شار و ڕووحیەتی ڕەچەشکێنی

417
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

پرسی شارسازی و دروستبوونی شار یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دروستبوونی تاکی ئازاد و سۆراخکردن بۆ پرسە بوونگەراییەکان و خودبینی لە ناو ئەوانی تردا. کاتێک شۆڕشی فەرەنسی (١٧٨٧) و شۆڕشی کۆمۆنە لە (١٨٧٠) لە پاریس هەڵگیرسا، یەکێک لە فاکتەرەکان ئەوەبوو کە پاریس لە ڕووی دیموگرافی و چڕیی دانیشتووان هەڵگری سیمای ڕاستەقینەی شار بوو، تاک تێیدا خواستێکی ‌باڵای هەبوو بۆ ئازادی و یاخیبوون. سەبارەت بە کوردستانیش، لە سەدەکانی ڕابردوودا تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم، بەگوێرەی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکان هیچ شارێکی کوردستان نەبووە کە چڕیی دانیشتووان تێیدا بەرز بووبێت. بە هەزاران گوند و شارۆچکەی بچووک هەبوون کە تێیاندا سیستەمی فیوداڵ کارا بووە، هەر ناوچەیەک بە دەست عەشیرەتێک، بنەماڵەیەک یان تیرە و خێڵێکەوە بووە. لە فۆڕمی فیدراسیۆنی بچووکدا حکومدارییان کردووە؛ سیمای «شاربوون» بوونی نەبووە. ئەوەی شایەنی باسە هەمیشە شارە گەورەکان بوونەتە هەوێنی لەدایک بوونی (نا)ی کارا، دەستپێکێک بۆ دەرکەوتنی ڕووحیەتی یاخیبوونی کوردی. یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) لە شارێکی وەک  (قاهیرە)  لە (١٨٩٨ز) دەرچوێندراوە، لە لایەن میقدات مەدحەت بەدرخان. هەروەتر، یەکەمین گۆڤاری کوردی بە ناوی (ڕۆژی کورد) لە ئەستەنبوڵ بڵاو کراوەتەوە لە (١٩١٣ز)، یەکەمین ڕێکخراوەی ژنان لە (١٩١٩ز) و ڕێکخراوە خوێندکارییەکانیش لە (١٩١٢ ز) هەر لە ئەستەنبوڵ سەریان هەڵداوە. کەسایەتییەکی ڕچەشکێنی ئایینی (مەولاخالید نەقشبەندی) هەر لە هیندستان ئیجازەی ئیرشادی تەریقەتی نەقشبەندی وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە، لە سلێمانی ڕابوونێکی ڕۆحی لە بەرانبەر بنەماڵەی قادرییەکان هەڵدەگیرسێنێت. ڕەنگە گێڕانەوەکان گەلێک زۆربن کە سەرجەمیان نوێنەرایەتیی ڕۆحیی ڕچەشکێنی و یاخیبوون و نوێگەری دەکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بیخەمە ڕوو، ئەوەیە کە ئێمە هەر بە ڕاستی دەتوانین بەم چوار پارێزگایەی کە هەمانە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بڵێین شار؟ من پێم وایە ئەم پرسە هێندە ئاسان نییە. چونکە هێشتاکە هەنگاوی زۆرمان ماوە کە شارسازی وەک زانستێک ببینین نەوەک هەر فراوانکردنی ماستەرپلان و داگیرکردنی شاخ و گرد و پڕۆژەی زۆر و زەبەنی نیشتەجێبوون.

هێشتاکە زۆرێک لە گەڕەکەکانی کوردستان کەسانی نزیکی یەک عەشیرەت یاخود بنەماڵەیەک لێی نیشتەجێن. بۆ نموونە لە سلێمانی گەڕەک هەیە دانیشتوانەکەی زۆرینەی خەڵکی یەک ناوچەن. یان لە هەولێر و دهۆک بە نموونە، عەشیرەت هەیە زۆربەی ئەندامەکانی بە تەواوی لە یەک ناوچە نیشتەجێن! ئینجا بە ڕاستی مەترسیی ئەمە لە چیدایە؟ بە بڕوای من مەترسییەکە لەوەدایە کە ڕووحیەتی تاکگەرایی- (Individualism) زۆر بە زەحمەت دەڕسکێت. تاک چاوی لەسەرە چی دەکات و چی ناکات؟ بە جۆرێک لە جۆرەکانیش دەسەڵات ئەمەی لا پەسەندە، چونکە بە ئاسانی لە ڕووی ئاساییشەوە تاک کۆنتڕۆڵ دەکرێت بەوەی کە دەزانرێت چۆن بیر دەکاتەوە. ئەگەر بیرکردنەوە و ئاکتەکانی جێگەی مەترسی بن، دەستبەجێ سەرکوت دەکرێت، سەرەتا لە لایەن کەسە نزیکەکانی پاشان سیستەمی خۆسەپین و دیسپۆتیک. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە یادمە وشەیەک هەبوو زۆر بەکار دەبرا بە ناوی ( کۆکردنەوەی مەزبەتە) هەر کەسێک یان خێزانێک بە جۆرێک ئاکتی نامۆیان هەبووایە، لەناو سنووری گەڕەکێکدا، ئەوا مەزبەتەیان لێ دەکرا و  دەردەکران، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ئیمزای دانیشتوانی ئەو گەڕەکە، یاخود ئەو ناوچەیە. ئەم جووڵەیە ئێستاکەش هەر کارایە، کە خۆبەخۆ هەنجەت دەداتە دانیشتوانی هەر گەڕەکێک کە هەر جۆرە ڕچەشکێنییەک سەر هەڵ بدات لە هەر تاک و خێزانێک، دەبێت دەستبەجێ سەرکوت بکرێت. پرسی کۆکردنەوەی مەزبەتە، دەرکەوتەکەی زیاتر لە فۆڕمی ڕێوڕەسمێکی ئایینی ناو کەڵت و سێکتەکان دەچێت کە دەکرێ شایەنی لێ ڕامانی زیاتر بێت لە پڕۆژەی توێژنەوەی سەربەخۆدا.

وەک گرێدانەوەیەک بەم باسە،  پرسی یەکەی نیشتەجێبوون پرسێکی گەرمی ڕۆژەڤە، چ لەناو میدیا بێت و یاخود هاوڵاتیان. هەرچی ئەوەی کە جێگای سەرنجە لەمەڕ ئەم پرسە، بێخەبەریی تاکە کە  بیر ناکاتەوە چۆن ئەم دیاردەیە بۆتە سەرەتایەک بۆ بە گیتۆکردنی کوردستان و لەقاڵبدانی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی سیستەم و دەسەڵاتی هەڵتۆقیوی خێڵ و بنەماڵەکان لەناو سێکتەری بونیادنانی یەکەی نیشتەجێبووندا بەڵام بە فۆڕمێکی مۆدێرن. بۆ نموونە تۆ کاتێک لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون بڕیاری ژیان دەدەیت، مەرجە بێ سێ و دوو پابەندی بڕیارەکانی ناو کارگێڕیی یەکەی نیشتەجێبوونەکە ببیت. ڕوون نییە کە زۆرێک لەم بڕیارانە چ  جۆرە فۆرمێکی بیرکردنەوە لە پشتیانەوەیە؟ فۆڕمی ئایینی و بە یەکڕەنگردن یاخود فۆڕمی تەریککردنی تاک لەناو دنیای مەسرەفگەرایی و خۆپەرستیدا؟ هەر بۆیە بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە زۆرێک لەو تاکانەی کە لەناو یەکە نیشتەجێبوونەکان دەژین ناتوانن نمایندەی ڕووحیەتی یاخیبوونی دەستەجەمعی بکەن، زیاتر ئەزموونی فۆڕمە ژیانێکی مەسرەفگەرایی دەکەن کە دابڕاوە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو گەڕەکانەی کە دانیشتوانەکانی خۆیان یەک ڕەنگ کردووە بە بیری ئایینی و کۆمەڵایەتی، ئەستەمە هاودەنگییەک لە بەئاگاهێنانەوەی مرۆڤ لەسەر بنەمای ئازادی و فرەبوونی بیرکردنەوە، بەدی بێت.

سەرەنجام، پرسی شارسازی ئەگەر بە فۆڕمێکی زانستیانە سەر ڕێ نەخرێت و تێیدا مرۆڤ ئامراز بێت نەوەکو ئامانج، ئەوا ئەستەمە بتوانین وەک کورد هەڵگری دیدگایەکی جددی ببین لە پرسەکانی پەیوەست بە نەتەوەسازی و بەئاگاهێنانەوەی تاک. ئەگەر لە ڕابردوودا نەبوونی شاری گەورە، ئاستەنگ بووبێت بۆ لەدایکبوونی ڕۆحی نوێگەری و ڕچەشکێنی، ئەوا لە ئێستادا بە نیمچەیی ئەو شارە بوونی هەیە، بەڵام لە مۆدێلی گوندێکی گەورەی مۆدێرندا. بۆیە بەر لە هەر ئاکتێک کە دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەمەڕ شێواندنی سروشتی شار و پلانسازیی شار. پێویستە سەرەتا تاک پەیوەست بەو شوێنەوە، بە ئاگا بهێنرێتەوە، شوێن وەک فەزایەک بۆ دروستبوونی کاریگەری لە ئاواکردنی ڕووحیەتی یاخیبوون و ڕچەشکێنی. شوێن وەک جێگایەک بۆ لەدایکبوونی بیری نوێ. چونکە کاتێک تاک نەیتوانی لە سروشتی ئەو پەیوەندییە تێبگات ئەوا ئەستەمە دەستپێشخەرییەکانی بەرهەمدار بێت لە هێنانەکایەی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، لێدان لەو بتانەی کە کۆمەڵگە مانایان پێی داوە.

بڵاوکردنەوە: