من خوێنی باڵنده‌یه‌کم له‌به‌ر ده‌ڕوا

1462
0
بڵاوکردنەوە:

دلاوەر قەرەداغی

هه‌وا پڕه‌ له‌ شه‌و

فواره‌ درێژ بۆته‌وه‌ تا سێبه‌ر

به‌ فڕینی باڵنده‌کاندا ده‌زانم

که‌سێ به‌ فیکه‌لێدانه‌وه‌ له‌ کۆڵانه‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌

به‌ره‌و سه‌فه‌ر

چه‌ند خه‌یاڵێ ئینجانه‌ و

جاده‌یه‌ک جێگه‌پێی دڵخۆشی

له‌دوای خۆیه‌وه‌ جێهێشتوون

 

دایکم وه‌ک ئه‌وه‌ی

دڵی ختووره‌ی کردبێ شتێک ڕوو ده‌دا

تا به‌رده‌رگه‌ی‌ حه‌وشه‌

له‌گه‌ڵم دێ

ئه‌وه‌ی دایکێ پێویست بکا

له‌ دوعا و دڵنه‌وایی و قسه‌ی خۆش

بۆ به‌ڕێکردنی کوڕه‌که‌ی بیڵێ،

له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یڵێ!

 

به‌ جانتاکه‌مه‌وه‌

ده‌گه‌مه‌ سه‌ری کۆڵان

له‌به‌ر عه‌‌مودی سه‌رسوچه‌که‌دا ڕاده‌وه‌ستم

جگه‌ره‌یه‌ک و زه‌رفێ نوقڵ

له‌ دوکانه‌که‌ی باجی ئافتاو ده‌کڕم

به‌ ڕوانینه‌کانی باجی- دا

هه‌ست به‌ شتێکی سه‌یر ده‌که‌م له‌ خۆمدا

ئاوڕده‌ده‌مه‌وه‌ و ده‌نۆڕم له‌ سێبه‌ره‌که‌م

که‌ کوژراوه‌ له‌پاڵ دیواره‌که‌دا

ده‌نۆڕم له‌ جێگه‌پێ خوێناوییه‌کانم

له‌ به‌رده‌رگه‌ی حه‌وشه‌وه‌

تا دوکه‌ڵ و نوقڵ

هه‌ست ده‌که‌م بێ ئه‌ندازه‌ دڵخۆش و کوژراوم‌

باجی ده‌ڵێ: ڕۆڵه‌

خۆ ئه‌وه‌ خوێنی باڵنده‌یه‌کت له‌به‌ر ده‌ڕوا

خوێنی باڵنده‌یه‌کی خه‌مگین

که‌ دوێشه‌و به‌ چاوی خۆم بینیم له‌ خه‌وندا

لێره‌وه‌ هۆن هۆن

به‌ره‌و مناره‌کانی شاری بایه‌زید

له‌ شه‌ققه‌ی باڵی دا!

 

سوپاسێکی باجی ده‌که‌م

خۆم هێور ده‌که‌مه‌وه‌

دوای هه‌واڵپرسینی کۆتر و ئینجانه‌ و ژانه‌سه‌ره‌کانی

پاره‌که‌ی ده‌ده‌مێ و ده‌ڕۆم

نوقڵێک ده‌نێمه‌ زارم و

جگه‌ره‌که پێده‌که‌م

ئیتر ده‌زانم بۆ کوێ ده‌چم

به‌ چه‌ترێ دوکه‌ڵه‌وه‌

ده‌چمه‌ قوڵایی خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ ژێرباران

هه‌ست ده‌که‌م له‌ موسافیرێ ده‌چم

که‌ هه‌ر به‌ ڕاستی بیه‌وێ

بۆ جێگه‌یه‌کی دی بڕوا

له‌ موسافیرێکی جیددی

به‌ خه‌ونی غه‌ریبه‌وه‌

موسافیرێکی

خه‌یاڵپڵاو و

کوژراو و

خاکه‌ڕا

که‌ هۆن هۆن

خوێنی باڵنده‌یه‌کی دڵته‌نگی له‌به‌ر ده‌ڕوا!

 

بۆنی تۆ له‌ ڕێگه‌کانه‌وه‌ دێ

بۆنی تۆ دێ کاتێک بیری من ده‌که‌ی

بۆنی تۆ له‌ دره‌خته‌کانه‌وه‌‌ دێ

بۆنی تۆ دێ کاتێ که‌ باڵنده‌کان دڵخۆش نین

بۆنی تۆ له‌ نائومێدییه‌وه‌ دێ

بۆنی تۆ دێ که‌ ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ

سیوات له‌ پیاوی ناو ته‌له‌فیزۆنه‌کان ده‌بێته‌وه‌

ده‌که‌ویته‌ وێران کردنی ئینجانه‌کان و

له‌به‌ر ئاوێنه‌که‌تا ڕاده‌وه‌ستی و

خوڕ خوڕ ده‌گریت!

 

شه‌وم به‌سه‌ردا دێ و

خه‌ون ده‌بینم

له‌ خه‌ونه‌که‌دا من هێشتا هه‌ر کوژراوم

له‌پاڵ دیواره‌که‌دا

مانگ به‌ پێدزکێ ده‌گوازێته‌وه‌‌‌‌ ته‌نیشتم و

ده‌بێته‌‌ دراوسێم

خانوویه‌کی بچکۆلانه‌ به‌ زیخ و سه‌ده‌ف و

مورووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ

بۆ خۆی دروست ده‌کا

دوو گوڵه‌ده‌مه‌شێر ده‌کاته‌ په‌نجه‌ره‌ و

‌چه‌ند ته‌ڵێ گیا به‌ په‌رده‌ و

به‌ردێکی پرته‌قاڵیی و جوانیش به‌ ده‌رگه‌

من مناڵ ده‌بمه‌وه‌ و چاکه‌ت و پانتۆڵێکی شه‌که‌ری

له‌به‌رده‌که‌م

په‌پووله‌یه‌کی خه‌مگین

له‌ به‌رۆکی چاکه‌ته‌که‌م ده‌ده‌م

قژم به‌ لادا دادێنم و ده‌چم بۆ میوانیی

ته‌ق ته‌ق له‌ ده‌رگه‌که‌ی ده‌ده‌م

ده‌ڵێم: ماڵه‌که‌ له‌وێن؟

مانگ له‌ودیوه‌وه‌ به‌ نازونووزێکه‌وه‌ ده‌ڵێ:

کوره‌ تۆ کێی؟

منیش ده‌نگی خۆم ده‌گۆڕم و به‌ ده‌نگی

کوڕێکه‌‌وه‌

که‌ خوێنی باڵنده‌یه‌کی خه‌مگینی‌

له‌به‌ر بڕوا… ده‌ڵێم:

گوڵه‌که‌م… ده‌ بیکه‌ره‌وه‌

خۆمم …

خ ….

ۆ

م!

 

 

نازانم بۆ ئێستا ئه‌و خه‌ونه‌م بیرکه‌وته‌وه‌

که‌ له‌ ئێواره‌یه‌یه‌کی دره‌نگی دوای ڕاپه‌ڕیندا

بینیم‌

له‌ خه‌ونه‌که‌دا… خانووه‌‌ بچکۆله‌که‌مان

له‌ گه‌ڕه‌کی ئازادی

کتوپڕ

له‌ بناخه‌وه‌ فڕی

ته‌نها خۆم له‌ حه‌وشه‌ مامه‌وه‌ و

ئه‌و باڵنده‌ مه‌لوولانه‌ش

که‌ ئێواران وه‌ک ڕیزێک سێبه‌ری جلک ڕه‌ش،

باڵیان ڕاده‌گرت و

وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕیزیان گرتبێ

خوێن بده‌نه‌ من

له‌سه‌ر په‌لکی دارهه‌ناره‌که‌‌ی حه‌وشه‌‌

هه‌ڵده‌نیشتن!

 

ئینجانه‌ هۆن هۆن

ته‌نیایی لێ ده‌وه‌رێ

خوێنی باڵنده‌یه‌ک

خوڕ خوڕ

به‌ درێژایی ڕێگا‌

له‌ من ده‌ڕوا !

 

 

 

ئایاری ٢٠١٠

فۆتۆ: حەمید جانیپور

بڵاوکردنەوە: