کێشەی خراپە (پرسی شەڕ) لە نێوان ئەلبێرت کامۆ و سەعیدی نورسیدا

392
0
بڵاوکردنەوە:

کێشەی خراپە (پرسی شەڕ) لە نێوان ئەلبێرت کامۆ و سەعیدی نورسیدا

 

نووسینی: هاکان گۆک

لە ئینگلیزییەوە: شکار ئیبراهیم

زۆرێک لە ئەیسیستەکان (خودا ناباوەڕەکان) پێیان وایە گەر خودا هەبێت ئەوا نابێت خراپە ( شەڕ – Evil) بوونی هەبێت چونکە خودا، بەپێی ئەو پێناسەی بۆی کراوە، دەسەلآتی ڕەهای هەیە ( القدیر- Omnipotent) و هەموو شتێک دەزانێـت (علیم- Omniscient) و چاکەکار و چاکەویستە ( خیر- Benevolent). لەم خاڵەوە ئەیسیستەکان گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی کە بوونی خراپە و شەڕ ئارگۆمێنت و بەڵگەی باوەڕدارەکان ڕەت دەکاتەوە بۆ بوونی خودایەکی چاکەکار.

بەلآم ئایا ئەمە دەرئەنجام و دەمودوویەکی ئەقلآنییە؟

ئەلبێرت کامۆ و سەعیدی نورسی دوو بیرمەندن کە لە هەمان کات و ساتدا ژیاون، یەکێکیان نوێنەرایەتی دیدگایەکی ڕۆژئاوایی ئەیسیستانە دەکات و یەکێکیشیان نوێنەرایەتیی دیدگایەکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامییانە دەکات. هەردووکیان دوو دیدگای زۆر جودا پێشکەش دەکەن سەبارەت بەوەی کە چۆن مرۆڤ پێویستە لە کێشەی خراپە ( The Problem Of Evil-مشکلە الشر) و ئازار چەشتن ( المعاناە- suffering) تێ بگات.

  • ئەلبێرت کامۆ و کتێبی ( The plague- تاعوون)

کامۆ وای پێ باش بووە کە هەندێک لە بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی لە ڕۆمانی ( le peste) دەرببڕێت. ڕۆمانەکەی لە ساڵی 1947 نووسیوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی بە (The Plague) [وەرگێردراوە بۆ سەر زمانی کوردیش بەناوی تاعون لەلایەن ڕەسووڵ سوڵتانییەوە].

لەو ڕۆمانەیدا کامۆ دونیابینی خۆی دەربارەی پرسی شەڕ نمایندە دەکات، تاعوون شێوەی دەرکەوتنی خراپەیەکی سرووشتی نیشان دەدات، بەمجۆرە تاعوونی دبلی کە بەهۆی جرجەکانەوە پەیدا بوون لە شارێکی جەزائیردا بەناوی ئۆران ( وارانی ئەمڕۆ). ڕەنگە کامۆ سروش و ئیلهامی لە پەتای کۆلێرای ساڵی 1849ـی جەزائیرەوە وەرگرتبێت، خراپەیەکی سروشتی کە چەندین ژیانی برد و بووە هۆی مردنی خەڵکانێکی زۆر، یاخود بە ئەو مۆڕاڵە شەڕەنگێزییەی نازییەکان لە داگیرکردنی فەرەنسادا، کە ملیۆنان خەڵکی توشی مەرگ و فەتارە کرد لەگەڵ ئازارێکی بێ ئەندازە گەورە[١].

لە نێوان چەندان کارەکتەری نێو ڕۆمانی تاعووندا، دوو کارەتکەر زۆر گرنگن لە ئەو ڕوەوە کە بیرکردنەوە فەلسەفییەکانی کامۆ دەرئەبڕن: کارەکتەریزەکردنی دەیڤد هیۆم (David Hume) بۆ کارەکتەری فیلۆ(Philo) دیما(demea) و کڵینزس کە نوێنەرایەتی چەندان دیدگای جیاوازی فەلسەفی دەکەن.

کامۆ بەڵگەی بڕواداران و ئەیسیستان لە دەمی پیاوێکی ٣٥ ساڵەوە نیشانی خوێنەران دەدات. ” دکتۆر بێرنارد ڕیۆ” و خزمە بەتەمەنەکەی ” باوکە پانیلۆکس”، کە گێڕەرەوەی چیرۆکەکەیشە، ئەیسیستێکی بە مۆڕاڵ (ئەخلاق) کەسێک کە خوێنەر تەنها لە کۆتاییدا پەی بەوە دەبات کە دکتۆر ڕیۆ نوێنەری بیرکردنەوەی خودی کامۆیە؛ باوکە پانیلۆکس، کاهینێکی یەسوعی، دنیابینی مەسیحی(کریستیانی- باوەڕداران) دەردەبڕێت لەڕێگەی وتارەکانییەوە و لەڕێگەی گفتوگۆکانییەوە لەگەڵ دکتۆر ڕیۆ.

کامۆ سەرگوزەشتەی شەڕێک ئەگێڕێتەوە کە هەردوولا دژی بەلآی تاعوون لە واران ئەنجامی ئەیەن، لایەنی عەقلآنی، لەژێر ڕۆشنایی توێژینەوە و زانست و تەکنەلۆجیادا، کە لەلایەن دکتۆر ڕیۆوە پێشەنگایەتی ئەکرێت، لە کێشمەکێشمدابوو بۆ ئەوەی ڕێگە بە بلآو بوونەوەی نەخۆشییەکە بگرێت لەڕێگەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی نوێوە، لە هەمان کاتدا هێزە کەنیسەییەکان( السلگات الکنسیە- Ecclesiastical authorities)ــی شارەکە ڕێگەیەکی میتافیزیکی(غەیبی)ـیان گرتبووە بەر ئەویش بەهاندانی هاونیشتیمانیان بۆ نوێژی بەکۆمەڵ، لە مانگی یەکەمی تاعوونەکەدا، باوکە پانیلۆکس داوەتکرابوو بۆ ئەوەی گوتارێک پێشکەش بکات لە شاری کاسیدڕأڵ، سەرەتای گوتارەکەی بە تۆمەتبارکردن دەستپێکرد، گوتی : ” برایانم، کارەساتێکتان توشبووە، لێ برایانم ئێوە شایەنی ئەو کارەساتەن!” [٢]. و بەردەوام بوو لەگەڵ خوێندنەوەی بەشێ: لە سیفری خروج (Exodus) و گوتی: ” یەکەمجار کە ئەم کۆست (محنه- tribulation)ـە ڕووی دا لە مێژوو، بۆ ئەوە بوو لوگوتی دوژمنانی خودا بشکێنێت، فیرعەون دژی بەرنامە و پلانی ئیلاهی و ئەبەدی و تاعوون چۆکی پێدا هێنا و سەرشۆڕی کرد، لە سەرەتای مێژووەوە قامچی خودا لووتبەرزان و خۆبەشتزانانی سەرشۆڕ کردووە، برایانم بیر لەمە بکەنەوە و بچنە سەرچۆک ئێوەش”[٣].

بۆ باوکە پانیلۆک، تاعوون، یان هەر خراپەیەکی تر هەر بۆ ئەوەیە کە باسی کرد، نێردرا بۆ سەر خەڵکانێک کە لایان داوە لە ڕێگەی خودا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە یاخود سزایان بدات، ئەو لەسەر ئەوە سوربوو کە خەڵکی واران شایستەی ئەو سزا قورسەن، هەروەک چۆن خەڵکی سۆدۆم و گۆمۆرا( دوو گوندن لە بەیبڵ باسکراون) شایستەی بوون، هەروەک فیرعەون، تاعوون بۆ پانیلۆکس، سزای خودابوو دای لە خەڵکی واران بۆ پرژاندنی خوێنی ئینسانی و لەناوبردنی بەدبەختی” لە چاندنێکدا کە دەرفەت دەدات بە دوورینەوەی ڕاستی و حەق”[٤].

پانیلۆکس، لە کۆتاییدا ئەوەی پێشنیارکرد کە دانیشتوانی واران پێویستە تەنها یەک وشە بڵێن بەڕووی ئاسمانەکاندا ئەویش تاکە وشەیەکە کە پێویستە مەسیحییەک (کریستییانێک) بیڵێت: خۆشەویستی. پاشان، ئەو بڕوای وایە، خودا کارەکانی تر ئەنجام دەدات.

پاش وتارەکەی پانیلۆکس مۆنسیور ئۆسۆن، دادوەری شارەکە، گوتی بەدکتۆر ڕیۆ کە شیکارییەکەی پانیلۆکس” بە دڵنیاییەوە شایستەی هیچ چەندوچونێک نییە و ڕاستە”. هەر چۆنێک بێت، کامۆ دیدگا وجودییەکەی خۆی پشان دەدات لە لاپەڕەکانی دواتردا کاتێک دکتۆر ڕیۆ و جیان تارو گفتوگۆیەکیان دەبێت لە ماڵەکەی ڕیۆدا لەو شوێنە کە لەگەڵ دایکیدا ئەمایەوە تێیدا، خانمە ڕیۆ، ئەو خانمەی هاتبوو لەگەڵ کوڕەکەیدا بژی بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی بردرابوو بۆ کەرەنتینە.

لەگەڵ بەرەوپێشچونی ڕۆمانەکەدا، کامۆ باسی ئازارچەشتنی مندالآنێکی بێتاوان یەنێتە پێشەوە کە بەهۆی تاعوونەوە ئازارئەچێژن، ژاک ئۆسۆن، کوڕی دادوەر ئۆسۆن، توشی نەخۆشییەکە دەبێت، سەرەڕای هەوڵەکانی دکتۆر کەستێڵ یۆ پاراستنی ژیانی بەسیرۆمە دژە تاعونەکە، ژاک ئەمرێت پاش ماوەیەکی دێژ لە ئازارچەشتنێکی تاقەتپڕوکێن.

دکتۆر ڕیۆ و باوکە پانیلۆکس جارێکی کە یەکیان بینییەوە لە دەرەوەی نەخۆشخانە لەو شوێنەی کە ژاکی لاوی تێدا مرد، پانیلۆکس ئەوەی پێشنیارکرد سەرەڕای ئەوەی ئازارچەشتن و مردنی منداڵێکی بێتاوان شتێکی ناپەسەندە و لە پشتی تێگەشتنی مرۆڤەوەیە، بەلآم پێویستە لەسەر مرۆڤ ئەوشتەی خۆشبووێت کە لێی تێناگات، ئەمەش پاڵی بەدکتۆر ڕیۆوە نا کە وەلآمبداتەوە” نەخێر، باوکە، من باوەڕێکی جیاوازم هەیە دەربارەی خۆشەویستی، و بۆ ئەو ڕۆژەی کە تێیدا ئەمرم من پێویستە ئەو خەڵق و دروستکردنە ڕەتبکەمەوە کە تێیدا منداڵێک ئەشکەنجە ئەدرێت”.

باوکە پانیلۆکس لەگەڵ ژاکی گەنجدابوو لەکۆتا کاتژمێرەکانی تەمەنیدا و نوێژی ئەخوێند و نزای ئەکرد بۆ خودا تاکو بیپارێزێت و نەجاتی بدات، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دکتۆر ڕیۆ و دکتۆر کەستێڵ و تیمە پزیشکییەکە بەهەمانشێوە نزاکانی باوکە پانیلۆکس، کوڕەکە مرد، ئەمە باوکە پانیلۆکس بەتەواوەتی درکی بەوەکرد کە بەهانە نەویستە، بەلآم هێشتا پێویستە قبوڵبکرێت چونکە ویستی خودا بەمجۆرەبووە.

لەم خاڵەوە تا کۆتایی، کامۆ پانیلۆکس وێنائەکات وەک ئەو قەشەیەی کە گومانکردن تێیدا سەریهەڵدا لە ئازاری منداڵێکی بێتاوانەوە کە هیچ بەڵگە و ئارگۆمێنێتێکی ئایینی ناتوانرێت ڕاڤە بکرێت..

لە وتاری دووەمی باوکە پانیلۆکسدا، قەشەیەکی لەسەرخۆتر هەیە لەبارەمبەر قەشە توندەکەدا، پانیلۆکس جێناوی ” ئێمە” ـی بەکارهێنا لەبری “ئێوە” بەشێوەیەکی قوڵ کاریلێکرابوو لەلایەن ئازار و کۆتایی منداڵێک و مردنیەوە، باوکە پانیلۆکس قسەی کرد لە کڵێسایەکی ئارامتر و کەمتر قەرەباڵغدا لەگەڵ ئامادەبوانێکدا کە کەمتر جۆش و خرۆشیان هەیە.

پانیلۆکس گوتی: ” برایانم، خۆشویستی خودا کارێکی گرانە، پێویستە کەسێک بە تەواوی واز لەخودی خۆی و ئەوانەشی کە پەیوەندیان پێیوە هەیە بهێنێت، بەلآم ئەمە تاکە شتێکە بتوانێـت خەم و پەژارەی ئازار چەشتن و مەرگی منداڵێک بڕەوێنێـەوە، ئەوە شتێکە وای لێدەکات پێویست بێت چونکە بەبێ ئەوە ڕێی تێناچێت یەکێک بتوانێت لەو شتانە تێ بگات. کەواتە ئێمە هیچ جێگرەوەیەکمان نییە بێجگە لەوەی ویستمان لەسەر خۆشەویستی خودا بێت، ئەمە وانەیەکی قورسە کەویستم لەگەڵ ئێوە هاوبەشی پێبکەم برایانم، ئەمە ئیمانە – شتێکی دڵڕەقانە لەچاوی مرۆڤەکانەوە بڕاوە لەچاوی خوداوە- کە ئێمە پێویستە پێی بگەین، پێویستە ئێمە خۆمان هاوتای ئەو وێنە ناشرینە بکەین، لە لوتکەکەدا هەموو شتێک تێکەڵ ئەکرێت و هاوشان و یەکسات ئەکرێت، و حەق و ڕاستی لە تاریکی و زوڵمەت یەتەدەرەوە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە لە زۆرێک لە کڵێساکانی باشوری ئەفریقادا، قوربانیانی تاعوون بۆ چەندان سەدە نووستون لەژێر بەرددا لە خۆڕۆسدا، و قەشەکان لەسەر مەزاری ئەوان وتار و ئامۆژگاری ئەکەن، ئەوە ڕۆحی ئەوانە جاڕدەدات و سەرهەڵدەدەن لە خۆڵەمێشەکەوە هەتاکو مندالآنیشیان تێدایە ئەوانە”[٦].

لە چوون بەرەو کۆتایی کتێبەکەی کامۆ، کامۆ وێنای ئازاری نەخۆشی و ساغڵەمییەکان ئەکات لە ڕێگەی باوکە پانیلۆکس و جیان تارۆ، پانیکلۆس ویستی خودای قبوڵ و پەسەندکرد و ڕەتیکردەوە بەرەنگاری نەخۆشییەکە ببێتەوە و مرد بە بەشە ئیمانەی کە لە بەدەنیدا مابوویەوە و باوەڕی پێی مابوو سەرینایەوە، هەر لەو کاتەوە دکتۆر ڕیۆ کەیسەکەی پانیلۆکسی وەک ” کەیسێکی پڕ گومان” تۆمارکرد چونکە هیچ لە تاعونی نەئەکرد، لەهەمان کاتداتارۆ شەڕێکی پاڵەوانانەی بەرپاکرد بەرامبەر نەخۆشی تاعوونەکە بەلآم شەڕێکی پڕ نشست بوو و سەرکەوتوو نەبوو تێیدا و بەهەمانشێوە مرد.

سەعیدی نورسی و پەیامەکانی نور(EPISTLES OF LIGHT)

لە پەیامەکانی  نوردا[٧] کە کۆمەڵێک نوسینی نورسییە، بنچینە فەلسەفییەکانی خۆی داڕشتووە دەربارەی بوونی خودا وەک دروستکەر و پارێزەری ژیان و گەردوون، جیاوازییەکی ڕەوان و ڕوون لە نێوان تێگەشتن ( مفهوم- concept)ـی باوەڕداران (Theists) و نورسی دەربارەی خودا ئەوەیە کە نورسی تەنها باوەری بەوە نییە کە خودا دارا و خاوەنی دەسەلآتێکی بێسنوور (القدیر- Omnipotent) و هەمووشتێک ئەزانێت ( علیم- Omniscient) و چاکەکار و چاکەویست (خیر- benevolent) ـە بەتەنها، بەڵکو بەهەمان شێوە خودایەکی عادل و سزادەر و دانا و بەهێز. بەمشێوە نورسی موناقەشە و ئەرگۆمێنت سازییەکانی خۆی ئەکات کە بوونی خراپە یان ئازار بە زەڕوڕی و ڕوونی ممانای ئەوە نییە کە دژ یەتەوە لەگەڵ بوونی خودایەکی چاکەکاری چاکەویستدا، ئەو حاڵەتەی کە خراپە و ئازاری تێدایە لە حەقیقەتدا ڕەنگە سیفاتەکانی خودا نیشان بدات وەک عادل و سزادەر و دانا بۆ ئەوەی لەکۆتاییدا دۆخەکە چاک ببێت و بچێتەوە سەر دۆخی درووستی خۆی، سەرەڕای ئەوەی کە دیدگای نورسی لەبارەی خراپە و ئازار چەشتنەوە هاوشێوە دەبێتەوە لەگەڵ یەکێک لە دیدگاکانی پانیلۆکسدا، بەلآم بەڕوونی ئەتوانرێت هەست بە جیاوازییە جەوهەری و ئەساسییەکە بکرێت، ئەوە ڕاستە نورسی پێی وایە خراپە و ئازار وەک بەشێکە لە ئاگارکردنەوەیەکی ئیلاهی بۆ ئەو کەسانەی کاری هەڵە و خراپ ئەنجام ئەیەن و ڕێنموونی خەڵک بکات بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر دوعا و نزاکردن[٨]، بەلآم بەهەمانشێوە ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە بۆچی بوونی خراپە و ئازارچەشتن بەڵگەیەکی ڕوون نییە لەسەر بوونی خودا.

بەپێی نورسی، مرۆڤ هیچ ڕەوایەتی و مافێکی نییە کە نە پڕتەوبۆڵەی بێت و گلەیی هەبێت بەرامبەر هەم خراپە سروشتییەکان و بەهەمانشێوە خراپە مۆڕاڵییەکان کە ڕەنگە ئازاری توش بکات، نورسی بەپێی سێ خاڵ بەڵگە سازی بۆ مەوقیفی فیکری خۆی ئەکات.

یەکەم خاڵ کە نورسی باسی ئەکات ئەوەیە مرۆڤ دروستکراوێکی هونەری خودایە، بەمجۆرە خودا ئەتوانێت بە ئەوپەڕی ئازادییەوە لە بەرامبەر دروستکراوەکانیدا هەر کارێک بکات کە ئەیەوێت، وەک تەشبیهـ و پێچواندن، نورسی مرۆڤ ئەچوێنێت بەو نمونەیەی کە خەیاتێک کاری لەسەر ئەکات لە کاتی دروستکردنی پۆشاکدا، نورسی ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کاتێ هونەرمەندێک ئەو پۆشاکە دەدات بە نمایشکارێک هەموو مافێکی هەیە لەوەی پێی بڵێت: دانیشە، هەستە، بەمجۆرە بسوڕێرەوە تا کۆتایی، نمایشکارەکە هیچ مافێکی نییە کە سکالآ لە فەرمانبەدەستەکەی بکات.

لە بریسکەکاندا، نورسی ئەڵێت:

…هەروەک چۆن ناوی دکتۆری    چارەسەرکار ئەوە بەپێویست ئەگێڕێت

نەخۆشێک بوونی هەبێـت، بۆیە بەهەمان شێوە ناوی دابینکەر(provider-الرزاق) ئەوە پێویست ئەکات کە برسێتی بوونی هەبێـت، هەر بەمشێوەیە پادشا و خاوەنی هەموو ناوچەیەک توانای هەیە دەسکاری ئەوشتانە بکات کە موڵکی ئەون بەویستی خۆی[٩].

بەم شێوەیە، بۆ نورسی، لاشە و ژیان موڵکی دروستکەرە بەماوەیی(temporary) دراوە بە مرۆڤ، مرۆڤ پێویستە شوکرانەبژێربێت بۆ ئەوەی ئەو دیارییەی پێ بەخشیوە، نەک لەبەرامبەر بەشێک لە بەشەکانی سکالآ بکات.

بەهەمان شێوە نورسی دەلالەت لەوە ئەکات کە سیفاتەکانی خودا داوای هەلومەرجانێک ئەکەن کە نەخوازراون بۆ ئەوەی ڕووی میهرەبانی یان سیفاتی ئیلاهی تێدا دەربکەوێت، بۆ نموونە ناوی خودا” شافی” ئەوە بەپێویست ئەگێڕێت بوونی نەخۆشی هەبێت، یان ناوی ڕۆزیدەری خودا ئەوە بەپێویست ئەگێڕێت برسێتی هەبێـت، بەمجۆرە تا کۆتایی [١٠].

خاڵی دووەم کە نورسی تیشکی ئەخاتەسەر بریتییە لە ئەوەی کە خراپە و ئازار مەست لێیان پاڵفتەکردن و باشترکردنی ژیانە، نورسی پێی وایە کە نەبوون و نەقسی نەخۆشی و خراپە لە ڕاستیدا زۆر خراپترە بۆ ژیان لەوەی کە هەبن، بۆ نموونە ئەگەر هیچ نەخۆشییەک نەبێت، ئەمەش ئەو ژیانە نموونەیی(مپالی-ideal)ـەیە کە کامۆ داوای ئەکات، ئەوا هیچ باشتربوونێک بۆ ژیان بوونی نییە لە وێنە گشتییەکەدا، بەواتایەکی تر، مرۆڤ پێویست بووە کار لەسەر بەرگریکەر لە خۆشی بکات بۆ چەندین سەدە، و لە بەرامبەردا، تەندرووستی، دروستانە، و دۆخەکانی ژیان بەشێوەیەکی جەوهەری و بنچینەیی بەرەوپێش چووە، گەر زێرابە کراوەکان نەبونایەتە هۆی نەخۆشی، مرۆڤ زیرەکی خۆی بەکار نەئەهێنا بۆ ئەوەی سیستەمێکی مۆدێرنی ئاوا دابمەزرێنێت کە ئەمڕۆ گشتمان سودی لێ ئەکەین، لە بەرامبەردا، هەر لە پیسییەکی زۆردا ئەماینەوە، و شایستەی ئەم دۆخە مرۆییانە نابین، نورسی ئاماژە بەوە ئەکات و ئەڵێت:

لە ڕێگەی واتای کارەسات و ناساخییەوەیە کە ژیان نوێ دەبێتەوە، کامڵ دەبێت، بەهێز دەبێت، پێش دەکەوێت، ئەوەیە کە ئەنجام پێ دەگەیەنێت، دەگات بە کەماڵی تەواو و مەبەستەکە تەواو هەق پێدەدات، و ئەو ژیانەی وا بەڕێکی بێ بەدەستەوە لەسەر پشتییەک بە ئیسراحەتەوە هیچ لەخێری تەواو ناکات لە وجوددا بەوڕادەیەی کە لە شەڕ و خراپەیەکی تەواو ئەکات کە بوونی نییە، لە ڕاستییدا ئەوەش بەملایەنی خراپەیەدا دێت زیاتر  [١١].

خاڵی سێهەم کە نورسی ئاماژەی پێ ئەکات ئارگۆمێنتێکە کە ژیانێکی کورت لەم ژیانە ئامادە سازییە بۆ ژیانێکی مالانیهائی ئاخیرەت، لێرەوە، ئەم ژیانە نەخۆشی و خراپە و ئازار و میحنەت لەخۆئەگرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ تاقیبکاتەوە کە چۆن پەرچەکردار ئەکات، کردار و پەرچەکردارەکانی جائیزەیەکی ئەبەدی و هەمیشەیی یان سزایەکی توش ئەکات، بۆ ئەم مەبەستە مرۆڤ پێویستە قوەت و سەبڕ نیشان بدات و سەختگیربێت لەبەرامبەر موسیبەتەکاندا.

نورسی ئەڵێت: ئەم مەملەکەتی دونیایە کیڵگەی تاقیکردنەوەیە، بنکەی خزمەتە، شوێنێک نییە بۆ چێژ و پاداشت وەرگتنەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمە ماڵی خزمەتە ماڵی پەرستش و ناساغی و موسیبەتە- هەتا ئەو شوێنەی کە کار لە ئیمان ناکات و بەدانبەخۆداگرتن چارە دەبێت- بەتەواوی سەرقاڵی پەرستشبە، بەڵکو زۆر توند و تۆڵبە لەسەری، ڕەنگە عیبادەتی سەعاتێک بکەن بەهی ڕۆژێک، لەبری سکالآکردن پێویستە شوکرانە بژێی بکرێت [١٢].

و لە ڕوونکردنەوەی بۆ ئەوەی مەرج نییە هەر شتێک بەڕووکەش شەڕ بێت لە ڕاستیشدا وابێـت، نورسی پێی وایە شەڕ پێویستە بۆ قەدرزانینی خۆشی و شادی، و ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە هەر وەستانی شادی بۆ خۆی ئازارە و وەستانی ئازاریش هەر بۆ خودی خۆی شادییە  [١٣].

لە کۆتاییدا، نورسی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کەهیچ دژیەکییەک نییە لە نێوان بوونی خودا و بوونی شەڕدا، و نورسی ئەوە ڕۆشن ئەکاتەوە کە خودا تەنها خۆشەویستییەکی کوللی و میهرێکی کوللی نییە هەروەک چۆن کریستییانەکان پێیان وایە، بەڵکو سیفاتانێکی گەورەتر لەوەی هەیە، و نورسی پێی وایە شەڕ و خراپە پێویستە بۆ دەرخستنی سیفاتەکانی خودا، وەک ڕۆزیدەر و شیفابەخش و هەتاکۆتایی.

جیاواز لە کامۆ، کە هەوڵ دەدات چارەسەری کێشەی خراپە بکات تەنها لە نێوان چوارچێوەی ژیانی کورتی ئێمەدا، نورسی بۆ چارەسەر ئەگەڕێت لە پشتی مەرگەوە، بۆ نورسی ژیانی فیزیگی مرۆڤ لەگەڵ مەرگدا کۆتایی دێت، بەلآم ژیانی ڕوحی دوای مەرگ بەردەوام دەبێت، بەمجۆرە، هیچ ئازارچەشتنێکی ئەم ژیانە بە هەوانتەناڕوات، ئازارچەشتن یان بۆ سڕینەوەی هەڵە و تاوانە کەسییەکان هەژمارئەکرێت یان بۆ وەدەستخستنی بەخششێکی گەورەتر و بەرزتر لە ژیانی ئاخیرەتدا، لەگەڵ ئەوەشدا، نورسی ئەوە دەبەستێتەوە بەوەی گەر نەخۆشی تەنها بۆ ئەوەبێت سزای کەسە خراپەکان بدات، هەمووکەسێک باوەڕ ئەهێنێت بە بوونی خودا کە ئەوەش دژ دەبێتەوە لەگەڵ ئامانجی ئەم ژیانە بە تەواوی.

بەکورتی، کامۆ و نورسی بەشێوەیەکی گەورە ڕاجیان لە بەرامبەر وێناکردنیان بۆ شەڕ و خراپە، یەکەم هەوڵدەدات کە بەهانە بهێنێتەوە بۆ یەکگرتنی شەڕ و خودا تەنها لە سنوری ئەم ژیانە بینراوەدا، و ئەگات بەوەی کە شەڕی حەقیقی بوونی هەیە، بەلآم خودا بوونی نییە، بەلآم ئەویتریان(سەعیدی نورسی) هەرچۆنێک بێت، هەوڵ دەدات بۆ بەهانە هێنانەوەی بوونی خراپە و خودا لە سیاقێکی گەورەدا، ئەویش بریتییە لەژیانی زەمینی و دونیا و ژیانی پاش مەرگ، و ئەگات بەو دەرئەنجامەی هیچ ناسازگارییەک نییە لە نێوان بوونی خودا و بوونی شەڕ، بەڵکو ڕێک لە دژی ئەوەوە، ئەو شەڕە پێویستە و گرنگە کە هەبێت تاکو کەماڵی ئیلاهی دەربکەوێت.

سەرچاوەکان:

[1] In “Layers of meanings in La Peste،” Margaret E Gray writes that The Plague is an allegory to Nazi invasion of France. See Edward J. Hughes، The Cambridge Companion to Camus، NY، Cambridge University Press، 2007، pp. 165-77.

 

[2] Camus، Albert، Robin Buss (translator)، and Tony Judt (editor). 2001. The Plague، Harmondsworth: Penguin Books، p. 73.

 

[3] Ibid. 74.

 

[4] Ibid. 75.

 

[5] Ibid. 75.

 

[6] Ibid. 176.

 

[7] The Risale-i Nur (The Epistles of Light) is the name Said Nursi gave to the collection of his writings. It consists of around twenty pieces of books and is about 6000 pages. The main four books are The Words (Sözler)، The Letters (Mektubat)، The Flashes (Lem’alar)، and The Rays (Șualar).

 

[8] In The Flashes، Nursi writes: “Drawing on the verse (Qur’an، 21:83)، we should say in our supplication، ‘O my Lord and Sustainer! Indeed، harm has afflicted me، and You are the Most Merciful of the Merciful.’” See، Nursi، Kaynaklı، İndeksli Risale-I Nur Külliyatı 1، Sözler، Mektubat، Lem’alar، Şualar، p. 580.

 

[9] Ibid. p. 581.

 

[10] Nursi defends his theism based on the Divine Names of God which require certain conditions to manifest.

 

[11] Nursi، Kaynaklı، İndeksli Risale-I Nur Külliyatı 1، Sözler، Mektubat، Lem’alar، Şualar، p. 581.

 

[12] Ibid.

 

[13] Ibid. p. 583.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: