محەمەد کامەران: دەزانین کە نەوت گرێدراوە بە چەند بابەتێکی ئابووری و سیاسی، لەوانە شەڕی ناوەخۆیی و ناودەوڵەتی، یەکسانیی جێندەری، بەرپرسیارەتی حکوومی. چۆن ئەم پەیوەندییانە لە کتێبەکەت – نەفرەتی نەوت – هەڵدەسەنگێنیت؟
مایکڵ ڕۆس: بە گشتی توێژینەوەکەم بۆ شەن و کەو کردنی دەرئەنجامەکانی پشتبەستن بە نەوت تەرخان کردووە. بێگومان، کە لە دوورە لێی دەڕوانیت نەوت وەک سەرچاوەیەکی دەرامەتی لەبننەهاتوو خۆی دەنوێنێت؛ خۆی ئەمەش لە چەند ڕووێکەوە ڕاستە، بەڵام دیوێکی تاریکیشی هەیە کە دەبێت پەردەی لەسەر لا بدەین. زۆرێک لەو وڵاتانەی نەوتیان زۆرە ڕەنگە بە دەست کۆمپانیا نەوتییەکان یان حکوومەتەکەی خۆیانەوە بناڵێنن. من ویستوومە لە کتێبەکە چەند ڕێگە چارەیەک بخەمە ڕوو بۆ دەربازبوون لەم دیوە تاریکە. نەوت خەزێنەی حکوومەتی ناوەندی پڕ دەکات، ئەگەر میکانیزمێکی تۆکمەی بەرزەفتکاری نەبێت ئەوا بە دڵی خۆی ئەو پارەیە تەخشان و پەخشان دەکات، لەوانەیە دەرامەتەکە بخاتە خزمەتی شەڕەوە یان لە هیچ و خۆڕا لە گەندەڵیدا بفەوتێت. لە زۆر باردا، کاتێک کەسێک یان کۆمپانیایەک دەست بە کار دەکات وردە وردە پارە کۆ دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات دانایانە پارەکە بەکار بهێنرێت و زیانی بۆ کۆمەڵگە نەبێت و بگرە سوودیشی پێ بگەیەنێت. نەوت وا نییە، لەگەڵ دۆزینەوەی بێ ئەندازە دەرامەتی زۆر دەخاتەوە و سەر لە خاوەنەکەی دەشێوێنێت، ڕەنگە لێکەوتەکانی ئەم تێڕژانە زۆرەی دەرامەت لە زۆر لە دەوڵەتە نەوتییەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینرێن. ئەم دۆزینەوەیە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی تێزەکەمە، وای بۆ دەچم ئەو دەوڵەتانەی نەوتییان هەیە و ئێستا دیموکراتین، پێش دۆزینەوەی نەوت حکوومەت بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمی بە شیلەی دیموکراسی چەور کردووە – نەرویژ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو نموونەی زیندوون. دەزانم کە تۆ وردەکاریی ئەم باسە شارەزای.
محەمەد کامەران: لە کۆتایی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی (بە ئۆپیک+ ناسراوە) کۆ بوونەوە، بڕیاریان دا درێژە بە هەناردەی سنوورداریی نەوت بدەن کە دوو ساڵە بەردەوامە. بێگومان ئەم بڕیارە حکوومەتی ئەمریکی هەراسان دەکات، لەوانەیە وای لێ بکات نەوتی زیاتر لە خاکی خۆی دەربهێنێت تا نرخی نەوت و بەرهەمە پاڵاوتووەکانی لە بازاڕی ناوەخۆیی و جیهانیدا دابەزێت. قسەیەک هەیە دەڵێت سعوودییە و ڕووسیا ڕێک کەوتوون پاڵپشتی لە ترەمپ بکەن بۆیە دەیانەوێت بەم هەنگاوە وێنەی بایدن لە ناوەخۆ بشێوێنن تا لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەرنەچێتەوە.
مایکڵ ڕۆس: بە وردی نازانم مەرامیان چییە، بەڵام ئەگەر ئەوەی تۆ دەیڵێیت وا بێت – واتە بیانەوێت نرخی نەوت و بەنزین لە ناوەخۆی ئەمریکا بەرز بکەنەوە – ئەوا دەکات هەنگاوێکی ژیرانەیان ناوە. بینیومانە لە وڵاتە دیموکراتییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خەڵک مەیلی بۆ دەنگدان بە حیزبی دەسەڵاتدار کەمتر بووە. خەڵک بە گشتی سەریان بۆ پەی بردن بە هۆیە بنجییەکانی نرخی بەرزیی بەنزین نایەشێنن. ئەگەر مەبەستەکەی سعوودییە و ڕووسیا ئەمە بووبێت، ئەوا لەم ڕووەوە زیرەکانە بووە. بە هەر حاڵ، دەتوانین بڵێین ئەم جووڵەیە کەموکوڕیشی زۆرە. ئۆپیک+ پێشتریش هەوڵیداوە، بەڵام خۆت دەزانیت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا لە پێشەوەی ڕیزی بەرهەمهێنەرانی نەوتە. بەدەر لەمەش، هەڵبژاردن لە ئەمریکا ئاڵۆزە و بە چەند پرسێکی تری ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی گرێدراوە، بۆیە زەحمەت دەبێت بڵێین سەرکەوتنی بایدن بە نرخی نەوت و بەنزینەوە بەندە، مەگەر نرخەکان بە ئەندازەیەکی زۆر بەرز ببنەوە.
محەمەد کامەران: دەزانین کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت دڵی هاوپەیمانەکانی ڕابگرێت و لە خوولگەی خۆی بیانهێڵێتەوە، بە تایبەتی کە ئێستا باسوخواس لەسەر زیندووبوونەوەی فرەجەمسەری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە و چەمکی (بەربەرەکانێی زلهێزەکان) پەیدا بووەتەوە. لەم بارەیەوە، دەبینین کە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە برەودان بە سەقامگیری و گەشەکردن چڕ بووەتەوە و تا ڕادەیەک پاڵپشتیکردن لە حکوومەتە دیموکراتییەکان بووەتە باسێکی لاوەکی. نەوت چ ڕۆڵێکی لەم ئاوەژووبوونە بینیوە؟
مایکڵ ڕۆس: پرسی پاڵپشتیکردن لە حکوومەتە دیموکراتییەکان – بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – لە کابینەی بایدن قورسایی جارانی نەماوە. لە بایدن چاوەڕێ نەدەکرا ئەم بادانەوەیە بکات. وای بۆ دەچم بێئومێدییەک سەبارەت بە فراژیبوونی دیموکراسی لە ناوچەکە لە دوای بەهاری عەرەبی پەیدابووبێت. برەودان بە دیموکراسی کۆڵەکەیەکی گرینگیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، جاروبار پێش باسەکانی تر دێت و بە گوێرەی حاڵوباریش ون دەبێت. بڕوام وایە ئێستا پەنا دراوە و لە مەیدانەکە دیار نییە. بابەتی وەک هەڕەشەکانی ئێران و شەڕی غەززە و پێکدادانەکانی دەریای سوور تەوەری دیموکراسییان لە هەرێمەکە بۆ جارێ سڕ کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆڵی لەمێژینەی خۆی بۆ پاراستنی ڕاڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت و نرخەکانی نەوت دەگێڕێت، بۆیە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی و هەروەها پاراستنی ئیسرائیل زەقتر بە سیاسەتی دەرەوەی دەبینرێت. سیاسەتی ترەمپ جیاوازتر بوو. ئەو سەرسەختانەتر پشتگیری لە ئیسرائیل دەکرد، هاوکات لە لایەکەوە قووڵتر تێکەڵی سعوودییە و وڵاتانی سووننە بووبوو و لە لایەکەی دیکەشەوە مکوڕ بوو لەسەر کێشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
محەمەد کامەران: هەر وەک خۆشت ئاماژەت پێ دا، نەوت و دیموکراستی پەیوەندییەکی پێچەوانەیان هەیە: تا نەوتت زیاتر هەبێت ئەگەرەکانی پەڕینەوەت بۆ دیموکراسی تەسکتر دەبنەوە. لەم ڕووەوە، ئەگەر بڵێین نەوت شوێنی دیکتاتۆرەکان لەسەر کورسی خۆشتر دەکات و بەمەش ڕژێمی خۆسەپێن لەو وڵاتانەی نەوتیان هەیە تەمەنی درێژتر دەبێت، چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان لەم وێنەیە شوێنیان دەبێتەوە؟ دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وردە بنجیشی نییە، ناوچەکە بەرهەمی کۆلۆنیالیزمێکی خۆسەپێنە و خۆمان و بەشێک لە وڵاتانی دەوروبەرمان بینیان بە کانیاوی دیموکراسی تەڕ نەبووە. زۆربەی وڵاتەکانی ئەم هەرێمە یان سیستەمی دیکتاتۆرییان پەیڕەو کردووە یان شانشین بوونە، هەندێکیشیان نەرمە هەنگاوی شەرمنانەیان بەرەو دیموکراسی بڕیوە. بۆ خەتایەکە بخەینە ملی نەوت؟ لەوانەیە کەلتوور و تێگەیشتنی ڕەگداکوتیو گەورەترین بەربەست بووبن.
مایکڵ ڕۆس: نەوت هۆکارێکی گرینگە بەڵام تاکە هۆکار نییە. وای دەبینم تا ڕادەیەک حکوومەتەکانی مەغریب و ئوردن – لوبنانیش بەر لەوەی ببێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو – بەرانبەر خەڵکەکانیان بەرپرسیارەتییان پیشان داوە؛ دەکرێت بڵێین چونکە نەوتیان نەبووە بۆیە ئەم بەرەوپێشچوونە دەبینرێت. بە هەر حاڵ، بەرەوپێشچوونەکە سنووردارە. ڕاست دەکەیت، وڵات هەیە ئەگەر نەوتەکەشی لێ بستێنیت ناتوانێت تەقلەیەکی بەرەو ژوور بەرەو دیموکراسی لێ بدات. دیموکراسی وا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پەرە دەستێنێت – هەرێمێک کە ٤٠-٥٠ ساڵە ڕووەو دیموکراسی خل بووەتەوە و پێش ئەوە هیچ ئەزموونێکی لەگەڵدا نەبووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە. لێکەوتەکانی کۆڵۆنیالیزم هێشتا بەرۆکی هەرێمەکەیان بەر نەداوە. لەوانەیە چارەسەرێکی ئەم دۆخە دروستبوونی کۆمپانیای سەربەخۆ بێت، چونکە کۆمپانیا دەبێتە چاودێر بەسەر حکوومەتەوە و هەروەها کۆمەکی ڕسکاندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاک دەکات. ئەمە ڕێگە چارەیەکە و دەیانی دیکەش هەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حکوومەتەکان باڵیان بەسەر هەموو کایەکی ژیان کێشاوە لە کاتێکدا هێزە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکان خنکێندراون.
محەمەد کامەران: هەر وەک لە کتێبەکەشت باست کردووە، نموونەیەکی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتی لە کۆریای شەستەکان دەبینرێت: ئەو کات کۆمەڵگەکەیان پیاوسالار بوو، بەڵام ژنان بڕیاریان دا خۆیان کۆمەڵە و ڕێکخراو و یەکێتی بازرگانی دروست بکەن و سەرئەنجام کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چاپووکانەیان ڕسکاند. زۆر سوپاس بۆ تۆ. من پرسیارێکی وەهام نەماوە، بەڵام حەز دەکەم سەرنجی تۆ بزانم لەسەر عێراق. ئایا لە وڵاتەکە سوود لە دەرامەتی نەوت دەبینرێت؟ بەرچاوڕوونیمان هەیە بۆ پەڕینەوە بۆ کەنارەکانی دیموکراسی؟
مایکڵ ڕۆس: من لە کاروباری ناوەخۆیی عێراق پسپۆڕ نیم، بۆیە ئەم پرسیارە بە دوودڵییەوە وەڵام دەدەمەوە. سەردەمێکی زۆر نەوتی عێراق بۆ گەلەکەی نەبووە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەستیان بەسەردا گرتبووە. لە ساڵانی ڕابردوو هەندێک ئاماژەی بەرەوپێشچوون بەدی کراوە، لەوانە هەڵبژاردن و سنووردارکردنی پێکدادانە چەکدارییەکان. سەبارەت بە نەوت، دوای سەددام ویستێک هەبووە لەناو حکوومەتی عێراقی بۆ ئەوەی پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کەم بکرێتەوە، ئەم ویستەشیان هێناوەتە دی. ئەمە هەنگاوێکی باش بوو. هاووڵاتی عێراقی مافی خۆیەتی سوود لە سەرچاوە نەوتییەکانی وڵاتەکەی خۆی وەربگرێت و کۆمپانیاکان نەبن بە مشەخۆر لەسەر ئەو نەوتە.