قۆپییە

262
0
بڵاوکردنەوە:

قۆپییە

نووسینی: نارین ڕۆستەم

 

لە ئاھەنگی خانەنشینیی کتێبدا،

لەسەر کورسیی میوان دانیشتووم

پەنجەپێیەکانم لە ھەوا گەمە دەکەن و

ناگەنە زەوی.

لە تیشێرتە قۆڵبڕاوەکەمدا

فیلێک دەگری.

 

بەبێ چەپڵە و پێشوازی ..

بەرمیلێک کتێب قڵپ دەکرێتەوە:

کتێبی (گەردوونناسی) بە پێی پەتی،

ھەسارەکانی سەرشانی دادەنێ و

مشارێک بۆ خەون دەباتەوە.

 

من بە دزییەوە گاز لە شوکولاتە دەگرم ..

(چیڕۆک) مڕومۆچ،

دەستی تەوقەکردنی لە گیرفانە.

سەدەفەکانی بەتاڵ دەکەنەوە و

گۆچانێکی بە دیاری پێشکەش دەکەن.

کاتێک دەڕوات،

تف ڕۆ دەکات.

 

کەمێک لە خوارتر ..

ڕەفەڕەفە کتێب ڕیزیان بەستووە و

باڵەکانیان ڕادەست دەکەن.

بۆ کاتکوشتن،

میوان سروودی نیشتمانی دەچڕن

من دەمم پڕ لە شوکولاتەیە و

پێ ڕاناگەم.

 

ئەمڕۆ لە ڕۆژژمێر،

جێچڕنووکێکی بە ڕوومەتەوەیە.

لە کونی بەرمیلە بەتاڵەکەوە

دوو چاوی خێل، تەماشام دەکەن:

(شیعر) ڕەشداگەڕاو، بە لووتێکی چڵماوییەوە

 داوای گوریس دەکات.

لە تیشێرتە قۆڵبڕاوەکەمدا

فیلێک پێدەکەنێت.

بڵاوکردنەوە: