لەناکاو دونیا تاریک بوو

900
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

لە کافێکە دادەنیشم، هەمان هەستی چەند ڕۆژی پێشووترم هەیە، هەستێکی نامۆ، هەستێکی بێزارکەری تالێهێنەر. ئێستا گرنگ نییە هەستم چۆنە، گرنگ ئەوەیە هەموو شتێك بێزارم دەکات، زۆر شت هەن دەبنە مایەی بێزاریم، ڕەنگە ئەمەم بە زۆر کەس گوتبێت، بەڵام کەس گوێی بۆ من نەگرتووە؛ سەرەنجام من خۆم و دڵە خاڵییەکەی خۆم دەمێنینەوە، سەرەنجام من بوونێکی تاریك و بێزارم، هەر ئەوەشە وا دەکات کەس لەگەڵم نەتوانێ بژی، ڕەنگە ئەمە شتێك بێت تایبەت بێت بە خۆم.

ڕەنگە گازندەی خۆم زۆرجار لای زۆر کەس کردبێت، وابزانم ئەوەش شتێکی ئاساییە، ئەوەی هەردەم ترساندوومی خۆم بووم، خۆم و لاشە مردووەکەم، ئەم لاشەیەی خۆم زۆر دەمترسێنێ. مرۆڤ خۆی بوونەوەرێکی تەنهایە… ئێمە وەک چۆن مەحکومین بە ژیان، ئاواش مەحکومین بە تەنهایی. هەموو کەس دەبێت تەنها بێت لە ژیانیدا، ڕەنگە من زووتر لە وادەی خۆم لە هەمووان تەنهاتر بووبم. دڵخۆشم، ڕەنگە وابێ، لەوانەشە وا نەبێ. زۆرجار لە خۆم و لە چواردەورم ڕادەمێنم، لەو بەڕێزانەی، کە بە قسەی خۆیان منیان خۆشدەوێت، لێیان ڕادەمێنم و لە دووڕووییان هیچ گومانێکم نییە.

هاوڕێم نەبووە، ئەوەی هەبووە کۆمەڵێک ترس بووە، ترس لە ناپاکی، ترس لە لەدەستدانیان، ترس لە سڵاوکردنیان… نامەوێ، هاوڕێم ناوێ.

***

داوای قاوەیەک دەکەم ناخم هێندەی تر پڕ جۆش بکات، هاوکات چاوەڕێی کەسێکیش دەکەم. گرنگ نییە کێیە، گرنگ ئەوەیە لە چاوەڕوانیدام. لەوانەشە هەتا ماوم چاوەڕوان بمێنمەوە، چاوەڕوانی زۆر شتم، هەموو ژیانم بە چاوەڕوانیکردنەوە دەڕوات، خۆم دەزانم. وا کاتژمێریش دەمبڕێت؛ دەبێتە کاتژمێر یەكی نیوەڕۆ و هەر نەهات، وردە وردە بێ هیوا دەبم. بەبڕوای من مرۆڤ دەبێت لە ژیانیدا خۆی بۆ تراجیدیا ئامادە بکات، نەوەک خۆشی، مرۆڤ لەم دنیایەدا دەبێ چاوەڕێی خراپترین بکات نەوەک باشترین.

ئەو قاوەیە بوو بە چی؟ وا خەریکە ئەوەش بێزارم دەکات، نازانم هۆکار چییە، دەڵێی هەموو شتەکان لەپڕ دەیانەوێت بیزارم بکەن و باروودۆخم تێکبدەن.

کاتژمێر وا دەبێتە یەک و نیو، نە قاوە دیارە، نە هیچ کەسێکیش. خەریکە ئارامیم لە دەست دەدەم، بۆ ئەوەی هێور ببمەوە بە مۆبایلەکەم گوێ لە میوزیکێک دەگرم، هەڵدەستم بە کافێکەدا دێم و دەچم، وەک نابەڵەدێك، کە بە هەموو شتێك نامۆیە، کە تۆقیوە لە هەموو شتێك.

***

کاتژمێر بووە بە دوو، بەڵام هیچ یەکێك دیار نییە، قاوەکەشم هەر نەهات. لەناکاو ئەوە بە مێشکم دادێت کە من نە ژوانم لەگەڵ هیچ کەسێکدا هەیە و نە قاوەشم داوا کردووە، سەرم گێژ دەخوا و بۆ تاوێك هەست بە شەکەتییەکی زۆر دەکەم، تیشکی خۆرە بەهێزەکەی مانگی تەموز لە پەنجەرەکەی بەرانبەرمەوە وەکو دڕك دەچێ بە چاومدا، ئەوەش هێندەی تر دەمکوژێت.

ناچار دەبێ بچمە لای گارسۆنەکە، پێی دەڵێم من قاوەیەکم داوا کردووە و وا کاتژمێرێك تێدەپەڕێت و هەر نەهات. ئەو بێ وتنی هیچ شتێك تەماشام دەکات. منیش لێی دووبارە دەکەمەوە و ئەویش دەڵێ گوایە من هیچ قاوەیەکم داوا نەکردووە، سەر سوڕماوانە دەچمەوە جێگەکەی خۆم و دادەنیشم.

***

وا کاتژمێر دەبێتە دوو و نیو، نە هیچ کەس دیارە بێت و نە پێدەچێت قاوەکەشم بۆ بێنن، بیر دەکەمەوە خۆ من نیو کاتژمێر پێش ئێستا چووم بۆلای گارسۆنەکە، لەگەڵ ئەویشدا دەبوو کاتژمێر دوازدە یەک ببینین، بەڵام پێناچێ من لەسەر خۆم بم، من هەرگیز لەسەر خۆم نەبووم، ئاژاوەیەک لەسەرمدا دێت و دەچێت، ئازارێك لە سنگمدا هەناسەی تەنگ کردووم، چاوەڕوانییەکەش ئارامی شپرزە کردووم.

دەچمە دەرەوە لە کافێکە، سەیرێکی ئاسمان دەکەم، ئەو خۆرە خەریکە کوێرم بکات، بەپەلە چاوم دادەخەم و تۆزێك چاوم دەخورێنم و هەڵیدەگڵۆفم. سەرم گێژ دەخوات، چاویشم باش نابینێت، لەوانەیە هی خۆرەکە بێت.

بە چاو هەڵگڵۆفینەوە دەمەوێ لە شەقامەکە بپەڕمەوە، هێند دەزانم شتێك بە گورزێكی زۆر خۆی پێدادام، ئاگام لە هیچ شتێك نییە، دونیا تاریکە بووە، هیوادارم کەس نەیەت و بمفڕێنێ بۆ نەخۆشخانە، قسەیەک هەیە دەڵێت: گەر ژیانی کەسێك ڕزگار بکەیت، هەتا ماوی دەبێت بەرپرسیاربی بەرانبەری، لە ناخۆشییەکانی ئەم ژیانە بۆگەنە. وەکو مقەبایەک کەوتووم لەسەر زەوییەکە، نازانم چی بووە، هێندە دەزانم بە چاوەڕوانییەوە دونیا لە پێش چاوم تاریک بوو.

تەموزی ٢٠١٩

بڵاوکردنەوە: