سازدانی: حه‌سینۆڤ
شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی
ساڵی 1987 له‌لایه‌ن خانه‌ی زانست (ناوكا) له مۆسكۆ، كتێبێك به‌ناوی یه‌ڵماز گوینایه‌وه بڵاو كرایه‌وه. ئه‌م كتێبه حه‌سینۆڤ، رۆژنامه‌نووس و سیناریستی سینه‌مایی ئازه‌ربایجانی نووسیویه‌تی. كتێبه‌كه به‌گشتی دیدارێكی دوور و درێژه كه به چه‌ند دانیشتنێك له‌گه‌ڵ سینه‌ماكاری كۆچكردووی كورد، یه‌ڵماز گوینایدا كراوه، كاتێك كه له زینداندا بووه. ئه‌مه‌ی لێره‌شدا ده‌یخوێنیته‌وه به‌شێكه له‌گفتوگۆكانی ناو ئه‌و كتێبه.
***
*ناوی ته‌واوه‌تیت چییه؟
– یه‌ڵماز حه‌مید و دایكیشم ناوی ئه‌گلۆبیتۆنه.
* كه‌یی و له‌كوێ له‌دایك بوویت؟
– له‌یه‌كی نیسانی ساڵی 1937 له گوندی ئینجه له‌دایك بووم. ئه‌م گونده بیست و حەوت كیلۆمه‌تر له شاری ئه‌زنه‌وه دووره.
* ئه‌ی بۆچی هه‌ندێك مێژوی له‌دایكبوونت به ساڵی 1931 ده‌نووسن؟
– ئه‌وانه‌ی وا ده‌نووسن به‌هه‌ڵه‌دا چوون.
* تكایه به وردی باسی منداڵی و داهێنانه‌كانی خۆتمان بۆ بكه؟
-دایك و بابم كوردن. دایكم له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام دوای له‌شكركێشی سوپای قه‌یسه‌ر له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵاتوون. باوكم به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌ر به‌خێزانێكی زۆر ده‌ستكورت و هه‌ژاره. سه‌ره‌ڕای ئه‌ویش له ته‌مه‌نی لاوێتیدا، له ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خێڵایه‌تی، ناچار بووه كه‌سوكاری جێ بهێڵێت.
به ڕێكه‌وت، دایك و بابم له ئه‌زنه چاویان به‌یه‌كدی ده‌كه‌وێت و خێزان دروست ده‌كه‌ن. له‌و كاته‌دا هه‌ردووكیان بێ ماڵ و پاره بوون، بۆیه تاماوه‌یه‌ك به كوله‌مه‌رگی ژیاون، به‌ڵام دواتر به‌خت یاوه‌ری باوكم ده‌بێت و وه‌ك وردبینێك له كۆمپانیایه‌كدا كارێكی ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌م كۆمپانیایه‌ش خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌ره‌به‌گێكی گه‌وره ده‌بێت.
كاركردنی له‌و شوێنه‌دا گوزه‌رانی ماددیان ده‌گۆڕێت. تا ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵی منداڵییه‌كی خۆشم هه‌بوو، تا ئه‌و كاته‌ی باوكم ژنی دووه‌می هێنا. له‌و رۆژه به‌دواوه ژیانی خێزانیی ئێمه شێوا و بگره بوو به دۆزه‌خ. باوكم به‌رده‌وام له‌دایكمی ده‌دا و هه‌ندێ جاریش له ماڵ ده‌ری ده‌كردین. ئه‌و كات خوشكێكم هه‌بوو ناوی له‌یلا بوو، دوو ساڵ له خۆم منداڵتر بوو. به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌مان دره‌ختێكی توو و دوو دار هه‌نجیری تێدا بوو. ئه‌و كاتانه‌ی باوكم ده‌ری ده‌كردین، له ژێر سێبه‌ری ئه‌و دارانه‌دا په‌نامان ده‌گرت.
جارێكیان هه‌رسێكمان به‌ره‌و شاری ئه‌زنه رۆیشتین، چونكه ئامۆزایه‌كی دایكم له‌وێ بوو، به درێژایی رێگاكه دایكم ده‌گریا و به گۆرانی كوردی ئه‌یلاوانده‌وه. ئه‌گه‌رچی من و خوشكه‌كه‌م زۆر به باشی كوردیمان نەده‌زانی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و لاواندنه‌وانه‌دا، سه‌یری دایكمان ده‌كرد و ده‌گریاین. له‌و كاته‌دا بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه نه‌هامه‌تی و قوڕبه‌سه‌ریمان دوایی نایه‌ت. خۆزگه‌م ده‌خواست بمردمایه، نه‌ك ئاوا دایكم به مه‌حزوونی ببینم. پاشان كاركردن ده‌ستی پێ كرد. هه‌ر له منداڵییه‌وه و له وه‌رزی میوه و لۆكه‌كردندا له باخ و كێڵگه‌كاندا كه‌وتمه كاركردن (دواتر یه‌ڵماز چه‌ند فیلمێك له‌مه‌ڕ تۆڵه‌ی خێڵایه‌تی و كرێكارانی لۆكه‌چنین ده‌رده‌هێنێت)، هه‌روه‌ها وه‌ك كۆڵبه‌ریش كارم كردووه.
تا له گونده‌كه‌ی خۆمان بووم، سێی سه‌ره‌تاییم خوێندبوو، به‌ڵام سه‌روه‌ختێك گه‌یشتینه ئه‌زنه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌ییم ته‌واو كرد. له‌و كاته‌دا ده‌مخوێند و ئیشیشم ده‌كرد. سه‌ره‌تا چه‌ره‌ساتم له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشت، پاشان رۆژنامه‌فرۆشی و به‌قاڵیم كرد. هه‌روه‌ها له كۆمپانیاكاندا وه‌ك میكانیكییه‌كی ئامێره‌كانی كارپێكردنی سینه‌ما، كارم كردووه.
یه‌كه‌مجار ئه‌م ئیشه‌م له كۆمپانیای “ئه‌ندفیلم” ده‌ست پێ كرد، ئه‌مه‌یش بۆ خۆی ستۆدیۆیه‌كی سینه‌مایی و هۆڵێكی نمایشكردنی فیلم بوو، دوای ئه‌وه له كۆمپانیای “كه‌مال فیلم”دا كارم كرد. بۆ نمایشكردنی فیلمه‌كان دێهات و دێهاتم ده‌كرد و هه‌ندێ جاریش وه‌كو كۆمبارس نواندنم ده‌كرد. ده‌كرێت بڵێم (به‌پێكه‌نینه‌وه)، به‌مجۆره چوومه جیهانی سینه‌ماوه.
* ئه‌ی دوای ئه‌وه له‌كوێ درێژه‌ت به‌خوێندن دا؟
– ساڵی 1956 چوومه كۆلێژی ماف له زانكۆی ئه‌نكه‌ره، به‌ڵام ته‌نیا دوو مانگێك به‌رده‌وام بووم، چونكه هیچ كارێكم ده‌سگیر نه‌بوو بیكه‌م. له كاتێكدا ده‌بوو خۆم بژیه‌نم و یارمه‌تیی خانه‌واده‌كه‌شم بده‌م. له‌و ساڵانه‌شدا خێزانه‌كه‌مان گه‌وره بووبوو، بووبووینه چوار برا و دوو خوشك. له‌به‌ر ئه‌وه ناچار بووم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌زنه، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌شمدا ده‌ستبه‌جێ له كۆمپانیایه‌كی به‌كرێدانی فیلم‌دا ده‌ستم به كاركردن كرد.
كۆتایی ساڵی 1957 گه‌یشتمه ئه‌سته‌نبووڵ و له‌وێ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆم له ئۆفیسی سه‌ره‌كیی كۆمپانیای (دار فیلم) به‌رده‌وام بووم. ساڵی 1958 چومه كولێژی ئابووری له زانكۆی ئه‌سته‌نبووڵ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌شیان نه‌متوانی خوێندنه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، چونكه له ساڵی 1961 گیرام. ئه‌وه‌یش یه‌كه‌مجار بوو بگیرێم. دوای ئه‌وه خۆبه‌خۆیی، خۆم خه‌ریكی خوێندن بووم، زۆرم خوێنده‌وه و له‌زانكۆی ژیاندا خوێندم.
* چۆن تێكه‌ڵ به‌دنیای هونه‌ر بوویت؟
– به‌ر له‌هه‌ر شتێك، من له‌مه‌یاندا قه‌رزارباری دایك و باوكمم و به ئاشكرا ده‌یڵێم. ئه‌گه‌رچی باوكم به‌رده‌وام ئه‌زیه‌تی دایكمی ده‌دا، به‌ڵام منداڵه‌كانی زۆر خۆش ده‌ویست، به‌تایبه‌ت من كه نۆبه‌ره‌ی بووم. كۆی له‌وه نه‌ده‌كرد كه‌دوا فلسی گیرفانی له پێناو خوێندنی مندا خه‌رج بكات. دایكم و باوكم، جوانترین و خه‌مگیرنترین گۆرانیان به زمانی كوردی ده‌چڕی. باوكم سه‌نتووری ده‌ژه‌نی و خه‌ڵكێكی زۆر له بۆنه‌كانی جه‌ژن و زه‌ماوه‌ند و له‌دایكبوونی منداڵه‌كانیاندا بانگیان ده‌كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش منی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد.
زۆر چێژم له مۆسیقا و گۆرانییه‌كانی ده‌بینی. هه‌رچی دایكیشمه ئه‌وا به شه‌وانی درێژی زستاندا، سه‌ربوورده و چیرۆكی له مێژووی كورده‌وه بۆ ده‌گێڕاینه‌وه، هه‌روه‌ها حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌ی كوردیی بۆ باس ده‌كردین. له كاتی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م شتانه‌دا ماڵه‌كه‌مان پڕ ده‌بوو له دراوسێ و ئاماده‌ش بوون تا به‌یانی گوێقوڵاغی ئه‌و شتانه بن. من ده‌مویست ته‌واو ئه‌و چیرۆك و حیكایه‌تانه بنووسمه‌وه، به‌ڵام له‌و كاته‌دا نووسینه‌وه‌یانم به‌چاكی نه‌ده‌زانی.
له گونده‌كه‌ماندا پیره‌مێردێك هه‌بوو ناوی یه‌عقووب بوو، ئه‌م پیاوه به چاكی گۆرانی ده‌چڕی و سازی ده‌ژه‌نی و شیعر و گۆرانیشی ده‌نووسی. من و ئه‌و بووینه هاوڕێ. خۆشی ده‌ویستم و هه‌ر ئه‌ویش فێری شیعردانانی كردم. له سیازده ساڵیمدا بۆ یه‌كه‌مجار چوومه سینه‌ما و لە چوارده ساڵیدا وه‌كوو پێشتر بۆم باس كردی، ئامێری په‌خشكردنی فیلمم كار پێ ده‌كرد. پاشان وه‌ك كۆمبارسێك ده‌ستم به نواندن كرد و لەوەشدا ژیانم گۆڕانێكی تێ كه‌وت.
* كه‌ی و چۆن ده‌ستت به‌نووسین كرد؟
– له دووه‌م ساڵی خوێندنی ئاماده‌ییدا، چیرۆكێكم بۆ نه‌شره‌ی خوێندنگەكه‌مان نووسی و چیرۆكه‌كه‌ش باسی له جووتیارێكی هه‌ژار ده‌كرد كه ژنه نه‌خۆشه‌كه‌ی ده‌بات بۆ شار. ئه‌م جووتیارەیش هیچ پاره و پوولێكی پێ نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه كه‌ڵه‌شێرێك له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیدا ده‌بات بۆ پزیشكه‌كه (كه به‌نرخترین شتی ئه‌و بووه)، به‌ڵام كاتێك پزیشكه‌كه ده‌زانێت جووتیاره‌كه پاره‌ی پێ نییه، هه‌رسێكیان پێكه‌وه ده‌رده‌كات، جووتیاره‌كه و ژنه نه‌خۆشه‌كه‌ی و كه‌ڵه‌شێره‌كه‌شیان. (دوای چه‌ند ساڵێك یه‌ڵماز گوینای فیلمی مێگه‌ل ده‌رده‌هێنێت، ده‌رباره‌ی جووتیارێك كه ژنه نه‌خۆشه‌كه‌ی دەبات بۆ شار، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕووداوگه‌لێكی زۆر تراژیدیانه‌تردا). ئه‌م چیرۆكه‌یان بڵاو نه‌كردمه‌وه، به بیانووی ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكێكی چه‌پڕه‌وانه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی من له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌مده‌زانی چه‌پ و چه‌پایه‌تی یانی چی.
له ساڵانی 1953 -1954، ده‌ستم به نووسینی وتار و كورته چیرۆك كرد. ئه‌م شتانه‌شم ده‌نارد بۆ گۆڤار و رۆژنامه‌كان. له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1954، وتار و چیرۆكه‌كانم له لاپه‌ڕه‌ی ژماره‌ی تایبه‌تی رۆژی یه‌كشه‌ممانی رۆژنامه‌كاندا بڵاو ده‌بووه‌وه، له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا به‌رهه‌مه‌كانم له گۆڤاره‌كانیشدا بڵاو ده‌كرایه‌وه.
گرینگ‌ترین چیرۆكم كه له‌و ماوه‌یه‌دا بڵاو كرابێته‌وه، به‌ناوی “مه‌رگ با‌نگم ده‌كات” بوو. ئه‌م چیرۆكه باس له خۆشه‌ویستیی تراژیدی دوو جووتیاری هه‌ژار ده‌كات. كوڕه گه‌نجه‌كه كاری ده‌ست ناكه‌وێت و به‌مه‌یش ناتوانێت داهاتووی خێزانه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكات، له‌به‌ر ئه‌وه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌جێ دێڵێت. ئیتر ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆی بكوژێت و دوای خۆشی پارچه كاغه‌زێك جێ دێڵێت كه تیایدا نووسیویه‌تی: “بۆچی كوشتمت، له كاتێكدا من ده‌مویست بژیم تا تۆم خۆش بوێت”.
هه‌روه‌ها چیرۆكی “سووكایه‌تیپێكردن كۆتایی بۆ نییه”، چیرۆكێكی گرینگی ئه‌و قۆناغه‌م بوو. چیرۆكه‌كه باس له كه‌سێك ده‌كات به دوای كاردا ده‌گه‌ڕێت، له‌م گه‌ڕانه‌شیدا سووكایه‌تیپێكردنێكی زۆر قەبووڵ ده‌كات، سه‌رباری ئه‌وه‌یش هیچ كارێكی ده‌سگیر نابێت، هه‌ر بۆیه له پردێكی به‌رزه‌وه خۆی به‌رده‌داته‌وه و خۆی ده‌دات به‌ده‌م ئاوه‌وه. ئه‌م دوو چیرۆكه ساڵی 1956 له‌گۆڤاری “ئیتی ئۆفۆكلار – ئاسۆی نوێ”دا بڵاو كرانه‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رای زۆری نایه‌وه، چیرۆكی “نهێنیی سێ هۆكاری نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی” بوو، كه له‌ژماره 13 گۆڤاری “ئه‌نوج – توێژینه‌وه‌ی هونه‌ری”دا بڵاو بووه‌وه. ئه‌م چیرۆكه بووه قۆناغێك له ژیانی من، چونكه ره‌نگدانه‌وه و كاریگه‌ریی زۆر به زه‌قی به‌سه‌ر كاروانی ژیانی داهاتووه‌مه‌وه دیار بوو. هه‌ر بۆیه كاتێك ساڵی 1957 هاتمه ئه‌سته‌نبووڵ، زیاتر له سی وتار و چیرۆكم بڵاو كردبووه‌وه. ئیتر هاوڕێكانم یه‌كه‌مین نازناویان پێ به‌خشیم (چیرۆكنووس یه‌ڵماز).
* ده‌كرێت ئه‌گه‌ر بە كورتیش بێت، باسێكی ئه‌م چیرۆكه‌مان بۆ بكه‌یت، چونكه من ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره‌م قه‌ت نه‌دیووه؟
– هه‌رگیز ناشی بینیت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌یه ڕۆشنایی نه‌بینی و چاپ نه‌كرا.. سانسۆر ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌دا. بەگشتی چیرۆكه‌كه باس له نه‌بوونیی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات له وڵات‌دا. یه‌كێك ره‌نج ده‌دات و یه‌كێكی تر به‌ری ره‌نجه‌كه ده‌خوات. یه‌كه‌میان له نه‌داری و هه‌ژارییه‌كی زۆردا ده‌ژی، وه‌كوو مرۆڤی سه‌ره‌تایی، به‌ڵام دووه‌میان بڕوانامه‌ی به‌رز به‌ده‌ست دێنێت و ژیانی مسۆگه‌ره له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدایه، ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌وی دی‌دا بسه‌پێنێت. ئه‌ویش له ڕێگای سێ شته‌وه: “پاره و ئایین و داب و نه‌ریت”. ئه‌ڵبه‌ته ڕووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه له‌واقعی ژیانه‌وه هه‌ڵێنجراون. له‌پای نووسینی ئه‌وه‌شدا، كاتی خۆی بە كۆمۆنستی تاوانباریان كردم.
* رۆمانه‌كانت و زۆرێك له چیرۆكه‌كانتم خوێندۆته‌وه و ته‌واوی فیلمه‌كانیشتم بینیووه و زۆر بە باشیش ئاشنای ئه‌و زه‌مینه سیاسیه‌م كه تۆ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌یت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مه‌وێت ئه‌و شتانه‌ی دیكه‌ش بزانم كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستكردنی هۆشیاریی تۆ هه‌بووه؟
– ئه‌و شتانه‌ی تر، ژیان و ئه‌و ژینگه‌یه‌یه كه تیایدا په‌روه‌رده بووم و چاوم كرده‌وه. له منداڵیمدا هه‌ستم به كوردبوونی خۆم نه‌ده‌كرد، چونكه چوارده‌وره‌كه‌م به توركی قسه‌یان ده‌كرد. لێره‌دا دووباره ده‌یڵێمه‌وه كه من به زمانی دایك كه زمانی كوردییه، خراپ قسه‌م ده‌كرد. ئه‌و كات دوژمنایه‌تیی له‌نێوان خه‌ڵكی تورك و كورددا، یان بڵێین سه‌یركردنی كورد و كه‌مایه‌تییه‌كانی تر (به‌چاوی دوژمنكارانه)، به‌ئاشكرا دیار بوو. ئه‌م دۆخه‌یش وای لێ كردم هاوسۆز بم له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كۆچپیان پێ كرابوو (تەرحیل كرابوون) و به‌زۆر له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان ده‌ركرابوون.
كاتێک منداڵ بووم و له‌گه‌ڵ منداڵی خواپێداوه‌كاندا یاریم ده‌كرد، تێگه‌یشتم جیاوازیی چینایه‌تی یانی چی. هاوینان دایكم بۆ دره‌و له‌گه‌ڵ باوكمدا كاری ده‌كرد و زستانانیش، خزمه‌تكاری ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ندان بوو. كه ته‌واو ده‌بوو پاشماوه‌ی خواردنه‌كانی ئه‌وانی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنایه‌وه. ڕۆژ به ڕۆژ ده‌مزانی ئه‌مه دۆخێكی ڕسوایی و تاقه‌تپڕوكێنه، ئه‌م هه‌سته‌ش له ناخه‌وه ده‌یخواردم.
له‌ڕووكه‌شدا پێوه‌ندیی نێوان ده‌ره‌به‌گ و جووتیار له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دیموكراسی دامه‌زراوه، چونكه جووتیار وه‌كو ئاغا قاوه ده‌خواته‌وه و له ڕووی یاسایشه‌وه هه‌ردووك وه‌ك یه‌كن و ته‌واوی مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام چه‌وسانه‌وه و سته‌مكاری ئه‌م شتانه كاریان لێ ناكات و به‌و شتانه ناڕه‌وێنه‌وه. باوكم به‌رده‌وام خه‌ونی به‌وه‌وه ده‌بینی من خوێندنم ته‌واو بكه‌م و پێی ده‌گوتم: “كوڕم بڕۆ بۆ مه‌كته‌ب و فێربه، تا وه‌كوو ئێمه نه‌بیته كۆیله”، به‌ڵام نه‌یده‌زانی ره‌نگه مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازیدا ببێته كۆیله، ئه‌گه‌رچی خوێنده‌واریش بێت.