نووسینی: مەریوان شاڵ و بەکر عەلی
١
مەریوان شاڵ
مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لە قەیرانێکی نەفس درێژی قوڵ و لێڵدا خۆی دەبینێتەوە، کە زۆر جار ناوی قەیرانی ئابوووری، سیاسی، فەرهەنگی و جاری واشە سروشتی و قەدەریش دەخەنە پاڵی. بەس ڕاستییەکەی ئەمە ئەزمەیەکی شارستانیەتە کە هەر لە سەرەتای دروستبووونی شارستانیەتەوە، ناوەڕۆک و نهێنی نادیار و نامرۆڤی لەناو خۆیدا حەشار داوە، و سەرکەوتنی شارستانیەت، یاخود هۆکاری گەورەیی و بە خوایەتیبووونی، لەسەر مردن و تێک شکاندنی بەشە ڕەسەنەکەی ژیان و سروشت و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەستە ناوەکییەکان پابەند بوووە. هەر بۆیە دینیش بە حەزکردنی بۆ دەسەڵات و هێز و تەماعی ماددی لە سەر زەوی، شەریکێکی موخلیسی شارساتانیەت بوووە هەتا ئەم دواییەش.
هەندێک لە دیارترین هۆکارەکانی ئەزمەی شارستانیەت ئەتوانین کورتی کەینەوە بەم چەند خاڵە: نەهێشتنی هەستی هاوبەشی مرۆڤەکان، دروست کردنی نۆرمی: “هەر کەسەو بۆ خۆی”، بەرەنگار بووونەوە و هێرشی عەقلی مەنتقی بۆ شکانی پرۆژە مەزنەکانی تاکی هەڵکەوتوو لە هەوڵی چوونە سەرەوەیدا، پێکهێنانی ئابوووری لەسەر بنەمای “من”، تێکدانی هەمووو ئەوەی لە بوووندا هەیە، کۆنترۆڵ کردنی زەوی، “ئەوسا باسی کۆنترۆڵ کردنی زەویان دەکرد، ئێستاکە باسی کۆششی مانەوەیان دەکەن تیایدا “sustainable”
کز بووونی مافەکانی هاوڵاتیان و جێگرتنەوەی بە زیادەڕۆی لە جوان کاری و ناپێویستیەکان و مۆدە دەرەکییەکان و دنیای کۆنسوم و پەروەردە داڕشتن لە سەر بنەمای پێشبڕکێی و سەرکەوتن و پاشقول لێگرتنی ئەوی تر، ماندوو کردنی خاک، ئازاردان و ناڕێزی بەرامبەر فەرهەنگە سەرەتاییەکان.
ئەم خاڵانە کەم جار بەڕاستی و قوڵی هەستیان پێدەکەین. چونکە هەموومان بەم خاڵانەوە ژیان ئەبەینە سەر و پێوەی لەدایک بوووین، و هەر لە سەرەتاوە وایان پەروەردە کردووین کە، بە خراپ سەیری ئەم خاڵانە نەکەین و ڕابێین لە گەڵیدا.
ئەمەوێت لەم نووسینە کورتەدا تیشک بخەمە سەر ئەو دوو بنەما گرنگ و کۆڵەکەیەی کە هەرگیز له چەمک و پێکهاتەی شارستانیەتیدا جێیان نەبۆتەوە.
یەکەمیان: خۆ خستنە ناو ژیان یان خۆبەدەستەوەدان بۆ ژیان “Delivery”.
دوەمیان: پرۆسەی خۆناسین “self-knowledge”.
خۆ خستنە ناو ژیان بەناوی دیۆنیسۆسەوە Dionisíaco ناو دەبەین، وە خۆناسینیش وەک ئەپۆلۆ “Apolo”.
حاڵەتە ڕۆحیەکانی ئەپۆلۆ بەم سیفاتانە ئەناسرێنەوە: فەزیلەت، نۆرمەکان، یاساکان، وەسێتەکان، نووسراوەکان، پەیڕەوی کردن، و لە هەموووشی گرنگتر، کە لە کۆمەڵگاکان و خەڵکیدا قەد ڕێچکەی نەبوووە و نەکراوەتە عادەت و پراکتیک کردنی، ئەویش هێمای “خۆپێوە نەنوسانە” واتا خۆ دوور ڕاگرتن و لە دوورەوە سەیرکردن، یان بەشێوەیەکی تر: خۆ خەریک نەکردن و وەخت نەکوشتن بە ئارەزووە پچکۆلە و بێ ماناکانی ناو ژیان و گرنکی دان بە ژیان خۆی.
مرۆڤەکان لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا و لە دنیادا تەواو بەتاڵن لە کرۆک و بنجی “خۆنەنوساندنەوە”، وە بەردەوام خەریکی ئینکاری لێکردن و کردنە دەرەوەیی و خۆگێل کردنین لەم حاڵەتە، و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە تەواو دووربین لە هیوا و خەو و خولیاکانمان بۆ ئایدیاکان و فێربووونی حیکمەت.
حاڵەتە ڕۆحیەکانی دیۆنیسی:
گوزەران لەم حاڵەتەدا جیاوازە و ڕێگایەکی نادیاری هەیە، وە هێمای هەرە سەرەکی دیۆنیسیۆ: “خۆبەدەستەوەدانە”.
یان دوورکەوتنەوەیە لە کۆنترۆڵ و بەجێهێشتنی هەمووو ناوەند و نۆرمەکانە، و خۆدان بەدەستەوەیە بۆ ژیان، و لە ئەنجامی ئەم خۆفرێدانە خۆرسکەوە، وردە وردە ئاشنا دەبێت بە حاڵەتە ڕۆحییەکەی خۆت. جیاوازی دیۆنیسۆ لەگەڵ خواکانی تردا ئەوەیە ئەم کاتێک شێت بوو، خۆی فڕێدایە ناو شێتبووونەکەیەوە و خۆی خۆی چاکردەوە. خوایەکە بڕوای تەواوی بە هەمووو شەپۆلەکانی ژیان هەیە، بە خۆشییەکانی، بە ئارەزوەکان، بە خۆڕسکی، بە بەدیهیەت، بە هەستەکانی ناوەوە… هەمووو ئەمانە ئەو سیفاتانەن کە لە منداڵدا هەستی پێدەکەین، و بە پێچەوانەوەشە، تەواو ونە لە پەروەردەی خێزان و قوتابخانەدا.
ئەم دوو حاڵەتەی ئەپۆلۆ و دیۆنیسۆ، ئەبووایە بەردی بناغەی شارستانیەت و پێکهاتەی ڕۆحی مرۆڤ بووایە، بێجگە لەوەی پێویستییەکی ئێجگار گرنگە ئامادەبووونیان لە هەموو پڕۆگرامە پەروەردەییەکاندا، و بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە داڕێژەری بنەماکانی پەروەردەن و کاری مامۆستایەتی دەکەن، بۆ پچراندن و دورکەوتنەوەیان لە خۆلکاندنەوە (ماناکەیم ڕۆشن کردۆتەوە لە سەرەتای نووسینەکەمدا)، بۆ خۆ ئاشت کردنەوەیان و هاوسەنگی ڕاگرتنیان. نیتچە لای وابوو کە جورعەی ڕۆحی دیۆنۆسی تاکە ڕزگارکەری شارستانیەتە. ئەمەش مانای نەهێشتنی ئەوەیە کە فرۆید ناوی دەبرد بە “منی باڵا”، یاخود نەهێشتنی مۆڕالی دەستکرد لە دنیادا، کە زۆر دوورن لەوەی هەڵقوڵاوی خێرخوازی و چاکە و بەخشین بن، بە پێچەوانەوە ئەمانە هۆکاری دروستبوونی چەوسانەوە و ئازار دروستکردن و نائارامین. هەر ئەم ئاکارە دروست کراوەیە کە پێمان دڵێ: “تۆ لەسەرتە ئەوە بکەیت”، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بەدیهی “intuitive” و حەز و هیوا و جۆشەکانمان زیندە بەچاڵ بکەین و کزۆڵە و دەستەپاچەمان بکەن.
من لەو باوەڕەدام بۆ تێکشکاندنی بەرزەفڕی و خوایەتی عەقلانیەتی شارستانیەت، پێش هەموو شتێک پێویستمان بە تازە داڕشتنەوەی پەروەردە هەیە، نەوە تازەکان فێری بەهای دۆڕان و کەوتن و نشوستی بکەن، لەوانەیە هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی لەو کونە تاریکانەدا خۆی مەڵاس دابێت، یاخود دروست کردنی هەویەتێکی جیاواز کە چارەنووسێکی تری لێ چاوەڕوان بکرێت، فێری بەهای کەوتن و نشوستی و هەڵسانەوە ئەوە دەگەیەنێت کە کاتێک ئەم کەوتنانە دێتە سەر ڕێگاکەمان کار لە کەرامەت و کەسایەتیمان نەکات، بەسەر جەستەی ئەوی ترا نەڕۆین بۆ زوتر گەیشتنە ئەنجام و سەرکەوتن، یاخود بۆ گەیشتنمان بە مەبەستەکانمان بە هەر نرخێک بێت. بە ڕاستی من دۆڕانم زۆر پێ باشترە وەک ئەم هەموو پەلەقاژی بردنەوەیە.
بە درێژایی چەرخەکان: ئێمە تەنها تەماشاکەر بووین، بڕوامان بە هەموو ئەو شتانەیە کە دەیبینین و لەبەر چاومانایە، ئەوە دووبارە دەکەینەوە کە فێرمان دەکەن و گوێمان لێ دەبێت… بەرهەمی ئەمە: بووینەتە پاسیڤ بەرامبەر جیهانێکی جوان، سروشتێکی دەوڵەمەند، مرۆڤایەتییەکی ڕەسەن و بێ وێنە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ و نەوە دوای نەوە لە تێکدانیداین و لاسایی هەمان مۆدێلی ئەوانی پێشوومان دەکەینەوە، لە مەکتەبدا، لە پەروەردەدا، لە پەیوەندییەکانماندا. هەیچ کاتێکیش دوودڵ نەبووین و گومانمان نەکردوە لە ڕاستی و دروستی ئەم ڕێگایە.
مانای ڕاستەقینەی گەشەکردن لەوەدا دەبینمەوە کە قورسایی بدەین بە زەمیر، کە خۆمان بدەینە دەست ژیان و بچینە سەرو دەست کەوتەکانەوە،
سەربەستی بووونمان و شەرم نەکردن بۆ لێدوان لەنێوانماندا لە دڵەوە بۆ دڵ، بردنی خۆشەویستی بۆ هەموو ناوەندە پەروەردەییەکان و خێزان و سیاسەت و ئابووری و هەموو باڵەکانی تری ژیان.
ڕۆحی دیۆنیسیۆ و ئەپۆلۆ لە فەرهەنگ و له ژیاندا: هۆش و زەمیری ئەوەمان پێ دەبەخشێت کە هەموو ئەوانە فڕێ بدەینە دەرەوە کە بە پیت و بڕشت و پاک نین بۆ ڕۆحی مرۆڤایەتی و دنیا. “خوای من: خوێن و عارەقی ناوچەوان و ئاگر و خاک و ئاوە.”
ئەمە بیرکردنەوەیەکی نەمری نییە، وە باڵندەیەکیش نییە لە هەوادا بێت. بەڵکو گۆشتێکە کە کۆتایی هەیە هەر وەکو ئێمە، وەک کۆتایی مێشکێک کە بەرەو کوژانەوە دەڕوا، یان دڵێکی ئۆقرە نەگرت و عیناد، کە وەک پیاو دەلەرزێ و نازانێ لە کوێوە هاتووەو بەرەو کوێ دەڕوات”
***
٢
بەکر عەلی
دیرۆکی شارستانیەت
لەبەردەم دەستەواژەیەکی بەرفراوان وهەمەگیری وەک <<شارستانیەت>>دا، ئایا ئێمە دەتوانین لەکوێوە دەستپێ بکەین ولەچ ڕوانگەیەکەوە تێیبڕوانین؟ شارستانیەت وەک دەستەواژەیەک کە هەمووو بووارەکانی چالاکییە مرۆییەکان لەناو جڤات وکۆمەڵە مرۆییەکانی دنیادا دەگرێتە خۆی، هەر لە دێرینترین چالاکییەوە کە مرۆڤ دوای هاتنەدەرەوەی لەئەشکەوتەکان و خۆنیشتەجێکردنی لەنێو ئەو کەپر و دەوار و ئەو خانووانەدا کە لەدەوروبەر وژینگەی خۆیدا دروستیکردوون، دەستیکردووە بە ئاوەدانکردنەوەی ژینگەکەی خۆی لەڕێی کشتوکاڵ و پیشەکاری و دروستکردنەوە، لەڕووی تەکنیکییەوە ئاگری دۆزییەوە وئاگردانی بۆ داهێنا و دواتر مقاشی بۆ دروستکرد، ڕێگا وپرد و چەرخ وڕەوڕەوەی بۆ گواستنەوە دروستکرد تا گەیشتە ئەوەی ئۆتۆمبیل وشەمەنەفەر وفڕۆکە وڕاکێتی داهێناوە، لەڕووی ڕۆحیشەوە نەریت و ئاین و سروتی پێکەوەژیانی داهێناو سیستەمی بەڕێوەبردن و دەستووری فەرمانڕەوایی هیرارشییانە و دواتر دیموکراتییانەی پیادەکرد، ئیتر خێڵ وهۆز دروست بووون تا ڕادەی ئەوەی قەوارەی <<گەل>> دروست بووو، پاشان ئیتر لەسەردەمی مۆدێرنەدا قەوارەیەکی سیاسی گەورەتری وەرگرت ولەچوارچێوەی << نەتەوە>>دا خۆی شێوەگیرکرد. ئەم دیرۆکە پرۆسێسێکی ژیاریی بەرفراوان بوووە بەو مانایەی کە مرۆڤ بەتەنیا کشتوکاڵی نەکردووە و ماڵی ئاوەدان نەکردۆتەوە، بەڵکو لەپاڵیدا توانیویەتی نەریت و فەرهەنگ و ئاین و دەستووری هاوبەش بۆ پێکەوەژیان دابهێنێت. لەڕەوتی ئەم مێژووەشدا چەندین قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە و چەندین کەوتن و هەستانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. چەندین شارستانی مەزن لەدایکبووون، میسرییەکان میسۆپۆتامیا و گریکەکان و چینییەکان و ڕۆمییەکان، هەمووویان لە ساتەوەەختێکی مێژووییدا نغرۆ بووون و شارستانی نوێ جێگەی ئەوانی گرتەوە، بەم پێیە تێزەکەی پۆل ڤالێری دروستە کە دەڵێت نەک هەر مرۆڤ وەکو تاک دەمرن، بەڵکو مرۆڤ بە کۆمەڵیش دەمرن وبەهەمانشێوەش شارستانییەتەکانیش دەمرن، چاڵی مێژوو جێی هەمووو ئەمانەی تێدایە.
ئێمە و شارستانیەت
لەم کورتەدەستپێکەوە دەخوازم چەند کۆپلەیەک دەربارەی شارستانیەت بنووسم، بەڵام ئایا ئێمە لە فەرهەنگی کوردیدا چۆن بڕوانینە شارستانیەت، ئەگەر شارستانیەت بریتی بێت لە پرۆسێسی هاتنەدەرەوە لە بەربەریەتی ئەشکەوت و خۆنیشتەجێکردن بێت لەناو خانووەکاندا و دواتر دروستکردنی هۆز وخێڵەکان و گەل بێت و دەستپێکردنی ژیانی کشتوکاڵی بێت و ئینجا قۆناغی پیشەسازییان داهێنابێت لەناو شارەکاندا و لەئاکامیشدا شارستانی بریتی بێت لە گەیشتن بەو قەوارە سیاسییەی پێی دەگوترێت << دەوڵەت نەتەوە>> و خۆگەیاندنە سەر شانۆی جیهان بێت، لەنێوبەندییەکی ئاوا درێژخایاندا ئێمەی کورد کە هێشتا وەکو خێڵ و لەوپەڕی باردا وەکو <<گەل>>ێکی لەخۆدابڕاو و لەدنیا دابڕاو دەردەکەوین وهێشتا زۆرمان ماوە بچینە سەر شانۆی جیهان وبگەین بەو قۆناغەی بەر لەدوو سەد ساڵێک زۆرینەی گەلانی دنیا پێیڕاگەیشتن، واتە << دەوڵەت نەتەوە>>> ، ئایا ئێمە چ ئامرازێک شک دەبەین تا بەکاری بهێنین بۆ قسەکردن لەسەر ئەم جووڵە کولتورییەی مرۆڤی لە دۆخی بەربەری وسەرەتاییەوە گەیاندە دۆخێکی بەرزی شارستانی و پەروەردەکراوی کولتوری.
هەمووو جڤاتێک پێویستی بە وێنا و ئەندێشەیەکە تا بیکاتە پێوەرێکی هاندەر و کاری سیاسی بۆ بکات تا پێی بگات. هۆزێک گەر بخوازێت ببێتە گەل، گەرەکە فانتازیای خۆگەورەکردن بیبزوێنێت. بەبێ بووونی مۆتیڤێکی بزوێنەر هیچ قەوارەیەک ناتوانێت مەیل وخواستی بۆ خۆگەورەکردن و خۆ بەرفراوانکردن هەبێت. هەمووو ئەندێشەیەکی لەو جۆرەش بەهۆی هەستی پەیوەستدارێتی ئەندامەکانی ئەو کۆمەڵەیەوە بەیەکترییەوە هەیانە چێ دەبێت. ئەوەی من تێڕامانم لێکردووە لەتەواوی ئەو دۆکومێنتانەی ئەرشیڤ بۆمانی پاراستووە، چ ئاماژەیەک لەوەدا نابینینەوە کە ئەم کوردە فانتازیای سیاسی هەبوووبێت، بەبێ ئەم هزرەش شتێکی نەکردەیە هیچ هەنگاوێک بۆ خۆخستنە نێو ئەتڵەسی سیاسی جیهان هەڵبهێنینەوە. بۆیە وەک سلۆتەردایک دەیبینێت، ئەوانەی سەرکەوتووانە وێنای خۆیان وەک کۆمەڵ دەکەن ئەوانە دەتوانن ببنە کۆمەڵ. ئەفسووس کە پێچەوانەی ئەم ڕستەیە ئێمە دەگرێتەوە. بووونی وێنایەک، بووونی ئەندێشەیەک جۆرێکە لەو ئامرازەی لەهەر کەوتن وفەوتانێکدا خۆمانی پێ دەگرینەوە وڕزگارمان دەکات، ئەندێشەکان وەکو ئەو گۆچانە وان کە کۆمەکی مرۆڤی شەل دەکەن بتوانێت پێڕەوی بکات، بێهۆ نەبووو هەرکاتێک جووەکان پەلاماردەدران وڕاوەدوو دەنران یەکەمین شت لەگەڵ خۆیاندا دەیانبرد کتێبی پیرۆز بووو، چونکە پێیان وابووو ناواخن و پەیامی ئەو کتێبە ئەوان دەپارێزێت و دەیانگەیەنێتە شوێنێکی تر.
ڕاستە ئەدەبیاتی کوردی تا ڕادەیەک بەشدارییەکی خۆی بۆ ئەو ئیشە پێشکەش کردووە وەک << خانی و کۆیی>>، بەڵام لەچوارچێوەی دەقێکی ئەدەبی ئەبستراکت تێنەپەڕیوە. ئەم هزرە سیاسییەی نێو کارەئەدەبییەکان وەرنەگێڕدراوە بۆ پرۆگرامێکی سیاسی کە بتوانێت هۆز بکاتە گەل وگەل بکاتە نەتەوە، کە بتوانێت جڤاتی کشتوکاڵی بگوێزێتەوە بۆ جڤاتی سیاسی هاوشاری. لەکاتێکدا لەنێو کۆمەڵگەکانی تردا بەوجۆرە نەبوووە، هۆمیرۆس بە ئەلیادە توانی دەستووری ژیان بۆ گریکەکان دابهێنێت، گریکەکان لەڕێی هۆمیرۆسەوە خواکان وپاڵەوانەکانیان ناسی. سوکرات تیۆرییە سیاسییەکەی فێری ئەلێکساندەری مەزن کرد و ئەویش پیادەی کرد. فیردەوسی بە شاهنامە تێزەی فارسیبووونی داڕشت وپادشاکان پیادەیان دەکرد. مەکیاڤیللی فیگوری <<میر>>ی وەک پیاوی دەوڵەت دیزاین کرد و دواتر فیگوری <<ڕاوێژکار>>یشی خستەپاڵ و لەو دەمەوە ڕژێمە سیاسییە ئەوروپییەکان وهەمووو دنیاش فیگوری ڕاوێژکاریان بۆخۆیان قۆستۆتەوە. فیشتەی فیلۆسۆف کاتێک << چەند گوتارێک بۆ نەتەوەی ئەڵمان>>ی نووسی ئەوکاتە هێشتا ئەڵمان <<گەل>> بووون نەک <<نەتەوە>>، واتە ئەندێشەی نەتەوە پێش جەستەی نەتەوە کەوتووە بۆیە دواتر بیسمارک دەیکاتە <<دەوڵەت نەتەوە>>، واتە گەرەکە کتێب، وەک میدیۆمی ئەندێشەکان پێش لەدایکبووونی قەوارە گەورەکە بکەوێت. ڕەوتی گواستنەوە لە هۆزەوە بۆ گەل ولە گەلەوە بۆ نەتەوە بریتییە لە پرۆسێسێکی گەشەسەندنی ژیاری وشارستانی، گواستنەوەیە لە نێوئەشکەوتەوە بۆ نێو کولتوری کشتوکاڵ و دواتر کولتوری پیشەسازی و لەمڕۆشدا تەکنەلۆژیای دیگیتال و ژیری دەستکرد جڵەوی شارستانییان بەرەو داهاتوویەکی نادیار گرتۆتە دەست.
شارستانیەت و پێشکەوتنی جیهان
وەک دەبینین شارستانی وەکو ڕوبارێک بەرەو نادیار خوڕە دەکات، لقی لابەلاو گۆماوو حەوز تاڤگەی لێ جیادەبێتەوە، لەهەندێک شوێندا ئاوەکە مەنگ دەبێتەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بەو شێوەیەش هەر دەژی و بەشێوەی تر هاژە وخوڕە دەکاتەوە. گەشەسەندنی ژیانی شارستانی کۆمەڵگەکان بەو جۆرەیە کە ژیارێکی داخراویان نەبێت، دابڕاو و گۆشەگیرانە جیهانیژیانی شارستانیەتەکەیان نەسازێنن، بەڵکو کراوەیی شارستانەتێک، گەر لێرەدا دروستتر بڵێم ، کراوەیی کولتورێک بەرامبەر کولتورێکی تر هۆکاری سەرەکی خۆگەشەکردنە، ئەو کولتورەی خۆراک هەر لەجەستە و گیانی خۆی وەر بگرێت، هەر خۆیشی ژەهری خۆی بەرهەم دەهێنێت. هەمووو شارستانیەتەکان لەژێر کاریگەری شارستانیەتی ترەوە دروست بووون، میزۆپۆتامیا، میسر، گریک و چینییەکان، ڕۆم، لەمڕۆشدا ئەوروپای خۆرئاوا بەرهەمی کارتێکردن و چاولێکردنی یەکترییە بەسەر یەکترییەوە. ڕووباری شارستانیەتی ئەوروپا لەدوو کانیاوەوە سەرچاوەی گرتووە << تەوراتی جووەکان>> و<< کولتوری گریکی>>. لەئێستاشدا بەهۆی مۆدێرنەوە زۆرینەی گەلانی سەرزەوی لەڕووی تەکنیکییەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هێزە یونیڤێرسالییەکان و هەمووولایەک لەنێو تۆڕبەندییەکی گەردوونییانەی بەشداری وکۆمیونیکاسیۆندایە. ئەگەرچی ژمارەی پێکدادان وبڕی ململانێکان هیچ کەم نەبووونەتەوە، بەڵام وەنەبێت هێشتا دینامیکیەتی ئەم ڕووبارە بەتەواوەتی مرد بێت. لەمڕۆدا سەرباری دەرکەوتنی هەڕەشەکانی کەشوهەوا و سروشت و هەڕەشە ڤایرۆسییەکان هێشتا مرۆڤایەتی لەو بڕوایەدایە بەبێ پرۆگرامێکی گەردوونییانە ناکرێت ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە بنەوە. ئەگەرچی هیگڵ دەیگووت تاکە شتێک لەمێژووەوە فێربین، ئەوەیە ئێمە هیچی لێوە فێرنابین، بەڵام پێدەچێت توندی هەڕەشەکان وئەو زیانە گەورانەی ئەو هەڕەشانە بەرپایان کردووە، وەک هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ و ئاگرکەوتنەوەکان ولافاوەکان و وشکەساڵییەکان، وانە وپەندێک بدات بە مرۆڤایەتی کە بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش، چونکە زەوی وەک ئەو کەشتییە تاقانەیە وایە گەر لەهەر شوێنێکەوە کونێکی تێ بێت تەواوی سەرنشینەکانی بەخۆیەوە نوقم دەکات.
لەئاستێکی تریشەوە هەڵکشانی ئاستی توندوتیژی کولتوری وبەرفراوانبووونی هێزە سیاسییە کۆنزێرڤاتیڤەکان ودەستەڵاتە مەزهەبییە ڕاسیستییەکان و و پارتە سیاسییە ئاینی و فاشیست وپۆپۆلیستەکان جارێکی تر مەسەلە کولتوری وشارستانییەکان دەخەنەوە بەر گومان و پرسیاری ئەوەی ئایا دوای بیستویەک سەدە لە شارستانیەت، دوای ئەو هەمووو شۆڕش وگۆڕانکاری وپێشکەوتن وڕێنیسانس وڕۆشنگەرییە، مرۆڤایەتی پەندی ئەوەی وەرنەگرت قبووڵی یەکتر بکەن و ژیانی ئاشتەوایی وپێکەوەیی بسازێنن، ئایا پرۆژەی ئاشتی گەردوونی کە ئیمانۆئیل کانت دایڕشت بۆ لەبارچووە، ئەی ڕۆڵی ئاینەکان بۆ تا دێت شەڕانگێزانەتردەبن، بۆچی کولتورەکان تا دێت خۆیان دەخزێننەوە نێو قۆزاغەی خۆیان وئەویتر ئافەرۆز دەکەن. لەبەردەم ئەم پرسیارانەدا کە گومان ودڵەڕاوکێیەکی فیکری وڕەوشتییانە و ژیارییانە بەرپا دەکەن، دەبێت جۆری بیرکردنەوە و شێوازی ژیانمان بگۆڕین، دەبێت فێربین وەک سلۆتەردایک دەڵێت << بەچاوی ئەوانیتر تەماشا بکەین>>، دەبێت شێوازی ژیانی کۆنزومگەری وبەرخۆری لاوازتر بکەین، دەبێت پیشەسازی کاڵای زیاتر و گەردانکردنی هەرچی وزەی ناو زەوی وسەرزەوی هەیە بخرێنە بەردەم پرۆگرام وستراتیژێکی نوێوە کە کار بۆ سیاسەتی پیشەسازی << درێژخایان وبەردەوامی>> کاڵاکان بکات، ئەگەرنا کولتورەکان پێکەوە بەردەبنەوە بەرەو نادیار. ئەوەی زیان دەگەیەنێت بە جیهانیژیانی مرۆڤەکان لەسەر زەوی مانەوەیانە بەبەندکراوی لەناو بەندیخانەی هێزە نیهیلیست وئیگۆیستەکانی هەناوی خۆیان، ئەوانەی پێیان وایە هەمووو دنیا هی ئەوانە وبەشی کەسی تری پێوە نییە، ئەوانەی پێیانوایە کورسی دەسەڵات شوێنێکی ئەبەدییە و کۆتایی نایەت بۆیان بۆیە ڕادەستی کەسێکی تری ناکەن. لەسەر ئاستی کولتورە مەزنەکانیش کڵێشەیەکی باو هەیە گوایا ئەوروپییەکان کۆلۆنیالیستن و گەلانی دنیای تر دەچەوسێننەوە، وێنەیەکی کڵێشەیی وا بیانووی داوە بە ڕژێمە سیاسییەکانی هەمووو دەوڵەتانی دنیای سێهەم کە دیکتاتۆرترین ڕژێمی سەرزەوی بن، لەبری ئەوەی کاری سیاسی بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە کولتوری ونەریتییانەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکانی خۆیانیان تیا چەقیوە. ئەوەی کۆمەڵگەکانی جیهانی سێهەم دەچەوسێنێتەوە، بەپلەی یەکەم خودی بیرکردنەوەی سیاسی و فەرهەنگییانەی خۆیانە بۆ شێوەژیانی کۆمەڵایەتی. لەوڵاتێکی وەک ئێران، تورکیا، ئەفگانستان و تەواوی وڵاتە عەرەبییەکان، کە سەرکردە سیاسییەکانیان بەردەوام وێنەی شەیتانیانەی خۆرئاوا دەخەنە بەر دیدی هاوڵاتییەکانیان، بەمە پاساوێکی درۆزنانە بۆ خۆیان دەهێننەوە کە دەسەڵاتەکەیان دەبێت فەرمانڕەوایەتی سەربازییانە و توندوتۆڵ بێت و هیچ کەلێنێک بۆ دزەکردنی بەها خۆرئاواییەکان نەهێڵنەوە. ئەو ڕژێمە سیاسییە گەندەڵانە بەهەمووو شێوەیەک دژایەتی کولتوری دیموکراتی وتۆلێرانت دەکەن.
لێرەوەیە ئەوەی کولتوری ئەم وڵاتانە بەرەوپێشەوە دەبات، سەرەتا خۆئاشتکردنەوەیانە بەیەکتری وسەپاندنی کولتوری پێکەوە هەڵکردنی ئاینی ومەزهەبی وئیتنییەکانە لەژێر بانیژەی دەوڵەتێکی سێکولار و ڕژێمێکی سیاسی دیموکراتدا، ئەوسا دەتوانن هەم گەشەی کولتوری و هەم پێشکەوتنی تەکنەلۆجی ئەنجام بدەن و بەهێز و شکۆیەکی تریشەوە بچنە سەر شانۆی جیهان. پرۆسێسێکی ئاوا ئەفرێنەر تەنیا لەناو پرۆسێسێکی تردا دەتوانێت سەربگرێت، ئەویش پرۆگرامی فێربووون وپەروەردەیە. پەروەردە دەتوانێت نەوەیەکی نوێ بە بیرکردنەوەیەکی نوێی جیهانگیرانە فێر بکات و هیومانیزمێکی نوێ گۆش بکات کە هیوای پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان و داستانی درێژخایاندنی تەمەنی مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی درێژ دەکاتەوە. هەمووو کولتورەکانی جیهانیش تا ئێستا هیچ نەبووون جگە لە سیستەمی پەروەردەکردن. لەم دەستپێکەوە فەرهەنگەکانی کۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەم، کە بەکۆمەڵگەی ناپێشکەوتوو ناوزەد دەکرێن، دەتوانن دەست بە پرۆژەی ئەفراندنی کولتورێکی نوێ بۆ خۆیان بکەن.