سەرزەمینی ئەشکەنجە و یادێک لە غەریبەکان

777
0
بڵاوکردنەوە:

ئیسماعیل سابیر

لەشکرەکانی ئەم کیشەوەرە تەنیایی بە یەکە بە یەکەی شۆڕەسوارەکانی شیعر ناساند

ئەم ئەشکەنجەیە گۆڕەپانێک بوو شکستی بە یەکە بە یەکەی سەربازەکانی هیوا هێنا

بۆ خاتری ماچ و دەستگرتنی دەستگیرانەکانیان،

غەریبەکان خوددەیان لەسەرنا

تفەنگی ژەنگاویی پاشاکانیان کردە شان،

بۆ شێواندنی کامەرانیی و دەمکوتکردنی یەکە بە یەکەی هاوارەکان چوونە سەر شەقام

لەم شەڕی خاک و سنوورە دەستکردانەدا

لەم هەموو ئەشکەنجە و زیندانیبوونەی وشەدا

وەک دیلێک هیچمان لەدەست نەهات.

 

باوەشە شێدارەکانی تۆ وایکرد؛

بەرگەی بەڕەڵڵاترین پیاو و دڵڕەقترین سوپای ناو ئەم ئیمپڕاتۆریەتی شکستە بگرین.

گەر دەست ڕاوەشاندن و ماچە هەواییەکانی تۆ نەبووایە

بە کەمێک فیشەکەوە چیمان دەکرد لە سوپاسالاری ئەو جەنەڕاڵە دڵڕەقانەی کەوا زەوییان لێ پڕ کردووینە لە لەشکری گێل و گەمژە؟

دەڕۆیشتم وەک حەکیمێک دەرگاکانی گومانم بۆ ئەم بریندارانەی شەو دەکردەوە/بە ئەسپی(تەروادە)ـەوە دوای تەفسیری هەموو ئەو شارستانییانە دەگەڕام/ کەوا شادییان لە خۆیاندا هەڵگرتبوو/ قەفەزی هەموو ئەو بەبەغایانەم فەرمۆش دەکرد کە زمانیان خوار بوو/ دەرگای هەموو ئەو ئیمپڕاتۆریانەم دەشکاند کە دەروازەیەکیان نەبوو بۆ چوونە ژوورەوەی ئومێدەکانی ئێمە.

لە درەنگاندا ئەوکاتەی شار وەک مناڵەکان خەو دەیبردەوە، غەریبەکانی وەک تۆراوێک بۆ جارێکیش بێت نەدەبردەوە لای ئاشتەواییەکانی خۆی/ سەر ڕێڕەوەیی ئەڤیندارانی خۆی…

دەچوون وەک پڕۆمیسیۆسێکی نائومێد؛ چرایەکی بچووکیان بەو دەستە قەڵیشاوانە هەڵدەگرت، وەک مارێکی زەردهەڵگەڕاو نشووستی پیاوە دڵشکاوەکانیان لەشێوەی عەزابێکی ئەبەدی بەسەر پشتی ئەم زەوییە پیسە ڕادەکێشا/ کاتێک بە هانکەهانک بەسەر شەقامە ساردەکاندا تێپەڕدەبوون، دەیانڕوانیی و لەبەردەم دیوار و شوورای کۆشکەکاندا وەک پیاوی نامۆ و خەمگین دەوەستان،

دەیانگوت، ئەی شەو بۆچی بزرت نەکردین؟

بۆچی هێشتت لەدیار باوەشی ئەم کچە لووت بەرز و ژنە بێڕەحمانەدا، تاریکیت ڕەقمان کاتەوە؟

 

نەدەبوو کپی ناو کۆشکەکان بە تفەنگ هەڵگرتن بپارێزین،

نەدەبوو تەمەن وەک بورغی ڕەش هێندە لەناو ئەم ژیانە ژەنگاوییە بسووڕێنینەوە،

نەدەبوو وانەکانی خودناسی بکەینە تیۆرێک بۆ کۆکردنەوەی نقێمی دەست پاشاکان، وەک باخەوانێکی پیر هەڵبێن و لە مێرگە دوورەکان سەرفرازیی بچێنن.

 

هێشتا لە سێبەری درەختەکان تێرنەببووم/ کە ئەم سەرگەردانییە هات

هێشتا لە باخدا ئاشنای تەواوی شەونم و سەوزایی نەببووم/ کە ئەم خەنجەرە تیژەی وەرزەکان هات

هێشتا لە گەڕان بۆ دوورگەکانی لەززەت تێر نەببووم/ کە ئەم پەرێشانییە وەک شەپۆلێکی تووڕە بۆ بەردەم کەشتیی و چارۆگەکانی ژیان هات.

 

لە سەنگەر و ساترەکان خوێنم بە خۆبەخشی بەسەر ژەنەڕاڵە چڵێسەکان دەبەخشییەوە

لە شەوەکان مەستیم بە ئازار بوو، ددانم بە یادەوەری ژنە ڕەشپۆشەکان دەگەزی

بێکار لەو شەقامە ساردانە کە تەنیا سەگی تێدا دەحەپی

وێڵی ئاسوودەییەکی نادیار بووم.

بۆ داپۆشینی جەستەی خوێناویی ئەم شکستانە،

لەبەر تۆ،

لە لای پیاو کوژان و

سەنگەرە ساردەکانی شەو جەنگام،

بەڵام جگە لە دڵتەنگی شتێکی ترمان دەست نەکەوت بۆ مەرهەمی کات و برینداریی قاچەکانمان.

 

ڕۆژانێک لە بیری کەس گەوهەر نەمابووم،

هەر بۆیە شەوم بێ ئەستێرە مایەوە.

ڕۆژانێک لە ئاسمانی کەس هەور نەمابووم،

هەر بۆیە سەوزاییم بێ درەخت مایەوە.

گەر خۆشەویستەکەم وەک قومارچییەک لە سەر مێزی کوڕە فێڵبازەکاندا یاری لەسەر هیواکانم نەکردبا،

گەر ژیان وەک پشیلەیەک یاری بە ئێسقانەکانی گەنجیەتیم نەکردبا

نەدەبوومە نێچیرێکی خۆش بۆ کەڵبەی هاوڕێ و گورگە هارەکانی شەو

نەدەبووم بە دۆستی مودمینەکان، قۆڵم لەسەر پەیمانی ئەم ئەڤینە شوومە هەڵنەدەکۆڵی/ لەگەڵ سەرخۆشەکان وەک چۆلەکەی پێکراو ڕۆیشتنم بۆ هەمیشە لار نەدەبوو.

 

تۆ حاشات لە ئاوگێڕی ئەم باخچە وشکانە کرد

تا باخە سەوزەکان کەڕوو لێیدان و

ڕووبارەکان پڕ بوون لە خوێنی ئەوینێکی تاڵ.

تا ئەم کەشتیوانە ماندووەمان وەک مەلەوانێکی ناشارەزا لە ڕووباڕی ئەم ئازارە نەبڕاوەیەدا بێسەرەوشوێن بوو.

 

شاژنەکان دوای ئەشکەنجەدانی دیلەکانیان، دڵڕەقانە فەرمانیان بە داخستنی دەرگاکان دا، کە دواتر هیچ سەرباز و فریشتەیەکی خودا نەیتوانی دەرگای ئەم ئازادییەمان لەسەر بکاتەوە،

وای لێهات؛ جەستەمان ڕەقببێتەوە لە باوەشی ساردی ئەم ژنە چڵێسانەی کە لەبەردەم باڕ و کافێیەکان سەمایان بە چاوەڕوانیمان دەکرد.

گریانم وەک وەرزێکی پڕ باران درێژەی کێشە

ئەو دەمانەی سەربازەکان دەنگی فیشەکەکانیان کردبووە مۆسیقای شەو

ناوت لەسەر زمانمدا ئازارێکی تەڕ بوو

وەک شێتەکان لە مەجلیسی پیاوە بەڕێزەکان جێم نەدەبووەوە

چەندین شەو لە ئاسوودەیی کۆشکە گەرمەکان دەرکرام، لەسەر عەردە ڕووتەکان خەوم هات

بەڵام کاتێ فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانی ماڵە کپەکانیان دەکرد، بە ئاگابووم؛

گەرمی لەسەر شانی سەرمابردووەکان دەخزی، وەک مناڵە زویرەکانی ژێر بەتانی بەئاگابووم؛

لە خەونمدا دڵگەرمیم بۆ تۆراویی و لێکدابڕانی مرۆڤە غەریبەکان کۆدەکردەوە

مقەبام بەسەر برینی سەرخۆشەکانی شەقام دادەدا، بە ئاگابووم؛

چونکە لە پاڵیان دەگریام،

بۆ کەسێکی ڕۆیشتووی ناو پێخەفەکانیان دەلەرزین

من تام لێ دەهات

لەبەر ئەوەی درەنگ بوو لە تەنیشت ڕەسیفەکان ڕشامەوە، جگە لە ماشێن و بار هەڵگرەکان

کەس نەبووە هاوڕێم.

لەبەر ئەوەی سوپای ئادەمییەکان یەکە بە یەکە ڕۆیشتن، شەوە ساردەکان ئازاریان دام، جگە لە شیوەن

کەس نەبووە پەنام.

 

لە ساڵیادی تۆدا خەمگین بووین،

لەگەڵ حوسەینیەکان پرسەمان بۆ شمشێر بەدەستەکان گێڕا، بۆ ئەبەد زنجیرمان لە دڵەکانمان دا و ڕۆیشتینە لای میللەتانی وێران

لەززەتمان دەبرد کە بەسەر ژنە شۆخەکان دەمانقیژاند

دوای هەر تێربوونێک، مناڵانە دەگریاین

ژنە عەجەمەکانمان خۆش نەویست

هەروەکو چۆن فاڵی قەرەجییەکانیشمان خۆش نەویست

کەچی جگە لە ناوی تۆ، بە ناوی هیچ کەسی تر هێندە لەخشتە نەبراین…

شەقام بە شەقامی تاران لەبەر دز و مانتۆڕسوارەکان وێنەی تۆمان لەناو دڵمان خەزن کرد وهەناسەمان لەناو تاکسیەکان شاردەوە

کە جوگرافیا شوێنێکی نەبوو، ئومێدی ئەم بەهارەی لـەسەر بچنین، چووین؛

لەسەر وشکایی و زەوی گریانەکاندا،

ئاسوودەییمان ناژت.

 

لەبەر پەرێشانی ڕۆژەکان/ بێ گیرفانی ساڵەکان، ئەڤینی خۆمان بەڕووی بووکەشووشەکان نەدرکاند  هەربۆیەش وەک گەوهەرێک لەناو دڵماندا، ئازار بە شاراوەیی مایەوە.

کاتێ لە مۆڵ و کۆشکە زەبەلاحەکان تووڕە دەبووین، جێگا نەبوو

هاوارمان بۆ چایخانەکان دەبرد، لەجیاتی تۆش جنێومان بە سەرۆکە خوێنمژەکان دەدا.

شەوان لەم شەقامە چۆڵانەدا کاتێک سەرخۆش دەبووین،

هی وامان تێدابوو وەک دەستبەسەرێک بە ئازاربوو

کاتێ ناوی ئەڤیندارەکانی پچڕپچڕ لەسەر زاری دەهات…

پۆلیسەکان دەستگیریان دەکرد،

لەسەر ئەم ناوانە  جنێویان پێدەدا و بە تێلا لێیان دەدا…

بڵاوکردنەوە: