جیهان نە ڕاڤە دەکرێت نە دەگۆڕدرێت

694
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار مەحموود

هاوڕێم من باشم،

هیچ وچان نادەم لە خەبات دژی مافەکانی مرۆڤ،

وەک شاعیرێک ئەرک بۆ جیهان دەهێنم،

لە بری ئازادی بۆ خەڵک.

هەرچۆنێک بجوڵێیتەوە هەڵەیە،

جیهان خەیاڵێکە و هیچی تر.

من هیچ لە هەڵەکانی خۆم بۆ ڕاست نەکرایەوە،

ئەوە هەم باش بوو هەم خراپ.

کێشەکان نە بە شارەکان چارەسەر دەبن،

نە بە گەڕانەوە بۆ سروشت..

کاتی ئەوەیە بەختەوەریی بە دەستبەرداربوونەوە گرێ بدەین،

شۆڕش ڕێک هاتنە دەرەوەیە لە هەموو شتێک.

جیهان لە خۆمدا چۆڵ دەکەم،

ئازادی خۆم بە هیچ شتێكی دەرەکییەوە نابەستمەوە،
ئەوەی لە دەرەوەی تۆیە،

هەرگیز لە ناوەوەی تۆ نییە.

یەکلایی بوومەتەوە،

بە داخران و داڕووخانی جیهان بە سەرمدا،

زمانم پاراوتر دەبێت.

بەو هەموو خەمگینییەی لە هەرچوارلاوە گەماورۆیان داوم،

سازگارتر بووم…

کە تۆ دڵت خۆش نییە،

ڕێگا هەڵەکان هەڵمەبژێرە بۆ شادومانی.

دەبێت گۆرانی بۆ خۆم بڵێم،

هیچ دەنگێک وەک ئەو مۆسیقایە نییە بۆ خۆتی دەژەنیت.

ناتوانین باس لە جوانی و ناشرینی بکەین،

لە دەرەوەی دادپەورەییەوە.

بەڵام دەشێت شیعر بنووسرێت،

گەمژەیی تەواو لە شانازیکردن بە زمانەوە دەست پێ دەکات،

کە گوایە دەتوانێ هەموو شتێک دەر ببڕێت.

بەدڵنیاییەوە

جیهان بابەتێکی ناوەکییە.

دەنگی خۆت بەفیڕۆ مەدە بانگی شتێک بکەی،

چاوی خۆت بە خەسار مەدە بۆ تەماشاکردن،

مرۆڤ بە ئەوانی تر نەک خۆی ناناسێت بەڵکوو ونیش دەبێت.

مرۆڤی داهاتوو دەبێت بێ هاوڕێ بژی،

من دەرگایەکەم بۆ مرۆڤی داهاتوو.

مرۆڤایەتی سەرانسەر نایەوێت پەیمانێك لەبارەی خۆیەوە بدات،

ئەمە بووەتە هۆکار،

شاعیرەکان خەمگینترین ڕۆژگار بەسەربەرن.

جیهان نە ڕاڤە دەکرێت نە دەگۆڕدرێت،

هەمووی ئەوەی کراوە مەزندەکردنەو هیچی تر.

سەبارەت بەوەی،

دەربارەی نوێگەری پرسیارم لێ دەکەیت؟

مۆدێرنیزم بەڕێوەبردنی مرۆڤایەتییە لە ڕێی ئامڕازەکانی کات بەسەربردنەوە.

بەڵام بۆ من نا،

لە خەمگینی خۆم و شکۆ بڵندییم،

وەک شاعیرێکی کورد،

یان شاخێک بە کۆڵمەوەیە

یان بە کۆڵی شاخێکەوەم.

 

خاکەلێوەی٢٧٢٢

بڵاوکردنەوە: