خەتیبی گەورەی سلێمانی

2430
0
بڵاوکردنەوە:

ناوێك بارتەقای ناسناوی ڕۆشنبیریی سلێمانی

نووسینی: عومەر چنگیانی – كوردۆ شابان

بەرایی

هەڵكەوتەی شاری سلێمانی كە لە بنەڕەتدا بۆ شار دروست بووە، واتە خەڵكە كۆبووەكە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لەسەر بنەمای خزمایەتی لە تەنیشت یەك خانوویان دروست نەكردووە، بەڵكوو لە شارباژێڕ، شارەزوور، هەورامان، گەرمیان تا دەگاتە پشدەر خەڵكی بۆ هاتووە و لەمەیش تێپەڕیوە، لە ئەردەلان و سۆرانیشەوە خەڵكی بۆ هاتووە و تێیدا پێكهاتەیەكی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی شار پێویستییەتی دروست بووە، وەك: حەمامی گەورەی گشتیی پیاوان و ژنان، كارگەی سابوون، بەرگدروو، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ڕیزە بازاڕ و قەیسەریی دیكە.
شارەزوور و شارباژێڕ كە نزیكترین دوو دەڤەرن لە سلێمانی و هەریەكەیان لە سەدان گوند پێك هاتوون، باشتر توانیویانە بەرهەمی خۆیان بگەیەننە سلێمانی ئەویش كشتوكاڵ بووە، لە شارەزوور گەنم و جۆ و ئاژەڵداری و لە شارباژێڕ برنج و میوەجات.
لەو دەڤەرانەی كە هاتوچۆی بەرهەمەكانیان ئاسان نەگەیشتووەتە شار، كاتێك تێیدا نیشتەجێ بوون، پێویست بووە خەریكی پیشەسازی و كارێك بن كە لە بنەڕەتدا بەرهەمی شارە، بەڵام ئەوانیش بەپێی لێهاتوویی خۆیان تایبەتمەندییان جیا كراوەتەوە.
بابانییەكان خەریكی سیاسەت و حوكمڕانی بوون؛ جووەكان، قەززازەكان، بۆسكانییەكان و چەندان ماڵباتی دیكە بە بازرگانییەوە خەریك بوون، هەورامییەكان سنعەتسازییان كردووە، سنەیی و بانەیییەكان خەریكی بیناسازی بوون.
لایەنێكیش كە هەموویان تێیدا بەشدار بوون، بابەتی زانستی، ڕووناكبیری و مەعریفییە، لە تەواوی جومگەكانی شار پێك هاتووە، بەڵام لەناویاندا، قەرەداغییەكان شوێنێكی درەوشاوە و جێگر و بناغەداریان هەڵكۆڵیوە، بەشێوەیەك كاتێك باسی ئەم ڕووە مەعریفییانە دەكرێت، هەردەم قەرەداغ تێیدا ناوێكی سەرەكی بووە.
شێخ محەممەد قەرەداغی یەكێكە لەو ناوە گەورانەی شاری سلێمانی كە ئاڕاستەی لایەنی ئایینیی شارەكەی بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر گرتووەتە دەست و قوتابییەكانی دوای خۆی هەمان ڕێچكەیان گرتووە كە خۆیشی لە مامۆستایانییەوە بۆی ماوەتەوە، ئەویش ئاوێتەیەكی تەواوی ئایینە لەگەڵ هەموو كایەكانی كۆمەڵگە و هەرگیز بەشێكی دابڕاو نەبووە لە خەم و ئازارەكانیان و بگرە بەشێك بووە لە دروستبوونی ئەو ناسنامە ڕۆشنبیرییەی بە شارەكەدا بڕاوە، بە شێوەیەك، ئەگەر شاعیر و مونەوەرە ئایینییەكان لە لایەنی مەعریفیی سلێمانی بهێنینە دەرەوە، بۆشایییەكی گەورەی تێ دەكەوێت و پڕ نابێتەوە.
شێخ محەممەد كە خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانی بووە و بەهۆی پێگەی لەناو خەڵكدا كاتێك ناوی دێت، دەبێتە خەتیبی گەورەی سلێمانی و بەمە دەچێتە ڕیزی مەلا نەمرەكانی وەك مەلای گەورەی كۆیە و موفتی باداوە و زۆری دیكە.
خاڵێكی سلێمانی كە پێش سەردەم كەوتووە، ئەم بناغەیەتییەی شار بووە تێیدا كە هیچ پیشە و كار و سنعەتێك لە چوارچێوەی بۆماوەیی و خێزانیدا قەتیس نەماوە، بەڵكوو هەموویان بەپێی پێویستیی شار، دروست بوون.
بۆ نموونە وەك چۆن خەتیبی گەورە بۆشایییەكی ئایینی مەزنی لە شاردا پڕ كردووەتەوە، براكانی لەسەر هەمان ڕێچكە نەبوون، بەڵكوو بۆشاییی هونەری ئەو شارەیان بە جۆرێك پڕ كردووەتەوە، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان تا ئێستەیش كاریگەرییەكەیان ڕەنگ دەداتەوە، ئەمەیش سەلمێنەری ئەو خاڵەیە، كاتێك باسی سلێمانی دەكەین، نابێ هیچ لایەنێكی جیا بكەینەوە، بەڵكوو هەموو پێكهاتە مەعریفی، هونەری، ئابووری و سیاسییەكەی دەبێت لە یەك پاكێجدا بخەینە ڕوو، ئەگینا تێگەیشتن لە شارەكە ئاسان نابێت.

سەرنجێكی كورت:
بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە لەسەر شێخ محەممەدی قەرەداغی، پێویستیم بە زانیاریی ورد بوو كە لە ماڵباتەكەی وەری بگرین، بە خۆشحاڵییەوە دەرگەیان بۆ كوردڕاوم كردەوە و ئەوەی پێویستیمان بوو بۆیان ناردین و لێرەوە سوپاسیان دەكەین، بەتایبەتی هونەرمەندی گەورە ئەنوەر قەرەداغی. هەروەها بەپێویستم زانی یەكێك لە قوتابییەكانی خەتیبی گەورە لە پۆرترێتەكەدا بەشدار بێت بۆ ئەمەیش “م. عومەر چنگیانی”ـمان هەڵبژارد، چونكە كاریگەرییەكانی خەتیب بەسەرییەوە بە زەقی ئاشكرایە و خۆی هەردەم باسی دەكات. (كوردۆ شابان)

خەتیبی گەورە كێیە؟
شێخ محەممەد، كوڕی شێخ عومەر، كوڕی شێخ محەممەد قەرەداغی، ناسراو بە خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانی، ساڵی ١٩٢٨ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لەدایک بووە.
لە خێزانێکی ئایینی گەورە بووە، شەش برا و یەک خوشکی هەبووە: شێخ رەەئووف، شێخ زاهید، شێخ نووری، شێخ ئەحمەد، شێخ ئەنوەر، شێخ ئەسعەد و خەدیجە خان.
شێخ عومەر (باوكی خەتیب) زانایەكی گەورە و ناسراو بووە، لە مزگەوتی پاشا لە هەڵەبجە مەدرەسەی عیلمی هەبووە و لەژێر دەستیدا فەقێی پەروەردە كردووە، هەر بۆیە زوو منداڵەكانی خستووەتە بەر خوێندن.
شێخ محەممەد، لە سەرەتای خوێندنییەوە، لای باوكی خوێندوویەتی، بەوەیش نەوەستاوە، وەك مامۆستایانی ئایینی ئەو سەردەمە، چەندان شار ودێهاتی لەپێناو زانستدا بڕیوە و لەسەر دەستی دەیان زانای ناسراوی سەردەمەكەی كتێبەكانی مەنهەجی مەلایەتی پێش ئەوەی بگاتە 20 ساڵ تەواو كردووە و هەر زوو ئیجازەی عیلمی وەرگرتووە.
توانا زانستییەكەی لە تەمەنی لاوێتیدا ئاشكرا بووە، هەر بۆیە پاش وەفاتی باوکی، ڕاستەوخۆ دەبێتە جێگرەوەی لە بوارەکانی تەدریس و ئیمام و خەتیبی مزگەوتی پاشا.

خەتیب و سلێمانی
خەتیبی گەورە، لە تەمەنی 26 ساڵیدا (1954) ئیدی ئەوەندە شارەزای زانستی ئایینی بووە، گەورە مەلاكانی ئەو سەردەمە لەبەردەم زانستەكەیدا چۆكیان داوە ناوبانگەكەی دەنگ دەداتەوە، هەر بۆیە بەو تەمەنەوە دەچێتە سلێمانی و دەبێتە خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانی (مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ).
ئەو مزگەوتە بۆ سلێمانی، وەك سوڵتان ئەحمەدی ئیستانبووڵ، ئەزهەری قاهیرە، مزگەوتی ئەیووبیی دیمەشق و حەوزەی عیلمیی نەجەف بووە، بۆیە كاتێك دەگوترێ مەلایەك بەو تەمەنە لاوێتییەوە بووەتە خەتیبی مزگەوتی گەورە، واتا ددانپێدانانی تەواوی زانایانی ئەو سەردەمە بە لێهاتوویی و توانای زانستیی.
خەتیب لەو مزگەوتە جیا لەوەی دەبێتە ئیمام و خەتیب، مەدرەسەی مزگەوتەكەش وەردەگرێ و دەبێتە بەڕێوەبەری دیراساتی ئیسلامی و تێیدا دەیان پۆل قوتابی پەروەردە دەكات.
شێخ محەممەد قەرەداغی، لەسەر ئاستی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگە لە شاری سلێمانی جێی ڕێزی تایبەت بووە، بەشێوەیەك دەسەڵاتی سیاسیی ڕژێمی پێشوو، بەناچاری هانای بۆ دەبات تا بتوانێت لەو دۆخە دژوارە سیاسی و قۆناغە سەختەی خەباتی كوردایەتی كە زانیویانە خەڵكی گوێیان لەو گرتووە، هەردەم چوونەتە بەر قاپیی خەتیب، تا بە هانایانەوە بێت.
دڵسۆزیی خەتیب بۆ شارەكە و هەوڵدان بۆ نەڕێشتنی خوێنی لاوان، وای كردووە دەیان و سەدانی لە پەتی سێدارە و لە مەینەتی و ئەشكەنجە ڕزگار بكات، ئەمەیش وای كردووە لەلایەن خەڵكانێكەوە تۆمەتی بۆ هەڵببەسترێت گوایە نزیكە لە داگیركەر، بەڵام هەموو ئەوانەی لەخۆیدا هەڵگرتووە و بەرگەی گرتووە، چونكە ئامانجە ئاشتیخوازەكەی لەوە مەزنتر بووە، لەبەر ناتۆرەی خەڵكی ئەو بەرپرسیارییەتییەی خستوویەتییە شانی، كۆڵی لێ بدات.

پێگەی نەتەوەیی
ناوبانگی شێخ محەممەد قەرەداغی، نەوەك هەر لە كوردستان، لەسەر ئاستی عێراق و جیهانە ئیسلامییەکان دیار بووە.
هەر كۆڕ و كۆنگرەیەكی وڵاتانی ئیسلامی لەسەر ئاستی زانایان بكرایە، وەك نوێنەری كورد یان نوێنەری عێراق ئەندام بووە تێیدا و ئامانجە مرۆیییەكانی لە تەنیشت بەتەنگەوە هاتنی مافەكانی گەلی كورد بە ڕوونی خستووەتە بەردەم بەشداربووان و وەك كوردپەروەرێكی مەزن ناسیویانە.
بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە، لە حەرەمی مزگەوتی گەورە، بە بە توندنی بریدار دەكرێت و چەند ساڵێك لە جێگەدا دەكەوێت و ساڵی ١٩٩٦ ماڵئاوایی لە دونیا دەكات.

م. عومەر چنگیانی، سەبارەت بە خەتیبی گەورەی سلێمانی:
كريم متى أمدحه أمدحه والورى * معي وإذا ما لمته لمته وحدي
تەشبیهـ نەبێت وەک چۆن لە باسی مەدحی پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لەسەر) جەنابی مەحوی دەفەرمێت: “ئەوی نەیکا پەشیمانە، ئەوی دەیکا پەشیمانە”
ماوەیەکی کەم نییە، داوام لێ کراوە لە بارەی جەنابی مامۆستا خەتیبی گەورە شتێک بنووسم و هەردەم خۆمم لێ کەنار گرتووە، چونکە ئێستەیشی پێوە بێت، شەرم دەمگرێ، من مافی ئەوە بەخۆم بدەم هەڵسەنگاندن بۆ توانای زانستی یان ڕەوانبێژى یان بوێری یان ئیخلاسی ئەو پیاوە بكەم بۆ ئایین، نیشتمان، بۆ توێژی فەقێ و مەلا، بەتایبەتی قوتابیەکانی کە بەدەیان هەژمار ناکرێن بەڵکوو بەسەدانیش زێدەترن.
چ ئەو قوتابیانەی لە قۆناغی بوونیان لە هەڵەبجە یان دواتری مزگەوتی حاجی حان یان مزگەوتی گەورەی سلێمانی وەک فەقێ شەرەفی ئەوەیان پێ بڕاوە لەلای بخوێنن و لەدەریای زانستە بێ سنوورەکەی بە زانستە شەرعییەکان بەهرەمەند ببن، وەک فەقێ و یاسای حوجرە، یان دواتر قوتابی لە مەعهەدی ئیسلامی مزگەوتی گەورە، وەک: شێخ عەلی قەرەداغی، شیخ حەمەعەلی شیخ محەممەد قەرەداغی نووسەر و توێژەر و سەڵاحەددین سەنگاوی و چەندان فەقێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەو قوتابخانەیە و لەبەردەستی ئەودا پەروەردە بوون.
لە دوای دوورخستنەوەیشیی لە دوای نسکۆ، هەمیشە لە مزگەوتی گەورە دەرسی “جەمعوجەوامیع” و کتێبەکانی خوارتری بە مەلا نوێیەکانی سلێمانی دەگوتەوە.
من وەک سەرسامێکم لێ هاتووە، قامک لەکوێی ئەو دەریایە بدەم کە بێ ڕکابەر کەموێنە بوو لەڕەوانبێژیدا چ بە زمانی عەرەبی چ بەزمانی کوردی، دەمی لە هەر شتێكەوە دەدا، وات دەزانی شۆڕەسواری ئەو گۆڕەپانە لەخۆی بەدەر نییە و نابێ.
بمبوورن کە ئەگەر وەک فەقێیەکی بچووکی ئەوسای بەردەستی و ئێستایش لەبەردەمیدا بەچۆکدا دێم و ئەم چەند دێرە بنووسم:
1- شەرەفمەندبوونم بەناسینی جەنابی مامۆستا خەتیب دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتانەی کە منداڵ بووم و نەنکە فاتمم کە بەرزنجەیی بوو، لە لایەکەوە دەبووەنە خزم لەگەڵ دایکی مامۆستا خەتیب و کە دەهاتە سلێمانی لەگەڵ خۆی دەیبردمە ماڵی مامۆستا.
2- مامۆستا ئەحمەدی کاکم لای مامۆستا مەلا عیسامەددین چنگیانی دەری هێنام و وەک قوتابیەکی فەرمی بردمییە خزمەت مامۆستا خەتیب، چونكە بیرم دێت لە سەرەتای دامەزراندنی قوتابخانەکەوە چەندان جار بە فەقێ محەممەدی باوکمی فەرمووبوو: کوڕەکانت بێنە با لای من بخوێنن و بەشێوەیەکی فەرمی ببنە قوتابی. لەوێ لە پۆلی یەک وەرگیرام و ئەوکات ئەو هەموو مودەریسە نازدارانەی سلێمانی لەبەردەمیدا بوون و دەیان مەلای ناوداری شارەزای لە خۆی کۆکردبووە و لە مەعهەد دەرسیان دەگوتەوە .کام فەقێی ئەمڕۆ مودەریس یان خەتیبیکی شارەزایە، فەقێی بەردەستی خەتیب بوون و دواتر لە زانكۆكانی بەغدا و نەجەف و وڵاتانی دیكە وەرگیراون.
3- لە هەر بوارێکی زانستیدا کۆبوونەوە لەسەر هەر بابەتێک بکرایە و جەنابی ئامادە بوایە، جگە لەو هەموو ڕێزەی بۆ مامۆستایانی دادەنا، بەڵام لە كۆتاییدا ڕا و بۆچوون وتێگەیشتنەکەی ئەو زاڵ دەبوو .
4- بەشانازییەكی زۆرەوە، من یەكێك بووم لەو قوتابییانەی كە زۆری خۆش دەویستم و بەردەوام ئاگەدارم بووە، بۆیە دڵم بەوە خۆش بووە كە بەردەستیی بكەم و چێژم لەوە وەردەگرت كە داوای دەكرد چا و قاوەی بۆ دروست بكەم. ئێوارەش بە ئۆتۆمبێلە لاداكەی دەیبردمەوە ماڵی خۆمان لە جادەی ئۆرزدی ئێستە و نزیك حەمامی سەرچنار و پەرخی و لە ڕێگەدا گەنگەشەی بابەتی زانستی و ژیانمان دەكرد.
5- کە ساڵی ١٩٧٣کەوتینە چیا و بووین بە پێشمەرگە، ماوەیەک لە هەڵەبجە پێکەوە بووین و دواتر دابەش کراین. من کەوتمە باغەکۆن و دواتر لە گوندی خۆمان وەک مەلا نیشتەجێ بووم و هەموو مەلا و فەقێكانی ئەو دەوروبەرە، مانگانە بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە یەكێتیی زانایان، دەچووینەوە هەڵەبجە و لای مامۆستا خەتیب وەرمان دەگرت. جارێکیان پێی فەرمووم: بەڵکوو بتوانم لە سلێمانی پەساپۆرتەکەی خۆی بۆ ببەم. ئەمە بۆ من متمانەیەكی گەورە بوو، چونكە كارێكی نهێنی بوو، ڕەنگە لەسەری سێدارەی پێوە بوایە، بەڵام ئێمە وەك هەموو خەڵكی سلێمانی وا فێر بووین كە هەموو خزمەتێكی خەتیبی گەورە ئەركە، بە تایبەتی بۆ من كە خۆم بە قوتابییەكی نزیكی دەزانی. عوسمانی برام لە ماڵی خەتیب پاسپۆرتەكەی هێنا و مامە تۆفیقم لە كورتانی كەرەكەیدا بۆی شاردبووەوە و گەیاندمانە دەستی. مامۆستا خەتیب نوێنەری شۆڕش بوو لە كۆنگرەیەكی جیهانی لە دەرەوەی وڵات و ڕژێمیش نەیدەویست بگات بەو كۆنگرەیە، بەڵام هەموو كارێكی كرد و بەشدار بوو.
6- کە لەمەدینەی منەوەرە بوومە قوتابی، دوو جار هاتە ئەوێ و بە خزمەتی گەیشتم. جارێکیان لەگەڵ کەسێكی ناوداری کوردستاندا هاتبوو، جارێکی تریش هەر بەسەردان هاتبووە ئەوێ. هەر لەو سەردانەشیدا لە هەڵوێستێكدا لەگەڵ یەكێك لە جاشەكان دەنگم بەرز كردەوە و خەریك بوو بەرەو سێدارە ببرێم، بەڵام مامۆستا خەتیب فریام كەوت. كاتێك گەڕامەوە بۆ کوردستان و بوومە مەلا لە مزگەوتی شیخ عەبدولقادری گەیلانی لە سلێمانی، هەردەم ئاگای لێم بوو، نەیهێشت وەبەر ئەشکەنجە سەختەکانی بەعس بکەوم، گەرچی لە هەندێكیدا هەر ڕزگارم نەبوو و تووشی ئەشكەنجە و لێدان دەكرام، بۆیە مامۆستا خەتیب بەشێكی دڵەگەورەكەی لەسەر من بوو.
كاتێك فەرمانێک دەرکرا، من و مەلا ئەحمەدی خانەقا و دوو مەلا لە کەرکووک بچینە بەرەکانی جەنگ لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق، چونكە نەچوونمان یەكسان بوو بە مردنمان، جەنابی لەبەر خاتری من تەشریفی هێنا و خۆی ئۆتۆمبێلەکەی ئەوقافی دەئاژووت، لە هەر جێگایەك داوای گوتارمان لێ بکرایە، فریامان دەكەوت و رزگاری دەکردین و قسەی بێ مانای ئاست نزمی ئێمەی پینە دەکرد. پابەندبوونی بەڕێزیان بە مەزهەبی شافیعیی و ئەهلی تەسەنونەوە وای لێ کردبوو کە لەلای تێنەگەیشتوان لایەنگریی بەعسی بۆ لەقەڵەم دەدرا. بەرێزیان پێشبینی مەددی سەفەوی و پاوانخوازیی شیعەی دەکرد پێش هەموو كەس هەستی بە مەترسییەكە دەكرد. هەموو توانای خۆی بەگەڕ دەخست تا کوردستان و عێراقیش لەوە بپارێزێت بكەوێتە ژێر دەستی ئێران.
7- بەهۆی جەنابی خەتیبەوە، منارەکەی مزگەوتی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە سلێمانی دروست كرا. چووە لای جەنابی مەلا مستەفا و بڕەپارەیەکی بۆ ئەو پڕۆژەیە لێ وەرگرت.
8- ویستم لێرەدا بەوەندە كۆتایی بهێنم. بمەوێت بەتەنیا کتێبێک لەسەر مامۆستا بنووسم، هێشتا پڕی ناكاتەوە و زۆر نهێنی و وردەكاریی ژیانی هەیە دەبێ بنووسرێن. نازانم مەرگ مەودام دەدات یان وەفا دەگاتە ئەو ئاستەی لەبەرنامەیەکێ تێروتەسەلی بینراو و بیستراودا بانگ بکرێم و مەلەیەک بکەم بە بینەرەکان لە ژیاننامەی ئەو عەللامە گەورەیەدا؟

بڵاوکردنەوە: