نەبەز گۆران
هێشتا بەئاگام…
هێشتا بەئاگام و ڕۆژێكی نوێ لە پەنجەرەكەم دەدات
بیر لەخۆم…لە خەڵكی ئەم سەردەمە دەكەمەوە
بیر لە هەر شتێك دەكەمەوە تا ئەو ساتە جوانە مرۆڤ دەستی لێنەداوە
هێشتا نەنووستووم و چاوەكانم قورس بوون
بۆم گرنگ نییە پێڵاوەكانم لەكوێن
دەتوانم بەبێ پێڵاو، بەناو دونیاكەی خۆمدا بگەڕێم
هێشتا نەنووستووم و
چاوەرێی هیچ كەسێكیش نیم
نامەوێت كەسێك بێت ئەستێرەكەی دڵم بكوژێنێتەوە
نامەوێت كەسێك بێت لە دەرگاكەم بدات و تەنیاییەكەم ڕاچڵەكێنێت
نامەوێت كەسێك بێت، جارێكی تر كڵپە لە ئاگردانی بێكەسیم هەڵسێنێ.
_ _
هێشتا بێدارم…
دەمەوێت بچمە سەر كێوەكان
لەبەرزاییەوە سەیری ئەم شارەكەم و
هەستكەم وەك خۆشبەختی هێندە بچوكە لە پێكەنینێكدا جێی دەبێتەوە
هەستكەم وەك خۆشەویستی هێندە گەورەیە خۆمی تیا نادۆزمەوە
دەمەوێت بچمە كۆڵان
لەگۆشەیەك بوەستم و، دڵم بەوە خۆشدەبێت منداڵەكان بە كوردی گۆرانی دەڵێن
بچمە سەر شەقامێك
هەر كەسێكم بینی لێی بپرسم: ئەگەر دڵ نەبوایە كوێمان دەكرد بە ماڵی یار؟!
هێشتا نەنووستووم
روناكی ڕۆژێكی نوێ لەپەنجەرەكەمەوە هاتۆتە ژوور
ئەستێرەكانی ئاسمان كوژاونەتەوە و ئەوەی دڵی من دەدرەوشێتەوە
من بە درەوشانەوەی ئەستێرەكەی دڵما دەزانم
برین لەبیرناكرێت.
_
هێشتا بەئاگام…
كەچی ڕۆژێكی نوێ لەبەردەم پەنجەرەكەما باوێشك ئەدا
ماڵەوە جێدەهێڵم و دەكەومە ڕێ
هەرچۆن ئەوانەی پێشخۆم رۆیشتن، ئەوانەی دوای منیش دەڕۆن
هەتا رۆژێكی زیاتر بخەیتە سەر دیواری تەمەنت، زیاتر لە تەنیایی نزیك دەكەویتەوە
بە تەنیشت گۆڕستانێكدا تێدەپەڕم
بیركردنەوەم پێم دەڵێت:
ئەوانەی لەناو ئەو گۆڕستانەن، پێكەنینان بەلارولەنجەی ژیانی ئەم سەردەمە دێت
كتوپڕ دەكەمە ناو بازارێكەوە
هەست بە غەریبی دەكەم
سەرم قورس دەبێت و دونیا لەبەرچاوم لە مەستێك دەچێت رۆیشتنی بیرچووبێتەوە
دەرەوە ماندووم دەكات
دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵ
دەبێت فێربم بزانم:
روناكییەك لەخۆتدا هەڵنەیەت، بە هەڵهاتنی هەتاو رۆژێكی نوێ نایەت
كە خونچەی ئەوینەكەی دڵت وشكبوو، بە بینینی گوڵی باخچەكان ناگەی بەجوانی
گەر ئازارەكانی رۆژگار بەئاگات نەهێنن، بەخەنجەری مەرگیش راناچڵەكێیت
بەهەرحاڵ…
هەرچۆنێك بێت ئاسمان ئەستێرەی خۆی هەیە
لام روونە:
ئەوەی ناهێڵێت بۆ هەمیشە پشت لە ژیانكەم، برینەكەی دڵی خۆمە
ئەوەی ناهێڵێت بۆ هەمیشە تاریك دابێم، ئەستێرەكەی دڵی خۆمە
من ئەو برینەم خۆشدەوێت
وەك ئەستێرەیەك بە ئاسمانی دڵمەوە دەدرەوشێتەوە.