پرسی بوون و ماھییەت لای سارتەر بەتایبەتی و قوتابخانەی بوونگەرایی بەگشتی

399
0
بڵاوکردنەوە:

ئامادەکردنی: ئەحمەد مەعرووف

 

پرسی بوون ھەر لە سەدەکانی پێش زاینەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێکی ئاڵۆز بووە، ھەم لای فەیلەسوفان و پیاوانی ئاین و زاناکانیش کە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ھەردەم لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. بۆ نموونە لای فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن، بوون کردەی بوونێکی باڵاترە کە ئەوان زیاتر ئەم ڕێگە بیرکردنەوەیان لە ئەفسانەکانەوە وەر گرتووە. لە لایەکی ترەوە ئایینە جیاوازەکانی وەک ئایینە ھیندۆسیەکان و مەسیح و ئیسلام سەرچاوەی بوون دەگەڕێننەوە بۆ بوونێکی باڵاتر و بەدەسەڵات ڕەھا و بێخەوش، ھەموو کار و کردەوە و ڕووداوەکانیش پەیوەستن بەو بوونە باڵایەوە. لە سەردەمی ئەمڕۆشماندا زانست وەڵامێکی سەلمێنراو بە ئایدیای ھەیە بۆ پرسی بوون کە ھەر وەک پێناسەی فەلسەفە و ئایین خاڵی نییە لە دژییەکی و گومان. ئەوەی لێرەدا باسکرا وێنەیەکی گشتی بوو لەسەر پرسی بوون لای بزاوتە جیاوازەکان، بەڵام ئەی بوون لای بوونگەرایی چییە؟ ئەی بوونگەرایی خۆی چییە؟

فەلسەفەی بوونگەرایی (ئیگزیستنسیالیزم) فکرێکی نوێی فەلسەفی سەدەی بیستەمە کە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر کولتوور و فەرھەنگ و ژیانی تاکی خۆرھەڵاتی بەتایبەت ھەبوو دواتریش کاریگەریەکانی لەسەر جیھان بەگشتی دەرکەوتن. ئەم بزاڤە دواتر قوتابخانەی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێت و  ھەر یەک لە فەیلەسووفانی وەک (سورین کیرکەگارد) و (نیچە) و (ژان پاوڵ سارتەر) و (مارتن ھایدگەر) و چەنەھای تریش دەگرێتەخۆ. کرۆکی فەلسەفەی بوونگەرایی گەڕانەوەیە بۆ بوونی تاک وەک سەنتەر لە ناو ژیاندا، واتە خاڵی سەرەکی بابەتی فەلسەفەکە بوونی مرۆڤایەتی و ھەموو ئەو حاڵەت و بابەتانەیە کە پەیوەستن بە تاکەوە، لەگەڵیشیدا پەیوەستن بە ئازادی و ھەڵبژاردنەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ھێزێکی ڕەھا و سەرووسرووشتی. بزاڤی بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئازادی تاکە گرینگیدانە بە تاکییەتی و گەڕانەوە بۆ پرسیارە وجوودیەکان تاکو تاک دوور بێت لە ڕامکردن لەلایەن بزاوتە جیاجیاکانەوە و، دژی بەمێگەلکردن و لە قاڵبدانی تاک لەناوی بازنەیەکی بیرکردنەوەی تەسکدا ھاتە ئاراوە. چونکە بۆ بوونگەراکان ھەموو تاکێک خواست و خولیا و دنیای تایبەت بە خۆی ھەیە. بە واتایەکی تر تاک لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە خۆی پێناسەی ژیانی دەکات و مانای ژیان دەدۆزێتەوە لە ڕێگەی بەیانکردنی ئەو ئازادییەی ھەیەتی و لەڕێی ھەڵبژاردنەکانیەوە. بوونگەرایی جەخت لە ھەبوونی ھەر مانایەکی گشتگیر دەکاتەوە بۆ مرۆڤ کە پێشتر و یاخود پێشوەختە بۆی دیاری کرابێت، چونکە لەم ڕوانگەیەوە کە ژیان ھەرچەند بێمانا و پووچە بەڵام تاک بە گەڕانەوە بۆ بوونی خۆی و تێگەشتن لە بوونی خۆی پرسیارکردن لە بارەی چ شتێک واتا بە ژیانمان دەبەخشێت؟ ژیانی مرۆڤ ئامانجێکی تایبەتی هەیە؟ مرۆڤ پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجەدا بجەنگێت؟ مرۆڤ بە چ مەبەستێک لەم جیهانە پووچەدا دەژیت؟ تێدەگات و واتای تایبەت بە خۆی دەبەخشێت بەو ژیانەی دەیەوێت بژیت. بەم شێوەیە مرۆڤ بە تەواوی مانا ئازادە و ئازادیشی وەک بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ بۆ ھەڵبژاردنی ئەو بڕیارەی دەیخوازێت، چونکە بە بڕوای بوونگەرایی ئەم شێوازە بیرکردنەوە و ژیانە تاکە ڕێگایە بۆ بازدان بەسەر بێمانایی و پووچی ژیان، واتا بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئەوپەڕی بوونی ئینسانە بۆ مانادان بە ژیان لەڕێی ھەڵبژاردن و ئازادییەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی قوتابخانەی بوونگەرایی گرنگیدانە بە پرسی بوون و ماھیەت کە مشتومڕێکی مێژوویی لەسەرە ھەر لە فەلسەفەی یۆنانیەوە ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، باسەکەش لێرەدا وەک لە ناونیشانەکەوە دەردەکەوێت گرینگیدانە بەم پرسە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و بە تایبەت لای ژان پاوڵ سارتەر. لە سەرەتادا لای فەیلەسەوفانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ و ئایینە ئاسمانییەکان بڕوایان وایە کە ماھییەتی مرۆڤ پێش بوونی دەکەوێت، بە واتایەکی تر مرۆڤ پێش ئەوەی بوونی وەک گۆشت و خوێن و جەستەیەکی فیزیکی لە دنیادا ھەبێت چارەنووسی بۆ دیاری کراوەو ئەرکی ئەم تەنھا گەڕانە بەشوێن ئەم چارەنووسەی کە پێشوەختە بۆی نووسراوە. سادەتر بڵێین بۆ نموونە من پێش ئەوەی لە دایک ببم بۆم نووسراوە دەبم بە دکتۆر لە ژیانمدا ئەرک و بەرپرسیارێتی و چارەنووسم بەو بڕیارە پێشوەختەوە پەیوەستە کە بۆم دیاری کراوە. بەڵام فەیلەسوفێکی بوونگەرای وەک ژان پاوڵ سارتەر نکوڵی لە ڕاستی ئەم بیرکردنەوەیە دەکات و پیوایە مرۆڤ پێش ئەوەی ماھیەتی ھەبێت بوونی ھەیە واتا ماھییەتی مرۆڤ دوای بوونی دێت ھەروەک دەڵێت “مەبەستمان لەوەیە کە لە پێشدا مرۆڤ و بەر لە ھەرشتێک مرۆڤ ھەیە و ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە و دێتە ناو جیھانەوە، پاشان خۆی دەناسێت. مرۆڤ کە پێناسە ناکرێت ھۆیەکەی ئەوەیە کە ئەو لەسەرەتادا ھیچ نییە. ئەو ناتوانێت شتێک بێت، مەگەر دوایی ببێت، ئەوساش بەو شێوەیە دەبێت کە خۆی خودی خۆی دروست دەکات”. بە واتایەکی تر مرۆڤ سەرەتا بوونی ھەیە لە دایک دەبێت بێھیچ نووسراوێکی پێشوەختە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی. دوای لە دایک بوون و ئاشنا بوون بە ژیان و  ئەو ژینگە و باروودۆخەی تیای ئەژی چارەنووس و داھاتووی دەگۆڕێت. ماھیەتی ھەر مرۆڤێکیش پەیوەستە بە بڕی ئەو ئازادیەی ھەیەتی بۆ ھەڵبژاردن. سارتەر پێی وایە ئەوانەی نایانەوێ باوەڕ بەمە بێنن کەسانێکن دەترسن لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بوونی خۆیان و خۆیان لەم ئازادی و ھەڵبژاردنە دەدزنەوە و خۆیان خەریک کردووە بەو یاسا و ڕێسایانەی بۆیان ئامادەکراوە بۆیە بێئاگان لە بوونی خۆیان وەک مرۆڤ. ئەگەر بەتەواوی مانا وەک مرۆڤ ژیان بکەیت دەبێت بوێری بکەیت ئازاد بیت و ھەڵبژاردن بکەیت و لەگەڵ دەرئەنجامی ئەو بڕیارەی کە پەیوەستە بە ئازادی و ھەڵبژاردنەوە ژیان بگوزەرێنیت.

 

سەرچاوەکان:

https://bit.ly/2JuviOO

https://bit.ly/3nx9Ydq

کتێبی (فەلسەفەی بوونگەرایی) جۆن ماکوار/ وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: