لە دەسەڵاتی هەڵۆوە بۆ دەسەڵاتی جبە

454
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: دکتۆر ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام

وەرگێڕانی: سامان عەلی

هەرچی دەسەڵاتی هەڵۆیە، هێمایەکە بۆ ستەمکاریی سەربازیی، کاتێک کە دەچێتە دەسەڵات و فەرمان دەکات گوێڕایەڵیی بکرێت! بەڵام دەسەڵاتی جبە، ئاماژەیەکە بۆ ستەمکاریی ئایینیی، سەروەختێک کە بە ناوی ئایینەوە دەمەکان کوت دەکات. لە نێوان هەردوو دەسەڵاتەکەیشدا، چەندین ڕایەڵی پەیوەندیی و سیلەی ڕەحم هەن، بەو جۆرەی کە فوئاد زەکەریا، لە نێو کتێبە گرنگەکەیدا؛ “ڕابوونی ئیسلامی لە تەرازووی ئەقڵدا”، باسی دەکات. چونکە هەردوو دەسەڵاتەکە لەسەر بنەمای گوێڕایەڵیی دادەمەزرێن، لە هەردووکیاندا، نە گفتوگۆ، نە ئاڵوگۆڕی بۆچوون، نە قایلکردن، نە بەڵگە، هەن! ئەمەیش بەڵا و کارەساتێکی گەورەیە؛ “چونکە مەزنترین تایبەتمەندیی، کە فەرمانڕەوا دەتوانێت لە نێو فەرمانبەرداراندا پەخشی بکات، کاتێک کە فەرمانڕەوایش مرۆڤە وەکو هەموو خەڵکی، ئەوەیە کە گفتوگۆی لەگەڵ بکەن و، بەرهەڵستیی بکەن و، بەرامبەری هەڵوێستێکی ڕەخنەییان هەبێت هەر کاتێک کە شتێکیان بەدیکرد شایانی ڕەخنەکردن بێت.. هەرچی تایبەتمەندیی گوێڕایەڵییشە، خراپترین پەیوەندییە کە دەشێت فەرمانبەردارێک بە فەرمانڕەوایەکەوە گرێبدات”! (ل٣٤). هەر بۆیە دەبینین ئەم دوو جۆرە لە دەسەڵات؛ دەسەڵاتی هەڵۆ و دەسەڵاتی جبە، دیموکراسی دەدەنە دواوە و هەڵمەتێکی توناکار لە شێواندن و بەدحاڵیبوون لە دژی بەرپا دەکەن، چونکە دیموکراسی، لە ڕوانگەی ئەواندا، بەد و شکستخواردوو و پڕ لە هەڵەیە! لە کاتێکدا کە زۆربەی هەرە زۆری تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی، دیموکراسی وەک ئەزموونێکی مرۆڤایەتی دەربارەی فەرمانڕەوایی، لە دیدی فوئاد زەکەریادا، لە نێو هەمان ئەو تایبەتمەندییەدایە کە نەیارانی دیموکراسی لە یارانی فەرمانڕەوایی پشتبەستوو بە دەسەڵاتی سەربازیی یاخود دەسەڵاتی ئایینیی، سەبارەتیان ڕەخنەی دیموکراسی دەکەن. چونکە لایەنگرانی دەسەڵاتی ئایینیی بەتایبەتی، دیموکراسی بەوە تاوانبار دەکەن کە بە ئاراستە و بۆچوون و دڵپەسەندییەکانی مرۆڤ پشت دەبەستێت، مرۆڤەکانیش بە سروشتی خۆیان لەسەر بارێک جێگیر نابن و لە هەڵەکردن بەری نین، بەڵام دەسەڵاتی ئایینیی یاسای خۆی لە سەرچاوەیەکەوە هەڵدەهێنجێت، کە لە سەروو مرۆڤەکان و چەوتییەکان و ڕووەکانی لاوازییانەوەیە! بەڵام فوئاد زەکەریا بڕوای وایە؛ مەزنیی دیموکراسی کتومت لەو تایبەتمەندییەدایە، چونکە دروست مرۆڤەکان بوونەوەرانێکی خودان تایبەتمەندیی لاوازیی و بارگۆڕینن و ڕەنگە نەزان بن و مەزەندەکانیشیان نەیپێکێت. بەڵام ئەوە دیموکراسییە کە دەرفەتی فێربوون و پەند وەرگرتن لە چەوتییەکانیان و پەیتا پەیتا ڕاستکردنەوەیان و پەیداکردنی ئەزموونێکی نوێ لە هەر ئەزموونێکی شکستخواردوو کە پیایدا تێپەڕ دەبن، بە مرۆڤەکان دەدات، ئەوە دیموکراسییە کە مرۆڤ پێدەگەیەنێت و، داوەرییەکانی ڕاستدەکاتەوە و، هۆشیارییەکی سەبارەت بە لایەنەکانی لاوازیی خۆی و، توانایەکی دەربارەی تێپەڕاندنی ئەو لاوازییە پێدەبەخشێت. بەڵام دەسەڵاتی ئایینیی پێ لەوە نانێت کە مرۆڤ لە ئەزموونی خۆیەوە فێر دەبێت، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئامۆژگارییەکانی خۆی بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنێت، بە بیانووی ئەوەی کە ئەو “ناکام”ـە، ئیتر بەم جۆرە ئەم “ناکام”ـە توانای نابێت گەشە بکات و، بگاتە قۆناغی پێگەیین، مادام باوەڕی بە پێویستیی هەمیشەیی خۆی بۆ سەرچاوەیەکی باڵاتر و پایەدارتر و داناتر لە خۆی بۆ ئاراستەکردن هەیە!

پاشان نووسەر دەچێتە سەر باسی پرسی سەرەکیی نێو بانگەوازی گروپە ئایینییەکان سەبارەت بە پێکەوە کۆکردنەوەی نێوان ئایین و دونیا، ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئەوان بە هۆی “ژمارەیەک دەقی ئایینیی”ـەوە فەرمانڕەوایی دەکەن کە بۆ هەموو کات و شوێنێک لەبار و گونجاوە، نووسەر پێیوایە ئەم بنەمایە خۆی لە خۆیدا بنەمایەکە لە کاتی جێبەجێکردنیدا دژبەرییەکی بنەڕەتیی دەهێنێتە ئاراوە، چونکە “دونیا” بە سروشتی خۆی گۆڕاوە و، دۆخەکانی کۆمەڵ و مرۆڤ و سیاسەت لە پەرەسەندن ناکەون.

ئەمەیش لە ڕوانگەی هەر مرۆڤێکدا کە خاوەنی کەمترین ڕادە لە ڕۆشنبیریی ڕۆژگار بێت، بەڵگەنەویستێکە مشتومڕ هەڵناگرێت.

کەواتە، لەم دۆخەدا، چۆن دەتوانرێت بنەمای لەباربوونی دەق بۆ هەموو کات و شوێنێک بسازێنرێت، ئەگەر دونیا لە گۆڕان نەکەوێت و، گۆڕانیش واتا ئەو شتەی کە لە کات و سەردەمێکدا لەبارە، لە کات و سەردەمێکی تردا لەبار نییە؟! تاکە دەرچە بۆ دەربازبوون لەو دژبەرییە، تەنها بەسکردنە بە لایەنە گشتییەکانی نێو دەقە ئایینییەکان و، بەجێهێشتنی لایەنە تایبەتەکانە بۆ تەقەللاکانی هەر سەردەمێک..!

گۆشەیەکی دیکە هەیە، ڕەنگە گۆشەیەکی گرنگتر بێت، تیایدا نووسەر هێما بۆ ئەوە دەکات کە دەقی ئایینیی نە خۆی خۆی ڕاڤە دەکات و، نە بە چەشنێکی میکانیکییش خۆی جێبەجێ دەکات، بەڵکو بەردەوام پێویستی بە مرۆڤەکانە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاستییەکی قەوماو و، تاکو لە بوارێکی مرۆیی بەرهەستدا جێبەجێ بکرێت.

ئەگەرچی ئیسلام خودان کەشیشایەتی نییە و، پێ لە دامەزراوەیەکی کڵێسایی ڕێکخراو نانێت کە “نێوانکار”ێکی شەرعیی بێت لە نێوان وشەی خودا و کردەوەکانی مرۆڤدا، بەڵام ڕاڤەکردنی دەقی ئایینیی لەلایەن مرۆڤێکەوە، شتێکی ناچارییە و خۆلادان لێی ئەستەمە، بۆ ئەوەی دەقەکە ببێتە ڕاستییەکی قەوماو! بەم چەشنە، پێدەچێت بوونی “نێوانکار”ێکی مرۆیی لە جۆرێک لە جۆران، لە نێوان دەق و ئەو قەوماوەدا کە هەیە، پێویست و ناچاریی بێت، لەم پڕۆسەی نێوانکارییەی مرۆڤیشدا، هەموو ئەو چەوتیی و لایەنگیرییانەی کە مرۆڤەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەردەکەون، ئەوکات ئەگەر دەقەکە دەقێکی خودایی پیرۆز بوو، ئەو کەسەی کە جێبەجێ و ڕاڤەی دەکات مرۆڤێکە خاوەنی هەموو تایبەتمەندییەکانی لاوازیی مرۆڤە، مەترسیدارترین شتیش لەم کارەدا ئەوەیە ئەو مرۆڤەی کە بەرەوڕووی ئەم ڕاڤەکردن و جێبەجێکردنە دەبێتەوە، چ پیاوێکی ئایینیی بێت پلەیەکی باڵای هەبێت، یاخود فەرمانڕەوایەک بێت دەسەڵاتەکەی لەسەر بناغەیەکی ئایینیی شانیدادابێت، بڕێک “بڕێکی زۆر یاخود کەم” لەو پیرۆزییە کە دەقە ئایینییەکان هەیانە، بە خۆی دەبەخشێت و، فەرمانەکانی ئەو، یاخود فەتواکانی، وەکو گوزارشت لە بۆچوونی ئایین خۆی نەک گوزارشت لە تێگەیشتنی ئەو خۆی لە ئایین، دەخاتەڕوو و، بەرهەڵستانی خۆی بە نەیارانی ئایین ناودێر دەکات، نەک نەیارانی شێوازی تایبەتی ئەو خۆی لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئاییندا!

دواجار دکتۆر فوئاد زەکەریا دەگاتە باوەڕی ئەوەی کە “کرۆکی باوەڕ و ئایین، گوێڕایەڵییە” و، ئەمەیش هەر هەمان “ئاکارپەسەندییە گەورەکەی سەربازە بەرامبەر بە فەرماندەکەی”! هەر بۆیە فەرمانڕەوایی هەڵۆ و فەرمانڕەوایی جبە لە یەک ڕووەوە پێکدەگەن ئەویش ڕووی گوێڕایەڵییە، ئەگەرچی پەیوەندیی فەرمانڕەوا لەگەڵ فەرمانبەرداردا نابێت هاوشێوەی پەیوەندیی سەرباز بێت لەگەڵ فەرماندەکەیدا، چونکە سەرباز بۆی نییە مشتومڕ لەگەڵ ئەفسەرەکەیدا بکات یاخود ڕەخنەی بکات یاخود داوای لێ بکات دەست لە کار بکێشێتەوە ئەگەر هەڵەی کرد! هەموو ئەو کارەساتانەیش کە، لەلایەن حکومەتە سەربازییەکانەوە یاخود “میراتی و پشتاوپشت”ی ئەفسەرانەوە، بەسەر جیهانی ئیسلامییدا بە گشتی و بەسەر جیهانی عەرەبییدا هاتوون بە تایبەتی، لەڕاستییدا بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە ئەفسەران لە بواری سیاسەتدا پەیوەندییەک لەگەڵ فەرمانبەرداراندا دادەمەزرێنن، هاوتای پەیوەندییەکانی ئەفسەرە لەگەڵ سەربازدا، دەیشترسم بڵێم بانگەشەکردن بۆ حکومەتی ئایینیی ڕووەکەی تری ئەو تەرزە لە فەرمانڕەواییە، چونکە هەردوو چەشنەکە فەرمانڕەواییەکی دەسەڵاتخوازە پشت بە ئەقڵ و قایلکردن و ڕەخنە نابەستێت، تەنها ئەوەندە هەیە فەرمانڕەوایی سەربازیی پشت بە دەسەڵاتی هێز و چەک دەبەستێت و، فەرمانڕەوایی ئایینیی پشت بە دەسەڵاتی ئایین و بڵندگۆ دەبەستێت! ئەگەر دەوڵەتانێکی زۆر و فرەی ئیسلامییش ماوەیەکی دوورودرێژ ملکەچی فەرمانڕەوایی هەڵۆ بوون و، بە شێوازی فەرمانڕەوایی پشتبەستوو بە هێز ڕاهاتوون و، هەندێک کات بە دەسەڵاتی هێز و جەورەکەی سەرسام بوون، ئەوا ئەم فەرمانڕەوایی هەڵۆیە چاکترین هەموارکەر یاخود ڕێخۆشکەرە بۆ فەرمانڕەوایی جبە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی دوورودرێژ خەڵکی لەسەر گوێڕایەڵیی بارهێناوە و، تواناکانی ڕەخنە و بەرهەڵستییکردنی لەدەستداون”! (ل٣٥).

لە کۆتاییدا دکتۆر فوئاد زەکەریا دەربارەی “ڕابوونی ئیسلامی” پرسیار دەکات ئاخۆ ڕابوونێکی چەندایەتییە یاخود چۆنایەتی؟! واتە ئایا ڕوواڵەتی ڕوونی ڕابوونەکە بڵاوبوونەوەی گروپە ئایینییەکان و زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە پەیوەندییان پێوە دەکەن، هاوتای بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی بیرکردنەوەی ئەو گروپانە و بابەتەکانی گرنگییپێدانانیان و شێوازی تێگەیشتنیان لە ئیسلام و جێبەجێکردنی لە هەلومەرجی جیهانێکدا کە بەخێرایی دەگۆڕێت؟!

ئایا ئەو گروپانە هیچ چارەسەرگەلێکی ڕاستەقینەی شیاوی جێبەجێکردنیان بۆ کێشەی دادگەریی کۆمەڵایەتی و، کێشەی دابەشکردنی سەروەت و سامان خستووەتە ڕوو؟! ئایا پڕۆگرامێکی بەرچاو و ڕوونیان هەیە بۆ سوود وەرگرتن لەو زەنگینییە خەیاڵییەی نەوت کە هەیە و، کەڵکوەرگرتن لە ماڵ و سامانی بێشوماری موسڵمانان، بە مەبەستی پێشخستنی کۆمەڵە ئیسلامییە دەستەنگەکان؟! ئایا بەڕوونیی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە هاوپەیمانێتییە دەرەکییەکان دیارییکردووە، هەڵوێستێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی گەلانی ئیسلامییدا بگونجێت؟!

ئایا بڕیارێکی ئاشکرا و بنەبڕی لە دژی ئەو شێوازە دەستبڵاوانەی ڕێککەوتن دەرکردووە کە دەوڵەمەندانی موسوڵمان بە هۆیەوە ماڵ و سامانێک بەفیڕۆ دەدەن چەندین نەوە لە نەوەکانی داهاتوو و، ملیۆنان مرۆڤی دەستکورت لە نەوە موسوڵمانەکان ئەوپەڕی پێویستیی پێویستیان پێیەتی؟!

بەڵام ئەگەر هەموو ئەو شتانە هیچیان نەهاتبنەدی، چۆن ڕاڤەی زیادبوونی ژمارەیی گروپە ئیسلامییەکان بکەین؟! واتە چۆن چۆنی ڕابوونی چەندایەتیی لەگەڵ لەتردانی چۆنایەتییدا پێکەوە لە یەک کاتدا کۆبوونەوە؟! “لێکدانەوە ڕوونەکەی ئەم دیاردە دوو ڕووە دژبەیەکە ئەوەیە کە ئەو “ڕابوون”ـە لەڕاستییدا دەرکەوتەیەکە لە دەرکەوتەکانی نائومێدیی و بێهیوایی! ئاماژە ڕاستەقینەکەی ئاماژەیەکی نەرێنییە! توڕەیی و، بێزارییە، لە دۆخی باو و، کەنفتییە لە دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێدا، بەم چەشنە ئەنجامە کردەییەکە خۆهەڵدانە نێو ئامێزی ڕێگای بانگەوازی ئایینیی دەبێت، وەک ئەوەی جاڕدانی گەڕانەوە بۆ ڕێگای ئایین بە شێوازێکی میکانیکییانە کێشەکانی سیاسەت و ئابووریی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکان و دەربەستییە دەوڵەتییەکان چارەسەر بکات! بەڵکو لە بنەڕەتدا گوزارشت لە خواستێک بۆ گەڕان بە شوێن دەرچەیەک بۆ ئەوانەدا دەکات کە بێدەرچەن، لە بەر دەم کۆڕ و کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، ڕێگاکان هەموویان داخراون و، ستەم و زۆر تاکە ڕێگایە بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەی ئەو ڕژێمانەی کە هەن و، ئەنجامی یەکەمی ستەم و زۆریش بەدناوکردنی ناوبانگی ئەلتەرناتیڤەکانی تری وەکو لیبراڵیزم و، فەرمانڕەوایی پارتەکان و چەپ و، تەوژمی دیموکراسییە بە هەموو شێوەکانییەوە! بەم جۆرە بڵاوبوونەوەی چەندایەتیی بێشومار ئاوێتە بە لە چەندایەتییەکی لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ و لاواز دەبێت و، ئەو ڕابوونەی کە تەنها بە ژمارە و بڕ دەپێورێت، دەبێتە بێداربوونەوەیەکی هزریی و، بێداربوونەوە دەبێتە هەڵنوتانێکی ئەقڵیی و، وێڕای هەموو ئەو شتانەیش دوژمنەکانمان، هاوار دەکەن: وریای خۆتان بن لە ڕابوونی ئیسلامیی! بەڵام زمانی حاڵیان دەڵێت: خۆشهات ڕابوونی ئیسلامیی، مادام هیچ مایەی هەڕەشە نییە نە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆمان و نە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو هاوپەیمانانەمان کە لە جیهانی ئیسلامییدا جڵەوی کاروبارەکانیان لە نێو دەستدایە”!

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: