ململانێی نەوەکان لە (مەسەلەی ویژدان)ی ئەحمەد موختار جافدا (بەشی دووەم)

620
0
بڵاوکردنەوە:

نوسینی: عەلی مستەفا کەریم

بەشی دووەم و کۆتایی

 پارى سێهەم

كورتەى رۆمانەكە: (هەزار قسەى وەها بكەیت، عەقڵى كۆن لە عەقڵى تازە باشترە؟)

(زۆراب) دواى جەنگى یەكەمى جیهانى لە خێزانێكى نەدار دێتە دونیا، لە قەزایەكدایە بە ناوى (ه)، باوكى هەر زو دەمرێت، دایكى دەینێتە بەرخوێندن، بەڵام دواى چەند ساڵێك دایكیشى دەمرێت و ئەویش ناچار دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و چەند خزمێكى دەیگرنەخۆ. دواى هەندێ گەورەبون خزمەكانى پێیدەڵێن كە ئیتر بڕوات بۆ خۆى ئیشبكات و بژێوى خۆى پەیدا بكات. دواى گەڕان لەبەر خوێندەواریەكەى دەچێتە لاى دوكاندارێكى تاجر، تاكو دەفتەردارى بۆ بكات. هەر لە سەرەتاوە هەست بەوە دەكات خاوەنكارەكەى فرتوفێڵى زۆر لە كڕیار و هەژارەكان دەكات، بۆیە بەردەوام پرسیارى “ویژدانى” لێدەكات سەبارەت بەو كارە ناڕەوایانەى. دواتر هەستدەكات خاوەنكارەكەى شێوازى كۆن بەكاردێنێ لە دیاریكردنى قەرزەكانیدا، هەروەها ژنەكەى و خواردن و ماڵیان رەچاوى پاكوخاوێنى و تەندروستى ناكەن. كاتێك ئەم تێبینیانەیان پێدەڵێت، خاوەنكارەكەى وەڵامەكەى ئەوەیە كە ئەوان بە شێوازى باو باپیرانیان دەجوڵێنەوە و شانازیشى پێوەدەكەن. لەبەر ئەو ناكۆكى و جیاوازیانەى لەگەڵ دوكاندار، ئەوێ بەجێدێڵێ و دەچێتە لاى بازرگانێك كە بەرواڵەت لە خوا ترسە، بەڵام ئەویش لە گەز و پێوانە و كێشانەدا فرتوفێڵ دەكات لەگەڵ كڕیارەكانى. هەروەها باوەڕى بە ئەقڵى تازە نییە و هەمیشە دەكەوتنە مشتومڕەوە، بۆیە لەبەر هەمان هۆ ئەویش بەجێدێڵێ.

دەچێتە قەزایەكیتر، لەوێ هەوڵدەدا لەبەر خوێنەواریەكەى خۆى بكات بە عەرزوحاڵنوس. بۆ یەكەمجار كە عەرزو حاڵێك بە هەڵە دەنوسێ، بەڕێوەبەرى شارەوانى زیندانى دەكات، بۆ ئەوەى لەم كێشەیە رزگارى بێت ناسراوێكى فێرى دەكات كە بچێت واسیتە بكات، ئەویش واسیتە دەكات و لەجێى گرتن بەڕێوەبەر رێگەى عەرزوحاڵنوسینى پێدەدات، بەو هۆیەوە عەرزوحاڵنوسەكانیتریش كارەكانیان لێدەسێنرێتەوە. هەرچەند زۆراب لە دڵەوە پێیناخۆشە لە نانبڕینى ئەوان و ویژدانى ئازارى دەدا، بەڵام چیتر فێرى ئەوە بو بۆ ئەوەى بێنان نەبێت، دەبێت نانى خەڵكى ببڕێت و گوێ نەدات بە دەنگى ویژدانى. فێرى ئەوە بوو ئەگەر بیەوێت پایە و پلەى زیاترى دەستكەوێت ئەبێ لە فرتوفێڵ و درۆ و زیانگەیاندن بەوانیتر سڵ نەكات.

دواتر دەبێتە موچەخۆر و كارمەندى دەوڵەت و لەوێوە دەستدەكات بە روتاندنەوەى رەشوڕوت و نەخوێنەوارەكان. لەبەر ئەوەى لە رێى واستە و بەرتیلەوە پەیوەندى بەوانەى سەروى خۆیەوە هەیە، ئیشى دەڕوات. دواتر دەبێتە بەرپرسى قەزا و لەسەر فرتوفێڵ و دەستبڕینەكانى بەردەوامدەبێت. بەڵام جارجارە دەنگى ویژدانى دێتەوە بەر گوێ، بەڵام دواى ساتێك ئەو دەنگە كپ دەكاتەوە و فەرامۆشى دەكات و دەبێتە دوژمنى مەكتەب و تەنانەت رقیشى لەو مناڵانە دەبێتەوە كە دەخوێنن، چونكە وایدادەنێت رۆژێك دێت لەڕێى خوێنەواریەكەیانەوە دەبنە ركەبەرى) .

دیمەنەكانى ململانێى نەوەكان:

لێرەدا بە چەند دیمەنێك ئاماژە بە رەنگدانەوەى دیاردەى ململانێى نەوەكان دەكەین، ئەو دیمەنانەش كە دوبارە و هاوشێوەن ئاماژەیان پێناكەینەوە. بەڵام دیمەنەكان بەپێى ناوەرۆكى رۆمانەكە دەكەین بە دو قۆناغەوە:

قۆناغى یەكەم: لەم قۆناغەدا “زۆراب” نوێنەرایەتى نەوەى تازەپێگەیشتو، منەوەر، خوێنەوار و لاو دەبینێت، چاكەخواز و ریفۆرمخوازە و ئایدیالیزمێكى مرۆڤویستە. لەبەرامبەردا نەوەیەكى كۆن هەیە كە ئەقڵ و جیهانبینى كۆن و ترادسیۆنیانەى پێ باشترە. ئەو نەوە كۆنەش هەروەها كەرەستە و بەرهەم و تەكنیكە كۆن و پێشینییەكانى لەلا باشترە لە كەرەستە و بەرهەم و شێوازى نوێ بۆ ژیان.

دیمەنى یەكەم: ئەو دیمەنەیە كە زۆراب بۆى دەردەكەوێت خاوەن دوكانەكەى نەخوێنەوارە و هیچ ژماردن و نوسینێكى نیە بۆ قەرزەكانى و بە “بەن” و بەو گرێیانەى لەو بەنانەدا گرێیدەدات كارەكانى بەڕیوە دەبات. بۆیە پێیدەڵێت ئەو(زۆراب) خوێنەوارى هەیە و دەتوانێت ئەو كارەى بۆ بكات، بەڵام خاوەنكار رەتى دەكاتەوە بە بیانوى ئەوەى كە باو باپیرانى هەر وایانكردوە(بڕوانە: ل17-18).

دیمەنى دوەم: ئەو دیمەنەیە كە وەستاژن گرنگى بە پاكوخاوێنى و تەندروستى نادات، كاتێكیش (زۆراب) وەكو مۆدێرنخوازێك رەخنەى ئەوەى لێدەگرێت، وەستاژن پێى دەڵێت ئەوە قسەى دكتۆر و مەكتەبلى و كافر و گاورەكانە و ئێمە بۆ هەر نەخۆشیەك دوعا یان نوشتەیەك دەكەین.(بڕوانە: ل19-20)

دیمەنى سێیەم: (زۆراب) بەهۆى ئەو ناكۆكیانەوە دوكاندارەكە بەجێدێڵێ و دەچێتە لاى بازرگانێك، بازرگانەكەش دوكوڕى نەخوێنەوارى هەیە، كاتێك ئەوەى پێدەڵێت كە كوڕەكانى بنێرێتە بەر خوێندن، بازرگانەكە رەتیدەكاتەوە بە بیانوى ئەوەى كە مناڵەكانى كافر دەبن و ئەوان باوباپیریان هەر نەخوێنەواربون و بازرگانیشیان كردوە.(بڕوانە: ل20-21)

دیمەنى چوارەم: كاتێك (زۆراب) پێشنیارى ئەوە بۆ بازرگانەكە (خاوەنكارەكەی) دەكات كە بۆچى خۆى و هاوڕێكانى لە جێى ئەوەى بەرهەمەكانى خۆیان بەنرخێكى كەم بخەنە دەستى بازرگانەكانى شارەوە، كۆمپانیایەك دانامەزرێنن بۆ توتن تاكو زۆرترین قازانجیان بۆ بگەڕێتەوە؟ و پێى دەڵێت: (قوربان، ئەقڵى باوك و باپیرانمان بۆ زەمانى خۆیان باشبوو، بەكارى ئێستا نایەت) لە وەڵامدا خاوەنكار دەڵێ ئێمە لەسەر رێى باوباپیرانمان دەڕۆین.. هەرچەند زۆراب چەند بەڵگەیەكى بۆ دێنێتەوە بۆ راستى بۆچونەكەى، خاوەنكار زۆر بە رستەیەكى كورت پێى دەڵێت: (هەزار قسەى وەها بكەیت، عەقڵى كۆن لە عەقڵى تازە باشترە؟)(بڕوانە: ل25-26)

قۆناغى دوەم: لەم قۆناغەدا بە زەبرى واقیع و دەوروبەرى كۆمەڵایەتى چیتر زۆراب واز لە پرانسیپە ئایدیاڵى و ئەخلاقیەكەى كە ناوى ناوە “ویژدان” دێنێ، واتە دواى ئەوەى دەبێتە كارمەندى دەوڵەت دەگۆڕێت بۆدەسەڵاتخوازێك، چیتر دەبێتە نوێنەرى نەوەى كۆن، بۆیە دەكەوێتە ململانێى ناویژدانیانە لەگەڵ هاوپیشەكانى خۆیدا كە (وەكو ئەرز و حاڵنوسەكان)، دواتریش دەبێتە دوژمن و ململانێكەرى ئەوانەى كە خوێنەوارن و دەگونجێت رۆژێك ببن بە ركەبەرى:

دیمەنى پێنجەم: دواى ئەوەى بۆى دەردەكەوێت بازرگانەكە فرتوفێڵى زۆرە و بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵى لەسەر كۆن و نوێ، بەجێیدێڵێ و دەچێتە قەزایەكى دیكە و لە سەراى ئەو قەزایە دەستدەكات بە ئەرز و حاڵنوسین. بەڵام چەند ئەرزوحاڵنوسێكى دیكە هاوپیشە و كێبەركێى ئەون، لێرەدا وادەكەوێتەوە لەگەڵ هاوپیشە و خوێنەوارێكى وەكو خۆیدا لە ململانیدایە، بۆیە لێرەوە بەرژەوەندى خۆى پێش ئەخلاق و مەبدەئى “ویژدان” دەخات و پاشقول لەوان دەدات. (بڕوانە: ل30-32)

دیمەنى شەشەم: پاش ئەوەى (زۆراب) بۆى سەلما بە درۆ و فێڵ و خیانەت نەبێت لەو ژینگە كۆمەڵایەتیەدا كارى ناڕوات، بۆیە چیتر زۆراب لە نوێنەرى نەوەیەكى نوێوە دەبێتە بەشێك لە نەوەى كۆن و دەسەڵاتخواز. واتە چیتر دەسەڵات و پێگەى كۆمەڵایەتى وەردەگرێت.

دیمەنى حەوتەم: (دیمەنى مۆلەق و گواستنەوەیە كە دەكرێَ بیخەینە نێوان هەردو قۆناغەكەوە): لەگەڵ ئەوەى كە لەڕوى كاركردن و ئیداریەوە زۆراب چوەتە نێو نەوەى كۆنەوە، بەڵام لەڕوى تێڕوانینیەوە بۆ ئاین و پیاوى ئاینى هێشتا سەر بە نەوەى نوێیە، بۆیە لەگەڵ مەلاى مزگەوتدا لەسەر پاكوخاوێنى دەكەوێتە چەند كێشەیەكەوە. تا دواتر لەسەر ئەوەى مەلا هەر ئایەت و فەرمودە لە ئامۆژگارى مزگەوتدا بەعەرەبى دەخوێنێتەوە، ئەمیش داواى لێدەكات ئەو ئایەت و حەدیسانە بكات بەكوردى، بۆ ئەوەى خۆى و ئامادەبوانى دیكەش لێى تێبگەن، بەڵام مەلا تەكفیرى دەكات و لەوێدا بە هاندانى مەلا خەڵكانى ناو مزگەوتەكە باش دەیكوتن و دواتر تۆبەى پێدەكەن و شایەتمانى پێدێننەوە و ئاینى و پێ تازەدەكەنەوە.(بڕوانە: ل33-34)

دیمەنى هەشتەم: دواى ئەوەى لەبەر خوێنەواریەكەى دەبێتە كارمەندى قەزاكە، دەستدەكات بە فرتوفێڵ و روتاندنەوەى خەڵكى نەخوێنەوار و داماو، واتە وەكو نەوەیەكى خوێنەوارى ناو دەسەڵات نەخوێنەواران دەچەوسێنێتەوە.(بڕوانە: ل36-37)

دیمەنى نۆیەم: دواتر زۆراب دەكرێتە قایمقامى قەزایەكى دیكە، لەوێدا دەكەوێتە ململانێى ئەوانەى لەوێدا شارزا و خوێنەوارن، چونكە بە ركەبەر (منافس) و هاوهێزیان دەزانێت. تەنانەت رقیشى لەو مناڵانە دەبێتەوە كە دەخوێنن، چونكە وایدەبینێت بەهۆى خوێنەواریەكەیانەوە لە ئایندەدا دەبنە ركەبەرى.(بڕوانە: ل40-41)

واتە لە دیمەنەكاندا لە قۆناغى یەكەمدا (زۆراب) نوێنەرى نەوەى گەنج و منەویر و خوێنەوارى بە ویژدان و خاوەنى ئایدیاى مرۆڤدۆستانەیە، نوێنەرى چینى چەوساوەیە بەرامبەر نەوەى نەخوێنەوار و دەسەڵاتخواز. بەڵام لە قوناغى دوەمدا (زۆراب) دەبێتە بەشێك لە نەوەى كۆن و دژى خوێنەوارییە و دەبێتە دەسەڵاتخواز و چەوسێنەر.

“زۆراب” وەكو نەوەیەك كە قوربانیە:

زۆراب لە رۆمانەكەدا تاكە ناوە هاتوە(لا30)، كەسایەتیەكانى دیكە بە هاوەڵناوێك یان پێگە كۆمەڵایەتیەكەیان هاتون، یان پیشە و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكەیان باسكراوە. تەنانەت ناوى شارەكانیش یان لادێكان نەهاتوە، تەنها ناوى ئەو قایمقامێتەش تیایدا لەدایكبوە بە پیتى(ه) هاتوە.  ئەم ناو نەهێنانە رەنگە هەندێكى بۆ دۆخ و پێگەى نوسەر بگەڕێتەوە كە كەسێكى ناسراو بوە و رەنگە زۆربەى روداو و كەسایەتیەكانى لە واقیعەوە وەرگرتبن، بۆیە هیچ ناوێكى نەهێناوە تاكو هیچ لۆمە و تەنگەتاویەكى بۆ نەیێتە پێشەوە. كەواتە بۆچى ناوى شاكەسەكەى دێنێ و ناویشى دەنێت (زۆراب)؟

كاتێكیش ناوى زۆراب دێنێ دەبێت بە هۆشیاریەوە ئەو ناوەى هێنابێت، یان رەنگە لە نائاگاییشەوەبێت. لە هەردو بارەكەدا لە ئاگاییەوە بێت یان لە نائاگاییەوە، “زۆراب” لە خەیاڵدانى نوسەر و لە خەیاڵدانى كلتورى و كۆمەڵایەتیشدا ئاماژەیە بۆ كوڕ و نەوەیەك كە لە ململانێدایە لەگەڵ نەوەى پێش خۆیدا، كە ئەویش نەوەى باوكە و لە”رۆستەم”ى باوكدا بەرجەستەیە. لێرەوە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو داستانەى كە زۆر بە زەقى ململانێى نەوەكانى وەكو دیاردەیەك تیایدا بەرجەستەیە، واتە داستانى(رۆستەم و زۆراب).

لەداستانەكەدا رۆستەمى باوك كە نوێنەرى نەوەى كۆنە و دابڕاوە لە نەوەى دواى خۆى كە لە “زۆراب”ى كوڕدا بەرجەستەبوە، ئەم دو نەوە دابڕاوە یەكتر ناناسن و دواتر دەستە و یەخە دەكەونە زۆرانبازى و گورز لێكدان، تالە ئەنجامدا هەرچەند نەوەى كوڕ بەهێزترە، بەڵام رۆستەمى باوك لە غەفڵەتێكدا دەیكوژێ و بە تراژیدیاى مردنى نەوەى كوڕ كۆتایى پێدێت. ئەمەش زۆر لە تراژیدیاى (ئۆدیبى مەلیك) دەچێت و دیمەن و كەسایەتى و پلەتە(plot)كانیان دەكرێت بەراوردێكى ورد بكرێن. كەواتە ناوى شاكەسیش  لە “مەسەلەى ویژدان”دا كە (زۆراب)ە لە دیمەنە گشتیەكەدا دەچێتەوە ناو ململانێى نەوەكان و ئاماژەیە بە ململانێى باوك و كوڕ، ململانێى نەوەى كۆن و نەوەى نوێ. بۆیە دەشێت ئەو ناولێنانەش، كە تاكە ناوهێنانە، بخرێتە سەر دیمەنەكانى ململانێى نەوەكان لە رۆمانەكەدا.

ئەنجام:

دواى خوێندنەوە و هێنانەوەى هەمو راكان لەسەر دەقى (مەسەلەى ویژدان)، هەروەها دواى وردبونەوە لە ژیانى (ئەحمەد موختار بەگى جاف)، گەشتینە ئەم دو ئەنجامە:

*ململانێى نەوەكان بونیادى سەرەكى ئەو دەقە پێكدێنێ و لە توێژینەوەكەماندا زیاتر لە هەشت دیمەنمان ئاماژە پێداوە.

*مەسەلەى ویژدان یەكەمین دەقى ئەدەبى و یەكەمین نوسینى كوردییە تیایدا دیاردەى ململانێى نەوەكان فەوكسى خرابێتە سەر.

*زیاتر رامان بۆ ئەوە دەچێت كە (زۆراب)ى شاكەسى رۆمانەكە خودى (ئەحمەد موختار)ە بە هەندێ جیاوازیەوە.

پەراوێزى پارى یەكەم:

1-(عەبدوڵڵا دەباغ، تێڕوانینێكى نوێ بۆ سەر مەسەلەى ویژدان، گ(رۆشنبیرى نوێ)، ژ116، ك. یەكەمى 1986، لا39-50)

2-(فوئاد رەشید، رەخنەى(رەخنەى رۆمانى كوردى 1973-1999)، چاپخانەى روون، سلێمانى، 2005، لا31)

3-(ئیبراهیم قادر محەمەد، رۆمانى كوردى لە عێراقدا (ماستەرنامە)، زانكۆى سەلاحەدین، كۆلێژى ئاداب، بەشى كوردى، 1990، لا6)

4-(سابیر رەشید، رۆمانى كوردى خوێندنەوە و پرسیار، چاپخانەى ئاراس، هەولێر، 2007،لا28)

5-(ئەحمەد موختار جاف، مەسەلەى ویژدان، پێشەكى و لێكۆڵینەوەى د. ئیحسان فوئاد، چا3، چاپخانەى ئاراس، هەولێر، 2010، لا7)

6-(فوئاد رەشید،..لا131)

7-(عەبدولكەریم حەمید عەبدولكەریم، ئەحمەد موختار بەگى جاف(شاعیر و مرۆڤ)، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، 2000، لا273)

8-(ئەحمەد موختار جاف، مەسەلەى ویژدان،….لا10)

9-(هەمان سەرچاوە…لا8)

10-(بڕوانە: عەبدوڵڵا دەباغ، تێڕوانینێكى نوێ بۆ سەر مەسەلەى ویژدان، گ(رۆشنبیرى نوێ)، ژ116، ك یەكەمى 1986، لا46،47)

11-(بڕوانە: دڵشاد عەلى، مەسەلەى ویژدان وەكو بەرهەمێكى بزوتنەوەى روناكبیرى، گ.بەیان، ژ.133، 1987، لا42-46)

12-(ئیبراهیم قادر محەمەد،…… لا22)

13-(بڕوانە: عەبدولكەریم حەمید عەبدولكەریم، ئەحمەد موختار بەگى جاف(شاعیر و مرۆڤ)، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردم،200، لا222-270)

14-(بڕوانە: هەمان سەرچاوە….لا272-295)

15-(سابیر رەشید، …….. لا 19)

16- (كاوە جەلال، لەتەك فینۆمینە ئەدەبییەكاندا، لەسایتى هۆشیاریەوە وەرگیراوە، 2006، لا44)

17-(هەمان سەرچاوە، لا40)

18-(هەمان سەرچاوە..لا40)

19-(حەمە سەعید حەسەن، بەفر و گركان(رەخنەى ئەدەبى و فیكریى)، دەزگاى ئاراس، چ 1، هەولێر، 2008، ل72-73)

پەراوێزى پارى دوەم:

1-(بڕوانە: د.جمیل صلیبا، تأریخ الفلسفە العربیە، دار الكتاب العالمی، بیروت-لبنان، 1989، ص275)

2-(بروانە: د. احسان محمد حسن، نظریە التغیر الاجتماعى، مجلە العلوم الاجتماعیە، ، عدد 17، بغداد، 2000، لا24-25)

3-( انتونی غدنز، علم الاجتماع، ترجمە و تقدیم: فایز الصیاغ، المنظمە العربیە للترجمە،گ4 ،2005، ص704)

4-بڕوانە:

www.hamdisocio.blogspot.com/2010/10/blog-post_3580

5- د. احسان محمد حسن، نظریە التغیر الاجتماعى، مجلە العلوم الاجتماعیە، ، عدد 17، بغداد، 2000، ص6)

6-بڕوانە: hamdisocio.blogspot.com/2010/10/blog-post_2940)

7-بڕوانە: (hamdisocio.blogspot.com/2010/10/blog-post_2940)

8-(بڕوانە: انتونی غدنز، علم الاجتماع، ص 75)

9-(بڕوانە: http://www.aleqt.com/2010/01/12/article_331404.html

10-(امیر خداكرم الزندی، العولمە فی ضوء نظریە الصراع الاجتماعی(اطروحە دكتوراه)، كلیە علوم الانسانیە فی جامعە السلیمانیە، 2009،ص73)

11-(هەمان سەرچاوە…لا74)

12-(قیس هادی احمد، الانسان المعاصر عند  هربرت ماركیوز، المۆسسە العربیە للدراسات و النشر-بیروت، 2001، ص157)

13-( توفیق الحكیم، ‌‌ثورە الشباب، دار المصر للطباعە، 1988، لا73)

14-( بڕوانە: توفیق الحكیم، ……. ص17)

15-( هەمان سەرچاوە…..ص32،35)

16-(هەمان سەرچاوە: ص 36)

17-(امیر خداكرم الزندی، العولمە فی ضوء نظریە الصراع الاجتماعی(اطروحە دكتوراه)، كلیە علوم الانسانیە فی جامعە السلیمانیە، 2009،ص24)

18-(بڕوانە: عبداللطیف عبدالحمید العانی، المشكلات الاجتماعیە، دار الحكمە للطباعە و النشر، بغداد، 1991، ص106)

19- بڕوانە:

www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=59891

20-www.historians.org/perspectives/issues/2002/0209/0209pre

21- (بڕوانە: فەرهاد پیرباڵ، زمانى حەیزەران(وتارێك لەبارەى گەنج و قوتابیانەوە)، چاپخانەى رەنج، سلێمانى، 2006، لا7 ).

22-(بڕوانە: هەمان سەرچاوە، لا8-11).

23-(بڕوانە: هەمان سەرچاوە….لا29-32).

24-(بڕوانە: هەمان سەرچاوە…لا33-37).

سەرچاوەكان:

————

سەرچاوە كوردیەكان:

1- ئەحمەد موختار جاف، مەسەلەى ویژدان، پێشەكى و لێكۆڵینەوەى د. ئیحسان فوئاد، چا3، چاپخانەى ئاراس، هەولێر، 2010.

2- ئیبراهیم قادر محەمەد، رۆمانى كوردى لە عێراقدا (ماستەرنامە)، زانكۆى سەلاحەدین، كۆلێژى ئاداب، بەشى كوردى، 1990.

3- دڵشاد عەلى، مەسەلەى ویژدان وەكو بەرهەمێكى بزوتنەوەى روناكبیرى، گ.بەیان، ژ.133، 1987.

4-سابیر رەشید، رۆمانى كوردى خوێندنەوە و پرسیار، چاپخانەى ئاراس، هەولێر، 2007.

5- عەبدولكەریم حەمید عەبدولكەریم، ئەحمەد موختار بەگى جاف(شاعیر و مرۆڤ)، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، 2000.

6- عەبدوڵڵا دەباغ، تێڕوانینێكى نوێ بۆ سەر مەسەلەى ویژدان، گ(رۆشنبیرى نوێ)، ژ116، ك. یەكەمى 1986.

7- كاوە جەلال، لەتەك فینۆمینە ئەدەبییەكاندا، لەسایتى هۆشیاریەوە وەرگیراوە، 2006.

8- فەرهاد پیرباڵ، زمانى حەیزەران(وتارێك لەبارەى گەنج و قوتابیانەوە)، چاپخانەى رەنج، سلێمانى، 2006.

9- فوئاد رەشید، رەخنەى(رەخنەى رۆمانى كوردى 1973-1999)، چاپخانەى روون، سلێمانى، 2005.

10-حەمە سەعید حەسەن، بەفر و گركان(رەخنەى ئەدەبى و فیكریى)، دەزگاى ئاراس، چ 1، هەولێر، 2008.

سەرچاوە عەرەبیەكان:

1-  احسان محمد حسن، نڤریە التغیر الاجتماعى، مجلە العلوم الاجتماعیە، ، عدد 17، بغداد، 2000.

2-  امیر خداكرم الزندی، العولمە فی چوء نڤریە الصراع الاجتماعی(اگروحە دكتوراه)، كلیە علوم الانسانیە فی جامعە السلیمانیە، 2009.

3- انتونی غدنز، علم الاجتماع، ترجمە و تقدیم: فایز الصیاغ، المنڤمە العربیە للترجمە،گ4 ،2005.

4-  توفیق الحكیم، پورە الشباب، دار المصر للگباعە، 1988.

5- د.جمیل صلیبا، تأریخ الفلسفە العربیە، دار الكتاب العالمی، بیروت-لبنان، 1989

6-  عبداللگیف عبدالحمید العانی، المشكلات الاجتماعیە، دار الحكمە للگباعە و النشر، بغداد، 1991.

7- قیس هادی احمد، الانسان المعاصر عند  هربرت ماركیوز، المۆسسە العربیە للدراسات و النشر-بیروت، 2001

سەرچاوەكانى ئەنتەرنێت:

1- www.historians.org/perspectives/issues/2002/0209/0209

2- www.hamdisocio.blogspot.com/2010/10/blog-post_3580

3- hamdisocio.blogspot.com/2010/10/blog-post_2940

4- www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=59891

5- http://www.aleqt.com/2010/01/12/article_331404.html

6- www.historians.org/perspectives/issues/2002/0209/0209pre

*پێناسەى ململانێى نەوەكان

*تەمەنى شاكەس لەنێو مەسەلەى ویژداندا، تاكو ئەوە دەربخرێت كە دەكەوێتە نێوان دو نەوەوە.

*پێوانەى تەمەن چۆنە بۆ جیاكردنەوەى نەوەكان.

بڵاوکردنەوە: