سینەمای ئەزموونی، ئەزموونی ڕادیکاڵانە

462
0
بڵاوکردنەوە:

ئا: ئیدریس عەبدی

سینەمای ئەزموونی یان فیلمی ئەزموونی، ژانرێکە لە سینەما، بنچینەی ئەم ژانرە لەسینەمادا دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئاوانگاردی ئەورووپا لەدەیەی 1920. سینەمای ئەزموونی بە جۆرێک لە بەرهەمهێنانی فیلم دەگوترێت کە بە تەواوەتی لە ڕەوتی گشتی و باوی فیلمسازی دوورە و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە هەندێک جار دژایەتیی سینەمای باو یان سینەمای بازرگانی دەکات. لە دەیەی 1960دا بە سینەمای ئەزموونییان دەگوت “سینەمای پەنامەکی و نهێنی”. زۆربەی کات فیلمێکی ئەزموونی بەوە دەناسن کە چێرۆکێکی خەتیی نییە و تێیدا لەتەکنیکگەلێکی پێناسەنەکراو کەڵک وەرگیراوە. لەوانەیە لە فیلمێکی ئەزموونیدا هەندێک لە گرتەکان بە تەواوەتی فوکووس نەبن یان کامێرا گۆشەنیگایەکی سەیروسەمەری بێت.

مونتاژی سەرکێشانە، یەکێکی دیکەیە لە تایبەتمەندییەکانی فیلمی ئەزموونی. لە مونتاژی ئەم فیلمانەدا لە هیچ کام لە توخمە ناسراوەکانی مونتاژ وەکوو دیزاڵو، فەید ئێن و فەید ئاوت یان مەچ کات کەڵک وەەرناگیردرێت. دەنگی voice over  لەم فیلمانەدا زۆر بەکار دێت. هەندێک جار دەبینین لەم فیلمانەدا هیچ موزیکێک بەکار نەهاتووە، یان فیلمەکە هیچ دەنگێکی نییە.

ئامانج لەبەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکانە ئەوەیە کە بەردەنگ لەتێگەیشتنی فیلمەکەدا چالاکتر بێت و پێوەندییەکی فیکریی قووڵتر لەگەڵ فیلمەکەدا بگرێت. بەردەنگ لەفیلمی گێڕانەوەی کلاسیکدا هیچ هەڵبژاردەیەکی لەبەردەستدا نییە و لەبەرامبەر  فیلمەکەدا بێ دەسەڵاتە، فیلمی گێڕانەوەی کلاسیک هەر شتێک وەکوو چیرۆک بە بەردەنگ  نیشان بدات، بەردەنگ  بە ئاسانی قەبووڵی دەکات.

لەدەیەی 1960دا فیلمی ئەزموونی دژایەتیی  فەرهەنگی باوی ئەو کاتەی  دەکرد. پێکهاتەی زۆربەی فیلمەکانی ئەم ژانرە لەسینەما، پێکهاتەیەکی ئێمپرسیونیزمی و شاعیرانەیە. وەکوو هەموو بزووتنەوە پێشکەوتنخۆازەکان، سینەمای ئەزموونی سینەمایەکی ئامانجخوازە، ئامانجی گەیشتن بە بن و بناوانی خۆیەتی، ئامانجی گەیشتن بە ئەزموونی ڕادیکاڵانەیە. سینەما بەردەوام وەکوو هونەرێکی تێکەڵاو، بەرهەمی کەڵکوەرگرتن لە ئێستاتیکای هونەرەکانی دیکەیە. کەڵک وەرگرتن لەگێرانەوە (ئەدەبیات)،  Mise – En – Scene   (شانۆ)، ڕازاندنەوەی دیمەن.

لەلایەکی دیکەوە لە فیلمی داستانی  کلاسیکدا، ئەرکە لەسەر دەرهێنەر کە داواکارییەکانی بینەران لە بەرچاو بگرێت و ئەو شتانەی کە بەردەنگ چاوەڕوانی دەکات بهێنێتە دی و لە شێوازی چیرۆک نووسی ئەرەستوویی کەڵک وەربگرێت. نووسەری سناریۆی فیلمێکی داستانی ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە کەسایەتیی فیلمەکەی، کەسایەتییەک بێت کە لە سینەمای داستانیدا پێناسەکراوە، بەڵام لە فیلمێکی ئەزموونیدا فیلمساز بە پێویستی نازانێت پابەند بێت بە پێوەرەکانی گێڕانەوەی چیرۆک لە سینەمای داستانیدا. لەواقیعدا دەرهێنەری فیلمی ئەزموونی دەیەوێت لە پێوەرکانی سینەمای داستانی کلاسیک دەرباز بێت و شوێنکەوتووی  بەردەنگ نەبێت. بە واتایەکی دیکە، فیلمسازی فیلمی ئەزموونی، داهێنان دەکات و لە چوارچێوەی بەستراو و پێناسەکراوی فیلمی کلاسیک خۆی دەرباز دەکات.

زۆرێک لە فیلمە ئەزموونییەکان، سەرچاوەیەکی دارایی بەرچاویان پێویست نییە. هەر بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەگرووپی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانە کار دەکەن، زۆر کەمەن. لەم فیلمانەدا هەندێک جار دەرهێنەر خۆی کاری کامێرا و مۆنتاژیش دەکات. هەندێک جاریش دەرهێنەر بە تەنیایی ئەندامی گرووپی بەرهەمهێنانە، روونە کە لەم هەلومەرجەدا چی دیکە فوکووسبوون یان فلووبوونی وێنە، بەکارهێنانی ستاندی کامێرا یان بەکارنەهێنانی نابێت بە کێشە و لە دەستووری کاری دەرهێنەردا جێگایەکیان نییە. بە واتایەکی دیکە بینەری فیلمی ئەزموونی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ فیلمدا پێوەندیی دەگرێت.

هەروەها وەك سەرەتا ئاماژەمان پێدا، بنچینەی سینەمای ئەزموونی بۆ دەیەی 1920 لە ئەورووپا دەگەڕێتەوە. لەو ساڵانەدا بزووتنەوەی دادائیستەکان و سوریالیزمەکان ڕوویان لە سینەما کرد. هانس ڕیختەر، ژان کۆکتۆ، مارسل دووشان، ژێرمەن دوولاک و فێرنان لێژە، زۆر بە وردی و گرینگ خوێندنەوەیان بۆ سینەما کرد.

لە ساڵی 1924 دا  فێرنان لێژە فیلمی بێدەنگی Ballet Mécanique بەرهەم هێنا و مارسل دووشان لە ساڵی 1926 دا فیلمی  Anemic ی بەرهەم هینا.

سالوادۆر دالی و بۆنۆییل فیلمی Un Chien Andalou یان بەرهەم هێنا.

واڵتێر رۆتمەنیش لەبێرلین فیلمی بەڵگەیی  Berlin: Symphony of a Metropolis  بەرهەم هێنا.بەم ناوانە ئەبێت ناوی کەسانێکی دیکە وەکوو مارسل لێربیە،ژان ئێپشتاین و ئابل گانس زیاد بکەین.

لەواقعدا سینەمای دیجیتاڵ ئەو هەلەی رەقساند کە هەر تاکێک بتوانێت کاری فیلمسازی بکات.تەنانەت ئێستا زۆربەی موبایلەکانیش کامێرایان هەیە و تاکەکان دەتوانن زۆر بە ئاسانی بۆ فیلمهەڵگرتن بە کاری بهێنن.بە درووست بوونی ئەم هەلە بۆ هەر تاکیک ،فیلمی ئەزموونی خەریکە گۆرانکاری بەسەردا دێت.

دەرهێنەری فیلمی ئەزموونی هاوکات کە بیر لە بەرهەمهێنانی فیلمکەی دەکات دەبێت ئەوەی لە بیر بێت کە لە پێوەرەکانی گێرانەوەی سینەمای تیجاری پەیرەوەی نەکات.سینەمای گێرانەوەی ساڵەهایە کە لە پێوەرەکانی گێرانەوەیی “ئەرەستوویی” کەڵک وەردەگرێت هەر بۆیە پێویست ناکات کە فیلمسازی سینەمای ئەزموونی تێچووی کەمی فیلمەکەی بۆ ئەو پێوەرانە دابنێت کە هیچ چەشنە تازەگییەکی نە بۆ بەرهەمهێنەر هەیە نە بۆ سینەماکەی.

فیلمسازێکی ئەزموونی بەردەوام بە دوای داهێنانە لە فۆرم و ناوەڕۆکی فیلمەکانیدا.لە واقعدا فیلمسازی ئەزموونی لە هەر کات و ساتێکدا دەبێت بەردەنگی خۆی تووشی سەرسووڕمان بکات و ئەو ئیزنە بە بەردەنگ نەدات  کە  بە ئاسانی  گۆمان لە  ئیستراتژی گێرانەوەی چیرۆکی فیلمەکەی  بکات.بەردەنگ هەندێک جار لە فیلمە کلاسیکەکاندا بە ئاسانی لە رەوتی گێرانەوەی چیرۆکەکە گۆمان دەکات.

لە جیهانی سینەمادا هیچ فیلمسازێک ناتوانێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە بەردەنگی فیلمەکەی بۆ گرنگ نییە .دەست نیشانی کردنی بەردەنگی هەر بەرهەمێکی ئەزموونی، ئەرکێکی سەرەکی فیلمسازی ئەزموونییە. ناسینی بینەرانی هەر بەرهەمێک پێش لە بەرهەمهێنانی کارێکی گرینگ و پڕبایەخە و یارمەتیی فیلمساز دەدات کە هەنگاوەکانی دوایی قورستر هەڵبگڕیت.

دەرهێنەری فیلمێکی ئەزموونی سەرەکیترین و گرینگترین کەسە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. بەپێی ئەوەی کە هەر فیلمێکی ئەزموونی بەرهەمی ئەزموون و هەڵە کردنە دەبێت ئەو هەلە بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمی ئەزموونی برەخسێت کە بە ئاسانی فیلمەکانیان بەرهەم بهێنێن.

فیلمسازێکی ئەزموونی هاوکات کە جەخت لە فۆرم دەکاتەوە دەبێت بیر لە ناوەڕۆکیش بکاتەوە تاکوو نەکەوێتە داوی دەستەواژەگەلێک وەکوو “فۆرم بۆ فۆرم” یان “هونەر بۆ هونەر”.سینەمایەک کە  گرینگی و بایەخ بە ناوەڕۆک نەدات پێشوازی لێ ناکرێت و بە زووترین کات  و زۆر بە ئاسانی  لە بیر دەکرێت.

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: