ڕوانینێک بە دەنگ و مۆسیقا لەفیلمدا

691
0
بڵاوکردنەوە:

ئا/ ئیدریس عەبدی

سینەما زۆرتر لە هەر هونەرێکی دیکە لە مۆسیقا نزیکترە.هەر دوو لە زەماندا پەرەدەسێنن، گرێدراون بە ریتم و حەز بە حەکایەت بێژی و گێڕانەوە دەکەن. ئەگەرچی هەموو ئەمانەش لە شانۆدا دەبینین بەڵام ئێمە ئیستا لە سەر فیلم دەدوێین.
لە مێژە کە سینەمای ئێمە پێوەندیەکی داهێنەرانەی لەگەڵ مۆسیقا و بە تایبەت مۆسیقای سەردەمی کۆمەڵگا نییە.لە لایەکیترەوە لە سینەمای هونەری و تەجروبی بیرێک زاڵە کە لە مۆسیقا زۆر کەڵک وەرناگرن. زۆر فیلمی هونەری و تەجروبی دێتەوە یادم کە بێبەرین لەر هەر شێوە مۆسیقایەک،یا نازانم بە پێی چ نەریتێک و تێروارینێک تەنها یەک پارچە مۆسیقا ئەویش لە کۆتایی فیلمدا بەکار دەهێنێن. وەک بڵێی سینەمای ئاوانگارد و جیاواز لەگەڵ مۆسیقا دوژمنی هەیە. ئەگەرچی ئەم شێوە روانینە لە فیلمی هەندێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سینەمای دونیاشدا دەبینین، بەڵام نابێت لە بیری بکەین کە ئەوان لە دەنگ و درووست کردنی دەنگ وەک ئاڵترناتیڤێک کەڵک وەردەگرن و ئەم شێوە روانینە بە مۆسیقای فیلم تایبەتی و ئاڵترناتیوە.لە بەرانبەردا ژمارەیەکی زۆر لە فیلمسازان هەن کە پێوەندیەکی چڕوپڕیان لە گەڵ مۆسیقا بووە و هەیانە و دەیانبێت.
ئەم جەژنی نێوبردنە بە چارلی چاپلین دەست پێدەکەین،کە ناتوانیین فیلمەکانی بە بێ مۆسیقا بهێنینە بەرچاو .چاپلین زۆربەی مۆسیقای فیلمەکانی،خۆیی،بە رێکۆردرێکی بچووک کە هەمیشە لە سەر تەختی خەوەکەی بوو دەنووسی.کوبریک بهێننەوە یاد بەو حەزەی کە بە مۆسیقای کلاسیکی بوو،بە شێوازێکی نۆی و خوێندنەوەی پاپ ئاسای مۆسیقای کلاسیکی فیلمی پرتەقاڵی کۆکی (A Clockwork Orange)
کێ دەتوانێت وودی ئالن و فیلمەکانی بە بێ مۆسیقای (Jazz) بهێنێتەوە یاد؟ ئالن ژەنیاری کلارینێت بوو و ساڵها لە گرووپێک کە هاوڕێیانی پێکیان هێنابوو ئامیری دەژەنی. بێگۆمان فیلمەکانی ئیسکۆرسیزی بە بێ زیادەرویی مۆسیقای راک و بلۆز(Blues) تام و چێژێکی تریان هەبوو.هیسکۆرسیزی هەروەها کاری دەرهێنانی دوو دێکۆمنتاری مۆسیقایی کردووە.
ئەم وتەی ویم وەندرس زۆر بە ناوبانگە کە دەڵێت:لە وێنەی سەربەرگی دیسک گەلی راک زۆرتر لە هەر شتێکی تر لە ژیانیدا کەڵکی وەرگرتووە و لە فیلمەکانی خۆێدا بە کاری هێناون.وەندرس دۆستایەتێکی زۆر قوڵی لە گەڵ باشترین گرووپەکانی مۆسیقای راک nick cave و u2 بووە.
چەند موزیسیەن لەوانە تام ویتز لە فیلمە پێشروەکانی جیم جارمووش دەرکەوتن.جیم جارمووش بە کەڵک وەرگرتن لە مۆسیقا بینەرانی خۆیی لە سەر جێگای خۆیان وشک کردووە.
دەیوید لینچ چ لە بەرهەمە سینەمایەکانی و چ لە فیلمە کۆرتەکانی و بەرهەمە ئینترنێتیەکانی بە شێوازێکی زۆر داهێنانە و نایاب لە مۆسیقا کەڵک وەردەگرێت.
بۆ لە رۆژانەدا دیالۆگێگ لە نێوان سینەما و مۆسیقادا نییە؟
بەس ئەوە نەڵێین کە مۆسیقای بەهێزمان نییە.لەم رۆژانەدا مۆسیقامان لە سینەما بەهێزتر و پێشکەوتووترە.
بۆ سینەمای ءێمە پێویستە دووبارە لە گەڵ سینەما ئاشتی بێتەوە.سینەمایەکی بەهێز پێویستی بە مۆسیقای بەهێز و گەرم و پڕ خوێن هەیە.

دەنگ لە فیلمی کورتدا
دەنگ بەرەبەرە بوو بە بەشێکی زۆر گرنگ لە سینەما.تەنانەت لە کاتی سینەمای بیدەنگیشدا.هەر لەو کاتەشدا گرووپێکی موسیقی یا تەنانەت دەنگی ئامێرێک وەکوو پیانۆ، فیلمی هاوڕێیی دەکرد.
ئەمڕۆکە لە دونیادا،دەنگ،یەکێکە لە بەشە گرنگەکان بۆ درووست کردنی فەزا،رەوتی ناساندنی کەسایەتیەکانی فیلم.بۆیە لە فستیواڵەکان خەڵات گەلێکی جۆراوجۆر وەکوو باشترین دەنگ هەڵگر تا باشترین میکسی دەنگ یان بۆ دیاری کردووە. لە واقعیەتدا دەتوانیین بڵێین کە دەنگ و وێنە ئەمرۆکە لە سینەمادا تەواوکەری یەکن.
بەڵام لە فیلمی کۆرت کە لێرەدا مەبەستمانە دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە لە وڵاتی ئێمە و لە هەندێک لە فیلمە کورتەکان(نەک هەر هەموویان) دەنگ بایەخێکی کەمتری پێدەدرێت.ئەوەندەی کە دەرهێنەر بۆ گرتنی شاتگەلێکی جۆان وەسواسی نیشان دەدات و لە گەڵ وێنەگر قسە و باس و موناقشە دەکات، لە سەر شێوازی دەنگ هەڵگرتن لە سەر سەحنە و دیالۆگەکان ، لە گەڵ دەنگ هەڵگر موناقشە ناکات.لە حاڵێکدا دەبێت بزانین کە دەنگ هەڵگر لە پاراستنی لەحنی دەنگی ئەکتەر،جۆری زاراوە و دەنگی دەورووبەر(ئامبیانس)بۆ بردنەوە پێشی کەسایەتیەکانی سناریۆ و بەردەوامی هەستی دیمەن رۆڵێکی بەرچاو و گرنگی هەیە،باشتر ئەوەیە کە دەرهێنەر لە جۆرەکانی مایک و ریکۆردی دەنگ بە فرکانس گەلی جۆراوجۆر شارەزایی ببێت. ئامێری باشی دەنگ هەڵگر،یەکێکە لە ئەساسە گرنگەکان بۆ هەڵگرتنی دەنگ یا تۆمارکردنی دەنگ.
لە کاتێکدا کە فیلمی کورت بۆ پێش بردنی چیرۆکی فیلم لە درووست کردنی کەش کەڵک وەردگرێت و میکسی دەنگ یەکێکە لە هێمانە گرنگەکان بۆ درووست کردنی کەش،دەتوانێت لە دەستپێکی نووسینی سناریۆ لە بەرچاو بگیرێت و لە بیریشمان بێت،دەبێت لە دەنگ بە درووستی و بە ئەندازە کەڵک وەرگرین.
بۆ نمونە: کەسێک لە سە شەقام هەڵدێت:
1_ دەنگی دەورووبەری شەقام (ئامبیانس)
2_دەنگی دەورووبەری شەقام + دەنگی سەیارەی پۆلیس.
3_دەنگی دەورووبەری شەقام+دەنگی شەمەندەفەر.
دەتوانین زۆر دەنگی تر لە دەرەوەی  ئەم گرتەیەدا بیبیستین و هەر یەک لەم دەنگانە دەتوانێت کەسایەتی فیلمەکە بە جۆرێکی دیکە بهێنێتە بەرچاوی بەردەنگ.
باشتر ئەوە کە بزانین کە دەنگی کەل و پەل،دەنگە شاراوەکانی سرۆشت و هەموو ئەو دەنگانەی کە ئێمە جودا لە دیالۆگەکان دەیانبیسین،دەتوانێن بەردەوام لە سەر هەستی ئێمە کاریگەریان ببێت و فیلم بەرەو پێش ببەن.
لە کاتی دەنگ هەڵگرتن،رۆڵی بێدەنگی لە هاوڕێیەتی بینەر لە گەڵ کەسایەتیەکانی فیلم لەبەر چاو بگرین و بەر رۆڵی دەنگ هەڵگر و ئەو کەسەی کە میکسی دەنگ دەکات و جۆانیناسی ئەوان لە فیلمی کورت کە جیاوازە لە گەڵ سینەمای درێژ ، گرنگی و بایەخ بدەین.

بڵاوکردنەوە: