توێژینەوە و نووسینی: چیمەن ساڵح
پێشەکی: ئاوی نێودەوڵەتی زۆرترین بەشی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق پێکدەهێنێت. دیجلە و فورات لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن کە وڵاتی سەرەوەی ڕووبارەکەیە. لەگەڵ وەرزی وشکەساڵانی لە ساڵانی ڕابردوو و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی تورکیا، کەمبوونەوەی ئاوەکە دیارە. قەیرانی ئاو لە ئێستاوە بووەتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و بیابانبوون و وشکبوونەوەی هۆرەکان لە باشووری عێراق و دەستڕاگەیشتن بە ئاو بۆ زۆر کەس ئێستا ئاستنەگە، ئەمەش بەرەو کارەساتی مرۆیی گەورەتر گەشە دەکات.
ڕووباری سنووربەزێن ئەو ڕووبارەیە کە سنووری دوو وڵات یان زیاتر دەبڕێت، پەیماننامەی دوولایەنە و فرەلایەنە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕووبارانە هەیە، هەروەها یاسای نێودەوڵەتی نەریتیش. جگە لەوەش کەیسی بێبەشکردنی خەڵک لە ئاو بە تاوانی جەنگ دادەنرێت و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ و جوس کۆگێنسە. لەگەڵ قۆناغی کەمی ئاو، کارەساتی مرۆیی زیاتر دەبێت و دەوڵەتان لە ئەگەری مەترسی خستنە سەر ژیانی خەڵک بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ دەگرن. عێراق و تورکیا چەندین ڕێککەوتن و یاداشتنامەیان واژۆ کردووە بەڵام زۆربەیان بێهودە بوون. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامرازی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، وەک لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونی ناچاری دەوڵەتان، ئەم ئامرازە لەلایەن وڵاتێکی وەک تورکیاوە پەسەند نییە. باشترین چارەسەر بۆ عێراق ئەوەیە کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تورکیادا بکات بۆ ئەوەی گەرەنتی دوورکەوتنەوە لە کارەساتی گەورەی مرۆیی لە ئایندەیەکی نزیکدا بکات.
ئەم توێژینەوەیە لە سێ بەشدا باس لە کێشەکە دەکات، بەپێی بۆچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئەکادیمییەکان و بەرپرسانی ئەو بوارە. بەشی یەکەم لێکۆڵینەوە لە قەیرانی ئاو و بەڕێوەبردنی ئاوی نێودەوڵەتی، پاشخان و ئامرازە یاساییەکان بۆ چارەسەرکردن. دووەمیان لێکۆڵینەوە لە کێشەی نێوان عێراق و تورکیا و عێراق. سێیەمیان، خاڵە لاوازەکانی عێراق و ئاسۆی چارەسەرکردنە، پاشان ئەنجامەکە.
ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی، مێژوو و چوارچێوەی یاسایی
زۆر چاوەڕوان دەکرێت کەمی ئاو لە ماوەی یەک دوو دەیەی داهاتوودا گەورەترین کێشەی جیهان بێت. ژمارەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ٥٠% زیاد دەکات، قەیرانی ئاو دەگاتە لوتکە. ڕێژەی سەدی ئاو دەگاتە نیوەی بڕی ئێستا لەسەر هەسارەکە. بەهۆی چەندین هۆکاری وەک؛ پیسبوون، پیشەسازییە قورسەکان، هەڵمبوون، هەموو ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، بەتایبەتی زیادبوونی خێرا و گەورەی دانیشتوانی جیهان کە هۆکاری سەرەکی هەموو کێشە ژینگەییەکانە؛ ئاو خۆی لە خۆیدا سەرچاوەیەکی نوێبووەوەیە، بەڵام کاتێک ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەوەندە گەورە دەبێت هەسارەکە مەیلی بەرەو تێکچوون دەبێت. بەپێی پێوەری جیهانی، هەردوو دیجلە و فورات تا ساڵی ٢٠٤٠ وشک دەبنەوە ( Almurhij, 2021). کەواتە، ناکۆکییەکان لەسەر ڕێڕەوی ئاوی سنووربەزێن زیاتر بەرزتر دەبنەوە
ئاو وەک سامانە سروشتییەکانی تر نییە، بۆ نموونە نەوت و گاز. وەک چۆن، سروشتی جیاوازە، ژیان بەبێ ئاو پێشبینی ناکرت، ئاو بەشێکە لە ئاسایشی مرۆڤ. ئاو مادەیەکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو لە نێوان شوێنەکاندا دەڕوات ( لە نێوان وڵاتەکاندا).(1) لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی 300 ئاوی هاوبەشی سنو بەزێن لە جیهاندا هەیە کە زۆرینەیان کێشەی سیاسی هەمیشەیییان هەیە پێکەوە بە پلەی جیاواز، وەک پاکستان و هیندستان ، تورکیا و عێراق، ئیسرائیل و لوبنان، و چین و دراوسێیەکانی وهتد.
فۆڕمی نموونەیی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئاو لە نێوان وڵاتانی کەنار دەریاکان لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە. لە پەیماننامەکەدا هاتووە، وڵاتەکان دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناکۆکییەکانیان یەکلایی بکەنەوە(نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٩٤٨). جگە لەوەش، بنەمای نەریتی یاسای نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئاوی سنووربەزێن هەیە، کە بەکارهێنانی گونجاو و یەکسانە لەم ڕێڕەوی ئاوانە. (2 ) جگە لەوەش ئامرازی ترهەیە وەک؛ ڕێککەوتن و پەیماننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن. تا ئێستا هیچ شەڕێکی مۆدێرن نییە کە لەسەر ئاوکرابێ. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی، هەموو دراوسێکانی چین لە لادانی ڕێڕەوی ڕووبارەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە دەترسن کە کارەسات بەرهەم بهێنێت (MearShiemer, 2001).
ئامرازە تەقلیدییەکانی دیپلۆماسی پێشنیار دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر ئاو وەک نێوەندگیری و بەشداریکردنی لایەنی سێیەم، سازان، ناوبژیوانی و پەنابردن بۆ دادگای لاهای بۆ دادپەروەری. بۆ ڕێکخستنی ئاوی سنووربەزێن، ڕێککەوتن و پەیماننامە لە پێش سەدەیەکەوە سەریان هەڵداوە (Wouter, 2007).
شۆڕشی فەرەنسا یەکەم لایەنە لە مێژوودا بڕیاریدا کە ئاوی سنووربەزێن موڵکی هاوبەشی ئەو وڵاتانە بێت کە ئاوەکە خاکەکانیان دەبڕێت بە بڕیارنامەیەک کە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٧٩٢ لەلایەن سەرۆکایەتی کاتی کۆماری فەرەنسا دەرچووە، بەپێی ئەو خاڵانەی باسکراون لە بڕیارنامەکە، مافەکە ناگوێزرێتەوە، ناتوانرێت هیچ وڵاتێک داوای مافی ڕەها بکات، کەس ناتوانێت قۆرخکاری بکات یان وڵاتانی دیکە لە بەکارهێنانی بێبەش بکات، دواتر ژمارەیەک کۆنگرە و کۆنفرانسی دیکە باسیان لەو پرسە کرد. زۆرێک لە وڵاتان پەیماننامەی دوولایەنە و فرەلایەنەیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان. تەمەنی ڕێککەوتنی ناوخۆیی ئاوەکان بە نزیکەیی لە سەرووی سەدەیەکەوەیە کە لە نێوان ئەمریکا و کەنەدادا دانراوە. پێشتر بەهۆی زۆری سەرچاوە ئاوییەکان، و لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازی گەشەی نەکردبوو، یاسای نێودەوڵەتی نەریتی بە تەنیا جێبەجێ دەکرا. (5)
زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ئاوی سنووربەزێنیان هاوبەشە، سنوورێکیان هەیە و ناکۆکی سیاسیشیان هەیە. زۆرتر ئاو وەک چەکێک لەدژی وڵاتی بەرامبەر یان وڵاتانی بەرامبەر بەکاربهێنن بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسای ژینگەیی. کاتێک کە بە توندی پێشبینی کەمیی ئاو دەکرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەرەو ڕێکارە یاساییە بەهێزەکان لە دژی دەوڵەتانی سەرپێچیکار هەنگاو بنێت، بەڵام دۆخی ئێستای جیهان ئامادەی هەنگاوی لەو جۆرە نییە. ئەو وڵاتە پیشەسازیانەی کە لەم بوارەدا دەنگیان هەیە، خۆیان سەرپێچیکارن. لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکا کە هێشتا یەکەم زلهێزی جیهانە لە ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کشایەوە. دواجار تەنانەت ئەنجوومەنی ئاسایشیش دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیار نابێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە. هەندێک لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە کە هۆکارێکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا وەک عێراق، لە ژێر بارگرانی کێشە سیاسی و ئەمنییە توندەکاندان کە بە گرنگی بەو کارەساتە نادەن کە لە دەرگایانە.
ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی: کەیسی عێراق- تورکیا
لەو دۆخەی کە تورکیا 90%ی ئەو ئاوەی لە فورات و 44%ی دیجلەدا دەڕژێت لە بەردەستییەتی، زۆر بەهێزترە لە عێراق و سوریا کە بەشە بچووکەکانی ئەو دوو ڕووبارە لەگەڵیدا هاوبەشن. بەپێی ڕێکەوتنێک کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە نێوان تورکیا و سوریا واژۆ کراوە. تورکیا پێویستە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاوی فورات بنێرێ، 60%ی ئەو بڕە بۆ عێراق دەڕوات. بۆ دەیان ساڵە سیاسەتی ئاوی تورکیا بە بێباکی لە پێداویستییەکانی ئەوانەی لە خوارەوەی ڕووبارەکەن بە تایبەتی عێراق ڕەفتار دەکات.(6)
ناکۆکییەکانی ڕێڕەوی ئاوی نێوان عێراق و تورکیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر چڕتر بووەتەوە، عێراق ساڵانی درێژی وشکەساڵی بەخۆیەوە بینیوە لە هەمان کاتدا تورکیا بەنداو و پڕۆژەی ئاوی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی دیجلە و فورات پەرەپێداوە. نزیکەی 17 بەنداو لەناو پڕۆژەی گاپ، بەنداوی ئەتاتورک یەکێکە لەوانە و 4 لەسەر دیجلە کە گرنگترینیان بەنداوی ئیلیسو و بووەتە هۆی خنکانی شارۆچکەی حەسەن کێڤ کە شوێنێکی شوێنەوارییە. تەمەنی ئەم شوێنە 12000 ساڵە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانی ئەم کارە دژی مێژوو و شوێنەوارناسی بوەستێنێت لە کاتێکدا لەناوبردنی شوێنەوارەکانیش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە تاوانی جەنگ دادەنرێت. جگە لەوەش دروستکردنی چەندین پڕۆژەی ئاودێری لەسەر ئاوی دیجلە و فورات. ئەم پڕۆژانە وایان کرد بڕی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە ناو عێراقەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە یان تەنانەت هەندێکجاریش نەمێنێ. (7)
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، ئەو پرۆژانە مەترسییەکی گەورە لەسەر عێراق دروست دەکەن، هەروەها کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. لە هەمان کاتدا ناکۆکی سیاسی نێوان عێراق و تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی پێنایەت بەهۆی بوونی شەڕی چەکداریی لە ناوخاکی عێراقدا و ئەم کێشە سیاسیەش بەشێکی گەورەی پلانەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بە تایبەت لە ناوخۆی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق. بە شێوەیەکی نەریتی تورکیا ڕێڕەوی ئاو وەک چەکێک لە دژی ڕکابەرەکانی و بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکاردەهێنێت.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٨ و پاشان دامەزراندنی عێراق بە پەیمانی لۆزان، دیجلە و فورات بوونە ڕووباری نێودەوڵەتی و مافی عێراق لە ئاودا لە پەیماننامەکەدا مسۆگەر کرا. دواتر لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا تورکیا و سوریا دەستیان کرد بە دامەزراندنی پڕۆژە بۆ پەرەپێدانی کانزاکان و پڕۆژەکانی کارەبای ئاوی و تورکیا و سوریا بەردەوام بوون لە ناردنی لیستی پڕۆژەکانیان و تایبەتمەندییەکانیان بۆ حکومەتەکانی عێراق بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە، عێراقییەکان نەیانتوانیبوو ڕەتیان بکەنەوە تەنها ئەوان دووپاتیان کردەوە لەسەر پشکی وڵاتەکەیان لە ئاو و ناڕەزاییان بەرامبەر پڕۆژە نەبوو. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٧ ئەوان دەستیان بەم پڕۆژانە کرد، هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕازیکردنی تورکیا و سوریا بۆ پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی بەردەوام بوو، بەڵام هەرگیز پابەند نەبوون. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کردەوەکانیان کارەساتێکی مرۆیی لە عێراقدا بەرهەم هێنا. مافی ئاوی عێراق بە 18 ملیۆن مەتر سێجا هەڵسەنگێندرا، دابەزی بۆ 8, 198 M مەتر سێجا. زیانی گەورەی بە عێراق گەیاند. لەو کاتەدا عێراق داوای نێوەندگیری لە لایەن کۆمکاری عەرەبییەوە دەکرد، کۆمکارەکە پاڵپشتی لایەنی عێراقی دەکرد بە ئاراستەکردنی کۆمەڵێک ڕاسپاردە لە بەرژەوەندی عێراق، بەڵام بە بێ جێبەجێکردن مانەوە( Al-Attiya, 2012). لەڕاستیدا هەڵوێستی سوریا لە هەندێک خاڵدا لە تورکیا توندتر بوو، ئەو وڵاتەی کە بەشێک لە فوراتی بەدەستەوەیە کە لەڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە نێوان عێراق و تورکیا. بەهۆی جددیەتی دۆسیەکە عێراق کەوتە قۆناغێکی تری دانوستان لەگەڵ تورکیا. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٤، ١٩٧٥، ١٩٧٦ وڵاتەکە کارەساتێکی مرۆیی سەختی بەخۆیەوە بینیبوو، بە نزیکەیی، یەکەم قۆناغ بوو بەرەو گۆڕانی کەشوهەوا و زیانەکانی ئاو و زەوی لە عێراقدا. قۆناغی نوێی دانوستان لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٦ دەستی پێکرد، گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ هاوکاریکردن و لیژنەیەکی تەکنیکییان دامەزراند، دانوستانەکە تا ساڵی ١٩٩٢ بەردەوام بوو بەڵام بێهودە بوو. یاسای نێودەوڵەتی و هەموو ئەو ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆڵانەی کە پشکی عێراقیان لە ئاودا گەرەنتی دەکرد لەلایەن تورکیا و سوریاشەوە پێشێلکرابوون. دوای ئەو ماوەیە، عێراق بەهۆی شەڕەوە بوو بە وڵاتێکی لاواز و تورکیا ئازادی تەواوی وەرگرت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی ئاو و دروستکردنی پڕۆژە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق تا ساڵانی ڕابردوو.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژۆ کراون، یەکێکیان لەساڵی 2009 واژۆ کراوە و لەساڵی 2014 هەموار کراوەتەوە و دواتریش یەکێکی تر لەساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق و باڵیۆزخانەی تورکیا لەبەغدا ئامادەکراوە، بەڵام لەبەشێکی لەوانە وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ واژۆی لەسەر کرد، پسپۆڕ و دامەزراوە عێراقییەکان دەڵێن کە بە زمانێک نووسیویانە کە لایەنی تورکی لە بەرژەوەندی خۆی دایناوە و ناچن کێشەکە چارەسەر بکەن. (9) جگە لەوەش پڕۆژەکانی تورکیا لە گەشەکردندان. لە ڕاستیدا لە چەند ساڵی ڕابردووەوە تورکیا میانڕەوتر بووە لە گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانی ئاو لەگەڵ عێراق، تەنانەت دەیەوێت هاوبەش بێت لە دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەم خاڵە لەلایەن دامەزراوە عێراقییەکانەوە گومانی لەسەرە (SaveTigris, 2019) .
ئێستا، یاسای نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکانی دەریکردووە لە چوارچێوەی پەیماننامیەکەدا بە ناوی ڕێڕەوی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری پێدەکرێت، بەڵام تورکیا توخمە زۆرەملێیەکەی لە ڕێککەوتننامەکەدا ڕەتکردەوە، بۆیە تا ئێستا هەموو گۆڕانکارییەک پەیوەستە بە پابەندبوونی تورکیا بە دەستەبەرکردنی ئاو بۆ عێراق.
چونکە یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێکردنی هەڵبژاردەیە و زۆرەملێ نییە؛ تەنها پەیماننامەیەکی تایبەت، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی بکرێت و لەگەڵ ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێڕەوی ئاو جێگیر بکرێ، عێراق تاڕادەیەک سەلامەت دەکات لە خراپ بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاو لەلایەن دەوڵەتی سەرووی ڕووبارەکە. چونکە، جیهان لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە لە ڕووی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا، پێشکەوتنێکی خێرا لە یاسای نێودەوڵەتیدا کە چارەسەری ئاو و کەشوهەوا بکات چاوەڕوان دەکرێت.
خاڵە لاوازەکان و دیدگاکانی چارەسەر
بەو پێیەی تورکیا وڵاتی سەرەوەی ڕووبارە، لە کاتێکدا عێراق لە خوارەوەیە، عێراق لە ژێر ڕەحمەتی تورکیادا دەمێنێتەوە. لەو کاتەدا کە تورکیا یەکێکە لەو سێ وڵاتەی کە بە توندی بەرەنگاری مادەی ٣٣ی یاسای ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی- نەتەوە یەکگرتووەکان بووەوە کە پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوونە لە ڕێگەی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ، کە پابەندبوونەکە دەکاتە ناچاری. عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین کاریگەرن بە گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا . بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی٢٠٢١دا بڵاوکرایەوە، عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین زیانیان بە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە (بانکی جیهانی، ٢٠٢١). بە جۆرێک کە سەرچاوەکانی ئاو لە عێراقدا بە ڕێژەی٢٠% لە ساڵی ٢٠٥٠ دادەبەزێت. بانکی ناوەندی چەند هۆکارێکی دیاری کرد بۆ ئەوەی هۆکاری ئەم دۆخە ترسناکە بن کە بریتین لە: وەرزی وشکەساڵی، دابەزینی ئاوی سەرچاوەکانی وڵاتانی سەرڕووبار کە دراوسێن، پاشەکشەی کشتوکاڵ، خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و زەوی، و بەرزبوونەوەی پلەی پلەی گەرمی (بانکی جیهانی، ٢٠٢١).
بەشی کاروباری تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژانی خۆڵبارین تا ساڵی 2050 لە ساڵێکدا بۆ 300 ڕۆژ بەرز دەبێتەوە.( وەزارەتی ژینگەی عێراق، 2022). بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تورکیا لە چاو سەردەمی پێشووتر هاوکاری زیاتری کردووە. سەرەڕای نەفرەتی جوگراف، و خراپتربوونی دۆخی کەشوهەوا بەهۆی وشکەساڵی و بیابانبوون و زیادبوونی دانیشتووان، عێراق بەدەست زیانێکی زیادەی بێشومارەوە دەناڵێنێت کە وا دەکات لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەوادا هێندەی تر ناسکتر بێت.
وڵاتەکە، لە ئێستادا لە ناکۆکییەکی سیاسی ترسناکدایە ، لە ناوخۆدا دابەش بووە و ئەولەویەت بۆ ململانێ سیاسییە بێ سنوورەکانە. ئەم بارودۆخە وایکرد کێشەی کەشوهەوا کە کاریگەری لەسەر ژیانی دانیشتووان و داهاتووی ژیانی ئەم شوێنە هەیە دوا شت بێت کە لەبەرچاو بگیرێت. عێراق و تورکیا پێکەوە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی هاوبەشیان هەیە، کێشەی سنوورییان هەیە، سەرەکیترینیان بوونی پەکەکەیە لە چوارچێوەی سنوورەکانی عێراقدا، ئەمەش بیانوویەکی هەمیشەیی تورکیایە بۆ ئەوەی ئاو وەک چەک بەکار بهێنێت.
لەڕاستیدا کۆمەڵێک پەیماننامەی سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی ئاوی سنووربەزێن لە جیهاندا هەیە، وڵاتانی ئەوروپا چەندین ڕێڕەوی ئاویان هاوبەشە و بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەیان دەبەن، هەروەها پەیماننامەی سەرکەوتووی دیکەش هەن وەک ئەو وڵاتانەی کە حەوزی ئاراڵیان هاوبەشە. ( Wouter, 2007 )
هەرچەند، پاکستان و هیندستان بەدەست کێشەی سیاسییەوە دەناڵێنن، بەڵام بەڕێوەبردنی ئاوی سنووربەزێنیان بە نموونەیی دادەنرێت. کێشەکانی وڵاتانی تازپەرەسەندوو و دواکەوتوو هەمیشە بەرەو خراپتر دەچن نەک چارەسەر بکرێن، چونکە دانوستانێکی هاوسەنگ نییە. لە نێوان ئەم وڵاتانەدا ئاو هەمیشە چەکە. وەرزی وشکەساڵی ئەم کارتە بەهێزتر دەکات. ئەمە حاڵەتی نێوان عێراق و تورکیا و عێراق و ئێرانە.
لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا عێراق بە دەگمەن بە ئارامی ژیاوە، ئەم شەڕانە کاریگەرییان لەسەر سروشتی وڵاتەکە هەبوو، بێباکییان دروستکرد و پیسبوونیان بەرهەمهێنا، یارمەتی وشکەساڵییان دا کە بەهێزتر بێت لە بنبڕکردنی زەوی و ئاو، و زۆربەی دانیشتووانەکەی ناچارکرد لە ناوچە گوندنشینەکان بە زۆر یان بەهۆی هەژاری و بێدەسەڵاتی کۆچ بکەن بۆ شارەکان، ئەم دیاردەیە شارەکانی کردە نە شار و نەگوند. ئەو ناوچە گوندنشینانەی کە خەریکی کشتوکاڵ بوون ئێستا وەک ئەوەی نزیکی نەبووبن وان. بەم شێوەیە وڵاتەکە سەبەتەی خۆراکی لەدەستدا و هەروەها بیابانبوون و پیسبوون بە شێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کرد ( سەنتەری ئەلبەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان، ٢٠٢١).
یەکێک لە کێشە گەورەکانی عێراق پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەیە بەڵام ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر هەموو کەرت و لایەنەکانی ژیانی وڵات هەیە؛ کە لە ڕووی سیاسییەوە وابەستەیە و دابەشکراوە بەسەر وڵاتانی دراوسێدا. پرۆسەی بڕیاردان لە عێراقدا بە فلتەری وڵاتانی دراوسێدا تێدەپەڕێت کە ئێستا وەک زلهێزی ناوچەیی یارییان پێدەکەن. کەواتە، بڕیارەکەی عێراق پێویستە ڕەزامەندی ئەو وڵاتانە وەربگرێت، و ئەوانیش بەزەحمەت دیدگای گونجاویان هەیە لەسەر پرسەکانی عێراق، جگە لەوەش پرسەکانی عێراق لە دژی یەکتر بەکاردەهێنن و وڵاتەکە لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر نییە بۆ ئەوان، بۆیە بڕیارەکە -پرۆسەی بڕیارسازی لە عێراقدا پرۆسەیەکی شکستخواردووە، لە کۆتاییدا سەرچاوەکانی وڵات یان زەوت دەکرێن یان بەفیڕۆ دەچن. بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنیش نیوەی ئاوی وڵاتەکە بەفیڕۆ دەچێت.
بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لە هەولێر زیاتر لە 1000 بیر هەیە، کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بۆ هەر تاکێک نزیکەی 250 لیتری پێدەبەخشێت. سێ پڕۆژەی گەورەی ئاو هەیە، کە ڕۆژانە 450 ملیۆن لیتر بەرهەم دەهێنن، ئەگەر شارەکە ملیۆنێک دانیشتوانی هەبێت لە سەنتەری هەولێر، بۆیە، هەمووان زیاتر لە 400لیتر ڕۆژانە خەرج دەکەن لەکاتێکدا ستانداردی نێودەوڵەتی 250 لیترە لە ڕۆژێکدا. هەموو بەشە زیادەکەی ئەم ئاوە شیرینە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و نەزانی لە بەکارهێنانی ئاو بەفیڕۆ دەچێت. دیارە، خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و کاریگەرییە ترسناکەکەی کەمتر نییە لە وشکەساڵی و کێشەکان لەگەڵ وڵاتەکانی سەرەوەی ڕووبار کاریگەری ( ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، ٢٠٢٢). بەڕێوەبردنی باشتری ئاو پێویستی بە کارکردن هەیە لەسەر چەند ئاستێک، وەک؛ بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی وڕوونکردنەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئاو لەلایەن هاوڵاتیەوە پێویستییەکی بەپەلەیە، بەڵام بەس نییە، پێویستە حکومەت پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی بەفیڕۆدانی ئاویش جێبەجێ بکات، خەڵک ناتوانێت ئاو لە ماڵەکانی خۆی جیابکاتەوە و ڕیسایکڵی بکات، لەکاتێکدا هیچ ڕیسایکڵین نەبێ بۆ ئەوەئەنجامی بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوەیە بۆشووشتنی ئۆتۆمبێل و گەرماو و مەبەستی تر. وەک خۆکوشتنێکی بەرفراوان وایە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە. ئاوی ژێر زەویش لە دوایین هەناسەکانی خۆیدایە، لە ساڵی 1996 لەگەڵ هەڵکەندنی 120 مەتر لە ژێر زەوییەوە، ئاوەکە دەردەکەوت، لە ساڵی 2022 پێویستی بە بیرێکی قووڵە بە نزیکەی 700 مەتر بۆ ئەوەی بگاتە ئاو ( حکومەتی هەرێم، وەزارەتی کشتوکاڵ، ٢٠٢٢). پلانی کارکردنی خێرای حکومەت لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێویستە.
باشترین ڕێگا بۆ عێراق، چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانە لە چوونە ناو پەیماننامەیەکی زۆرەملێی تایبەت لەگەڵ تورکیا لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەروەها بەشداریکردنی بەهێزی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوی سنووربەزێن. جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ٣٣ی یاسای نێودەوڵەتی ئاوی سنووربەزێنی ساڵی ١٩٩٧. پێشکەشکردنی ڕاپۆرت لەسەر دۆخی کەشوهەوا و دۆخی ئاوی شیرین بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی چالاکانە، بە تایبەتی بۆ بانکی نێودەوڵەتی. گرنگە سوودمەندبێ لە هەوڵەکان، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. گرنگترین هەنگاوەکان، دەستپێکردنی پلانێکی نوێی سەرکەوتوو و زانستییە بۆ بەڕێوەبردنی ئاو. چونکە بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق لە دۆخێکی کارەساتباردایە. (9)
ئەنجام
عێراق بەشێکی سەرەکی ئاوی شیرینی لە ڕووبارە نێودەوڵەتییەکانەوە پێ دەگات؛ دیجلە و فورات. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، پشکی ئەو وڵاتە لە ئاودا لە پەیماننامەکاندا دیاری کراوە. دوای چەندین دەیە تورکیا کە سەرچاوەی دوو ڕووبارەکەی لەبەردەستدایە دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر ڕووبارەکان کە بووە هۆی دابەزینی پشکی عێراق لە ئاو. پاشان، وشکەساڵی و پیسبوون وایکرد دابەزینەکە زیاتر و خراپتر بێت، سەرەڕای بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق بەڵام تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی بەهێز نییە.
بەهۆی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاو کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیران لەسەر ئاو دروست بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە پەلەکردندایە بۆ دروستکردنی شێواز ڕێککەوتن لەسەر ئاوی سنووربەزێن، لە هەموویان گرنگتر، پەیماننامەی نێودەوڵەتی ڕێڕەوی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە لە ساڵی ١٩٩٧ دەرچووە لە ٢٠١٤ دا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. قەیرانی ئاوی عێراق خراپتر دەبێت نەک تەنیا بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ وڵاتی سەرەوە یڕووبارەکان و گۆڕانی کەشوهەوا بەڵکو خراپ بەڕێوەبردن هۆکاری سەرەکییە. کەواتە، عێراق پێویستی بە هەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی بەم زووانە ڕووبەڕووی تینوێتی و وشکبوونەوە کارەسات نەبێتەوە.
1-Altieri, D. (2016). The Effects of Overpopulation on Water Resources and Water Scarcity. Swarthmore College Environmental Studies. Available at: http://tinyurl.com/mrz24j8n
2- Wouters, P. (2007). Universal and regional approaches to resolving international water disputes: what lessons learned from state practice?: University of Dundee.
3- Parker, K. (1989). Jus Cohens: Compelling the Law of Human Rights. Hastings International Law and Comparative Law Review.
4-Edwards, K. (2016), Is Human Security Part of the International Security Agenda?, University of Derby. Available at: http://tinyurl.com/f5tdv4jv
5- Alattiya, E. (2012). Public International Law: Legal Library (Baghdad)
6-Glynn, A. (2021). Turkey is Reportedly Depriving Hundreds of Thousands of People of Water. Open Democracy. Available at: http://tinyurl.com/bdfusz25
7-Al- Madhachi, A. Rahi, K. Leabi,W. (2020). Hydrological Impact of Ilisu Dam on Mosul Dam; the River Tigris: MDPI. Available At: https://www.mdpi.com/2076-3263/10/4/120/htm
8- Dawood, E. (2019). Does the Memorandum of Understanding in Water Management Between Turkey and Iraq Guarantee Iraq its Water Rights: Save Tigris Project.
http://tinyurl.com/ys366h7p
9- Almurhij, H. (2021). The Water Crisis in Iraq: Albayan Center for Research and Planing ( The article was originally in Arabic)