ئایا ئیسلام لە تەنگژەدایە؟

1245
0
بڵاوکردنەوە:

(لە پەراوێزی گوتارەكەی ماكرۆندا)

نووسینی: کوردۆ شابان

تیرۆركردنی مامۆستایەكی فڕەنسی بەدەست موسڵمانێكی ڕادیكاڵ، بەهۆی پیشاندانێكی بێلایەنانەی كاریكاتێرەكانی سەر پەیامهێنی ئیسلام لەناو كۆمەڵێ خوێندکاری موسڵمان، پاشان گوتارێكی نیمچە هەڵەشەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا؛ دواتر ئەو هەڵوێستە سۆزدارییە فراوانەی موسڵمانان لەسەر ئاستی جیهان و قۆستنەوەی دۆخەكە لەلایەن ئەنقەرە بۆ پاكێچی ململانێ دێرینەكەی نێوان خۆیان و پاریس، هیچی لێرەدا باسی وتارەكەی من نین و لەسەر هەموو ئەمانەیش ورد نابمەوە: ئایا كاردانەوەی موسڵمانان لۆژیكی بوون؟ كاریكاتێر لەسەر هێما ئایینییەكان دەچێتە بواری ئازادیی ڕادەربڕینەوە؟ فڕەنسا پاش ئەو هەنگاوانەی ئەم دوایییە، لە كوێی دیموكراتیدایە، لەو بوارە هیچی لەدەست داوە؟ گوتەكانی ماكرۆن شیاو بوون؟ ئەو هەلقۆستنەوەیەی ئەردۆغان سەر دەگرێ؟ و چەندان پرسیاری دیكەیش هەیە كە سەدان نووسەر لەسەری گفتوگۆی ڕژد و چەلەحانێی سەرپێییان كردووە. ئەوەی بۆ من وەك ئیسلامناسێك جێی سەرنجە و لێی دەدوێم، ئەو بەشەی گوتارەكەی سەرۆكی فڕەنسایە كە گوتی: “ئیسلام ئایینێكە، لە هەموو جیهاندا لە قەیراندا دەژی، واتە تەنیا لە فڕەنسا نییە و تەنگژەكەش قووڵە!…”.

ئەگەر تاكی موسڵمان لەبیر خۆی بباتەوە، كێ ئەو دێڕەی گوتووە و ڕستەكە بكاتە پرسیار:  ئایا ئیسلام لە تەنگژەدایە؟ بۆی دەردەكەوێ پرسیارێكی جددییە. ئەم تاكە موسڵمانە، دوای كۆمەڵێك تێڕامان بەسەر ئەوەی ئێستە لە جیهانی ئیسلامی و دۆخی موسڵمانان ڕوو دەدات، یەكسەر لەبەر خۆیەوە دەڵێ: “بەڕاستی ئیسلام لە تەنگژەدایە”. پێویستە ئەوەیش بزانین، دەیان كتێب، سەدان گوتار، هەزاران جار لەلایەن موسڵمانانەوە، تەنانەت بانگخوازان و زاناكانیشیانەوە بە دەربڕینی جیاوا گوتراوە و دەگوترێتەوە: ئیسلام لە تەنگژەیەكی حەقیقیدایە و ئەوەندە قووڵ بووەتەوە، هەر یەكە بە شێوەیەك دەیەوێ لەم تەنگژەیە ڕزگاری بكات.

تا ڕادەیەك گوتارە دژەڕەفتارەكەی ماكرۆن، خراپخوێندنەوەی دۆخەكە بوو كە ڕەنگە هەندێك گەمژەییشی تێدا بێت، ئاخر ئەو ئیسلامەی ئەو لەسەری قسەی كرد، تەنیا شەش ملیۆنەكەی وڵاتی خۆی نییە، بەڵكوو جیا لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان و عەرەب، بەسەر هەموو زەویدا بڵاو بوونەتەوە و ئەگەرێكی بەهێزە لەهەر كاتێكدا بۆی ببنە بۆمب و باری تەناهیی وڵاتەكەی وێران بكەن. وێڕای هەموو ئەمانەیش، قسەكردن لەسەر دۆخی قەیراناویی ئیسلام كە لە گوتەكانیدا جێی كردبوونەوە، شایەنی بایەخن و لێرەوە هەوڵ دەدەم وەڵام بدەمەوە: ئایا ئایینی ئیسلام لە تەنگژەدایە؟ بە دڵنیایییەوە بەڵێ.

موسڵمانێكی ڕادیكاڵ، بەو دۆخەی ئێستەی ئیسلامی تێدایە، غیرە و شەهامەتی پێی تووڕە دەبێت؛ ئاخر چۆن دەبێت موسڵمانان لە وڵاتی بێبڕوادا بژین؟ چۆن دەبێ ئەو هەموو وڵاتە زۆرینە موسڵمانە هەبێت، لە هیچ شوێنێك ئیسلام حوكم نەكات، لەژێر دەسەڵاتی كوفردا بن؟ چونكە بە بەڵگەی قورئان، ئەوی بەو دەستوورە حوكم نەكات كە خوا هێناوییەتە خوارەوە، كافرە. ئەدی دەبێ چی بكەین؟ كۆشش بۆ گەڕانەوەی حوكمی ئیسلام. ئەم كۆششە كە بیكەیتە عەرەبی دەبێتە “جیهاد” و مانای وشەكەش لای ڕادیكاڵەكان واتە شمشێری سەردەمی پەیامهێن و چەك و تەقەمەنی و خۆتەقاندنەوەی ئەم سەردەمە. واتە لە ڕێی قاعیدە، تا دەگاتە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەزاران وردە ڕێكخراوی دیكە، هەوڵی گەڕانەوەی سەردەمی زێڕینی ئیسلام بدرێت و لەم دۆخە تەنگژەیە ڕزگاری بكەن و عیززەتی ئیسلام بگەڕێتەوە. ئەم ئیسلامە ڕادیكاڵە، هیچ شوێنێكی دونیا لەدەست هەڕەشەكانی پارێزراو نییە، چونكە ستراتیجێكی درێژخایەنی نییە، بەڵام كاریگەریی ئەوەی دەتوانێ بەسەر بەرانبەری بهێنێ، دوورمەودایە. هەر تاكێكی كە لەپڕ دەیەوێ زوو بگات بە بەهشەت و زەبرێكی كوشندە لە كافر بدات، خۆی دەتەقێنێتەوە و تەواو دەبێت، بەڵام بۆ ماوەی چەند ساڵ ترس دروست دەكات و گرفتەكانی بەجێ دەهێڵێ.

موسڵمانێكی پەروەردەیی، بە هەمان شێوە پێی وایە ئیسلام لە تەنگژەدایە. موسڵمانان بە تەواوی پەروەردەی خاوێنی ئیسلامیان بیر چووەتەوە و كەوتوونەتە ژێر هەژموونی پەروەردەی ڕۆژئاوا و بە ڕواڵەتێكی كەم نەبێ، هیچ بنەمایەكی ئیسلام تێیاندا ڕەنگ ناداتەوە، لە كاتێكدا (وەك بانگەشەی بۆ دەكەن)، ئەورووپا بە پەروەردە و زانستی ئیسلام گەیشت بە پێشكەوتن، هەتا شوێن ئیبن سینا، ئیبن ڕوشد، فارابی و زاناكانی دیكەی موسڵمان نەكەوتن، قۆناغەكانی ڕینێسانس و ڕۆشنگەرییان نەبڕی، تا گەیشتن بە مۆدێرینتە. تاكە چارەسەر ئەوەیە، بگەڕێنەوە بۆ دەقەكانی قورئان و خانەوادەكان فێری بەها ئیسلامییەكان بكرێنەوە و دیوارێك دروست بكرێت، تا ئەوەندە ئاوێتەی ئەو پەروەردە ڕۆژئاوایییانە نەبن كە خۆیان بۆیان دەركەوتووە شكستی هێناوە و بەردەوام خەڵكی خۆیان دەكوژن، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە زیادبووندایە، ڕێژەی هاوڕەگەزخوازانی هەردوو ڕەگەز لە بەرزبوونەوەدان، سیستەمی ئابووریی جیهانی كە پشتی بە كەپیتاڵیزم بەستووە، شكستی هێناوە و ئەوانیش دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی ئابووریی ئیسلامی كە قەرزار ناچار نییە سوو بدات و باج تەنیا لە بێبڕوا وەردەگیرێت.

موسڵمانێكی سادە كە نازانێ داخۆ سەر بە كام جۆری ئیسلامە، كێشەی نییە لەگەڵ ئەورووپا تێكەڵ ببێت، ئاوێتەی پرۆسەی ژیانی ئەوان ببێت، كولتوور و فەرهەنگیان بخاتە نێو ماڵەكەیەوە، تا لەپڕ كچێكی گەورە دەبێت و وەك ئەورووپایییەك مافەكانی جێبەجێ دەكات، تا لەپڕ ژنەكەی پێی دەڵێت ئەوە ئەركی من نییە وەك كەنیزەك و ڕەبەن خزمەتكاری تۆ بم، تا لەپڕ كوڕەكەی دەبێتە شتێك كە ئەو هەرگیز خەونی پێوە نەدەبینی، ئیدی بە بیانووی گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەكییەكانی ئیسلام، دەیەوێ غیرە و پیاوەتییەكانی بەسەر خێزانەكەیدا بسەپێنێ و پێی ناكرێ، ئیدی بەم شێوەیە یان دەبێتە موسڵمانێكی ڕادیكاڵ، یان هەوڵ دەدات ئەورووپا بەجێ بهێڵێ و شتێك بكات لەو دۆخە ڕزگاری بكات كە ناخی خواردووە، چونكە دەزانێ ئەگەرچی دڕەنگ بۆی دەركەوتووە، موسڵمان نابێ وا بژی و ئەمە تەنگژەیەكی گەورەیە بەسەر خێزانی موسڵماندا هاتووە.

ئەو تەنگژەیەی ماكرۆن لە گوتارەكەیدا باسی كرد، هەموو ئەمانەیە بەڵام بە خوێندنەوەیەكی پێچەوانە. تاكی موسڵمان لەسەر هەر مەزهەبێكی فیكری بێت، توندڕەو یان میانڕەو، بەزۆری ئەو تەنگژەیە بۆ گۆڕان دەگەڕێننەوە، لە بەرانبەردا، ڕۆژئاوایییەك كاتێك دەڵێت ئیسلام لە تەنگژەدایە، موسڵمانێكی لیبڕاڵ و نوێخواز كاتێك دەڵێت لە قەیرانداین، مەبەستیان لەوەیە كە نەیانتوانیوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم خۆی بگونجێنێ.

ئیسلام تاكە ئایینە ئێستە لەسەر زەوی، نەكەوتووەتە ژێر كارلێك لەگەڵ سیكۆلاریزمدا. هەرچی ئایینی دونیایە، بە سیكۆلاری كراون، ئیسلام نەبێت. هەموو هۆكارەكەی ئەوەیە، تاكی موسڵمان هێشتا پێی قەبووڵ ناكرێ، ئەو سیستەمە عەلمانییە ببێتە ڕێكخەری ژیانی. ئەم تاكە، بەهۆی دۆخە دژوارە ئابووری و تەناهییەكانی وڵاتی خۆی كە بەجێی هێشتووە و ناچارە لە وڵاتێكی تەواو سیكۆلاریشدا بژی، هەر بەو شێوەیەیە كە پێشتر ژیاوە و ئامادە نییە بیگۆڕێت. ئەو ناتواتێت لەژێر سێبەری سیكۆلاریزمدا، ئایین لە ڕەوشی ژیانی خێزانەكەی بهێنێتە دەر و پێوەستی بكات بە پێوەندییەكی تاكەكەسییەوە و تەنیا لە مزگەوت و كڵێساكاندا بێت و بەشێك نەبێت لە هەموو كایەیەكی ژیانی.

كاتێك ئەورووپا بڕیاری گۆڕانی دا، گەورەترین بەربەست لە بەردەمیدا، كەنیسە و پاپا بوو كە بە تەواوی پێشكەوتنی زانست و ئازادی و ژیانیان ڕاگرتبوو، بۆیە بە شێوەیەكی پلەیی و بە چەندان ساڵ، دەسەڵاتەكانی ئایین وەرگیرانەوە و مرۆڤ خۆی بووە خاوەنی بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی. سەرەتا ئایین لە سیاسەت دوور خرایەوە، پاشان لە ڕەوشی ژیان و وردە وردە لە كەنیسە گرێ درا. سەركەوتنی ئەم سیستەمە نوێیە، هەموو ئایینەكانی دیكەیشی گرتەوە، ئیسلام نەبێت.

گرفتە گەورەكەی نایەڵێ ئیسلام بهێنێتە سەردەمەوە و هەر بە نۆستالژیای ناو كتێبەكان، موسڵمانان بژین، بریتییە لەو هەموو وردەكارییەی تێیدایە، بەشێوەیەك لە هەر كایەیەكی ژیان بتەوێ هەنگاو بنێی، دەقێك لە بەردەمت دەبێتە ڕێگر و پێشتر بۆت ئامادە كراوە، هەنگاوەكە چۆن بێت، ئەمەیش پێش هەموو شتێك، ئازادیی لە مرۆڤ سەندووەتەوە و لەگەڵ هەموو ساتێكی مرۆڤدا دەژی و بینەقاقەی گرتووە. چۆن بچیت بۆ تەوالێت، چۆن بێیتە دەر، بە كام پێ، چۆن نان بخۆیت، بە كام دەست، چۆن سێكس بكەیت، بۆ كام كون؟ هەموو شتێك بە تۆكمەیی باس كراوە، چونكە وەك لە قورئاندا هاتووە: “ئەوەی مرۆڤ دەیكات، نوێژ، حەج، ژیان و مردنی، هەمووی بۆ خوایە”.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: