە شێوەی مۆنۆلۆگ دیمەن و ڕوخساری کەسێتییە ناسراوە کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و مێژووییەکانی ڕابردووی سلێمانی و گەڕەک، کۆڵان، شەقام دەخرێتە ڕوو. سەلارخان گێڕەوەری ئەشقی سووتاوی نێوان سەلار و ماکۆسانە لە دوو زەمەنی جیاوازدا کە وەک تەونەگەرێکی لێزان هەر هێلمێکی بە ڕەنگێک چنراوە و هەموو هێلمەکان تانوپۆی ئەشقێک وێنا دەکەن کە ئەم ئەشقە گرێدراوی مێژوو و چیرۆکە ئاڵۆزەکانی سلێمانییە کە لەلایەک بە دەستی جاش و جلخوار و سیخوڕ و جەیشی بەعس و مولازم موحسنەکانەوە گیرۆدەیە و لەملاشەوە بەدەستی بەرپرسە دز و گەندەڵ و تاڵانچییەکانەوە دەناڵێنی و سەرلەبەری خاکی فرۆشراوە و هەرچی بینا و شوێنەوار و جوانییە تێک ڕووخاوە و لە ئانوساتی گیانەڵادایە.
زمان و لەحن (ڕاوێژ)
جیاواز لە جۆری گێڕانەوە و هەڵبژاردنی تەکنیک و دیاریکردنی هێڵی داستانیی ڕۆمانەکە، ئەوەی بەلای منەوە خاڵی بەرجەستەیە، زمانی پتەو و ڕەسەن و خۆماڵی و نزیک لە ئاخاوتن و دەربڕینی خەڵکە. مەحموود نەجمەدین لە ڕۆمانی سەلارخاندا هاوشێوەی بەرهەمەکانی دیکەی، ڕێچکەیەکی گرتووەتە پێش کە تێیدا زمان لە لووتکەدایە و چەشنی کۆلکەزێڕینەیەک هەموو ڕەنگەکانی زمانی کوردیی بەکار هێناوە و بە گرتنەبەری ڕاوێژ و ئاخاوتەی تایبەتی سلێمانییانە هێندەی دیکە گێڕانەوەکەی جوانتر کردووە کە ئەمەش یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی گێڕانەوەیە کە هەرچی کارەکتەر ئاخاوتن و گفت و لفتی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و خوێنەر نزیک بێت، زیاتر لە دڵەوە دەنیشێت. بۆیە سەلارخان پڕشکۆیە وەک تووی مەلیک و سەرشەقام و سابوونکەران و بەر دەرکەی سەرا و شەقامەکانی سالم و مەولەوی. بۆیە دەربڕین و شێوەزاری خۆماڵییانەی کارەکتەرەکان بە لەونێ چنراوە کارەکتەر خۆیەتی ڕەوتی ڕۆمان بەرە پێشەوە دەبات و سێبەری تێڕوانینی گێڕەوەری هەمووشتزان و نووسەر بەسەر دەقەوە زۆر نادیارە و ئەمەش خاڵیکی دیکەی بەرچاوی سەلارخانە.
دۆخی داستانی
ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و جێگەی سەرنج بوو نووسەر لەم ڕۆمانەدا بەدوای تەکنیک و فۆرمی ئاڵۆزدا نەگەڕاوە و خۆدواندن و مۆنۆلۆگی کارەکتەرەکان و بەتایبەتی سەلار و ماکۆسان لە دوو سەردەم و دۆخی جیاوازدا کە هەڵوەدی دۆزینەوە و گەیشتن بە یەکترن، دەستنیشانکردنی جۆرێکی نوێی گێڕانەوە خوێنەری تامەزرۆ پەلکێش دەکات، کە بزانێ ماکۆسانی جوامێری هەشتاکان کە یاخییە لە حکوومەت و پڕە لە وزە و جووڵە و خەونی گەیشتن بە شاخ و هەڵفڕینی هەیە، چۆن و کەی دەتوانێ لە کونجی شێداری ئەو ژیرزەمینە ڕزگاری بێت و باوەش بە شار و ئەشقکەیدا بکات.
لەولاشەوە وا لە خوێنەری کونجکۆڵ دەکات و بەو زمانە شازەوە بە بەژن و باڵا و دیمەن و ڕوخساری سەلاری شۆخ و شەنگدا دێت و وەسفی دەکات، هاوکات گفتوگۆی لەتەک دایک و خوشک و باوک و کەسوکاری کە تێکەڵ بە دۆخی ئێستای سلێمانی و شێواندنی سیمای شار و دزی و گەندەڵی و ڕووشاندنی شار و چیرۆکە شێواوەکانی دیکە دەبێت، بۆیە لێک‌گرێدانی دوێنێ و ئەمڕۆ بە یەکتر لە دووتوێی ئەشقی ماکۆسان و سەلار کە دەوروبەریان پڕە لە نهێنی و گلە و گازندە و چاوچنۆکی و ئێرەیی و ترس و تۆقاندن، ئەگەر نەخرێتە قاڵبی تەونی هونەرەوە و بە زمانی گێڕانەوە نەنەخشێندرێت، باسکردنی مێژووی ڕەق و تەقی شارێکی وەک سلێمانی نابێتە داهێنانێکی هەرمان. کە بەڕای من مەحموود نەجمەدین دەستی بۆ بابەتێک بردووە و کردوویە بە هەوێنی گێڕانەوەکەی کە چیرۆکە شیرینەکانی دوێنێ و قارەمانێتی و حەماسەتی جاران و خەباتی پڕ لە قوربانیی پێشمەرگە و خەونی ڕابردووی شارێک، ئێستا خەریکن لە سەردەمی بەجیهانیبووندا لەژێر دەسەڵاتی خۆییدا نوقمەسار دەبن و چیرۆکەکان بوونەتە ژێر دار و پەردووی شاری داڕووخاو و دزراوەوە و وەک ئەشقی شێتانەی سەلار و ماکۆسان دوێنێی شارێک لە خەونی چاوچنۆک و بازرگانە برسی و تێرنەخۆرەکانی ئەمڕۆدا شەمزاوە و داهاتووش لێڵ و نادیارە.
سەلارخان گێڕەرەوەی مێژووی شارێکە کە راپەڕینی بەر دەرکەی سلێمانی و خولقێنەری عەولە سیس و سەدان جوامێری وەک ماکۆسانە، ئەگەر دوێنێ ماکۆسان لە ترسی جەیش و جاش و سیخوڕ و قوات خاسە و فیراری سەربازی خزاوەتە کونجی ماڵەوە و سەودای بینینی سەلاری لەسەردایە و بۆ دەرفەتێک دەگەڕێ کە لە ماڵ دەکەوێت و باوەش بە شاردا بکات و دڵدارەکەی لە ئامێز گرێت و ڕێگەی شاخ و خەبات بگرێتە بەر. چل ساڵ دواتر و هەر لە یەک گێڕانەوەدا گراوەکەی سەلاری بەژن زراڤ و شۆخ و شەنگیش ترسی پەتای هاوچەرخی کۆرۆنا خزاندوویەتییە ماڵەوە و هەر دەخوات و دەخەوێ و وا دەزانێ هەڵماسیوە و لەبەر خۆیەوە وڕێنە دەکات و دەبۆڵێنێ، لایەک تانە و تەشەر لە خوازبینیکەرەکەی دەدات کە ڕقی لێی دەبێتەوە و لایەکی دیکەش بە قوربان و سەدەقەی ماکۆسانی جوامێر دەبێت. بەردەوام هاواریەتی شار کاول بووە، سەرلەبەریان هەڵتەکاند، بە هیچ تێر ناخۆن، خەمی شار هەراسانی کردووە و هیچیشی لەدەست نایەت. نە کۆرۆنا ڕێگە دەدات لە ماڵ دەکەوێت و شەقام بهێنێتە هەژین و نە دڵەڕاوکێ و دزی و فزی و گەندەڵییەکان دەهێڵن بۆ ساتێ وەحەسێ، ئەم کەڵکەڵە و خەونانە لای هەردوو کارەکتەر ڕەوتی داستانیی ڕۆمان دەبەنە پێشەوە. سەلارخان کە لە دوو بەش و لە دوو کات و دۆخی جیادا دەگێڕدرێتەوە، لە زەین و خەیاڵدانی کارەکتەرەوە و بە دەرچوون لە زەمەن و کات، وێنای دوو سەردەمی جیا دەکات، وێناکردنەوەی چل ساڵ پێش و دەستبردن بۆ ئەو دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە زمانی ماکۆسانەوە وێناکردنێکی ئاڵۆز و شێواو و پەلوپۆدار نییە، نووسەر لە زەینی ماکۆسانی هەشتاکاندا دوو ئایدیا دەخاتە روو، پاڵەوانی شۆڕشگێڕی ڕزگاریدەر و جێگەی ئومێد، لە بەرانبەردا جاش و جەیش و دڕندەیی حکوومەتی بەعسی داگیرکەر.
وەلێ وێنای دۆخی ئێستا لە زەین و خەیاڵی گراوەکەی واتە سەلارخاندا گەلێک ئەستەمە، چونکە ئەشقی ئێستا شێواو و ئاڵۆزە و شاری پەلوپۆدار، پڕییە لە چیرۆکی پڕ لە ڕاز و ڕەمز و ئایدیای شەمزاو، ئەشق و شاری ئێستا گرێدراوی دزی و تاڵان و ڕووتاندنەوە و گەندەڵی و نادادپەروەری و وێرانکردنی شار و رەمز و هێماکان و خەندەی جوانین، بۆیە ئاساییە ئەگەر شار و ژیان لەلای ببنە دێ‌و و درنج و جڕ و جانەوەر دێوەزمەی سەیروسەمەرە و پاش ئەو هەموو چاوەڕوان هێشتنەوەی خوێنەر، کە ماکۆسان و سەلار لە ژوانگە باوەش بە یەکدا بکەن و بگەنە مراد، کەچی تووشی فۆبیا دەبن و گێژەڵووکە، بۆمب و ئەتۆم و داڕووخانی شار و قرموقاڵ و دیمەنی نائاسایی، سلێمانی و ئەشقی ئەو دوو ئەویندارە نوقم دەکات و دیمەنێک لە ژیانی شێواو و داتەپیو و ئاڵۆزی هاوچەرخمان بۆ دەخەنە ڕوو کە نووسینەوەی ئەم چیرۆکانە لەژێر دار و پەردووی دزی و تاڵان و لەژێر سیمای عەڕنەمووتی خۆفرۆش خاکفرۆش و جاشی مۆدێڕن‌دا ئەستەمە.
شار و چیرۆک
شار لە ڕۆمانی سەلارخاندا تەنیا بریتی نییە لە کۆمەڵێک بینا و شەقام و جادە و دامودەزگا و بلۆک و چیمەنتۆ، بەڵکوو شار بریتییە لە مێژوو، کەسایەتی، قارەمان و هێما و سیمبۆل و تاک بە تاکی شار. لە گشت گرنگتر ئەوەی خەمی سەرەکیی هەموو کارەکتەرەکانی سەلارخانە، جیا لە جلخوار و سیخوڕ و جاش و جەیشەکان، پاراستنی چیرۆکەکانی شار و ئاسەواری دێرین و سیمای شارە. مەحموود نەجمەدین، لە زمان کارەکتەرەکانی سەلارخانەوە پێمان دەڵێ نووسینەوەی چیرۆکی شار، قووڵبوونەوە و ڕۆچوونە بە ناخ و کەلێن و درز بە درزی دیوار و خشتی ماڵەکان و پەیڤینە لەگەڵ گەڵا و چۆلەکەپاساری و درکاندنی ڕازی لەگۆڕنراوی تایەر، ڕەشۆڵ، عەولە سیس، عەزمی بەگ، ڕەمزی فەتاح و ساڵح قەفتانە. شار لای مەحموود نەجمەدین و سەلارخان خەمی گەورەی هەیبەتی جارانی سەرایە، خەمی سەلارخان لەدەستدانی شکۆ و سەنگی سلێمانییە، چونکە ئەو دەڵێت: “ئەم سەرایە هەر وا بووە. ناوەڵڵا گیانبازیی ئەیلوول هەرگیز دووبارە نابێتەوە. موزاهیرە و باقلەخواردنیان نەوتووە”.
وێناکردن و لێک‌گرێدانی شەشی ئەیلوولی بەر دەرکی سەرای سلێمانی و هەیبەت و شکۆ و دروشم و هۆتاف و حەماسەی خەڵک و ڕۆشنبیران و شاعیرانی ئەوکات، لەگەڵ دۆخی گنخاو و ئاڵۆسکاوی ئێستا لە دووتوێی ئەشقێکدا کە هاوکات لەگەڵ خەمی ئەشق، خەمی شاریشیەتی، تەنیا لە زەینی ڕۆماننووسی مۆدێڕن دەوەشێتەوە. جیاوازیی نێوان مێژووی ڕووت و بە چیرۆککردنی مێژوو، چۆنیەتیی گێڕانەوە و تەکنیک و فۆرمێکە کە نووسەر بۆ ڕەوتی گێڕانەوەکەی دەستنیشانی دەکات. سەرلەبەری ئەو شتانەی کە وەک مێژوو و وەک ڕەخنەی مێژوویی لە سەردەمی حوکمداریی شێخ مەحموود گیراون، ناگەنەوە شکۆی “لەخەوما”ی جەمیل سائیب کە لەبارەی ئەو دۆخە مێژووییە نووسیویە، ئەگەر هەر قۆناغ و بڕگەیەکی مێژوویی نەبێتە هەوێنی ئەدەب و گێڕانەوە و هونەر، بێگومان نابێتە مێژوویەکی نەخشێندراو و هەمەڕەنگی کاریگەر.
ڕۆمانی سەلارخانی مەحموود نەجمەدین لە ڕەگەز و توخمی ئەو جۆرە ڕۆمانانەیە کە خۆیان لە قەرەی مێژووی شارێک داوە، ئەگەرچی چەقی ڕۆمان لەسەر شاڕەگی ئەشقە، بەڵام وێرانکاریی شارمان بۆ باس دەکات. کۆتایی ڕۆمان و بەراوەژۆبوونی ئەگەرەکانی خوێنەر، دەربڕی دۆخی شپرزەی ئێستای شار و ژیانی پڕ لە تەنگ و چەڵەمە و دووبارەبوونەوە. داتەپین و داڕووخانی بینا و باڵەخانەکانی شار و گرموقاڵ و هەموو هاتوهاوار و تەقەلای ماکۆسان و سەلارخان بۆ گەیشتن بە یەک و توانەوەی ئەشق و فەنا و نوقمبوونی شەقامی سالم و سەرلەبەری سلێمانی لە یەککاتدا، هێمایەکی پێگەی ئەشق و خۆشەویستیی شار (نیشتمان)ە لای گێڕەوەری سەرەکی.
***
سەلارخان، سلێمانییەکى کەرکوکى
نووسینی: سوارە نەجمەدین
سەلارخان، لە زومڕەى ئەو ڕۆمانە کورتانەیە، مەودایەکى درێژ لە زەیندا دەمێنێتەوە، وەک ئەوەى دەست بە خواردنى شیرینى بکەى، ناتوانى دەستى لێ هەڵبگرى، تاکو کۆتایی قاپەکەش ئەلێسیتەوە، ئەڵێى گوڵەبەڕۆژەیە لە کۆتایدا بۆ دەنکە کەوتووەکانیش ئەگەڕێیت.
ئەم ڕۆمانە عەشقە، لە هەمان کاتدا مێژووە، باسی شار دەکات، باسی سلێمانى، بەڵێ نووسەرێکى کەرکوکى دێت و باسی وردەکارى سلێمانى دەکات، وەک ئەوەى کوچە و کۆڵانى ئەم شارە شارەزا بێت، شارەزایی گردى جۆگە و گردى کاسەوکەوچک و قۆریەشکاو و جولەکان و کۆڵانە لاچەپەکانى ئەم شارە بێت.
شێرکۆ بێکەس کاتێک دێت قەصیدەى کورسی دەنووسێت، هەر دەڵێى کورسییە قسە دەکات، ئەو مرۆڤە دەچێتە دۆخى کورسییەوە و وەکو کورسیەک قسە دەکات، ئاستەمە تۆ بزانیت تەختە چۆن بیر دەکاتەوە، کەچى شێرکۆ دەیزانى تەختە هەستى چۆنە بۆیە وەک کورسی قسەى کرد.
کافکا کاتێک دێت رۆمانى رمۆزن بوون دەنووسێت، خۆى دەکات بە قالۆنچە، کێ قسە لەگەڵ قالۆنچە دەکات کافکا نەبێت، تاکو تێبگات قالۆنچەبوون چۆنە.
زۆرێک لە نووسەران ناچارن ببن بە منداڵ، بە ژن، بە درەخت، بە نەتەوەی تر، بە دۆخى تر، بۆ ئەوەى ئەوە بنووسن کە کارئەکتەرکەیان هەیە، مەحموود نەجمەدین گەرچى کەرکوکییە، لێ هەر دەڵێى هەموو تەمەنى لە سلێمانیدا بووە، هەر دەڵێیى بن و بنەچەى سلێمانییە، رەنگە زیادە ڕەوى نەبێت بڵێم ئەستەمە نووسەرێکى سلێمانى بتوانێت ئاوا باسی شارەکەى خۆى بکات، ئاوا خۆشی بوێت و ئاوا ئاگادارى وردەکارى شار بێت، بۆیە سەلارخان وێڕاى ئەوەى رۆمانێکى ئەدەبی بێت، هەوڵێکە بۆ خۆشویستنى شار، هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنى شار و یەک رەنگى.
بەڵام ئەمە خاڵى ئەرێنى ئەم رۆمانە نییە، بەڵکو جوانى زمان و یاریکردن بە زەمەن کرۆکى رۆمانەکەیە، ئەوە زمان و زەمەنە سەلارخان دەکاتە رۆمانێکى جیاواز، دەیکات بە رۆمانێک بمێنێتەوە، بۆ کتێب هیچ شتێک وەک تەمەن گرنگ نییە، کتێبی باش تەمەنى درێژە لێ پیر نابێت و لە گۆشەى ماڵدا پەراوێز بخرێت.
***
سەرنجێک لەسەر ڕۆمانی «سەلار خان »ی مەحموود نەجمەدین.
نووسینی: محەمەد حەسەن
سەلار خان ڕۆمانێکی قەبارە مامناوەندی فرە ڕەھەندە. لەدوو بەش پێکھاتووە بەشی یەکەم یانزە ژمارەیە و ھەر جارەی کارەکتەری “سەلار خان یان ماکۆسان ” کە دوو کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەن بەدووای یەکدا دەکەونە گێڕانەوە و سەرەتا لە سەلارەوە دەستپێدەکات. ھەرچی بەشی دووھەمە چەند پەڕەیەکی بۆ تەرخانکراوە ،بەڵام ھەرچی جوڵە و بزاوتی ڕۆمانەکەیە کەوتۆتە ئەم بەشەوە.
بۆ ئەوەی قسە لسەر دەقێک بکەین ، پێویستە بزانین ئەو دەقە بە چ تیۆرێک دەخوێنرێتەوە. لێرەدا تیۆری شەپۆلی ھۆشم بەکارھێناوە ،چوونکە زۆربەی تایبەتمەندێکانی ئەو تیۆرە لەم دەقەدا بەدیدەکرێت وەک” مۆنۆ لۆگ و خۆدواندن و فلاشباک و تەکنیکی پێشخستن.”
شەپۆلی ھۆش یان زەین بۆ یەکەم جار وەک زاراوە لەبواری دەروونناسیدا لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بەکار ھێنراوە لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی «ولیەم جیمس»بۆ گوزارشتکردن لە لێشاوی بەردەوامی بیر و ھەستەکان لەناوەوەی زەینی مرۆڤدا . پاشان کەوتە ناو بواری ئەدەبیاتەوە و ڕەخنەگران بۆ گوزارشتکردن لە شێوازێکی نوێی گێڕانەوە بەکاریان ھێنا. ھەوڵە سەرەتاییەکان لەئەدەبی جیھانی‌دا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانووس “ئێدوارد دورجان ” لە ڕۆمانی( گەڵای دار غارەکەم بڕی) ،و مارسیل پڕوست لە ڕۆمانی ( گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو) وە جیمس جۆیس و دوواتریش ڤێرجیناۆلف و فۆکنەر گرنگیان بەم تەکنیکە داوە.
لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا ، سەلار خان یەکەم ڕۆمانی کوردی نیە گرنگی بەم تەکنیکە دابێت ، و دواھەمیش نابێت. سەرەتای سەرھەڵدانی لە ڕۆمانی کوردی‌دا بۆ ڕۆمانی «ژانی گەل ،و ڕۆمانی سەگوەڕ ،و ئەندێشەی مرۆڤێک …ھتد»دەگەڕێتەوە.
* ڕۆمانەکە بە بیرکردنەوەو مەنۆلۆگی کارەکتەری سەلار دەستپێدەکات. جۆری مەنۆلۆگەکەش ڕاستەوخۆیە ـ لە کارەکتەرەوە بۆ خوێنەر.لەم جۆرە مەنۆلۆگەدا نووسەر ھەوڵدەدات ئەو باس و بیرۆکانەی لەزەینی کارەکتەردا دەخولێنەوەو فەراھەمدەبن ، وەکو خۆیان بگوازێتەوە بۆ ناو دەقی ڕۆمانەکە.
*زەمەنی ڕووداو… زەمەن لێرەدا کشاوە ،جێگیر نیە. زەمەنی حەقیقی ڕووداو ڕەنگە چەند خولەکێک بۆ کاتژمێرێک یان زیاتربێت لەوساتەوە دەستپێدەکات سەلار خان خۆی بۆ حەمام و پاش ھاتنە دەرەوەی ئامادە دەکات ،وەک لە دەقەکەدا ھاتووە دایکی سەلار ھاوار دەکات:«ئەرێ ڕۆڵە چیتکرد؟»چی بووە دایکە ماڵەکە سووتا؟یانی چی ئەکەم ؟خەڵکی لە حەمام چی ئەکا؟ماڵم ئاواكردی ئەو ھاوار ھاوارەت لە چیە!ئەوە تەواو بووم.) لەڕۆمانەکەوە.
زەمەن لێرەدا سنورەکان تێدەپەڕێنێت وەک ڕەھەندێک دەرەکات و دەرەشوێنە .لە سات و جێگەیەک خۆی نابەستێتەوە بەویستی کارەکتەر گوزەر دەکات .
ھەرواشە تۆ دەتوانی لەسەر خوانی ماڵەکەت خەیاڵ بکەیت لە ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەیت لە شیکاگۆ. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیەتاچەند نووسەر توانیویەتی خوێنەر بۆ و سەفەرە درێژەی مەنۆلۆگ ئامادەبکات؟
* خۆدواندن: لە بنەڕەتدا ھونەرێکی درامیە و ئەکتەری درامی بۆ ئەوەی چۆنێتی پڕۆسە زەینییە تایبەتەکانی بە بینەر ڕابگەیەنێت پەنا بۆ ئەم تەکنیکە دەبات و بەدەنگی بەرز خۆی دەدوێنێت. ماکۆسان «ناڕوا.چەقی بەستووە ڕۆژگاری شووم.خوا بەرداری نیە ژیان لەم کونە ڕێویەیا بەسەر بەرین؟ سەلاریش خوا ئەزانێ لەژووری گەرمی کێ … ھتد.» لە سەردەمی ھەشتاکان بۆ سەرەوە ھەزاران گەنج ناویان بۆ سەربازی دەھاتەوە و فیرار دەبوون ،ناچار چاڵیان لە ژووری نوستن یان ھەرگۆشەیەکی ماڵدا دروست دەکردوو ھەرکەس لەدەرگای دادا بەپەلە کابرای خۆ حەشاردەر خۆی دەھاوێشتە چاڵەکەوە ، بۆخۆم ئەو چاڵەم دیووە لەماڵ نەنکم کاتێک خاڵم دەچووە ناوی ، دەزانم چ بار‌و دۆخێک بوو .کابرای فیرار لەو چاڵەدا کە ژیانێکی سیخناخ لەترس و بیمبوو ، ھەزاران مەترسی و پێشھات لێک دەداتەوە و خۆی دەدوێنێت .
*فلاش باک: تەکنیکێکی گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمانە ،لەڕووی دەرکەوتن و بەکارھێنانەوە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و ئەم تەکنیکە لە داستانە کلاسیکیەکاندا دەرکەوتووە ،لەوانە ئلیادەی ھۆمیرۆس. ئەگەر مرۆڤ لە بیرەوەری و ڕووداوە کانی ڕابردووی دابماڵرێت ،بریتیدەبێت لە کایەیەکی بەتاڵ ،و بۆ زیندوو ڕاگرتنی بیرەوەریەکانی پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت .
لێرەدا نووسەر لەڕێگەی بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە بەسەرھات ، یان ڕووداوێکی ڕابردوو بەسەر دەکاتەوە.
دیارە فلاش باک سێجۆری ھەیە «فلاش باکی دەرەکی ،ناوەکی ،و ئاوێتەیی» لێرەدا نووسەر پشتی بەجۆری دووەم و سێییەم بەستووە .زۆر بەی کات لە زمانی کارەکتەرەوە بەراوردی نێوان دوو زەمەن دەکات بۆ نموونە : زەمەنی ھەشتاکان و دیمەنی ڕەش وسپی و زەمەنی ئێستا ی ڕەنگاو ڕەنگ و زەمەنی مۆدێرنێتە و دنیای دیجیتاڵی و خێرا . زۆر جار نووسەر بۆ درێژکردنەوەی خەیاڵی کارەکتەر لە تەکنیکی فلاش باکدا جۆرێک زیادەڕۆیی کردووە و ئاڵۆزیەکی ھێناوەتەکایەوە بەتایبەیت لە زمانی سەلار خانەوە خوێنی ڕژاوی کەسایەتی عەولەسیس دەھێنێتەوە بەرباس و گرێیی دەداتەوە بەخوێنی ڕژاوی کارەکتەری سەلارەوە لە نزیک حەوزەکەی ماڵ باپیری . یاخوود ھێنانە ناوەوەی بابەتی جل خوارەکان کە لە سەدەی ڕابردوودا ھاوئاوزی دەوڵەتی عوسمانیبوون لە سلێمانیدا ، تاچەند نووسەر توانیویەتی ئەو زەمەنانە پێکەوە گرێبداتەوە بە ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەرەوە ؟ لە هەندێک شوێندا سەرکەوتووانە یادی هەندێک کەسایەتی و جێگەی شاری کردۆتەوە . وەک بەرگریکارێکی کلتوری .
ڕە نگە بەڕواڵەت نووسەر کاری کردبێت بۆ نشاندنی ھەردوو ڕووەکە ی شار لە لەدووزەمەنی جیاوازدا ،بەڵام نەیتوانیووە بچێتە قووڵاییەوەو گۆڕانی ڕۆحی شار بەتەواوی دەربخات .
* پێشخستن: ئێمە کەباس لەگێڕانەوەدەکەین ،بەشێوەیەکی نیمچە ڕەھا دەیبەستینەوە بە ڕابردووە وە،بەڵام زەینی مرۆڤ لە توانایدایە ھەندێک ڕووداو ،و دیاردە بخوڵقێنێت کە ھێشتا لە ژیانی ڕاستەقینەدا ڕوویان نەداوە،بەڵکو پێدەچێت لە داھاتوودا ڕووبدەن ،ئەویش بە پشت بەستن بە خەون وخەیاڵ یان پێشبینیکردنی ئایندەوە.
پێشخستن پێچەوانەی فلاش باکە و لەو ساتەدا یکدەگرن ، (لێکترازانی گێڕانەوەی) دێتە ئاراوە.
لە بەشی دوودا جگە لەوەی ڕیتمی ڕووداو و گێڕانەوە تۆنێکی خێرا وەردەگرێت پێویستە خوێنەر ئامادەبێت بۆ پێشھات و شۆکێکی چاوەڕواننەکراو لەگێڕانەوە و مەنۆلۆگێکی تەقلیدی بۆ ناو دنیا‌و سەردمێکی نوێ.
کاتێک کافکا مەسخ یان بەدگۆڕان دەنووسێت ھەرلەسەرەتاوە خوێنەر لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان بۆ پێشەوە دەبات و زیھینی خوێنەر ئامادەدەکات بۆ ھەر ئەگەر و پێشھاتێک . پاشان بورهان شاوی عێراقی کاتێک ڕۆمانی (مشرحە بغداد )دەنووسێت لەسەرەتاوە وێنەی پاسەوانێکمان نیشان دەدات تەنانەت لەسێبەرەکەی خۆشی دەترسێت .بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکاندا بڕوا بەخوێنەر دەهێنێت ئەوەی کە پاسەوانەکە دەیینێت لەسەر و لۆژیکەوەیە و ڕەنگە خۆشی بەشێک بێت لە یاریەکە، یاخوود مردوویەک بێت وەک ئەوانیتر . یاخود (فرانگشتاین لە بەغداد )ی احمد سعداوی و …هتد. قسەی من لەسەر ئەو ئامادە سازییە که دوو دڵدار لەدوو سەردەمی جیاوزدا ئەو هەموو ساتە خوێنەر چاوەڕێی شادبوونیان دەکات پێکەوە ، لەدووای ڕاکردن و نزیکبوونەوە یان لەسەهۆڵەکە ، لەپڕ هەموو شتێک ئاوەژوو دەبێتەوەو دەگەینەوە خاڵی سفر ! ڕەنگە بەدیوێکیتردا نووسەر وێنەی دنیای ئەمڕۆ بەو جۆرە پێناسە بکات کەهیچ شتێک لەجێگەی خۆیدا نیەو لەهەر ساتێکدا دەکرێ ڕووداێکی نەخوازراو ڕووبدات و تەواوی چاوەڕوانیەکان پوچەڵکاتەوە.
لەڕووی زمانەوە هەندێک ئیدیەم و گۆرانی و وشەی بازاڕی تێدا بەکار هاتووە ، هەندێکی لەجێگەی خۆیدایە و هەندێکی زیادەیە ،بگرە زیانی لە تێکستەکەش داوە .چوونکە ناکرێت هەر لەسەرەتاوە هەتا کۆتایی بەیەک ڕیتم و تۆن بیربکەیتەوە و دیالۆگ بکەیت .هەندێک جار سات و کاتی وادەخوازێت بە پێی دۆخەکە زمانی کارەکتەر بگۆڕدرێت .چوون گێڕانەوە بریتیە لە مامەڵەکردنی ڕۆماننووس لەگەڵ زماندا ،واتە گۆڕینی ڕووداو لە وێنەی واقیعیەوە بۆ وێنەی زمانی .
تێبینی /
*ئەم کتێبەم وەک سەرچاوە بەکار هێناوە:
شەپۆلی هۆش لەڕۆمانی کوردیی _ د. دیار فایق مه جید ،لێکۆڵینەوەی ئەدەبی _٢٠٢١.
٭سەلارخان _مەحموود نەجمەدین ،ڕۆمان ،۲۰۲۱.
***
ڕۆمانی سەلارخان
گەڕان بە شوێن یادەوەریی ونبوودا
نووسینی: ئاكۆ كەریم مەعروف
سەرەتای رۆمانەكە، رستە و وێنە خێراكان، ئاوێتەبوونی زەمەنە جیاوازەكان، بەستنەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ و سبەینێ بەیەكەوە، هەموو ئەمانە بۆ كردنەوەی رووبەرێكە بۆ دوو وێنەی جیاواز و دوو دونیابینی جیاواز، لە هەمان كاتدا دوو جیهانی هاوشێوەن، دونیایەك زۆربەی ژیانی كۆیلەی ژێر زەمینێكە، دونیاكەی تر بەندی قسە و قسەڵۆكە.
لە ئەدەییاتی نوێ‌دا هەموو گەڕانەوەیەك بۆ رابردوو مەرج نییە نوستالۆژیا بێت، خەون و هەستەكانی بۆن و بەرامەی مناڵی، شەڕە شەق و فڕیوە و هەلوكێن و تامی خواردنی دەستی داپیرەمان ئەو هاوسەنگییە بێت، كە گەڕانەوە بێت بۆ ژیانی مناڵی و یاری چاوشاركێ بكەین كە كێ دەدۆزینەوە… یاری چاوشاركێ لە رۆمانی سەلارخان، گەوهەر و سەنتەری كاركردنی مەحمود نەجمەدینە لە رۆمانی سەلارخان.
درۆ و دەلەسە و ویتەویت قسەی ئەملاو و ئەولا، بوختان كردن و فریودان پێكهاتەی سەرەكی تەواوی فۆرمی گشتی رووداوەكانی داپۆشیوە، شوێن شارە و كەسایەتییەكان شارین، ئاساییە هەر شارە و لە دونیادا نوكتە و قسەی خۆشی خۆی هەیە، شار هەیە شاعیرانە دەژی، شار هەیە بۆ سیاسەتمەدار و دەوڵەمەند و كۆمپانیاكانە، شاریش هەیە لە پشت هەموو رستەیەكەوە ئیدیۆمێكی تایبەت هەیە، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی كە بە درێژایی مێژووەكەی شارێكی یاخییە، یان قبوڵت دەكات، یاخود پشتاوپشت پشتت تێدەكات. لەم شارەدا جنێو تەشهیر نییە و بۆ روخاندنی هیچ كەسایەتیەك نییە، بەڵكو زۆرجار جێگەی شانازی بووە. كە نووسەر زۆر بە وردی ئەو رستانەی بەكارهێناوە. دوو كارەكتەر لە دوو زەمەن و كاتی جیاوازدا هەڵوەدای پرسیار كردن و هەواڵ و دۆزینەوەی شوێنی یەكترین، لە یاری چاوشاركێدا بە دەستەكانی خۆت هەردوو چاوت دادەپۆشیت، بەڵام لەم رۆمانەدا كەسانیتر چاوەكانت دەبەستنەوە.
لەم رۆمانەدا، ئەوەی سەرنجی منی راكێشا نووسەر بە شوێن هیچ تەكنیكێكی ئاڵۆزدا نەگەڕاوە، یان پێویستی پێی نەبووە، كاركردنی نووسەر لەسەر دوو دۆخی تەبا و جیاواز بووە، یەكەمیان یادەوەری ونبوو، گەڕەكی خانووە قوڕەكان، پاشان لە زەمەنێكی جیاوازدا بە كۆنكرێتكردنی شار، بەتایبەتی خانووە دێرین و گڵینەكان و لە دەستچوونی هێلانەی پەڕەسێلكەكان.
یادەوەرییەكی بچووك…
لەم رۆژانەدا بەر لەوەی بەر ئەم رۆمانە بكەوم، مامۆستایەكی دێرین و بە ئەزموونی ئەم شارەم بینی، نوكتەیەكی سەیری گێڕایەوە.
ئەو باسی لەوە كرد، پێش ئەوەی كۆنكرێت بگاتە سلێمانی، ئەو كەسەی باسی دەكەم خاوەن سەرمایەكی زۆربوو، یەكەمین خانوو بوو لە سلێمانی كە بڕیاری ئەوە درابوو لە كۆنكرێت جارێكی‌تر دروستبكرێتەوە، دوای بڕیاردان لە وەستاكەی پرسیبوو، ئەم كۆنكرێتە بەرگەی چەند ساڵ دەگرێت، وەستاكەش پێیدەڵێت زیاتر لە پەنجا ساڵ، ئەو كات وەكو مامۆستا بۆیگێڕامەوە، بە پێكەنینەوە پێیوتم بە تەما نییە بمرێت.
مێژووی چیمەنتۆ بە كورتی
كۆنكرێت مێژوویەكی دێرینی هەیە بۆ سەردەمی میسرییەكان و رۆمانەكان دەگەڕێتەوە، ئەو كات پێكهاتەكان جیاواز بوون، بەڵام لە ساڵی 1846لە لایەن كۆمپانیای dupont et demarle دۆزرایەوە و كاری تازەی تیاكرا و پێكهاتەكان ئاوێتەبوون و تێكەڵكران، ئەو كات چل سەعاتی دەویست بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، بەڵام ئێستا بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە تەنها سێ خولەكی دەوێت بۆ بەرهەمهێنانی.
مەبەست
مێژووی دۆزینەوەوی كۆنكرێت لەگەڵ دروستبوونی شارێك كە سلێمانییە زۆر دوور نین لە یەكەوە. دوور نەڕۆین وێنە كۆنەكانی شاری سلێمانی ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن.
زۆر لە نووسەران و رۆشنفكرانی دونیا باسیان لەوە كردووە كە ساتێك هەیە بۆ لە بیركردنەوەی یادەوەرییەكان گەڕانەوەیەك بۆ ئەو یادەوەرییە ونبووانە. لەم رۆژانەدا لەگەڵ هونەرمەندێكی دیاری ئەم شارە كە بە رێكەوت یەكتریمان بینی، پرسیم چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان ئینسان و شوێندا؟ ئەو زۆر لە دەورانی بینیوە و بەردەوام سەرزەمینە جیاوازەكان دەگەڕێت (دڵشاد كوێستانی) وتی.
هەمیشە بیری ئەم شارە دەكەم. لێم پرسی لەهەر شوێنێكی دونیادا بیت، یەكەمین پرسیار لێت دەكەن خەڵكی كوێیت، كام شار، كامە گەڕەك، پاشان ناوی خۆت، شوێن… ناو.. دوو چەمكی هاوتەریب، دوو بابەتی زۆر قورس بۆ لێكۆڵینەوەی ئەدەبی بەتایبەتی هونەری گەورەی گێڕانەوە و رۆمان‌نووسین. رۆماننوسین تاقیگەیەكە بۆ تێگەیشتن لە جیهان، ئیشكردنیش لە یادەوەریدا جوڵەیەكە بۆ ئەوەی هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت چارەنووسمان بەوشێوەیە بێت هەڵە بە هەڵە چارەسەر دەكەین، لەم رۆمانەدا هەمان ئەو سەرنجەم هەیە كە ئینسانەكان دەبنە كوپ و مەركانە و هەروەها بە پێچەوانەوە، داڕوخانی گەڕەك و ماڵە دێرینەكانی شار ئەو شوناسەیە كە لە یادەوەری ونبوودا ئاماژەی بۆ دەكرێت، كە داڕوخان و هەلا هەلا بوونی هەست و رۆحی ئینسانەكانە.
***
سەلارخان، رۆمانێك بۆ خوێندنەوە
نووسینی: كاوە حاجی عەزیز
شاری سلێمانی بە تەنها پایتەختی ڕووناكبیریی نییە و بەس، بەڵكوو شوێنێكە چەندین ڕووداوی مێژوویی دڵتەزێن و دڵفڕێن تیایدا گوزەری كردووە، نووسەری بوێر بۆ كاری داهێنان بەتابیەتی لەبواری ئەدەبیدا دەتوانێت چەندین كاری ئەدەبی بكاتە هەوێنی نووسینەكانی، بۆ كاری هونەری هەر مەپرسە، ئەمە و دەیان داهێنان و ئەزموونی تازە و دەستپێشخەریی دیكە كە لەسلێمانییەوە سەرچاوە دەگرن. مەبەستم لە ((هەوێن)) ئەوەیە كە ڕووداوە خێراكان دێن و دەچن وەكو لافاو دەڕۆن و نامێننەوە بۆیە نووسەری زیرەك دەتوانێت لەم ڕووداوانە ئیلهامێك وەربگرێت، ئیدی ئیشی خۆی تێادا بكات بەتایبەتی ژانرێكی قورسی وەك ڕۆمان.
ڕەنگە سەركەوتن یا سەرنەكەوتنی هەر ڕۆمانێك مەسەلەیەكی ڕێژەیی بێت ئەوەی گرنگە ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەرە بۆ ئەو بەرهەمەیی كە نووسیوێتی. هەڵبەت ئەوەی وا دەكات هەر ڕۆمانێك ببێتە جێگەی سەرنج، كۆمەڵێ هۆكارن زۆربەیان بەهۆشیاری نووسەرەكە لەبەرهەمهێنانی دەقی ڕۆمانەكە بەستراونەتەوە، كە بەپەیوەندییەك لەنێوان خوێنەر و دەقەكە لێی دێتەكایەوە كۆمەڵێ پرسیاریش لەلای خوێنەری بەئاگا دروست دەبێت ئایا مامەڵەكردنی لەبواری تەكنیك، زمان، مێژوو، ڕووداو، حبكە، شوێن… هتد لە هەموویان گرنگتر چی نووسیووە و بەچی لە ڕۆماننووسەكانی دی جیادەكرێتەوە و چی وایكردووە شتەكان دووبارە نەكاتەوە.
دەربارەی كەسایەتی و ڕووداو و بیرۆكە ئەوەندە زۆرن تا تەواو ڕۆمانەكە نەخوێنیتەوە نازانی چی دەگوزەرێ ئەمە چێژی ڕۆمانە و فەرامۆش ناكرێ تۆ بزانی كۆتاییەكەی چییە و دڵەڕاوكێت لەلادروست نەكات ئیدی لەخوێندنەوەی جگە لەكات كوشتن هیچت دەستناكەوێ!.
مەبەستم لەم پێشەكییە خوێندنەوەیەكە بۆ ڕۆمانی (سەلارخان) لەنووسینی (مەحموود نەجمەدین) لەدووتوێی 158 لاپەڕە ساڵی 2021 بڵاوكراوەتەوە ئەوەی بەردەستی من چاپی دووەمە.
شوێن سلێمانییە و كارەكتەر كوڕ و كچێكی خێرنەدیوی ئەم شارەن هەریەكەیان لە ڕووداو و زەمەنێكی دیاریكراوی شاردا دەژین كۆمەڵێ موعاناتی سەردەمی خۆیان واتە (گەنجانە) لەكۆڵناوە، ئەوینداری یەكن سەردەمانێكە دەیانەوێ بگەن بە یەك. زۆر بەسادەیی خوێنەر دەتوانێ چەندین بیرۆكەی لەلای دروست ببێت بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە یەكتر، لێ بەهۆی سیاسەتی دڵ ڕەقانەی ڕژێمی بەعسی فاشی ماكۆسان ناتوانێت تەنانەت بۆ ساتێكیش بێت سەلار ببینێت جا چ جای بۆ یەكتربن! لێ دوای ڕاپەڕین كە كوردستان ئازادكرا هەر بۆیەك نەبوون؟ ئەمە جێی پرسیار و ڕامانە سەلار و ماكۆسان لەدوای ئەو نەهامەتییەی كە بەسەریاندا هاتووە چی وایلێكردن كە بۆ یەك نەبن لەوانەیە ئەگەر فیلمی هندی بوایە ئەوا دەبووە شایی هەڵپەڕكێ و هەمووان شاد دەبووین بۆ ئەو ئاهەنگە، بەڵام هەر بەیەك ناگەن. ئەمە ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەیە كە نووسەر سەرنجمان لادروست دەكات و چاوەڕوانمان دەكات لەبوونی كارەساتێك (ماكۆسان… ئەو كەوتنەی كەوت هەڵنەسایەوە كەوتەژێر پێی ئەو مەخلوقە جادووبازانەوە و لەسەر سینگە تووكنەكەی سەما دەكەن… لەم ئێوارە شوومەدا كەوتن بوون بەخاك و خۆڵی بەرپێی ئەو مەخلوقە ترسناك و ناشرینانە. لەسەر ئەو جەستە ناسك و جوانەی سەلاریش سەما دەكەن، ئاهەنگی سەركەوتن لەسەر دڵی ئەوان دەگێڕن…)
ئەگەرچی ناوەڕۆكی ڕۆمانەكە بەتەواوی دەربارەی خۆشەویستییە، بەڵام تۆمارێكی وردی خەبات و بەرخودانی ئەو كاتەی شارە، ژیان و ژیاری ئەو سەردەمانەی سلێمانی (پێش ڕاپەڕین دوای ڕاپەڕین) دەردەخات لەپشت ئەو ناوەڕۆكە سۆزدارییەوە وێنەیەكی ڕێكوپێكی سیما كۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیوارییەكانی هەردوو سەردەمەكە دەستنیشان دەكات، كە بەهای قوربانیدان نرخی نەماوە ئەگەر دەسەڵاتی بەعسی تەنها خۆشەویستی كوردستانیان لادروست كردین و هەموو شتەكانیان لێ سەندینەوە ئاوا ئێستا ئەو خۆشەویستیەیان لێ سڕینەوە و هەمووان خەریكی پارە و سێكسن و ئەو جۆرە مەخلوقەمان لێ دەرچووە كە مەحموود نەجمەدین بە ئەسپایی وێنەی كێشاون ئیدی شتێ نەماوە ناوی (خۆشەویستی، نیشتمان، فیداكاری، وەفا… هتد) بێت.
لەلایەكی ترەوە ترسنۆكەكان بەروبوومی شۆڕش دەخۆن چەندین خاوەن خەباتكاری وەك ماكۆسان لەژێر پێی حەشاماتێكی مێگەل ئاسا دەپیشێتەوە. هەزارەها سەدان خانمی بەهەڵوێستی وەك سەلار مەحف دەبنەوە و دەنگیان ناگاتە گوێی هیچ كەسێ.
سەرنجێكم ماوە بیڵێم ئەم ڕۆمان زیركانە خۆی لە قەرەی هەندێ ئیدۆمی باوی سلێمانی داوە، زۆركوچە و كۆڵانی تەی كردووە، رمووزە ئازا و نەترسەكانی ئەو شارەی زیندووكردۆتەوە ئەمانە جێی بایەخە بگرە ڕووداوی ئەو رۆژە ڕەش و شومانەی بەجۆرێك باس كردووە لەوە ئەچێ خۆی تیایدا ژیابێت، یا باشیان بۆ باس كردبێت بۆیە لەلای یەكێكی (شاری) ئەم ڕۆمانە تەنها خوێندنەوە نییە و بەس، بگرە بیرەوەرییە، چێژە، راستییە و سنووری بیركردنەوەی خوێنەری سەردەمی خۆی ترازاندووە و ڕەگی بۆ قووڵاتیی داهاتوو هاویشتووە. هەر ئەمەش (نەمری) بە دەقی ڕۆمانەكە دەبەخشێ.
***
چەند یادداشتێک سەبارەت بە ڕۆمانی “سەلارخان”ـی مەحموود نەجمەدین
نووسینی: بەختیار حەمەسوور
١/ بونیادی ڕۆمانی “سەلارخان” لەسەر وەهمێک و نەبووێک هەڵچنراوە، وەهمێک کە هەیە و نییە، دەستپێکی ڕۆمانیش هەر بەم وەهم و نەبوونەوە دەست پێ دەکات: «نییە، نەماندۆزیوەتەوە. «کەسێک هەیە و نییە.» و لە چەند جێی تریشدا ئەمە دەڵێت. ئەم وەهمە لە دوو کەسایەتیدا خۆ‌یا دەبێت؛ سەلارخان و ماکۆسان. ئەم دوو کارەکتەرە لە دوو زەمەنی جیاوازەوە، لە هەمان شاردا (سلێمانی) وەهم لەسەر یەکتر بینا دەکەن و یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. ئەم وەهمە ئەگەرچی دەوروبەر نایسەلمێنێ و لۆژیکانە نییە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لە ڕەوتی خەیاڵکردنەوە و فەنتازیادا، لە زەین و عەینی هەردووکیاندا، ببێت بە ڕاستینە و بۆ خوێنەریش بسەلمێت. ئەمە ڕاستییەکی پێوراو و سەلماوە، لە ئەدەبی زارەکییەوە کە ژنەی ناو حەکایەت پیاوەکەی بۆ “هەڵووژەی خۆراسان” دەنێرێ و نییە، تا دەگات بە شەڕی نەبووی دۆنکیشوەت لەگەڵ بادا و دەیان نموونەی تر، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە چەندان دەقی ئەدەبی لەسەر وەهێمـک و نەبوویەک بونیاد نراون و دەنرێن. زۆرترین هێزهاوێژی بەشی یەکی ڕۆمانەکە جەختکردنەوەی ئەم نوختەیەیە؛ وەهم و نەبوون بکات بە هەقیقەت.
٢/ لێکدووریی و مەودای کات لەم ڕۆمانەدا دابەش دەبێت بۆ دوو زەمەن، کە هاوتەریب و هاوئاست دەڕۆن و تا کۆتایی ناچنە ناویەک و یەکتر نابڕن. یەکەم: زەمەنی ئێستا، سەردەمی کۆرۆنا و دنیای مۆدێرن و فاشن، دووەم: زەمەنی هەشتاکانی سەدەی بیست و حوکمڕانی بەعس و جەنگی عێراق- ئێران و فیراری و… یەکتربڕینی ئەم دوو زەمەنە لە بەشی دوودا و لە جێیەکدا، لە “سەهۆڵەکە”، بە سەرسمدانێک، خاڵی گەشاوە و دراماتیکی ئەم ڕۆمانەیە. جێی سەرنجە، پێکگەیشتنی ئەم دوو زەمەن و کەسێتییە “سەهۆڵەکە”یە، نەک بۆ نموونە “بەردەرکی سەرا”، ئەگەر “سەهۆڵەکە” ئاماژەی دنیای ئەمڕۆ بێت بە تایبەت لای گەنجان، ئەوا “بەردەرکی سەرا” ئاماژەیەکی مێژووییە بۆ ڕابردوویەکی دوور، کە دەتوانێت بیرخەرەوەی دەیان ڕووداوی خوێنین، خۆپێشاندان و… بێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆمانی “سەلارخان” ڕووی لەمڕۆ و داهاتووی سلێمانییە، کە نەوەیەک لە کافێ و سەهۆڵەکەوە هەنگاوی بۆ دەنێنن و چیدی ناگەڕێنەوە بەردەرکی سەرا (مێژوو).
ڕۆمانەکە لە دوو بەشدا دەگێڕدرێتەوە، بەشی یەک، بە دەستاودەستکردن و زارەوزارکردنی سەلار و ماکۆسان، ڕەوتی خاو و وەسفیی ڕۆمان هاوتەریب دەڕۆن، لەم فەسڵەدا هەم جووڵە کەمە، هەم ڕووداویش لە ئاستێکی کزدایە، هەربۆیە کەمتر چیرۆک دەقەومێت، کە دەشقەومێت بە ڕێژەی نزم و نەوییە. لە بەشی دوودا هەم ڕەوتی گێڕانەوە خێرا دەبێت و هەم بەگەڕخستن و جووڵانیش بزۆکترن، ئەگەر لە بەشی یەکدا زەمەن وەک دوو سککەی ڕاکشاوی قەتار وێنا بکەین، لە بەشی دوودا ئەم دوو سککە دەبن بە یەک.
٣/ “سەلارخان” بە مۆنۆلۆگ نووسراوە، ئەمەش وای کردووە دەقەکە و گێڕانەوەکەی بەسەر خۆیدا ببەسترێ، نەکشێتە دەرەوە و هەر لە ناوەوە بمێنێتەوە. تێکدانی ڕەوتی زەمەن و زنجیرەیی تەقویمی داستانیش ئاماژەی پەرێشانی زەینی و دەروونیی کارەکتەرەکانە، کە نەتوانن لە تەواوکردنی بەرەودوای ئەو باسانەی دەیانەوێت بەیانی بکەن، بۆیە دەبینین هیچ ڕووداوێک تا سەر ناگێڕدرێتەوە و بەردەوامی پێ نادرێ، پچڕان لە نێوان زەمەن و شوێندا بەردەوام لە ڕووداندایە، دیالۆگە داخراو و دەروونییەکانیش ناگەنە ئەوپەڕ و لەناو خۆیاندا و بەسەر خۆیاندا دەکەون.
٤/ زمان لە “سەلارخان”دا زمانێکی میللیی سلێمانیانەیە، هەوڵدراوە لە ڕاوێژی کۆنیی ئەم شارە سوود ببینێت، ئەمە تا چەند توانراوە لەناو سیاقی گێڕانەوەدا بتوێنرێتەوە و بەرجەستە بێت؟ ڕادەی سەرکەوتوویی ئەم زمانە، تا ڕادەیەکی بەرچاوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە بڕێک جێ‌دا، هەست بە زیادەڕەویی دەکرێت لە بەگەڕخستنی دەربڕین و هێنانی ئیدیۆم و تێکەڵبوونی زار و بنزار و… ئەمە چەسپاوە، کە لە گێڕانەوەدا، تەنانەت لە دەقە تەواو فەنتازییەکانیشدا، لۆژیکێک بەکارە، کە ڕەچاوکردنی توانایی و مەعریفیی پێگەی کەسێتییەکانە لە خۆدەربڕین و بیرکردنەوەیاندا، لادان لێی، جۆرە نوقسانییەک پێک دێنیت. کەسێتییەکانی “سەلارخان” کوڕ و کچێکن لە هەڕەتی لاوی‌دا، کە چ وەک تەمەن و چ وەک ئاست، ئەو توانا لە دەربڕین و پاراوبوونیان نییە کە نووسەر خستوویەتیە سەرزاریان، بە تایبەت لە دەرپەڕاندنی ئەو هەموو پەند، ئاگایی مێژوویی سەبارەت بە شار و کەسایەتییەکانی ناوشار و دەوروبەرەکەی، کە خوێنەر وا هەست دەکات لە بەردەم پڕئەزموونی و کەسێتییەکی شارەکەدایە نەک دوو گەنج، ئەمە وەک دەستهەڵبەستێک بە کارەکەوە دەردەکەوێت. بەڵام لەو جێیانەدا کە گێڕانەوە دەکەوێتە دەست کەسانی تر، بە تایبەت بەساڵاچوان، گێڕانەوە دەگەڕێتەوە باری پارسەنگیی خۆی.
٥/ گوتاری “سەلارخان” بەرگرییە لە سلێمانیی کۆن و لێدان لە سلێمانیی ئەمڕۆ، هەڵبەت بە ئیمکانی گێڕانەوە. هەرکات لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە ڕۆمانانە دەبمەوە پرسیارێک لەپێشم سەوز دەبێت: شار تا کوێ و چەند دەتوانێت هەر خۆی بێت و نەگۆڕێ؟ داواکردنی ژیان لەژێر مەترسیی سەقفە نزم و دارین و مێرووتێدراوەکاندا تا چەند ڕەوایە؟ حاشاهەڵنەگرە کە هەڵکردن و هاوسەنگی لە نێوان دنیای دوێنێ و ئەمڕۆدا پێویستییەکی حەتمین، دەکرێت نۆژەنکردنەوە بە بەرنامە بێت، پاراستنی هەندێک شوێن و خانوو زەروورەتی شارن و کولتووری شار پێک دێنن، بەڵام مەترسیی گوتارەکەش دەبینم، کە نەیەوێت هیچ شتێک دەستکاریی بکرێت و بگۆڕدرێت. ئۆرهان پاموک باشترین نموونەیە، لە گفتوگۆکانیدا، پاموک بە ئاشکرا لایەنداریی و هەستی نۆستالۆژیکی خۆی بۆ ئەستەمووڵی کۆن دەردەبڕێت، بەڵام کە ڕۆمانەکانی دەخوێنیتەوە نایەڵێت ئەم گوتارە ببێت بە شاگوتار، بەڵکوو دیالەکتیکئاسا مامەڵەی دەکات؛ لە تێز و ئەنتی‌تێز، سەن‌تێزێک بەرهەم دێنێ: دنیای کۆن دەکێشێت بە دنیای ئەمڕۆدا و ڕۆمانێکی وەک “سەمەرەیەک لە سەرمدا” پڵاچە دەدات و بەرهەم دێت. مەبەست لە بەراوردکردنی “سلێمانی” و “ئەستەمووڵ” نییە، بەڵکوو جەخت و باسکردنە لەسەر “شار” و مامەڵەکردنی شار لە ڕۆماندا. ئەگەرچی گوتاری “سەلارخان” ڕەوایەتی خۆی لەمڕۆی سلێمانییەوە هەڵدەهێنجێ، بەڵام کەمتر دیالەکتیکانە مامەڵەی دەکات، گرفتەکە لە زەینی دەقدایە، کە ڕابردوو هێند بە درەوشاوەیی دەبینێت، ناتوانێت دەرکەوتەی دنیای مۆدێرن ببینێت و دزە بکاتە هەناو دەق، ئەگەر دەریشبکەوێت، هەر لەو جێیەدا سەرکوت دەکرێت.
***
قسەیەك لەسەر ڕۆمانی سەلارخان
نووسینی: ڕەوەند جیهانگیر
هەوڵدانێكە بۆ زیندووهێشتنەوەی چیرۆكی عەشقەكان، لە ژێر سێبەری چیرۆكە دڵتەزێنەكەی (سەلار و ماكۆسان) كە دوو عاشقی لە یەك ونبوون .كە بەدوو زەمانی جیاوازەوە ئاوێتەبوونە، یەكێكیان لە زەمەنی پێش ڕاپەڕین و سەردەمی حوكمرانی بەعسە، یەكێكیان لە زەمەنی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی كۆرۆنا و دونیایی مۆدێرن.
ڕووداوەكانی ڕۆمان لە شاری (سلێمانی) دەئافرێن. ڕۆمانەكە بە پیشاندانی كات و شوێن و ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە، بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی، نوێكردنەوەی كارەكتەرێك كە ڕەمزی وەفا بێت بۆ فیداكاری نیشتیمان. دەبێتە ڕۆمانێكی بچووكی مێژووییش. ناوەڕۆكی ڕۆمانەكە لە دوو بەش پێكدێت، كە لەبەشی سەرەتادا (سەلار و ماكۆسان) گێرەڕەوەی ڕۆمانەكەن. گەرچی لەم بەشەدا ڕووداوی سەرەكی و چیرۆكی نوێی لەناودا نایەتەبوون. چیرۆك و قسەكان لەناوخۆیاندا خوول دەخۆن. لە بەشی دوودا نووسەر دەبێتە حیكایەتخوان و درێژە بەگێڕانەوەی چیرۆكەكە دەدادت. لێ تەنها ئەو نابێت هەندێك جار گێرانەوە لادانی كورتی تێدەكەوێت بە رستە كورتەكانی (سەلار و ماكۆسانیش)
سەلار نەوەی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی كۆڕۆنا قوڵپی گریانێك هەمیشە لە سینەیدا هەیە، شەپۆلەكانی دڵی دەیەوێت فرمێسكەكانی بگەیێنێتە كەنار. دڵەكەی ڕووبەڕووی عەشقی ناكامی ماكۆسان بووە. عەشقێك مەعشوقەكەی وەهم و خەیاڵ نەبێت ئاخۆ دەبێت چیبێت؟ كە سەلار لە زەمەنێك و ماكۆسانیش لە زەمەنی هەشتاكاندا هەردووك سۆراغی یەكدی دەكەن ئاخۆ ئەم دوو زەمەنە چۆن بە یەكدی دەگەن؟
ماكۆسان و سەلار قسە ناگێڕنەوە چ لە سیماكانی سیاسەت بدوێن یاخود خۆشەویستی قسەی سەر زار و بن زاریان دەڵێن، لێ هەندێك جار دەبووە هۆی بێزاریم لەو قسە دووباڕانەی نێو كۆمەڵگا بەكینەیەكی لەڕادەبەدەر دەكران . لێرەدا من مەبەستم نییە بەرگریی لەو سیما ناشرینانە بكەم كە قسەیان لەبارەوە كراوە، نەخێر تەنانەت بگرە پێ خۆشحاڵیش بووم كە ڕۆمانەكە ئەو هێزەی داوەتە كارەكتەرەكانی بەئازادی قسە بكەن.
بەڵام من زیاتر لەگەڵ ئەو دەقە ئەدەبیانە ڕاهاتووم كە لەزۆر شوێندا بەوێنەیەكی خەیاڵی قسە دەكەن، سێبەری شیعر ڕووناكی دەدات بەناوەڕۆكی بابەتەكە. نووسەر لە زاری سەلارەوە قسە دەكات و ڕابردوو زۆر درەوشاوە دەكات، كە وا دەكات هەندێك جار لە سەردەمی ئێستا هیچ ئومێدێكمان بۆ نەهێڵێت خۆزگەمان خواستبا هەموو شتێك نە گۆڕابایە. لادانێكی كورت وەرگرم، مەبەستی قسەكانم تەنها ئەم ڕۆمانە نەگرێتەوە. گەرچی من لەو سەردەمەی پێشوودا نەژیاوم، بەڵام وەك دەگێرنەوە پڕ نارەحەتی بووە. بەڵام هەمیشە زۆرینەی تاكی كۆمەڵگا كاسەی سەری كراوەیە لەڕووی وەهمێك، وەهمێكە كە دەڵێت: ڕابردوو هێشتا جوانتربوو تەنانەت كاتێك نانێك نەبوو تێری لێ بخۆین، بنمیچێك نەبوو لەسەرما و سۆڵە بمانپارێزێت، ئیسراحەتێك نەبوو بتوانین منداڵەكانمان بەشێوەیێكی جوان پەروەردەكەین و هاورێی بین لەگەڵیان، عیلم و خوێندەواری بەوشێوە بەربڵاو نەبوو. وەهمێكە دەڵێت: هێشتان سەردەمی جەنگ و خوێن خۆشتربوو لە ئێستا، هێشتا ئەو كاتە خۆشتر بوو كە تۆپ ماڵەكانیان دادەڕماندین. گەرچی دەگوترێ سیمای كۆمەڵایەتی جوانتربوو، بەڵام دەشگێردرێتەوە كە چەند كێشە و كاری ناشرینیش هەبووە تا بگاتە ئەوەشی كاتێك كێشەیێك ڕوویدابێت ئازاری ئاژەڵەكانی یەكدیان دەدا هەڵدەستان بە برینی كلك و گوێی ئاژەڵەكانی یەكدی… هتد . گەرچی سەردەمی ئێستاشمان پڕە لە سیمای ناشرین و پڕ ناڕەحەتیش… هتد. بەڵام مرۆڤ هێزەكەی جوانییەكە كە بتوانێت بژیت و لەگیانی خۆی بێزار نەبێت. بەڵام ئەم وەهمە هێزەكە لەناودەبات.
بەشێكی زۆری كۆمەڵگا تووشی ئەم وەهمەبوون گەرچی ئەم وەهمەش لە سیما ناشرینەكانی بارودۆخی گوزەران و سیاسی ئێستاوە دروست بووە. نابێت بهێڵین ئەم وەهمە بێ ئومێدمان كات. ئەگەر ئەو سەردەمە لەناو خوێناودا توانرابێت یادگاری شیرین درووست بكرێت، ئێستاش دەكرێت مرۆڤ هێزە جوانەكەی خۆی بەكاربێنت، با وەهمەكە وانەكات بیر و فیكر بباتەوە نێو گۆڕێكی ڕووناك. هەموو سەردەمێك جوانی و ناشرینی خۆی هەیە و من لە بەشێكی نووسەرە كوردەكان ئەزموونم كردبێت، ئەوانیش تووشی وەهمێكی بچووك بوون جوانییەكانی كوردستان دەشارنەوە، وادەكەن بێزاربین و مەراق بكەین لەبەردەم ئەو جوانییەی ئەوان باسی دەكەن كە لە ئەورووپا هەیە، لەكاتێكدا ناشیرینییەكانی ئەورووپاش باس ناكەن و دەیشارنەوە. بەڵام نووسەر مەحموود نەجمەدین گەرچی لە زاری سەلارخانەوە ڕابردوو زۆر درەوشاوە دەكات وا نیشان دەدات هیچ نەگۆرابا، بەڵام لەهەمان كاتدا جوانی و ناشرینی سەردەمەكانی هاوشانی یەك نیشان داوە.