ژن… وەک مرۆڤ، ژن… عەقڵ و پەروەردە

992
0
بڵاوکردنەوە:

یادی ٣٨ ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان

نووسینی: مەعروف حەسەن

(لەم وتارەدا هەوڵمداوە ئەو دەربڕینە تێبپەڕێنم -دەربڕینێکی باڵادەست لە ئەدەبیاتی وەسفکردنی ئێمەی قوربانییانی ئەنفال- کە دەڵێت “دایکانمان هەم دایک هەمیش باوکمان بوون”، لەبەرئەوەی من بڕوام وایە، ئەو ژنانە زیاتر لە دایک و باوک بوون).

ڕووداوەکانی دوای ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ٣١/٧/١٩٨٣، هەرگیز ڕووداوێک نەبوون شایەن بە تێڕامانبن لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا. ئەو مێژووە پڕە لە سەروەری، دەسکەوتی فیکری و کۆمەڵایەتی مەزن، پڕە لە بەدرۆخستنەوەی ئەو وەهمانەی، کە سەدان ساڵە وەک ڕاستی بەرجەستە و دەست لێدراو پێمانی دەناسێنن، ئەو درۆیانەی، کە وەک حەقیقەت دەرکەوتوون، پڕە لەو لێدانە مەزنانە، لە خوڕافات، کە تا ئێستاش شوێنی ڕامانی کۆمەڵگای کوردی نیە. ئەمە ئەو لایەنە گەشەی ئەنفالکردنی بارزانییەکانە، کە کەس نایبینێت، شایەنی ئاوڕدانەوەی کەس نییە و کەوتۆتە ژێر تەپوتۆز و غەڵبەغەڵبی سیاسەت و دەوڵەمەندبوونی نا یاساییەوە، بەڵام بەشدارییەکی کردارییانەیە لە دروستکردنی جێگە و مانای ژن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، بەشداریکردنە لە دەوڵەمەندکردنی مێژووی خەباتی ژنی کورد بە گشتی.

ئەنفالکردنی بارزانییەکان چەندە تاوانێکی گەورەیە دژ بە مرۆڤایەتی، مێژووی دوای ئەو تاوانە هێندە و بگرە زیاتریش پڕە لە گەشانەوە، سەروەری و لەدایکبوونی ژن وەک (تاک)، (خود)، (بونەوەری کۆمەڵایەتی ئازاد و سەربەخۆ). مێژووی دوای ئەنفالکردنی بارزانییەکان، مێژوویەکە بە دەستوخەتی ژن نووسراوەتەوە، ئەو ڕەنگڕێژی کردووە و ئەو پەیوەندییەکانی ناوی و نەخشەکانی داڕشتووە، ئەو بڕیاری داوە ڕووداوەکانی ناو ئەو مێژووە چۆن بن و چ ئاراستەیەک وەربگرن.

ئەگەر ئەنفالی بارزانییەکان لە چوارچێوە تراژیدی و سیاسییەکەی دەربێنین، دەتوانین گەلێک لایەنی گەشی ببینین. ڕووداوەکە ٨٠٠٠ پیاوی لە بیابانەکانی خوارووی عێراق بزرکرد و سەدان کوڕ و کچی وەک منی لە سۆزی باوک، خوشک و برا بێ بەش کرد، ئەمە جگە لەوەی، کە قوربانییەکان خۆیان نموونەی باڵای مرۆڤی هێمن و دەستپاک بوون کە، بەرهەمی مەعریفەیەکی ئایینی بوون، کە دەوڵەمەند بوو بە بەها و مانا هەرە جەوهەریی و ئۆرگانییەکانی -تێگەیشتنی بارزانییانە لە دنیا-، بەڵام ژنی ناچارکرد بێتە ناو ژیانی گشتی و پێ بنێتە ناو سەرزەمین و قەڵەمڕەوی پیاوانەوە. هەڵگرتنی هەنگاوێکی لەم جۆرە نە بەرهەمی ئاگایی ژن بووە لە دنیا، نە بەری ڕەنجی زانکۆکان و بزووتنەوە فێمێنیستییەکان بووە و نە کۆمەڵگای کوردیش لایەنی کەمی هەنگاوە هەرە سادەکانی ناوە بۆ کرانەوە بە ڕووی مۆدێرنە و تێگەیشتن لە جیهان و سەردەمەکەی، تا بتوانێت ژێرخانی هاتنە پێشەوەی ژن ئامادە بکات، بەڵکو بەرهەمی توانا، خەیاڵ و هێزی بەرگری ژن خۆیەتی، واتە بەرهەمی ئەو ئیرادەیەیە کە (ژنان) لە دۆخی سروشتی خۆیاندا هەیانە، جا نیشتەجێی چ وڵات و چ ناوچەیەکن، فەیلەسووف بن یانیش ژنی ماڵەوە، هیچ لەو ئیرادە سروشتییە کەم ناکاتەوە. زەمینەی هەموو ئەمانە، کەشوهەوایەکی پیاوسالارانە و کەلتورێک بووە، کە ژن تێیدا لە خواری خوارەوەی پلە بەندی هەڕەمە کۆمەڵایەتییەکە دایە. دایکانی ئێمە ئەم سیستەمە هەڕەمییەیان تێکشکاند و هاتنە ناو فەزا و ژیانی گشتی کۆمەڵگادا، خشانە ناو سیستەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەوەیەکی خوێندەواریان پێگەیاند، نەوەیەک، چونکە بەرهەمی عەقڵ و خەیاڵی ژنە، هێمن و ناتوندوتیژ.

کاتێک بەعس سەرکردەی ماڵ، کە پیاوە، دەستێنێتەوە لە ژن، ئیدی ژن دەکەوێتە هەوڵی تەرجەمەکردنی خەیاڵاتەکانی خۆی، دەربارەی ژیان، بۆ سەر واقعی بەرجەستە! لەناو خەیاڵ، هەناوی ژن و ناو کەلێنە تەسک و تەنگەبەرەکانی ڕۆحیەوە، چەندەها پلان، شێواز و فۆڕمی ئامادەی ژیان هەن، کە هەرگیز بە هەبوون و باڵادەستی کەلتوری پیاوسالاری ناتوانن خۆیان بەرجەستە بکەن، پلان و شێواز و فۆڕمێک، کە هێندەی جیاوازی نێوان زەوی و ئاسمان، جیاوازە لە پلان و شێوەژیان و فۆڕمەکانی ناو خەیاڵاتی پیاوەکان. هەڵبەتە ئەم ژیانە هاوتەریبە بە بوونی سەختی، نەهامەتی، ترس، دوودڵی و پشێوی دەروونی سەبارەت بە ڕووداوەکان لەئایندەدا و کۆمەڵێک ڕووداوی زۆر ناخۆش، کە شوێن گرنگی پێدانی من نین بەڕاستی.

بۆیە سەرنجڕاکێشترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کە، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە، سەروبەندی ئێمە لەگەڵ ژنێک نییە، کە ئاشنای مافەکانی خۆیەتی، ژنێک نا کە دەرچوو یان مامۆستای زانکۆیە، ژنێک نا کە پەروەردەی خەیاڵاتەکانی ناو سەری پیاوێکە (وەک لە ژن لە سیستەمی ئایدیۆلۆژی پ.ک.ک دا دەبینین کە ئۆجەلان ڕەنگڕێژی کردووە)، ژنێک نا کە فێمێنیزم شڕۆڤەبکات و منداڵی مۆدێرنە بێت و….. ژنێک کە نەخوێندەوارە و ناهۆشیارە بە مافەکانی! ژنێک کە یەکێک لە مەبەستەکانی لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بریتی بووە لەوەی کەسێک ببێتە خاوەنی و ئەو جلی بۆ بشوات و خواردنی بۆ ئامادەبکات. ئێمە لە دوای ئەنفالکردنی بارزانییەکان بەر جۆرە ژنێکی ئاوا دەکەوین کە چارۆگێک یان عەبایەکی عەرەبی بەدەوی بەسەر و لەشەوەیە و مەردانە دێتە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ژیان. ئەم ژنە بەبێ قیژاندن بە ڕووی ڕەگەزە سەرەکییەکانی ناو کەلتووری پیاوسالاریدا، بەبێ لێدان لە کەسایەتی پیاو وەک مرۆڤ، بەبێ هاتوهاوری ناو میدیاکان، بەبێ باسکردن و بانگەشەکردنی ساختەکارانە بۆ ئازادی و بەبێ فڕێدانی سەرپۆش و عەبایەکەی….. بەبێ هەموو ئەمانە، هەموو ئەو درۆیانەی کە کۆمەڵگا وەک ڕاستی کۆمەڵایەتی و ئایینی وەریگرتبوون، وەک خۆیان و وەک درۆی گەورە نیشاندەداتەوە، بەڵام ئەوە ئێمەین نایبینین! هەولێر و پردێ گۆڕەپانی ئەو سەرکەوتنەی ژنە بەسەر کەلتوری پیاوسالاری و درۆ کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجییەکاندا، کارگە جیاجیاکانی هەولێر گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن گەر شۆڕشێک هەبێت لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا بۆ نیشاندانی ژن وەک مرۆڤ و وەک خودێکی خاوەن ئیرادە و وەک (بوو)یەک، کە پێویستی بە کەس نییە بۆ درووستکردنی مێژوو و ژیانی خۆی، شۆڕشی ژنانی بارزانین لەدوای ١٩٨٣.

لێرەدا ژن… بوونێکە خاوێن خاوێن (لە پێکهاتە سروشتییەکەیدا –ئابسۆلیوت-) نە زانکۆ، نە مێژوو، نە فەلسەفە و ئایدیۆلۆجیا نەهیچ شتێک ئەو ئیرادەیەی تێدا نەجووڵاندووە کە بێتە مەیدانی ژیان، ناچاری و ناهەمواری و تەنهاکەوتن نەبێت لە ژیاندا- ئا ئەمەیە ژن وەک خۆی کە هەیە.

بۆیە ئەم ژنانە بەرجەستەکەری وێنەی ڕاستەقینەی ژنن وەک خۆیان کاتێک ستەمی پیاوسالاری و مێژوویان لەسەر لادەچێت. ئا ئەمە ئەو شەڕەفەیە کە ژنانی بارزانی هەیانە و توانییان بۆ هەتاهەتایە متمانە بۆ ژن بگەڕێننەوە لە پەیوەندیدا بە بڕوا و متمانە بەخۆبوون، جا ئێستا کە خۆیان لە ژیاندان و کەس رێز لەو هەستانەوە و بەرخودانییەیان ناگرێت، سەلمێنەری بێ باکی ئێمەیە لە ئاست ئەوان و دنیا و ژیان بەگشتی. ڕۆژگارێک، ئەوکاتەی کەمێک بەڕووی دنیادا دەکرێینەوە، بۆ بەرگریکردن لە ژن و نەخشاندنی شێوازی ئامادەگی ئەو لە کۆمەڵگادا، بە ناچاری دێینەوە سەر ئەو سەرەتا قووڵ و بە هێزەی ئەم ژنانە دروستیان کردووە.

ئەوە دایکانی ئێمەن کە بەڕووی ئایدیۆلۆجیای کۆمەڵایەتی باڵادەست، بەڕووی سیستەمی ئاینداری باڵادەست (کە کۆمەڵێک وەهمن لە بابەتی شەڕەف، بێ هێزی، کەم عەقڵی و ئەمانە… کە لە قووڵاییدا سوکایەتین بە تەواوی مرۆڤەکان، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی پیرۆز، نەک تەنها ژن)، بەڕووی تەواوی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە دەنگ هەڵدەبڕن و دەست بۆ لادانی ئەو پەردەیە دەبەن، کە بەسەر حەقیەتەکاندا دراوە لە خەیاڵ، عەقڵ و دنیای ڕەمزی ئێمەدا، (وەک سێبەری دەستکردی ئەو بوکەڵانەی کە ساڵانێکی درێژ وەک ڕاستی خۆی نیشانی مرۆڤە بەستراوەکانی ناو ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون دەدا).

ئەمە ئەو شەڕەفەیە کە ڕۆژگارێک دێت هەموو کتێبەکانی دنیا پڕدەکات لەخۆی، هەموو بیرمەند و نووسەرێکیش ناچاردەکات بۆ ئیشکردن و تیوریزەکردنی پرسی ژن، بگەڕێنەوە سەر ڕۆژگاری خەباتی ژنانی بارزانی. ئەگەر وێستگەیەک هەبێت لە مێژووی کۆمەڵگای کوردی و تەواوی ئەم ناوچەیەدا، کە لێوەی دەست پێبکەین بۆ ناسین و خوێندنەوەی خەباتی ژن، ئەوا ناچارانە دەبێت بۆ مێژووی ژن لە دوای ئەنفالی بارزانییەکان بگەڕێنەوە، ئەو مێژووەی کە ڕاستگۆیانە ژنی نووسیوەتەوە، ژن وەک ئەوەی هەیە بەبێ دەستکاری ئایدیۆلۆجیا، وەک ماتەوزەیەک (وزەیەکی پەنگخواردوو لە ناوەوە) کە هەیە و بواری نادرێتێ ببێت بە جوڵەوزە.

ئەم ژنە ئێستا خاوەنی چەندەها کچ و کوڕن، کە بەشێکیان کاسبکاری باشن، هەندێکیان پێشمەرگەی دلێرن، کۆمەڵێکیتر خاوەنی بکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لێهاتوون لە بواری زانستی جیاجیا دا، ئەمە لەپاڵ بوونی کرێکار و دوکانداری خاوەن شەهامەت و پڕ لە سۆزی مرۆڤایەتی. ئەم ژنانە هێشتا کۆڵیان نەداوە و بەردەوامن لە نووسینەوەی مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەیان و زۆر دڵنیان لەوەی، کە ڕۆژێک دێت نەوەکانی ئەوان دەبنە سەرکردە و خەباتکاری ڕاستەقینەی ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە. ئەوکاتەی، کە دەرفەتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی یەکسان بۆ هەمووان وەک یەک دەستەبەر بوو، ئینجا دەبینن کە چ نەوەیەک بە شیری ئەم ژنانە و بە سیستەمی پەروەردە و بە خەیاڵات و خەونەکانی ئەوان پێگەیشتوون.

دروود بۆ دایکانمان… ئەوانەی ٣٨ ساڵی ڕێکە لە کارکردن نەوەستاون، بە ئێستاشەوە. دروود بۆ ئەوانەی، کە سەختییەکانی ژیان ئێسقان و هەناویانی هاڕیووە و ئێستا بەبێ چارە و غەمگینی، بەڵام پڕ لە شکۆ و سەربڵندی، لە نەخۆشخانەکان و ناوماڵەکانیان کەوتوون. دروود بۆ ئەوانەی، کە حەرفێکیش نازانن بنووسن و بخوێننەوە، بەڵام کۆمەڵێک خوێندەواری جددی و بەهێزیان دروستکرد.

بڵاوکردنەوە: