فەلسەفەی فیلم یان فیلمی فەلسەفی

690
0
بڵاوکردنەوە:

ئاڵا هۆشیار

پرسیار گەوهەری نێوان فیلم و فەلسەفەیە، بینینی فیلمێک دەیان پرسیار و ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوەی تێدایە بە مەودای بەرفراوانیی بوون، دەکرێ ئەمە بە خاڵی وەرچەرخانی نێوان فەلسەفە و فیلم لێکبدرێتەوە. ریکۆردکردنی هەر شتێک پەیوەندی نێوان نەست و واقیعە.

سەرەتای سەدەی بیست، وەک سەرەتای فەلسەفەی ڕادیکاڵ و مۆدێرن ناوزەد دەکرێ، سەرەتایەکیش بوو بۆ دەرکەوتنی سینەما، دواتر؛ سینەمای دەنگیی بەدوای خۆیدا هێنا. لە سەرەتای سەدەی بیست کە مارکسیستەکان و بوونگەراکان بە ترۆپکی خۆیان گەیشتبوون، سەدەیەک بوو،  پڕ لە گفتوگۆ و دیالۆگ. دروستبوونی یەکێتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی فاشیزم، گەیشتنی کاپیتالیزم بە ترۆپکی خۆی… بە دڵنیاییەوە کاریگەری ئەم قوتابخانە فیکرییانە ناتوانین لەسەر سینەما ئەژمار نەکەین، کەوایە دەبوو سینەما بە فیکرەوە لەدایک بێت. زۆر جار دەستەڵاتدارانی سەدەی بیست و تەنانەت بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان بە کەڵکوەرگرتن لە سینەما پێگە و مانەوەی خۆیان بەهێز کردووە. ئەم وتارە شوێنی ئەو بابەتە نییە!

کەسانی وەک “ئەزنشتاین” و “کۆلۆشۆف” و “پودوفکین”، بە کەڵکوەرگرتن لە دیالێکتیکی هیگڵ و مارکس شۆڕشیان لە سینەمادا کرد. ئیزنشتاین لە وتارێکدا، کە ساڵی ١٩٢٩ بڵاوی کردەوە، لە چۆنێتی مۆنتاژکردندا ئاماژەی بە “تێـز” و “ئانتی تێـز” و “سەنتێز” دا، ئەمەش دژی لەسەریەک چنینی ئەو دیمەنانە بوو کە پێشتر لە سینەمادا وەردەگیرا. ئەزنشتاین بە حوکمی شارەزایی لە زمانی ژاپۆنی باسی ئاماژەی ئەو زمانە دەکات لەڕووی واتاییەوە، هەر بۆیە بە کەڵکوەرگرتن لەو زمانە، زمانی مۆنتاژی دەوڵەمەند کرد، بە جۆرێک کە لینین گوتی: بە بڕوای من فیلم باشترین هونەرە!

لە سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمادا، بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی خەڵک شوێنکەوتەی بوو، لە ڕیزبەندی شانۆ و ئۆپێرا و شێوەکاری و وێنەکێشان… دا، وەک هونەر سەیر نەدەکرا و بەردەوام ئەو پرسیارە دەکرا؛ دەکرێ سینەما بە هونەر بزانین؟ بەڵام؛ لە دوای لێکۆڵینەوەی بیرمەندان، سینەما بوو بە هونەری گشتی، واتە هونەرێک؛ کە هەموو هونەرەکان لەناو خۆیدا هەڵدەگرێ.

هۆگۆ مۆنستربێرگ، وەک فەیلەسووفی سینەمای بێدەنگ ناوی دەبرێت؛ سینەمای لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە وەک ڕاگەیاندنێکی تایبەت ڕاڤە دەکرد، ئەو بە کەڵکوەرگرتن لە وتارەکانی “کانتییە نوێیەکان و دەرووناسیی ئیدراک” بە سینەمای دەگوت: هونەری نمایشی نەست (فیلمەکان کەڵک لە شعووری مرۆڤ وەردەگرن، بۆ تێڕوانینیان لە دونیا، لە مێشک و زەینی مرۆڤەوە دەبێتەوە بە “سینەما”، بەو شێوەیەی کە ناوەوەی مرۆڤ حوکم دەکات، واتە لە ڕووناکیی مێشک و نەستی ئێمە کەڵک وەردەگرێ و لەگەڵ خەیاڵ و سۆز نیشانی بینەری دەدات).

ژیل دۆلوز لە دوایین لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبی (سینەما دوو وێنە- زمان) بەرانبەر بە پرسیاری سینەما چییە؟ “فەلسەفە چییە” دادەنێ. لەسەر بنچینەی ئەم وتەیەی دۆلوز، فەلسەفە و سینەما پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە، بە هەمانشێوە دەتوانین لەنێو فیلمدا شوێنپێی فەلسەفە ببینین، بە پێچەوانەوە دەتوانین بڵێین: سینەما کەرەستەیەکی باشە بۆ دەربڕینی فەلسەفە، بۆیە دەتوانین بڵێین: فیلم ڕیگایەکی کاریگەر و جیدییە بۆ بیرکردنەوە.

ئەگەرچی یەکێ لە کێشە سەرەکییەکانی فەلسەفە، تێگەیاندنی بەردەنگ بووە و ئەم بابەتەش بیرمەندان و خوێندکارانی فەلسەفەی ئازار داوە، بەڵام؛ ئەم بابەتە دەتوانێ لەڕێی چێژی وێنەی جوڵاوەوە بگاتە بینەر؛ وەک چۆن ماکسیم گۆرکی لە ساڵی ١٨٩٦ لە دوای بینینی فیلمێک دەڵێ: من دوێنێ شەو لەنێو کۆشکی سێبەرەکان بووم، چەند سەرنجڕاکێش! بە بێدەنگی سەیری دونیایەکم دەکرد، کە ئاسمان، زەوی، کەش وهەوا، تەنانەت خەڵکەکەیش ڕەنگی خۆڵەمێشی گرتبوو.

دژایەتیی هەندێک لە لایەنگرانی فەلسەفە بە تایبەت ”کۆنسێرڤاتیڤەکان” بەرانبەر بە سینەما، لە نموونەی سێبەری ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوونەوە دەستپێدەکات. ئەوان باوەڕیان وایە: فیلمەکان کە بابەتەکانیان لە بازنەی ( نمایش و جووڵە)دایە، چۆن دەتوانن ئێمە لە پانتایی ( تێڕامان و بیرکردنەوە ) هاوکاری بکەن؟ سینەما بە ئەدەبیاتی نەخوێندەوارەکان ناو دەبەن و پێیانوایە لەوە زیاتر نییە!

ئەوان باس لەوە دەکەن مادام فیلم سۆبجێکتی دیاریکراوی نییە، و بە بەربڵاوی لەسەر زۆر شت قسە دەکات، فەلسەفە نییە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سینما دەبێ وەک “زانستی ئەزموونی” مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.

هەربۆیە ئەم گومانە دەبەستنەوە بە نموونەی سێبەری ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوونەوە (مرۆڤە کورتبینەکان وەک ئەوە وان، لەنێو ئەشکەوتێکدا، زیندانی و گیرۆدە بن و دەست و قاچەکانیان بەسترابێتەوە، بە تەنیا سێبەرەکانی خۆیان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە ببینن؛ بۆ ڕامان و تێگەیشتن دەبێ قوفڵ و زنجیر بپسێنن، لە ئەشکەوت دەرچن و لە دونیای دەرەوە شتەکان بە ڕوونی ببینن). ئەم گفتەی ئەفلاتوون وەک دژە وێنە لێکدەدرێتەوە و دەڵێن: وێنە ناتوانێ دەسپێکی ئەندێشە و قوڵبوونەوەی فەلسەفی بێت، تەنانەت لادەر و گومڕامان دەکات لە حەقیقەت.

بەڵام؛ ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ قسەکانی ئەفلاتوون ڕاست نییە، ئەگەر وێنە کاریگەری لەسەر فەلسەفە نییە، چۆن ئەفلاتوون کەڵک لە وێنە وەردەگرێ بۆ گەیاندنی واتا و مەبەست؟! نەک بە تەنیا ئەفلاتوون، زۆرن ئەو فەیلەسووفانەی بە کەڵکوەرگرتن لە وێنە، ئەندێشەکانی خۆیان باس کردووە.

ئەگەر هۆڵی سینەما بە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون بەراورد بکەین، واتە لە هۆڵێکی تاریکی سینەمادا، وەک ئەشکەوت هەندێک وێنە دەبینین کە لەسەر پەردە دەجووڵێن وەک سێبەرەکەی سەر ئەشکەوتەکە، کەواتە ئەو کاتەی لە سینەما یان لە هەمان ئەشکەوت دەچینە دەرەوە، بۆچوون و تێڕامانە فەلسەفیەکە دەستپێدەکات.

دوو: ئەگەریش لە دوای چوونە دەرەوە لە هۆڵی سینەما (وەک ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون) تێڕامان دەستپێبکات، ئەوە دەتوانین بڵێین کە سینەما کاری خۆی بەجێ گەیاندووە، واتە مۆمی ئەندێشەی بۆ بینەری هەڵکردووە!

بە پێچەوانەوە لایەنگرانی فەلسەفە و لایەنگرانی هونەر باوەڕیان وایە، ئەگەر فەلسەفە بە تەنیا لەڕێی وێنەی سینەماوە قسەی خۆی بکات، سینەما نابێ بە کاتالۆگی بیرۆکە فەلسەفییەکان.

ئەگەرچی هەردوولا لەسەر بۆچوونی خۆیان کۆکن، بەڵام؛ ئەوەی لێرە گرنگە: هەتا ئێستایش فەلسەفە و سینەما بە کەڵکوەرگرتن لە یەکتر درێژە بە ڕێبازی خۆیان دەدەن. بەڵام؛ لەم نێوەندەدا بوونگەراکان زیاتر دانوویان لەگەڵ سینەما دەکوڵێ.

بە بڕوای دۆلوز، فەلسەفە هونەری فۆرم بەخشین و داهێنان و دروستکردنی ناوەڕۆکە، هەربۆیە بە تەنیا ناتوانین بە دەرهێنەرەکانی سینەما بڵێین: ئەمانە شێوەکار یان تەلارساز یان مۆسیقارن، بەڵکو دەبێ دەرهێنەرەکان وەک بیرمەندەکان پێناسە بکەین. ئەم بۆچوونەش لەلای “فرانسوا ترۆفۆ” بە جۆرێکی‌ تر باس دەکرا: ئەو دەرهێنەرەکانی بە هونەرمەند ناودەبرد، ئەگەر ڕاستەوخۆ لە نووسینی سیناریۆ و ڕۆڵگێڕانی ئەکتەردا ڕۆڵی هەبووایە، واتە ئەو دەرهێنەرانەی بە بیرمەند و هونەرمەند دەزانی، ئەگەرچی لەسەر ئەو بۆچوونە ڕەخنەی زۆری ئاڕاستە کرا… کەچی لەمڕۆدا سینەما داهێنانی دەرهێنەر یان سیناریست و ئەکتەر نییە، بەڵکو هەموو ئەوانەی تێیدا بەشدارن خوڵقێنەری فیلمێکی سینەمایین نەک بە تەنیا دەرهێنەر!

بە سینەما دونیا فۆرمی وەک دونیا وەردەگرێ نەک وێنە ببێت بە بەشێک لە دونیا.

هاوتەریببوونی بیرمەندانی بوونگەرا، لەگەڵ دونیای مۆدێرن و لەسەر هێرشکردنە سەر فەلسەفەی کۆن، فەیلەسووفەکانی وەک نیچە و هایدیگەر و سارتەر و کامۆ، بە بیانووی ئەوەی لەنێو دەقە فەلسەفییەکاندا مرۆڤ لەبیرکراوە و گرنگیی ئەوتۆی پێ‌ نەدراوە، بە تایبەت مرۆڤی مۆدێرن، ئێگزیستێنشیاڵستەکان بڕوایان وایە مرۆڤ خاوەنی پێشینەیەکی دیاریکراو نییە، مرۆڤ وەک هەموو بوونەوەرێکی تر بوونێکی زەرووری نییە و جێی گومانە. یان وەک سارتەر دەڵێ: مرۆڤ ماشێن نییە بە هەموو شێوەیەک پێناسەی لەپێشینەی بۆ کرابێت.

پێناسەی ئەم بیرمەندانە لەسەر فەلسەفەی مودێرن وا دەکات، پەیوەندیی “ئێگزیستێنشیاڵستەکان” لەگەڵ ئەدەبیات و هونەری مودێرن تا دێت چڕتر بێتەوە، سینەما هاوتەریب لەگەڵ بوونگەراکان پێناسەیەکی نوێتریان بۆ مرۆڤی سەردەم دۆزییەوە، وەک چۆن نیچە پێیوایە: کەفوکوڵی گەیشتنی مرۆڤ بە حەقیقەت بیرۆکەیەکی ترسنۆکانە  و لەرزۆکە، ڕووی خۆی دەکات لەوانەی بوێرن و دەوێرن بە ئەخلاقی کۆیلایەتی ” نا” بڵێن.

بەو شێوەیەش سینەما داوا لە کاراکتەرەکانی دەکات بەرەو بەرزەمرۆڤی بڕۆن و پڕبن لە گومان و دڵەڕاوکێ و پرسیار، پێناسەکانی مرۆڤی سەردەم، نائارام و ناجێگیر و بەردەوام تەنیا، لێکنەگەیشتن و بێباوەڕی و بێخودایی.. هەموو ئەم پێناسانە بۆ مرۆڤ، خاڵی وەرچەرخانی گرنگی بوونگەراکان و دونیای سینەمایە. هەر بۆیە لە فیلمەکانی تارکۆفسکی و ئانتۆنیۆنی و کورۆساوا و بێرگمان و … کاراکتەرە سەرەکییەکان پڕن لە دڵەڕاوکێ و گومان.

مەرگ لە سینەما و فەلسەفەی بوونگەرایی:

بێرگمان مەرگ بە ڕووداوێکی دڵنیاکەرەوە وەسف دەکات، ڕووداوێک کە ترسی لە دڵی هەموو مرۆڤێکدا بە شێوەیەک و هەر جارەو بە جۆرێک خۆی دەنوێنێ. بێرگمان لە فیلمی مۆری حەوتم، بە دیمەنی شوالیە (جەنگاوەر) و هاوکارەکەی، لە ڕۆخی دەریا ڕاکشاون و دواتر شوالیەکە لە خەو ڕادەبێت و ڕوو لە خودا دەست دەکات بە دوعا و موناجات. خەمگینی و دڵشکان و بێخەویی ئەم کاراکتەرە، هەر ئەو حاڵەتە دەروونییەیە کە بوونگەراکان ناوی دەنێن دڵەڕاوکێی مردن، بەڵام؛ هایدیگەر سەرەڕای دڵەڕاوکێ ئاگاداری و دڵەخورپەیش بەو سۆزدارییە دەروونیە زیاد دەکات. بێرگمان لە دوای ئەو دیمەنە فەزایەک بۆ بینەر دەخوڵقێنێ کە هەست بکەی ئێستا مەرگ دێت، هەتاوێکی بێ ڕەنگ و ئاسمانێکی ڕەش هەڵگەڕاو و بێ جووڵە. بوونگەراکان ترس و دڵەڕاوکێی سەرە مەرگ، لە یەک جیا دەزانن و ئەوان پێیانوایە دڵەڕاوکێی مردن، جوانترین کاتی بڕیاردانە.

جیاوازیی ترس و دڵەڕاوکێ لە سەرەتای فیلمی لە خۆبووردنی تارکۆفسکیدا بە جوانی پیشان دەدرێ، لە دوای ئەوەی بنەماڵەکە ئاگادار دەبن کە شەڕە و بە چەکی ئەتۆمی بۆردومان کراون، ترس بە سەریاندا زاڵ دەبێ، هاوسەر و کچەکەی ئەلێکساندەر لە ترسان خەریکە تووشی جنوون (شێتی) دەبن، بەڵام؛ بۆ ئەلێکساندەر بە پێچەوانەیە، کاراکتەر بەرانبەر بە نەمان تووشی دڵەڕاوکێ دەبێ، هەر بۆیە لەژێر لێوەوە دەڵێ: هەموو تەمەنم چاوەڕوانی ئەم کاتەم دەکرد. ئەمە لەلای هایدیگەر ئازاری بەئاگاهاتنە.

به بڕوای هایدیگەر دڵەڕواکێ لە خودی بوون (dasein)ەوە، سەرچاوە دەگرێ. نیگەرانی لە ڕێگای دەرچوونەکان و ڕێک لەو شوێنەوە دێت کە هیچ دەرچەیەک نەماوە بۆ ڕاکردن.

وێنای ئێمە بۆ سینەما، هێشتا ناتوانێ بێ پاڵەوان،  دژە پاڵەوان، هێزی خێر و شەڕ بێت، لە نێوان دوو پەیوەندی یان چەند پەیوەندیدا، لێرەدا وەک دۆلوز دەڵێ: فەلسەفە کاتێک دێتە ناوان کە دوو دژ بوونی هەبێ، دوو بیرکردنەوەی جیاواز و دوو ئاکاری جیاواز، دوو زەمەنی جیاواز، دوو مەودای جیاواز و دوو ڕووداوی جیاواز. فەلسەفە کاردانەوە نییە بەرانبەر بە هەموو شتێک. لێرەشدا سینەما کە هونەری گشتییە، وەک فەلسەفە هەڵسوکەوت دەکات.

وەک ئالن بادیۆ دەڵێ: سینەما و فەلسەفە لە پەیوەندییەکی چڕوپڕدان پێکەوە، دەتوانین بڵێین سینەما نیشانەی فەلسەفییە، پەیوەندی سینەما و فەلسەفە پەیوەندییەک نییە لە ڕەگەزی زانست. فەلسەفە ناتوانێ سینەما بە ئێمە بناسێنێ، ئەم توخمی ژیانە، ناوەڕۆکی پەیوەندیی سینەما و فەلسەفە سەروقڵپ دەکاتەوە، سینەما ڕێکەوتێکی فەلسەفییە، دەربڕینێکی خەیاڵی، لە ڕێکەوتی فەلسەفە کە پەیوەندی نێوان کاردانەوەکانە.

ئەگەر فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە “ئەویتر” بەو شێوەی کە ئەفلاتوون دەڵێ، کەوایە پەیوەندییەکی ڕیشەیی لە نێوان سینەما و فەلسەفەدا هەیە. ئەگەر پێمانوابێت کە داهێنانی “سەنتێز” بە تەنیا ئەرکی فەلسەفەیە، ئەوە تێگەیشتنێکی کۆڵەوارمان بەرانبەر بە سینەما هەیە.

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: