پرسی شۆڕش (بەشی سێیەم)

880
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

بەشی سێیەم

1

پەیوەند بە پرسی شۆڕشەوە ئەو پرسیارە کرۆکییە زیت دەبێتەوە کە داخۆ چۆن تاکەکەس لە شێوەی ڕەفتار و هزرینی سوننەگەرا “دەر-بچێت”، ئاخر بەبێ خودنەفیکردن، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییانەی خۆ و بنیاتنانەوەی کەسێتییەکی نوێ، نەشیاوە کەسێتیی شۆڕشگێڕ بێتەگۆڕێ. (ئەمە پرسیارێکە کە گەرەکە بناغەی بڕێژرێت و لە بەشەکانی دیکەدا بەوردی ڕووی تێدەکەین).

سەرەتا گەرەکە پەیوەند بە شۆڕشەوە ببێژین، کە ناشێت یەک پێناسەی ئیدیۆلۆژییانە بۆ شۆڕش زیتبکرێتەوە و بسەپێنرێت، چونکە دەشێت شۆڕش بە شێوەی جیا بگێڕرێت. بۆ نموونە شۆڕش هەیە لەژێرەوە، وەک شۆڕشی فەڕەنسی و ڕوسی کە لەژێرەوە بە ڕاپەڕینی خوێناوی دەسەڵاتی دێرینیان ڕوخاند؛ یان شۆڕش هەیە لە سەرەوە، وەک لە ژاپۆن کە ئەو وڵاتەی بە ئیجرای سیاسی ڕووەو سەرمایەگەری (کەپیتالیزم) پەڕاندەوە؛ لێ لە سەردەمی هەنووکەدا دەشێت شۆڕش کرداری ئازادیخوازانەی بەرپاکراو بێت لەدژی کەسێتیی سۆسیۆکولتووریی خۆ و بنیاتنانی کەسێتییەکی نوێی ئازاد، بەبێ ئەوەی کەسی ئازادیخواز بپەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سۆسیال و لەتەک هاوهزرانیدا خەبات بۆ گۆڕانی جڤاکی بکات. بێگومان دەشێت ئەم جۆرەی شۆڕشگێڕێتی لە ڕووی ئێتیکەوە (ئەخلاقناسییەوە) شایانی سەرزەنشتکردن بێت، چونکە کەس ژیانی خۆی بەئازادی بەڕێوەدەبات بەبێ ئەوەی بەرپرسیاریی سۆسیال وەربگرێت، سەرەڕای ئەوە بەڕێوەبردنی بەو چەشنەی ژیان هێشتا هەر شۆڕشگێڕانەیە، چونکە لە شێوە هزرین و ڕەفتاری سوننەتی دەر-چووە. جگە لەوە ڕێنیسانسێکی زەردەشتایەتیش گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانەیە، چونکە مرۆ ڕەخنەییانە کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە سوننییەکەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەو ڕەوتەشدا هێدی هێدی هەڵیدەوەشێنێتەوە و “خۆی بکەرییانە” دەکات بە کەسێتییەکی دی کە لە ناخەوە جەخت لە بڕیاری ئازادی خۆیی دەکات. ئاخر ئەوە ئێستا کەسێتییەکە کە چیدی لەخواترس نییە، بەڵکو خودای خۆی خۆش دەوێت، هەروەها وەک زەردەشتی، واتە وەک ناسێنەری سروشت، لە کەسێتییەکی سوننیانەی وێرانکەری سروشتەوە بووە بە کەسێتییەکی ژینگەپارێز.

ئێمە گەرەکە سەرباری ئەم شێوە جیاوازانەی شۆڕش وردتر مۆرکە کرۆکییەکانی دیاربهێنین. شۆڕش لە پەیوەندییە کەتوارییەکانی ئەو دەڤەرە جیانابێتەوە کە شۆڕشی لێ دەگێڕرێت، جگە لەوە شۆڕش هەردەم گۆڕانکارییە ڕووەو ئایندە. لەم ڕوانگەیەوە ناشێت بزاوتە پاشڤەرووەکان شۆڕش بن، بۆ نموونە ناشێت بزاوتە جیهادییەکان ناوبنرێن شۆڕشی ئیسلامی، چونکە کەسانی نێو ئەو جۆرە بزاوتانە خۆیان وەک مرۆڤ بە تەنگژە ئەخلاقییەکانی سەردەم بارگاوی بوون، ئەوجا ئەوان وەک کوڕان و کچانی باب و باپیرانیان، کەواتە وەک هەیەپارێز (کۆنزەرڤاتیڤ) ناوێرن ڕەخنەییانە ڕووبکەنە ئەو تەنگژانە لەنێو خۆیان و ئەوجا لە دەرەوەی خۆیان، بەڵکو ترساو و تۆقیو هانا دەبەن بۆ کارایی ئایین لە ڕابوردوودا کە بە حیکایەت ئیدیالیزەکراوە، واتا پەرچەکردار (ڕێئەکسیۆن = ڕەجعە) دەنوێنن. ئەوان بەم هەنگاوە پاشڤەرووە ئاڕاستەیەک ڕووەو سەردەمانی دێرین و بنەما ئاینییە چواندووەکانی ئەو سەردەمانە وەردەگرن و وەک نموونەی باڵا دایاندەنێن، ئەوەش بۆ خاتری ڕزگارکردنی سەردەمی هەنووکە لە تەنگژەکانی. کەواتە وەک پاشڤەروو ناتوانن شۆڕشگێڕ بن. هەروەها ڕاپەڕینی ئێرانییەکان لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لەدژی دەسەڵاتی شاهانە شۆڕش نییە، چونکە لە سەرەتاوە وەک ڕاپەڕین لایەنێکی بەهێزی ئاینی لە خۆ گرتبوو، جگە لەوە نەدەشیا ڕێکخراوە بەناو چەپەکانی نێوی شۆڕشگێڕ بن، چونکە خەباتگێڕانیان کارەکتەرێکی ئیسلامییانەیان (واتا سۆسیالیزەکراوییەکی شیعی یان سوننییان) هەبوو. ئەوە لە بنەڕەتدا یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان کە بۆچی ڕاپەڕینی گەلانی ئەو وڵاتە لە ئاکامدا بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تیۆکراتی دامرکایەوە. هەروەها ڕاپەڕینی چەکداری و یاخیبوونە کوردییەکان شۆڕش نین، بۆ نموونە بزاوتە چەکدارییەکەی 1961 یان دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری دوای ئاشبەتاڵ ی 1975 لای کوردەکانی ئێراق، یان شەڕی چەکدارییانەی هێزە سیاسییەکانی کوردانی ئێران (ح.د.ک و کۆمەڵە و شێخ عیزەدینی حوسەینی) دوای ڕووخانی شا لەو وڵاتە. ئەم بزاوتە ناوبراوە کوردییانە لە ئێراق و ئێران هێشتا قەرزبارن بە وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ئەو پرسیارە کە داخۆ ئەوان بزاوتی “ڕزگاریخوازی ی ناسیۆنالیستی” بن یان بریتی بن لە “یاخیبوونی چەکداری بە ئامانجی بەشداریکردنی سیاسیی کوردان لە دەسەڵاتی مەرکەزیی دەوڵەتدا”. لەم ڕوانگەیەوە دەستەواژەی “شۆڕشە کوردییەکان” هیچی دیکە نییە جگە لە ڕەوانبێژی.

2

ئێمە لە پرسی شۆڕشدا زۆر ڕیشەیی بەر سوننەگەریی ئیسلامییانەی ئاڕاستە چەپ و بەناو چەپەکان دەکەوین کە تەواو پێچەوانەی شۆڕشگێڕێتیی هەر بزاوتێکی مارکسیستییە، واتا پێچەوانەی هەڵوەستانی مۆدێرنی تاکەکەسانی خۆڕێکخستووە لەنێو و بەنێو جیهاندا، چونکە چەپەکانی کورد “لە پەیوەندیی سەروێنە-دەروێنەوە جیهان دەبینن و بێ پشکنینی خۆیەتیی خۆرهەڵاتییان دەکەونە ڕێ”. ڕوونتر ببێژین، بزاوتی شۆڕشگێڕی بە ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی یان فرەنەتەوەیی هەرگیز بە تەفسیرکردنی ئاوەزمەندانەی نووسینەکانی مارکس و لێنین وەک بنەما بنیات نانرێت، چونکە ئەو نووسینانە خۆیان گەرەکە لە هەنووکەدا بەهۆی دۆخگۆڕییە ڕیشەییەکانی سیستەمی سەرمایەگەری و شێوە نوێکانی کارکردنی سیاسییەوە بخرێنە ژێر سەنگاندنی ڕەخنەییەوە. جگە لەوە تەنیا مارکس واتای مێتۆدی بۆ شرۆڤەی سۆسیۆلۆژیانەی جڤاکی کوردی وەردەگرێت کە دەشێت شرۆڤەکە ببێت بە سۆسیۆلۆژییەکی شۆڕش. بێگومان خەریکبوونی فەلسەفەیی، پسیکۆلۆژی یان مێژووناسییانە بە رۆڵی کەسێتییەوە لە مێژوودا هەردەم بەواتایە، تەنانەت یان بەتایبەتی پەیوەند بە گەلانی بێدەوڵەتەوە گرنگ و پێوسیتە، چونکە توێژینەوەی بەو چەشنە، بۆ نموونە لەبارەی کەسێتییەکی وەک لێنین، ئاشکرای دەکات کە تا چەند دەستپێک و ڕەوتی شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان لە کەسێتیی ئەو جیانەدەبۆوە، بە واتایەکی دی، شۆڕشەکە دەشیا بەبێ ئەو ڕەوتێکی دیکەی وەربگرتایە یان تەنانەت هەڵنەگیرسایە. ئەوجا توێژینەوەی مێژووناسی وەک ماستەر یان دکتۆرا لەبارەی بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانی وڵاتان و کولتوورانی دی دەشێت سوودی بۆ فراوانکردنی ئاگایی مێژووییانەی تاکەکەس هەبێت، جا گەر توێژینەوەکان تەنانەت تەفسیری بن، لێ بە هیچ شێوەیەک “بنەڕەتی” نین بۆ بنیاتنانی شۆڕشگێڕی چەپ لەنێو کردەکێتیدا.

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەروەها پەیوەند بە شۆڕشەوە پرسیاری جیاواز ئاڕاستەی چەپەکان بکەین. لەم پەیوەندییەدا بەتایبەتی ئەو پرسیارە پڕبایەخە کە بۆچی ئەوان تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ببن بە هێزی کارای سیاسی، واتا ئەوان کە دەرچوو بەتایبەتی لە لێنینەوە (یان هەر تیۆریڤانێکی مارکسیستییەوە) زۆر جەخت لە “ڕیالێتی” (کەتوار) و شیمانەکانی گۆڕانی دەکەن. هۆی ئەمە بە دیدی ئێمە لەوەدایە کە ئەوان وەک کەس لە کرۆکەوە خۆیان ڕەخنەییانە وەک شۆڕشگێڕ بنیات نەنابوو، واتا سەرەتا لە ژیانی کەسییاندا نەیانزانیوە و نەیانتوانیوە (یان لە لایەن سەرانی خۆپێگەیاندووەوە دەستیان نەگیراوە بۆ ئەوەی) مێتۆدییانە کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییانەی خۆیان هەڵبووەشێننەوە و هەر ئەوها مێتۆدیانەش کەسێتییەکی نوێی شۆڕشگێڕ بنیاتبنێنەوە، ئەوجا بە شێوەی ڕێکخراو چالاک ببن، کەواتە شۆڕشگێڕانە ڕوو لەو کەتوارە بکەنەوە کە ئەوان لە زارۆکییەوە لەنێو پەیوەندییەکانیدا سۆسیالیزەکراون (بەکەسکراون). نەخێر چەپەکان کرداری ئەوهایان لێناوەشێتەوە، چونکە هەیەپارێزن (کۆنزەرڤاتیڤن)، بۆیە بریتی نین لە دەر-هاویشتەیەکی بەبکەربووی / بەسەبژێکتبووی “کەتوارەکە” کە ئیدی وەک دەر-هاویشتە چیدی بەو کەتوارە نەگونجێن و وەک پێنەگونجاو هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بەرانبەری وەربگرن. لێرەدا مەبەستمان بە بەرجەرستەیی لەوەیە کە مرۆڤ پێش جومناستیکە واژەییەکانی وەک ماتەریالیزم، دیالێکتیک، سەرخان-ژێرخان، شۆڕشی سۆسیالیستی، بۆرژوازیی کوردی و هتد، ناچارە خۆی هەڵوەشێنەرانە بە کەسێتیی سۆسیۆکولتوریانەی خۆیەوە (ترس لە ژیانی تاکەکەسی و ژیاندنی، موئاناتە مرۆڤییەکان، دەمەوەری، سۆزمەندی، شەڕ بۆ ناساندنی سوننەتی لە لایەن ئەوانیدییەوە و گەلێکی دی) خەریک بکات، ئەوجا بەدووی ئەوەدا ڕووبکاتە پرسە توخمییە مرۆڤییەکانی کوردان، نەک یەکسەر، وەک کەوتووەڕێی بانگەشەکەری چەپێتی، ڕۆمانتیکییانە سەحابە موسڵمانەکانی نیوە دورگەی ئەرەبی بۆ شۆڕشگێڕەکانی دێرینی ڕوسیا تەرجومە بکات و هاوشێوەی ئەوان “ئیدیالیزەیان بکات”!

گرنگترینی ئەو پرسە توخمییانە کە سەرەتا بەرۆکی هەر کەسێکی بەڕێوەبوو ڕووەو کەسێتییەکی چەپ دەگرن، بریتین لە: فەزای / ڕاومی ژیان و شێوەی دەرککردنی، ئەوجا یان هاوکات دەرککردنی پەیوەندییەکانی نێو ئەو ڕاومەی ژیان لە لایەن تاکەکەس خۆیەوە، واتا داخۆ ئەو هەستمەندانە لە جیهاندا ببزوێت یان بەئاگاییەوە ستوونیانە بەنێویدا هەڵوەستابێت. لە بنەڕەتدا ئەم پرسە، گەر نەڵێین سەراپا، ئەوا هیچ نەبێت زۆر دیاردەی نالەبار ڕۆشندەکاتەوە، وەک: خەمی لەڕادەبەدەر بۆ وەرگرتنی سوننەتییانەی تاکەکەس خۆی لەنێو پەیوەندییە جڤاکییەکاندا، هەستی خۆبەکەمزانی کە دەشێت لە شێوەی هەڵوێستی چەپێتی ی وەک دەرکەوتن و خۆسەرقاڵکردندا زوبلیم بکرێت (هەڵبزنێنرێت بۆ کردار)، بەو ڕێیەشەوە کەس ناساندنی ئەوانیدی بۆ خۆی بەدیبهێنێت. بەگشتی ئەم پرسەی یەکەم ڕوودەکاتە کێشەی ئاگامەندیی تاکەکەس لە هەنووکەدا یان بە پێچەوانەوە هەستمەندی و سۆزداریی کەس و خەونبینین بە ئایندەوە. پرسێکی دی کە ئەمیش دەشێت وەک پابەند بە پرسی یەکەمەوە ببینرێت، لێ سەربەخۆکراو لە ئەو بریتییە لە لاوازیی و ترسداری یان تەنانەت ترسنۆکیی پیاو بەگشتی کە وا دەکەن هەمیشە پتر ژن بچەوسێنێتەوە، بەڵێ تەنانەت هاوشێوەی مەلی سەر چڵەدار یان ئاسکە کێوی بیکوژێت – هەروا ئاسان دەستی تێی بچێت! پرسێکی دی هێنانی ژنانە بۆ ژێر پرسیار، لەم پەیوەندییەشدا ژنان خەریکبوونی ڕەخنەیی بە خۆ تایبەتیان گەرەکە. دەتوانین پەیوەند بەم کێشەیەوە تاوانی خەتەنەکردنی کیژان بە نموونە وەربگرین کە نوێنەرە سەرەکییەکانی ژنان (دایکان و نەنکان) خۆیانن و بە ئەرکێکی ئایینی خۆیانی دەزانن، یان چڵێسیی ژنان بۆ زێڕ و زیو. پرسێکی دی هەر لەم پەیوەندییە پسیکۆلۆژییەدا کڕووزانەوەی بەردەوامی کوڕان و کیژانە، کە بەقەد ئەوەش دەمەوەر و تەمەڵ و تەپۆن بۆ کار و هەڵوێستی سیاسی و هتد. ئەوجا لە دەرەوەی پرسە مرۆڤی-پسیکۆلۆژییەکان پرسی جڤاکی-ئابووری دێتە پێشەوە، بۆ نموونە ئەو هەقیقەتە کە دەشێت کرێکار یان فرۆشیاری دەستگێڕ و هتد موڵکدار بێت، بەڵێ تەنانەت دۆخی گوزەرانی لە هینی فەرمانبەر باشتر بێت. توخمی دیکەی زۆر کرۆکی بۆ نموونە بریتین لە: ئیجتماعێتی / کۆمەڵایەتێتی ی بەردەوامی کەسان وەک دژبەری سۆسیالێتی، چونکە سۆسیالێتی پێکەبوونی بەردەوام و موراعات نییە، بەڵکو بزووتنی جڤاکییە (کەسێک دێت بۆ لان من داوای مقەستێک دەکات، من دەڕۆم مقەستەکە لەنێو چەکمەجەیەکدا دەردەهێنم و بۆی دەهێنم، ئەویش دوای تەواکردنی کارەکەی بە سوپاسەوە بۆم دەهێنێتەوە)؛ هەروەها: خانووی بلۆکی چیمەنتۆ کە دوژمنی ژیانی مرۆڤە، چونکە بە زستان ساردە و بە هاوین گەرمە؛ پەککەوتنی زانستگەکان و بەمەش پەککەوتنی پیشە پسپۆرییەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد، چونکە لە ڕادەبەدەر مامۆستایانی بێ-مەئریفە و رواڵەتی بە نامەی دەمانچەییەکان ماستەر و دکتۆرایان کردووە و تەنانەی پێگە بەڕێوەبەرییەکانی نێو زانکۆکانیان داگیرکردووە؛ ئەوجا پیسبوونی ژینگە کە ئاشکرایە ژینگەی مرۆڤە و هتد.

ئەوانە لە بنەڕەتدا سەر بە توخمە بنەڕەتییەکانی “سۆسیۆلۆژیی شۆڕشن بە کوردی”، کەواتە نەک نووسینە دێرینەکانی لێنین یان ماو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جڤاکی کوردییەوە نییە. گومانی تێدا نییە کە خوێندنەوەی ڕەخنەیی مارکس (ڕەنگە هینی خەباتگێڕانی دیکەی مارکسیستیش) گرنگە، لێ خوێندنەوەی ڕەخنەیی دژبەری خوێندنەوەی سوننەگەرایە کە هاوشێوەی خوێندنەوەکانی فەقێی حوجرە ئەنجام دەدرێت. لێرەدا ئیدی بەڵگەمان پێدەدرێت بۆ تێزە دانراوەکەی سەرەوە، واتا تێزی: چەپەکان هێشتا هەر لە کرۆکەوە هەیەپارێزن (کۆنزەرڤاتیڤن)، چونکە نایانەوێت و ناوێرن ڕەخنەییانە سەرەتا ڕوو لە کەسێتییان بکەن، هەروەها پەیوەند بە بەناو چەپەکانەوە، کەواتە پەیوەند بە نیازبەدانەوە کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان لە ناخەوە گرفتارن بۆ وەرگرتن و ناساندنی دەرەکی، بۆ ستایشکردن وەک کوڕی یان کچی چاک – هەروەها وەک زیرەک و دڵسۆزی هەژاران.

بەڵێ چەپەکان ناتوانن هەستناسک بن بۆ پرسە هەرە نامرۆڤی و تەنگژاوییە ناوبراوەکان و لە کرۆکەوە دەرکیان بکەن، ئەوجا لە هەڵوێستی ڕۆژانە و نووسیندا بییانتەقێننەوە، یان تەنانەت لەسەر ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە “بیکەن بە ڕۆژی حەشر”. ئەوە ناخی هەیەپارێزیانە کە وا دەکات نەوێرن بە کردار و نووسین هەڵوێست دژی ئەو چەوسێنەری و خۆچەوسێنەرییانە وەربگرن کە بە زمانی خۆیان “واقیعەکە ڕێ بە هەڵوێستوەرگرتنی ئاشکرا لەدژیان نادات”. لەم ڕووەی هەیەپارێزانەوە گەرەکە هەروەها ئاماژە بۆ ئەو ڕەوشە بدەین، کە هزری لێنین بەهۆی جەختکردنییەوە لە پرسە سۆسیالەکان و خۆڕێکخستن، زۆر چاک دەگونجێت بۆ ئەوەی هەیەپارێزانی سوننەگەرای خۆرهەڵاتی تەواو یەکلایەنی بۆ مەبەستی سیاسی وەریبگرن، بەوەش درێژە بە سوننەگەراییەکەی حیزبی شیۆعی و “کۆمەڵە” بدەن.

ئێمە بەم شێوەیە لە ڕەوتی هەڵوەشانگەریی ڕەخنەییماندا بە چەپەکانەوە دەکەوینە بەردەم چەند کێشەیەکی کرۆکی لای ئەوان، کە گرنگترینیان بریتین لە: یەکەم، شێوەی کارکردنی سوننەگەرا کە تەفسیرە، بە تایبەتیش تەفسیری تەفسیرە؛ دووەم، جوینەوەی گۆتراو یان نووسراوەکان کە بەزۆریی گۆتنەوەی تەفسیری تەفسیرەکانە؛ سێیەم، گەرەکە کێشەی خۆهەڵواسین بە “ناو”ی زانا یان تیۆریڤان یان فەیلەسوفەوە دیاربهێنین، چونکە ناو بەهابەخشە، بەوەش لە جڤاکی رواڵەتگەرای کوردیدا کە پڕە لە هەستی کەمنرخی (شعور بیلنەقس)ی خۆیی، دەشێت جێ بۆ کەسی خۆ بە ناو هەڵواسیوەوە بکاتەوە.

پێش ئەوەی ڕوو بکەینە کێشەی تەفسیری تەفسیر گەرەکە ڕەخنەییانە دوو کێشەکەی دی دیاربهێنین، واتا گۆتنەوەی بیستراوەکان و خۆهەڵواسین بە ناوی مەزنی خۆرئاواییەوە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا کەسێتیی بێپرسیارمان هەیە کە بە هەست و سۆز تەنراوە. مرۆ بۆ نموونە لە کەسێکی بە “زیرەک” دانراو تێڕوانینێک دەبیستێت، کە دەشێت ڕوونکردنەوەی تەفسیرێکی ئەرەبی یان فارسییانەی فەیلەسوفێکی خۆرئاوایی بێت، پاشان لەنێو کۆڕی هەڤاڵانی یان لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیدا دەیڵێتەوە. ئەمە لەنێو کوردانی ئێراقدا زۆر بڵاوە. ئاخر هەر ئەوەندە کە کەسی بێپرسیار لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یان دوای تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، دێتە نێو ژیانی دەرەکیی جڤاکییەوە و لەنێو بازاڕ، یان لەنێو چایخانە و قاوەخاناندا چاوەڕوانی وەرگرتن دەکات، ئیدی یەکسەر بەر ڕەفتاری باو و ئەقڵیەتی ڕۆشنبیرگەری یان بەر شێوەی سیاسەتکردنی باو دەکەوێت. لێ ئەوی هەرزەکار کە هاوکات لە ڕووی مرۆڤییەوە پێویستی بە ناساندنە (ئیعتیراف پێ کردنە)، واتا لەبەر ئەوەی کەوتۆتە بەردەم پرسی وەرگرتن لە لایەن ئەوانیدییەوە، ئەوا “زۆر دەشێت” یەکسەر بکەوێتە بەردەم ئەم بنەمایەی خوارەوە و بەشادییەوە یان بەناچاری قبووڵی بکات: “من ئەوها دەهزرێم و جیهان دەبینم، چونکە ئەوان ئەوها دەهزرێن و جیهان دەبینن“. ئەم دەستوێژەی خۆگونجاندن بە گرووپ، جا گەر تەنانەت گرووپی چەندکەسیی کەم بێت، لە کارابوونیدا وا دەکات کە کەسی هەرزەکار بەڕێی “ئەوانیدی”یەوە هێزی جڤاکی وەربگرێت (ئاخر تەنیا ناکەوێت!)، بەوەش ڕێی بۆ خۆش ببێت کە لەم یان لەو نێوەندی جڤاکی و کولتووریدا دەربکەوێت. لێ ئەم ڕەوشە لە بنەڕەتدا خزانە نەک هەڵچوونی ئەوی هەرزەکار، چونکە ئەو لەم ساتانە بەدوواوە وەک هەڵوێستنوێنێکی باوەڕ بە خۆ بوو کردار نانوێنێت، بەڵکو وەک “ئەوان” کردار دەنوێنێت و خۆی دەردەبڕێت. بەڵێ، لە بنەڕەتدا ئەم کەسێتییە پێناگات، بەڵکو دەخزێتە نێو دۆخێکی دژواری جووتەنییەوە: لە لایەک هاوشێوەی ئەوانیدی قایلە بە “وتی وتی” و دانەوەی تێڕوانینە بیستراوەکان، لە لایەکی دی پێداویستییە مرۆڤییەکانی داوای لێدەکەن کە خۆیەتییەکەی بژێنێت، لێ ئەوی وەرگیراوی نێو تێڕوانین و ڕەفتاری مێگەل ناوێرێت لە ترسی چاو و دەمی ئەوانیدی جەخت لەو خۆیەتییەی بکات، بەڵکو دەیچەپێنێت. لەم ڕوانگەیەوە چەپچێتیی ترادیسیۆنی لای کوردەکان شێواندنی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییە، کەواتە کارکردنی ڕەخنەیی نییە لە خۆدا بەو ئامانجە کە کەسێتییەکی بکەری ئاگامەند بنیاتبنرێت (وەک چۆن بۆ نموونە پ.ک.ک. بە “شێوازی خۆی” کردوویەتی و دەیکات، ئەمەش هاوکات بۆ ئێمە نموونەیەکی بەرجەستەی بەراوردکاری دەمێنێتەوە لەبریی ئەوەی هانا بۆ بۆلشەڤیکەکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم لە شانشینیی ڕوسیادا بەرین). بۆیە ئێمە لای بەناو چەپەکانی کورد کەسێتییەکی جووتلایەنمان هەیە: کەس لە لایەک سوننەگەرا و هەیەپارێزە، لە لایەکی دی شێوێنراوە. گەر لەم جۆرە پەیوەندییەدا باسی شۆڕش بکرێت، ئەوا باسکردنەکە تەنیا ڕەوانبێژییە یان جوینەوەی گۆتراوی نێو کتێبەکانە.

هەروەها دەشێت هزرمەندانی خۆرئاوایی لەنێو جڤاکی لاساییکەرەوەی کوردیدا سەنگی تایبەتی بۆ دەرکەوتن و وەرگرتنی جڤاکییانەی تاکەکەس وەربگرن. مەسەلەکە لەم پەیوەندییەدا ئەوە نییە کە بکەرێکی ئاگامەند خۆی ڕەخنەییانە بە چەندین ئاڕاستەیی هزریی خۆرئاواییەوە خەریک دەکات، ئەوجا لەنێویان یەکێکیان زۆر تایبەت دەیهەنگێوێت و دوای خەریکبوونی ڕەخنەیی پێوەی دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت ئاسانتر پرس و موئاناتە خۆییەکانی دەرببڕێت، نەخێر، مەسەلەکە ئەوەیە کە کەسی بێ-پرسیار کەسێتییەکی لەنگ یان من-لاوازی هەیە، ئەوجا لەنێو پەیوەندییە هەرزەکارییەکانی نێوهەڤاڵێتی یان جڤاکیی خۆیەوە بەسانایی هانا بۆ ناوی بیانی دەبات تاکو خۆی پێوە ڕابگرێت، کە ئاشکرایە هانابردنێکی رواڵەتگەرایە – ئاخر ناوی بیانی دەرخەرترە لە ناوی خۆماڵی، ئەوەش چە بە زرنگە وشەییەکەی و چە بە سەدای نێونەتەوەییانەی هزرڤانی ناودار. لێرەشەوە ئیدی دەشێت هاڤرکێی فرەشێوە لەسەر ناوەکان سەرهەڵبدات، مرۆ هەر لە خۆیەوە لەبارەی ئەم یان ئەو فەیلەسوف بدوێت بەبێ ئەوەی یەک تاکە کاری ئەوانی دیراسەکردبێت، بەڵێ دەشێت بوێرێت لەبارەیان بنووسێت (!)، خۆی لە دانوستاندن لەبارەی ئەم یان ئەو فەیلەسوف هەڵبقورتێنێت! بەکورتی: ئێمە لەم پەیوەندییەشدا دانانی لەبرییەکمان بۆ محەمەد و سەحابەکانی هەیە، کە کەسێتیی سوننەگرا ئەنجامی دەدات، چونکە وەک سوننەگەرا لەوە زیاتری پێ ئەنجام نادرێت.

لێ گرنگترین کێشەی چەپەکان یان بەناو چەپەکان تەفسیرە وەک شێوەی کارکردنی سوننەگەرا. مرۆ بۆ نموونە بابەتێک وەردەگرێت و ئاقڵانە ڕاڤەی دەکات، بەبێ ئەوەی ڕەخنەیانە ڕۆبچێتە نێوییەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا دابێکی درێژخایەنی فێرگەییە و دەشێت لە حوجرەی مەلا یان لە زانستگەیەکی خۆرهەڵاتیدا پراکتیزە کرابێت. بێگومان هەروەها دەشێت گەنجی فێرکراوی ئەم دابە لە زانستگەی خۆرئاوایشدا درێژەی پێ بدات، کە ئیدی بە کۆششی خۆی (یان لە ڕەوشی نێگەتیڤدا: بە یاریدەی فێرخوازێکی ئەو وڵاتە کە لێی دەخوێنێت، یان بە پارە) خوێندنی زانستگەیی تەواو بکات. بە هەر حاڵ، ئەمە تەواو دژبەری هزری ڕەخنەیی مارکسە کە لە لێکخشانی نێویەکییانەی تاکەکەس و “پەیوەندییەکانی ژینگەی مێژوویی و کولتووری ئەو خۆیەوە” پێدەگات.

گونجاو دەبێت گەر ئێمە لە پرسی تایبەتیتری تەفسیردا لای چەپەکان یان بەناو چەپەکان ڕووبکەینە مەنسوری حیکمەت وەک تەفسیرکارێکی سوننەتی کە بڕێکی چەپە کوردەکان تەفسیری دەکەنەوە. لە بنەڕەتدا نووسینەکانی ئەو بەڕێزە هیچ تەجاوزێکی خۆرهەڵاتییانەی مارکس و لێنین لە خۆ ناگرن، چونکە تەفسیرن. ئەو زۆر لەنێو سیاسەتی لێنینیستیدا قاڵ بووە (پرسی حیزبی سیاسی و جیاوازیی “کۆمونیستەکان” لەم یان لەو لایەن). لێ بۆ دەرخستنی شێوەهزرینی ئیسلامییانەی مەنسوری حیکمەت، نووسینێکی ئەو بە ناونیشانی “بۆلشەفیزم و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە. دەربارەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین” بە نموونە وەردەگرین، کە نوسینێکی خۆرهەڵاتییانەی باشە لە بواری نووسینی ئیسلامییانەی (واتا تەفسیری سوننی یان شیعییانەی) چەپەکاندا.

مەنسوری حیکمەت لەو نووسینەدا وای دەبینێت کە جیاوازیی نێوان لێنین و مەنشەفیکەکان جیاوازییەکی مێتۆدۆلۆژییانەی (ڕێبازناسییانەی) خەریکبوونە بە مارکسەوە. ئەو دەبێژێت:

زەمینەی مێتۆدۆلۆژیی لێنین و “کەپیتال”ی مارکس بریتییە لە “تێزەکانی مارکس لەبارەی فۆیەرباخ” و “ئیدیۆلۆژیی ئەڵمانی”. ئەم نووسینانە خۆیان بە ئابووری سیاسییەوە خەریک ناکەن، بەڵکو ڕەخنەن لە ماتەریالیزمی میکانیستی و سکۆلاییزم. ئەوجا مەنسووری حیکمەت دەیەوێت بۆ تێگەیشتن لە لێنین لەو تێزانەوە دەربچێت نەک لە پەرەسەندنی سەرمایەگەریی ڕوسیاوە. ئاخر بە دیدی ئەو لێنین بەوەفا بووە بۆ ماتەریالیزمی مارکس کە ماتەریالیزمی پراکتیکییە، واتا ماتەریالیزمێکی دیالێکتیکییە کە خۆی بە پەیوەندیی نێوان پراکتیکی مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانە ی خودی مرۆڤەوە خەریک دەکات. لەم ڕووەوە مێتۆدی هزرینی لێنین لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی جیادەبێتەوە.

مرۆڤ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت: ئایا ئەمە چییە کە خەباتگێڕێکی ئێرانی خۆی پێوە خەریک دەکات؟ ئایا ئەمە پرسە؟ کێشەیە؟ گومانی تێدا نییە کە هزری مارکس، یان پوختتر ببێژین، دیالێکتیکی خۆخەریککردوو بە کرداری مرۆڤ و جیهانی ئۆبژێکتیڤیانەی مرۆڤەوە، دەتوانێت لە چەندین بواری جیاوازدا بەرجەستە ببێت و بەرهەمی ڕەخنەیی یەکجار بەواتا بخاتەوە، لێ ئەو دیالێکتیکە سەرەتا تەحەدای “سکۆلایزمی خودی مەنسوری حیکمەت” دەکات کە نموونەکەی سەرەوە بەڵگەیەتی. ئاخر سەرەتا، پێش نووسینی بەو چەشنە، گەرەکە مەنسوری حیکمەت هزرینی مارکسیستیانەی خۆی لەو پەیوەندییە جووتەنییەی نێو وڵاتی ئێرانەوە بنیات بنێت، کە پاشان بەزەرووری ئەو پەیوەندییە ئێرانیانە ڕۆشن دەبنەوە کە ئەو خۆی لە نێویاندا سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە / بە کەسی کولتورێکی تایبەتی کراوە) – بەڕاستیش دەشێت نووسینی بەو چەشنە کە لەسەرەوە بە نموونە هێناومانەتەوە، هەر سەرهەڵنەدات، چونکە خەباتگێڕەکە پرسی بەو چەشنە وەک بەسەرچوو دادەنێت -ئاخر لە ڕووی مێژوویەوە زۆر کۆنن، تایبەتن بە شانشییەکی رووسی و کولتوورێکی کریستی-ئۆرتۆدۆکسی. بە هەر حاڵ، گرنگترین کێشە لە خەریکبوونی مارکسیستی یان ڕەخنەییدا بە ئێران و ڕەفتاری سوننەتیی ئێرانییەوە ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕۆشناییدەرانە، واتا هەڵوەشێنەرانە، مرۆڤی ئەو وڵاتە وەربگیرێت، ئەوجا بە لێتوێژینەوەی پسیکۆلۆژیانەی، بەڵی پسیکۆیانالیزییانەی کەسێتی و مێنتالێتیی هەموو گەلە جیاکانی ئەو وڵاتە پتر بناغەی بڕێژرێت، لێرەشدا بێگومان ئەجەم کە مێنتالێتی و کولتوورەکەی مۆتۆڕی ئێرانە، بابەتی سەرەکی پێکدەهێنێت. مەسەلەکە دەستبردنی ڕەخنەییە بۆ ناخی خۆحەشاردەری شیعەیی (هەروەها سوننی)، چونکە ئەمە بووە بە نەریت و کەسێتییەکی جووتەنیی هێناوەتە گۆڕێ کە ڕاستەوخۆ وەک کێشە لە بەردەم بنیاتنانی کەسێتیی مارکسیستیدا زیتدەبێتەوە. کێشەیەکی دیکەی کرۆکی ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەخنەییانە “فەزیلە”یەکی سەرەکیی ئەجەم بخرێتە ژێر پرسیارەوە کە بریتییە لە “بکەرێتیی ماچ و پاشقول”. سەرەتا لەم پەیوەندییەدا ئاشکرایە کە لەبەر ئەوەی ڕەفتارەکە وەک “فەزیلە” دادەنرێت، ئەوا ئەجەم نەک هەرگیز نایشارێتەوە، بەڵکو بە ئەوپەڕی شانازییەوە پێشانی سەرجەم جیهانی دەدات و لە گشت لا وەک مۆرکی ئەو دەرک دەکرێت! ئەجەم بە ئۆینباز ناسراوە و ئەو خۆیشی شانازیی پێوە دەکات. ئەوجا، بەدووی ئەوەدا، پرسیار ئەوەیە کە ئایا چۆن لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییانەوە کە لە دابی باب و باپیرانیانەوە خۆحەشاردەرن، تەفسیرچین، ئەوجا پەیوەند بە ئەجەمەوە: شانازیی بە “بکەرێتی ی ماچ و پاشقول”ەوە دەکەن و ئەو بەدڕەفتارە وەک “فەزیلە” لای ئەوان لە منداڵییەوە شکۆفەی پێدەدرێت، سەبژێکتی شۆڕش بنیاتدەنرێت؟ بەدووی ئەم ڕۆشناییدانەدا پرسیارانی دی سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە ئەو پرسیارە کە داخۆ چۆن لەو پەیوەندییانەوە، هەروەها لەو کەسێتییانەوە کە سۆسیالیزەکردنێکی شیعەیی یان سونییان هەیە، سۆسیۆلۆژییەکی شۆڕش گۆڕان پێبدرێت و تێیدا پێگە و رۆڵی توێژەکانی نێو ئێران، ئەوجا دیدی کەسان بۆ جیهان و هتد دیاری کرابن. پرسێکی دی بەگشتی لەم پەیوەندییەدا پان-ئیرانیزمە کە لە بنەڕەتدا واژەیەکی دیکەیە بۆ پان-فارسیزم و لە تێڕوانینی لێنینیستانەی “کۆمەڵگەی فرە نەتەوە” تێپەڕ دەکات.

بەکورتی: گەر مرۆڤ لە پەیوەندیی ئێرانیانەی ئەوهادا بژی، ئیدی ئایا گەڕان بەدووی جیاوازیی مێتۆدیانەی لێنین لە مەنشەفیکەکان، ئەوجا بینینەوەی ئەو جیاوازییە لە تێزەکانی مارکسدا دژی فۆیەرباخ، چە واتایەک دەگەیەنێت؟

ئاشکرایە ئەم کێشانە واتایان بۆ ئەو کوردانەی ئێراقیش هەیە کە خۆیان بە مەنسوری حیکمەتەوە خەریک دەکەن یان لە هزرین و سیاسەتکردنیاندا لە ئەوەوە دەردەچن. لێ کێشەکانی ئەمان لەوانەی ئێرانییەکان یان کوردانی ئێران ئاڵۆزترن، چونکە ئەمان، بە پێچەوانەی کوردانی ئێرانەوە، لە جڤاکێکدا دەژین کە تێیدا داب و نەریتە ترادیسیۆنییەکان لە ڕیشەوە شێواون، بەڵێ لە هەندێک ڕووەوە گەندەڵ بوون. ڕوونتر ببێژین، چەپەکانی کورد گەرەکە ئەوە بەهەند وەربگرن کە کوردانی ئێراق، کەواتە ئەوان خۆیشیان، لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە خزاونەتە نێو تەنگژەی قووڵی ئەخلاقییەوە و وەک سەرەنجامی ئەو تەنگژەیەش رواڵەتگەرییەکی ترسناک لای ئەو کوردانە بەگشتی سەریهەڵداوە. ئاخر ئەمان وەک موسڵمانانی دی، بۆ نموونە کوردانی ئێران، تەنیا نەخزاونەتەوە نێو تەنگژەی ئەخلاقییانەی ئیسلامی-سوننییەوە، بەڵکو ئەمان هاوکات لەکاتی خلیسکانە مرۆڤ داماوکەرەکەی 1961 بەدوواوە لە “دۆخی جەنگ”دان، ئەوجا ئەم کوردانە دوای “راپەڕین”، لە سەردەمی حەساری نەوەدەکاندا، بەهۆی داڕمانی دۆخی ئابوورییەوە خزانە نێو کێشەی ژیانییەوە بە کاریگەریی ستەمی دەروونی و سۆسیالی ڕەفتارەوە. جگە لەوە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کوردانە بەرژەوەندییان لەتەک پارتە ترادیسیۆنییەکانی هەرێمەکەیاندا تێکەڵ بووە و لەتەک ڕەوتە سیاسییەکەی ئێراقی “وڵاتیان”دا ملدەنێن. کێشەیەکی دیکەی کوردانی ئێراق ئەوەیە کە زۆرینەی گەنجانیان تاقەتی سیاسەتی نییە، لە بنەڕەتدا هەر نازانێت سیاسەت چییە، ئەو کەمینەیەی نێویشیان کە مەیلی هەستەکییانەی بۆ گۆڕانگاری هەیە، بە ڕەشبینی تەنراوە.

ئەو کێشە دیارهێنراوانەی سەرەوە سەراپا ئاستەنگی بەرجەستەن و وەک پرسیار دەکەونە بەردەم هەر کەسێک کە بەڕێوەیە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی چەپ، جگە لەوە گەرەکە ڕەخنەییانە لە پرسی شۆڕشدا دەربخرێن.

کەواتە چیدی مەسەلەکە بەتەنیا ئەوە نییە کە چۆن کەسێتییەکی سوننیی خۆرهەلاتی دەبێت بە چەپ، وجودی یان کۆمونیست، بەڵکو هاوکات ئەوەیە، داخۆ چۆن کەسێتییەک کە لە ژینگەیەکی تەنگژاویدا دەژی، دەبزوێنرێت ڕووەو بوون بە بکەرێکی ژیاندۆست، مرۆڤدۆست، هەروەها بکەرێکی ئەو سۆسیالێتییە کە ئیدیۆلۆژیانە پێناسەکراوە. چەپەکان دەبێت پێش هەموو شتێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، چونکە بوون بە چەپ یان کۆمونیست هەروا گۆڕانێکی ئاسان نییە، بەڵکو بە نەفیکردنی (نێگاسیۆنی = هیچاندنی) کەسێتیی سۆسیۆکولتووری سەرهەڵدەدات، بەو ڕێیەشەوە کەسێتییەکی کردارنوێنی سۆسیالی نێو پەیوەندییەکانی جیهان دێتەگۆڕێ، بێگومان کردارنوێنێک کە زۆرینەی کێشە توخمییە مرۆڤی و جڤاکییەکانی “بە زمانی دایک” بۆ شرۆڤەکراون! ئاخر ئاشکرایە کە ئاگایی مارکسیستی لە پەیوەندیی تاکەکەس و ژینگەکەیەوە بێداردەبێتەوە، ئەو پەیوەندییەش پێویستی بە شرۆڤەی وردە. مرۆڤی ئەو دەڤەرە تەنگژاوییە سەرەتا وەک کەسێکی ئارام لێ هەڵگیراو چالاک دەبێت، کەواتە سەرەتا زمانی لێدەبڕێت، یان پەیوەند بە بەناو چەپەکانەوە، بە قریوەی نێو هەڤاڵان قۆڵی لێ هەڵناکات و وەک شاگەشکەبوویەک لەنێو چایخانە و سەر شۆستەی شەقامان دیاربدات، هەروەک پێمان ببێژێت: “کوڕینە، منیش لێرەم!”.

بەڵێ، مرۆڤ لە جیهانبینیی سوننیدا ناتوانێت ڕەخنەیی بێت. لێرەدا گەرەکە سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە کێشەی تەفسیر. لە بنەڕەتدا چەپی (یان خوێندکاری) سوننەگەرا هاوشێوەی ئیمانداری سوننی کردار دەنوێنێت: چۆن پیاوى ئایین ڕەهایەتى بە نووسراوى سەر کاغەز، واتا بە قورئان دەدات و لە ناخەوە لەبەردەمیدا دەچەمێتەوە، ئەوجا هێدى هێدى ئەو قورئانە کە نەشیاوە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە و دەرخى دەکات، بە هەمان شێوە چەپەکان (یان خوێندکارى خوێندنگە و زانستگەکان) مامەڵە لەتەک نووسراوی بەردەمیاندا دەکەن، واتا هەر نووسراوێک وەک وشەى تۆمارکراوی نێو ڕستە وەردەگرن، نەک وەک گوزارشتی هزرڤانێک، جا ئەوە گوزارشتێکی زانستی بێت، ڕەخنەی جڤاک یان تیۆریی شۆڕش بێت. ئاخر هەموو نووسراوێک (کەواتە چە قورئان و چە نووسینەکانی مارکس) دوو لایەنی هەیە: لە لایەک وشەى ڕیزکراوى نێو ڕستەیە، لە لایەکی دی تێیدا پسیکۆلۆژییانە دەربڕینێکی خۆیی هەیە، واتا تێیدا هۆشێک بەرجەستەکراوە کە گەرەکە بکرێت بە بابەتی پێوەخەریکبوونی ڕەخنەیی.

لێ ئێمە پێویستە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ئێمە تەفسیرگەری یان تەنانەت تەفسیرچێتی بە شێوازێکی بەد دانانێین، بۆیە ناشێت وەک بێسوود بینرخێنین. مرۆ با ئیبن ڕوشد بهێنێتە بەر دیدی خۆی کە لە ئاستی جیهاندا وەک “تەفسیرکارە مەزنەکەی ئەڕیستۆتێلیس” ناسێنراوە. لێ هەروەها دەتوانین لە مێژووی نزیک و هەنووکەشدا نموونەی گونجاو بهێنینەوە، جا گەرچی نەشیاوە بگەن بەو ئاستە باڵایەی ئیبن ڕوشد، وەک: تەفسیرەکانی مەنسوری حیکمەت، تەفسیرە ئەرەبیستییە ئەدەبییەکانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، یان زۆر دکتۆرای ڕەسەنی سوننەگەری کە توێژەرانیان بە کۆکردنەوەی تێڕوانینی نێو کتێبەکان نووسیویانن. ئێمە جگە لەوە دەتوانین ببینین کە چۆن بەتایبەتی خوێندکارانی زانستگەیی دێرین (تا ڕادەیەکی “زۆر” کەم خوێندکارانی ئەمڕۆش) بە دەرخکردن و تەفسیری زانستەکان پێگەیشتوون، بەڵێ لە نێویانەوە پزیشک و ئەندازیاری باش، یان مامۆستایانی فێرگەیی باش لە سەرجەم بەشە زانستییەکاندا هەڵکەوتوون. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت ببێژین کە سووننەگەری توانیوێتی بەرهەمی تا ڕادەیەک گونجاو بخاتەوە. لێ ئەمڕۆ لە گشت بوارەکانی خوێندنی فێرگەیی و زانستگەیی، بازرگانی و پیشەی دەستی، یان فەرمانبەری و کرێکاری و هتد جۆرە کەسێتییەک دەبینین کە جیاوازە لەو کەسێتییانە کە لە سەردەمی کارایی ساناتری ترادیسیۆنیدا پێدەگەیشتن. ئەم جۆرە کەسێتییەی ئەمڕۆ بەتایبەتی رواڵەتخوازە، بەپەلەیە، سەری خۆی زۆر کەم بەگەڕ دەخات، ئەوجا لەکوێ بکەوێتە بەردەم کاری سەر، هانا بۆ ئینتەرنێت دەبات و بەڕێیەوە هەر وەڵامێکی بۆ مەبەستەکەی دەست دەکەوێت (کە بێگومان دەشێت خێرا بیدزێت، لێ ئەوە مەرج نییە!). گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕەوشانە لە پرسی شۆڕشدا کۆسپی ڕاستەوخۆ هەڵچنراون و دەبێت ڕەخنەییانە هەڵبووەشێنرێنەوە.

 

ماویەتی

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: