نووسینی: باران بارلاس
وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر
پاژە بەناوبانگەکەی هیگڵ، بە دیالەکتیکی کۆیلە-سەردار ناسراوە و بیرۆکە فەلسەفییەکانی تێدا بەرجەستە بووە. بیرۆکەکە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە بیردۆزەکانی فەلسەفە و دەروونناسی هەیە.
فەیلەسوفەکان درک بەوە دەکەن کە بۆ هێڵکێشی بیرۆکە بیردۆزەییەکان، لە گێڕانەوەی چەلەحانێ و گفتوگۆی نێوان تاکەکان سوددەبینن. نمونەی ئەمەش، گفتوگۆ بەناوبانگەکانی سۆکرات “Socrates”ە کە ئەفڵاتون “Plato” نووسیویەتی. بەهەمان شێوە، دیالێکتیکی کۆیلە-سەردار “Master-Slave”ی جۆرج ویلهێڵم فرێدریک هیگڵ “Georg Wilhelm Fredrick Hegel” چیرۆکی گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو تاکی هۆشیار، کە سەردەکێشێت بۆ شەڕی هەتا مردن، دەگێڕێتەوە. تێگەشتن لە بڕگە یان پاژی دیاردەناسیی ڕۆح “Phenomenology of Spirit”ی هیگڵ گرنگە، نەک لەبەر ئەوەی بنچینەی هەموو پێکهاتە فەلسەفییەکەی تێدا کۆکردوەتەوە، بەڵکو لەبەر کاریگەریی قوڵی لەسەر بیر و بیریارانی دواتری.
دیالەکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵ: داستانێکی فەلسەفی.
هەرکەسێک لە مێژووی فەلسەفەدا قاڵبووبێتەوە، بێگومان بەسەر ئەو گێڕانەوە گریمانییانەدا گوزەریکردووە کە بۆ ڕاستاندن یان بە کۆنکرێتکردنی چەمکە فەلسەفییەکان نووسراون. لە کۆمار “Republic”ی ئەفڵاتوندا، ئەلیگۆری یان ئاماژە بۆ ئەشکەوتەکە، وەک دیارترین نمونەی فەلسەفەی دێرین ئامادەیی هەیە. بۆ ڕاڤە و ڕوونکردنەوەی بیردۆزەی شێوەکان “Theory of forms” ئەفڵاتون سیناریۆیەکی دانا کە گروپێک خەڵک لەلایەن سێبەرەکانەوە فریودرابوون، کە تەنها شێوەدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی واقعی تەنەکانی ژێر ڕووناکی خۆرن.
نمونەیەکی مۆدێرن، لە کتێبی لێڤیاتان “Leviathan”دا، بیردۆزەی دۆخی سروشتی تۆماس هۆبز “Thomas Hobbies” چۆنێتی ژیان بەبێ دەسەڵاتێکی سەروەرد نیشان دەدات. بۆ ئەو مەبەستە، هۆبز هەوڵ دەدات چۆنایەتی مامەڵەی تاکەکان لە پەیوەندییان بە یەکترەوە لەسەر بنەمای ترس، وێنابکات.
ئەم چیرۆکانە گریمانەیین، بەو مانایەی کە پێویست نیە لە واقعی مێژوودا ڕوویاندابێت، هەرچەندە لە ڕووی مەنتیقەوە قابیلی قەبوڵن و ئیمکانی ڕوودانیان هەیە. گرنگی ئەم برگە و پاژانە لە هێزی کورتکردنەوە و بەیانکردنی ئارگومێنتە فەلسەفییەکاندا خۆیدەبینێتەوە، کە پەیوەندیداد و بەرجەستەکاری ئەزموونی مرۆڤن.
دیالەکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵیش تیشکدەخاتە سەر زۆرێک لە لایەنەکانی هەموو فەلسەفەکەی. ئامانجی سەرەکی لەم پرۆسێسە دیالەکتیکییە بۆ دۆزینەوەی ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئازادی بەدەستبهێنێت و بەرجەستەی بکات، ئەمەش بە نزیکی بە پرسی “چی دەمانکاتە مرۆڤ”ەوە وابەستەیە. دوای ووتووێژە چەقبەستوەکەی دەربارەی ئاگاییبوون یان هۆشیاربوون، چیرۆک و پەندەکەی هیگڵ، بیردۆزە لە ناو دەق و چوارچێوە کرداری و کۆمەڵایەتیەکەدا جێدەکاتەوە.
فەلسەفەی هیگڵ و دیاردەناسی ڕۆح
سەنتەرترین و سەرەکیترین چەمکی فەلسەفی هیگڵ، بەدڵنیاییەوە لە ڕۆح (geist) “Spirit”دایە. بە دەربڕینی سادە، ڕۆحەکەی هیگڵ بۆ هۆشیاری مرۆڤ لەسەر ئاستی تاک “Individual Consciousness” و هۆشیاری مرۆڤ لەسەر ئاستی کۆمەڵ “Collective Consciousness” دەگەڕێتەوە، ئەویش کەلتوورە، سیاسەتە، زانستە …هتد. لەبەر ئەوەیە، وەک گشتگیرکارێک، تاقیکردنەوەکانی هیگڵ لەسەر گەشەسەندنی هۆش یان هۆشیاری مرۆڤ و تاقیکردنەوەکانی دەربارەی مێژووی جیهان، لەگەڵ یەکتر تێکەڵاوبوون. دیاردەناسی ڕۆح، لەگەڵ چەمکاندنە قورس و بەناوبانگەکانی، خوێندنەوەیەکی وورد و درێژ بە چەمکی ئەبستراکت و چەقبەستوو دەربارەی گەشەسەندنی هۆشیاری مرۆڤ پێشکەش دەکات. لەلایەکی ترەوە، فەلسەفەی ماف “Philosophy of Right” چۆنێتی بەدەست هێنانی ئازادی لەلایەن ڕۆحەوە لە چوارچێوەی نەزمی کۆمەڵایەتیدا، بەیاندەکات.
دیالەکتیکی هیگڵی پرۆسێسێکە کە تێیدا چەمکێک، هۆشیارییەک، یان کۆمەڵگایەک بە چارەسەکردنی دژایەتییە ناوەکییەکانی لە سێ قۆناغدا، بۆ شێوە کۆنکرێتییەکەی خۆی گەشەدەکات. لە هەر قۆناغێکدا، دژایەتییە پێشینەکان بە هاوئاهەنگکردن و یەکخستنی پێچەوانەکانیان چارەدەکرێن.
بۆ دانانی ئەمە لە سیاقێکدا، دەتوانین بەشێوەیەکی بەرفراوان، لە شێوازی بونیادنانی دەوڵەتی مۆدێرن بڕوانین. یەکەمجار، لێرەدا دەوڵەتێکی بێ یاسا بوونی هەیە، ڕێگە بە تاکەکانی دەدات ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام لە پاراستنیان لە دەستخستنەکار و تەداخولی ئەوانیتر شکست دەهێنێت. لە سات و قۆناغی دووەمدا، تاکەکان کۆدەبنەوە بۆ بونیادنانی حکومەتێک کە بیانپارێزێت، بەڵام ئەو حکومەتە دەبێت هێزێکی تۆتالیتاری و بەسەریاندا زاڵ دەبێت. لە قۆناغی کۆتاییدا، ئەم دوو تەیارە دژبەیەکە (ئازادی هەڵسوکەتکردن، ئازادی لە دەستوەردان) لەبۆ گۆڕانکاری لە حکومڕانیدا و سنوردانان بۆ دەسەڵاتەکانی یەکدەگرن. نمونەیەکی چەمکی تر لە دیالەکتیکی هیگڵی، پەیوەندی نێوان بوون یان هەبوون “Being” – هیچ یان نەبوون “Nothing” – دەبێت بە یان بوون بە شتێک “Becoming” کە لەلایەن هیگڵ خۆیەوە دانراوە.
دیالەکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵ دوای جۆرە دیالەکتیکێکی هاوشێوە کەوتووە. بەڵام پێش ئەوەی لەم گرێیە قاڵبینەوە، پێویستە بەکورتی لێکۆڵینەوە لەو کارە بکەین کە تێیدا دۆزراوەتەوە.
نەترەکان یاخود ساتەکانی هۆشیاری: هەست-دڵنیایی، دەرککردن و تێگەشتن
کارەکەی هیگڵ “دیاردەناسی ڕۆح” دەتوانرێت بە پوختی وەک گەڕان و دۆزینەوەیەکی دیالێکتیکی لەبۆ گەشەسەندنی هۆشیاری مرۆڤ کورتبکرێتەوە. هیگڵ لەو بەشەی کتێبەکەیدا بە ناوی هۆشیاری یاخود ئاگایی “Consciousness” ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردووە، تێیدا ئەوەی پێی دەڵێت هەست-دڵنیایی “sense-certainty” وەک دەستبەجێترین و بنچینەییترین زاینین “knowledge” پێناسەکردووە.
ئەم جۆرە زانینە بە سادەیی ئاماژە بەوە دەکات، کە چۆن لە سەرەتادا تەنها بەهۆی هەستەکانمانەوە، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەکی زیاتر، لەو شتە فیزیاییانەی بەردەممان تێدەگەین. هیگڵ باسی ئەوە دەکات؛ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تەنێکدا “an object” یەکەم شت کە هۆشیاری دەستی پێی دەگات و وەریدەگرێت، تەنانەت پێش تێگەشتن لە تایبەتمەندییەکانیشی، جیهانیبوون و گشتگیربوونی ئێرە “here” و ئێستا “now”ی تەنەکەیە. بەتاڵ لە هەر ناوەرۆکێک، ئەمە ئەو ساتەیە کە هۆش یاخود هۆشیاری دەرک بە جیهانیبوونی یان گشتگیربوونی پۆلێنەکان “categories” دەکات. بەوپێیەی ئەم جۆر لە زانین تەنها تیشکدەخاتە سەر جیهانیبوونی ئێرە “space، شوێن” و ئێستا “time، کات”، هیگڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە سەرناکێشێت بۆ زانینێکی تایبەت بە تەنەکە.
دووەم نەترە یان ساتی هۆش “هۆشیاری” دەرککردنە، ئەو کاتەیە کە تاک ئەتوانێت تایبەتمەندییەکانی تەنێک دیاریبکات. لە کاتێکدا هەست-دڵنیایی، لەسەر بنەمای زانینی پەتی هەستیی دامەزراوە، دەرکردن “Perception” لەسەر ووردەکارییەکانی وەک شێوە، قەبارە و ڕەنگ جەختدەکاتەوە. ئەمە وا لە هۆشیاری دەکات کە پەیوەندی تەنەکە لەگەڵ تەنەکانی تر، شوێن گۆڕینیان لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانیان لەبەرچاوبگرێت. لەم خاڵەدا، هۆشیاری یان هۆش دەستدەکات بە سەرقاڵبوون بە نکۆڵیکردن یان بڵێین بەشداریکردن لە جۆرێک لە نکۆڵیکردن و ڕەتکردنەوە “negation”، کاتێک بۆی دەردەکەوێت ئەم تەنە ڕەنگێکی هەیە تایبەت بەخۆی و جیاوازە لە ڕەنگی تەنەکانی تر. لەگەڵ ئەوەشدا لێرەدا کێشەیەک هەیە: تەنەکان هەردوو جۆری تایبەتمەندییەکانی جیهانی “گشتگیری” و تایبەت “Particular” بەخۆیانیان هەیە. درەختێک لە ڕەنگ و شێوەی خۆیدا تایبەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک بەشێک لە زهنییەت و زانینی پۆلێنکردنی درەخت جیهانییە. هۆشیاریی لەم سیناریۆ دژبەیەک و ناچوونیەکانە تووشی سەرلێشێوان دەبێت، ناتوانێت بزانێت ئایا تەنەکان لێکجیاواز و فرەچەشنن “diverse” یان یەکگرتوو و هاوچەشنن “unified”.
هیگڵ لە بەردەوامی کارەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوو نەترەکەی یەکەم لە تێگەشتندا چارەدەکرێن. ئەمە ساتەوەخت و نەترەی تەواوەتی هۆشیارییە کە تێیدا، بەهۆی ئاقڵانە تێگەشن لەوەی لە سەروو چۆنایەتییەکانی ئاستی ڕووەوەیە “surface-level”، فرەچەشنی و هاوچەشنی پێکەوە دەسازێنن. لەم ساتەوەختانەدا، هۆشیاری هەوڵ دەدات جەوهەری شتەکان لە نێو شەتەکان خۆیاندا دەست نیشان بکات، بکەر “خود یان هەستی خود” لە دەرەوەی هاوکێشەکە دەبێت. هیگڵ تەنها و تەنها لە ڕێگای تێگەشتنەوە پێویستبوون بە خودهۆشیاری بەیاندەکات، ئەمەش کلیلی زانینی ڕەهایە:
“ئەمە ئەوە ئاشکرادەکات کە لە پشتی ئەوەی پێی دەڵێن پەردە، کە پێشبینی دەکرێت جیهانی ناوەوە بشارێتەوە، هیچ شتێک نییە ببینرێت، مەگەر ئەوەی خۆمان بچینە پشتییەوە” (Hegel, 1977, S165)
خودهۆشیاری سەربەخۆ “Independence” و ناسەربەخۆ “Dependence“: سەرداری یان سەرکردە “Lordship” و کۆیلە یان ژێردەستە “Bondage“
لە گەڕان و کنەکردنەکەیدا بە دوای هۆشیارییەوە، هیگڵ لە دیاردەناسی ڕۆحدا دەچێتە بەشی دووەم بەناونیشانی خودهۆشیاری “Self-Consciousness” تێدا پێویستی خودهۆشیاری لەبۆ بەدەستهێنانی زانینی ڕەها ڕووندەکاتەوە. سەرگوزەشتە یان گرێ بەناوبانگەکەی، دیالەکتیکی کۆیلە-سەردار، لە بەشێکیدا لەژێر ناوی “خودهۆشیاری سەربەخۆ و ناسەربەخۆ “ژێردەستە”: سەکردە و کۆیلە” پێشکەشدەکات.
هیگڵ بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بخاتەڕوو، سیناریۆیەکی گریمانەیی دەگێڕێتەوە کە تێیدا دوو بوونەوەری بەهۆش لە کێودا ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە. پێش ئەم بەریەککەوتنە، هەر یەکێک لەم هۆشیارانە خودی خۆی وەک پێوان و ستانداردی بابەتی بۆ هەموو شتێک دەبینی: هەستەکان و ئارەزووەکانی بۆ هەموو شتێک پێوەربوون. بەڵام لەگەڵ بەئاگاهاتنەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا، هۆشیارییەکی تر بە هەست و ئارەزووی ترەوە خۆی بەیاندەکرد. ئەم دوو هۆشیارییە، بۆ زانینی هێزیان لە پەیوەندی بە یەکترەوە و بونیادنانی ئارەزووەکانیان وەک پێوانی بابەتی، لە ململانێی بەردەوامدابوون. خاڵی چارەنووسساز لێرەدا ئەوەیە کە هەر یەک لەو هۆشیارییانە دەیەوێت هێز و دەسەڵاتی خۆی بەوەی تریان بناسێنێت، بەڵام ئەگەر هەر یەکە لەم هۆشیارییانە لەناوبچێت خودهۆشیاری بەدەست نایەت. هەربۆیە، هۆشیاری سەرکەوتوو بڕیاردەدات شکستخواردووەکە لەناونەبات بەڵام وەک کۆیلە ژێردەستەی خۆی دەکات.
لەم پەیوەدنییە نوێیەدا، “هۆشیاری نابنچینەیی بۆ سەردارەکە ئەو مەبەستەیە کە ڕاستی لە خودی خۆیدا، واتە لە خودی دڵنیایی خۆیدا، پێکدەهێنێت” (Hegel, 1977, S192). هەرچەندە لە سەرەتادا ڕەنگە وەها دەربکەوێت کە سەردارەکە بەهۆی ناساندنییەوە لەلایەن کۆیلەکەوە خودهۆشیاری خۆی بەدەست بهێنێت، لێرەوەیە کێشەکان سەرهەڵدەدەن. لە دوای بردنەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا، سەردارەکە لە تێگەشتن لە سنورەکانی خۆی شکست دەهێنێت، خۆی وەک بوونەوەرێکی خودایی دەبینێت. لەولاشەوە، کۆیلەکە لە سنورەکانی خۆیی و لە ناسکی و لاوازی ژیانی مرۆڤ تێدەگات. هەربۆیە تێگەشتنی ژێردەستەکە لەوەی کە مرۆڤێکی سنوردارە، وایلێدەکات دەرک بەوەبکات کە سەردارەکەی لە ناسینەوەی خودی خۆیدا ناسەربەخۆ و دەستکورتە، واتە سەردارەکە لە هەوڵی ناسینی خۆیدا پێویستی بە کۆیلەکەیەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا سەردارەکە لەگەڵ سروشدا مامەڵە و بەرکەوتنی نابێت، هەموو کارە فیزیکییەکانی دەداتە دەستی ژێردەستەکە، ژێردەستەکەش لە ڕێگای کارەکەیەوە کاڵا بەرهەمدەهێنێت. کاتێک کۆیلەکە کاڵای زۆر و هەمەجۆر و ئالۆز بەرهەمدەهێنێت ئیتر دەستدەکات بەوەی لە ناو دروستکراوەکانیدا خۆی وەک بونیادنەر و دروستکەرێکی ئەسڵ ببینێت. سەردارەکەش ڕەنگدانەوەی خودیی لە نێو کاردا بەتەواوی کەموکورتی دەنوێنێت، و بەتەواوی پشت بە بەرهەمەکانی کۆیلەکە دەبەستێت. لە ئەنجامدا، ئەوە کۆیلەکەیە کە بەهۆی کارەکەی و دروستکراوەکانییەوە خودهۆشیارییەکی ڕاست بەدەست دەهێنێت: “بەوپێیە بێت، ڕاستی هۆشیاری سەربەخۆ هۆشیاری خزمەتکاری و کۆیلایەتی ژێردەستەکەیە.” (Hegel, 1977, S193)
کاریگەری دیالەکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵ
بەهۆی زمانە چەقبەستووەکەیەوە، ئەفسانەکەی هیگڵ دەتوانرێت بە چەندان ڕێگا لێکدانەوەی بۆ بکرێت: وەک گەشەسەندنی خودهۆشیاری تاک لە قۆناغی تەمەنی منداڵییەوە بۆ تەمەنی پێگەشتن، یان وەک گەشەسەندنی زهنییەتی کۆمەڵگای سەرەتایی لە مێژووی مرۆڤایەتی دێریندا، یاخود گەشتی نەتەوەیەکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕاستەقینە. لەمەوەیە کە ئەم چیرۆکە لەسەر زۆرێک لە بیریارانی بوارە جیاوازەکان کاریگەری هەیە.
یەکێک لەو فەیلەسوفە دیارانەی لەژێر کاریگەری فەلسەفەکەی هیگڵدا بووە و لە قۆناغەکانی سەرەتای بیرکردنەوە و نووسینیدا هیگڵیانە بیریکردووەتەوە، کارڵ مارکسە “Karel Marx”. لە کتێبەکەیدا “دەقە ئابووری و فەلسەفییەکان” “Economic and Philosophic Manuscript” کە ساڵی ١٨٤٤ نووسیویەتی، تێدا بیردۆزەی نامۆبوون-ەکەی “Theory of Alienation” بە ڕوونی دیارە کە سەر ڕێگای دیالەکتیکی کۆیلە-سەردارەکەی هیگڵ کەوتووە. ڕاڤەکردنەکەی مارکس لە چۆنێتی پەیوەندی چینی پڕۆلیتار بە کارەکەی خۆیەوە و بەرهەمی کارەکەی، بەجیاوازی لە هەردوو نەزمی وەبەرهێنانی سەرمایەداری و کۆمیونیستدا، کاریگەری هیگڵ لەسەر بیرکردنەوەکانی بەیاندەکات.
بیریارێکی دیاری بواری هیگڵناسیی، ئەلێکساندەر کۆجیڤ “Alexander Kojeve” لە پاریس لە بەشی خوێندنی باڵای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە بیریارە دیارەکانی ئەو کات لە نێویاندا جان پاوڵ سارتەر “Jean Paul Sartre”، ماوریس مێرلاو پۆنتی “Maurice Merleau Ponty” و جاک لاکان “Jacques Lakan”، زنجیرەیەک وانەی پێشکەشکرد. ئامادەبوونی لاکان گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە ڕێگاخۆشکەربوو بۆ ناساندنی دیالێکتیکی کۆیلە-سەردار لە بواری دەروونشیکاریدا. ووتارەکەی لاکان دەربارەی سەردار، کە چەمکی ناسینەوەی بە پێشەنگکردبوو، زەمینەسازی تەواوی لە دیالێکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵەوە بۆ کردبوو.
لە ڕەخنەگرتن لە سەپاندنی بەها ڕۆژئاواییەکان بەسەر کەلتوورەکانی تردا، بیریاری ناسراوی دوای کۆڵۆنیاڵ فرانتز فانۆن “Frantz Fanon” ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی لە سەرەتادا وەک داگیرکردنی زەوی دەستی پێکردن لە دواییدا گۆڕا بۆ داگیرکردنی خەڵک و ڕۆحی خەڵک. پاژی نیگرۆ و هیگڵ “The Negro and Hegel” لە کتێبەکەیدا بە ناوی پێستی ڕەش، ماسکە سپییەکان “Black Skin, White Masks” تەواوی ئەو بەشە بە دیالێکتیکی کۆیلە-سەرداری هیگڵ پشتی بەستووە.
لە کۆتاییدا، گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ئەم بابەتەی هیگڵ کاریگەری لەسەر کارەکەی دواتریشی هەبووە “واتە فەلسەفەی ماف”، کە پێشکەشکردنێکی قابیل بە تێگەشتن و ئەقڵانی فەلسەفە سیاسییەکەیەتی، لێکۆڵینەوەیەکی سیستەماتیکییە دەربارەی ئەوەی کە چۆن ڕۆح لە ڕێگای قۆناغە دیالێکتیکەکانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مۆدێرندا ئازادی بەدەست دەهێنێت. دووبارە بەڵگاندنێکی بەرچاوی تر، لە سەرەتا بۆ کۆتایی کتێبەکەی، لە نێوان هەموو جۆرە هۆشیارییەکانی تری ناو کۆمەڵگادا بە پێشەنگکردن و گرنگیدانە بە ناسینەوە “recognition”.z