گورگێک لە ژوورەکەمە

686
0
بڵاوکردنەوە:

ئالان پەری

گورگێکی ڕەش دێتە ژوورەکەم،

لەسەر مێزی داڵانەکە لە بەیانیەوە,

بە چاوی نهێنی و برسێتی لە بێ چارەییم دەڕوانێ

سەمفۆنیای چایکۆفیسکی وەک گەردەلول هەڵمدەتەکێنێت،

بێ سروە، ناخم  وەک پەرداخێکی نووقم بوو بە هەوا و ئاو پەنگی خواردووە.

 

گورگێک لێرەیە، هاتووە گیانی من تێر بپشکنێت

دەیەوێت درۆکان بە چەپۆکی دەستی دەربهێنێت،

ڕەشایەتیم بە کەڵبەتیژەکانی بەتاڵ دەکاتەوە

دڵێک لە پشکۆبوونی خۆی دەکوژێنێتەوە

 

نێچیریی چییە،

جگە لە پاکبوونەوەی خۆم و مانەوەی نیانیی تۆ.

 

(من) چییە،

جگە لەو گورگەی لە  شەوە بێ ئەستێرەکاندا دەگورگێنێ

ترس لە ونبونی خۆم لە هێمنی دەریا

ترس چییە

جگە لە بێدەنگی تۆ لە نێو دونایەک لە جەنجاڵی

 

ماچ چییە،

جگە لە تەڕاییەک لە یادگاریی

جگە لە مژینی دوو لێوە،

جگە لە خەواندنی دوو دەستە لە هەوادا

نزیکیی دوو گورگە لە شەونخوونیەکانی شەهوەتێکی ئەزەلیی

 

دووریی چییە،

بێ دەنگدانەوەی چرپەی (تۆ)

لە کاتیی ماڵئاوایی دا

 

دوکەڵ چییە،

جگە لە غەدرێکی بەباچوو بە گیانی ڕۆح!

 

فڕین چییە،

جگە لە فڕینی وشە بەدەوری بەسەرهاتی دەستەکانی تۆ و

بەرکەوتەکانی شەو؟

بڵاوکردنەوە: