کاتەرینا پامبۆ نەبایس
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد کامەران
نەبایس: پێم خۆشە چاوپێکەوتنەکە بە هەڵگێڕانەوەی پرسیارە ناسراوەکەی سپیۆنزا دەست پێ بکەم: هونەر دەتوانێت چی بکات؟ کارێکی هونەری چی پێ دەکرێت، بە تایبەتی لە سەردەمی ئەمڕۆی خۆمان کە – هەر وەک خۆت لە وتاری “هونەرکاران: لە نێوان یوتۆپیا و ئەرشیڤدا” ئاماژەی پێ دەدەیت – ئینتەرنێت وەک “ئامێرێکی زەبەلاحی چاودێری” بەرگی بەجیهانبوونی لەبەر گۆی زەوی کردووە؟[1]
گرۆیس: بۆ نموونە، لەم دنیا جەنجاڵەدا کە دەبێت ڕۆژانە هەشت کاتژمێر وەکو کرێکار کار بکەیت، هونەر دەتوانێت بۆ هونەرکار بژوێنێکی حەسانەوە بێت، بڕستی ئەوەی بداتێ وەک تاکەکەس لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەڵبکات. بڕوام وایە هونەر سەرنجڕاکێشە. هونەرکار یەکەم کەسە کە قەدری دەزانێت، چونکە لە ڕێیەوە دەرگای هەڵگێڕانەوەی ژیانی بۆ دەبێتەوە. مەبەستم ئەوە نییە ژیانێکی جێگرەوە بۆ ئەمەی ئێستای دەخولقێنێت، بەڵام، بە هۆی هونەرەوە، دەتوانێت لە ڕێرەوە تەسکەبەرە باوەکان خۆی لا بدات.
نەبایس: دولۆز و گواتاری خوێندنەوەیەکی نیتچەییان بۆ هونەر کرد، نیتچە هونەری بە زانستی نیشانەزانیی نەخۆشی چواندبوو، سەرئەنجام ئەوان هونەرکاریان بە “پزیشکی شارستانییەکان” ناساند. هاوڕای لەگەڵ ئەوان؟ بە بڕوای تۆ ئەرکی هونەرکار لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا چییە؟ هیچ کارێک یان کارامەییەک هەیە بە دیاریکراوی خرابێتە پاڵ هونەرەوە؟
بۆریس گرۆیس: تا ڕادەیەکی باش گومانم لەمە نییە. وای دەبینم کە کاری هونەرکاران هەلومەرجە گشتییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەمان بۆ بەرجەستە دەکات کە تێیدا دەژین. هەر چۆنێک بێت، قسە گردەبڕەکەی نیتچە گوزارشت لە بابەتی چارەنووسی هونەرکاران و کارەکانیان ناکات. بۆ ئەم قسەیە پاساوێکی ڕوونم هەیە. هونەر هەمیشە بە هۆی سەلیقەیەکی نەریتییەوە لەدایک دەبێت، لە نەریتەوە وردە بنجەکەی ڕەگ دادەکوتێت. ئێمە مۆزەخانە و مێژوویەکی دوورودرێژی هونەرکاریمان هەیە، کەم تا زۆر هەموو هونەرکارێک خۆی لە پنتێکی ئەم مێژووە دەبینێتەوە. بە هەر حاڵ، لەم سەردەمەی ئێستا بەشێکی هونەرکاران خۆیان لەم ڕێچکە ڕاستە دەبوورن، بیر لە جێکردنەوەی چالاکی و کارە هونەرییەکانیان لە قوژبنێکی ئەم مێژووە پشتاوپشتە ناکانەوە؛ لە کاتێکدا دەبێت وا بکەن چونکە ئەمە ئەو ئەرکەیە کە بە هونەر سپێردراوە.
پێشکەشکار: ئەی لەگەڵ ڕانسێر کۆکی کاتێک دەڵێت هونەر سیاسەتە چونکە کردارێکە بۆ ئازادبوون و داڕشتنەوەی جیهانی بەرهەست؟
گرۆیس: بڕواناکەم ئاومان بە یەک جۆگەدا بڕوات. کاتێک باسی ئازادبوونی بینەر دەکات لێی تێناگەم. من وای دەبینم کە ئەمڕۆ هەموومان لە یەک کاتدا بینەر و بکەرین. هەموو کەسێک لەسەر ئینتەرنێت وێنەیەک، ڤیدیۆیەک یان نووسراوێک بڵاو دەکاتەوە، واتە ئێستا تەواوی خەڵک لە یەک کاتدا بەرهەمهێن و بەکارهێنە. بە واتەیەکی دیکە، جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان هونەرکار و بینەردا نەماوە. پێشتر جیاوازی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ خەرەندی جیاوازییەکان بە ئاستی درزێک تەسک بوونەتەوە. بڕوا ناکەم هونەر بتوانێت کۆمەڵگە دروست بکات، ئەمە کارێکە نە هونەرکار تاقەتی بەسەردا دەشکێت نە ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە درابێتە پاڵ ئەو. کۆمەڵگەکان بە گشتی پابەندن بە ئایینەوە. خۆی کۆمەڵگە چەمکێکی مەسیحییە و لەسەر خۆدانەپاڵ ویستە ئاسمانییەکان و ڕێزگرتن لێیان ڕۆنراوە. لە ڕوانگەی هیگڵەوە، ئەم تێکوەپێچانە هونەری کۆتایی پێ هێنا. خۆی ئایینی مەسیحی بەشێکی هونەری لەناو بردووە، چونکە ڕێی بە ڕێزگرتنی بەرهەمە هونەرییەکان نەداوە. ناکرێت بڵێین هونەر کۆمەڵگە دروست دەکات و جڵەوی خەڵکیش دەگرێت، قسەی لەم چەشنە پووچەڵن و تێگەیشتنێکی سەراوبنی هونەرن. شتی ئەوها هەر نابێت. ئێمە بە تەوژمی سیکولاریزمدا تێ پەڕین. هەر وەک هیگل دەڵێ، بەرزکردنەوەی بێسنووری هونەر و بڕوابوون بەوەی هێزی خولقاندنی کۆمەڵگەی لە هەناویدا گرمۆڵە داوە – هەر وەک لە سەردەمی دێرینی هونەری یۆنانیدا باو بوو – کارێکی بێهوودەیە. وای دەبینم کە بیرۆکەکەی ڕانسێر زادەی قۆناخی یەکەمی ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانییە. شیلینگ دەیگوت هونەر دەتوانێت شوێنی ئایین بگرێتەوە و ئەرکی دروستکردنی کۆمەڵگەی لێ وەربگرێتەوە. ڕانسێر سەرنجەکەی شیلینگی لە بەرچاو بووە بەڵام چاوی لە ئاست ڕەخنەی هیگڵ بۆ تێگەیشتن لە هونەر نوقاندووە.
نەبایس: هێشتا وای دەبینم کە تۆ و ڕانسێر لە خاڵێکدا بە یەک دەگەن. تۆ لە وتاری “سیاسەتی پێشانگە”دا دەڵێیت، “لە پێشانگەدا ڕاستەوخۆ بەر چەمکە ناڕوونەکەی ‘ئازادی’ دەکەوین، کە، لەو وڵاتە دیموکراتییانەی لێیان دەژین، لە ململانێی نێوان ئازادیی بینەر و ئازادیی خاوەن پێشانگە ڕەنگی داوەتەوە. سەرئەنجام، وەک هایدیگەر دەڵێت، پێشانگەی هونەری بۆشاییەکە بۆ مەیدانگرتن لە دەسەڵاتی دەوڵەتیی کە لە ژێر ڕووپۆشی شڕی سیستەمی دیموکراسی خۆی حەشار داوە”[2]. ڕانسێر لەوبەر دەڵێت، “لۆژیکی ڕزگاربوون خۆی لە خۆیدا پشتکردنە لە شتە ئاساییەکان”[3]. باشە، بە بڕوای تۆ ناکرێت تێزەکەی ڕانسێر لەسەر بینەری ڕزگارکراو و سەرنجی تۆ لەسەر پێشانگە لێک بدەین و بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە پێشانگە شیاوترین شوێنە بۆ ڕزگاربوونی بینەر؟
گرۆیس: مۆزەخانە و پێشانگە بۆ سەردانیکەر و بینەر شوێنی ڕزگاربوون لە ستەم و تۆقاندن نییە. کاتێک دەچیتە مۆزەخانەیەک بۆت نییە دەست لە هیچ شتێک بدەیت، تەنیا سەیرکردنت پێ دەبڕێت. دەبێت کڕ و قەب بیت. ئەگەر وەک فۆکۆ دەری ببڕین، دەتوانین بڵێین مۆزەخانە لە زیندان دەچێت؛ شوێنێکە ستەمکاری لێی دەگاتە ترۆپک. منداڵان ناچن بۆ مۆزەخانە چونکە ناتوانن بە دڵی خۆیان ڕا بکەن و یاریی بکەن. ئێمەش زۆرجار ناتوانین بە دڵی خۆمان لەوێ بگەڕێین. بۆ نموونە، من بڕبڕەی پشتم تەواو نییە، بۆیە لە بینینی زیاتر لە ٦٠٪ لە مۆزەخانە سەردەمییەکان بێبەشم، چونکە ئەوەندە ئاڵۆزن دەبێت هەر لەناوی بخولێمەوە و ملەچەرخە بکەم. لەم ڕووەوە، بڕوام وایە مۆزەخانە و پێشانگەکان شوێنی شیاو نین بۆ ڕزگاربوونی بینەر. بە پێچەوانەوە، ئەم شوێنانە بینەر لە بۆشاییەکی ئاڵۆزتر و تەنگتر تەوق دەدەن؛ بۆیە من دەڵێم ئەو شوێنانە بوار بۆ ئەنجامدانی ستەمکاری و سەرکوتکاری دەڕەخسێنن.
نەبایس: پێت وایە مۆزەخانە بتوانێت خۆی وەک بۆشاییەکی هەرەوەزی و بەشداریخوازانە بنوێنێت؟ چۆن لەم حاڵەتانە دەڕوانیت کە خەڵک داوایان لێ دەکرێت خۆیان بڕیار لە نمایشی مۆزەخانەکان بدەن وەک ئەوەی ئەوان ڕۆڵی خاوەنی مۆزەخانەکە بگێڕن؟ بڕوات وایە کە ئارەزوویەکی بەشداریخوازانە بۆ مۆزەخانەکان هەیە؟ بە گشتی چۆن لە بزاوتە بەشداریخوازەکان دەڕوانیت؟
گرۆیس: بڕوا ناکەم لەم ڕۆژگارەی ئێمە هیچ ئارەزوویەکی بەشداریخوازی هەبێت، ئەوەی دەبینم هەر زاڵبوونی بەرخۆرییە بەسەر بەرهەمهێناندا. ڕەفتاری بەرخۆریی سەرمایەدارییە کە سەردانیکەر بۆ بەرخۆرەیەک بچووک دەکاتەوە. بەکارهێنەر دیاریی دەکات چی بکڕێت و چی ببینێت، بۆیە مۆزەخانەکان وەک فرۆشگایەکی گەورەیان لێ هاتووە کە بەکارهێنەر تێیاندا وەک پاڵەوان و پاشا خۆی دەنوێنێت. ئەمڕۆ ڕوانینێکی پەتیی لیبرالیزمی نوێ بۆ هونەر ڕسکاوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە هونەری بەشداریخوازییەوە نییە، کە ئەمیان لەسەر ویستی کۆمەڵێک کەس ڕۆنراوە بۆ بنیاتنانی شێوازێکی جیاواز و پێکەوەیی بۆ ژیان.
نەبایس: تۆ جەختت لە دیوە دژیەکەکەی بەشداربوون کردەوە: لە لایەک زانست و تەکنەلۆژیا بەها ناوەخنییەکەیان لە ڕای گشتی دەپارێزن، لە لایەکەی ترەوە هونەر بێ حەز و سەرنجی خەڵک بۆ جوانی شتێکی ئایەخ و بێ ناوەڕۆکە. سەرئەنجام، دەبینین کە هونەر سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات هاوکات زانست و تەکنەلۆژیا ڕووەو سەربەخۆیی و باڵادەستی دەکشێن (بێگومان، کایەکانی هێز دەیانپارێزن). هیچ لێکەوتەیەکی دیکەی ناقۆڵا لە بەشداریکردن لە هونەر و زانست و تەکنەلۆژیا دەبینیت؟
گرۆیس: پێش هەموو شتێک، من وای نابینم کە هونەر دەستەمۆی حەز و خوڵقی خەڵک بێت. هونەر مێژووی خۆی هەیە و هەمیشە لەم کولانە مێژووییەوە خۆی نمایش دەکات. ڕاستە، زۆرێک لە کارە هونەرییەکانی ئەمڕۆ ناقۆڵا و پووچەڵن، بەڵام، کاتێک باس لە هونەری هاوچەرخ دەکەین، مەبەستمان لەو هونەرەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە نوێیە، لە ڕووی مێژووییەوە جیاوازە.
ئەمەیە کە بە دیاریکراوی هاوچەرخە. بە کاری کەسێک ناگوترێت هونەری هاوچەرخ کە بە شێوازی سەدەی هەژدەم دیمەنی دەشتودەرێک بکێشێت. سەرئەنجام، دەتوانین بڵێین دەستەواژەی هونەری هاوچەرخ خۆی دەستەواژەیەکی مێژووییە، بۆیە هونەر ناکەوێتە ژێر کاریگەرییەکی یەکجارەکیی ڕای گشتییەوە.
ئەو شتانەی لە مۆزەخانە کۆ کراونەتەوە، یان هەر کۆکراوەیەک بە گشتی، لە کۆمەڵێک شت پێک دێن کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڕمێنیان هەیە؛ بۆیە (avant-garde) ئەو سەرکەوتنە گەورەی تۆمار کرد. بڕوام وایە یەک لە کێشەکانی ڕانسێر ئەوەیە کە (avant-garde) هەرگیز لە فەرەنسا سەرکەوتوو نەبووە، کە شێوازێکی هونەریی دژ بە سەلیقەی ڕای گشتی و دژ بە سەلیقەیە لە بنەڕەتدا. دوچامپ گوتی هونەرکاران هونەر دژی سەلیقە بەرهەم بهێنن. بەشداربوون بەکارهێنان یان بەرخۆری نییە، بەڵکو پاڵپێوەنانی هونەرکارێک و پڕكرندەوەی شوێنەکەیەتی بە کۆمەڵە کەسێک. بەشداربوون لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی هونەرکار ڕوو دەدات بەڵام ڕای گشتی وەک بکەر لێی بەشدار نییە. سەیری بزاوتی باهاوس بکە کە بزاوێکی توندڕەوی (avant-garde)ە، بزاوتەکە خۆی بەشداریخوازە بەڵام پرۆژە و بەرهەمهێنان تێێدا دەستەجەمعییە نەک تاک. ئەمە بەشداربوونە، نەک بەرخۆری.
نەبایس: چی دەربارەی بەشداربوون لە زانست و تەکنەلۆژیا؟
گرۆیس: ئەگەر سەیری هەلومەرجی ئێستای زانست بکەین دەبینین کە زانستە بنەڕەتییەکان هیچ کۆمەکییەکی دارایی بەدەست ناهێنن. زانستەکانی وەک بیرکاری و کیمیا و فیزیا و زیندەزانیش دەبێت پرۆژەی وەهایان هەبێت کە سوودێکی بازرگانی بخەنەوە، دەنا پاڵپشتیی داراییان بۆ تەرخان ناکرێت. زانست بێدەسەڵاتە؛ وابەستەی پارەیە چونکە بێ پارە دەرئەنجامی نوێی پێ ناخرێتەوە. ئەم وابەستە ئابوورییە زانست دەکاتە کاڵایەکی بازرگانی. زانست ئەگەر سوودی بازرگانی نەخاتەوە لە پەلوپۆ دەکەوێت و ناتوانێت درێژە بە گەشەپێدانی خۆی بدات. ئەو قسەیەی کە دەڵێن زانست کایەی هێزی هەیە پووچەڵە. زانست هەرگیز خاوەن هێزی سەربەخۆ نەبووە، نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا. لە دنیای ئەمڕۆمان زانست لە جوغزێکی بازرگانیدا تواوەتەوە، هەر تا ئەو پنتە دەتوانێت پەل بکوتێت کە شتێک بەرهەم بهێنێت کە پێی بفرۆشرێت.
نەبایس: دەمەوێت ڕووی گفتوگۆکەمان لە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو بکەم: ئەمڕۆ چ شتێک لە هەلومەرجی ژێردەستەیی ڕزگارمان دەکات؟ چی وامان لێ دەکات ژێردەستە بین لەناو کۆمەڵگەیەکی بەرزەفتکراو؟ بەکارنەهێنانی یەکجارەکیی ئینتەرنێت و پشتبەستن بە ماڵپەڕی ڕەش (دارک وێب) دەربازمان دەکات یان، بە پێچەوانەوە، ونبوون لەناو ئینتەرنێت وەک ناوەندێکی تاقیکردنەوە؟ بە واتایەکی دیکە، چۆن خۆمان لە چاودێری و ژێردەستەیی ڕەها بکەین؟
گرۆیس: دڵنیا نیم، لەوانەیە بەکارنەهێنانی یەکجارەکیی ئینتەرنێت دەرچەیەک بێت. ئەگەر ئینتەرنێتیش بەکار نەهێنیت، هێشتا لەناو سیستەمی تر سندم دەکرێیت. بە هەر حاڵ، من لەگەڵ دەربازبوون لە ژێردەستەیی نیم. هەرگیز بڕوام نەبووە کە ئەمە بژاردەیەکی بەجێ بێت، وەک کاردانەوە و ڕێگەچارەیەکی بەسەرچوو دەیبینم. چاک وایە لەگەڵ ئەو سەردەمە خۆمان بگونجێنین کە تێیدا دەژین؛ وەک باودلێر دەڵێت، “مۆدێرنی تەواو” بین – واتە سەردەمییانە بین. مەبەستمە بڵێم خودئاگاییە تەکنەلۆژییەکەی ئەمڕۆ وەربگرین و بە ئاڕاستەی ئەم تێگەیشتنە هەنگاو هەڵبێنین. وای نابینم کە ڕەتکردنەوە یان دەربازبوون لە شتێک بیرۆکەیەکی باش بێت، چونکە ئەم هەڵسوکەوتە هەمیشە وامان دەردەخات کە جەربەزە و شەڕانگێز بین. هەمیشە وا باشترە سەردەمییانە بین.
نەبایس: هەر وەک خۆت نووسیوتە، “زانستی لێکدانەوە هاککەرەکەیە”. لەسەر بنەمای ئەم وتەیە، دەتوانین بڵێین ئەو هاککەرەی دارک وێب دروست دەکات خوایە نوێیەکەیە؟ ئەم دارک وێبە ئایینە نوێیەکەیە کە بەرامبەر بە سیستەم پەمانان دەدات؟
بۆریس: وای نابینم. هەر هاککەرێک بێنە لەوانەیە خۆی هاک کرابێت یان بکرێت. ئەگەر بتەوێت ببیت بە هاککەر، دەبێت ڕاهێنانت پێ بکرێت، لەناو سیستەم بتوێیتەوە، ڕێبوارێکی تەواو شارەزای جیهانی تەکنەلۆژی بیت. هاککەر خۆی لەناو سیستەمەکەیە، ڕەنگە لە هەموومان زیاتر تێیدا ڕۆچوو بێت. بوون بە هاککەر بۆ هیچ شتێک پێشمەرج نییە. خۆم تۆزم لەسەر نیشتووە، کۆنم. تا ئێستا مۆڵەتی شۆفێریم نییە و لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆمم تۆمار نەکردووە.
نەبایس: بە ڕاست؟ مۆبایلی زیرەک هەڵدەگریت؟
گرۆیس: بەڵێ، بەڵام مۆدێلێکی کۆنی مۆبایلی زیرەکم پێیە کە زۆر بە باشی کار ناکات؛ هەر ئیشی خۆمی پێ ڕایی دەکەم. لەوانەیە دژبێژییەک لەمەدا بەدی بکرێت کە ئەم جۆرە مۆبایلە هەڵدەگرم، بەڵام وای نابینم کە هاوچەرخبوون خۆی بۆ ئەم وردە باسانە بچووک بکاتەوە. بە بڕوای من هاوچەرخبوون پیشە نییە بەڵکو تەنیا بەسەربردنی ژیانێکی ئاساییە لە شارستانیەتێکی هاوچەرخدا.
نەبایس: نیگەرانیت سەبارەت بە دەربازبوون لە گووگڵ و کامیرەکانی سەر شەقام هەیە؟
گرۆیس: وای نابینم کە چاودێریکردن شتێکی هێندە خراپ بێت. خەمناکترین شت ئەوەیە کە دەزانین دەمرین. ئێمە بە چەندین گرفتی ئۆنتۆلۆژی و بایۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆجی وەک برسییەتی و شتی تر تەوقکراوین، بۆیە چاودێریکردن خەمێکی ئەوەندە گەورە نییە هەراسانمان بکات. بە سەرێکیشەوە خۆشە کە کەسانێک هەن حەز دەکەن بزانن لە کوێیت و خەریکی چیت، چونکە زۆربەی کات مرۆڤ وا بیر دەکاتەوە کە فەرامۆش کراوە.
نەبایس: وا دیارە جاروبار گووگڵ بەکار دەهێنیت. زۆر لەسەر ئینتەرنێت کار دەکەیت؟
گرۆیس: بەڵێ، هەندێکجار گووگڵ بەکار دەهێنم، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەزموونی باشم لەگەڵیدا نەبووە. بۆ نموونە، کە لە نیو یۆرکم پشت بە گووگڵ دەبەستم بۆ دۆزینەوەی دەرمانخانەیەک یان نووسینگەیەکی پۆستە یان هەر شوێنێکی تر بێت، بەڵام هەموو جارێک گووگڵ نائومێدم دەکات و بەرەو شوێنێکی هەڵەم دەبات (گرۆیس پێ دەکەنێت). نزیکەی ١٠ ساڵ لە نیو یۆرک ژیام. لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا چیم لەسەر دامەزراوەکان لە ئینتەرنێت دۆزیەوە هەڵە بوو. بڕوام وایە ئەو زانیارییانەی لەسەر بابەتی زانستیش دەستمخستوون دروست نەبوون. هەر چۆنێک بێت، ئینتەرنێت شتێکی سەرنجڕاکێشە چونکە لە کڕۆکدا لەناوبردنی جیاوازییە ئەفڵاتوونیەکەی نێوان بۆچوون و ڕاستییە. ئینتەرنێت مەکۆیەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیر و ڕا، لە ئاست ڕاستی چاوبەستمان دەکات و لە جیاتی ڕاستی سەرنج و بۆچوونمان بۆ نمایش دەکات. دەکرێت ئەم بیر و ڕایانە کەم تا زۆر نزیک بن لە ڕاستی (بە دەگمەن وا ڕێک دەکەوێت). وەک شرۆڤەیەکی ئاماری وایە، نزیکە لە پێناسەی ڕانسێر بۆ ڕزگاربوون – واتە ڕزگاربوونی سەرنجی کەسی لە ڕاستی. هەر شتێک ڕانسێر سەبارەت بە ڕزگاربوون دەیڵێت لە پێگەی گووگڵ بەرجەستە دەبێت. ئەمە جێی سەرسوڕمانە؛ منیشی سەراسیمە کردووە. ئایا ئەمە کۆتایی فەلسەفەیە؟ ئەگەر فەلسەفە بە شێوازە ئەفڵاتوونیەکەی بگاتە مێشکمان، ئەوا بارتەقای ئەم زەبرە ناگرێت و دەکات پووکاوەتەوە.
لە هەمان کاتدا، مەیدانخوازی لەگەڵ بۆشاییەک کە ڕاستی تێیدا دەپووچێنرێتەوە و تەنیا ڕێ بە بیر و ڕا دەدرێت شتێکی سەرنجڕاکێشە. تۆ لە ئینتەرنێت دەستت بە چەندین ئامار سەبارەت بە تێڕوانینی مرۆڤەکان بۆ بابەتی جیاواز دەگات. ناڵێم ئەمە شتێکی نایابە، بەڵام کاتێک جیاوازی لە نێوان ڕاستی و هەڵە هەڵدەگریت کۆکراوەیەکی توێژینەوەی ئاماری و کۆمەڵناسی و ئینتەرنێتت دەست دەکەوێت. ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشە، لەوانەیە تاکە شتی ئینتەرنێت بێت کە سەرنجڕاکێش بێت.
نەبایس: ئەی چی سەبارەت بە چیرۆکی خەیاڵاوی (فیکشن)؟
گرۆیس: فیکشن مەحاڵ بووە.
نەبایس: یان دەبێتە ڕاستیی نوێ؟ ئەرشیڤی نوێ؟
گرۆیس: نەخێر، وانییە. ناتوانیت ئینتەرنێت ئەرشیڤ بکەیت. زانیارییەکان بۆ ماوەیەک لەوێ جێگیر دەبن و دواتر بزر دەبن. خەیاڵ مەحاڵە چونکە ڕاستی مەحاڵە؛ هەموو فیکشنێک لە ئینتەرنێت بە ڕاستییەکەوە بەندە، بە ڕاستییەکی بابەتی و ئەزموونی. دەتوانیت بە ئاسانی فیکشن لە ڕۆمان بەدی بکەیت بەڵام لە ئینتەرنێت بەم جۆرە نییە. چەند زانیارییەکت لەسەر نووسەر و ناوەندنی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە دەست دەکەوێت. ئەمە ڕاستییە، ڕاستییەکە کە ئەگەر فیکشن لەناو دەبات. ئەگەری فرچکردنی بابەتێک وەک فیکشن بە دامەزراوەیەکی وەک کتێبخانە یان مۆزەخانە بەندە. هەر شتیک ئینتەرێت لەسەری بدوێت سەبارەت بە ڕاستییە، واتە تۆ لە لایەک بۆچوون و لە لایەک ڕاستیت هەیە. هەر چۆنێک بێت، زۆربەی ڕاستییەکان ساختەن و زۆربەی بۆچوونەکان هەڵەن. بۆچوون و ڕاستی ئەگەر بەیەکەوە بن هۆشوگۆشی فەلسەفی لە بیرکردنەوەدا ئیفلیج دەکەن. دێریدا دواهەمین فەیلەسووف بوو چونکە گوتی حەزی گەیشتن بە ڕاستی هەیە بەڵام ئەو حەزە بێ بنەمایە. من جارێکیان پێم گوت کە ئەم جۆرە حەزە هەر لە بنەڕەتەوە نییە (گرۆیس پێ دەکەنێت). بڕوام وایە کە ئەگەر حەزی گەیشتن بە ڕاستی هەبووبا ئەوا نەدەهاتە دی. بە هەر حاڵ، ئەمڕۆ هەلومەرجەکە گۆڕاوە: خەڵک بە یەکجاری ڕاستی و حەزی گەیشتن بە ڕاستی ڕەت دەکەنەوە. سەرئەنجام، لەبری تێکهەڵشێلانی بۆچوونەکان بەرخۆرییان لەسەر دەکەن. بۆچوونی کەس بە لای ڕووخاندنی مۆزەخانەکاندا ناچێت. ئەمە تاکە بۆچوونێکە کە بە بیرمدا بێت (گرۆیس پێ دەکەنێت). لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم بۆچوونە لە سیستەم جێی نابێتەوە. زۆرێک لە خەڵک بۆچوونی بەکاربەرانەیان هەیە و بۆچوون سەبارەت بە باشترین شێوازی بەکاربردن دەخەنە ڕوو. شارستانییەتەکەی ئێمە لەسەر ئەم خاڵە ڕۆنراوە، ئەمەش سەرنجڕاکێشە. سەردەمی ئێمە سەرنجڕاکێشە. گومانم نییە هەمیشە ژیان لە سەردەمێکی سەرنجڕاکێش سەرنجڕاکێشە.
نەبایس: ئێستا تێ دەگەم بۆ چی دولۆزت لە ڕیزی دژە-فەیلەسووفەکان داناوە!
گرۆیس: بەڵێ، ڕاست دەکەیت. دولۆز هەموو بیری لە حەز چڕ کردووەتەوە – بەڵام نەک حەزی گەیشتن بە ڕاستی. خۆت دەزانیت، دوای تێکهەڵشێلانی ڕاستی لە لایەن دێریداوە تەنیا حەزێکی ڕووت ماوەتەوە. حەز چییە؟ حەز بەکاربردنە. تەنانەت ئەگەر دولۆز حەزی بێ بنی بوێت – واتە حەزێکی بەکاربەرانەی بێ بن – خۆی لە سوپەرمارکێت دەبینێتەوە (گرۆیس پێ دەکەنێت). لە ڕاستیدا هەموو حەزەکان لە بنەڕەتەوە حەزی بەکاربەرن. هەر وەک لیۆتارد دەڵێت، فەلسەفەی فەرەنسی لە دەوری هەڵقوڵانی بەیەکەوەی حەز و پارە دەخولێتەوە. فەلسەفەی فەرەنسی ماڵۆچکەیەکی گەرموگوڕی ئابووریی نیو-لیبراڵە. لە کۆمەڵگەدا دوو هێز خول دەخۆن: یەکەم ئابوورییە کە پەیوەستە بە بەکاربردنەوە (بیرکردنەوەی دولۆز، لیۆتارد، ڕانسێر، و بادیۆ لەسەری بەندە)، ئەوی دیکەیان هێزی سەربازییە. هێزی سەربازیش هێزی ڕاستی نییە، بەڵکو هێزی ڕووکێشانی مرۆڤە. وای دەبینم کە خەریکە دەکەوینە ژێر ڕکێفی هەژموونی سەربازییەوە. هەنووکە لە قۆناخی ئامادەکارین بۆ شەڕێکی نوێ. ئەمڕۆ بەسەربازیکردن – جا ئەوروپی یان چینی یان ڕووسی بێت – تاکە پرۆسەی شیاوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین بریتییە لە چۆکپێدانانی حەزی ئابووری لە بەرانبەر هێزی سەربازی. کەواتە، بڵێین حەز چەقی هەموو شتێکە ڕاستە بەڵام ئێستا تۆزێک درەنگە بۆ ئەم قسەیە. لە هەشتاکان کات لەبار بوو چونکە سەردەمی بەکاربردن بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین.
نەبایس: لە کتێبەکەت دژە-فەلسەفە (Antiphilosophy) وەک ڕەخنەیەک لە فەلسەفەی نەریتی فەلسەفە بۆ شتێکی پەڕپووت بچووک دەکەیتەوە کە یان دەبێتە هۆی ڕێژەگەرایی کەلتووری (کەس لە ناسنامەی کەلتووری دەربازی نابێت) یان دژە-فەلسەفە (فەلسەفەی خاکەڕا بۆ ژیانی ڕۆژانە). باشە، کەواتە فەلسەفە چی لێ ماوەتەوە؟ چی پێ ماوە بیڵێت؟
گرۆیس: وای نابینم کە ڕۆڵی فەلسەفە، یان ڕۆڵی هونەر، بریتیی بێت لە ئەنجامدان یان گوتنی شتێک. بڕوام وایە کە فەلسەفە و هونەر دەرگا بۆ تاک دەکەنەوە تا شتێک ئەنجام بدات، واتە بۆشاییەکی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنن. ئەگەر فەراهەم دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارێک؛ کارێک کە حەزت پێیە بیکەیت و دەیکەیت. خەڵک دەپرسن بۆ ئەو کەسە بوو بە پیاوکوژ یان تیرۆرست؟ وەڵامەکە زۆر ڕوونە: چونکە دەرفەت هەبوو. دەزانیت بۆ ئەوەی کەسێک پیاوکوژی وەک پیشە هەڵبژێرێت چەندان فیلم هەن کە بۆی باس دەکەن پیاوکوژ چی دەکات و چۆن دەیکات؛ کەواتە، دەرفەتێک ڕەخساوە کە تۆ دەتوانیت بیقۆسیەوە تا ببیت بە پیاوکوژ (گرۆیس پێ دەکەنێت). دەتوانیت ببیت بە پسپۆرێکی بواری ئای تی یان تیرۆرستێک. بە هەمان شێوە، دەرفەت هەیە ببیت بە فەیلەسووف، شێوازێکی تایبەتی ژیان پەیڕەو بکەیت. بۆ هونەریش هەرواسا. ئەم شێوازی ژیانە لە بواری کرداریدا ئاشتیخوازە و لە تیۆریشدا شەڕانگێز. فەلسەفە و هونەر بێ شەڕانگێزی دەسڕێنەوە و نامێنن. ئەمەیە وای کردووە کە فەلسەفە و هونەر لە هێزی سەربازی نزیکتر بن وەک لە هێزی ئابووری. هەردووکیان هەمیشە بەرانبەر کەلتوور و بینەر/خوێنەر و خەڵکی دیکە شەڕانگێزن. هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنێک بۆ خۆت هەوڵێکە بێ شەڕانگێزی بێ هودەیە. کە لەدایک دەبیت شوێنت نییە. بڕوانامەی لەدایکبوون وەردەگریت و چاوەڕێی بڕوانامەی مردن دەکەیت – هەموو ژیانت گوزارشت لە مەودای نێوان ئەو دوو بڕوانامە دەکات. تۆ بە دیار ئینتەرنێتەوە ڕادەمێنیت و هەموو شتێک دەبینیت ناوی خۆت نەبێت. ئەمە ئازارت دەدات. کەواتە، ئەگەر بتەوێت ناوت لە ئینتەرنێت دەربکەوێت بیر لە ڕێگەیەک دەکەیتەوە کە لەم بڵندگۆیە پانوبەرینەدا شوێنێکی بۆ بدۆزیتەوە. سەرئەنجام، دەبیت بە پیاوکوژ، کابرایەکی سیاسی، فەیلەسووفێک یان هونەرکارێک. دوای ماوەیەک لە گووگڵ بە دوای ناوی خۆتدا دەگەڕێیت و دەیدۆزیتەوە؛ ئەو کات دەتوانیت بە ئاسوودەیی بمریت.
نەبایس: تۆ دژی بەدیموکراتیکردنی فەلسەفەی، بەڵام، لە هەمان کاتدا، دەڵێیت کە دژە-فەلسەفە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی فەلسەفە بمێنێتەوە. ئایا تۆ ڕەخنەگری پۆست-مۆدێرنەیت (کاتێک دەڵێیت دژە-فەلسەفە هاوارێکە بۆ نواندنی کردار و هەروەها شێوازێکی سروشتیی بەڕێوەبردنی ژیانە) یان لە بەرژەوەندیی ئەو دەخوێنیت (کاتێک دژە-فەلسەفە وەک تاکە چارەنووسی فەلسەفەی نەریتی دەبینیت)؟
گرۆیس: من دەڵێم شتێک نییە بە ناوی پۆست-مۆدێرنە، بۆیە شتێک نییە تا لایەنگری بم یان دژی بوەستمەوە. پۆست-مۆدێرنە نییە چونکە ئەو خەڵکەی بڕوایان بە بوونی هەبووە پێیان وابووە کە وەک قۆناخێکی مێژوویی خۆی نمایش کردووە – ئەم چەشنە بیرکردنەوەش بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنە. دووبارە دەیڵێمەوە: کاتێک دەتەوێت ببیت بە بەشێک لە کۆمەڵگەیەک دەبێت دابونەریتێک بکەیت بە پەیڕەوی خۆت. لەم دەلاقەیەوە، دابونەریتی فەلسەفی بریتییە لە شۆڕشکردن دژی خودی فەلسەفە خۆی. هەرواسا، دابونەریتی هونەر بریتییە لە شۆڕشکردن دژی خودی دابونەریتی هونەر خۆی. سەرئەنجام، بەردەوامبوونی هونەر واتە بەردەوامبوونی بەرهەڵستی و ڕەخنە و شۆڕش و ڕەتکردنەوە. وەک ترۆتسکی دەڵێت، کۆنترین نەریتی مرۆڤایەتی نەریتی شۆڕشگێڕانەیە. کەواتە، شۆڕش شتێکی نوێ نییە؛ خەڵک هەمیشە وەک نەریت دەستی پێوە گرتووە. ئەوەی تۆ دەیکەیت درێژدەدانە بە شتێک کە لەمێژە هەیە. بە هەر حاڵ، لە مۆدێرنەدا درێژەدان بە پیشەیەک بەرهەڵستیکردنی خودی پیشەکە خۆیەتی. لەوانەیە ئەمە بێت کە تەمی گومان دەخاتە سەر هەندێک شتەوە.
نەبایس: باشە، لە درێژەدان بەو نەریتە، فەیلەسووفی دڵخوازی تۆ کێیە؟ پاڵەوانەکانی فەلسەفە لە دیدی تۆ کێن؟ کامە فەیلەسووف لەناو دڵی تۆیە (وەک دولوز کە سپیۆنزا لەناو دڵی خۆیدا دەنێت)؟
گرۆیس: ڕاستی، هەندێک ………. (وچانێک وەردەگرێت). کاتێک دەمەوێت قسەیەکی خۆم ڕوون بکەمەوە زۆرجار قسەکەم دەخەمە قاڵبێکی دیاریکراوی فەلسەفییەوە. دواتر، بێگومان، هەندێک دەق هەیە کە ئاسانتر ڕێچکە دەگرن بۆ ناو قسەکانم یان نووسینەکانم؛ هەندێکیش هەن کە زۆر لەگەڵ ئەو وشانە ناگونجێن کە لە زمانم یان لە قەڵەمەکەم دەبنەوە. کاتێک سێرەی نیشانە لە ئامانجێک هەڵدەگرم، چەند دەقێک هەن کە زیاتر یارمەتیم دەدەن لە پێکانی. بە هەر حاڵ، ئەگەر قسەی فەیلەسووفێک لەگەڵ قسەکانی خۆم تێکهەڵکێش بکەم ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو فەیلەسووفە پاڵەوان و ڕابەری منە.
نەبایس: پێش کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکەمان، دەمەوێت پرسیارێکت لێ بکەم: هەلومەرجی شیاو بۆ نووسین لای تۆ چییە؟ ئایا تۆ دەست دەدەیتە قەڵەم و بێ وچان دەنووسیت، بیر دەکەیتەوە و وردە وردە دەنووسیت، یان پێشوەختە هەموو شتێک لە مێشکی خۆت ئامادە دەکەیت بەر لەوەی بنووسیت؟
گرۆیس: من ڕقم لە نووسین دەبێتەوە، حەز ناکەم بنووسم.
نەبایس: بەڵام تۆ نووسینت زۆرن!
گرۆیس: هممم، زۆر نین. سلۆتەردایکی هاوڕێم، وەک ژیژێک، بەردەوام قەڵەمی بەدەستەوەیە. هەردووکیان زۆر حەزیان بە نووسینە. من وا نیم. نووسین زیان بە چاوەکانم دەگەیەنێت، بۆ پشتم خراپە. نووسین تاقەتپرووکێنەرە. خۆشم، بە گشتی، زۆرم حەز پێی نییە. حەز دەکەم قسە بکەم، نەک بنووسم. لە لایەکی دیکەوە، دەزانم کە دەبێت جاروبار بنووسم؛ چونکە هەندێک بیرۆکە و کەسایەتی هەن بە ئاخاوتن بەرجەستە نابن و دەبێت لە ڕێی نووسینەوە دەرببڕێن. هەمیشە بەو سەرنجانە دەبزوێم کە لەگەڵیان کۆک نیم؛ ئەوان پەلم پێ دەکوتن بۆ نووسین. هەمیشە ئەو کاتە دەنووسم کە شتێک بێت دژی بنووسم. بێگومان هەمیشە کۆمەڵێک بیر و بۆچوون هەن کە لەگەڵیان ناگونجێم. چەندی لە نووسین بابەتیانە و بێلایەن ڕای خۆم دەرببڕم، هەمیشە بەرپەرچدانەوەی بیرۆکەیەکی تر لە خەیاڵم خول دەخوات و هەر ئەو بیرۆکەیە پاڵپم پێوە دەنێت بۆ نووسین.
نەبایس: بەڵام نووسینەکانت زۆر پاراو و ڕێکوپێکن..
گرۆیس: بەڵێ، من هەمیشە دەمەوێت لە ڕوونکردنەوەی ئەم بیرۆکانەی لەگەڵیان ناگونجێم ڕەوان و بێ پێچ و پەنا بم. هەرگیز بای پەنجە بۆ ڕاکێشان بەسەریاندا ناڕۆم و بەوردی ڕوونیان دەکەمەوە، چونکە نامەوێت نووسینی خۆم بکەم بە قوربانی کەمتەرخەمیم. هیوام وایە نووسینەکانم ئەوەندە تێروپڕ بووبن کە خوێنەر، بەر لە ئاشنابوون بە سەرنجەکانم، بیرۆکەیەکی لەسەر بۆچوونە هەڵەکان پەیدا کردبێت تا بتوانێت بە دڵی خۆی بەراوردیان بکات…..بڕوام وایە ئەمە ئەرکی فەلسەفەیە. ئەرکی فەلسەفە دۆزینەوەی ڕاستی نییە، چونکە ڕاستی کۆتایی هاتووە. تەنانەت ئەرکەکەی ڕزگارکردنی خوێنەریش نییە، چونکە ملکەچکردنی نووسین بۆ کەسی دیکە خۆی بەرخۆرییە. ئەرکی فەلسەفە بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەرخستنی ئەوەی کە تۆ دەتوانیت بێ ڕەچاوکردنی هەموو بۆچوونە پەسەندکراوەکانی سەردەمی خۆت دەقێکی باش بنووسیت؛ هاوکات، فەلسەفە دەتوانێت وا لە تۆ بکات مرۆڤێکی هاوچەرخ بیت و لە دەمەتەقێیەکانی ئەمڕۆ بەشدار بیت.
نەبایس: وای دەبینم تۆ دەتەوێت شتێکی وەها بڵێیت، “فەیلەسووفی نەریتی وەک هونەری نەریتی وایە: وەستایەکە وشە بەرهەم دەهێنێت”. ئەمە ڕستەیەکی جوانە بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکەمان! زۆر سوپاس بۆریس بۆ ئەو کاتەی پێت بەخشین.
[1] لە بەشێکی وتارەکەدا گرۆیس دەڵێت، “کارامەیی ئینتەرنێت بە دیاریکراوی لە سنووردارییەکەیەتی، واتە جموجۆڵەکانی ناوی ڕووپۆش ناکرێت. گووگڵ وەک نموونەیەک باڵای ئەم قسەیەی من ڕادەگرێت. ئەمڕۆ چاودێریکردن لە ڕێی ئینتەرنێتەوە گرفتێکی بەربڵاوە و خەڵک مشتومڕی زۆری لەسەر دەکات. ئینتەرنێت لە ناوەڕۆکەوە ئامێرێکی چاودێریکردنە، بۆیە ناکرێت بڵێین چاودێریکردن دەرئەنجامی بەکارهێنانی هەڵەی ئینتەرنێتە. ئەم تۆڕە ئەلیکترۆنییە هەڵقوڵانی داتا لە زنجیرە کاربەجێگەیاندنێکی بچووک چڕ دەکاتەوە کە بە ئاسانی دەدۆزرێنەوە، سەرئەنجام هەموو بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت دەکەوێتە ژێر ڕکێفی چاودێریکردنەوە. ئینتەرنێت ژینگەیەکی ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا دەڕەخسێنێت.” (هونەرکاران: لە نێوان یوتۆپیا و ئەرشیڤدا – ٢٠١٣).
[2] بڕوانە: 2 Boris Groys, Going Public (Berlin/New York: Stenberg Press, 2010) p. 69.
[3] بڕوانە: Jacques Rancière, Aux Bords du Politique (Paris : Gallimard, 2004) p. 85.
بەستەری سەرچاوە سەرەکییەکە:
https://plijournal.com/files/11CATARINA-POMBO-NABAIS.pdf