گفتوگۆ لەگەڵ بۆریس گرۆیس سەبارەت بە ئاڤانت گارد و کیچ و کورد

439
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسین و ئامادەکردن: محەمەد کامەران

محەمەد کامەران: لە وتاری (گووگڵ: وشەکان لەمدیو ڕێزمانەوە) تۆ دەڵێیت گووگڵ جێگەی ئایین و فەلسەفەی گرتووەتەوە، بۆیە ئێستا گفتوگۆمان لەگەڵ جیهان ڕێک دەخات. بۆچوونتان چییە سەبارەت بەو شوێنانەی کە هێشتا ئایین پانتاییەکی فراوانی لە کایەی سیاسەت و کۆمەڵگەی داگیر کردووە؟ دەکرێت ئێران و ئەفغانستان و یەمەن و عێراق نموونەی دیاری ئەم هەڵکەوتنە بن. چۆن چیرۆک (نارەیشن)ی ڕۆژئاوایی بووەتە هێزێکی باڵادەستی جیهانی؟

بۆریس گرۆیس: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئینتەرنێت ڕۆڵی سەرەکی لە بڵاوبوونەوە و پەیوەندیی بەستنی ئایینی دەگێڕێت – ئەمە نەک تەنها بۆ ئیسلام، بەڵکو بۆ ئایینەکانی دیکەی وەکو بوزی و کریستیانی و یەهودیش بە ڕاست دەگەڕێت. نکۆڵی لێ ناکرێت، مژدەبەرەکانی ئایینی کریستیانی و بیروباوەڕە ئایینیەکانی تر سوودیان لە ئینتەرنێت وەک ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامە دینییەکانی خۆیان بینیوە. ئەمەش بە لایەک؛ ئەگەر کەسێک بێتە ناو ئیسلامەوە یان لە ئیسلامەوە هەڵگەڕێتەوە سەر دینێکی دیکە، پرس و ڕایەک بە ئینتەرنێت دەکات و لە مێژوو و ناوەڕۆک و نەریتە باو و قبووڵکراوەکانی ئایینەکە دەکۆڵێتەوە. من بڕوام وایە ئایین لە دنیای ئەمڕۆمان ناتوانێت پشت بە ئینتەرنێت و میدیای هاوچەرخ نەبەستێت، جا هەر ئایینێک بێت یان لە هەر شوێنێک بێت.

محەمەد کامەران: ئەگەر وابێت، دەتوانین بڵێین کەلتوورە ناڕۆژئاواییەکان لە نارەیشنی ڕۆژئاوایی بۆ هونەر گۆشەیەک یان ساباتێکیان هەیە؟

بۆریس گرۆیس: سەرێک لار بکەوە لە مێژووی تێگەیشتنی ڕۆژئاوایی بۆ هونەر، دەبینیت کە هونەر زۆربەی جار لە دەرەوەی کایە کەلتوورییەکەی ڕۆژئاواوە هاوردە کراوە. حەز و خوولیا بۆ هونەر لە سەردەمی ڕێنیسانس پێڕەوکە بوو، ئەوکات ئاوڕمان لە هونەری ڕۆمانی و گریکی دێرین دایەوە. بێگومان گریک و ڕۆم بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکن لە ژیاری ڕۆژئاوایی، بەڵام پێش ڕێنێسانس دوو قەوارەی دەرەوەی شارەستانێتی ڕۆژئاوا بوون. جگە لەمەش، دواتر حەزێکی لەڕادەبەدەر بۆ کەلتوور و شارەستانیێتەکانی میسر و بابل و هەروەها هیندستان و ژاپۆن و چین پەیدا بوو. بە درێژایی سەدەکانی نۆزدەم و بیستەم، کەلتوور و  ژیاری ئەم شوێنانە تەواوی بیر و خەیاڵی نەتەوە ڕۆژئاواییەکانیان داگیر کردبوو. هۆی ئەمە بۆ ئەو تێگەیشتنەی ڕؤژئاوا دەگەڕێتەوە سەبارەت بە خۆی. نەتەوە ئەوروپییەکان و هەروەها ئەمریکییەکانیش، خۆیان بە سەرمەشقی کایەکانی تەکنەلۆژیا و ڕامیاری و ئابووری دەبینن، لەو بوارانە تواونەتەوە. سەرئەنجام، دەرفەتێکی لەبار بۆ خۆخەریککردن لەگەڵ هونەر نەبووە؛ ڕۆژئاواییەکان هەمیشە بڕوایان وا بووە کە هونەر لە دەرەوەی دنیای ڕۆژئاوایی بووە. من ناڵێم کەلتوورە ناڕۆژئاواییەکان جیاوکێکی بەرزیان هەبووە، شتی وا نییە. بە هەر حاڵ، هونەر وەک چالاکییەکی کەلتووری کە سەروکاری لەگەڵ وردبوونەوە و خۆخەریککردن بە بەرهەمە هونەرییەکان هەیە، نەتوانرەوە بە ئاسانی دەستەمۆ بکرێت و فراژی ببێت.

محەمەد کامەران: باشە ئەگەر کیچ بەرهەمی مۆدێرنیزم بێت، چۆن دەتوانین لێی دەرباز بین؟

بۆریس گرۆیس: ناتوانین. لەناوبردنی کیچ یەکسانە بە دالەنگاندنی دیموکراسی، کەس نایەوێت ئەمە ڕوو بدات. دەکرێت هونەرێک بکەیت کە کیچ نەبێت یان دژی بێت یان، هەر وەک هونەری پۆپی ئەمریکی لە پەنجا و شەستەکان دەیکرد، ڕەخنەی لێ بگریت.

محەمەد کامەران: تۆ بڕوات وایە کە ئەگەر هونەر لە دنیای ڕاستی بەرهەستمان دوور بووبێت ئەوا ئەوپەڕی دیزاینێکە، واتە هونەر نییە. چۆن دەتوانرێت ئەم پەیوەندییە بە دنیای بەرهەست لە سەردەمی ئێمەدا جێگیر بکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین هونەرمەند گەریلایەکی کەلتوورییە؟ ئالان بادیۆ لە (سینەما و فەلسەفە)دا ئەم ئەرکە دەداتە پاڵ سینەما، بەڵام پێت وانییە بینەرانی سینەما تا ڕادەیەک پاسیڤ بن؟ زۆرێک لە فەیلەسوفەکان خولیا و مەیلی دیکەیان هەیە لە دەرەوەی کایەی فەلسەفی، وەک مۆسیقا و سینەما و نیگارکێشان. بۆ ئەوان هونەر هێزێکی دەرەکییە، بەڵام تۆ بیرمەندێکی کە لە ناو هونەر نغرۆ بوویت.

بۆریس گرۆیس: من دەڵێم هونەر لە پەیوەندییەکەیدا بە دنیای ڕاستی – کە خۆی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە – ڕۆڵێکی ڕەخنەگرانە دەگێڕێت. کە دەڵێم ڕەخنگەگرانەیە مەبەستم ئەوە نییە کە هونەر بەرتەکێکی ڕاستەوخۆیە و کایە ڕامیارییەکانی کۆمەڵگە ڕەت دەکاتەوە یان دەبێت ڕەتی بکاتەوە. ئەگەر هونەر وەک ئاڤانت گاردی ڕووسی (تازەگەرەکانی بواری هونەر کە لە دوای سەرهەڵدانی ڕووسیای سۆڤیەتی لە ساڵی ١٩١٧ سەریانهەڵدا و بیرۆکەی نوێیان پێ بوو بۆ نوێگەریی لە کایە هونەری و کۆمەڵایەتییەکان) هەڵگری پەیامێکی یوتۆپی بێت – کە ئەوان پێشنیازی شێوازی نوێی ژیان و ئەزموونکردنی ژیان و بنیاتنانی ژیانیان دەکرد – ئەوا وا لێک دەدرێتەوە کە بۆ هەلومەرجی ئەوکات و ئێستاش ڕەخنەگرانە بێت. دەشکرێت کە هونەر دژە یوتۆپیا بێت، واتە ڕەنگدانەوەی مەیلە نەرێنییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بێت کە تێیدا دەژین. کۆمەڵگە و کایەی سیاسی دەیانەوێت قایلمان بکەن کە دڵخۆش بین – یان هەر نا بەڵێن دەدەن کە دڵخۆشمان بکەن. دەیانەوێت لە ژیانی دەستەجەمعی بژین و پەیڕەوی ژمارەیەک داب و نەریتی کەلتووری و هەروەها ڕای گشتی بکەین تا دڵخۆش بین، بەڵام بە گشتی دڵخۆش نین. خەڵک، بە چەمکە دەستەجەمعییەکەی، بە دەگمەن دڵخۆشە. هونەر ئامرازێکە بۆ نمایشکردن و شەن و کەوکردنی ئەم ناڕازیبوون و دڵتەنگییەی خەڵک لە ژیان و ڕاستی و ئەو دنیایەی تێیدا دەژین. بێگومان، ئەگەر تۆ ناڕازیبووی ئەوا دەکرێت بەرخودان دژ بەم ڕاستییە بکەیت یان خۆت لا تەریک بکەیت. بە هەر حاڵ، چ یاخیبوون بێت یان لاشەڕی، هەر بەو دڵتەنگییە دەست پێ دەکات کە کەسێک لە بەرانبەر ڕاستیدا پەیدای دەکات.

محەمەد کامەران: کەواتە ملکەچبوون کلیلێکە بۆ دڵخۆشی بەڵام ناتوانێت بە دەستی بهێنێت. تۆ باسی ئاڤانت گاردت کرد، بە بڕوای تۆ چۆن دەکرێت ئەم چەمکە بە ناوەڕۆکەکەیەوە لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی دابڕێژرێتەوە؟ کە دەڵێم ناوەخۆ، مەبەستم لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان یان وڵاتانی جیهانی سێیەمە.

بۆریس گرۆیس: ئاڤان تگاردی کۆن کۆمەڵەیەکی دیاریکراو بوون، ئەوان دەیانویست پەیوەندیمان بە تەکنەلۆژیاوە ببوژێننەوە. لە کەلتووری گریگی و ڕۆژئاوایی، هونەر پێی گوتراوە (تەکنێ). واتە، لە سەرەتاوە بۆچوونێک دروست بووە کە هونەر خزمایەتییەکی لەگەڵ تەکنەلۆژیا هەبووە. یەکخستنی هونەر و تەکنەلۆژیا هیوای گەورەی لەگەڵ خۆی هێنا، ئاڤانت گاردە کۆنەکان پێیان وابوو کە یەم یەکگرتنە داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر دەکات. من بڕوام بەم پەیوەندییە نییە، تەکنەلۆژیا زیاتر وەک هەڕەشەیەک خۆی نمایش دەکات. ئەگەر بڕوانیتە سیمای کەلتووری و ڕۆشنبیریی مرۆڤی هاوچەرخ بکەیت، دەبینیت کە ئەوان دژە یوتۆپیان، دەیانەوێت شار و هەروەها بۆشایی و نەریتە کەلتوورییەکان بپارێزن. کاردانەوەی ئەمڕۆمان بۆ گەشە و شۆڕشی تەکنەلۆژی لە زڕە ئومێدێک چڕ نەبووەتەوە؛ بەڵکو دەمانەوێت خۆمانی لێ بپارێزین نەوەک بمانهاڕێت. ئەم خۆپارێزییەش زیاتر ناوەخۆییە، چونکە هیچ دامەزراوە یان سیستەمێکی نێودەوڵەتیمان نییە. بەجیهانیکردنی هونەر زەحمەتە، هیچ مۆزەخانەیەکی جیهانیمان نییە. ئابووری و گەشەی تەکنەلۆژی جیهانییە، بەڵام پاراستنی کەلتوور و نەریتەکان لەم گەشەکردنە هەردەم هەوڵێکی ناوەخۆییە. لە سەردەمی ئەمڕۆمان هونەر وای لێ هاتووە کە دیاردەیەکی ناوەخۆیی بێت، لە کاتێکدا پێشتر هونەر یەکانگیر بوو لەگەڵ شەپۆڵێکی جیهانی – ئاڤانت گاردیش هەر وەک بزاوتێکی جیهانی لێیان ڕوانیوە. بە هەر حاڵ، ئەمڕۆ ئابووری و تەکنەلۆژیا جیهانین و هونەریش بووەتە چالاکییەکی لۆکاڵی.

محەمەد کامەران: لە چاوپێکەوتنێکدا تۆ دەڵێیت هونەر ناتوانێت کۆمەڵگا دروست بکات و کۆمەڵگا خۆی چەمکێکی کریستانییە – ڕەنگە ئیسلامی یان یەهودیش بێت. ئەگەر وابێت، چۆن ژیوەریی سیاسی (biopower politics) دەتوانێت سەراپاگیری بەدەست بهێنێت؟ چۆن دەوڵەت لە سەردەمی ئێمەدا دەتوانێت لە ڕێگەی بە”مۆزەخانەکردنی” ژیانەوە نەمریی مسۆگەر بکات؟ ئایا “دڵەڕاوکێی گەردوونی” تاهەتاییە؟

بۆریس گرۆیس: بێگومان تاهەتاییە. زۆرێک لە ئێمە بڕوامان وایە کە بە ڕێکەوت لەدایک بووین، واتە وای دەبینین کە خوا گرینگیی بە بوون و نەبوونی ئێمە نادات. کەواتە، ئێمە تا ڕادەیەک خۆمان داوەتە بەر جموجۆڵە گەردوونییەکان، ئەم جموجوڵانەش لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا بە بەرژەوەندیی ئێمە بگەڕێن؛ بەڵام دەشکرێت هەندێک جار بە دڵی ئێمە نەبن، بۆ نموونە هەسارۆکەیەک بێت و خۆی بە زەویدا بکێشێت. بۆیە خەڵک ئێستا بیر لە ژیان لەسەر هەسارەی تر یان گیرسانەوە لەسەر مانگ دەکاتەوە. ئەم بیرکردنەوانە زادەی ئەم “دڵەڕاوکێ”یەن کە لە ئەنجامی ترس لە وێرانبوونی یەکجارەکی  دنیا کەوتووەتەوە. باسی کۆمەڵگەت کرد. هونەر کۆمەڵگە دروست دەکات، بەڵام ئەو کۆمەڵگەیانەی هونەر بنیاتیان دەنێت لەرزۆک و لاوازنن. ئایینە نەریتییەکانی وەک کریستیانی و ئیسلام و بوزی توانیویانە کۆمەڵگەی سەقامگیر دروست بکەن. ڕەنگە ئەو کۆمەڵگەیانەی ئایین دروستیان دەکات تاهەتایی نەبن، بەڵام سەدان و هەزاران ساڵ خۆیان دەگرن. زۆر جیاواترن لەو کۆمەڵگەیەی کەسێکی وەک تایلۆر سویفت دروست دەکات – دەکرێت کۆمەڵگەیەکی فراوان بێت بەڵام لەرزۆک و کاتییە. لەوانەیە گۆرانیبێژێکی نوێ بێت و کۆمەڵگەکەی لەبەریەک هەڵوەشێنێت. کەواتە، هونەر کۆمەڵگە دروست دەکات، بەڵام کۆمەڵگەکان کاتی و بێ دەرەتانن.

محەمەد کامەران: بۆریس گرۆیس چی هەیە سەبارەت بە نەتەوەیەکی دابەشکراوی وەک کورد؟ ئامۆژگاری ئەو بۆ ئێمە وەک تازەهاتووانی مۆدێرنیزم، کە لەناو ئەو مۆدێرنیزمەدا ئەزموونی جینۆسایدمان کرد و هێشتا شوناس و زمانمان پشتگوێ دەخرێت، چییە؟

بۆریس گرۆیس: ناتوانم بڵێم تەواو شارەزای دۆز و مێژووی کوردم. ئێستا من لە بەرلینم، ئەڵمانیا بە درێژایی پرۆسەی فراژیبوونی وڵاتێکی لەتکراو بووە. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەوروپا – فەرەنسا و بەریتانیا و ڕووسیا و ئیسپانیا و ئەوانی دیکەش – دەوڵەتیان بە فۆرمی جیا هەبووە، بەڵام ئەڵمانیا تا کۆتایی سەدەی نۆزدەمیش هەر خاکێکی دابەشکراو بوو. هەمیشە پرسیاری “چۆن ئەم دابەشبوونە چارە بکەین” لە نەریت و کەلتووری ئەڵمانیدا باسی لێوە کراوە، باسوخواسی یەکگرتن هەمیشە لە کەلتووری ئەڵمانیدا هەبووە. ئەڵمانیا نەک تەنها لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بووبوو، بەڵکو لەتبوونێکی ئایینیش هەبوو لە نێوان کاتۆلۆکی و پرۆتێستانەکان – کە خاکی ئەڵمانیایان کردبوو بە مەیدانی جەنگ دژی یەکتر. لە بەرانبەر ئەم دابەشبوونە، ئەڵمانەکان پەرەیان بە شوناسێکی کەلتووری دا، شوناسێک کە نەک تەنیا ئەڵمانیا بکات بە نیشتیمانێک بۆ ئەڵمانەکان بەڵکو ببێتە دەوڵەتێک بۆیان، شوناسێک کە بەسەر لەتبوونە مەزەبییەکان زاڵ بێت و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە یەک بخات. بنیاتنانی ئەم شوناسە کەلتوورییە پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو، بەڵام ئەڵمانییەکان کردیان. پێم وایە کوردیش پێی دەکرێت وا بکات. کەلتوورەکە خۆی بەسەر ئایین و دەوڵەت و بلۆکی سیاسییەوە دابەش کراوە، بەڵام دەکرێت ئەم دابەشبوونانە نەمێنن. پرۆسەکە خۆی ئاڵۆزە، بەڵام لە مێژوو نموونەی هاوشێوە هەیە کە ئەم دابەشبوونانەی تێ پەڕاندووە.

بڵاوکردنەوە: