پلاتۆن و نیتچە: گفتوگۆیەک لە نێوان نا-هاوچەرخاندا

449
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڤیلهێلم ڤایشێدل

لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

 

ئەمڕۆ لە زنجیرەکەماندا بە ناوی “گفتوگۆی ئەندێشەیی” هەردوو فەیلەسوف پلاتۆن و فریدریش نیتچە بەیەکدەگەن. لە دانوستاندنە توندەکەی نێوانیاندا دوو جیهانبینیی زۆر جیاواز بەریەکدەکەون: تێزی پلاتۆن لەمەڕ ئیدێی چاکە و نەمریی دەروون، هەروەها جەختکردنی نیتچە لە لێرەبوونی کردەکی یان فاکتی لەنێو جیهانێکی بێخودادا. ڤیلهێلم ڤایشێدل مانوسکریپتەکەی نووسیوە. لە شانۆییەکەدا برونۆ هیوبنەر رۆڵی پلاتۆن و ڤێرنەر کرایندل رۆڵی فریدریش نیتچە دەنوێنن. کاتبەسەربردنێکی چاک و پڕمەغزاتان بۆ دەخوازم.

مارتین ئێگنشڤایلەر

***

نیتچە: پلاتۆن، دواجار گەیشتم بە بەڕێزتان! بەسەر هەورەکانەوە ئیدێی سەرنجڕاکێش بە مێشکی خەڵکدا دەدەن؟ دەمێک بوو خوازیاری گفتوگۆیەک بووم لەتەکتاندا.

پلاتۆن: بەڕێزتان کێن؟

نیتچە: بم بەخشە. نیتچە. فریدریش نیتچە! زەردەشتەکەی من ناناسن؟ (کتێبەکەی پێشان دەدات – و).

پلاتۆن: خەڵکی کوێن؟

نیتچە: ئەڵمانیا.

پلاتۆن: دەکەوێتە کوێوە؟

نیتچە: باکورەوە.

پلاتۆن: ئاها، وڵاتێکی بەڕبەڕەکان.

نیتچە: لە سەردەمی بەڕێزتاندا ئەوها بوو، وەلێ درەنگتر کولتوورێکی دەوڵەمەندمان هەبوو، زۆر فەیلەسوفیش. کانت، فیشتە، هێگل، هەروەها من: فریدریش نیتچە.

پلاتۆن: وا دیارە هەستی خۆبەکەمدانانتان نییە.

نیتچە: من ڕوداوێکی ئەوروپیم.

پلاتۆن: ئاها، دەتانەوێت ببێژن، ئەوە مافتان پێدەدات هێرش بکەنە سەرم؟

نیتچە: بەڵێ. ئاخر بەڕێزتان پێشنیارکەرێکی مەزنی هۆشن، بۆیە شایانی پۆلێمیکی منن.

پلاتۆن: سوپاس. باشە، ئێستا چە بەرپەرچێکتان لەدژی من هەیە؟

نیتچە: ئێوە لە فەلسەفەکەتاندا پڕن لە حەشاردان. سروشتێکی ڕاستینەی سفینکس. لە لایەک هۆشسامم بە هزرتان. کاتێک دیالۆگەکانتان دەخوێنمەوە، تێیاندا هاواری شادیتان سەبارەت بە داهێنانی هزرینی ئاوەزمەندانە دەبیستم. لە لایەکی دی لای ئێوە خەونی مێتافیزیکی ئاشکرا دەکەم. شێتیی زۆر و حەز لە قسەی هەلەقمەلەق. تەنانەت هەندێک جار وەهمی ئایینییانەی فۆرمەکان و مەستیی ڕاستینەی دیالێکتیکتان دەدەمە پاڵ.

پلاتۆن: داگرتنەوەکەتان تەنیا تانوتی گشتییە. ئێوە دەبێت ڕەخنەکەتان کەمێک بەرجەستەتر دابڕێژن.

نیتچە: بەشادییەوە. کاتمان هەیە.

پلاتۆن: لە ئەبەدیەتدا کات نییە.

نیتچە: دەبینن؟ ڕەنگە جیاوازیمان لەمەدا بێت.

پلاتۆن: مەبەستتان لەچییە؟

نیتچە: بەڕێزتان ڕێزی کاتێتی ناگرن و تەنیا ئەزەلییەت بەهەند وەردەگرن. بەڕێزتان لە جیهانی بەرجەستە دووردەکەونەوە و لە جێی ئەو جیهانی ئیدێکان دادەنێن.

پلاتۆن: من هۆی خۆمم بۆ ئەو کارە هەیە.

نیتچە: فەرموو، با بیبیستین.

پلاتۆن: لێرەدا دەبێت دەرفەتم پێبدەن بەوە دەستپێبکەم کە سادەترینە، وەک چۆن سۆکڕاتی مامۆستای مەزنم کردی. من سەرەتا دەپرسم کە چۆن ئێمە شتێک دەناسین. من زۆر جار سەبارەت بە مەئریفەی دادپەروەری، جوانی یان دلێری پرسیارم لە خۆم کرد. وەلێ ئاسانتر لەوە: ئایا چۆن دەتوانین درەختێک، درەختێکی سادە، بناسین؟

نیتچە: دەیناسین کاتێک لەنێو خۆماندا وێنەیەکی درەختەکە دەسازێنین.

پلاتۆن: بەڵێ، وەلێ وێنەکەتان نەک تەنیا ئەو تاکە درەختە، بەڵکو هەر درەختێکی دیکە دەگرێتەوە، یان تەواوتر ببێژم، هەر شتێک دەگرێتەوە کە تەواو لە درەختێک دەچێت.

نیتچە: ئایا ئەوە بەڕاستی ناودەنێن وێنە؟

پلاتۆن: بەڵێ، هێندە نەبێت، ئێمە تەنیا ئەو کاتە مەبەستمان لە وێنەیە گەر بەگشتی درەخت دابڕێژێت. یان گشتیتر ببێژم: ئێمە بۆ هەر گرووپێکی تاکە شتان کە هەمان ناویان لێدەنێین، وێنەیەکی یەکانەیی وەردەگرین. ئەوجا لەبریی وێنە دەبێژم ئیدێ تا ڕێ لە بەهەڵەتێگەیشتن بگرم.

نیتچە: هیچ بەرپەرچێکم لەدژی ئەوە نییە.

پلاتۆن: کەواتە با بەردەوام بین لە هزرین. لەو ساتەدا کە درەختێک دەبینین، وێنەیەکی درەختەکە بەگشتی ناسازێنین، بەڵکو دەبێت پێشتر بزانین کە شێوەی درەختێک چۆنە. سەرەتا لە ئیدێی درەختەوە کە لەنێو خۆماندا هەڵمانگرتووە، دەتوانین ئەوە کە دەیبینین، وەک درەخت بناسینەوە.

نیتچە: ئەمە دەشێت. وەلێ وێنەیەکی بەو چەشنە کە ئێوە ناوی دەنێن ئیدێ، من فێری بووم دوای ئەوەی چەندین جار لە درەختانم ڕوانیوە.

پلاتۆن: کاتێک من بۆ یەکەم جار لە درەختێکم ڕوانی، دەبێت پێشتر وێنەیەکی ئەوم هەبووبێت، ئاخر ئایا چۆن دەمتوانی بزانم کە ئەوەی من بینیم درەختە؟

نیتچە: ڕەنگە بە منداڵی دایک و باوکتان پێیان گۆتبن: بڕوانە، ئەوە درەختە.

پلاتۆن: وەلێ من دەبوو جارێ تێبگەم کە ئێوە مەبەستتان لە چی بوو. من لێتان تێنەدەگەیشتم گەر من پێشتر لە هۆشمدا وێنەیەکم بۆ شێوەی درەختێک نەبووایە.

نیتچە: پێشتر یانی چی؟

پلاتۆن: ڕێم بدەن بەردەوام بم.

نیتچە: فەرموو. وەلێ با لەم جێیەدا جەخت لە لایەنێک بکەین. ئێمە لێرەوە، لەم دەرچەیەی کێشەکەماندا، هاوڕا نین.

پلاتۆن: سەرباری ئەوە ڕێم بدەن با بەردەوام بم. گەر ئیدێکانی سەرجەم شتە شیاوەکان لەنێو ئێمەدا بن پێش ئەوەی خودی ئەو شتانەمان ناسیبێت، ئەوا دەبێت ئێمە لە زایینمانەوە ئیدێکانمان لەنێو خۆماندا هەڵگرتبێت.

نیتچە: کەواتە مرۆڤ بۆ بەڕێزتان کتێبێکی بنەڕەتییانەی وێندارە. وەلێ شیرەمژەیەک هیچ لەبارەی ئەو شتە زۆرانەی نێو جیهان نازانێت. ئیدی ئایا لەکوێوە وێنەکانی بەڕێزتانی بۆ دێن؟

پلاتۆن: وێنەکان لەنێو هۆشیدان. کاتێک ئەو بۆ یەکەم جار درەختێک دەبینێت، بەئاگادێت لەو وێنەیەی درەخت کە لەنێو هۆشیدا سرەوتووە. فێربوون هیچی دیکە نییە جگە لە یادهێنانەوە.

نیتچە: ئەی چۆن ئەو وێنانە هاتوونەتە نێو هۆشی مرۆڤەوە؟

پلاتۆن: ئەو لە هەبوونێکدا پێش زایینی خۆی لێی ڕوانیون.

نیتچە: قسەی بێمانا! چۆن دەتوانن ئەوە ڕوونبکەنەوە؟

پلاتۆن: بە ئەفسانەیەک. ئەمە باشترە لە ڕێگەی ڕاسیۆنال.

نیتچە: کەواتە با نەبەردانە بچینە نێو جیهانی ئەفسانەوە.

پلاتۆن: من پێشبینی دەکەم کە هەموو ڕۆژێک خوداکان …

نیتچە: خوداکان؟

پلاتۆن: بەڵێ خوداکان … خوداکان هەموو ڕۆژێک لەسەر گالیسکەی بە ئەسپەوە گرێدراو بەسەر گومەزی ئاسماندا (فیرمامێنتدا) دەئاژوێن و بەدوویاندا دەروونی نەمری مرۆڤەکان بەشەکەتی نیخەنیخیانە، ئەوەش بۆیە ئەوەندە زەحمەتە بۆیان، چونکە گەرچی خاوەنی ئەسپێکی نەمرن، وەلێ ئەسپەکەی دی بمرە، کەواتە ئەوپەڕی سەرکەشە. خوداکان و دەروونە نەمرەکان کە لە دەرەوە بە دەوری ئاسماندا دەئاژوێن، وای دەبینن کە وێنەی شتەکان وەک پەیکەر لە قەراغی ڕێگەکەدا وەستاون. هەموویان دەتوان کامیارانە بڕوانن، ڕوانینێکی ڕاستینەی خودایی، ئەوجا دەروونە نەمرەکان ئەو لێڕوانراوە دەهێننە نێو ناخیانەوە و دوای ئەوەی دەبن بە مرۆڤ، لەتەک خۆیاندا دەیهێنن و لە ناخیاندا بەنووستوویی دەنیشێت.

نیتچە: زۆر جوانە. وەلێ ئەوە تەنیا ئەفسانەیە.

پلاتۆن: ئایا ئەفسانە ڕاستی نییە؟

نیتچە: ڕاستییەکی شیاوی سەلماندن نییە. وەلێ مەسەلەیەکی دی زۆرتر هەراسانم دەکات: بەڕێزتان تەواو لابەلا نەمریی دەروونتان هێنایە نێوانەوە.

پلاتۆن: من بە هەر حاڵ وایدادەنێم. دەروونەکان هەن پێش ئەوەی شێوەی مرۆڤ وەربگرن. بێگومان لەگۆڕێبوونیان تەواو هۆشەکییە. بۆیە دەبێژم، هەرچییەک سەر بە دەروون بێت، نەمرە.

نیتچە: نەمریی؟! ئێمە لێرەدا لە ژیانێک پاش مەرگ دەهزرێین، کەمتر لە هەبوون پێش زایین.

پلاتۆن: گەر دەروون لە فۆرمە هۆشەکییەکەیدا پێش لێرەبوونی ئەمدنیایی ژیابێت، ئەوا ناشێت بە مەرگی لەش لەناوبچێت. چی هەمیشە هەبووبێت، دەبێت بەزەرووری هەمیشە بمێنێتەوە. کەواتە نەمر بێت.

نیتچە: هۆشێکی پڕ لە گەمەکردنی تێگەیی.

پلاتۆن: کەوابێت گوێ لە بەڵگەهێنانەوەیەکی دیکە بگرن. ژیان بەردەوام وەردەگۆڕێت بۆ مەرگ و مەرگ بۆ ژیان، ئەوە هەر لەو شێوەیەدا کە چۆن هەموو شتێکی نێو سروشت لە پێچەوانەکەیەوە پێدەگات: گەرمی لە ساردییە و ساردی لە گەرمییەوە. کەواتە ناشێت مەرگ ستاتۆیەکی کۆتاییهاتوو بێت. چۆن دەبێت زیندووەکان لە مردووەکانەوە، ئەوهاش دەبێت مردووەکان لە زیندووەکانەوە بێنەئاراوە.

نیتچە: بۆچی نابێت دەروونێک کۆتاییپێهاتوو بمرێت؟ ئەوە کە بەڕێزتان ناوی دەنێن سەلماندن، تەنیا خەونە. ئەوجا هەر لەم پەیوەندییەدا شتێکی دیکە هەراسانم دەکات. بەڕێزتان بەهای لەشێتیی مرۆڤ دادەبەزێنن و لە مرۆڤدا تەنیا هۆشەکێتی بە گرنگ دادەنێن. ئەمە بۆ من ئەوپەڕی ناهەموارییە. جەستەیێتی بۆ بەڕێزتان بەواتا نییە. وەلێ ئایا ڕێزگرتنێک هەیە کە ترسناکتر بێت لە بەکەمزانینی لەش؟

پلاتۆن: لەش بە هەموو سۆز و بەسەهووچوونەکانییەوە هۆش دەپەشۆکێنێت. بەڵێ، وەک چۆن هەندێک ڕێبازی تایبەتی دەبێژن، لەش تەنیا زیندانێکە، ئەوجا بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ هۆش ئازاد ببێت، دەبێت تا بشێت خۆی لە لەشێتی جیابکاتەوە.

نیتچە: بە پێچەوانەوە. مرۆڤ دەبێت ئەرێنیی لەشەکێتی بکات. من تەنانەت دەبێژم: من تێکڕا لەشم. دەروون تەنیا وشەیەکە بۆ شتێک لەنێو لەشدا.

پلاتۆن: هەرگیز.

نیتچە: بەڵێ دەزانم بەڕێزتان لەمەدا زۆر بێبەزەیین. بەڕێزتان تەنانەت دەبێژن کە مردووەکان سەرەتا لە هادێس فەیلەسوفی ڕاستینەی ڕزگارکراون لە لەش.

پلاتۆن: ئەی ئێستا ئێمە هەردووکمان نموونەی فەیلەسوفان نین لە هادێس؟

نیتچە: وەلێ ئەمە نەک بەواتای کە ئیدی لەسەر زەمین لەش بەکەم دابنێین.

پلاتۆن: فەلسەفاندن بەواتای فێربوونی مەرگ. بۆیە فەیلەسوف هەوڵ دەدات تا بشێت دەروونی خۆی لە پەیوەندییەکەی بە جەستەوە ڕزگار بکات.

نیتچە: تەنیا مرۆڤێکی زیندوو دەتوانێت بفەلسەفێنێت. ئەو چەند زیندووتر بێت، هێندە باشتر دەفەلسەفێنێت. ژیانیش تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە مرۆڤ لەنێو لەشی خۆیدا لەگۆڕێ بێت.

پلاتۆن: فەلسەفاندن بەزیندوویی بەڵێ، وەلێ ئەوە لە زیندوویەتیی هۆشەکیدا. ئایا دەتوانن نکۆڵی لەوە بکەن کە مرۆڤ لە هۆش و لەش پێکهاتووە؟ مرۆڤ بوونەوەرێکی پارادۆکسە. لە لایەک خودایەتی، نەمری، سەرسروشتێتی و ناشیمانەی شیبوونەوە، لە لایەکی دی بمری، سروشتێتی و شیبوونەوە. یەکەمیان مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، دووەمیان نزیکی دەخاتەوە لە ئاژەڵ.

نیتچە: بە پێچەوانەوە، گەر بمانەوێت مرۆڤی زیندوو بین، ئەوا دەبێت ئەرێنیی لەشەکێتی بکەین و بیهێنینە نێو هزرینمانەوە. هۆشەکێتی تەنیا زمانێکی هێمایی لەشە.

پلاتۆن: ئەوە چە داوەشانێکی فەلسەفەیە.

نیتچە: نەخێر، بۆ من ئێوە نیشانەی داوەشانن، پێکەوە لەتەک سۆکراتی مامۆستاتاندا، چونکە لەش بەسووک دادەنێن. هەر بەم تێڕوانینەتان هەموو فەلسەفەکانی پاش خۆتان شێواند. بەپوختی: زوهدی چەوت لەسەرخۆ وەک ئافاتێک بەنێو سەدەکانماندا تێپەڕی. وەلێ با بگەڕێینەوە بۆ لای تیۆرییەکەتان لەمەڕ ئیدێکان. گەر من دروست لە بەڕێزتان تێگەیشتبم، ئێوە وایدادەنێن کە کردەکێتی لە ئیدێکاندا وێنەدەداتەوە.

پلاتۆن: بە پێچەوانەوە. نەک شتەکان لەنێو ئیدێکاندا، بەڵکو ئیدێکان لەنێو شتەکاندا وێنەدەدەنەوە. ئیدێکان وێنەی نموونەیی شتەکانن، بریتین لە پێشوێنەی کردەکێتی، بە پێچەوانەشەوە شتەکان دەروێنەی ئیدێکانن. ئەوە ئیدێی درەختە کە دەمان بزوێنێت درەخت بە درەخت دابنێین.

نیتچە: وەلێ ئەوە درەخت نییە کە لەم پەیوەندییەدا لەگۆڕێیە. داربەڕوو هەیە، سنەوبەر و دارزەیتون هەن. سەرئەنجام: تەنیا ئەم داربەڕووە، ئەم سنەوبەرە، ئەم دارزەیتونە هەیە، ئەوجا درەختی گەورە و بچووک، نەمام و پێگەیشتوو، ڕاستهەڵچوو و خواربۆوە هەن. ئایا بۆ هەر یەکەی ئەم هەموو تاکانە ئیدێیەکی تایبەتی هەیە؟

پلاتۆن: بەڵێ هەیە …

نیتچە: کەواتە بڕی ئیدێکان بەقەد ژمارەی شتە کردەکییەکانە. بەمپێیە ئیدێکان بێدوایەکین.

پلاتۆن: دروست ئەوهایە. کایەی ئیدێکان یەکجار گەورەیە.

نیتچە: لێرەشدا ئەو هەموو ئیدێیە هەروا ئاسان بە ئاسماندا، هاروهاج بەشپرزەیی و ناڕێکخراو دەویزێنن.

پلاتۆن: نەخێر وا ناکەن. لە جیهانی ئیدێکاندا ڕێکخراوێکی تۆکمە هەیە. بۆ نموونە یەکێتیی ئیدێکانی داربەڕوو، سنەوبەر و دارزەیتون، لە ئیدێی درەختدایە بەگشتی، یەکێتیی ئیدێکانی دادپەروەری، ناخسەنگینی و دلێری لە ئیدێی فەزیلەدایە …

نیتچە: ئاها! کەواتە گەر ئەم جیهانەی ئیدێکان لەنێو خۆیدا جیهانێکی پێکەوە گرێدراو بێت، ئەوا دەبێت هەروەها باڵاترین پرنسیپێک هەبێت و تێیدا هەموویان بسرەون.

پلاتۆن: هەر ئەوهایە. ئەوە ئیدێی چاکەیە کە هۆی مەئریفە و ڕاستییە. ئێمە خۆمان لە کردەکێتیدا دەبینین کە چۆن هەموو شتێک بە ئاڕاستەی چاکە تەقەلا دەدات. درەخت دەیەوێت بە چاکترین شێواز درەخت بێت. ئەوە بەتایبەتی مرۆڤ دەگرێتەوە کە دەروونی ڕووەو چاکە دەبزوێت و دەیەوێت لە ئیدێی چاکە بڕوانێت. لە جیهانی ئیدێکاندا هیرارشییەکی تەواوەتی هەیە و ئیدێی چاکە لە ترۆپکیدایە.

نیتچە: لێرەدا بەهەڵە لێگۆڕینێکی تێگەیی هەیە. مرۆڤ وشەی چاک لە واتایەکی جووتەنیدا بەکاردەهێنێت. چاک شتێکە کە بۆ من چاکە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین وای دابنێین کە هەموو مرۆڤان تەقەلا بۆ چاکە دەدەن. وەلێ چاک دەشێت هەروەها واتای چاک لە خۆدا بگەیەنێت – چاک لە مەغزای ئاکاریدا. لێرەدا ناتوانین وایدابنێین کە ئەم چاکە ئامانجی هەموو مرۆڤانە. ئاخر گەر ئەوها بایە، ئایا ئەوسا خراپە دەبوو؟

پلاتۆن: ئێمە گەرەکە هەردوو تێگەکەی چاکە پێکەوە گرێ بدەین. من بە پێچەوانەی بەڕێزتانەوە یەقینم هەیە کە هەموو مرۆڤان تەقەلا بۆ چاکەی ئاکاری دەدەن.

نیتچە: ئەمە یەقینێکی زۆر ساویلکانەیە. هەر دوای بەڕێزیشتان فەلسەفەییانە بیر لە کەتوارە بەهێزەکەی خراپە کرایەوە …

پلاتۆن: … و هەڵبەتە زیاد لە پێویستیش تەخمین کرا.

نیتچە: گەر ئێوە ئیدێی چاکە لە ترۆپکی سەرجەم مەئریفە و هەر شتێکی تەقەلابۆدراودا دابنێن، ئەوا هەڵەیەک دەکەن کە لەنێو هەڵەکاندا نالەبارترین و درێژخایەنترین و پڕمەترسیترینە. بەڕێزتان بەو هەڵوێستە، کارتێکراو بە جادووی سۆکراتی مامۆستای مەزنتان، فەلسەفەتان خستە ژێر سەروەریی مۆرالەوە. بەکورتی، بەڕێزتان فەلسەفەی مۆڕالیزە کرد.

پلاتۆن: فەلسەفە مەسەلەیەکی مۆرالییە. تەنیا مرۆڤی چاک دەتوانێت بفەلسەفێنێت، چونکە تەنیا مرۆڤی چاک ئاوەزی خۆی بەکاردەهێنێت.

نیتچە: بەڕێزتان چەند بڕوای بە ئاوەزە! وەلێ ئاوەز بەندە بە پێشبڕیاری مۆرالییەوە. ئێوە وای بۆ دەچن گۆیا ئاوەز بەزەرووری مرۆڤان بەرەو چاکە دەبات! بە دیدی ئێوە سەرجەم مرۆڤانی نێو جیهان لە بنەڕەتی خۆیانەوە چاکن. من زۆر بەتوندی لەدژی ئەو تێڕوانینەتان دەبێژم: نە مرۆڤ و نە کردەکێتیی دەرەوەی جیهان چاکن.

پلاتۆن: دەبێت ئەمە ڕوونبکەنەوە…

نیتچە: ئێوە بەلای کردەکێتیدا تەنیا تێدەپەڕن. کردەکێتی چاک نییە، بێگومان خراپیش نییە، بەڵکو دەربەستنەهاتووە. کردەکێتی لەوبەر چاکە و خراپەوەیە.

پلاتۆن: ئەوە تێڕوانینی بەڕێزتانە.

نیتچە: بەڵێ. جگە لەوە من دەتوانم ئەوەش ڕوونبکەمەوە کە چی ئێوەی بزواند بۆ ئەوەی کردەکێتی مۆڕالیزە بکەن. ئێوە ڕاڤەکارانە سروشتە مەزنەکەی خۆتان خستە نێو گەردوون و سروشتی مرۆڤەوە. بەسەهووچوونەکە لەوەدایە کە ئێوە چاکیی خۆتان بە چاکیی پلاتۆن دانانێن، بەڵکو وەک چاکە لە خۆدا دایدەنێن – بەو کەنزە ئەزەلییەی دادەنێن کە هەروا مرۆڤێک بەناوی پلاتۆن لەسەر ڕێگەکەی ئاشکرای کردووە. ڕاستییەکەی ئەوە هێشتا هەر چاکییەکەی پلاتۆنە. ئەم مۆڕالیزەکردنەی هزرینی فەلسەفەیی لە لایەن بەڕێزتانەوە کاریگەریی نالەباری لەسەر ئەو کەسانە نواند کە پاش ئێوە هاتن و گۆتیان: مۆرال باڵاترین بەهایە. ئەمە لەو کاتەوە لە هەموو قۆناغەکانی فەلسەفەدا بە ڕاستییەکی هەمیشە دروست دانراوە. ناڕەزاییەکەی منیش لەدژی ئەمە ڕاگەیەنراوە. سەروەریی مۆڕال هزرین دەوەستێنێت.

پلاتۆن: دەتوانن نەفرەتم لێبکەن، سەرباری ئەوە دەستبەرداری تێڕوانینەکەم نابم، چونکە ڕاستییە. ئەی بەڕێزتان؟ ئایا چی بۆ ئێوە پۆزەتیڤە؟

نیتچە: من داوای نەهێشتنی مۆڕال دەکەم. ئێمە دەبێت لە پێناوی ڕزگارکردنی ژیاندا مۆڕال نەهێڵین. گەر بمانەوێت مرۆڤ وەک جۆر لە درەخشان و کاریگەریی مەزنی خۆیدا هەڵزنێنین، دەبێت بچینە دەرەوەی مۆڕال. بۆیە من چاوەڕوانی ڕزگارکەرێکم لە مۆڕال …

پلاتۆن: … دەشتانەوێت ئەو ڕزگارکەرە خۆتان بن.

نیتچە: لایەنی کەم من یەکەم ئیممۆڕالیستم.

پلاتۆن: کەوابێت باشترە (شتێکی کەمواتا)(1) بین لە جیهانی مۆڕالیستەکاندا.

نیتچە: دەبینم ئێوە ناتوانن جیهان لە چۆنێتیی خۆیدا قبووڵ بکەن، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە جیهانی ئیدێکان بەسەر دروستکراوە هەواییەکەی خۆتانەوە بنیاتدەنێن، پاشان ناوی دەنێن کردەکێتیی ڕاستینە.

پلاتۆن: ئێ ئایا چی بەڕاستی کردەکییە؟ شتەکان لە هیچ-ەوە سەرهەڵدەدەن و لە هیچ-دا لەناودەچن. لە جیهانەکەماندا بوون و نابوون هەمیشە تێکەڵن؛ شتەکان خۆیان لە سەیرورە و لەناوچوونێکی بەردەوامدا دەبیننەوە بەبێ ئەوەی بوونێک ڕیالیزە بکەن …

نیتچە: وەلێ لەم ڕەوشەوە مەگەن بەو دەرئەنجامە کە شت و مرۆڤە کردەکییەکان وەهمی پەتین. ئێوە ئەم کردەکێتییە ڕاستینەیەتان دازناند بۆ سەر ئاستی وەهم، بەو ڕێیەشەوە نەگبەتیتان خستەوە. دوای ئێوە بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ مرۆڤان واعیزانە ئامۆژگاری کران کە نەفرەت لە جیهان بکەن، لێرەشدا بەردەوام هەر ئاماژە بۆ ئێوە دەدرا.

پلاتۆن: وەلێ دەبێت چە بەسەرهاتێک بۆ مرۆڤان لەوە باشتر بێت کە جیهانی زەمینی تێبپەڕێنن و لە بوونی ئەزەلی، لە بوونی ڕاستینە، بڕوانن؟ ئایا دەتوانن نکۆڵی لەوە بکەن کە ئەوەی ئەزەلییە، پتر خاوەنی بوونە لەوە کە لەناودەچێت؟

نیتچە: وەلێ خۆ ئەزەلیبوون لە مەغزای ئەبستراکتی ئیدێکانی ئێوەدا واتای کردەکی-بوون ناگەیەنێت. کردەکێتی دەبێت خۆیم پێشان بدات، دەبێت زۆرم لێبکات. ئەوانەی بەڕێزتان ناوتان ناون ئیدێ، بە هیچ شێوەیەک خۆیان وەک کردەکێتی پێشانی من نادەن. ئەوانە تەنیا هیچ-ی ئاسمانین. بەڕۆشنی ببێژم، تەنیا درۆ و فریودانن.

پلاتۆن: ئەوە ڕاڤەی بەڕێزتانە.

نیتچە: ئایا ئەوە چییە کە دەتانبزوێنێت ئەوها لە کردەکێتی تێبپەڕن؟ من تەنیا دەتوانم ئەمە بۆ خۆم وەک پێداویستیی پسیکۆلۆگی ڕوونبکەمەوە.

پلاتۆن: لە پێداویستیی پسیکۆلۆگییەوە؟

نیتچە: بێگومان. ئێمە زۆر چاک دەتوانین پسیکۆلۆگییانە هەڵاتن بۆ نێو جیهانی ڕاستینەی ئیدێکان ڕوونبکەینەوە. ئێوە دەتوانن بەسەر سۆزمەندیی (سێنسیبیلیتێی) موئاناتچێژ و هەڵچووتاندا زاڵ ببن. ئەوە سۆزمەندیتانە کە بەرگەی ئەم جیهانە ناگرێت. کەواتە ئەوە کە بەڕێزتان بە ئەزموونکردنی جیهانێکی ڕاستینەی دادەنێن، لە بنەڕەتدا خۆزگەی خۆتانە بۆ هەبوونی جیهانێکی بەو چەشنە.

پلاتۆن: ئایا بەم مێتۆدە پسیکۆلۆگییە چە ئامانجێکتان هەیە؟

نیتچە: ئەوە کە بەڕێزتان بە جیهانی ڕاستینەی دادەنێن، هیچی دیکە نییە جگە لە فریودانێکی ڕوانگەیی زل. بەڕاستی ئەم جیهانە ڕاستینەیەی ئیدێکان ویستێکی ئاوەژووکراوە بۆ سەروەری. بەڵێ!! ئێوە بە فەلسەفەکەتان سەروەری بەسەر خۆتان و کەسانی دیکەدا دەنوێنن، کەواتە فەلسەفەکەتان ئامرازێکی ویستی دەسەڵاتە. وەلێ با مۆتیڤەکانتان وەلاوە بنێین. ئەوە ئەم جیهانەیە کە من سەرسەختانە پێداگریی لێدەکەم. ئێمە دەبێت لەنێو ئەمدا بژین. تاکە کەتوارێک کە هەبێت، جیهانی سەیرورەیە. بۆیە نەهێشتنی ئەو شتە کە ناودەنرێت جیهانی ڕاستینەی پلاتۆن، بۆ من واتایەکی سەرەکیی هەیە. لەم ڕوانگەیەوە فەلسەفەی من پلاتۆنیزمی هەڵگەڕێنراوەیە.

پلاتۆن: گەر ئەمە ئەوها بایە، ئەوسا هیچمان نەدەبوو بە یەکدیی ببێژین.

نیتچە: بەڵێ هەمانە. ئاخر جارێ گەورەترین ناهەموارییەکە بەڕێوەیە. بە هەر حاڵ. جیهانی هەوایی ئیدێکان بۆ ئێوە کایەی خودایەتییە. کەواتە گەر هەموو شتێک لە کۆتاییدا بەرەو ئیدێی چاکە بڕوات، ئەوا بەگوێرەی تێڕوانینی بەڕێزتان ڕاستەوخۆ بەرەو خودا دەڕوات.

پلاتۆن: ئیدێی چاکە و خودایەتی یەک شتن. ئاخر خودا لە هەموو ڕوویەکەوە چاکترینە. کەواتە مرۆڤ لە ڕەهەندی خودادا لە ئیدێکان دەڕوانێت. خودا، هاوشێوەی ئیدێی چاکە، پێوارەی هەموو شتەکانە، سەرەتا و نێوەند و کۆتایی سەرجەم کردەکێتییە.

نیتچە: ئێوە هەموو ‌هێزتان دەخەنە گەڕ تاکو بۆ خۆتانی بسەلمێنن کە ڕەمەک و ئاوەز هاوکات یەک ئامانجیان هەیە  – ڕووەو چاکە، ڕووەو خودا.

پلاتۆن: بەڵێ ئەوهایە.

نیتچە: ئەی چی لە مرۆڤ دەکەن؟ دەتانەوێت ئەویش لە کۆتاییدا بەخودا بکەن؟

پلاتۆن: زۆر بەجددی ئەوەم دەوێت. لایەنی هاوبەشی دەروون لەتەک خودایەتیدا ئەوەیە کە تەقەلا بۆ چاکە دەدات و هەموو شتێک بۆ چاکە دەکات. کەواتە دەتوانین ڕەوایانە ببێژین کە دەروون شێوەی خودایی هەیە و دوای خوداکان خوداییترینە. ئەمە بەتایبەتی چواندنی بۆ دەروونی فەلسەفەیی هەیە. ئاخر یەکانگیربوون بە خوداکان بۆ کەسێک نالوێت کە خۆی بۆ فەلسەفە تەرخان نەکردبێت. کەواتە ئەو دەروونە کە لە ژیاندا دروست فەلسەفاندوویەتی، لە مردنیشدا بەرەو ئەوە دەڕوات کە لە خۆی دەچێت – بەرەو نادیار، خودایەتی.

نیتچە: گەر ئەو فەیلەسوفانە کە ڕاستی بە پرسی خۆیان دادەنێن، پەیوەندییەکی تایبەتییان بە خودایەتییەوە هەبێت، ئەوا دەبێت لە کۆتاییدا وای دابنێن کە خودا ڕاستییە، کە ڕاستی خوداییە. وەلێ ئەوە تەنیا پێشبڕیاری مۆڕالییە گەر وا دابنرێت کە ڕاستی بەهادارترە لە وەهم، ئەوە تەنانەت گریمانەیەکە کە بە نالەبارترین شێوە سەلمێنراوە. خودا وجودی نییە. مرۆڤ دەست بۆ هیچ (نابوون – و) ڕادەکێشێت. مرۆڤ هیچ دەکات بە خودا.

پلاتۆن: جیهانێکی بێخودا. ئایا ئەوە چە ڕوانگەیەکە؟

نیتچە: جیهانێکی بێخودا ئەو جیهانەی ئازادییە کە مرۆڤ لە کۆتاییدا پێی گەیشتووە.

پلاتۆن: مرۆڤ بە زەینی خۆی لە شتەکان نزیک دەکەوێتەوە، وەلێ تەنیا بەو زەینە بە جیهانی ڕاستینەی ئیدێکان ناگات. مرۆڤ دەبێت بە نەزەرێکی تایبەتی ڕووەو ئەو جیهانە هەڵبچێت. ئەوە بێگومان بینین نییە بە چاوانی لەشەکی. ئەوە نەزەری هۆشەکییە. ئێمە دەبێت تەنیا بە دەروون تەماشای شتان لە خۆدا بکەین.

نیتچە: سەرلەنوێ جۆرێک لە هەستی میستیکی. بەڵێ. ئەوە گوماناوییە.

پلاتۆن: من ئەوە بە جۆرێکی دی دەردەبڕم. هەڵچوون، نەزەر، کە من لێی دەدوێم، نزیکە لە ئێرۆس، لە خۆشەویستی. چۆن من خۆشویستووانە بەسەر میانەکەدا بەرەو بابەتی یان مرۆڤی خۆشویستوو بازدەدەم، هەر ئەوها دەبێت بۆ گەیشتنم بە جیهانی ئیدێکان بەرەو ئەو بەرزببمەوە، بۆ لای ئەو سەربکەوم. با ئەو نموونەیە وەربگرین کە چۆن مرۆڤ بە ئیدێی جوانێتی دەگات. مرۆڤ دەبێت لە جوانێتیی نێو کردەکێتیمانەوە دەستپێبکات: لە جوانیی لەشەوە، لە جوانیی دەروونەوە، لە جوانیی یاساکانەوە، لە جوانیی مەئریفەکانەوە، کە ئیدی مرۆڤ کتوپڕ نیگای شکۆمەندێک دەکات، نیگای جوانێک بەگوێرەی کرۆکی دەکات کە بوونەکەی ئەزەلییە، جوانێک کە لەنێو پرۆسەی سەیرورە و لەناوچووندا نییە، بەڵکو لەتەک خودی خۆیدا و بۆ خودی خۆی ئەزەلییانە یەکشێوەییە. ئەوە جوانێتیی خوداییە.

نیتچە: پەرۆشی ئەندێشەیی.

پلاتۆن: نەخێر، ئەمە دێتە نێو جەرگەی فەلسەفاندنەوە.

نیتچە: من پێشبینیی ئەوەم پێناکرێت. ئەو بەرزبوونەوە یان هەڵچوونە کە ئێوە لێی دەدوێن، بۆ من تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە مرۆڤ خۆی لە نەزەری دەرکی نامۆ بکات و بەرزبێتەوە بەرەو ئەبستراکتێتی. ئەوە کە بەڕێزتان ناوی دەنێن ژیانی نێو جیهانێکی دیکەی باڵاتر، بۆ من تەنیا هەڵئاوسانێکە و تێیدا وشە و شتەکان بە کاڵوکرچترین شێوە سازێنراون. من هیچ ئۆرگانێکی مەئریفەم بۆ ئەو جیهانە نییە کە ئێوە ناوی دەنێن ڕاستینە.

پلاتۆن: ئێوە تەنیا نەرێنیی ئەوەتان کرد کە بۆ من لە فەلسەفەدا گرنگە. ئایا ئێوە هیچ شتێک بە پۆزەتیڤ دانانێن؟ ئایا ئێوە تەنیا ڕەخنەگرن؟

نیتچە: ڕاوەستە. ڕەخنەگر تەنیا خەریکی ئامادەکارییە. گفتوگۆکەمان تا ئێستا تەنیا پێکدادانێکی ئامادەساز بوو.

پلاتۆن: دە دواجار پێم ببێژن کە چی لە پشت ڕەخنەکەی بەڕێزتانەوەیە.

نیتچە: دەتوانم ئەوەتان بە یەک وشە پێببێژم: نیهیلیزم. من نیهیلیستم. من تەنانەت یەکەمین نیهیلیستی تەواوەتیی ئەوروپام.

پلاتۆن: لەمە تێناگەم.

نیتچە: بەکورتی ببێژم، نیهیلیزم ڕێبازی هیچ-ێتییە (نا-بوونە – و). نیهیلیزم دەبێژێت، سەرجەم ئەوە کە بەڕێزتان بە کردەکیی دادەنێن، لە ڕاستیدا پووچێتییە (nichtig).

پلاتۆن: لە سەردەمی منیشدا ڕەوانبێژێکی زرنگ، گۆرگیاسی سۆفیست، گۆتی هیچ / نابوون هەیە؛ مرۆڤ ناتوانێت هیچ بناسێت، ناتوانێت هیچ دەرببڕێت. ئێستا دوای دوو هەزار ساڵ دەبێت سەرلەنوێ لە زاری بەڕێزتانەوە هەمان شت ببیستمەوە.

نیتچە: ئەوە بێگومان بناغەڕێژراوتر وەک لای سۆفیستەکەتان. بە دیدی من لە دوو پنتدا ڕووندەبێتەوە کە مەبەست لە نیهیلیزم چییە – بێگومان نیهیلیزم وەکئەوەی من نوێنەرایەتیی دەکەم. پنتێکیان کێشەی ڕاستییە …

پلاتۆن: وەلێ ڕاستی نەک هیچ، بەڵکو بوون، بوونەوەر، شتە هەبووەکان دەگرێتەوە. ئیدی دەبێت ئەم جۆرە نیهیلیزمە چی بێت؟

نیتچە: لە هەڵوێستی ئێمەدا شتێک سەبارەت بە فەلسەفە نوێیە، ئەویش یەقینییەکە کە هیچ سەردەمێک نەیبووە، واتا یەقینیی ئەوە کە ئێمە خاوەنی ڕاستی نین.

پلاتۆن: ئەی ئاوەزمان لەکوێیە؟ ئێ خۆ ئەوە ئاوەزە کە گەر دروست بەکاری بهێنین، ڕاستیمان پێشان دەدات، ئەوە بێگومان تا ئەو ڕادەیە کە ئێمە پەی پێبەرین.

نیتچە: منیش دەمەوێت گەشبینییەکەی ئێوەم لەمەڕ ئاوەز هەبێت. ڕاستیی ئاوەزە کلاسیکییەکەی ئێوە کێشاویترینی سەرجەم ئەو شتانەیە کە هەن. ئاوەز ناتوانێت بە ڕاستیمان بگەیەنێت. شتەکان شیاوی ناسین نین.

پلاتۆن: ئەوجا ئیدی منیش لەمەوە دەربئەنجامێنم کە هیچ ڕاستییەک نییە؟

نیتچە: بەڵێ ئەمە نیهیلیزمەکەی منە. بڕوابوون بەوە کە هیچ ڕاستییەک نییە، بڕوای نیهیلیزمە.

پلاتۆن: ئەوە کە ئێوە ناوی دەنێن بڕوا، من ناوی دەنێم هیوابڕاوی.

نیتچە: ئەی گەر هیچی دیکەتان بۆ نەمێنێتەوە جگە لەو هیوابڕانە لە ڕاستی؟

پلاتۆن: ئەوە سەردەمێکی داماوە کە دەبوو ئێوە تێیدا بژین.

نیتچە: نیهیلیزم سەرچاوەیەکی دیکەشی هەیە. ئەمیان کایەی مۆڕالە. نیهیلیزم ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە بەها ئاکارییەکان هیچن. بەهاکان بێواتا و پووچەل بوون. ئەوجا گەر بەهاکان نەمێنن، ئیدی هەموو شتێک دەبێت بە بێئامانج و بێمەغزا. هەر بەم شێوەیە نیهیلیزم بڕوابوونە بە بێمەغزایی ڕەها.

پلاتۆن: ئەی هیچ وەڵامێکتان بۆ ئەو پرسیارە نییە کە سەبارەت بە بۆچی دەکرێت؟

نیتچە: نەخێر. نیهیلیستی فەلسەفەیی یەقینی هەیە کە هەموو ڕوداوێک بێئامانج و بێمەغزا و بەفیڕۆچوونە.

پلاتۆن: سەرجەم جیهان بە هەموو ئەو شتانەوە کە لەنێویدان؟

نیتچە: بەڵێ. من بۆم ئاشکرا بوو، سەرجەمی بەهاکان کە تا ئێستا خۆیان بەڕازاوەیی وەک چواندووی ئەزەلی نمایش دەکرد، ڕەها (ئەبسولوت) نین. ئەوە مرۆڤە کە سەرەتا بەها دەخاتە نێو شتەکانەوە. کەواتە هەر ئەو خۆیشی دەتوانێت بەهاکان سەرلەنوێ لە شتەکان دەربکێشێت.

پلاتۆن: مەبەستتان لەوەیە، گەر مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا بێت، ئیدی دەبێت هەموو بەهاکان کە تا ئەو دەمە هەبوون، بگۆڕرێن یان تەنانەت لەناوبچن؟

نیتچە: بەڵێ. ئاخر ئەو نیهیلیزمە کە دیاریکەری ئایندەیە، ڕاناگیرێت؛ بەڵێ ئەو نیهیلیزمە لۆگیکی تا کۆتایی هزرێنراوی سەرجەم بەها مەزنەکانمان و هەر شتێکی دیکەیە…

پلاتۆن: لەمە تێناگەم.

نیتچە: ئایا بۆچی مۆڕال لە کۆتاییدا فەوتا؟ وەڵامی من: بەهۆی یەکێک لە پرنسیپە بنەڕەتییەکانی بەڕێزتانەوە کە ڕاستیخوازییە (Wahrhaftigkeit). ئەم ڕاستیخوازییە لە کۆتاییدا دەبێت بە دژبەری مۆڕال. نیهیلیزم دژبەری مۆرال نییە، بەڵکو لۆگیکییانە لە مۆڕالەوە سەرهەڵدەدات.

پلاتۆن: ئەمە چە پێویستییەکی بە فەیلەسوفانە؟

نیتچە: بە پێچەوانەوە، فەیلەسوف خۆی لە نیهیلیزمدا دەحەسێنێتەوە. ئەوە پێوانەیەکی هێزی ویستە کە داخۆ تا چەند مرۆڤ لەنێو جیهانێکی بێمەغزابوودا بەرگەی ژیان بگرێت. هەڵبەستڤانییانە ببێژم، مەسەلەکە ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت خۆی لەسەر تەنافی سووکوسۆڵ ڕابگرێت و تەنانەت بەسەر خەرەندەوە سەما بکات.

پلاتۆن: ئایا بەڕاستی تواناتان بۆ ئەوە هەیە؟

نیتچە: هەوڵی بۆ دەدەم. ئاخر نەمانی بەهاکان لە بێبەهاییدا، نەمانی مەغزاکان لە بێمەغزاییدا، قەدەرێک بوو کە دەبوو بەرگەی بگرم.

پلاتۆن: قەدەر؟ نیهیلیستێک کە لە قەدەر دەدوێت؟ مەبەستتان لە قەدەر چییە؟

نیتچە: قەدەر بۆ من ئەوەیە کە وەک زەروورەی مێژوویی لێمان نزیکدەبێتەوە. زەروورەیەکی بەو چەشنە بۆ من نیهیلیزمە. ئەم قەدەرە خۆی لە گشتلا بەیان دەکات، پەشێو، زەبرمەند، بەپەلە، هاوشێوەی لێشاوێک کە دەیەوێت بە کۆتایی بگات. بۆ من نیهیلیزم سامناکترین میوانە کە هەرگیز هەبووبێت.

پلاتۆن: میوانێک کە خۆتان بانگی دەکەن.

نیتچە: ئەوە پێویست نییە. نیهیلیزم لە خۆیەوە دێت. بانگنەکراو. ئەو بەزەرووری دێت.

پلاتۆن: ئەی بەڕێزتان چە رۆڵێک لەمەدا دەگێڕن؟

نیتچە: رۆڵی بڕێنەرەوە. ڕۆژێک دێت کە یادهێنانەوەی دێوێک خۆی بە ناوی منەوە گرێ بدات، بە تەنگژەیەکەوە کە هەرگیز لەسەر زەمین هاوشێوەی نەبووە.

پلاتۆن: ئێوە شێتن!

نیتچە: زۆر جار ئەوە لەبارەی من گۆتراوە. تا پێویست خەڵک لە من ئاگادار کراونەتەوە. لەمەدا هەموو کاهین و کەشیش و پێداگۆگەکان هاوڕابوون؛ با لێرەدا ناوی فەیلەسوفەکان هەر نەبەم.

پلاتۆن: من سوورم لەسەر ئەوە کە خودایەتییەک هەیە و لە گشتدا سەروەرە.

نیتچە: خودا وجودی نییە! خودا تەواو زیادەیە! خودا لەمێژترین درۆی ئێمەیە. مەسەلەکە سەرڕاستییە بۆ ئەوە کە مرۆڤ خۆی لە بڕوابوون بە خودا پاک ڕابگرێت.

پلاتۆن: وەلێ خۆ دەبێت بیدرکێنن کە مرۆڤان لە گشتلای جیهاندا بڕوایان بە خودایان یان بە خودایەک هەبووە، پێش سەردەمی من، لە سەردەمی مندا و درەنگتریش.

نیتچە: بڕوا بەڵگە نییە. ئێمە دەتوانین پسیکۆلۆگییانە بڕوا ڕوونبکەینەوە. بیرۆکەی خودا دۆزینەوەیەکی مرۆڤە. ئەوە خودایەک نییە کە مرۆڤانی ئافراندووە، بەڵکو مرۆڤ خودای ئافراندووە.

پلاتۆن: بیسەلمێنە! بیسەلمێنە!

نیتچە: دەیسەلمێنم، ئەویش کاتێک پێشانی دەدەم کە چۆن تێگەی خودا لە هەستی مرۆڤەوە بۆ دەسەڵات سەرهەڵدەدات. ئەم هەستەی دەسەڵات کە کتوپڕ و زاڵبووانە مرۆڤ دادەپۆشێت، لەنێو ئەودا گومان لە کەسی ئەو خۆی دەوروژێنێت، وەلێ ئەو ناوێرێت خۆی بە هۆکاری ئەو هەستە سووڕهێنەرەی ناخی دابنێت، نەخێر، لەبریی ئەوە کەسێکی بەهێزتر، خودایەک، بۆ ئەم ڕەوشە دادەنێت.

پلاتۆن: ئێمە ناتوانین لەمەوە بیرۆکەی خودا دەربئەنجامێنین. ئێمە بۆ نموونە هەستی خۆشەویستیمان هەیە، بێگومان نەک بەواتای، ئەو مرۆڤە کە خۆشماندەوێت، بەڕێی ئەو هەستەی خۆشەویستییەوە دێتە ئاراوە کە ئێمە بۆ ئەو هەمانە. مرۆڤەکە بەبێ هەستەکەی منیش هەیە، ئەوە تەنانەت وەک کەتوار. مەسەلەکە لەتەک خودایەتیشدا هەر ئەوهایە. ئەرگومێنتهێنانەوە پسیکۆلۆگیانەکەتان قەنائەتم پێناهێنێت.

نیتچە: سەرباری ئەوە هەمیشە پتر ئەو هەستە دەتەنێتەوە کە خودا مردووە. خودا دێرینەکە کە ڕۆژگارێک هەموو مرۆڤان بڕوایان پێی هەبوو، چیدی لە ژیاندا نەماوە. ڕزگاربوون لە خودا شئوری ڕوناکییەک لە مندا دەخاتەوە کە بەزەحمەت وەسفدەکرێت. ئەوە بەختیارییە، ئاسوودەییە، شادییە، بەرزکردنەوەی ورەیە …

پلاتۆن: شانازیش دەکەن بەم لەدەسەڵاتخستنەی خوداوە؟

نیتچە: نازانم کە داخۆ شانازیی پێوە بکەم. شانازییەکە لە ناخماندا هاتەئاراوە کاتێک زەمینمان لە خۆر کردەوە. ئێستاش زەمین بەرەو کوێ دەبزوێت؟ ئەی خۆمان بەرەو کوێ دەبزوێین؟ ئایا سەرلێشێواو بەنێو هیچێکی بێدوایەکیدا گوم نەبووین؟ ئایا ڕاومی بۆش فوومان پێدا ناکات؟ ئایا هیچ لە هاوارهاواری گۆڕهەڵکەنان نابیستین کە چۆن خودا دەنێژن؟ بۆنی گەنینی خودا ناکەین؟ بەڵێ، خودایانیش دەگەنێن. خودا مردووە و هەر مردوو دەمێنێتەوە.

پلاتۆن: ئەمە دوا گۆتەی بەڕێزتانە؟ ئاتێئیست و هیچی دیکە نا جگە لە ئاتێئیست؟ نیهیلیست و هیچی دیکە نا جگە لە نیهیلیست؟

نیتچە: پێشتر گۆتم، من یەکەم نیهیلیستم. وەلێ دەبێت ئەوەشی بدەمە پاڵ، من کەسێکم کە لەنێو خۆیدا نیهیلیزمی تا کۆتاییەکەی ژیاندووە.

پلاتۆن: کەواتە ئایا نیهیلیزم بۆ بەڕێزتان تەنیا ستاتۆیەکی نێوانییە؟

نیتچە: بۆ من ڕزگاربوون لە نیهیلیزم گرنگە.

پلاتۆن: کەواتە لە کۆتاییدا شتێکی پۆزەتیڤمان هەیە.

نیتچە: بەڵێ. ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستمان بە بەهای نوێ دەبێت.

پلاتۆن: چە جۆرە بەهایەک؟

نیتچە: لەو ڕۆژەدا تەنیا وەرگۆڕینی بەهای سەرجەم بەهاکان (Umwertung aller Werte) گرنگی وەردەگرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم وەرگۆڕینەی بەهای سەرجەم بەهاکان جێی نیهیلیزمی تەواوەتی دەگرێتەوە.

پلاتۆن: کێ ئەو جێیەی پێدەگرێتەوە؟

نیتچە: فەیلەسوف.

پلاتۆن: ئەی دەبێت شێوەی بەها نوێکان چۆن بێت؟ دەبێت ئامانجی نوێ چۆن بێت؟

نیتچە: تا هەنووکە هەموو بەهاکان، مۆرال، دوژمن بوون بە ژیان، بۆیە ئەوە گرنگە کە بەو بەها نوێیانە ئەرێنیی ژیان بکرێت.

پلاتۆن: چە ژیانێک؟ ڕوونتر ببێژە!

نیتچە: ژیان ویستە بۆ دەسەڵات. خۆ ئەمە لە گشتلا باڵادەستە، لە لێرەبوونی مرۆڤ و ئاژەڵیشدا، تەنانەت لە سروشتی نازیندوودا. لە گشتلا هێزەکان کاریگەرن و دەبزوێن و دەیانەوێت دەسەڵاتی زۆرتریان بەسەر هێزانی دیکەدا هەبێت. ناخەکیترین کرۆکی بوون ویستە بۆ دەسەڵات. بۆیە ژیان پرنسیپە بنەڕەتییەکەی دانانی بەهایە لە لایەن منەوە.

پلاتۆن: ئەی هۆش؟ ئەی چی لە هۆش دەکەن؟

نیتچە: هۆش دەبێت خزمەتکاری ژیان بێت.

پلاتۆن: من وایدادەنێم کە دەبێت ژیان لەژێر ڕکێفی هۆشدا بێت.

نیتچە: هۆش تەنیا ئامراز و دەستوێژە بۆ هەڵزناندنی ژیان.

پلاتۆن: وەلێ ئەم هۆشە بۆ من هەموو شتێکە و ژیانیش هیچە. ئەمە بەڕەهایی من لە ئێوە جیادەکاتەوە.

نیتچە: ڕاستە. ئا لێرەدا دژی یەک دەمێنینەوە.

 

***

 

پلاتۆن: کورت هیوبنەر

نیتچە: ڤێرنەر کرایندل

نووسینی: ڤیلهێلم ڤایشێدل

بڵاوکردنەوە: ئێدوارد شتۆیبلە

کامێرا: فرێد یونگ، ئولریش بوێلەر، ڕاینهارد شنێلی، ڕێنێ ڤێبەر

دەنگ: برونۆ کۆلەر

تەکنیکەکانی وێنەگرتن: پێتەر بیبەر

بڕینی وێنە: ئانە-ماری ڕوێتێلی

بەڕێوەبەری تۆمار: ماکس ڕودۆلف هوبەر

دیمەنی شانۆ: هانز ئایشین

پۆشاک: هاینتس بێرنەر

ماسک: هاینتس هاڕتل

دەرهێنان: میشائێل هامپە

بەرهەمهێنانی: تەلەڤیزیۆنی سویسرا (Schweizer Fernsehen)

[پەخشی کەناڵی 3SAT – و]

 

تێبینیی وەرگێڕ لەبارەی نووسەری شانۆییەکە:

ڤیلهێلم ڤایشێدل فەیلەسوفێکی ئەڵمانییە، ئەو 11.04.1905 لە فرانکفورتی سەر ڕوباری ماین هاتە جیهانەوە، لە ماربورگ تیۆلۆگیی ئێفانگێلی، فەلسەفە و مێژووی خوێند، 1932 دکتۆرای لە فەلسەفەدا کرد و بوو بە مامۆستای زانستگە، پاشان پرۆفیسیۆری فەلسەفە لە تیوبینگن و بەرلین. ساڵی 1970 خانەنشین بوو. ڤایشێدل ساڵی 1975 لە بەرلین مرد.

 

(1): بیستەنییانە دەربڕینی ئەم وشەیەم پێساغنەکرایەوە، تێناگەم پلاتۆن دەبێژێت: Fust، Furst، Pfust. هەروەها لە هیچ  کتێبخانەیەکی فرۆشیاری کتێبی کۆن و ئینتەرنێتدا شانۆنامەکەی ڤایشێدلم دەست نەکەوت. بۆیە ئەو وشە گشتییەم بۆ دانا: (“شتێک بین” لە جیهانی مۆڕالیستەکاندا).

 

فەرهەنگۆک

ئیممۆرالیست. هەروەها “نامۆڕالیست” وەک پیادەکەری نامۆرالیزم، واتە کەسێک کە دژی مۆرالی ترادیسیۆنییە.

هادێس: جیهانی مردووەکان. لە میتۆلۆگیی گریکیدا هەروەها سەروەری ژێر-جیهان ناودەنرێت هادێس.

پێشبڕیار: حوکمی موسبەق، نالۆگیکی، بۆ نموونە: ژنان زەعیفەن؛ سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە؛ ئازاد مەزنترین هەڵبەستڤانە.

پۆلێمیک: هێرشبردن لە میانەی دانوستاندنی ئەدەبی، فەلسەفەیی یان سیاسیدا و هتد.

سفینکس: بوونەوەرێکی نهێنی ئامێز. سیمبۆلی نهێنییە. لای گریکەکانی ئەنتیکە دێوێکی مەتەڵ دانەر بوو: ئایا ئەوە چییە کە بەیانیان لەسەر چوار پێ، نیوەڕوان لەسەر دوو پێ و ئێواران لەسەر سێ پێ دەڕوات؟ تەنیا ئۆدیپوس وەڵامەکەی زانی: ئەوە مرۆڤە کە بە زارۆکی لەسەر چوار پێ دەڕوات، بە گەنجی لەسەر دوو پێ و لە پیریدا بە گۆچان دەڕوات. بەدووی ئەوەدا سفیکس خۆی دەکوژێت.

وەرگۆڕینی بەهای / واتای سەرجەم بەهاکان: هەموو ئەو بەهایانە کە مرۆڤان دایانناون و بێمەغزا بوون، لە چواندن دەخرێن و ویست بۆ دەسەڵات خۆی وەک باڵاترین بەهای نوێ دەسەپێنێت. نامۆڕال جێی مۆڕال دەگرێتەوە، چونکە خودا مردووە.

***

 

نیتچە: زەردەشتەکەی من ناناسن؟

پلاتۆن: ئێمە دەبێت ئیدێکانمان لە زارۆکییەوە لەنێو خۆماندا هەڵگرتبێت.

پلاتۆن: من یەقینم هەیە کە هەموو مرۆڤان تەقەلا بۆ چاکی ئاکاری دەدەن

پلاتۆن: جیهانێک بەبێ خودا، دەبێت ئەمە چە ڕوانگەیەک بێت.

نیتچە: نیهیلیزم بۆ من سامناکترین میوانە.

نیتچە: هاوارهاواری گۆڕهەڵکەنان نابیستن کە خودا دەنێژن؟

نیتچە: ڕۆژێک دێت کە یادهێنانەوەی دێوێک خۆی بە ناوی منەوە گرێبدات.

نیتچە: ئا لێرەدا من و تۆ دژی یەک دەمێنینەوە.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: