كتێبە زۆر خراپەكان

1809
0
بڵاوکردنەوە:

 فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە

شوان ئەحمەد

بەرایی:

وەك چۆن كتێبخانەكان پڕن لەكتێبی باش و لەتێكستی چێژ بەخش، بەو جۆرەش خاڵی نین لەبەرهەمی خراپ و لەنوسینی هەڵیت و پەڵیت. چۆن بەسەر كتێبی گرنگ و تایبەت و سەنگیندا دەكەوین، ئاوەهاش دەرگیری كتێبگەلیك دەبین كەهەناسەمان سواردەكەن و سوڕی خوێنمان تێكدەدەن.

كتێبخانەكان هەم كتێبی جوان و پڕ زانیاریان تێدایە، هەم كتێبی دزێو و ژەهراویش. ئەم حوكمە بۆكایەی ڕۆشنبیریی هەموو میللەتان وەك یەكە، بەبێ‌ جیاوازی. لەكایەی ڕۆشنبیریی عەرەبیدا، هەم نوسەری داهێنەر  و بەهرەمەند دەبینین، هەم قەڵەم و كتێب و بابەتی ئاست نزم و چەواشەش.

كتێبی (نیتشە، هایدیگەر، فوكۆ – هەڵوەشاندنەوە و ڕەخنە)، یەكێكە لەو كتێبە زۆر خراپ و پڕ ناهەقیانەی لەم ساڵانەی دوایدا بەرچاوم كەوتبێت و خوێندبێتمەوە. ئەگەرچی نوسەرەكەشی (د. محەمەد ئەلمزوغی)، ئەكادیمیستێكی تونسیەو و مامۆستای فەلسەفەیە لەپەیمانگای باڵا بۆ خوێندنی عەرەبی – ئیسلامی لەڕۆما و خاوەنی چەندین بەرهەمی فەلسەفیە لەسەر فەیلەسوفانی هاوچەرخی ئەوروپی.

ئەم كتێبە كەبەقەوارەی (461)لاپەڕەیەو پشت ئەستوورە بە (131) سەرچاوەی فیكری و زانستی و فەلسەفی، وەك بەناونیشانەكەیدا دیارە، هەوڵێكە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕەخنەگرتن لەفەلسەفە و بیرو بۆچون و دنیابینی، سیان لەگرنگترین فیگۆرە فەلسەفیەكانی فیكری هاوچەرخی ئەوروپی كەئەوانیش بریتین لە (فردریك نیتشە و مارتن هایدیگەر و میشێل فوكۆ).

بەڵام لەناوەڕۆكدا ئەوەی دەبینین و بەسەریدا دەكەوین، جگە لەداشۆرین و و توانج لێدان و شێواندنی كارەكتەری ئەو سێ‌ ناوە دیارە، هیچی دیكە نییە. كتێبەكە لەبەرگەوە بۆ بەرگ بێنرخكردن و تانە لێدانە لەپرۆژەی هەریەك لەو سێ‌ بیرمەندەی، بەكۆڵەكە و چاوگی دیار و گرنگی فیكری هاوچەرخی ئەوروپی ئەژمار دەكرێن.

ناونیشانی بەشە جیاجیاكانی كتێبەكە (كەسێ‌ بەشە)، بەسوكایەتی و جنێوپێدان دەچن و هەر لەسەرەتاوە خوێنەر درك بەوەدەكات نوسەر، نیەتی پەلاماردان و بچوككردنەوەی ئەو ناوانەی هەیە كەبەنیازە قسەیان لەسەر بكات و فەلسەفەكەیان بداتە بەر (ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە). تایتڵی هەرسێ‌ نەسكی كتێبەكە بەمجۆرەیە: (نیتشەی نەفرەتی، لاپەڕە17 بۆ 150)، (هایدیگەری درۆزن، لاپەڕە151 بۆ 326 )، (فوكۆی دێوانە، لاپەڕە 327 بۆ  ٤٤٣).

محەمەد ئەلمزوغی لەو پێشەكیەدا كەبۆ چاپی یەكەمی كتێبەكە (2004)و چاپی دووەمی (2013) نووسیویەتی، لەهەوڵی ئەوەدایە بەرچاو ڕونی ئەوە بەخوێنەر بدات كەپەلاماردان و ڕەخنەگرتن لەو بیرمەندانە بەو توندی و سەختگیریە زۆرەوە، پەیوەندی بەوەوە هەیە كە(نیتشە و هایدیگەر و فوكۆ)، بۆ خۆیان تائەوپەڕی ڕەخنەگری ڕادیكال بوون و دەستیان لەهیچ كەس و لەهیچ بەهاو پیرۆزییەك نەپاراستووەو بەشێوەیەكی پەڕگیرانە، پڕكێشیان لەتێزە ڕەخنەییەكانیاندا كردووە.

هەر بۆیە ئەوەی ئەمیش لەم كتێبەیدا دەیكات، كەم تا زۆر شوێن پێهەڵگرتنی ئەوانەو فەلسەفە و فەلسەفاندنیش بەبێ‌ ڕەخنەی توند و ڕادیكال و بنجبڕ، فەلسەفە نییە. بەڵام خوێنەر كاتێك بەوردی دەكەوێتە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی كتێبەكە، هەر زوو هەست دەكات ئەوەی دەیخوێنێتەوە، چەند دوورە لەڕەخنەی ئەكادیمی و لەمیتۆدی هەڵوەشاندنەوە.  ئەوەی هەیەو بەزەق و زۆپی دەبینرێت، سوكایەتی پێكردن و شێواندن و شكاندنە، نەك ڕەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەو دەرخستنی ناوەڕۆك و بیری فەلسەفی ئەوانەی باسیان دەكات.

نیتشەی نەفرەتی:

پەلاماردانی فردریك نیتشە لەلایەن نووسەری ئەم کتێبەوە، پەلاماردانێكی شەڕانگێزانەیە… هەر لەدەسپێكی نوسینەكەیەوە، وەك کارەکتەرێکی بەد و خراپەكار وێنای دەكات و بەسەرچاوەی گومڕای و ناچێزیەكانی (هایدیگەر و فوكۆ)شی دەزانێت.

لەدووەم پەرەگرافی چاپی دووەمی كتێبەكەیدا، ڕوودەكاتە خوێنەران و دەڵێت: (پێویستە ئاگاداری ئەوەبن، هزری نیتشە هزری كەسێكی شەڕخوازی توندوتیژەو بیرو بۆچونەكانیشی، دژ بەهیومانیزم و زانست و ئەقڵانیەتەو بەپڕاوپڕی، لەگەڵ دنیابینی ئیسلامیستە توندڕەوەكاندا یەك دێتەوە).  هاوكات بۆ زیاتر شێواندنی وێنەی نیتشەو وێناکردنی وەك غۆل و ڤایرۆسێكی كوشندە بەخوێنەران، محەمەد ئەلمزوغی هەوڵدەدات لەناو كتێبخانەی ئەوروپیەكاندا، بەو سەرچاوانە بۆچونەكانی پشت ڕاست بكاتەوە و شەرعیەتی زیاتریان پێبدات كەئەنتی نیتشەین و لەفەلسەفەكەی ئەو دەخوێنن.

ئەوەتا كتێبێكی هێرمان تورك (نیتشە و هەڵە فەلسەفیەكان)، بەنمونە دێنێتەوە كەساڵی 1891 چاپكراوەو لەوێدا نوسەری ئەو كتێبە، نیتشە بەپەیامبەری ئەهریمەن و درۆزنێكی لێزان و بەد ئاکار ناوزەد دەكات و دەیەوێت  لەڕێی ئەو سەرچاوەوە، ئەوە لەخوێنەر بگەیەنێت كەئەوە مەعدەن و كرۆكی ئەو گەورە فەیلەسوفەی خۆرئاوایەو ئەوەش ڕاو بۆچونی خۆرئاوایی و ئەڵەمانەكانە لەسەر فەیلەسوفەكەیان.

لەلاپەڕە(20)دا دەنوسێت: (ئەوەی وایكرد نیتشەو فەلسەفەكەی نێوبانگ پەیدابكەن و ئەو سەنگ و قورساییەی هەبێت خۆی نەبوو، بەڵكو ئەو بەرهەم و نوسینانە بوو كەباسیان لەژیان و بەرهەمەكانی دەكردو بەقەڵەمی فەیلەسوفانی وەك كارل یاسبەرس و مارتن هایدیگەر لەئەڵمانیا و میشێل فوكۆ و ژیڵ دولۆز لەفەرەنسا نوسران).  بەڵام سەرباری ئەوەش ئەلمزوغی هەر پێیوایە، نیتشە كەسێكی هیچ لەبارانەبووەو دەڵێت: (گومانم هەیە ئەو بەو شیعرە تەلیسماویانەی كلتورێكی نوێی هێنابێتە ئارا، وەك بییار هیبەر – سۆڤرین لەكتێبەكەی زەردەشتی نیتشەدا باسی دەكات، بەڵكو ئەوەی ئەو بەرهەمی هێنا لەهەموو ڕوویەكەوە ماڵوێرانیەك بوو بۆ فەلسەفە).

لەو ناهەقی و شێواندنانەی دیكەشدا كەلەژێر ناوی (ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە)دا بەخوێنەرانی دەفرۆشێتەوە، دەڵێت: (نیتشە فەیلەسوف نەبوو، بەڵكو پسپۆڕی بواری فیلۆلۆگیابوو. بەنوسینەكانیدا دیارە چەند لەڕووی فەلسەفیەوە دەست كورت و كەم توانا بووە… ئەو بەڕێكەوت بەسەر كتێبێكی شوپنهاوەردا دەكەوێت و ئاشنای فەلسەفەو فەلسەفاندن دەبێت.. ئاشنابوونیشی بەفەلسەفە، زۆر ڕوكەشانەو كاڵ و كرچ بووە.. نیتشە مرۆڤێك بووە جەنگاوەر و هەمیشە خەیاڵی لای شەڕ و شۆڕ بووە. ئەی ئەوەنییە بەپیتی درشت دەنووسێت: لەبەرەكانی جەنگ چاوەڕوانی هەموو هاوڕێیانم دەكەم. یان دەڵێت: جەنگ دەرمانی دەردی هەموو شارستانیەتێكە. هەر لەبەرئەوەشە پیاوكوژێكی گەورەی  وەك موسۆلێنی، دان بەوەدا دەنێت كەلەهەوادارە دڵسۆزەكانی نیتشە بووە).

محەمەد ئەلمزوغی هەر بەلێدان و تاروماركردنی فەیلەسوفێكی وەك نیتشەوە دانەكەوێت، بەڵكو هەڵدەكوتێتە سەر ئەوانەشی فەلسەفەی نیتشەیان بەرز نرخاندووەو ستایشی بیرتیژی و بایەخ و گرنگی ئەویان كردووە. (كارل یاسبەرس) یەكێكە لەوانە (بڕوانە ل 48 – ٥٢). بەدوای ئەویشدا  پەلاماری(ژێل دولۆز) و كتێبەكەی (نیتشە و فەلسەفە) دەدات كەساڵی 199، ئوسامە ئەلحاج وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و بەیەكێك لەكتێبە گرنگەكان ئەژمار دەكرێت، دەربارەی نیتشە و فەلسەفەكەی. دەرهەق بەهەوڵی ئەو دوانە و كەسانی دیكەش دەڵێت: (ئەوانە بەهەڵەداچوون كەپێیان وایە نیتشە فەیلەسوفەو لەبواری فەلسەفەدا شۆڕشێكی گەورەی بەرپاكردووە، ئەم خەیاڵ پڵاوە تەنها دروستكراوی ئەندێشەی كەسانی وەك هایدیگەر و یاسبەرس و فوكۆ و ژیڵ دولۆزە. بڕوانە ل ٩٩ ).

 

وەك ئەنجامگیرییەك، ئەم ئەكادیمیستە تونسیە بەتەوسێكەوە دەنوسێت: (نیتشە گەر فەیلەسوفیش بووبێت، فەلسەفە لەسەردەستی ئەو كۆتایی دێت و تەواو دەبێت. ئەو چەند ستایشی میوزیكی كردووەو لەبارەی گرنگی و بایەخیەوە دواوە، بەڵام بەهرە و زەوقی میوزیكی لەنزمترین ئاستدابووە. ئەو جگە لەتیۆرسینێكی كۆنەپەرست و ڕاسیست شتێكی تر نەبووە، هەر بۆیە تەواوی ئاقارە ڕاستڕەوەكانی خۆرئاوا  لەئێستاو ڕابردودا، ئایدیاو دروشمەكانی ئەو پەیڕەودەكەن و لەسەری دەڕۆن).

بەگشتی ئەوەی ئەم نوسەرە لەو بەشەی كتێبەكەیدا دەیەوێت بیڵێت و بیدات بەگوێی هەمواندا ئەوەیە: (نیتشە دەردو پەتاو ڤایرۆسێكی ترسناكەو دەبێت خۆمانی لێ لابدەین.. ئەو نەفەیلەسوفە و نەهیچی گرنگی پێیە بۆ وتن. كابرایەكی بەد و نەفرەتییەو پێویستە بەفەرامۆشی بسپێرین.

 

هایدیگەری درۆزن:

دوای ئەو هەموو ناهەقیانە دەرهەق بە فەیلەسوفێكی گرنگ و بەهەرمەندی وەك فریدریك نیتشە، ئەم ئەكادمیستە تونسیە دێتە سەر مارتن هایدیگەرو بەناوی ڕەخنەو هەڵوەشاندنەوەوە، هەرچی تۆمەتی سیاسی و ئەخلاقی هەیە، دەیداتە پاڵ ئەم بیرمەندە مەزنەو وەك تیۆرسین و زمانحاڵێكی عەوامی دژە مرۆڤایەتی نازیستەكان، دەیناسێنێت.

دەنوسێت: (هایدیگەر جگە لەدروستكراوێكی فەرەنساییەكان هیچی دیكە نییە. وەك چۆن نیتشەی مامۆستای لەفیلۆلۆگیاوە خۆی دەكات بەدنیای فەلسەفەدا، هایدیگەریش لەكایەی تیۆلۆژیاوە دێت بەرەو فەلسەفە. ئەو لەقۆناغەكانی خوێندندا، هەرگیز خوێندكارێكی ژیرو لێهاتوو نەبووە. كەسێك بووە سەرسام بووە بەنازیزم و بەكارەكتەری دڕەندەیەكی وەك ئەدۆڵف هتلەر، بڕوانە ل  ١٥٨ ). ڕق و توڕەیی ئەلمزوغی لەهایدیگەر دەگاتە ئەو ئاستەی بنوسێت: (ئەو پیاوێك بووە لەهەموو شت داشۆرابوو. كەسێك بوو نەبڕوای بەئەقڵ هەبوو نەبەلۆژیك. نازیەكانی لەدژی هاوپیشەو هاوڕێكانی هان دەداو ڕاپۆرتی لەسەر دەنوسین و سیخوڕی بەسەرەوە دەكردن. هایدیگەر كەسێكی درۆزن و تەڵەكەباز بوو، بەوەش زۆرێك لەڕۆشنبیران و بیرمەندانی لەخشتە بردووە).

وەك چۆن لەنەسكی پێشوتردا لەدژی ئەوانە دەوەستێتەوە كەپەسنی نیتشەو فەلسەفەكەیان داوە (یاسبەرس، دۆلۆز، فوكۆ)و بەرگریان لێكردووە، لەم نەسكەشدا بەگژ (فرانسوا فیدێ‌ و ژاك دێریدا و ژان بۆڤرێ‌)دا دەچێتەوەو بەكەسانی كاڵفام و چروك ناویان دەبات، هەر لەبەرئەوەی بەگرنگی و ڕێزەوە باسیان لەمارتن هایدیگەر و فەلسەفەكەی كردووە. سەبارەت بەنزیكایەتی و پەیوەندی هایدیگەر لەگەڵ نازیزمدا، محەمەد ئەلمزوغی دەیگەیەنێتە ئەوەی بڵێت: (لەڕووی دەروەستی تیۆریەوە، هیچ جۆرە جیاوازیەك لەنێوان جەنتلیی و هایدیگەردا نییە – جەنتلیی وەك تیۆرسینی فاشیزم لەئیتاڵیا -، ئاخر هەردووكیان هێز و توانای فەلسەفیان بۆ خزمەتكردن بەئایدیۆلۆژیایەكی نامرۆڤانەو دژە دیموكراسی و نەیار بەئەقڵ و بیركردنەوەی ئازاد تەرخانكرد كەنازیزم و فاشیزم بوون، بڕوانە ل 170 -171  ). لێرەدا ئەلمزوغی هەمان تۆمەتی دژە هایدیگەریەكان (بەتایبەت ڕاوبۆچونەكانی ڤیكتور ڤاریاس)، دووبارە دەكاتەوە كەساڵی 1987 لەكتێبەكەیدا (هایدیگەر و نازیزم) باسی لێكردووە.

لەسەروبەندی تاوانباركردنی هایدیگەرو فەلسەفەكەی، بەوەی پەیوەندی كۆنكرێتی و حاشاهەڵنەگریان بەئایدیۆلۆژیای نازیزمەوە هەیە، دەیەوێت لەنرخ و بەهای شاكارە فەلسەفیەكەشی (بوون و كات) كەم بكاتەوە، بەڵام لەوەدا نائومێد دەبێت، كاتێك ڕووی بەو بۆچونەی بیرمەندێكی ناسراوی وەك یۆرگن هاپرماسی میراتگری قوتابخانەی فرانكفۆرتدا دەتەقێت کەبەڕوون و ڕەوانی لەو بارەیەوە دەڵێت: (بەڵێ‌، بەرهەمەكانی هایدیگەرو لەسەرو هەمووشیانەوە – بوون كات -، پێگەیەكی بڵند پایەیان لەهزری فەلسەفی سەدەی بیستەمدا هەیەو ئەوە ڕاست نییە كەبڵێن ناوەڕۆكی ئەم بەرهەمە، دەشێت باق و بریقی خۆی بەهۆی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی سیاسیانەی مارتن هایدیگەرەوە لەدەست بدات. لەگەڵ – بوون و كات -دا هایدیگەر لەكایەی كلتوریدا، خۆی وەك فەیلەسوفێكی بڵند پایە سەلماندو هەتا ئێستاش ئەو شاكارە بەداهێنانێكی گەورە لەفەلسەفەی ئەڵمانیدا ئەژمار دەكرێت، بڕوانە ل 238 – ٢٣٩ ). ژاك دێریداش وەك خوێندكارێكی ناسراوی هایدیگەر، لەبەرگرینامەیەكیدا لەمامۆستاكەی و بەرهەمە فەلسەفیە گەورەكەی دەڵێت: (خەڵكانێك هەن تۆمەت دەدەنە پاڵ هایدیگەر، بەبێ‌ ئەوەی كتێبەكانیان خوێندبێتەوە. بوون و كات  لەو كتێبانەیە كەهەتا ئێستاش، یان نەخوێندراوەتەوە یاخود خوێندراوەتەوە بەبێ‌ حاڵی بوون لێی، بڕوانە ل265 – ٢٦٦ ).

سەبارەت بەهایدیگەرو گەورەیی و قوڵی فەلسەفەكەشی، ئەلمزوغی هەر سوورە لەسەرئەوەی بیركردنەوەی ئەو مەترسیدارەو زیان بەفەلسەفە دەگەیەنێت. چونکە ئەو نەك هەر تیۆرسینی نازیزم بووە، بەڵكو بیركردنەوەیەكی خود پەسەندانەشی هەبووەو بیركردنەوەی فەلسەفی بەئەركی خۆرئاواییەكان زانیووەو میللەتانی دەرەوەی خۆرئاوای لەو پرۆسەیە بەدوور گردووە. لوتكەی گاڵتەجاڕی لەم بەشەی ئەم كتێبەدا، ئەوەیە كەلەلاپەڕە 325دا دەنووسێت: (بەلای مێژووی فەلسەفەوە، هایدیگەر فەیلەسوفێكی مردووە، نەك هەر لەبەرئەوەی لەڕووی فیزیكیەوە مردووەو بەسەرچووە، بەڵكو لەبەرئەوەی بیركردنەوەی هیچ شتێ‌ نابەخشێتە فەلسەفەو ئەوانەی خوازیاری فیكری جدین و دەیانەوێت لەم جیهانەدا دەستیان بەهەقیقەت ڕابگات).

ئەم ئەكادیمیست و نووسەرە، كاتێك ئەم وشانە ڕیز دەكات و ئەم هەموو ڕق و كینەیە لەژێر تایتڵی (ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە)دا دەنوسێتەوە، خۆی لەو ڕاستیانە نەبان دەكات، كەلەمڕۆدا فەلسەفەی هایدیگەر لەبواری هونەر و ژینگەو ئەدەب و كایەكانی تردا، تادێت ڕەواج پەیدا دەكات و لەتەواوی كیشوەرە جیاجیاكان، هەوادار و خوێنەرانی لەزیاد بووندان و ئەو ئاقارەشی پێی دەوترێت (ئاقاری پۆست مۆدێرن) لەگەڵ فردریك نیتشەدا، مارتن هایدیگەر یەكێكە لەژێدەر و سەرچاوە سەرەكیەكانی.

 

فوكۆی دێوانە:

ئەو قسە بازاڕی و بێ بنەمایانەی لەدوو نەسكی پێشوودا بەو دوو فەیلەسوفە مەزنەی ئەڵمانیا دەوترێت، لەم نەسكەدا لەگەڵ میشێل فوكۆدا درێژەیان هەیە. ئەوەتا جگە لەوەی وەك كارەكتەرێكی دێوانە ناوزەدی دەكات (وەك زۆرێك لەناحەزەكانی)، بەبیرمەندێكی نهلستی و نائەقڵانی و مەترسیداری دادەنێت.

ئەلمزوغی بۆ بێنرخكردنی بەرهەمە فەلسەفیەكانی، دەڵێت: (بڕێكی زۆری بەرهەمەكانی، لەئەزمونی تایبەتی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن. واتە فوكۆ لەو تەرزە بیرمەندانەیە كەبیرو بۆچونەكانیان تێكەڵ بەهەڵسوكەوت و ڕەفتارەكانیان دەكەن. بەگشتی دەتوانین بڵێین نوسین و توێژینەوە تیۆریەكانی، ڕەنگدانەوەی ئەوشتانەیە كەلەژیانی شەخسی خۆیدا ڕویانداوەو ئەزمونیكردون). ئەڵبەت ئەمانەش وەك كەلێن و عەیبەیەكی گەورە لەسەر فوكۆ و بیركردنەوەی ئەو حیساب دەكات و وەك وڕێنەو قسەی بێسەروبەر لێیان دەڕوانێت.

یەكێكی دیكە لەو تانەو توانجانەی نوسەری ئەم كتێبە ئاڕاستەی میشێل فوكۆی دەكات، ئەوەیە گوایە: (فوکۆ وەک نیتشە سوکایەتی بەڕێساکانی لۆژیک کردووەو بێزی لەمیتۆدی زانستی و نوسینی فەلسەفی تۆکمە هاتۆتەوە. فەلسەفە لەسەر دەستی هەوادارانی نیتشە ، وەک – هایدگەر وفوکۆ ودولۆز –  بەرەو داڕمان و داوەشان دەچێت ). نەنگی و شەرمەزارییەکی دیکەی فوکۆ، لای نوسەری ئەم کتێبە لەوەدایە کەئەو هاوڕەگەزباز بووەو لەتەمەنی گەنجێتیدا، چەند جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوەو لەنەخۆشخانە دەروونیەکان ماوەتەوە. بۆیە مرۆڤێک کە بەوجۆرە بێت، نابێت گوێی لێبگیرێت و دەبێت وێڵ بكرێت و بەفەرامۆشی بسپێردرێت.

ئەو بیرمەندەی دژایەتی ئەقڵانیەت بكات و گومان بخاتە سەر چاخی ڕۆشنگەری و هیومانیزم و بەرگری لەدێوانەی و نائەقڵانیەت بكات، کەسێکی سەرشێتە نەك بیرمەند. ئەمە كۆمێنتی ئەلمزوغیە لەسەر فوكۆ و فەلسەفە و بەرهەمەكانی. لەكۆتایشدا وەك شۆخی پێكردنێك دەڵێت: (كەسێك نیتشە و هایدیگەر ژێدەر و مامۆستای بن، بیركردنەوەی جگە لەمیتۆلۆژیا و نائەقڵانیەت و خورافات و دێوانەیی، هیچی دیكە بەرهەم ناهێنێت).

لەم كتێبە قەوارە گەورەیەی كەوەك لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا (461) لاپەڕەیەك دەبێت، سەر شارە بەتۆمەت و ناهەقی و جنێو و پلار تێگرتن و شێواندنی دەست ئەنقەست، تاكە زانیاریەك كەدروست بێت و لەجێی خۆیدا بێت، ئەوەیە كەلەبارەی میشێل فوكۆوە باسی دەكات و دەڵێت: (میشێل فوكۆ فەیلەسوفێكی سەرومڕ فەرەنسییەو بیركردنەوەو دنیابینیەكانیشی تایبەتن بەخۆرئاواو سنورەكانی ئەو جوگرافیایە. تەنها جارێك لەبەرگی خۆرئاوایی خۆی دێتە دەرێ‌ و هەوڵدەدات ئاوڕ لەكێشەكانی ئەوكاتەی دنیا بداتەوە، ئەوجارەش وەك ڕۆژنامەنووسێك بەوكارە هەڵدەستێ‌، نەك وەك بیرمەند و فەیلەسوفێك. ئەویش ئەوكاتەیە كەڕوماڵی ڕووداوەكانی شۆڕشی ئێرانی دەكات و لەهەڵسەنگاندن و حوكمدانەكانیدا ناپێكێت و بەهەڵەدا دەچێت).

مرۆڤ كەلەخوێندنەوەی كتێبێكی باش و گرنگ دەبێتەوە، هەوڵدەدات كەسانی تریش هان بدات وەك خۆی ئەو كتێبە بخوێننەوەو لەكیسی خۆیانی نەدەن، وەلێ كەبەسەر كتێبێكی خراپ ( زۆر خراپی وەك ئەمەی محەمەد ئەلمزوغی)یشدا دەكەوێت، دەبێت كەسانی تر وریا بكاتەوە لەوەی قەرەی ئەم جۆرە نوسینانە نەكەون. ئاخر كتێبە خراپەكان هەر بۆ ئەوە باشن لەسەر ڕەفەكان، تۆزی بیرچونەوەیان لەسەر بنیشێت.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: