مه‌حموود نه‌جمه‌دین
“ئه‌م دره‌ختانه چین؟! له چ مهملهكهتێكهوه هێنراون؟! چه‌ند جوانن! سه‌وزن، بڵندن، ئه‌م پاییزه ئه‌وه‌نده غه‌مگینه خه‌ریكه گه‌ڵاكانی رۆحم ده‌وه‌رێنێ، كه‌چی گه‌ڵای دره‌خته‌كانی به‌رده‌رگای ئه‌وان ئه‌وه‌نده سه‌وز و گه‌شه! به دزی پاییزه‌وه به‌هاری له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه، ئێ پارهمۆڵه، پاره‌ی زۆره، پاره‌ش زاڵمه پاییز ده‌كات به به‌هار، ناكه‌سبه‌چه ده‌كاته نه‌جیبزاده، دۆزه‌خت بۆ ده‌كات به به‌هه‌شت، ئه‌وه نییه دز و جه‌رده‌ی گوناهباری كردووه به نیشتمانپه‌روه‌ری بێگه‌رد. ئه‌م دره‌ختانه هه‌ر خۆیان سه‌وز و گه‌شن و هی وڵاتێكی پاك و بێگه‌ردن، دره‌ختی له‌م شێوه‌یه‌م نه‌دیوه! زۆرجوانن. خانووهكهشی تازه كردووه‌ته‌وه، وه‌ڵڵا ئافه‌رین چاك خۆشی كردووه، ئه‌م هه‌موو پایه و په‌یكه‌ره! ئه‌مه چییه؟ مه‌ڕمه‌ڕه؟ حهللانه؟ ساف و لووس وه‌ك هه‌سانه، چ نه‌خش و نیگارێكی تێدا هه‌ڵكۆڵدراوه! ئه‌مانه چۆن ده‌ژین! خۆشخۆرن، جوانپۆشن، لووتیشیان له حه‌وایه. ده‌ی ئه‌وه كه‌ی كێشه‌ی منه خوا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ی پێبدات، كابرا هه‌یه‌تی و ته‌نته‌نه و عه‌نته‌نه لێده‌دات، ئه‌گه‌ر منیش هه‌مبێ له‌مه خۆشتر دروست ده‌كه‌م، پاره هه‌موو شتێك ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر به عه‌قڵ بوایه… كه‌ری وا چوزانێ ئه‌و شتانه چییه، ئه‌وه زه‌بری پاره‌یه ئه‌ندازیار و نه‌خشه‌ساز و باخه‌وانی مه‌علانی له ده‌وری ئه‌م گه‌مژه‌یه كۆكردووه‌ته‌وه و هه‌مووشیان له خزمه‌تیدان، ده‌نا خۆی…. منیش سه‌یرم، ئه‌وه كه‌ی ده‌ردی منه، لۆرته و خه‌ڵكی ده‌بن به خزمه‌تكاری. گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌رگام لێ بكاته‌وه و… هیلاكم، ماندووم، برسیم، هه‌ژارم، سڵقی رووتم، زۆریش دڵته‌نگم، نائومێدیشی له‌سه‌ربێ، شه‌كه‌ت و كه‌له‌لا، لاره‌مل ههڵكوڕماوم، خوا ده‌زانێ ئه‌مانه كه‌ی له خه‌و هه‌ڵده‌ستن؟! به هه‌موو هێزم له ده‌رگا ده‌ده‌م و… لاموابێ له ماڵ نین، با جارێكی تر له ده‌رگا بده‌مه‌وه، نا، عه‌یبه، جوان نییه، شوره‌ییه، له‌وانه‌یه خه‌وتبن، په‌له‌م چییه به‌رده‌رگام لێگرتووه، خوا بكه‌م له ماڵ بێت، ئێ به‌م به‌یانی زووه له ماڵ نه‌بێ له كوێیه؟ تۆ بڵێی سه‌فه‌ریان كردبێ!؟ بڕواناكه‌م، خه‌وتوون، له نێو جێگه‌ی گه‌رم و گوڕ و نه‌رمدا پرخه‌یان دێ، دره‌نگ له خه‌و هه‌ڵده‌ستن، دره‌نگی چی! من زوو هاتووم، ههڵمكوتاوهته سه‌ریان، كه‌وایه له‌م به‌رده‌رگایه داده‌نیشم، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه هاشاوڵ بۆ ده‌ست و پێی ده‌به‌م، له‌به‌رپێیدا ده‌كه‌ومه ئه‌رجوو، خاك و پا بۆی ده‌نووشتێمه‌وه و ده‌گریم، دڵیشم پڕه یه‌كسه‌ر فرمێسك دێته خوارێ. هێشتا ده‌رگاكه نه‌كراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌تانێ فرمێسك ئاماده‌یه، په‌نگی خواردووه‌ته‌وه، به‌م پاییزه وه‌كو كانی ده‌ته‌قێ، فواره‌ی غه‌مێكی قووڵه و ئێستاكێ ده‌یه‌وێت بته‌قێ، ده‌بێ بگریم، ده‌گریم و له فرمێسكی خۆمدا دهخووسێم، چاره‌چییه، ده‌گریم، ده‌پاڕێمه‌وه، كه‌وشه‌كانی ماچ ده‌كه‌م، پێی ده‌ڵێم پێڵاوه‌كه‌ت دانێ با ماچی بكه‌م، با له‌سه‌ر سه‌رمی دانێم… ئێ تۆ بڵێی به‌زه‌یی پێم‌دا نه‌یه‌ته‌وه؟ بڕوا ناكه‌م ئه‌وه‌نده بێ ویژدان بێ، پیاوێكی باشه، سایهچهوره، زۆری هه‌یه و زوڵمی نییه، به‌خشنده‌یه، عومده‌ی و كوڕی عومدهیه، ئه‌م شاره ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌وانه‌ی دێنه ئه‌م شاره‌وه و ده‌بن به كاربه‌ده‌ست، له ژێرخانی كۆشكه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه وه‌كو قارچك هه‌ڵده‌تۆقن و دواییش هه‌ر ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌دا، ئه‌مڕۆ ئه‌و دواین پیاوی بنه‌ماڵه‌كه‌یه، خانه‌دانه، نه‌جیبه، له‌تیفه، تریسكه‌ی روومه‌تی دێت، پۆشته‌یه، به‌ویقاره، هه‌یاسی دوڕناسه، به‌روپشت ئه‌تڵه‌سه، له دایكه‌وه ئه‌شرافی شاره و باوكیشی به‌گزاده‌یه، ناوبانگی هێنده رۆیشتووه ناوی ها له قاپی به‌غدا، ئه‌وه‌نده‌یان هه‌یه ئالسعود له چاویاندا سواڵكه‌رن، منیش سواڵكهرێكم و به‌رده‌رگام گرتووه، زۆریشم ناوێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوتی نییه، نا، نییه، بڕۆ… ده‌مرم، ده‌توێمه‌وه، ده‌بم به دڵۆپێك ئاو و ده‌چم به ناخی زه‌ویدا، ده‌بم به خۆڵ، خۆڵه‌مێش، وردوخاش ده‌بم…. منی به‌ختڕه‌ش ئه‌ستێره‌م له ئاسماندا نه‌ماوه، نا، به‌دبه‌خت نیم، وه‌كو ورچ به‌ری پێی خۆم ده‌لێسمه‌وه. ده‌ی چی بكه‌م!؟ ئیش قاتییه و منیش فێری هه‌موو كارێك نیم، پاكاری و به‌رده‌رگا ماڵین، ئێ ئه‌وه‌ش به‌ر من ناكه‌وێت، له‌به‌ر بێگانه‌ی بۆرچیل خزمه‌تكاری بۆ ئێمه نییه. یاخوا عه‌مرم نه‌مێنێ، داوه‌شێم، گڵ كوێرم بكا، چۆن خۆم ریسوا كردووه و ته‌لار و جریوهشم به‌خۆمه‌وه به‌دبه‌خت كردووه، سووچی منه ئه‌گه‌ر به باڵی خۆم بفڕیمایه… ده‌ی خوا خۆی دنیای دروست كردووه و ده‌زانێ چی ده‌كات. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه پێی ده‌ڵێم… زۆرم ناوێت، بڕوا ناكه‌م ده‌ست بنێت به‌ڕوومه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێ نااااا ده‌مرم، نا جارێ وه‌ختی مردن نییه، زووه، جریوه وردیله‌یه، نازداره، خه‌ون ده‌بینێ، خه‌ونه‌كانی بۆ من ده‌گێڕێته‌وه و منیش… ده‌ی ئه‌مه‌ش حاڵ نییه، ئه‌م هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه بۆچی!؟ خۆ ئه‌وه‌نده زۆرم ناوێت، ئه‌وه‌ی بڕیاره داوای بكه‌م بۆ ئه‌و هه‌ر هیچ نییه، كه‌متره له‌وه‌ی ده‌یداته خزمه‌تكاره بۆرچیله بهنگلادیشییهكهیان، ئیتر بۆ خۆم شپرزه و په‌رێشان كردووه!؟ نازانم بۆ لێم بووه به كۆڵی شێر!؟ خه‌ریكه هه‌ر به‌خۆڕا ئه‌و دۆسته دێرینه‌ی بابه تاوانبار ده‌كه‌م، هێشتا هیچ نه‌بووه وێنه‌یه‌كی خراپم پێی داوه، نا، بڕوا ناكه‌م ئه‌وه‌نده بێبه‌زه‌یی بێت. چ حاڵێكه تێیكهوتووم، ریسوا منم، فلس لای من فه‌تاح پاشایه، ئیتر دنیا ئاوایه من و فه‌تاح پاشا له یه‌ك منداڵدانه‌وه هاتووین، من بووده‌ڵه و برسی و ریسوا، ئه‌و عومدهیهكه دنیای هه‌یه، ته‌نیا جاده و شۆسته‌كانی نه‌كڕیوه، به‌ته‌مایه بیانكڕێ، به‌ڵام به‌وه‌ی باشه هه‌ردووكمان له‌دواییدا قنگ به‌تاڵ مه‌ره‌خه‌س ده‌كرێین. به‌س ده‌رگاكه بكاته‌وه و په‌شیمانی حاسڵ نه‌كه‌م، هه‌موو شتێكی پێده‌ڵێم و ئه‌ویش بنیاده‌مه، له گۆشت و خوێنه، دڵی هه‌یه، ویژدانی هه‌یه… له‌وه ناچێ له ماڵ بن، بڕۆم چاكه، خو تا ئێواره له‌م به‌رده‌رگایه دانانیشم!؟ نا، ناڕۆم، بۆ كوێ بڕۆم؟ ئه‌و تۆزه شۆرمه‌زه و كولێره ره‌ق و كۆنه‌ش ته‌واوبوو، هیچ نه‌ماوه، ئه‌وان ئێستا چاوه‌ڕێی منن و ئه‌م شه‌ویش درێژترین شه‌وی زستانه، منیش خه‌ریكم میحنه‌تێك تۆمار ده‌كه‌م، بێگوناهم و بهختوخۆڕایی چوار په‌لیان گرتووم و فڕێیان داومه‌ته نێو زهبارهی جه‌هه‌نمه‌وه، بڕۆم چاكه، نا، ناڕۆم بۆ كوێ بڕۆم؟ ماڵه‌كه بووه به‌دۆزه‌خ هه‌ر ئه‌وه‌یه هاوار ناكه‌ن، ئاو له دڵیان دهچكێ، برسێتی بڕستی لێ بڕیون، دڵنیام ئێستا جریوه له به‌رده‌رگا چاوه‌ڕوانی منه، هه‌ر گه‌یشتمه به‌رده‌رگا به روخسارێكی غه‌مگینه‌وه له ژێر لێوه‌وه ده‌ڵێ جانتاكه‌م كۆن بووه، به‌ڵام باشه به‌شی ئه‌م ساڵیش ده‌كات، به‌س پێڵاوه‌كانم… ته‌لاریش ره‌نگ په‌ڕیو و داچه‌كاو، سیس و ئه‌وگار هه‌ژاریی دایڕزاندووه، ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه، پیربووه، هه‌ر به‌گه‌نجی پیر بووه… ده‌ڵێی پیرێژنی حه‌فتا ساڵه‌یه. نه‌خێر ناڕۆمه‌وه، بۆ كوێ بڕۆم!؟ بڕۆمه‌وه و سه‌رنج بده‌مه ئه‌و چاو غه‌مگینانه كه هیوایان له‌سه‌ر رۆیشتنی من هه‌ڵچنیوه!؟ چه‌ند ناپیاوم به‌و دیمه‌نه خهجڵان نابم! نامرم! نابمه خۆڵه‌مێش… من ناوم ناجریوه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو باڵنده‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر بۆ ژیان بجریوێنێ، نه‌ك ئاوها به غه‌مگینی بۆ دنیا بگری، چریكه‌ی چ غه‌مێك له‌و گه‌رووه بچكۆلانهیهوه ده‌ڕژێته رۆحمه‌وه و وه‌كو قه‌قنه‌س ده‌مسووتێنێ و له خۆڵه‌مێشی خۆم زیندوو ده‌بمه‌وه، ئاگر له رۆحمه‌وه بڵێسه ده‌سه‌نێ، من ناوم نا جریوه تاوه‌كو به ئاسمانی خولیاكانیدا بفڕێ نه‌ك به خه‌ونی به‌دینه‌هاتوو بژی و هه‌موو شه‌وێك به حیكایه‌تی كچه برسییه‌كه و بووكهڵهكهیهوه بخه‌وێت. شه‌وێك نییه، دوان نییه… سه‌ری له‌سه‌ر باسكم داناوه و ده‌ڵێ باوكه چیرۆكی كچه برسییه‌كه و بووكهڵهكهیم بۆ بگێڕه‌وه. منیش هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵده‌مژم، دڵم پڕه، كانی فرمێسك خه‌ریكه ده‌ته‌قێ، به‌ڵام به‌سه‌ر خۆمدا زاڵ ده‌بم، ناگریم، بهزارێكی غه‌مگینه‌وه ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ده‌كه‌م، تازه له نیوه‌ی چیرۆكهكهدام، جریوه خه‌وی لێكه‌وتووه، ئه‌مه‌م پێخۆشه، زۆرم پێخۆشه كه كۆتایی چیرۆكه‌كه نابیستێت، ئاخر كچه برسییه‌كه له چاوه‌ڕوانی باوكی‌دا یاری له‌گه‌ڵ بووكهڵهكهیدا ده‌كات تاوه‌كو خه‌وی لێده‌كه‌وێت، له‌ناو خه‌ویشدا برسێتی هاشاوڵی بۆ دێنێ، گیانی ده‌كێشێ. به‌ڵام جریوه نه‌گه‌یشته ئه‌م به‌شه‌ی چیرۆكه‌كه و خه‌وی لێكه‌وت و له خه‌ونیدا ده‌فڕێ، له شه‌قه‌ی باڵ ده‌دا و له ته‌شقی ئاسمانه و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار ده‌فڕێ و ته‌لاریش… دڵنیام ئه‌ویش ئێستا ده‌گری، سه‌ری دانه‌واندووه تاوه‌كو فرمێسكه‌كانی بشارێته‌وه و خه‌ریكی پینه‌كردنی دڕاوی چواره‌می قه‌مسه‌ڵه‌كه‌ی جریوه‌یه و ده‌رزییه‌كه‌ش له دڵی من ده‌چه‌قێ، زۆریان بیرده‌كه‌م، ده‌ڵێی ساڵێكه نه‌مدیون، بڕۆمه‌وه!؟ ده‌ڕۆمه‌وه، نه‌خێر ناڕۆم، ئه‌م به‌رده‌رگایه به‌جێناهێڵم تا گیانم ده‌رده‌چێ، جا گیان ده‌رده‌چێ!؟ مردن نامه‌رده كه نایه‌ت، ئه‌م نامهردهش ده‌ڵێی سه‌گه‌كه‌ی ئه‌سحاب و لكههفه، ئه‌مه تاكه‌ی ده‌خه‌وێت؟ ئه‌ی خه‌وی مه‌رگی بێت. ئه‌م دره‌نگ هه‌ستانه‌ی باش نییه، له‌وانه‌یه زۆر بێ میزاج بێ، له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده تووڕه بێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، نه‌مكرد چه‌پكێك گوڵی بۆ بهێنم، گوڵی چی! ئه‌وه‌نده‌م پێ نییه گوڵ بكڕم، گوڵی بۆ چییه؟ خۆ غه‌واره نیم، پاشان هیچ بۆنه‌یه‌ك نییه تاوه‌كو گوڵی بۆ بهێنم، ئێ رووپامایی بۆ بكه‌م، یان ده‌ڵێ ئا، یان ده‌ڵێ نا. چه‌ند خۆشده‌بوو ئێستا ده‌رگاكه‌ی بكردایه‌ته‌وه و باوه‌شی بۆ بگرتمایهتهوه و بیگوتایه به‌خێربێی. منیش بگریامایه، ئه‌ویش بیگوتایه چی بووه؟ منیش ده‌مگوت ئه‌وه حاڵ و گوزهرانهكهمه. ئه‌ویش خۆی تووڕه بكات و به تۆنێكی تووڕه و دڵسۆزانه‌وه بڵێت تۆ چ بنیاده‌مێكی جریوه له دوێنێوه… قسه‌كه‌ی بۆ ته‌واو نه‌كرێت و بدات له پڕمه‌ی گریان و ده‌سته‌كانی بۆ ئاسمان به‌رز بكاته‌وه و…. جا ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌یاڵه وه‌ڕاست بگه‌ڕێ! ئاغای گه‌رمیان و كوێستانم، خونكارم له‌سه‌ر ته‌ختم، نیوه‌ی دنیام گرتووه و شه‌ڕ له‌سه‌ر نیوه‌كه‌ی تری ده‌كه‌م. ئه‌ی ئه‌گه‌ر به روخسارێكی گرژ و سارد و سڕه‌وه بڵێ به‌داخه‌وه، نییه، ناتوانم… نانا بڕوا ناكه‌م ئه‌وه‌نده نامهردبێ. تۆ بڵێی له ده‌رگای پشته‌وه نه‌ڕۆیشتبێ؟ نه بابه ئه‌و له‌و ده‌رگایه‌وه ناڕوات، پاشان ئه‌وه ئۆتۆمبیلهكهیهتی، لێره‌یه، له‌وانه‌یه له ماڵ نه‌بن. باشه به‌م به‌یانییه بۆ كوێ چوون!؟ نا نه‌ڕۆیشتوون له‌وانه‌یه هێشتا له‌خه‌و ههڵنهسابن؟ عه‌یبیشه به‌م سبای ساڵحانه ههڵمكوتاوهته سه‌ریان، بڕۆم باشه، با جارێكی تر له ده‌رگا بده‌م به‌ڵكو ئه‌مه خوایه… له‌وانه‌یه گوێیان لێ نه‌بووبێ، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م خۆ له سه‌ربانه‌وه ناڕوات!؟ هه‌ر له‌م ده‌رگایه‌وه ده‌چێته ده‌رێ. وابزانم ده‌نگیان دێت، ده‌ی خوایه ئه‌مجاره پشت و په‌نام به، ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ من به، ده‌ڵێن هه‌موو شتێك به ویستی تۆ هه‌ڵده‌سووڕێ، ئه‌و دڵه رهقهیم بۆ بكه به لۆكه‌ی هه‌لاجی كرا‌و. لاموابێ له خه‌و هه‌ستاون، ئا ئا له خه‌و هه‌ستاون، گوێم له ده‌نگێتی. ئه‌وه كه‌سێك به‌ره‌و ئێره‌وه دێت، هه‌ر ده‌رگای كرده‌وه یه‌كسه‌ر پێی ده‌ڵێم… نا له پێشا باوه‌شی پێدا ده‌كه‌م، ماچی ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ساردوسڕ بوو، ئه‌وسا به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێم براكه‌ی جاران چییه؟ لوتفت نه‌ماوه، سۆزت نییه، خوڵقم ناكه‌یت؟ تۆ بڵێی ئه‌وه‌نده بێ ماریفه‌ت بێ فه‌رمووم لێ نه‌كات!؟ وه‌ڵڵا دنیایه، هه‌موو شتێك ده‌بێ. بنیاده‌می ئێستا وه‌كو گوێزان وایه. دنیا تیژ ده‌ڕوات و به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، له شه‌و و رۆژێكدا سواڵكه‌رێك ده‌بێ به عومده و كه‌س نازانێ چۆن! خونكارێكیش ده‌بێ به پاكارێكی ریسوا و نابووت. دنیایه ئیتر. ئه‌وه ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه … ئای ئای ئه‌وه چی كرد؟! نامه‌رده ده‌رگاكه‌ی به‌ڕوومدا داخست!. ئه‌ی گوو به شه‌ره‌فت، شه‌رت بێ قه‌ت قه‌ت ئه‌مه له بیر نه‌كه‌م، نه‌خێر له بیرم ناچێ، هێنده به‌سوێیه تا سه‌ر تاته‌شۆر و ژێر گڵ له‌بیری ناكه‌م. به‌ڵام قه‌یناكه دنیا هه‌ر ئه‌مڕۆ نییه، ده‌بینم چۆن وه‌كو سه‌گ له برسا دهقروسكێنێ، له‌و خوایه ده‌پاڕێمه‌وه پارووی ئه‌م به‌یانییه به‌گه‌روویدا نه‌چێت، بخنكێت، پاره‌كانی ببێت به په‌ین، لووتی فیزی وه‌كو هی پیرێژنی سه‌د ساڵه داكه‌وێ، پێی رۆیشتنی نه‌بێ، بشكێ، ئاو چه‌ند زۆره چۆڕێ نه‌بێ بیخۆاتهوه، به چه‌شنێ ریسوا بی سه‌گ وه‌ڵامی سه‌لامی نه‌داته‌وه… هیچ و پووچه، به‌ر شه‌قی ئه‌ولیا كه‌وێت. له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم بڵێت ناااا، به‌س باوه‌ڕه‌م نه‌ده‌كرد ده‌رگاكه‌م بهڕووا دابخاته‌وه، خۆ خه‌ریك بوو به پشتا بكه‌وم، بڕوام نه‌ده‌كرد رووی بێت، جا روو كوا ماوه؟ حه‌یا له‌بوون ده‌چێ؟ كه‌رامه‌ت ئه‌وه‌تانێ له‌بنی پێڵاوی…. پێڵاوه‌كانی… كه‌رامه‌ت چییه؟ ئه‌رێ یه‌كێ بهمن بڵێ كه‌رامه‌ت چییه؟ ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه ده‌كه‌ن گوایه هه‌یانه نییانه، درۆ ده‌كه‌ن، له سۆزانییه‌كان بێ كهرامهتترن ئه‌وان دیلی پاره‌ن… نابێ، پێڵاوه‌كانی دڕاوه… قه‌مسه‌ڵه‌كه‌ی دڕاوه، ئێ بیدورهوه، ئه‌ی ناپیاو پاره چییه؟ په‌ینه، بنیادهمیش له په‌ین سووكتره، پاره پاره‌یه ده‌ی تۆ ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌یت بێنه پاره‌م به‌رێ، ئه‌ی بۆ نایكڕی؟ ده بیكڕه، پێڵاوت بۆچییه؟ هه‌ر به‌پێی په‌تی، ئه‌ی چی! دڕاوه، كوێی دڕاوه؟ پینه ناكرێت، ده‌ی بفڕه… من ناتوانم… به‌دووی خه‌ونه‌كانی خۆتدا له‌شه‌قه‌ی باڵ بده، دنیا چییه! بۆ خۆت پێبكه‌نه دنیا ئه‌وه ناهێنێ، هه‌ر پێبكه‌نه، منیش پێده‌كه‌نم، بۆ خۆمان هه‌ر پێده‌كه‌نین…”