مانگ بووە بەژێر لۆچەکانی هەورەوە

865
0
بڵاوکردنەوە:

“لە نزیک میوانخانەی ئاشتی، بەدەم هەنگاونانەوە، چاوت کەوتە سەر خاڵێک بەسەر زەوییەکەوە، خاڵێک کە لە ژێر تیشکی ئەو گڵۆپە پرتەقاڵییەی چواردەوری کردبووە گۆڕەپانی جەنگە زۆرەملێکلانی خۆی و زوڵمەت، بۆر و پەڕدار دەردەکەوت … نزیکتر بوویتەوە، دیت کە کۆترێکی مردارەوە بووە. هەڵت گرتەوە، ئاوڕت بەم لا و ئەو لادا دایەوە، خستتە نێو ئینجانەیەکەوە کە لە بەردەم میوانخانەی ئاشتیدا دەوەنێکی لە باوەش گرتبوو، دەستت کردەوە بە ڕۆیشتن. بەر دەرکی میوانخانەکەت تێ پەڕاندبوو و گەیشتبوویتە بەردەمی مەیفرۆشییەکەی تەنیشتی، کاتێک ئاوڕت بۆ دواوە دایەوە دیت پشیلەیەک، بە دزییەوە، خۆی گەیاندووەتە لێواری ئینجانەکە و وا دەم بۆ کۆترە مردارەوەبووەکە دەبات؛ خەندەیەک بە بەشی خوارەوەی ڕوخسارتدا کشا. بەر لەوەی ئاوڕ بۆ پێشەوە بدەیتەوە، دەنگێک ئەم وشانەی گۆ کرد: “بەڵکو تاکسییەکم بۆ بگریت، ڕۆڵە گیان.” دەنگەکە لە پێشی خۆتەوە هات، دەنگێکی گڕی ماندوو بوو، دەنگێکی گڕی ماندووی پیاوانە، خاڵی لە هەر تۆن و هەست و مانایەک…”

  • ڕەنگە لە یەکێک لەو شەوانەدا کەمئەندامێک

“هەر پشیلەیەکی ڕەش کە لەو ناوەدایە، چاوە بریقەدارەکانی دەبڕێتە ئاسمان. گورگەکان بەسەر هەر لوتکە و هەڵەمووتێکەوە بن، دێن و بە سووڕانەوەیان بە دەوری گۆڕستانەکەدا بازنەیەکی گەورە پێک دەهێنن. هەموو سەگەکانی ناوچەکە پێکەوە دەوەڕن؛ بوون خۆی بۆ ڕووداوێکی مەزن ئامادە دەکات. قەلەڕەشەکان دێن و لەسەر کێلەکان دەنیشنەوە، کێلەکان کە هەندێکیان بە ژێر تریفەوە بوون و هەندێکیان لە تاریکیدا نوقم بوون. کوندەکان بەسەر لقی درەختەکانەوە چاودێریی بۆشاییەک دەکەن لە نێوان زمان و چواردەوردا. بەتالیۆنێک فریشتەی سپی بەسەر گۆڕستانەکەدا دەبارێن و ڕەژنەیان ڕەشایی بێبنی ئاسمان بەڵەک دەکات، ئەوان لە بەهەشت دەرکراون و گۆرانییەکیان پێیە دەربارەى کودەتا…”

  • مانگ بووە بە ژێر لۆچەکانی هەورەوە

“ئیمقو نزیکی دەروازەی باغی شاهانە بووەوە، چاوی بە شاعیرێک و شێوەکارێک کەوت کە بە ڕقەوە گفتوگۆیان بوو؛ کە بە لایاندا تێ پەڕی، بەو گوێیەی کە هێشتا گۆشت و کڕکڕێنەیە و نەبووەتە قوڕ، هەر هێندە فریا کەوت بژنەوێت کە شێوەکارەکە گوتی: “من ناچار نیم پەنا بۆ زمان ببه‌م تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵم، چونکە هونەرمەندم.” شاعیرەکەش وەڵامی دایەوە: “زمان دەروازەکانی خۆیت بۆ ناکاتەوە تا وێنەی تێدا هەڵبکۆڵیت، چونکە شاعیر نییت.”…

  • مەرگەساتەکەی تاوەری قاردوو

ئەوەی  سەرەوە  سێ پەرەگرافە لە کتێبی(مانگ بووە بە  ژێر  لۆچەکانی هەورەوە) لەژانری چیرۆکەو  دووەم کتێبی  (زاموا محمەد)، کوردڕاوم دیزانی بەرگ و سپەنسۆری میدیایی  گرتۆتە  ئەستۆ و  وەزارەتی رۆشنبیری سپۆنسەری لە جاپدانی بووە. لە پێشانگای نێو دەوڵەتی کتێبی  سلێمانی  ١٨مانگ  لە  دەزگای  سەردەم هۆبەی ٣١٦ بەردەست  دەبێت

زاموا محەمەد  لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ کورد  ڕاوم دەڵێت(هاوشێوەی کتێبی پێشووم(لەرزی عەرش و لەرزی باغیش)، ئەم کتێبەشیان کۆکەرەوەی چەند دەقێکە، هەڵبەت ئەمیان لە شێوەی چیرۆکدا. هەندێک لە دەقەکان پێشتر لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بوونەتەوە و ئەوانی تر نەبینراون؛ ئەوانەش کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە، لێرەدا و لە ناو کتێبەکەدا بە دەستکاری و گۆڕانکارییەکدا تێپەڕیون کە وایان لێ بکات پێکەوە، لەگەڵ دەقەکانی تردا، پێکهێنەری پەیکەربەندییەک بن کە جەستەی دەلالی گشتیی کتێبەکەیە.

لە ڕووی بونیادییەوە، ئەم کتێبەشیان هاوشێوەی کتێبی پێشوو، لە هەریەک لە دەقەکانی ناویدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی ناونیشانی کتێبەکە دەدات، هەوڵی ماناپێدان و ڕوون کردنەوەی دەدات؛ ئەمە جگە لەوەی دەقەکان، وەک خۆیان و بەتەنیا، لە لایەکی ترەوە، هەوڵ دەدەن لەسەر پێی خۆیان بووەستن و تاک‌تاکیش هەبن. لە هەردوو کتێبەکەدا ناونیشان بە ناو کۆی دەقەکانی ناوەوەدا تێدەپەڕێت، یان تێیاندا دەنێژرێت)

بڵاوکردنەوە: